( درەو میدیا): ئەمازیغییەكان پێشوازیان لە ساڵی نوێ 2969 كرد، كە بە گوێرەی رۆژژمێری ئەمازیغی دەكەوێتە 12ی كانونی دووەمی هەموو ساڵێك و ناوی " نایر"ی لێنراوە، ساڵانە ئەمازیغییەكان بە ئاهەنگ و مەراسیمی كلتوریی تایبەت بەخۆیان كە شێوازێكی سەرنجراكێش و جیاوازی هەیە پێشوازی لە ساڵی نوێیان دەكەن. ئەمازیغییەكان كێن؟ بەربەرەكان، یان ئەمازیغییەكان نەتەوەی ناسامیین و لەڕووی رەگەز و رۆشنبیرییەوە لە عەرەب جیاوازن و لە باكوری كیشوەری ئەفریقا دەژین، و دەكرێت بوترێت كە ئەوان دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچەیەن، مێژوویان لانیكەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی و تائێستاش لەوێ ماون و پارێزگاریان كردووە لە زمانی سەربەخۆی خۆیان و ناسنامەی رۆشنبیرییان و هەندێكیشان باس لەوەدەكەن كە رووبەڕووی جیاكاری و ستەم بونەتەوە. ئەمازیغییەكان لە باكوری كیشوەری ئەفریقا لە خۆرئاواوە لە مەغریبەوە بۆ میسر لە رۆژهەڵات و لە دەریای ناوەڕاست لە باكورەوە بۆ رووباری نەیجەر لە باشوور بڵاوبونەتەوە بەمشێوەیە: * مەغریب: لە باكوری وڵات و ناوچەی ریف و زنجیرە چیای ئەتڵەس نیشتەجێن . * جەزائیر: لە ناوچەی قەبائیل و خۆرهەڵاتی وڵات و باكوری بیابانی گەورە نیشتەجێن. تونس: لە ناوچەی جەربە و تەتاوین و خۆرهەڵاتی قەفسە بڵاوبونەتەوە. میسر: لە دۆڵی سیوە و لە وڵاتانی مالی و نەیجەر و بۆركینافاسۆ و مۆریتانیا لە رێگەی هۆزەكانی تەوارقەوە بڵاوبونەتەوە. ژمارەی ئەمازیغییەكان لەو وڵاتانە تائێستا بە روونی لەبەردەستدا نیە و نازانرێت چەندە؟ كەسانێكی زۆر هەن خۆیان بە عەرەب دادەنێن، سەرەڕای ئەوەی رەگ و ریشەیان ئەمازیغییە و زۆرینەی ئەمانە لە مەغریب و جەزائیرن و جگە لە باكوری ئەفریقا چەندین ملیۆن ئەمازیغی لە ئەوروپا دەژین. ئەمازیغییەكان بە " بەربەر"یش ناودەبرێن و چەند گریمانەیەك دەربارەی ئەو وشەیە هەیە و یەكێكیان دەڵێت " بەربەر" لە وشەی " باربادۆس" ەوە داتاشراوەكە بە یۆنانی بەواتای " كەسانی نامۆ" دێت، هەروەها ئەمازیغییەكان بە وڵاتی مەغریب دەڵێن " تامازغە" واتە خاكی ئەمازیغ. زمانی ئەمازیغی كە پێی دەوترێت " تەمازیغت" سەر بە خێزانی زمانە ئەفرۆئاسیاییەكانە و پەیوەندی هەیە بە هەردوو زمانی میسری و ئەسیوپی كۆنەوە، هەروەها زمانی ئەمازیغیی لە چەندین شێوەزاری جیاواز لە رووی فۆنەتیكەوە پێكدێت، بەڵام لە رووی وشە و رێزمانەوە هاوشێوەی یەكترن. ئەمازیغییەكان لە كوێوە هاتون؟ بنچینەی ئەمازیغییەكان لە رووی مێژووییەوە نادیارە، هەندێك لە شارەزایان دەڵێن لە یەمەنی كۆنەوە هاتون و لە رێگەی دەریاوە كۆچیان كردووە بۆ ئەفریقا و هەندێكی تریش دەڵێن رەنگە لە ئەوروپا یان ناوچە كۆنەكانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە هاتوون، بەڵام ئەوەی كە سەلمێنراوە ئەوەیە كە ئەمازیغییەكان پێش هەر گەلێك لە باكوری كیشوەری ئەفریقا بوون و كتێبە مێژووییەكان ئەوەیان سەلماندوووە، و بۆ ماوەی سەدان ساڵیشە ئەمازیغییەكان بەرگری دەكەن لە پرۆسەی تەعریبكردنی زمان و رۆشنبیرییان. بەناوبانگترین كەسایەتییە ئەمازیغییەكان لە مێژوودا: گۆگۆرتا: پادشای نومیدیا كە رۆمانەكان ساڵی 111ی پێش زایین شكستیانپێهێنا. كاهینە: لە سەدەی حەوتی زاینیدا شەڕی لە دژی عەرەبەكان بەرپاكردووە. قەشە ئۆگستین: یەكێك لە گرنگترین كەسایەتییە كاریگەرەكانی مەسیحییەتی خۆرئاوا. ئیبن بەتوتە: گەڕیدە و نوسەر و مێژوونوس كە لە سەدەی 14 دا ژیاوە. محەمەد عەبدولكەریم خەتابی: فەرماندەی ئەمازیغییەكان لە مەغریب لە سەرەتای سەدەی رابردوو كە لە دژی ئیسپانەكان جەنگی بەرپاكرد. مەعتوب وەناس: مۆزیسیان و چالاكی ئەمازیغیی كە ساڵی 1998 كوژرا. سەرچاوە: بی بی سی
( درەو میدیا): مانگی داهاتوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریكراویش ئێران، لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و ئەمریكاش بەشداری تێدادەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كۆنگرەكە رۆژی 13 و 14ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێكی هەستیاری وەك تیرۆر و توندڕەویی و پەرەپێدانی موشەك و بڵاوبوونەوەی چەك و بازرگانی دەریایی تاوتوێدەكرێن، لەگەڵ هەڕەشەی ئەو گروپانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت شەڕدەكەن. هاوكات، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ، لە كۆنگرەكەدا " سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاسایش و ئازادی ئەو ناوچەیە تاوتوێدەكرێت و ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆئەوەی ئێران كاریگەری نەبێت لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە". بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا, لە كۆنگرەكەدا دەیان دەوڵەت لە هەموو جیهاندا، لە ئاسیا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدادەكەن. لایخۆشیەوە یاتسیك چاپۆتۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەكەی پشتگیری لە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ پارێزگاریكردن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام رێككەوتنەكە رێگەی لە چالاكییەكانی ئێران بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە نەگرتووە. وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكراشیكرد 70 دەوڵەت بانگهێشتكراون بۆ كۆنگرەكە و هیواشیخواست ببێتە هۆی نزیكبونەوەی هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو كۆنگرەیە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:" ئەوانەی میوانداری كۆنگرەیەكی دژ بە ئێران دەكەن و ئەوانەشی بەشداری تێدادەكەن و ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەرییەكی پێشووی ئەمریكای دژ بە ئێران دەبن، یان مردون، یان پەراوێزخراون، ئێران لە هەموو كاتێك بەهێزترە". زەریف دەشڵێت:" لە كاتێكدا ئێران لە جەنگی دووەمی جیهانیدا پۆڵەندییەكانی رزگاركرد، ئێستا پۆڵەندا میوانداری نمایشێكی كۆمیدی و بێزراوی دژ بە ئێران دەكات".
( درەو میدیا): دانوستانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردەی دیموكراتەكان بۆ چارەسەركردنی داخستنی بەشێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانی ئەمریكا شكستیهێنا و ترەمپ كۆبوونەوە لەگەڵ دیموكراتەكاندا بە كات بەفیڕۆدان وەسفدەكات. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لە كۆبوونەوەكەدا نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چاك شۆمەرن رەتیانكردوەتەوە بودجە بۆ دیواری سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك تەرخان بكرێت و ئەوەش وایكردوووە ترەمپ كۆبوونەوە كردن لەگەڵ دیموكراتەكان بە " كات بەفیڕۆدان" وەسفبكات. ترەمپ داوادەكات كۆنگرێس رەزامەندی بدات لەسەر دابینكردنی بڕی 5.7 ملیار دۆلار بۆ بونیادنانی دیوارێك لە پۆلا لەسەر سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، وەك پابەندبوونی بە بەڵێنێك كە لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتیدا داویەتی، بەڵام دیموكراتەكان كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، رەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە رەتدەكەنەوە. كۆبوونەوەكە چۆن بەڕێوەچوو؟ كۆبوونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی دیموكراتەكان زۆر كورت بوو، تەنها 14 خولەكی خایاند، ترەمپ لە ژوورێكی سەنتەری كۆنفرانسەكان لە بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی میوانداری لێكردن. ترەمپ لە كۆبوونەوەكەدا روویكردە نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و راستەوخۆ دەربارەی ئەوەی ئایا بودجە بۆ بونیادنانی دیوارەكە تەرخاندەكەن؟ پرسیاری لێكرد، كاتێك پیلۆسی بە نەخێر وەڵامی دایە ترەمپ كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێكردن. چاك شۆمەر، سەركردەی زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس جەختیكردەوە كە:" ترەمپ پرسیاری لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و وتی" ئایا رەزامەندی لەسەر دیوارەكەم؟ ئەویش وتی: نەخێر، پاشان ترەمپ وتی: كەواتە هیچ شتێك نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ژوورەكەی بەجێهێشت و بینیمان كە جارێكی تر توڕەیی دایگرت، چونكە ئەوەی دەستنەكەوت كە دەیویست". شۆمەر ئاشكراشیكرد كە ترەمپ بە توندی بە مێزەكەیدا كێشاوە، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە ئەوە روویدابێت و وتی:" سەرۆك بە روویەكی خۆشەوە چووە ژوورەوە و هەر واش هاتە دەرەوە و لە بیرم نیە كە دەنگی بەرزكردبێتەوە یان كێشابێتی بە مێزەكەدا". بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لەو كۆبوونەوەیدا شۆمەر بە ترەمپی وتووە " تۆ فەرمانبەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنیت، بۆچی كاری حكومەت دەستپێناكەیتەوە و ئازاردانی خەڵك راناگریت؟ ".
(درەو میدیا): چەكدارانی بزوتنەوەی تالیبان لە ویلایەتی (فراە) لە خۆرئاوای ئەفغانستان رۆژنامەنوسێكیان گولەباران كرد. (جاوید نوری) كە پێشكەشكاری بەرنامەیەك بووە لە یەكێك لە رادیۆ لۆكالییەكانی ویلایەتی (فراە)، رۆژی شەممە لە پاسێكدا گەشتیكردووە، چەكدارانی تالیبان پاسەكەیان راگرتووەو ئەو رۆژنامەنوسەیان داگرتووەو پاشان كوشتویانە. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، (جاوید نوری) كە تەمەنی 27 ساڵە، یەكەمین رۆژنامەنوسە لەسەر ئاستی جیهان كە لە ساڵی 2019دا كوژراوە. رێكخراوی تالیبان لە بەیاننامەیەكدا هەواڵی كوشتنی رۆژنامەنوسەكەی لەلایەن چەكدارەكانییەوە پشتڕاستكردەوەو رۆژنامەنوسەكەی بە "بەكرێگیراوی دوژمن" ناوبرد. ساڵی رابردوو لەڕووی خراپی دۆخی رۆژنامەنوسانەوە، لە كۆی 180 وڵات لەسەر ئاستی جیهان، ئەفغانستان لە پلەی 118دا بوو.
( درەو میدیا): رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند قسەكانی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ پاراستی كوردەكانی سوریا رەتدەكاتەوە و بۆڵتۆنیش بێ بینینی ئەردۆغان توركیا بەجێهێشت. ئەردۆغان لە بەرپەرچدانەوەی قسەكانی بۆڵتۆندا وتی:" ئامادەكارییە سەربازییەكانمان تەواوكردووە، ئێمە سورین لەسەر ئەوەی هەنگاو لەدژی یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە بنێینن بەمزوانە بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەكان لە سوریا دەست بە جوڵە دەكەین". ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی راشیگەیاند بۆڵتۆن " هەڵەیەكە گەورە"ی كرد كاتتێك مەرجێكی نوێی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاند و توركیا بەهیچ شێوازێك سەبارەت بە "یەپەگە" سازش ناكات. بڕیاربوو ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی مەرجی ئەمریكا بۆ پارێزراوی كورد لە سوریا و قسەكانی بۆڵتۆنەوە ئەردۆغان كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوە. بۆڵتۆن لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا كۆبووەوە بڕیاربوو لە دوای كۆبوونەوەكە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بۆڵتۆن ئامادەی كۆنفرانسەكە نەبوو و توركیای بەجێهێشت. ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئوردن و چەند وڵاتێكی عەرەبی رایگەیاند وڵاتەكەی سەبارەت بە پاراستنی شەڕڤانانی كورد لە سوریا گەرەنتی تەواوی لە ئەنكەرە وەرگرتووە.
نوسینی: جامی ڤیمار/ بی بی سی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ یەك خولیا و ئارەزووی هاوبەش هەموو كەسە زۆر بەتەمەنەكانی جیهان كۆدەكاتەوە، ئەویش باخداری، یان دروستكردنی باخچە و بایەخ پێدانیەتی، ئایا ئەو خولیا و ئارەزووە تەمەنت درێژدەكاتەوە؟, بە ئەنجامدانی خەمەكانت سوكدەكات؟ جان پۆیتنەر، توێژەری پسپۆر لە توێژینەوەكردن لەسەر ئەو ناوچانەی كە كەسانی زۆر بە تەمەنی تێدان، توێژینەوەیەكی كردووە لەسەر پێنج شوێن كە بەوە بەناوبانگن دانیشتوانەكانیان تەمەنیان زۆر درێژە، ئەوانیش بریتین لە دوورگەی ئۆكیناوا لە ژاپۆن، نیكۆیا لە كۆستاریكا، ئیكاریا لە یۆنان، لۆمالیندا لە كالیفۆرنیا و سەردینیا لە ئیتالیا. ئەو خەڵكانەی لەو ناوچانە دەژین كە بە" ناوچە شینەكان" ناودەبرێن، چەند فاكتەرێك كۆیاندەكاتەوە، لەوانە تۆڕی پشتیوانی كۆمەڵایەتی، نەریتی ئەنجامدانی وەرزشی رۆژانە، خۆراكی رووەكی، بەڵام شتێكی چاوەڕواننەكراویش كۆیاندەكاتەوە، لە هەریەكێك لەو شوێنانە خەڵكی سەرقاڵی كاری باخداریین، هەتا تەمەنێكی زۆر كە دەگاتە 80 بۆ 90 ساڵی و زیاتریش، ئایا كشتوكاڵكردن و باخداری سەرقاڵبوون پێیەوە دەتوانێت وابكات هەتا 100 ساڵ و زیاتریش بژیت؟ دەروون ئاسودە دەكات ئەوەی زۆر ئاشكرایە كە ژیان لە دەرەوەی دیواری ماڵ و ئەنجامدانی وەرزشی جەستەیی بە شێوەیەكی نەرمونیان پەیوەندیان هەیە بە ژیان بۆ ماوەیەكی درێژتر و سەرقاڵبوون بە باخچەی ناوماڵ رێگایەكی زۆر ئاسانە بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانج وەك پۆینتەر دەڵێت " ئەگەر سەرقاڵی كشتوكاڵ و باخداریت ئەوا زۆربەی رۆژ راهێنانی جەستەیی دەكەیت كە ماندوت ناكەن، هەروەها دەتوانیت رابێیت لەسەر كاركردنی بەردەوام". پۆینتەر دەشڵێت بەڵگە هەیە كە ئەوانەی كاری باخداری دەكەن ژیانێكی درێژتر دەژین و زۆر كەمیش نائارام دەبن و چەندین توێژژینەوەی جۆراوجۆر هەن كە پشتڕاستیدەكەنەوە كە باخداری و سەرقاڵی بە باخچەی بچوكی ناوماڵەوە زۆر بەسودە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی. لە توێژینەوەیەكی هۆڵەندی نوێدا، توێژەرەكان داوایان لە بەشداربووانی توێژینەوەكە كرد ئەو كارانە بكەن كە دەبێتە هۆی دوودڵی و نائارامسس و پاشان بەسەر دوو گروپدا دابەشیانكردن، یەكێك لە گروپەكان سەرقاڵی خوێندنەوە بوون لەناو ماڵەوەدا و گروپی دووەمیش سەرقاڵی باخداری بوون بۆماوەی 30 خولەك لە دەرەوە. ئەو گروپەی كە سەرقاڵی خوێندەوە بوون رایانگەیاند گۆڕانكاری زۆر بەسەر دەرونیاندا هاتووە و دەرنیان زیاتر نائارام بووە، بەڵام هۆرمۆنی " كۆرتیزۆل" یان هۆرمۆنی دڵەڕاوكێ لەلای ئەو گروپەی سەرقاڵی باخدای بوون دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هەروەها ئەو گروپە راشیانگەیاند كە بە تەواوەتی دەرونیان ئارام بووتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی. توێژینەوەیەكی ئوستورالیش كە چاودێری چەند ژن و پیاوێكی تەمەن 60 ساڵان دەكات كە سەرقاڵی كاری باخدارین بە رێك و پێكی گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانە بە رێژەی 30%ی مەترسی تووشبونیان بە نەخۆشییەكانی قۆناغی پیریی كەمبوەتەوە، بەبەراورد بەو كەسانەی كە ئەو كارە ناكەن. چەند توێژینەوەیەكی سەرەتاییش دەربارەی ئەو كەسە بەتەمەنانەی كە دووچارییە نەخۆشییەكانی مێشك وەك خڵەفان و نەخۆشی ئەلزهایمەر بوون ئاماژەیان بۆ سودەكانی باخداری لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیانە لە رێگەی كشتوكاڵ و باخدارییەوە. بۆ نمونە تیشكی خۆر و هەوای پاك یارمەتی ئەو كەسە بەتەمەنانەی كە هەست بە نائارامی و توڕەیی دەدەن و وادەكەن زیاتر هێورببنەوە، هەروەك چۆن رەنگەكان و گەڵای سەوزی رووك و درەختە جیاوازەكان هاوكاریان دەكەن لە باشتربوونی توانای بینین و هەستكردندا. هیچ چارەسەرێك بۆ پیربوون نییە، بەڵام زانست پێی وایە كە باخداری كوالێتی ژیانمان باش دەكات كاتێك دەچینە تەمەنەوە. با سروشت بتپارێزێت باخداری و سەرقاڵبوون بە كاری كشتوكاڵەوە تەنها كاریگەری بۆسەر تەندروستی نییە، بەڵكو سودیی كۆمەڵایەتیشی هەیە كە رەنگە ببێتە هۆی درێژكردنەوەی تەمەن. دكتۆر برادلی ویلكۆكس لە زانكۆی هاوای سەرقاڵی توێژینەوەیەكە لەسەر كەسە زۆر بەتەمەنەكانی دوورگەی ئۆكیناوا، كە زۆرترین رێژەی كەسانەی بەتەمەنی تێدایە لە جیهاندا ولە هەر 100 هەزار كەسێك 50 كەسی تێدایە و زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەو دوورگەیە باخچەی تایبەتی بچوكیان هەیە كە لە قۆناغی پیریدا خۆیانی پێوە سەرقاڵدەكەن و بایەخی پێدەدەن. ویڵكۆكس دەڵێت، باخداری لەگەڵ چەند كارێكی بنچینەیی تر، یارمەتیدەر دەبن بۆ درێژكردنەوەی تەمەن و دەشڵێت:" لە ئۆكیناوا دەڵێن هەر كەسێك دەچێتە تەمەنەوە و تەندروستییەكی باشی هەیە پێویستی بەوە هەیە لە چەمكی" ئیكیجای" ژاپۆنی تێبگات كە بە واتای بوونە ئامانجێك دێت كە لە پێناویدا بژی، و باخداری هۆكارێكە كە وادەكات هەموو رۆژێك لە پێناویدا هەستیت". لەسەروو ئەوەشەوە وەك ویلكۆكس روونیدەكاتەوە، دانیشتوانی ئۆكیناوا بەهای چەمكێكی تر بەناوی " ویمارو" یان ئاستی بەرزی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەرزدەنرخێنن و دەڵێت:" بینینی كەسانی تر لە بازاڕی ناوچەكەدا و هێنانی بەرهەمەكانت و بەشداریكردنی داهێنانەكانت لە باخچە، یان كێڵگەدا، ئەمانە چەند بەكارێكن كە بە چالاكی كۆمەڵایەتی دادەنرێن و یارمەتی خەڵك دەدات هەستبەوە بكەن بەردەوام لە پەیوەندیدن لەگەڵ كەسانی تر و لە كۆمەڵگە دانەبڕاون. هەستكردن بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ كەسانی تر زۆر گرنگە و پەیوەندی مرۆڤیش بە سروشتەوە هاوتایەتی لەو بایەخ و گرنگیدا، یەكێك لە توێژینەوەكانی زانكۆی هارڤارد دەریخستووە كە ئەو كەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین كە چواردەوریان سەوزایی و درەختە، بۆماوەیەكی زیاتر دەژین و ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی هەناسەدان كەمتردەبێتەوە. چەند توێژینەوەیەكیش كە لە فەرەنسا ئەنجامدراون، دەریانخستووە كە جوتیارەكان لە رووی تەندروستییەوە باشترن لەوانەی كە جوتیار نین, لە سكۆتلەنداش ئێستا پزیشكەكان دەتوانن لە رەچەتەی پزیشكیدا رۆیشتن بە پێ لەناو سروشتدا وەك چارەسەر بۆ چەند نەخۆشییەكی جۆراوجۆر بنوسن، لەوانەش نەخۆشی بەرزی گوشاری خوێن، كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و باشكردنی هەستكردن بە ئاسودەیی بە تەواوەتی. باخداری ئەگەر لە رووبەڕێكی زۆر بچوكی ناو ناوچەیەكی شارستانیشدا بێت، رێگایەكی ئاسانە بۆئەوەی هەستكردن بە سروشت بخەیتە ناو ژیانی رۆژانەتەوە. لە كۆتاییدا پێكهاتەیەكی خۆراكی هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەن كە رەنگە باخداری كۆمەكی بكات، توێژەران ، خۆراكی " ناوچەی ناوەڕاست" واتە ناوچەی حەوزی دەریای ناوەڕاستیان پەیوەست كردووە بە هێواشی پیربوونەوە بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە سەوزەو میوەو دانەوێڵە و ماسی و زەیتی زەیتون ویلكۆكس دەڵێت بنەما بنەڕەتییەكا بۆ خواردنی بڕێكی زۆر لە سەوزەی تازە كە لە بازاڕەكان و كێڵگەكانی ناوخۆوە دەهێنرێت، زۆر گرنگە بۆ درێژكردنەوەی تەمەن، جا ئەو خۆراكانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، یاخود نا، بۆ نمونە لە دوورگەی ئۆكیناوا زۆرینەی خەڵك سەوزەی وەك لیمۆی ترش و پەتاتەی شیرین لە باخچەكانی ماڵەكانیاندا دەڕوێنن. دەشڵێت:" كاتێك ئەو سەوزە و میوانە دەخۆیت كە بەدەستی خۆت بەرهەمتهێناون، ئەوا تامەكەی جیاواز و خۆشە و وادەكات هەست بكەیت بە جیاوازییە بەسودەكان بۆ تەندروستی وەك " ڤیتامینەكان و كانزاكان و پێكهاتە زیندەییەكان) لە هەمان خۆراكدا. پۆیتنەر كە شارەزایە لە " ناوچە شینەكان" ئەو ناوچانەی زۆرینەی كەسە بەتەمەنەكانی تێدا نیشتەجێیە، رێنمایی ئەوەدەكات كە ئەو خۆراكانەی دەیخۆیت رێژەی لەسەدا 90ی سەوزە و دانەوێڵە و رووەك بن و ئاماژەش بە راستییەكی زۆر سادە دەدات ئەوەیە كە جوتیارەكان مەیلیان لە چاندنی ئەو خۆراكانەیە كە خۆیان حەز بە خواردنی دەكەن. كشتوكاڵكردن لە پێناوی ژیانێكی درێژتردا؟ ئەگەر باخداری كارێكی باش بێت، ئایا كشتوكاڵكردن و كاركردن لە كێڵگەدا بەكارێكی باش دادەنرێت؟ ژمارەیەكی زۆر لە هۆكارەكانی پەیوەست بە شێوازی ژیان و چۆنیەتی ژیان و پەیوەندی بە درێژبوونی تەمەنەوە- وەك ژیان لە گوند و ئەنجامدانی وەرزش- بەسەر جوتیاراندا جێبەجێ دەبێت. چەند بەڵگەیەك ئاماژە بەوەدەدەن كە كشتوكاڵ كردن یەكێكە لەو پیشانەی كە زۆر سودی بۆ تەندروستی هەیە، توێژینەوەیەكی ئوسترالی دەریخستووە كە كەمتر لە سێیەكی جوتیاران بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەكانەوە دەناڵێنن و ژمارەی ئەو جوتیارانەی كە سەردانی كلینیكە پزیشییەكان دەكەن كەمترە لە رێژەی لەسەدا 40ی ئەوانەی كە لە كێڵگەكاندا كارناكەن. توێژەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەراوردكارییان كردووە لە نێوان رێژەی مردن لە جوتیاران و كۆی گشتی خەڵك، بینیویانە كە زۆر دوورە جوتیاران بە نەخۆشییەكانی وەك شێرپەنجە و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ بمرن. توێژەران ئاشكرایانكردووە كە پەیوەندیی هەیە لە نێوان سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و ماسی و زەیتی زەیتون لەگڵ هێواش پیربوندا، هەروەها چەند توێژینەوەیەك كە لە سوید و فەرەنسا كراون، دەریانخستووە جوتیارەكان زۆر تەندروسترن لە كەسانی تر. دكتۆر مساهیكۆ جیما، لە زانكۆی واسیدا لە تۆكیۆ، توێژینەوەیەكی دەربارەی ئەو جوتیارانە كرد كە لە هەرێمی سایتامای ناوەڕاستی وڵات نیشتەجێن و بۆی دەركەوت كە هەلی ئەوەیان هەیە ژیانێكی درێژتر بژین و بەردەوام بن لە كاركردنیاندا تا تەمەنێكی زۆر، بە بەراورد بەوانەی كە جوتیار نین. ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی كە جیما وەك سامپڵ توێژینەوەكەی لەسەر كردوون خەڵكانی خانەنشین بوون یان ئەوانەی جوتیاریی كاری سەرەكییان نییە و كارەكانیان وەك سەرپەرشتیكردنی باخچەكان وایە. جیما دەڵێت:" باخچەی خێزانیی بچوك لە ژاپۆن زۆر بەربڵاوە،" و بۆشی دەركەوتووە كە ئەو جوتیارانەی بە تایبەتی بۆ خۆیان كاردەكات باری دەرونی و جەستەییان زۆر باشە لەكاتی سەرقاڵیان بە چالاكییە كشتوكاڵیی سوكەكان و دواتریشدا. جیما دەربارەی ئەوە دەڵێت:" پێشبینیدەكەین كە كاری كشتوكاڵ رۆڵی هەبێت لە پارێزگاریكردن لە باری تەندروستی لەرووی جەستەیی و دەرونییەوە". تاقیكردنەوەی واقیع سەرەڕای ئەو ئەنجامانەی كە جیما پێی گەیشتووە و دڵخۆشكەر و هاندەرن، بەڵام نمونەیی ژاپۆن لە كشتوكاڵكردندا جێبەجێ نابێت بەسەر هەموو ئەو كارە كشتوكاڵییانەی كە پیشەی سەرەكین بۆ هەندێك، كشتوكاڵكردن پیشەیەكە لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوادا هەیە، و لەوانەیە جوتیاران رووبەڕووی كاری قورس و مەترسیدار و قەرزی زۆر ببنەوە. كەواتە قورسە تەنها بڕوانرێتە كشتوكاڵ وەك چارەسەرێكی سیحراوی بۆ چاكبوونەوە لە پیری، باخداری و كشتوكاڵكردن لە كۆتاییدا گەرەنتی تەمەنێكی درێژ بۆ ژیان ناكەن، بەڵام هەندێكم فاكتەری تری پەیوەست بە شێوازی ژیان وەك دەرچوون لە ماڵەوە و سەرقاڵبوون بە كاری جەستەی سوك و خواردنی خۆراكی تەندروستی رووەكی، لەوانەیە هۆكارێك بن بۆ درێژیی تەمەن و لە كۆتاییدا هەموو شتێك پشت بە هاوسەنگی دەبەستێت. ویلكۆكس دەڵێت:" ئەو كورسییە لێرەدا وەك نمونەیەكی پراكتیكی بەكاردەهێنم، كورسییەكە لەسەر چوار قاچ وەستاوە، كە بریتیە لە سیستمی خۆراك، چالاكی جەستەیی، چالاكی بیر و مێشك و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، ئەگەر یەكێكیانت لەدەستدا ئەوا هاوسەنگیت تێكدەچێت، و دەكرێت ئەوە لەو تەمەنەت كەمبكاتەوە كە پێشبینی دەكەیت بژیت".
( درەو میدیا): سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، رۆدریچ كیزەڤێتەر، داوا دەكات بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان ناوچەیەكی دژەفڕین لە سوریا بۆ پاراستنی كورد دابمەزرێنرێت. كیزەڤێتەر كە پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات مەسیحی فەرمانڕەوای ئەڵمانیایە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دامەزراوەی میدیای (Deutschlandfunk) دا ئاماژەی بەوەشدا كە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەتوانن پرۆژەیەك بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لە سوریا پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكەن. لەو بارەیەوە كیسڤێتەر وتی:" فەرەنسا و ئەڵمانیا مانگی ئازار و نیسانی داهاتوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرن، ئەوەش هەلێكی گەورەیە بۆ پاڵپشتیكردن لە پرۆژەی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە". جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی یەكڕیزی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی یەكگرتوو. ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جەختیكردەوە لەسەرئەوەی كە پێویستە ئەوروپا دوای بڕیارە كتوپڕە تاكلایەنەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا بە دەنگی بەرز قسەبكات.
راپۆرتی : نامیق رەسوڵ دوای هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشە جەماوەرییەكانی چەند وڵاتێكی عەرەبی كەناوی " شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی" لێنرا و بوونە هۆی گۆڕینی دەسەڵات لە تونس، میسر، لیبیا و یەمەن، ئێستا ئەو شۆڕشە گەیشوەتە سودان و زیاتر لە هەفتەیەكە خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیپێكردووە. لە داواكاری نانەوە بۆ گۆڕینی رژێم خۆپیشاندانەكانی خەرتومی پایەخت و شارەكانی تری سودان سەرەتا بۆ داواكاری باشكردنی باری بژێوی و رەخساندنی هەلی كار و نان دەستیپێكرد، بەڵام ئێستا چوەتە قۆناغێكی نوێوە داواكاری گۆڕینی رژێمی دەسەڵاتدار بووەتە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران و لەماوەی رابردووشدا خۆپیشاندانەكان توندوتیژی زۆریان لێكەوتوەتەوە بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندەری سڤیل بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و چەندین كەسی تر برینداربوون. بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری لە پێشهاتێكی نوێدا 23 حزبی سودان نزیك لە حكومەتی ئێستا كە لە بەرەیەكدا بەناوی " بەرەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری" كۆبوونەتەوە داوای گۆڕینی رژێمی سیاسی و پێكهێنانی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختیان كرد. ئەو 23 حزبەی سودان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیانكردەوە لەوەی كە رژێمی ئێستای وڵات بەهۆی گۆشەگشیی ئابوری و سیاسی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە توانای چارەسەركردنی كێشەكان و قەیرانەكانی نییە. ئەو 23 حزبەی سودان چەند داواكارییەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتەكەیان خستەڕوو كە ئەمانەن: 1- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی ویلایەتەكان و دانانی ئەنجومەنێكی تەوافقی كە لە 100 ئەندام پێكبێت. 2- هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی و حكومەتی ویلایەتەكان و ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەكان و داڕشتنەوەیان بە گوێرەی پێكهاتەی دیالۆگی نیشتمانی. 3- حكومەتێكی ئینتیقالی دابمەزرێنرێت كەوادەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن دیاریبكات بە گوێرەی بەرەوپێشچونی دۆسیەی ئاشتی و بە دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا. 4- حكومەتی ئینتیقالی چاكسازی یاسایی و دەستوری بكات و چاكسازیش لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و یاسای هەڵبژاردنەكان بكات و كۆمسیۆنێك بۆ هەڵبژاردن و لیژنەیەكی نیشتمانی بۆ دەستور بە تەوافق لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئینتیقالی پێكبهێنێت. 5- نەخشەڕێی ئەفریقا بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی لە سودان پشتی پێببەسترێت. 6- پەیماننامەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ ئەو هێزە سیاسییانە بكرێتەوە كە ئیمزایان لەسەر نەكردووە بۆئەوەی بەشداربن تێیدا. 7- رێوشوێنی ئابوری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی نەهامەتی هاوڵاتیان و پێداویستییە بنەڕەتییەكانیان بۆ دابینبكرێت. 8- پاراستی ئازادی گشتی و گەڕاندنەوەی دیموكراتیەن. 9- سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەریی و سەروەربوونی یاسا. 10- پشتیوانیكردنی هێزە یاساییەكان و پەرەپێدانی تواناكانیان و دوورخستنەوەیان لەهەر جەمسەرگیرییەك بۆ ئەوەی بێلایەنی و پیشەییان گرەنتی بكرێت و ئەركی دەستوری خۆیان بۆ پاراستی نیشتمان لە ئەستۆبگرن. 11- بایەخدان بە كۆچبەران و منداڵەكانیان. 12- راگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكانی نیلی شین و باشوری كوردۆڤان و دارفۆر. 13- بایەخدان بە دۆسیەی ئاوارەكان و پەنابەران و گەڕاندنەوەیان. ئەو حزبانەی سودان هۆشدرایشیاندا لە رەتكردنەوەی وەرچەرخان بۆ رژێمێكی سیاسی نوێی، ئەنجامی خراپی كۆمەڵایەتی و سیسای لێدەكەوێتەوە و داواشیان لە هێزەكانی سوپای سودان كرد دامەزراوە گشتییەكان و خۆپیشاندانەكان بپارێزن بۆئەوەی رێگە لە خوێنڕشتی هاوڵاتیان بگیرێت.
( درەو میدیا): ئیلیزابێس وارین، ژنە سیناتۆری دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كێبركێی دۆناڵد ترەمپ دەكات. وارین رایگەیاند لیژنەیەك بۆ تاوتوێكردنی خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 پێكدەهێنێت، بەوەش رێگە خۆشدەكات بۆئەوەی دەستبکات بە هەڵمەتی كۆمەك كۆكردنەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. لە وتارێكیدا كە لە تۆڕ كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە، سیناتۆرەكەی ویلایەتی ماساچوستس دیدە و بۆچونەكانی دەربارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا راگەیاند، ئاشكرایكرد هەل بۆ هەموو ئەمریكییەكان دەڕەخسێنێت. لەو بارەیەوە وارین وتی:" هەموان لە ئەمریكا دەبێت بتوانن كاری جدی بكەن و لەسەر یەك بنەما رۆڵ بگێڕن و گرنگی بەخۆیان و ئەوانەش بدەت كە خۆشیان دەوێت و لە پێناوی ئەوەدا دەجەنگم و لیژنەیەكم بۆ تاوتوێكردنی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێكهێناوە و پێویستم پێتانە لەگەڵمدا بن". ئیلیزابێس وارین پێشتر مامۆستای ماف بووە لە زانكۆی هارڤارد و لە هەڵمەتی بانگەشەی هیلاری كیلنتۆن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی 2016 بەشداریكردووە. تشرینی دووەمی رابردوو، وارین لە وەڵامدانەوەی رەخنەی دۆناڵد ترەمپدا، پشكنینی ترشەڵۆكی ناوكی " DNA" ئەنجامدا و رایگەیاند ئەو پشكنینە دەیسلەمێنێت كە رەچەڵەكی دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانە رەسەنەكانی ئەمریكا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت قسەیەكی موحسین رەزایی فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی جەنگی عێراق- ئێران، چەند رۆژێكە لەناو شەقامو لەسەر ئاستی بەرپرسان لە ئێران كاردانەوەو مشتومڕی دروستكردووە. لە 32 هەمین ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "كەربەلای 4"، موحسین رەزایی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار وامان لە دوژمن كرد وابزانێت ئۆپەراسیۆنی ساڵانەی ئێمە تەنیا ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە.. ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بۆ هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بوو". ئەم قسانەی موحسین رەزایی هەرزوو لە سەر ئاشتی شەقام كاردانەوەی لێكەوتەوە، زۆرێك لەوانەی كە كەسوكاریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژاوە، رەخنەی توندیان لە فەرماندەی سوپای پاسداران گرتو پرسیاری ئەوەیان كرد" ئایا كەسوكاری ئەوان كە لە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4دا كوژراون، تەنیا لەپێناو هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بەكوشتدراون ؟". كاردانەوەكان تەنیا لەسەر ئاستی خەڵكو شەقام نەمایەوە، ژمارەیەك بەرپرسانی باڵای وڵاتیش وەڵامی قسەكانی موحسین رەزاییان دایەوە، لەوانە وەزیری تەكنەلۆژیا. كاردانەوە توندەكان دوای سێ رۆژ لە نوسینی تویتەكە، موحسین رەزایی ناچاركرد رونكردنەوەی زیاتر بدات، ئەو بەشداری لە بەرنامەیەكی بەیانیانی تەلەفزیۆنیدا كرد بەناوی "حالا خورشید"، لەو بەرنامەیەدا باسی لەوەكرد، قسەكانی سەبارەت بە "كەربەلای 4 تەنیا شیكاری بووە". رەزایی وتی:" هەموو جەنگەكانی جیهان بەشێكیان جەنگی فریودانن، كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێك نەبوو بۆ فریودان، بەڵام دواتر وای لێكرا وا دەربكەوێت كە ئۆپۆراسیۆنێك بووە بۆ فریودان". قاسم سلێمانی قسەی خۆی كرد لەهەمان بەرنامەدا قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسو یەكێك لە گەورە فەرماندەكانی سوپای پاسداران لە جەنگی عێراق- ئێران بەتەلەفۆن قسەی كرد، ئەو 20 ساڵ دوای ئەو جەنگە ئێستا كەسێكی كاریگەرو دەستڕۆشتووی ئێرانە لەناو عێراقدا. لەبەرنامەكەدا قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەڵامی موحسین رەزایی دایەوەو ئاماژەی بەوەكرد" كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنی سەرەكی ئێران بوو لە ساڵی 1987، بەڵام سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 وایكرد عێراق گومان بكات كە كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی لاوەكی بووە". قاسم سلێمانی كە لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 و 5دا فەرماندەی لەشكری "سارەڵڵا كرمان" بووەو لەشكرە فەرماندەی هەردوو ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە باسی لەوەكرد" چەندین مانگ بوو كە كار لەسەر ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 دەكرا، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی تری وەكو رەمەزانو فەجر بەو ئەنجامانە نەگەیشت كە بۆی دانرابوو". بەپێی قسەی قاسم سلێمانی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 لە ماوەی 15 رۆژ دوای شكستهێنانی كەربەلای 4 وایكردووە عێراق غافڵگیر ببێت، بەوپێیەی كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی ئاڵۆزتر بووەو "گەورەترین سەركەوتنی بەدیهێناوە". قاسم سلێمانی وتی" سەرباری ناڕەزایەتی زۆرینەی فەرماندەكانی سوپا لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5، بەڵام سوربوونی عەلی ئەكبەری هاشمی رەفسنجانی فەرماندەی جەنگەكە، وایكرد ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام بدرێتو "بڕیارێكی دروستیش بوو". هەم موحسین رەزاییو هەم قاسم سلێمانی جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بەتەنیا ئۆپەراسیۆنێك نەبووە بۆ فریودانی سوپای عێراق، بەڵكو جۆرێك لە مەترسیو سەرچڵیشی تێدایە. موحسین رەزاییو قاسم سلێمانی لە رۆژانی جەنگی عێراق- ئێران كەربەلای 4 چی بوو؟ ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 لە رۆژی 5ی مانگی كانونی دووەمی 1987 ئەنجامدرا بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر بەسرەدا. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی "محمد رسول اللە" لە میحوەری "ابوالخصیب"وە دەستیپێكرد، بەڵام هێرشەكە شكستیهێناو هێزەكانی ئێران ناچار بە پاشەكشێ كران. لەم هێرشە شكستخواردووەدا، سوپای پاسداران گەورەترین زیانی بەركەوتو (هەزار) سەربازی كوژراو (11) هەزاری برینداربوون، (3 هەزارو 900)یش سەرباز بێسەروشوێن بوون. كۆچكردوو رەفسنجانی لەگەڵ ئایەتوڵا خومەینی رەفسنجانی چی دەڵێ ؟ مشتومڕ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار نوێ نییە، ساڵی رابردوو كاتێك تەرمی ژمارەیەك لە ژێرئاوگەڕەكانی سوپای پاسداران لەو جەنگە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران، جارێكی تر پرسیار لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە سەریهەڵدا، ساڵانە لە یادی ئەو شكستەدا قسەوباسی جیاواز دەكرێت، قسەكانی ئەمساڵی موحسین رەزایی كەسوكاری كوژراوەكانی ئەو شەڕەی بەتەواوی توڕەكرد، تا ئەو رادەیەی هەڕەشەیان كرد لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر رەزایی تۆمار بكەن. قسەكانی موحسین رەزایی لەبارەی ئامانجی كەربەلای 4 كە بەوتەی ئەو " بۆ فریودانی دوژمن" بووە، شتێكی نوێ نەبوو، چونكە كۆچكردوو عەلی ئەكبەر رەفسنجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم كە هاوكات فەرماندەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران بووە لەگەڵ عێراق، ساڵی 2006 لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیسنا" لەبارەی كەربەلای 4وە وتبووی" دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەكە شكستیهێنا، بۆ ئەوەی ورەی سەربازان نەڕوخێت وتمان ئەوە تەنیا ئۆپەراسیۆنێك بووە بۆ فریودان، بە بڵاوكردنەوەی ئەو قسەیە سەرمان لە دوژمنیش شێواند".
نوسینی: حوسام ئیبراهیم/ سایتی: ناوەندی توێژینەی موستەقبەلی ئیماراتی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ پرسی لەسەركارلابردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەی لە ماوەی رابردوو نێوندە نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتەی سەرقاڵكردووە، هەرچەندە پرسەكە ماوەیەكە وروژێنراوە، بەڵام مشتومڕ دەربارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە كورسی سەرۆكایەتی لە سایەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەدا بایەخی زیاتری وەرگرت، بە تایبەتی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی " مۆلەر" و سەركەوتنی دیموكراتەكان بە كۆنترۆڵكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی ئەنجومەندا كە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بەڕێوەچوو. ئەم بەرەوپێشچوونانە رەنگە ببنە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی یاسایی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، سەرەڕای ئەوەی ئەم رێوشوێنانە بە فیعلی نابنە هۆی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی، چونكە سیناریۆ چاوەڕوەنكراوەنی دوورخستنەوەی ترەمپ لەو هەوڵانە ناچێتەدەر كە بۆ لەسەركارلابردنی سێ سەرۆكی ئەمریكا لە رابردوودا دراون، " ئەندرۆ جۆنسۆن" ساڵی 1868، " ریچارد نیكسۆن" ساڵی 1974 ، " بیڵ كلینتۆن" لە ساڵی 1998. رووداوەكانی ساڵی 2018 چەند روودا و گۆڕانكارییەك لە ساڵی 2018دا روویاندا, بە تایبەتی لە مانگەكانی كۆتاییدا كە رەنگە ببنە خاڵی دەستپێكی پرۆسەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە: 1- لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی مۆلەر: لە 17ی ئایاری 2017 وەزارەتی دادی ئەمریكا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 پێكهێنا كە ترەمپی گەیاندە كۆشی سپی و ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵبژاردنەكە دەكات تا سەرەتای ساڵی 2019 زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا لیژنەكە چەندین لێكۆڵینەوەی كردووە و بووەتە هۆی تاوانباركردنی چەندین كەسی تیمی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆكایەتی ترەمپ و دواهەمین گۆڕانكاری لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەش كە لە نیوەی یەكەمی مانگی دیسەمبەری 2018 رویدا تاوانباركردنی پارێزەكەی ترەمپ و بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی بوو بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان, پاشان لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە دەربارەی كارەكانی لیژنەی رێوڕەسمی دانانی " ترەمپ" لە پۆستی سەرۆكایەتی و پرسیاری ئەوە دروست بووە چۆن ئەو لیژنەیە پارەی كۆكردوەتەوە و بودجەی رێورەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپی پێ دابینكراوە؟, هەروەها لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە و ئەگەری بوونی پێشێلكاری یاسایی تێیدا. 2- ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس: ئەم هەڵبژاردنە مانگی نۆڤبەری 2018 بەڕێوەچوو، تێیدا دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا كۆمارییەكانی ( پارتەكەی سەرۆك) زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران پاراست و لەگەڵ دەستپێكردنی خولی نوێی یاسادانانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە 3ی كانونی دووەمی 2019، ئیتر دیموكراتەكان دەتوانن جموجوڵ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانی بۆ لەسەركارلابردنی سەرۆك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكەن و گەرەنتی ئەوە بكەن كە سەركەوتووبن لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان و دەستور. 3- هەڵوێستی ناوخۆیی دەربارەی لەسەركارلابردنی ترەمپ: سەرەڕای ئەو جەماوەرێتییەی ترەمپ لە چەند ناوەندێكی ئەمریكی هەیەتی، بەڵام هەڵوێستی دەستەبژێری رۆشنبیر و میدیاكان رەهەندێكی گرنگی مشتومڕی دوورخستنەوەی ترەمپ پێكدەهێنن، میدیای ئەمریكی بەشێوەیەكی بەردەوام كاردەكات بۆ دەرخستنی نەرێنییەكانی ترەمپ و هەوڵدەدات رای گشتی لە دژی هانبدات و بابەتی لەسەركارلابردنی ترەمپ بووەتە بەشێكی سەرەكی ئەو پرسانەی كە میدیای ئەمریكی گفتوگۆیان لە بارەیەوە دەكات و دەیانوروژێنێت، جگە لەوەش جوڵەیەكی جەماوەریی سنوردار هەیە بۆئەوەی هانی كۆنگرێس بدات سەرۆك لە پۆستەكەی لابدات ئەم جوڵەیەش خۆی لە بزوتنەوەی " Need to Impeach " دا دەبینێتەوە كە لە ئۆكتۆبەری 2017 دامەزرێنرا و هەوڵدەدات هاوڵاتیانی ئەمریكا هانبدات، تا گوشار بخەنە سەر نوێنەرەكانیان لە كۆنگرێس بۆئەوەی رێوشوێنی لەسەركارلابردنی ترەمپ دەستپێبكەن و ئەو بزوتنەوەیە یاداشتێكی داواكاری بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ لەسەر سایتی ئەلیكترۆنیی خۆی داناوە و تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی ئیمزایان كردووە. رێوشوێنە یاساییەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردن چەمكی " Impeachment " لە رۆشنبیری سیاسی ئەمریكیدا ئاماژە بۆ چەند رێوشوێنێك دەكات كە لە رێگەیانەوە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت، ئەوەش پرۆسەیەكی دوورودرێژەو لەناو كۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند هەنگاوێك دەكرێت كە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كە بە جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت, دەكرێت رێوشوێنەكان جێبەجێبكرێن، بەڵام ئەنجامی كۆتایی نەگاتە بڕیاری لەسەركارلابردنی سەرۆك و دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی. دەستوری ئەمریكا چوارچێوە گشتییەكانی رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆكی دیاریكردووە و ئەوەش لە مادەی یەكەمیدا كە دەچێتە دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس و لە مادەی دووەمیشدا كە باس لە سەرۆك و دەسەڵاتەكانی دەكات و بە پشت بەستن بەو دوو مادەیە رێوشوێنەكانی لابردنی سەرۆك لە پۆستەكەی بە دوو قۆناغ دەبێت بەمشێوەی خوارەوە: 1- قۆناغی یەكەم: ئەم قۆناغە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە دەستدەكات بە رێوشوێنی لێكۆڵینەوە و تۆمەتباركردنی سەرۆك بە ئەنجامدانی ئەو كاراتەی كە پێویست دەكات لە پۆستەكەی لاببرێت، دەستور ئەو كارانەی دیاریكردووە كە لابردنی سەرۆك پێویست دەكەن, بریتین لە: خیانەت، وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی تاوان یان پێشێلكردنی ئاكاریی كە لەو جۆرە بێت مەترسی لێبكەوێتەوە. دوای رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە دەنگ لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك دەدرێت و ئەم تۆمەتباركردنەش پێویستی بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پاشان پرۆسەكە دەچێتە قۆناغی دووەم. 2- قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە بە رەسمی سەرۆك دادگاییدەكات، و ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی دەستەی دادوەریی دەگێڕن و سەرۆكی دادوەرانی دادگای باڵای دەستوری سەرپەرشتی پرۆسەی دادگاییكردنی سەرۆك دەكات هەتا ئەو كاتەی بەفیعلی لەسەر كارلادەبرێت، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران راستی و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆك كراون پەسەند بكەن، لە كاتێ:دا ئەگەر رەزامەندی دوولەسەر سێی ئەندامەكان بەدەستنەهات، ئەوا بەواتای ئەوە دێت كە سازان " تەوافق" نیە لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك بەو كارانەی كە پێویستن بۆ لابردنی و بەوەش سەرۆك لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت بەبێ رەچاوكردنی هەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ لەسەركارلابردنی گیراونەتەبەر. سێ سیناریۆ بۆ لابردنی ترەمپ: لە ئەگەری ئەوەی كە لیژنەكەی مۆلەر لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2019 كارەكانی تەواودەكات و لە راپۆرتی كۆتاییدا جەختدەكاتەوە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ یان خودی خۆی پێشێلكاریی كردووە و لەگەڵ ئەگەری جوڵەی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی لەسەركارلابردنی سەرۆك، ئەوا رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردنەكە بە فیعلی دەستپێدەكات و لە سێ سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا دەرناچێت كە بەمشێوەیە بوو: 1- سیناریۆی " ئەندرۆ جۆنسۆن": رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆك ئەندرۆ جۆنسۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە مارسی 1868 دەستیپێكرد, كاتێك ئەنجومەنەكە لیستێكی تۆمەتی 11 مادەیی دژی جۆنسۆن پەسەندكرد و كە دامەزراندنی نادەستوریی و خراپ بەكارهێنانی دارایی فیدراڵی و پێشێلكردنی یاسای فیدراڵی و كەمكردنەوەی رێزی كۆنگرێسی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەنجومەنەكە لیستەكەی پەسەندنەكرد و ئەنجامی دەنگدان بەمشێوەیە بوو: 35 سیناتۆر دەنگیان بۆدا و 19 سیناتۆریش دژی بوون و ئەنجامەكەش دەنگێكی كەمتر بوو لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە كە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لیستێك بۆ تۆمەتباركردنی ترەمپ پێشكەشبكەن و پێشبینیدەكرێت كە لیستی تۆمەتەكان نزیك بن لە پرۆژە بڕیاری 621 كە سیناتۆر " سیتڤ كوهین" رۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2017 پێشكەششی ئەنجومەنی نویچنەرانی كردن كە پرۆژە بڕیاری ژمارە H.Res.621 بوو بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی گەورە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو برشیارە تائێستا لە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران نەهاتوەتە دەرەوە، لە پرۆژە بڕیارەكەدا كە پێشبینیدەكرێت بكرێتە لیستی تۆمەتباركردنی ترەمپ، تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی كەسیی، ئەنجامدانی پێشێلكاریی یاسایی, پێشێلكردنی دەستوری ئەمریكی لەخۆگرتووە، بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە پێشبینی ناكرێت ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكان پەسەندبكات. 2- سیناریۆی "ریچارد نیكسۆن": ئەنجومەنی نوێنەران یۆلیۆی 1975 دەستیكرد بە رێوشوێنەكانی تۆمەتباركردنی سەرۆك بەهۆی كەیسی وۆتەرگەیتەوە و سێ بەندی لەخۆگرتووە: تەگەرەخستەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریین خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بێ رێزیكردن بە كۆنگرێس، بەڵام سەرۆك نیكسۆن بڕیاریدا دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، رەنگە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیكرد لەدژی، ترەمپ خۆی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە بدات. 3- سیناریۆی "بیڵ كلینتۆن": رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركابردنی سەرۆك كلینتۆن بە تەواوی جێبەجێكران، ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكانی دژ بە كلینتۆنی پەسەندكرد كە سوێندشكاندن و تەگەرە خستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری لە خۆگرتبوو، ئەوەش لە چوارشێوەی كەیسی " مۆنیكا لوینسكیدا" بوو، دوای ئەوە رێوشوێنی دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستیپێكرد، بەڵام بۆ دەنگدان لەسەری نیسابی یاسایی بەدەستنەهات كە بریتییە لە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن و ئەنجامی دەنگدان لەسەر سوێندشكاندن 45 دەنگ بەرامبەر بە 55 دەنگی دژ بوو، بۆ پەسەندكردنی پێویستی بە 67 دەنگ بوو، بەڵام ئەنجامی دەنگدان لەسەر تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی 50 بە 50 بوو. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكان زۆرینەن تێیدا لیستی تۆمەت دژی ترەمپ پێشكەش بكات و پەسەندیشی بكات و پاشان دەچێتە ئەنجومەنی پیران كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا، لەم حاڵەتدا پێشبیندەكرێت تۆمەتباركردنی ترەمپ دەنگ نەهێنێت، چونكە تۆمەتباركردنەكە پێویستی بە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەبێت. بە كورتی پێدەچێت ساڵی 2019 رێوشوێنە یاساییەكانی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەو رێوشوێنانە ئەگەر بە فیعلی دەستپێبكەن، پێشبینی ناكرێت ببنە هۆی دوورخستنەوەی ترەمپ، چونكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دیموكراتەكان هەنگاوی تۆمەتباركردنی ترەمپ بنێن، ئەنجومەنەكە پەسەندیدەكات، بەڵام كاتێك دەچێتە ئەنجومەنی پیران، ئەوا رەتدەكرێتەوە، وەك ئەوەی لە رێوشوێنەكانی دوورخستتنەوەی كلینتۆندا روویدا و سەرەڕای رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پیران تۆمەتباركردنی سەرۆكی رەتكردەوە و بەوەش رێوشوێنە یاساییەكانی لابردنی سەرۆك شكستیهێنا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی نهێنی گەیشتە عێراقو بەبۆنەی كرسمسو هاتنی ساڵی نوێوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە. هاتنی ترەمپ بەمشێوەیەو بەبێ ئاگاداركردنی پێشوەختەی بەرپرسانی بەغداد، لە شەقامو ناوەندی سیاسی عێراقی كاردانەوەی لێكەوتەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقو سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی بەوشێوە نهێنییە رەتكردەوە. عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەو شێوازە سەردانكردنەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسییەكاندا ناگونجێت.. مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقو سەروەرییەكەی بەوشێوەیە، زیان بە پەیوەندییەكانی عێراقو ئەمریكا دەگەیەنێت". سەردانی ترەمپ بۆ عێراق هێندە نهێنی بوو، نەك نەیارەكان، بەڵكو دۆستەكانی ئەمریكاش نەیانزانی، بەدیاریكراویش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. تەنانەت ترەمپ خۆشی نیگەران بوو لەوەی بەو جۆرە سەردانی عێراقی كرد، دوای گەڕانەوەی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" زۆر مایەی نیگەرانییە كاتێك حەوت ترلیۆن دۆلار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج دەكەیت، بەڵام رۆشتن بۆ ئەو ناوچەیە ئەو هەموو نهێنییەی دەوێتو پێویستی بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەو ئامێر لە دەوروبەرت بنو هەموو شتێك بكەیت لە پێناو ئەوەی بەسەلامەتی بگەیتە ناوچەكە". كشانەوە لە سوریا ترەمپ لە دیداریدا سەربازانی وڵاتەكەی، جارێكی تر بەرگری لە بڕیارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)و وتی:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت بەتەنیا رۆڵی پۆلیسی جیهان بگێڕێت". ئەم سەردانە سێ كاتژمێرییەی ترەمپ بۆ عێراق، كە لەژێر رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو، دوای هەفتەیەك دێت لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بڕیارێك كە رەخنەی زۆری لێگیراو بەهۆیەوە دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ (برێت مەكگۆركو جیمس ماتێس) دەستیان لەكاركێشایەوە. ترەمپ لەبەردەم نزیكەی 100 كەس لە سەربازانی وڵاتەكەی لەبارەی بڕیاری كشانەوە لە سوریا وتی:" زۆر كەسی تر بەو ئەنجامە دەگەن كە من پێیگەیشتووم.. چەندجارێك لەسەر داوای ژەنەڕاڵەكان وادەی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانم درێژكردەوە، ئەوان دووبارە جارێكی تر وتیان ئایا دەكرێت مۆڵەتێكی تر بە ئێمە بدرێت، وتم. نەخێر ناكرێت مۆڵەتی تر بە ئێوە بدرێت، بەئاستی پێویست مۆڵەتتان پێدراوە". ئەمریكا لە عێراق دەمێنێتەوە؟ ترەمپ لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە، ئەو لە دیدارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد بەنیاز نین هێزەكانیان لە عێراق بكێشنەوە. ترەمپ وتی:" ئەگەر پێویستی كرد لە سوریا كارێك بكەین دەتوانین سود لە بنكەكانمان لە عێراق وەرگرین". لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" نزیكەی (5 هەزار) سەربازی ئەمریكی یارمەتی هێزە عێراقییەكانیاندا. لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك، ئەمە یەكەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەردانی هێزی سەربازی وڵاتەكەی بكات لە ناوچەیەكی جەنگی، رەتكردنەوەی سەردانكردنی هێزە سەربازییەكان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەخنەی زۆری روبەڕووی ترەمپ كردوەتەوە. دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدی سارا ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، دیداری نێوان ترەمپو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هۆكاری ئەمنیەتیو لۆجستی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە. بەپێی قسەی خاتوو ساندەرز، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ دوای لە عەبدولمەهدی كردووە سەردانی واشنتۆن بكاتو عەبدولمەهدی بانگهێشتەكەی قبوڵ كردووە. ترەمپ كە لەگەڵ میلانیای هاوسەری سەردانی عێراقی كرد، لەرێگەی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریكا، سەردانی ئەڵمانیای كردو لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لەوێ كۆبوەوە. ئەو شوێنەی ترەمپ سەردانی كرد؟ بنكەی (عەین ئەسەد) كە ترەمپ سەردانی كرد، دەكەوێتە دوری 108 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری رومادی، بەر لە ساڵی 2003 ناوی بنكەی ئاسمانی "قادسیە" بووە. ئەم بنكەیە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراقو نەخشەكەی بە كۆپییەكی سەربازی نەخشەی ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت. ساڵی 1975 پلانی دروستكردنی ئەم بنكەیە دانراوەو پلانەكە ناوی (SUPER BASES) بووە، ئامانج لە دروستكردنی بنكەكە سودوەرگرتن بووە لە وانەكانی نسكۆكەی ساڵی 1967. ساڵی 1980 دەستكراوە بە دروستكردنی ئەم بنكەیەو ساڵی 1987 تەواوكراوە، گروپێك كۆمپانیای یۆگۆسلاڤی بە تێچووی 280 ملیۆن دۆلار بنكەكەیان دروستكردووە، ئەم بنكەیە (5 هەزار) سەرباز دەكرێت، سەرباری ئەمە چەندین بینای سەربازی پێویستی تێدایە كە دەكرێت لەكاتی تەنگژەدا وەكو پەناگە سودیان لێوەربگیرێت، ئەمبارو رەبیەو یاریگاو خانووی خزمەتگوزاری تێدایە. لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا ئەم بنكەیە بارەگای سەرەكی هیلیكۆپتەرو فڕۆكەی جۆری ئێس 25ی هێزی ئاسمانی عێراق بووە، ساڵی 1991 لە جەنگی كەنداودا روبەڕووی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان بووەتەوە بە بۆمبی لەیزەر. ساڵی 2003 هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا دەستیان بەسەر ئەم بنكەیەدا گرتو تاوەكو ساڵی 2011 تێیدا مانەوە، لە كۆتایی ساڵی 2014وە (300) سەربازو راهێنەری ئەمریكیو فڕۆكەی هاوپەیمانان لەم بنكەیەدا نیشتەجێ بوون، ساڵی 2015 رێكخراوی "داعش" تەواوی شارۆچكەی (بەغدادی)ی گرت كە دەكەوێتە نزیك بنكەی (عەین ئەسەد)، بەڵام نەیتوانی بنكە ئاسمانییەكە بگرێت، زانیاری هەیە لەوكاتەدا هەشت خۆكوژی "داعش" توانیویانە بچنە ناو بنكەكەوە، بەڵام كوژراونو نەیانتوانیوە بنكەكە كۆنترۆڵ بكەن. ساڵی 2007 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراقو نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەردانی ئەم بنكەیەی كرد، دواتریش هەریەكە لە كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوەو رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانیان كرد.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ ماوەی 8 رۆژە لە سودان " شۆڕشی نان" دەستپێكردووە و هاوڵاتیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابوریان رژاونەتە سەر شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت و شارەكانی ترو ئێستا داواكاری هاوڵاتیان بۆ باشتركردنی ژیانیان گۆڕاوە بۆ رووخاندنی رژێمەكەی بەشیر و رۆژبەرۆژیش توندوتیژی زیاتری لێدەكەوێتەوە. " لیژنەی پزیشكانی سودانی ناوەندی" لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی سێشەممەی خەرتومی پایتەختدا هێزە ئەمنییەكان بە فیشەك رووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە و نۆ خۆپیشاندەر برینداربوون و باری تەندروستی یەكێكیان مەترسیدارە. هاوكات " گردبونەی سەندیكا پیشەییەكان" كە داوای خۆپیشاندانەكەی رۆژی سێشەممەی كردبوو، رایگەیاند خۆپیشاندانەكە ئامانجی خۆی پێكاوە كە بریتیە لە یەكخستنی گوتار و قسەی هەموو هێزەكان. گردبونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا كە سایتی " سودان تربیون" بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" ئەوەی كارمان بۆدەكرد ئەمڕۆ زۆر بەهێزەوە بەدیهاتن كە ئەوەیە هەموومان یەكگرتوو بین.. قسەی خۆمان كرد و بە دەنگێكی بەرز ئیرادەی جەماوەریی یەكگرتووی خۆمان دەربڕی". هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكاندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش چەند هەڵمەتێَك بۆ داواكاری روخاندنی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر راگەیەندرا و هاشتاگی " شارەكانی سودان رادەپەڕن" راگەیەندرا. لایخۆشیەوە هاوپەیمانی " بانگەوازی سودان" و " هێزەكانی كۆدەنگی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایانكرد خۆپیشاندانەكان بە رۆژ و شەو بەردەوامبن و رژێم ماندووبكرێت هەتا دەگاتە روخاندنی وەك تاكە داواكاریییەك و پاشان دەسەڵات رادەستی حكومەتێكی ئینتیقالی بكرێت كە لە كەسانی تەكنۆكراتی نیشتمانی مەدەنی پێكبهێنرێت و دەربڕی هەموو پێكهاتەكانی سودان بێت. 37 خۆپیشاندەر كوژراون رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە رایگەیاند راپۆرتی متمانەپێكراو هەن كە جەخت لەسەر كوژرانی 37 خۆپیشاندەر دەكەنەوە بە گولەی هێزە ئەمنییەكانی سودان لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا. هاوكات عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان رایگەیاند كەسانی ناپاك و هەڵگەڕاوە لەپشت ئەو دۆخە پڕ ئاڵۆزییەوەن كە وڵاتەكەی گرتوەتەوە و جەختیشیكردەوە كە حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان و ئاوەدانكردەوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و چاككردنی بارودۆخیان. بەشیر ئاشكراشیكرد كە جەنگێك لەدژی سودان بەرپاكراوە بەهۆی ئەوەی پابەندی ئاینەكەیەتی و بە گەنم و دۆلار نایفرۆشێت. چاودێرانی دۆخی سودان دەڵێن بەشیری تەمەن 74 ساڵ لە رێگەی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانەوە هەوڵدەدات دۆخی وڵات كۆنترۆڵ بكات و جارێكی تر و دوای 30 ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە رێگەی كودەتای سەربازییەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 كاندیدبكات.
( درەو میدیا): هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، وەفدێكی باڵای ئەو وڵاتە رۆژی شەممە سەردانی روسیا دەكات. عومەر چەلیك وتەبێژلا پارتی داد و گەشەپێدان" ئاكەپە" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند وەفدەكەی توركیا پێكدێت لە مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەن خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری، هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری" میت" و ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار. دەربارەی سەردانەكە چەلیك رایگەیاند سەردانكە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە لەگەڵ روسیا و بە گوێرەی ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوەدەچێت كە بەرێگەی تەلەفۆن لە نێوان هەردوو لادا دەكرێت و ئاماژەیبەوەشدا وەفدەكەی توركیا لەگەڵ روسیا كاردەكات بۆ دانانی پلانێك بۆ دیداری نێوان سەرۆكی توركیا و هاوتا روسییەكەی. سەردانی ئەم وەفدە باڵایەی توركیا بۆ روسیا لە كاتێكدایە ئەنكەرە بەردەوامە لە ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی رۆژئاواە كوردستان و رۆژی سێشەممەش وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند پلانیان بۆ هەموو شتێك داناوە و كارەكان بە گوێرەی خشتەی زەمەنی دیاریكراو بەڕێوەدەچن.
(درەو میدیا): ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا رایگەیاند تاقیكردنەوەی كۆتایی لەسەر ئەو موشەكە كراوە كە تێكناشكێنرێت و وادەكات هەرچی سیستمی دژە موشەكی ئێستا هەیە هیچ سودێكیان نەبێت. پوتن جەختیشیكردەوە وڵاتەكەی تاكە دەوڵەتە لە جیهاندا خاوەنی ئەو جۆرە نوێیە لە چەكی ستراتیژییە. پوتن لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی حكومەتەكەی وتیشی:" سیستمی موشەكی " ئەڤانگارد" كە دەتوانێت كڵاوەی ئەتۆمیش هەڵبگرێت ساڵی داهاتوو لە چوارچێوەی هێزە چەكدارەكانی روسیادا دەچێتە خزمەتەوە. هەروەها پوتن لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی:" بە رێنمایی من كە لە وەزارتی بەرگری ئامادەبووم و دواهەمین تاقیكردنەوەی سیستمە موشەكییە ئەنجامدرا و بە تەواوەتی سەركەوتوو بوو. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا تاقیكردنەوەی ئەو جۆرە موشەكە لە نیمچە دوورگەی كامەشتكا لە خۆرهەڵاتی روسیا بەڕێوەچووە و پوتنیش لە ناوەندی كۆنترۆڵكردنی بەرگری نیشتمانییەوە چاودێری كردووە.