تایلاند: ژنە شازادەیەك رووبەڕووی دەسەڵاتی سەربازیی دەبێتەوە
2019-02-08 14:58:30
( درەو میدیا):
ئەوپۆلراتانا ماهیدول، خوشەكە گەورەی پادشای تایلاند، ئەو كچە شازادەیەی لە پێناوی خۆشەویستیی و هاوسەرگیریكردن لەگەڵ پیاوێكی ئەمریكی دەستبەرداری نازناوی شاهانەی بوو، نەریتە باوەكانی وڵاتەكەی تێكدەشكێنێت و لە هەڵبژاردنی گشتی وڵاتدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كاندیدەكات كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەمەش هەنگاوێكی بێ پێشینەیەو ئەندامانی خانەوادەی شاهانە لە تایلاند، خۆیان لە سیاسەتكردنی راستەوخۆ بەدوورگرتووە.
ماهیدولی تەمەن 67 ساڵ لەسەر پارتی " تای راكسا چارت" خۆی كاندیدكرد كە هاوپەیمانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی تایلاند " تاكسین شیناواترایە" و سوپای تایلاند پێنج ساڵ لەمەوبەر لە پۆستەكەی دووریخستەوە.
ماهیدول، بەرپرسیاریەتێكی زۆر گەورەی دەكەوێتە سەرشان، چونكە ئەو هەڵبژاردنەی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەلێكە بۆئەوەی دوای پێنج ساڵ لە حكومی سەربازیی، دیموكراتیەت بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا، ئەو ژنە شازادەیە ركابەرێكی بەهێز و سەرسەخت دەبێت بۆ هەموو كاندیدەكانی تر، لەسەروو هەموشیانەوە " برایۆت چان ئۆ چا" سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی كە پێنج ساڵە فەرمانڕەوایی تایلاند دەكات.
برایۆت لە ماوەی رابردوودا لە هەوڵێكیدا بۆ داڕشتنەوەی كۆی سیستمی سیاسی وڵات دەستورێكی نوێی دانا، بۆئەوەی رۆڵی سوپا لەدەسەڵاتدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی 24ی ئازاری داهاتوو، گەرەنتی بكات، بەڵام بەوتەی جۆناسان هید، پەیامنێری "بی بی سی" لە بانكۆك، وادەردەكەوێت خۆكاندیدكردنی ماهیدول گورزێكی بەهێز بێت بۆ ستراتیژیی سوپا كە هەوڵدەدات هەژمونی خۆی لە جیهانی سیاسەتدا بهێڵێتەوە.
" برایۆت چان ئۆ چا" سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی تایلاند
شازادە ئەوپۆلراتانا ماهیدو كێیە؟
شازادە ئەوپۆلراتانا راجاكانیا سیریڤاندانا پاراناڤادی ساڵی 1951 لە دایكبووە، كچە گەورەی " پۆمیپۆل ئەدۆلیادیچ" پادشای كۆچكردووی تایلاندەو خوێندنی لە پەیمانگای تەكنیكی ماساچوستس لە ئەمریكا تەواوكردووە.
ماهیدول، هەمیشە بە كەسێكی رۆشنبیر و سەرنجڕاكێش وەسفدەكرێت، جگە لە سادەیی و تێكەڵاویی لەگەڵ خەڵك, بە پێچەوانەی براكەیەوە " ماها ڤاجیرالۆنگۆرن" كە ئێستا پادشای تایلاندە.
شازادە ماهیدول، ساڵی 1972 لە پێناوی هاوسەرگیریكردن لەگەڵ هاوڵاتییەكی ئەمریكیدا، دەستبەداری نازناوی شاهانەبوو، پاشان لە ئەمریكا نیشتەجێبوو، دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی گەڕایەوە بۆ تایلاند.
شازادە ئەوپۆلراتانا ماهیدول ٢٠١٠
سەرەڕای ئەوەی هێشتا بە فەرمی نازناوی شاهانەی بەدەستنەهێناوەتەوە، بەڵام لەلایەن گەلی تایلاندەوە وەك هەر ئەندامێكی تری خانەوادەی شاهانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێتو دوای گەڕانەوەشی بۆ وڵاتەكەی، بڕیاریدا پەیوەندیی لەگەڵ خەڵكدا پتەوتربكات و ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كەسێكی زۆر چالاكە و لە ژمارەیەكی زۆری فیلمە تایلاندییەكاندا دەردەكەوێت و بە شێوەیەكی رێكخراویش چەندین چالاكی خێرخوازیی ئەنجامداوە لە بوارەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و تەندروستی، چەند هەڵمەتێكیشی بۆ نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان دەستپێكردووە.
ماهیدول كە ساڵی 2004 یەكێك لە سێ كوڕەكەی بەهۆی شەپۆلی تسۆنامییەوە لەدەستداوە، خەڵكانێكی زۆر بەراوردی دەكەن بە سەركردە مێژووییە بەهێزەكان، خۆشی خوازیاری ئەوەیە كەسایەتی لەبەرچاوبگرن نەك نازناوی شاهانە كە دەستبەرداری بووە و لە یەكێك لەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنیانەی لەگەڵیدا ئەنجامدراوە بە شۆخییەوە دەڵێت ئومێدەوارە لەبری رستەی " سڵاو شازادەی خاوەن شكۆ" گوێی لە رستەی " سڵاو قەدباریكەكە" بێت و لەو كاتەشە و لایەنگرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندین هاشتاگیان بەناونیشانی " #LongLiveSlender." داناوە.