فڕۆكەكە بەبێ سەرۆك گەڕایەوە
2019-03-02 10:23:09
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئەو فڕۆكەیەی كە عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆكی جەزائیری گواستەوە بۆ ژنێڤی سویسرا، گەڕایەوە بۆ جەزائیر. تەلەفزیۆنی "یۆرۆ نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنی جەزائیرەوە ئاشكرایكرد، فڕۆكەكە گەڕاوەتەوە بۆ جەزائیر، بەڵام سەرۆكی تێدا نەبووە.
هەفتەی پێشوو سەرۆكایەتی جەزائیر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سەرۆك بوتەفلیقە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر دەچێتە ژنێڤ بەمەبەستی ئەنجامدانی هەندێك "پشكنینی پزیشكیی رۆتینی".
سەرچاوەیەكی تەندروستی لە ژنێڤ رایگەیاند باری تەندروستی سەرۆكی جەزائیر بەجۆرێك خراپە كە ناتوانرێت هیچ نەشتەرگەرییەكی پێویستی بۆ بكرێت.
ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " روسیا تودەی" ئاشكراشیكرد بوتەفلیقە لە نهۆمی نۆیەمی نەخۆشخانەی فێركاری ژنێڤەو بڕیاربوو نەشتەرگەریی بۆ بكرێت بەڵام باری تەندروستی رێگەنادات نەشتەرگەریی بۆ بكرێت.
نەگەڕانەوەی سەرۆك بۆ وڵات، لەكاتێكدایە هەزاران كەس لە خەڵكی جەزائیر لە پایتەخت خۆپیشاندانیان كرد لەدژی خۆكاندیدكردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی.
لەبەردەم كۆشكی سەرۆكایەتیدا، پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەران رویدا، خۆپیشاندەران بەردیان گرتە هێزە ئەمنییەكان، ئەوانیش بە گازی فرمێسكڕێژ وەڵامیاندایەوە.
بەپێی قسەی دەسەڵاتداران، لەو پێكدادانانەدا (7) خۆپیشاندەرو زیاتر لە (50) كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوونو (45) كەسیش دەستگیركراون.
دوای ئەوەی بوتەفلیقە رایگەیاند، بەنیازە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە، خۆپیشاندان لەسەرتاسەری جەزائیر دەستیپێكرد.
بوتەفلیقە لە سویسرا نەگەڕاوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە سبەینێ وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆتایی دێت، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، تیمی كەمیەپنی هەڵبژاردنی بوتەفلیقە نوسراوی خۆكاندیدكردنی ئەویان پێشكەش نەكردووە.
سوریا بیری خەڵك دەهێنرێتەوە
ئەحمەد ئویەحیا سەرۆك وەزیرانی جەزائیر هۆشداری بە خەڵكدا بەشداری لە خۆپیشاندانەكان نەكەنو وتی:" جەنگی خوێناوی لە سوریا سەرەتا بە خۆپیشاندان دەستیپێكرد".
رۆژی پێنج شەممە هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، بەڵام دواتر ئازادیان كردن.
عەبدولعەزیز بوتەفلیقە كە لە ساڵی 1999 وە سەرۆكایەتی جەزائیر دەكات، لە ساڵی 2013وە دوچاری جەڵتەی مێشك بووەو لەسەر كورسی جوڵاو هاتوچۆ دەكات، لەدوای نەخۆشكەوتنیەوە زۆر كەم لەبەردەم رایگشتی وڵاتەكەیدا دەردەكەوێت.
خۆپیشاندان لە دژی كێ ؟
سەرەتای ناڕەزایەتییەكانی جەزائیر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران دەڵێن ناڕەزایەتییەكانیان تەنیا لەدژی ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی بوتەفلیقە نییە كە ماوەی 20 ساڵە لە ترۆپكی دەسەڵاتدایە، بەڵكو لەدژی دەستەبژێری حوكمڕانی وڵاتیشە بەشێوەیەكی گشتی.
بەرپرسانی جەزائیری هۆشداری دەدەن لەوەی خۆپیشاندانەكان سەربكێشێت بۆ تێكدانی سەقامگیری وڵاتو گەڕانەوە بۆ رۆژگاری شەڕی ناوخۆیی.
رەنگە تاكە دەستكەوتی بوتەفلیقە بۆ جەزائیرییەكان كۆتایهێنان بێت بە شەڕی ناوخۆیی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، كە بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەو شەڕانەدا زیاتر لە 200 هەزار كەس كوژراون.
نیوەی دانیشتوانی جەزائیر گەنجنو تەمەنیان لە خوارو 30 ساڵییەوەیە، ئەم توێژە بەرفراوانە زۆربەیان بێكارن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت توێژێكی زۆری گەنجان بەزوویی پەیوەندیان بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە كرد.
كێ سەرۆكایەتی ناڕەزایەتییەكان دەكات ؟
لەكاتێكدا رایگشتی لە جەزائیر دەكوڵێت، چاودێران بەشوێن كردنەوەی گرێی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن كە دەڵێ " ئەوە كێیە كە توانیویەتی لەسەرتاسەری جەزائیر لەیەك كاتدا سەدان هەزار كەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕژێنێتەسەر شەقامەكان ؟".
ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە سەرەتای بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەوە كێیە كە سودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینیوە بۆ دروستكردنی ئەم جوڵانەوەیە ؟
خەڵكانی نزیك لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەوڵدەدەن چاویان بخەنەسەر بەرپرسانی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ئەوانە خەڵكانێكن كە لە كاركردندا سیستماتیكن، هاوكات دەزگای هەواڵگری لە جەزائیر رۆچوەتە ناو هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكەوە، ئەگەر هەواڵگری لەپشت ناڕەزایەتییەكانەوە بێت، واتا بەرلەوەی بوتەفلیقە خۆی بە مەرگی سەرجێگا بمرێت، لە سەرۆكایەتی وڵات لادەدرێت.
دەرباری كۆشكی سەرۆكایەتی جەزائیر دوچاری شۆك بووە، بەڕێوەبەری كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆك بوتەفلیقە گومانی هەیە لەوەی لایەنگرانی سەرۆكو وەزیرەكان لە ترسان ئۆفێسەكانی خۆیان بەجێهێشتبێت.
ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەو ملیۆنان خەڵكە نابینرێت كە دەیانوت بۆ پشتیوانی لە ویلایەتی پێنجەمی بوتەفلیقە دەچن دەنگ دەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی دوو هەفتەیە بە چاوی خۆیان دەیبینن خەڵك رژاونەتەسەر شەقامو داوای رۆشتنی بوتەفلیقە دەكەن.
بابەتێكی تر كە پرسیاری دروستكردووە، نەرمونیانی هێزە ئەمنییەكانە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەوانەی لە پایتەخت خۆپیشاندان دەكەن بە ئاشكرا یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكەن، چونكە مەرسومێكی سەرۆكایەتی هەیە كە نەك تەنیا خۆپیشاندان، بەڵكو گردبونەوەی بچوكیش یاساغ دەكات.
دەبێ ئەو كەسە كێ بێت كە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان كردبێت دەست لە خۆپیشاندەران بپارێزن ؟
ئەوە راستە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژو گولەی لاستیكییان لەدژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، بەڵام ئەوە كاتێك رویدا كە خۆپیشاندەران لە كۆشكی سەرۆكایەتی نزیك بونەوە.
لەناو ئەم بارودۆخە ناڕوونەدا، قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی رژێم كەسی جێگرەوەی بوتەفلیقەی ئامادەكردووە، ئەوانەی ئەم جۆرە قسانە دەكەن ئەوانەن كە دەڵێن" خۆپیشاندەران داوای روخاندنی رژێم ناكەن، بەڵكو داوا دەكەن بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید نەكاتەوە".
چەند رۆژی داهاتوو بارودۆخی سیاسی جەزائیر پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، دیار نییە لێكەوتەكانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەسەر ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە بە چ جۆرێك دەكەوێتەوە.