Draw Media

بوتەفلیقە دەستبەرداری خۆكاندیدكردن دەبێت 

بوتەفلیقە دەستبەرداری خۆكاندیدكردن دەبێت 

2019-03-11 18:43:34


( درەو میدیا):
خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان‌و چین‌و توێژەكانی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆكی جەزائیریان ناچاركرد، دەستبەرداری خۆكاندیدكردنی بۆ خولی پێنجەی سەرۆكایەتی بێت.
بڕیاربوو، 18ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، لەگەڵ دەنگۆی خۆكاندیدكردنی بوتەفلیقە بۆ خولی پێنجەمی سەرۆكایەتی، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین رژانە سەر شەقامەكان‌و خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.
دوای دوو رۆژ لە خۆپیشاندانەكان، بوتەفلیقە كە لە ساڵی 2013ەوە دووچاری جەڵتەی مێشك بووە و لەسەر كورسی گەڕۆكە جەزائیری بەرەو سویسرا بەجێهێشت بۆ چارەسەركردن‌و ئێوارەی یەكشەممە گەیشتەوە وڵاتە.
دادوەرەكان پرسەكەیان یەكلاكردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە هەزار دادوەری جەزائیر لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند ئەگەر بوتەفلیقە خۆی بۆ خولی پێنجەمی سەرۆكایەتی كاندید بكات ئەوا ئامادەنین پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن.
ئەو دادوەرانە لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند ئامادەنین دژی خواستی هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان بوەستنەوە.
هەڵبژاردن دواخرا
دوای گەڕانەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بوتەفلیقە ناچاربوو مل كەچ بكات بۆ خواستی خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی.
بوتەفلیقە لە پەیامێكیدا بۆ گەلی جەزائیر كە ئاژانسی هەواڵەكانی ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند كە بڕیاربوو 18ی نیسانی داهاتوو بكرێت.
هەروەها بوتەفلیقە راشیگەیاندووە باری تەندروستی و تەمەنی رێگەی پێنادەن كە ئەركی خۆی بەرامبەر بە گەلەكەی بەڕێوەبەرێت و ئاماژەیبەوەشداوە كە " هەرگیز نیازی ئەوەی نەبووە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتەی كاندید بكاتەوە". 
بوتەفلیقەی تەمەن 82 ساڵ كە لە ساڵی 1999ەوە چوار خولە سەرۆكی جەزائیرە، رونیشیكردەوەتەوە كە لە پەیامی گەنجانی جەزائیر تێدەگات و ئەو پرۆژە دەستورەی كە كۆڕبەندی نیشتمانی ئامادەی دەكات دەخات راپرسییەوە و دوای ئەنجامدانی دانوستانێكی  نیشتمانی گشتگیر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سازدەكرێت.


.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand