حەسەن رۆحانی دەستلەكاركێشانەوەكەی زەریفی رەتكردەوە
2019-02-26 11:50:47
(درەو میدیا):
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی رەتكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی شورای ئەو وڵاتە داوایانكرد دەستلەكاركێشانەوەكە پەسەندنەكات.
شەوی رابردوو، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و كۆڵەكەی دیپلۆماسیەتی ئەو وڵاتە دەستیلەكاركێشایەوە.
زەریف لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " ئینستاگرام" كە تاكە تۆڕی كۆمەڵایەتی رێگەپێدراوە لە ئێراندا، دەستلەكاركێشانەوەكەی راگەیاند و داوای لێبوردنیشی لە گەلی ئێران كە ئەگەر لەماوەی كاركردنیدا كەمتەرخەمییەكی كردبێت.
هۆكارەكەی
دەستلەكاركێشانەوەی زەریف هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بۆ تاران و كۆبوونەوەو دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار و لە هیچ كام لەو دیدارانەدا زەریف ئامادەنەبوو، بەڵكو ژەنەراڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ئامادەی هەردوو كۆبوونەوەی ئەسەد و خامنەیی و ئەسەد و رۆحانی بوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئاژانسی" فارس نیوز"ی ئێرانی راگەیاند كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی زەریف دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لەلایەن گەورە لێپرسراوانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە هەماهەنگی لەگەڵدا نەكراوە بۆ دیداری حەسەن رۆحانی و بەشار ئەسەد.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد لەم چەند مانگەی دواییدا لە چەند پرسێك و بڕیارێكدا ناكۆكی نێوان زەریفو رۆحانی دەركەوتووەو هەندێكجار بەهۆی جیاوازی و ناكۆكی زۆرەوە لەگەڵ حەسەن رۆحانی، زەریف كۆبوونەوەكانی حكومەتی بەجێهێشتووە.
سەرەراِی ئەو هۆكارەی سەرەوە باس لەوەشدەكرێت، بەهۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كە زەریف ئەندازیاری بووە، زەریف لەلایەن باڵی پارێزگارەكانەوە گوشاری زۆری خراوەتەسەر و رووبەڕووی رەخنەی زۆربوەتەوە، بە تایبەتی دوای گەڕاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا و خراپبوونی دۆخی ئابووری ئێران، ئەوەش زەریفی ناچاركردووە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.
محەمەد جەواد زەریف، ساڵی 1960 لە تاران لەدایكبووە، لەدایكبووە، بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی دێنڤەری ئەمریكا بەدەستهێناوە و لە ئابی 2013ەوە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە و پێشتریش لە ساڵی 2002 بۆ 2007 باڵیۆزی هەمیشەیی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان.