داودئۆغڵو شەنسی مانەوەی ئەردۆغان زیاتر دەکات!!!
2021-01-21 17:32:26
هێمن خۆشناو
بێ پێچ و پەنا، راست و رەوان تورکیا بەرەو ساڵانی دەیەی نۆیەمینی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە دواوە. تەنیا بەپشت بەستن بە لێکدانەوەی ئابوورییانە ئەم هەڵسەنگاندنە ناکەین، بەڵکو ئاماژە سیاسی، کۆمەڵایەتی و بگرە فکریەکانیش ئەم راستیەی سەرەوە دەسەلمێنن.
لە باشتەپه (کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا) رێککەوتنی دوو ئەکتەر لە ئارادایە، کار بۆ ئەم مەبەستە دەکەن. ئەکتەری یەکەم پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و ئەکتەری دووەم، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) یە.
ئاکەپە لە رێگای بەکارهێنانی دروستکردنی هەواڵی بێ بنەما و گوتاری هەڕەشەئامێز لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم ئەجێندایە جێبەجێ دەکات و سیمای توندوتیژی بە سیاسەت دەلکێنێت. هەرچی مەهەپەیە راستەوخۆ دێتە سەر شەقام و توندوتیژی بەکاردێنێت.
ئاکەپە چی دەکات؟
ناو بەناو میدیای سەر بە ئاکەپە و میدیای سێبەر هەوڵی کوشتن یان هەبوونی پلانی کوشتنی سیاسەتمەداران دەکەنە رۆژەڤ. لە 20ی تشرینی دووەمی 2020 دا فوئاد ئۆغران رۆژنامەنووسی نزیک لە ئاکەپە، هەوڵی کوشتنی (کەمال کلیچدارئۆغڵو) سەرۆکی جەهەپەی بە هەواڵێک کردە رۆژەڤی میدیای تورک. هەروەها هەمان رۆژنامەنووس لە 2ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەمجارە هەواڵی هەبوونی پلانێکی داعش بۆ کوشتنی (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو) سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە، کە زۆربەی چاودێران وەکو کۆمیدیا لە قەڵەمیاندا.
مەبەستی ئاکەپە لەم هەواڵانە ترساندن و بێدەنگکردنی بەرامبەرە.
مەهەپە چۆن ئەجێنداکە جێبەجێ دەکات؟
هەرچی مەهەپەیە یارییەکە بە شێوازێکی دیکە دەکات، راستەوخۆ بە شێوەیەکی قەبە وەکو ساڵانی 1980 دێتە سەر شەقام. تاکە جیاوازییەک کە لەگەڵ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو هەیبێت، چەک بەکارناهێنێت، بەڵکو گۆپاڵ، قامچی و دامبۆکس بەکاردێنێت. بەم شێوەیە بە چوار پێنج کەس دەنگە ناڕازییەکان دەکاتە ئامانج.
لە 25ی ئایاری 2019 بە هێرشکردنە سەر نووسەر (سەڵاحەدین ئۆنکیبار) دەستیان پێکرد. بەمدواییانەش لە 15ی کانوونی دووەمی 2021 دا، (سەلجوق ئۆزداغ) جێگری سەرۆکی پارتی (دواڕۆژ) کە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات لەبەرەم ماڵەکەیدا بووە ئامانجی پێنج پیاوی سەر بە مەهەپە. هەر لە رۆژی ئەم رووداوەدا دوو رۆژنامەنووسی سەر بە رۆژنامەی (یەنی چاخ) بەهەمانشێوە رووبەڕووی لێدان و هەڕەشەلێکردن بوونەوە.
لێدوانی داودئۆغڵو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو!
لەو کاتەی لە تورکیا بەتایبەتی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەم رووداوانە دەکرا، هەڵوێستێکی زۆر کۆمێدی هاتەئاراوە کە بۆ زۆربەی کەس چاوەڕواننەکراو بوو.
ئەحمەد دادوئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، لە لێدوانێکیدا لەبارەی بریندارکردنی جێگرەکەی (سەلجوق ئۆزداغ) گوتی: "ئەردۆغان لەلایەن نەتەوەپەرستانەوە بەدیل گیراوە. ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا سەرکەوتوو بێ، دیسان پاکتاوی دەکەن. ئەو کاتە بە تەنیا ئێمە لەلای خۆت دەبینیەوە". ئەم لێدوانەی داودئۆغڵو کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئاکەپە بووە، جێگری ئەردۆغان بووە و بەهۆی ناڕازیبوونی لە سیاسەتی ئەردۆغان وازی لە ئاکەپە هێناوە و پارتی دواڕۆژی دروست کردووە، شۆکێکی بۆ هەموو ئەمانە دروستکرد، کە هیوایان لەسەر نزیکبوونەوەی وادەی لەناوچوونی ئەردۆغان هەڵچنیبوو.
ئەوەی کەمێک شارەزای بارودۆخی تورکیا بێت، دەزانێ ئەوەی لە تورکیا لە دوای 2015 روویداوە، ئەردۆغان لەپشتی وەستاوە، هەموو ئەمانەشی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا کردووە.
ئەمڕۆ لە تورکیا، نە سیستەم، نە سوپا، نە دادگا و نە دەستوور و یاسا ماوە، ئەوەی هەموو ئەمانەی نەهێشتووە کەسی ئەردۆغانە. ئەگەر وەکو داودئۆغڵو ناویان دەهێنێت (نەتەوەپەرستان) هەشبن، ئەوە هەبوونێکی لاوازە، مومکین نییە بتوانن ئەردۆغان دەستەمۆ بکەن، ناشتوانن کودەتا بکەن.
راستییەکە بەم شێوەیە نییە، کون و کەلەبەرێک نەماوە ئەردۆغان نەچووبێتە ناوی.
ئەم لێدوانەی داودئۆغڵو خزمەت بە مانەوەی ئەردۆغان دەکات؟
ئێستا داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە، کە بانگەشەی رزگارکردنی تورکیا دەکات، لەم دۆخەی تێیکەوتووە. بەڵام ئەم لێدوانەی پێچەوانەی ئەم بانگەشەی پارتەکەیەتی. ئەگەر داودئۆغڵو دەخوازێت تورکیا لە چنگی ئەردۆغان رزگار بکات، کارتێکی زۆر گرنگی لە دەستدایە، ئەویش جێبەجێکردنی هەڕەشەکانیەتی کە چەندینجار رایگەیاندووە: "ئەگەر قسە بکەم ئەردۆغان دەڕوخێت". راستییەکەشی ئەوەیە، ئەگەر داودئۆغڵو تەنیا پشت پەردەی ئەم تەقینەوانە ئاشکرا بکات کە لە ماوەی نێوان 7ی حوزەیرانی 2015 تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ روویانداوە، ئەوە هەموو شتێک دەگۆڕێت.
بەپێچەوانەشەوە داودئۆغڵو و هەموو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ناتوانێ ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا دووربخاتەوە. چونکە ئەردۆغان پلانی (A B C)ی هەیە، کە لە گووتارێکی دیکەدا باسی دەکەم....