لە باغوزی سوریاوە كۆتایی بە داعش هێنرا
2019-03-01 09:27:32
راپۆرتی: درەو میدیا
خەلافەتەكەی داعش كە لە سوریاوە دەستیپێكرد هەر لە سوریاشەوە كۆتایی هات، سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاندو بەرپرسانی هەسەدەو یەپەگەش گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی باغوز و بەسەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووە.
لەناوچەی شەڕو لەبەردەم دەستگیركراوانی داعشدا لیلوا عەبدوڵا گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیرە ڕایگەیاند " داعش شكستی هێنا" مەزڵوم كوبانیش فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە"سەرجەم ناوچەكانی ژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی پاكردنەوەی تەواوەتی شوێنەكانن و لە ماوەی هەفتەیەكی تردا بە تەواوی سەركەوتن ڕادەگەیەنن"
لیلوا عەبدوڵا لە لێدوانێكدا بۆ ( ANF ) ئاماژەی بەوەكردووە" ئەگەرچی داعش شكستی هێناوە بەڵام هێشتا شانە نووستوەكانیان ماون. ئەوەی گرنگە ئەوەیە عەقڵیەتی داعش هێشتا لەنێو خەڵكدا ماوە. لە ئێستا بەدواوە كاری ئێمە ئەوەیە كۆتایی بەو عەقڵیەتە و شانە نووستوانە بێنین"
لە رۆژی 9ی شویاتەوە هێزەكانی هەسەدە ( هێزەكانی سوریای دیموكرات) و هێزەكانی یەپەگە ( یەكینەكانی پاراستنی گەل) و یەپەژە ( یەكینەكانی پاراستنی ژن) ئۆپەراسیۆنی سەربازیان بۆ دوایین مۆڵگەكانی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووەو لە ئێستادا گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی لە ( باغوز).
باغوز گوندێكی سەربە ناحیەی سوسەی پارێزگای دیرەزوری سوریایەو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەو لە سنوری نێوان ( عێراق – سوریا)یە.
گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرە ئەوەشی خستۆتە رووهەڵمەتەكە بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر هەستیار و هێدی بەڕێوەدەچێت. هێشتا لە دوایین خاڵەكانی ژێر دەستی داعش لە گوندی باغۆز، سیڤیل لە دەستی چەتەكانی داعشدا ماون. بۆ پاراستنی ئەو سیڤیلانە و ڕزگاركردنیان بەهێواشی دەچنە پێشەوە.
چەكداران خۆیان رادەست دەكەن
لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە سەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستی هەسەدەو یەپەگە گردووە، تەنها لە رۆژی پێنجشەممە 28/2/2019 زیاتر لە 200 چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووەو بەشێكیان چەكداری بیانین.
هەربۆیە دەستكراوە بە جیاكردنەوەیان چەكدارانی داعش دوای لێپرسینەوە لە سیڤیلەكان جیادەكرێنەوە و دەخرێنە زیندان. ژن و منداڵانی سیڤیلیش دوای پشكنین پێداویستییەكانی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت و لە شوێنی گونجاو جێگیر دەكرێن.
لەو بارەیەوە گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیر ڕایگەیاند، ئەو چەكدارانەی كە خۆیان ڕادەستی شەڕڤانانی هەسەدە كردووە، سەرەتا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. ئەوانەی دەستیان لە كوشتندا هەبووە و دەردەكەوێت كە داعشیین، تا ڕادەستی وەڵاتەكانی خۆیان دەكرێنەوە، زیندانی دەكرێن.
مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، رایگەیاندووە، رزگاركردنی هاووڵاتییان لە باغۆزی دواپێگەی داعش لە سووریا بەردەوامە، لە 9ی شوبات و رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی باغۆز، تاكو ئێستا, 15هەزار هاووڵاتی رزگار كراون.
توركیا داوای دەستگیركراوان دەكات
چەند رۆژێكە بەرپرسانی توركیا داوا دەكات ئەو چەكدارانەی داعشیان رادەستبكرێت و هەسەدەش داوا دەكات دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵ بگێرن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو چەكدارانەی داعش، لەو بارەیەوە لیلوا عەبدوڵا دەڵێت"«هەندێك لایەن هەن كە دەیانەوێت ئاڵۆزی لەو ناوچانە دروست بكەن كە ڕزگار كراون. پێویستە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بەئارامی بمێننەوە. هەروەها دەربارەی چارەنووسی ئەو چەتانەی داعش هەنگاوێك بنێن.
لە چەند رۆژی رابردووداو لە چوارچێوەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە ئەو چەكدارانەی داعش كە دەستگیركراون رادەستی توركیا بكرێن، بە دیاریكراوی داوای 800 چەكداری دەستگیركراوی داعشی كردووە ئەویش لە پێناو ئەوەی:
1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ كام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەكی نێودەوەڵەتی وەك ئەوەی هەسەدە داوای كردووە، چونكە لەئەگەری هەر دادگایەكی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەكانی داعش و توركیا بەتەواوی ئاشكرا دەبێت.
2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەكی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا ئەوا دەكرێت توركیاش بەتاوانی جەنگ پەلكێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بكرێت.
3- توركیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە.
ترەمپ كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاند
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو هێزانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكاتەوە پشتیوانی دەكرێت، 100%ی ناوچەكانی ژێر دەستی رێكخراوی داعشیان كۆنترۆڵ كردەوە، ترەمپ لە بنكەی سەربازی ئیلمندرۆڤ ریچچاردسۆن لە ویلایەتی ئەلاسكا رایگەیاند:" پێشتر بەردەوام دەتانبیست كە 90-92%ی خای خەلافەت لە سوریا كۆنترۆڵ كراونەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە 100%ی ناوچەكانی خەلافەتمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە".