پەرلەمانتارێكی هۆڵەندی كە زۆر دژایەتی ئیسلامیی دەكرد موسوڵمان بوو
2019-02-05 18:20:08
( درەو میدیا):
یورام ڤان كلاڤێرێن، پەرلەمانتاری پێشووی هۆڵەندا كە بە هەڵوێستەكانی دژی ئیسلام و موسوڵمانان ناسرابوو، موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند.
كلاڤێرین وەك دەستەراِستی سیاسەتمەداری هۆڵەندی " خیرت ڤیڵدەرز" دادەنرا كە ئەویش بەوە ناسراوە زۆر رقی لە موسڵمانانەو سەرۆكی پارتێكی توندڕەوی هۆڵەندایە.
كلاڤێرێنی تەمەن 40 ساڵ لە چاوێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئێن ئاڕ سی" هۆڵەندی كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوكرایەوە رایگەیاند لە كاتێكدا كە سەرقاڵی نوسینی كتێبێك بووە دژی ئیسلام، بیروباوەڕی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و كتێبەكەی گۆڕیوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی كە ناموسوڵمانەكان لە ئاینی ئیسلامی دەگرن.
كلاڤێرێن دەڵێت:" ئەگەر ئەوەی هەتا ئێستا نوسیومە راست بێت، كە باوەڕم وایە راستە، كەواتە لەم حاڵەتدا من بە حكومی ئەمری واقیع موسوڵمانم".
كلاڤێرین هەروەها لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی " NPO" هۆڵەندی دەربارەی پەیوەندی موسوڵمانان بە هێرشە تیرۆریستییەكانەوە جەختیكردەوە توندڕەوەكان بە شێوەیەكی دروست لە ئیسلام تێنگەیشتوون.
ناونیشانی كتێبەكەی كلاڤێرێن " هەڵگەڕانەوەیە" لە مەسیحیەتەوە بۆ ئیسلام لە نێو ترسی عەلمانیدا" و بڕیارە بەمزوانە بڵاوبكرێتەوە.
بە گوێری نوسینگەی ناوەندیی راپرسییەكان، دانیشتوانی هۆڵەندە 17 ملیۆن كەسە و لەو ژمارەیەش 5%یان موسوڵمانن و پێشبینشدەكرێت تا 2050 ئەو رێژەیە ببێتە دوو هێندە.
كلاڤیرێن یەكەم ئەندامی پارتی ئازادی نییە كە موسوڵمان دەبێت، ساڵی 2013 ئەرنۆ ڤان دۆرن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شارەوانی لاهای لەو حزبە موسوڵمان بوونی خۆی راگەیاند.
لە ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا پۆشینی پەچەیان لە شوێنە گشتییەكان و نەخۆشخانە و خوێندنگەكاندا قەدەغەكردووە.
سەرچاوە: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە