Draw Media

20 كاتژمێر كاتی لە فڕۆكەدا بەفیڕۆدا

20 كاتژمێر كاتی لە فڕۆكەدا بەفیڕۆدا

2019-02-28 13:58:04


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
"نەگەیشتنە رێككەوتن" ئەمە ناونیشانی دواین دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا‌و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور بوو، كە لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام بەڕێوەچوو.
لە دیداری لوتكەدا، ترەمپ بەڵێنیدا سزای ئابوری نوێ بەسەر كۆریای باكوردا نەسەپێندرێت، بەڵام ئامادە نەبوو سزا كۆنەكان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرێت، ئەمەش شكستی بە دیدارە مێژوییەكە هێنا.
بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك بەشێوەیەكی كتوپڕ دیداری نێوان ترەمپ‌و كیم جۆن ئون كۆتایی هات، ترەمپ رایگەیاند"لە ئێستادا هیچ نیازێك نییە بۆ ئەوەی جارێكی تر لەگەڵ كیم جۆن ئون دیداری لوتكە بكات".
بەر لە جێهێشتنی شاری هانۆی، ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" هەندێكجار پێویستە بەجێیبهێڵێت، ئەمە یەكێكە لەو كاتانە.. من حەزم دەكرد لەوە زیاتر بڕۆین".

سزاكان
دانوستانەكان بەهۆی ئەو سزا ئابورییانەوە شكستیانهێنا كە ئەمریكا بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمی‌و بالستییەكانەوە بەسەر كۆریای باكوریدا سەپاندووە.
ترەمپ وتی:" كیم ئامادە بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی ئەتۆمی یۆنگبیۆن، بەڵام لەبەرامبەردا داوای هەڵگرتنی هەموو سزاكانی دەكرد، ئەوەش شتێكە كە ئەمریكت ئامادە نییە بۆی".
ترەمپ لە زاری كیم جۆن ئونەوە رایگەیاند:" ئەو وتی جارێكی تر تاقیكردنەوەی موشەكی یان هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە چەكی ئەتۆمییەوە، ناكات".
رەنگە ئەمە تاكە بەڵێنێك بێت كە ئەمریكا لە دیداری لوتكەدا لە هانۆی، لە كۆریای باكوری وەرگرتووە.
بەر لەوەی گوازرشت لە پەیوەندی دۆستانەیان بكەن، ترەمپ‌و كیم جۆن ئون چەند مانگێك قسەیان بەیەكتر وت‌و هەڕەشەیان لە یەكتر كرد.
جۆ شیرینچیونی سەرۆكی دامەزراوەی "بلاوشیرز" لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی كۆبونەوەكەی ترەمپ‌و كیم جۆن ئون نوسیویەتی:" ئەوە شكستێكی گەورە بوو.. ئەمە ئەو سنوری ئەو جۆرە دیدارانە نیشان دەدات كە بەبێ كاتی پێویست‌و توانای مرۆیی ئەنجام دەدرێن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن".

هەڵوەشانەوەی خوانەكە
پێشتر كۆشكی سپی رایگەیاند، ئاهەنگێك بەڕێوەدەچێت بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، هاوكات هەریەكە لە ترەمپ‌و كیم جۆن ئون لە خوانێكدا كۆدەبنەوە، بەڵام هەردوو سەرۆك بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت.
كۆشی سپی باسی لەوەكرد، ترەمپ‌و كیم كۆبونەوەیەكی بنیادنەرانەیان كردووە، لەبارەی هەموو رێگە جیاوازەكانەوە سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمی‌و ئابوری قسەوباسیان كردووە، لەئێستادا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ رێككەوتنێك، بەڵام تیمەكانیان چاویان لەوەیە لە داهاتوودا جارێكی تر كۆبونەوە بكرێت".
ترەمپ ماوەی زیاتر لە (20) كاتژمێری لەناو فڕۆكەدا بەسەربرد بۆ ئەوەی بگاتە هانۆی، كیم جۆن ئون-یش دوو رۆژو نیو لە شەمەندەفەردا بوو تا بگاتە شوێنی دیدار.

"من پەلەم نییە"
كیم جۆن ئون لە هانۆی باسی لە ئەگەری كردنەوەی ئۆفیسێكی هەمیشەیی كۆریای باكور كرد لە ئەمریكا، بەڵام ترەمپ هەرزوو خەیاڵەكەی كیمی شێواند.
ترەمپ وتی:" من پەلەم نییە، خێرایی بەوڕادەیە لەلای من گرنگ نییە.. من دەمەوێت بگەینە رێككەوتن".
ترەمپ پێشتر چەندینجار باسی لەوەكردووە، ئەگەر سەرەتا رێگری لێكرا، چیتر پێویست بەوە ناكات پەلە لە كۆریای باكور بكرێت چەكە ئەتۆمییەكان لەناوببات".
كیم جۆن ئون وتی:" ئەگەر ئامادەنەبومایە بۆ داماڵینی چەكی ئەتۆمی، نەدەهاتم بۆ هانۆی بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ"، بەڵام ئاماژەی بەهیچ رێوشونێك نەكرد كە بیگرێتەبەر بۆ كۆتایهێنان بە چەكی ئەتۆمی.

ئامانجەكەی ترەمپ
ئامانجی ترەمپ لە دیدارەكەی لەگەڵ كیم خۆی لە دیاریكردنی كرۆكی ئەو بەڵێنانەدا دەبینیەوە كە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە سەنگافورە هەردوو سەرۆك بەیەكترییاندا، بەڵام وێنەكانی دوای دیدارەكەی ئەمجارە، دەریخست ترەمپ بێئومێدە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئومێدێكی زۆری لەسەر دیدارەكەی ئەمجارە هەڵچنیبوو.
لە دیداری پێشتریاندا، ترەمپ‌و كیم راگەیەندراوێكی هاوبەشیان ئیمزا كرد لەبارەی "داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كۆریا"، بەڵام هەردوولا لەوكاتەوە لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە ناكۆكن.
سەرچاوە: بی بی سی- فرانس پرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand