Draw Media
هه‌واڵ / جیهان

درەو:  ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محمد قادر- گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە كە کار بۆ ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئایندەی پەیوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکرێت. چوارچێوەی گشتیی ئەم توێژینەوەیە، کارکردنە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستەكانی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. گرنگیی هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیوپۆلەتیك و جیۆستراتیژییەوە، بەتایبەتی بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و گرژی و ئاڵۆزییەکانی کێشەی قوبرس، سووریا، لیبیا و ئیسرائیل/فەڵەستین، دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چ لە ڕووی دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر خاکی سووریا، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا، چ لە ڕووی بەردەوامیدان بە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی هەرێمی نێودەوڵەتی لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و چەندین گرفت و ئالنگاری ببێتەوە. زەمینە زۆرێک لە توێژەران کۆکن لەسەر پرسی دیاریکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. گرنگترین ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیە، بریتین لە ئەلبانیا، چیای ڕەش (قەرەداغ)، یۆنان، لیبیا، ئیسرائیل، میسڕ، تورکیا، بۆسنە، سووریا، فەڵەستین و تونس. سەرباری ئەوەی دەریای سپیی ناوەڕاست تەنیا لە ١%-ی کۆی ڕووبەرە ئاوییەکانی جیهان پێک دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگە ستراتیژییەکەیەوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانی جیهان لە گواستنەوەی وزە و کاڵادا بەم دەریایەدا تێدەپەڕن. لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی هەناردەکاری وزە و وڵاتە بەرهەمهێن و پێشکەوتووەکانی جیهاندا کە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشت بە وزەی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە دەبەستن، دەستبەرداربوون لەم ڕێگایە، چ لە ئێستادا و چ لە ئایندەدا کارێکی ئاستەم و نەکردەیە. لە لایەکی دیکەوە گرنگیی جیۆستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەک پردێک لە پێکەوەبەستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەورووپا بە درێژایی چەندین سەدە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گەشەسەندن و پێشکەوتنی تەکنیکەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا و دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، وای کردووە ئەم ناوچەیە بەبەردەوامی ببێتە جێگەی گرنگیپێدان و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.(1) لەگەڵ گەشەسەندنی گرنگیپێدانی زیاتر بەم ناوچەیە لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ئێستادا تورکیاش وەک دەوڵەتێکی هەرێمیی بەهێز؛ گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە دەدات. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ چەند فاکتەرێکی جیاواز بکرێت کە کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەیە. هۆکاری سەرەکیی گرنگیپێدانی زیاتری تورکیا بەم ناوچەیە لە ئێستادا، زیاتر بۆ لایەنی ئەمنی و ئابووری دەگەڕێتەوە. فاکتەرێكی تر کە پاڵ بە تورکیاوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بریتییە لە ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و بەردەوامیی ڕکابەری و ململانێ و پێکدادانەکانی( لیبیا، سووریا، ئیسرائیل/فەڵەستین، کێشەی قوبرس) و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی میسڕ و لوبنان و کاریگەریی بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا لە ئایندەدا. لە لایەکی دیکەوە پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە سیاسەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان بۆ سەر ئایندەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی تورکیا هەیە لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە تورکیا لە داڕشتن و دیاریکردنی ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا لە هەریەک لە لیبیا و سووریا، سیاسەتی دەرەوەی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ڕووسیا، لە یەکلاییکردنەوەی ئایندەی کێشەکانی فەڵەستین، سووریا، لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەڵوێست و سیاسەتەکانی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە باڵادەستیی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە، لەبەرچاو بگرێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵوێستی توندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بکەین بەرامبەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی قوبرس لەگەڵ هەریەک لە قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرس) و یۆناندا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە هۆی ئەندامێتیی هەریەک لەم دوو وڵاتە لە یەکێتیی ئەورووپادا. لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە توێژەران کە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن، پێیان وایە یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە بایەخێکی گرنگی هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، فاکتەری ئابوورییە. گرنگی و بایەخی ئەم هەرێمە بە هۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی و ڕۆڵی لە پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا لە ئایندەدا، پاڵ بە حکومەتی ئەنقەرەوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بەتایبەتی لە ئێستادا کە تورکیا ناچارە بۆ دەستخستنی وزەی پێویست پشت بە وڵاتانی دەرەکی ببەستێت. تورکیا لە ڕێگەی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی خۆی لە ئایندەدا، یاخود لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی وزە لەو هێزە وەبەرهێنەرانەی کە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا دەربکەون، دەتوانێت لە بابەتی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتەکەی، خۆی لە پاشکۆیەتیی دەوڵەتانی وەک ڕووسیا ڕزگار بکات.  پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین جگە لە فاکتەرەکانی ئاسایش و ئابووری، نزیکەی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە کەوتوونەتە ئەم ناوچەیەوە، لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیک و هاوبەشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. بۆیە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا، کارکردنە بۆ دووبارە تازەکردنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەكەدا. بەڕێوەبردنی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لە ئەستەنبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانییەوە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە و تورکیادا. بۆیە هۆکاری لە نزیکەوە چاودێریکردن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی تورکیا لە جەنگ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا، لیبیا، کێشەکانی ئیسرائیل/ فەڵەستین و میسڕ، بۆ ئەو پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییە دێرینە دەگەڕێتەوە کە لەنێوان هەردوو لادا هەیە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە تیشک بخرێتە سەر پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تورکیا، سیاسەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە ڕوانگەی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژووی-کولتووری، شیکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا لەم ناوچەیە. ئاسایش گرنگیی پێگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیجی و جیۆپۆلەتیکییەوە، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانە دادەنرێت کە پاڵ بە تورکیا دەنێت تا لە ڕوانگەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە چ لە ئێستادا یاخود لە ئایندەدا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، یۆنان، ئیسرائیل، میسڕ، ئیمارات و عەرەبستانی سعودی بەشێکن لەو دەوڵەتانەی کە بەشدارن لە ململانێکانی ناوچەکەدا. لە ڕووی جوگرافییەوە هاوبەشیی چەندین دەوڵەتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، هەبوونی کەناڵێکی ئاویی وەک نۆکەندی سوێس کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت لەم ناوچەیەدا، بەردەوامیی کێشە و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەم جوگرافیایەدا، هاندانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا لەلایەن لۆبی ئیسرائیلییەوە، خەونی کلاسیکیی گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان لەلایەن ڕووسیاوە، خەونی زیندووکردنەوەی باڵادەستیی سەردەمی ئیمپڕاتۆری لەلایەن بەریتانیا، ڕووسیا و فەڕەنساوە، بەرداوامیی گەڕان و پشکنینەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، هۆکارە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکەوە بە یەكێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان دابنرێت.  ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنداوی سوێس، دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل، گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، بەدەستهێنانی بەشێک لە سەرچاوەکانی وزە لە سووریا، وای کردووە دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی لیبیا و قوبرس گرنگییەکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە لەم ماوانەی دواییدا، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بێگومان تورکیاش وەک هێزێکی هەرێمیی گرنگ، لە ڕێگەی پیادەکردن سیاسەتێکی سەربەخۆوە کار بۆ پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات. سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ململانێیانەدا وای کردووە ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی چەندین گرفت ببێتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا کار بۆ گەمارۆدان و فشارخستەسەر ئەم وڵاتە دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی ئاماژە بۆ هەندێک لەو گرفتانە بکەین، لەوانە:  قوبرس بە یەکێک لە گرنگترین ئەو ناوچانە دادەنرێت کە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە. پاش دامەزراندنی کۆماری قوبرس لە ساڵی ١٩٦٠دا، کێشە و ململانێکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر ئەم ناوچەیە تا ئێستا بەرداوامیی هەیە. ئەم کۆمارە گەرچی لە سەرەتادا بە شێوەیەک دامەزراێنرا کە نوێنەرایەتیی هەردوو نەتەوەی (تورک، یۆنانی) بکات، بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر دامەزراندنیدا، یۆنانییەکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەند پەلامارێکی خوێناوییەوە بۆ سەر تورکەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا، هەوڵیان دا گۆڕانکاری لە کۆمارەکەدا بکەن و بیگۆڕن بۆ کۆمارێکی یۆنانی. وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەم کارەدا، تورکیا پلانی دانا دەستتێوەردان لە بارودۆخی نێوخۆی قوبرسدا بکات، بەڵام بە هۆی دژایەتییەکانی ئەمەریکاوە، تورکیا نەیتوانی ئەم پلانە جێبەجێ بکات. تەنانەت دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٤یش، ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی تورکیا، بۆ ماوەی سێ ساڵ دوورگەی قوبرسی وەک ناوچەیەکی لە چەک داماڵراو ڕاگەیاند(1). پاش قبووڵکردنی ئەندامێتیی یۆنان لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی١٩٨١دا، وە پاشانیش قبووڵکردنی بەئەندامبوونی قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرسی یۆنانی) لە ١/٥/٢٠١٤دا وەک نوێنەری هەموو قوبرس لە یەکێتیی ئەورووپا، هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی قوبرسدا، بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی سنووری ڕووبەرە ئاوییەکانی ناوچەکە و چەسپاندنی دەسەڵات تیایدا کە بە گرنگترین کێشە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دادەنرێت، زیاتر وەک لایەنگری یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەردەکەون لەبەرامبەر تورکیادا. سەرباری ئەوەی تورکیا لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانە دێت کە خاوەنی درێژترین کەناراوی ئاوین لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی تورکیا دەدرێت بەسەر پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجەدا (2). بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی یۆناندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوورگەکانی میس، ڕۆدۆس، کاشۆت و دوورگەی کریت وەک بەشێک لە خاکی خۆی، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێککەوتننامەیەکی ڕێگەپێدانی لەگەڵ قوبرسی تورکی (کۆماری باکووری قوبرسی تورکی) ئەنجام دا. لە ڕێگەی ئەم پەیماننامەیەوە، تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠١٠-ەوە توانیی هێزە دەریاییەکانی لەنزیک دوورگەی قوبرس جێگیر بکات و کاری پشکنین و گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غازدا لە پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکە ئەنجام بدات(3). لە درێژەی ململانێ و ڕکابەرییەکانی ناوچەکەدا، هێزە دەریاییەکانی تورکیا لە ٩/٢/٢٠١٦دا هەستان بە ڕێگریکردن لە کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئیتاڵی (ENI)، بە تۆمەتی ئەوەی بەنیاز بووە کاری گەڕان و پشکنین بوو لە ڕووبەرە ئاوییەکانی کۆماری قوبرسی تورکی ئەنجام بدات. بەردەوامیی تورکیا لە هەنگاوەکانی کاری گەڕان و پشکنین لەنزیک کەناراوەکانی قوبرس و یۆنان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوبرسی یۆنانی و یۆناندا، بەتایبەت پاش تۆمەتبارکردنی دەوڵەتی قوبرس بە گرتنەبەری هەنگاوی تاک لایەنە و پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی هاوڵاتیانی تورک لە باکووری قوبرس، وای کردووە تورکیا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دووچاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی یۆنان، قوبرسی یۆنانی، ئەمەریکا و فەڕەنسادا. یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی کە لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا گرنگی و بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت و وەک بە بەشێک لە پرسی ئەمن و ئاسایشی نیشتمانیی ئەنقەرە سەیر دەکرێت، بریتییە لە کێشەی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. تورکیا بە ئامانجی فراوانکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، هەستا بە ئەنجامدانی یاداشتنامایەکی لێکتێگەیشتن لە ٢٧/١١/ ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە (تەرابلوس/لیبیا) بە سەرۆکایەتیی سەراج، بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری دەسەڵات بەسەر ڕووبەرە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. جگە لەوەش تورکیا بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە بواری ئەمنی و سەربازی، ڕێککەوتننامەیەکی دیکەی لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی ئەنجام دا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی تەرابلوس، تورکیا هەستا بە ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە پێکدادانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، بێگومان ئەمەش بوو بە هۆی ئاڵۆزبوون و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای نیشتمانیی لیبیادا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. سڵنەکردنەوەی تورکیا لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری نێوخۆی لیبیا و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کاردانەوەی توندی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم وڵاتە ناچار بە پاشەکشەکردن بکات لە خاکی لیبیا. یەکێکی دیکە لەو ڕەهەندانەی کە ئەنقەرە لە ئەجێندای ساسیەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە گرنگییەکی زۆری پێ دەدات و کاری بۆ دەکات، بریتییە لە هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە ڕووی سیاسی، ئابووری، مێژوویی و کولتوورییەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لەژێر دەستەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا، تورکیا هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست وەک سووریا، میسڕ، لیبیا و فەڵەستین بەهێز بکات و پەرەی پێ بدات. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەلایەن گەلانی میسڕ، لیبیا و سووریا دژ بە سیستمە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتەکانیان بەئومێدی کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و بەدیهێنانی دیموکراسی لە وڵاتەکانیان، تورکیا هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕش و یاخیبوونانەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلانی ناوچەکە ڕاگەیاندووە بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا. لەم چوارچێوەیەدا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی میسڕ، وە بەتایبەتی پاش بردنەوەی پارتی ئیخوان موسلمین و هاتنەسەرکاری محەمەد مورسی لە ڕێگەی دەنگدان و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە، تورکیا پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتەکەی محەمەد مورسی ڕاگەیاند. بە هەمان شێوەی میسڕ، تورکیا لە ڕێگەی پاڵپشتیی یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە خۆی لە سووریادا، دژایەتیی خۆی بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕاگەیاند. هەڵوێست و جموجووڵەکانی تورکیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەر لە ڕەتکردنەوەی کودەتا سەربازییەکەی سیسی لە میسڕ، دەستتێوەردانی کاروباری نێوخۆی سووریا و ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا و دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی ژمارەیەک لە دەوڵەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا و ناڕەزایی و هەڵوێستوەرگرتنی ئەو دەوڵەتانە دژ بە جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، وای کردووە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی، تووشی گرفت و لاوازی  ببێت. لەم چوارچێوەیەدا هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، ئیسرائیل، ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا و عەرەبستانی سعودی، هەنگاوەکانی ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و زیادکردنی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینین و کار بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی هێز و دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکە دەکەن. لە ئێستادا لەسەر ئاستی هەرێمی بەرەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی دروست بووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێز و نفوزی تورکیا لە ناوچەکەدا بە سەرۆکایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان. وەک دەبینرێت لە ئێستادا ئەم بەرەیە کۆکن لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە کێشەی لیبیا و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرامبەر تورکیادا، لەبەرامبەر پشتیوانی و هاوکارییەکانی وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی بۆ هێزەکانی سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هۆی ڕکابەری و پێکدادانی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان، تا ئێستا نەتوانراوە بەرەیەکی هاوبەش لەبەرامبەر تورکیادا دروست بکەن، بۆ نموونە  هەریەک لە فەڕەنسا و ڕووسیا بەگوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان سیاسەتێکی جیاواز و دژیەک لە سووریادا پیادە دەکەن، بەڵام لە لیبیادا هەردوو وڵات لە یەک بەرەی هاوبەشدان و پشتیوانی لە حکومەتەکەی خەلیفە حفتەر دەکەن. لە درێژەی هەوڵەکانیاندا بۆ گەمارۆدان و لاوازکردنی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پێویستە ئاماژە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و کاریگەریی دیار و بەرچاوی لۆبی ئەو وڵاتە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە ناوچەکە بکەین. لەگەڵ گەشەسەندنی تواناکانی تورکیا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆ لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەیدا، هەر لە داننان بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی فەڵەستین، بەتایبەت پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦-ی ئەو وڵاتە، پێشوازیکردن لە خالید مەشعەلی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەنقەرەی پایتەخت و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، حکومەتی تەلئەبیبی لە ئەنقەرە نیگەران کردووە. بەردەوامیی هەڵوێستەکانی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی فەڵەستین، وەستانەوە دژ بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەردەوامیی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وای کردووە ئیسرائیل هەوڵەکانی تورکیا وەک مەترسی بۆ سەر خۆی ئەژمار بکات، بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی واشنگتۆن دەبێت لەبەرامبەر تورکیادا. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین مەترسی و نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر تورکیادا بە جۆرێک زیادی کردووە کە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و میدیاییەوە پەنا بۆ سوودبینین لە تواناکانی لۆبی خۆی بەرێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی دژایەتیکردن و لاوازکردنی دەوڵەتی تورکیا(4). ئابووری یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە پێویستە لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیادا خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار گرنگ و ستراتیجییە، هەم بە هۆی دەوڵەمەندیی بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز و هەم بە هۆی گرنگیی پێگەکەی لە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە. تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی نفوزی خۆیەوە لەم ناوچەیە، لە لایەکەوە کار بۆ ئەوە دەکات کە لە بابەتی دابینکردنی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی، پەیوەستبوونی خۆی بە وزەی دەرەکی کەم بکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان زیاتر پەرە پێ بدات. گەر لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرباری ئەوەی تورکیا لە ئێستادا بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی کاری گەڕان و پشکنینە بەدوای نەوت و غازدا لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا کار بۆ جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوە و گەیاندنی غازی سروشتیی ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی خاکی خۆیەوە بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا(5). بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، بڕی غازی سروشتی لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا یەکسانە بە  ٤,٥%-ی کۆی یەدەگی غازی سروشتی لە جیهاندا. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە بەشێکی گرنگی کێڵگەکانی غازی سروشتی لەم هەرێمە لە ناوچەی تامار و لێڤیاتان-ەوە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی کەناراوەکانی قوبرس، میسڕ و ئیسرائیلەوە تا ڕۆژئاوای دەلتای نیل لە کەناراوەکانی میسڕ درێژ دەبێتەوە. گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتی کە دەکەونە سەر ئەم هێڵە، بریتییە لە کێڵگەکانی: 1. تامار: ٣١٨ ملیار مەتر سێجا 2. لێڤیاتان: ٦٠٥ ملیار مەتر سێجا 3. ئافرۆدیت: ١٢٩ ملیار مەتر سێجا 4. کالیپسۆ: ٢٣٠ ملیار مەتر سێجا 5. زۆهر کە ٨٥٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ناوچەکانی نێوان لەڤانت و دەلتای نیل، بڕی ٨,٩ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ بگرێت(6). لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە لێکۆڵینەوەکانی ناوچەی لەڤانت و حەوزی ڕۆژئاوای ڕووباری نیل، تا ئێستا نەتوانراوە کاری گەڕان و پشکنین بە شێوەیەکی چڕ لە ئاوە کیشوەرییەکانی باشووری ڕۆژئاوای کەناراوەکانی تورکیاوە تا کەناراوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و ڕۆژئاوای میسڕ ئەنجام بدرێت. هەر چەندە تورکیا لەم ماوانەی دواییدا لە ڕێگەی کڕینی چەند کەشتییەکی تایبەت بەم بوارە، دەستی کردووە بە کاری گەڕان و هەڵکەندن لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ یۆناندا سەبارەت بە دیاریکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی دەریایی نێوانیان لە دەریای ئیجە، تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی چڕ کاری گەڕان و هەڵکەندن بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لەم ناوچەیە ئەنجام بدات. جێگەی باسە کێڵگەکانی غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەتەنیا ناکەونە قووڵایی ئاوی دەریاوە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە هەندێک ناوچە لە سنووری کەناراوەکانی لیبیا و میسڕدا دەوڵەمەندن بە لەخۆگرتنی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی. وڵاتی لیبیا لە ڕێگەی خاوەندارێتیکردنی چەندین کیڵگەی دەوڵەمەند بە غازی سروشتی وەک کێڵگەکانی وەفا و بۆری، کە بڕی ٥,١ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 22 دایە. هەر چی وڵاتی میسڕە، بە خاوەندارێتیکردنی کێڵگەکانی زوهر، دەلتای نیل و ئاتۆڵ، کە بڕی ٢,٢ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 16 دایە (7). بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە هۆکاری سەرەکی لە نزیکەوە گرنگیپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە کاروباری نێوخۆی لیبیا و دەستێوەردان لە جەنگی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا، بۆ دەوڵەمەندیی ئەو وڵاتە بە سەرچاوەکانی وزە دەگەڕێتەوە. لەپاڵ دەوڵەمەندیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە غازی سروشتی، ئەم ناوچەیە لە هەمان کاتدا دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی دیکەی وزە، لە چەشنی نەوت و پێکهاتەکانی. لە ئەنجامی بەردەوامیی گەڕان و پشکنینەکاندا تا ئێستا توانراوە بڕی ٦٤ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی گشتیی ڕووبەری دەریایی و وشکانییەکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە. دۆزینەوەی ئەم بڕە لە نەوتی خاو لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، وا دەکات کە ئەم ناوچەیە نزیکەی ٧,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان لەخۆ بگرێت (8). لیبیا خاوەندارێتیی نزیکەی ٤,٤٨ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات، کە نزیکەی ٢,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دەکات، لەپاڵ لیبیادا وڵاتی میسڕیش خاوەندارێتیی نزیکەی ٣,٣ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات لە جیهاندا(9). وەک دەبینین دەوڵەمەندیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی، لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ دەوڵەتێکی هاوردەکاری وزەی وەک تورکیا، کە ناچارە لە دابینکردنی بڕی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی پشت بە دەوڵەتانی دەرەکی ببەستێت. لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی تورکیا، دۆزینەوەی نەوت و غازە لە سنووری دەسەڵاتی دەریای تایبەت بە خۆیدا، هاوکات کار بۆ ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی تایبەتەوە لە دەوڵەتانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزەی وەک لیبیا، کاری وەبەر‌هێنان لە بواری وزە لە ناوچەکە ئەنجام بدات. بەم جۆرە حکومەتی ئەنقەرە دەتوانێت هەم پێداویستییە نێوخۆییەکانی خۆی لە بواری وزەدا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دابین بکات لەبریی پشتبەستن بە دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە، هەم دەتوانێت ببێتە پردی گواستنەوەی وزە لەنێوان ڕۆژهەڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە و بازاڕەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە زۆر پێویستیان بەو سەرچاوانە هەیە. بەم جۆرە تورکیا دەتوانێت ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بپێکێت و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر بەهێز بکات. خشتەی ژمارە (١)، بڕی وزەی هاوردەکراو لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٠-٢٠٢٠)(10) وەک لەم خشتەیەدا دیارە، تورکیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، ناچارە پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستێت و ساڵانە برێکی زۆر وزە لە وڵاتان هەناردەکار بکڕێت. بۆیە لە ئێستادا تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کار بۆ ئەوە دەکات بەردەوامی بە کاری گەڕان و هەڵکەندن بدات بە مەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، تاکوو بتوانێت لە ئایندەدا لە ڕێگەی دەرهێنانی سەرچاوەکانی وزەی ئەم ناچەیەوە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند بێت، هەم خۆی لە پەیوەستبوونی دەرەکی ڕزگار بکات. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا پاش ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەک لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ کۆماری قوبرسی تورکی و ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە لیبیا، لە ڕێگەی کەشتیی تایبەت بە هەڵکەندن و لەرزاندن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، لە سنووری ئاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ناوچەکەدا دەستی کردووە بە ئەنجامدانی کاری گەڕان و هەڵکەندن.  تورکیا لەپاڵ هەریەکە لە کەشتییەکانی تایبەت بە کاری هەڵکەندن بە ناوەکانی فاتیح و یاوز، کەشتیی گەڕانی لەرزێنەری (سیسمیک) بە ناوەکانی باربارۆس خەیرەدین پاشا، کەشتیی لێکۆڵینەوەی لەرزێنەری ئێم تی ئەی ئۆروچ ڕەیس، بە مکوڕی و سووربوونەوە لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، درێژە بە چالاکییەکانی گەڕان و هەڵکەندن دەدات و لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی بچێتە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەی جیهان کە توانای ئەنجامدانی کاری گەڕان و ‌هەڵکەندنیان هەیە لە دەریادا(11). جگە لەو کەشتییانە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا کەشتیی “قانوونی” تایبەت بە کاری هەڵکەندن لەلایەن تورکیاوە خراوەتەوە کار (12). بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ ئەو کەشتییانەی کە لە سەرەوە ناویان هێنرا، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە دەریای ناوەڕاست، جگە لە ناردنی هێزی دەریایی بۆ هاوڕێیەتیکردن و پاراستنیان، تورکیا لە ڕێگەی ئەنجامدانی مانۆڕی دەریایی و بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیەوە لە دوورگەی قوبرس، بەمکوڕییەوە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات(13). جگە لەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە بچێتە ڕیزبەندیی ١٠ بەهێزترین وڵاتانی خاوەن ئابووریی جیهان، لە ڕووی چالاکی و جموجووڵی ئابووری و بازرگانییەوە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیار و گرنگە. گەر بێتوو تەماشای قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و وڵاتانی درواسێی بکەین لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیکردنی پارتی داد و گەشەپێدان لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵ لەدوای ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەشت لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا پێنج هێندە زیادی کردووە. دەتوانین بڵێین ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەکی گشتی زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بووە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو دەوڵەتانە، بەشێوەیەك كە قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو وڵاتانە تەنیا، ٦, ٢ ملیار دۆلار بووە، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٥دا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بۆ ٣,١٥ ملیار دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هەر لەم ماوەیەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لەگەڵ میسڕ و لیبیادا، بۆ دە هێندە زیاتر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.   خشتەی ژمارە (٢)، بەراوردی گەشەسەندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢- ٢٠١٩/ملیۆن دۆلار)(14)   پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری   یەکێکی دیکە لەو بوارانەی کە تورکیا لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەوردی کاری لەسەر دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێداندا، حکومەتی ئەنقەرە زیاتر گرنگیی بەم پرسە دەدات و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. لەم ڕووەوە ئەوەی یارمەتیی تورکیا دەدات و ئاسانکاریی بۆ دەکات، پەیوەندیی لەمێژینەی مێژوویی و کولتووریی گەلانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی-تورکیادا. جگە لە ماڵتا و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کەناراوەکانی دەریاکانی ئەدریاتیک، تەواوی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریای عوسمانیدا بوون.  بۆیە دەتوانین بڵێین زۆرێک لەو دەوڵەتانەی دەکەونە ئەم ناوچەیە، هەر لە تونسەوە بۆ باڵقان، لە ناوچەی لەڤانتەوە بۆ کەناراوەکانی میسڕ و لیبیا، بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. زۆرێک لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک میسڕ بۆ ماوەی ٣٦٥ ساڵ، لیبیا ٣٦٠ ساڵ، تونس ٣٢٣ ساڵ، چیای ڕەش ٣٩٩ ساڵ، ئەلبانیا ٤٤٥ ساڵ، سووریا، فەڵەستین/ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی ٤٠٢ ساڵ، لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەوە بەڕێوە براون. لەبەر ئەوە بەشێکی گرنگی مێژووی ئەم گەلانە کە ماوەی زیاد لە سێ سەدە بۆ چوار سەدەی خایاندووە، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی. سەرباری ئەوە لە بەشێکی گرنگی ئەم جوگرافیایە کە بەشێک بووە لە جوگرافیا/مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، چەندین کەمینەی بە ڕەگەز تورک ژیاون. لە هەمان کاتدا تا ئێستا وەک میراتێکی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمان لە ناوچەکانی باڵقان درێژە بە ژیان دەدەن، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک ئەلبانیا و بۆسنە هەرسک موسوڵمانان زۆرینەی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن، تەنانەت لە یۆنان و مەقدۆنیا ژمارەیەکی گرنگ لە هاوڵاتیانی تورک و موسوڵمان دەژین. ئەم نزیکایەتییە کولتوورییە کە مێژووی هاوبەش لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، خاڵێکی گرنگە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. حکومەتی ئەنقەرە هەر لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ و نەجمەدین ئەربەکانەوە تا دەگاتە ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، گرنگییەکی زۆری بەم بابەتە داوە و بە بەرنامە کاری بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باڵقان، لەڤانت و باکووری ئەفەریقا کردووە و دەکات، ئەمەش وای کردووە هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، بەنیگەرانییەوە لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەنقەرە بڕوانن لە ناوچەکەدا، کە ئامانج لێی گەڕانەوەیە بۆ جوگرافیای سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. جێگەی ئاماژەپێدانە، تورکیا بە درێژایی چەندین دەیە هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی بەم جوگرافیایە نەداوە کە جێگەی باس بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەتای گەڕانەوە و گرنگیپێدانی تورکیا بەم جوگرافیایە، بە شێوەیەکی کرداری بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی حکومەتی ئەنقەرە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا وەرچەرخاند. بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتادا لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و دواتریش لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “عوسمانیی نوێ”وە، هەوڵی داوە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بپێکێت(15). ئەنجام هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لەسەر ڕێگای تێپەڕینی کاروانە بازرگانییەکان لە ئۆقیانووسی هیندەوە بەرەو ئەورووپا، تێپەڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، گواستنەوەی نەوتی قەوقاز لە ڕێگەی هێڵی بۆریی باکۆ-جیهان و گواستنەوەی وزە و کاڵا بە ڕێگای دەریایی لە ڕێگەی لە نۆكەندی سوێسەوە، پێگەی دوورگەی قوبرس وەک ناوەندێکی سەربازی، دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە  ڕووی ستراتیژییەوە نەک تەنیا پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت، بەڵکوو لە سۆنگەی سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت. دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە و زیادبوونی گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکە، لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ و ڕکابەریی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر ئەم دەریایە بۆ دەستبەسەرداگرتن و چەسپاندنی ‌هێزی خۆیان، ڕۆڵی تورکیاش وەک هێزێکی چالاک لە ناوچەکە زیادی کردووە. لە ڕاستیدا هۆکاری بنەڕەتیی گرنگیدانی تورکیا بە پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو لیبیادا، بۆ ستراتیژیی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و خواست و خولیای تورکیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی لیبیا، سووریا و فەڵەستین و کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە، بووەتە مایەی دروستکردنی نیگەرانی و مەترسی بۆ سەر بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە لە ئێستادا ژمارەیەک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک ئیمارات، میسڕ، عەرەبستانی سعودی و یۆنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا و ڕووسیا، کەوتوونەتە جموجووڵ و چالاکی دژ بە خواست و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە. بەردەوامی و سووربوونی حکومەتی ئەنقەرە لە درێژەدان بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە زیانی خۆی بشکێتەوە بە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئەو وڵاتە.   بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە. _________________________________________________________ سەرچاوەکان   Yaycı, C. ‘Doğu Akdeniz’de Deniz Yetki Alanlarının Paylaşılma Sorunu ve Türkiye’. Bilge Strateji, 4:6, 2012, ss.1-72. Kemal İnat, “Türkiye’nin Kıbrıs Politikasının Dönüşümü”, Bilgi, Sayı: 2, (2005), s. 44-45. Nasıh Sarp Ergüven, “Adaların Deniz Alanı Sınırlandırmasına Etkisi ve Doğu Akdeniz”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, der. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, SETA, İstanbul Nurşin Ateşoğlu Güney, “Türk Dış Politikasını Anlamak: Doğu Akdeniz Stratejisi”, Yeni Şafak, 3 Şubat 2020. Burhanettin Duran, “NATO’nun ‘Güncellenmesi ve Doğu Akdeniz Hamlesi?”, Sabah, 3 Aralık 2020; Burhanettin Duran, “Doğu Akdeniz’de Üç Kritik Adım”, Sabah, 28 Aralık 2019. Deniz İstikbal ve Hacı Mehmet Boyraz, “Doğu Akdeniz Enerji Kaynaklarına Ekonomi-Politik Bir Yaklaşım”, Kıbrıs Araştırmaları ve İncelemeleri Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 5, (2019), s. 69-86. Yunus Furuncu, “Doğu Akdeniz’de Türkiye Dışındaki Ülkelerin Hidrokarbon Arama ve Sondaj Faaliyetleri”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020). International Energy Statistics”, EIA, www.eia.gov/international/data/world, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020. “Oil Data: Upstream”, OPEC, www.opec.org/opec_web/en, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020). “BP Statistical Review of World Energy, 2019 68th Edition”, BP, bp.com/content/dam/bp/business-sites/en/global/corporate/pdfs/energy economics/statistical-review/ bp-stats-review-2019-full-report.pdf, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020. Doğal Gaz Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “Petrol Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “2018 Kömür Sektör Raporu”, TKİ, www.enerjiportali.com, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020). Büşra Zeynep Özdemir, “Uluslararası Deniz Hukuku Perspektifinden Türkiye’nin Doğu Akdeniz Politikası”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020); Barış Şimşek, “Türkiye Gemileri Dörtlüyor”, Sabah, 17 Temmuz 2019. “Sondaj Gemisi ‘Kanuni’ Türkiye’de”, TRT Haber, 15 Mart 2010. “Doğu Akdeniz-2019 Davet Tatbikatı Tamamlandı”, TRT Haber, 20 Kasım 2019; “Fatih’i, Yavuz’u Milli Savaş Gemileri Koruyor”, Akşam, 27 Haziran 2019. Kaynak: TÜİK verilerinden derlenmiştir. Burhanettin Duran, “Türk Dış Politikası Ortadoğululaşıyor mu?”, Ortadoğu Yıllığı 2008, (Küre, İstanbul: 2009), s. 385-402.   گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020


دانا حەمەعەزیز بەدریژایی میژوی تازە، چوار ساڵی ڕابردوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناکاریگەرترین قۆناغ دا تێپەڕیوە. ترەمپ، پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکای لەگەڵ جیهان، دوچاری پاشاگەردانیی کردۆتەوە. پارسەنگ و ڕاستکردنەوەی  ئەم سیاسەتە، یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی  جۆ بایدن لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی  زەرەر یان قازانجیان کردوە. زۆربەی وڵاتان بە گەشبینی و هەندێکیشیان بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئیدارەی تازەی ئەمریکا.   کوردوستانی عێراق  لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەمریکا پێنج سەرۆکی گۆڕیوە، بەڵام  لەسایەی هیچیاندا بە ترەمپیشەوە، ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردوە  تەنانەت لەکاتی شەرمەزاریی و هەڵە کوشندەکانی بارزانیشدا بە ٣١ی ئاب و دەستبەردار نەبونی دەسەڵات و چەسپاندنی حوکمی خێڵ و هەڵەی جەرگبڕی ڕیفراندۆمیشەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان بەردەوام بوون، تەنانەت حکومەتی ئەمریکا دڵسۆزانە لە بارزانی پاڕایەوە ڕیفراندۆم نەکا، لەبەرامبەردا لە دۆکیمێنتیکی مێژووییدا بەدیلیکی زۆر گرنگی خستە بەردەم و هاوکات لە مەترسیەکانی ڕیفراندۆم و ئەنجامە خراپەکانی ئاگاداری کردەوە. تا ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری پشتیوانی کوردی عێراق نەبوە، بەڵام ئەمریکا و هەمو دۆستە خۆراوایەکانی کورد نا ئومێدن لەم مۆدێلەناشیرینەی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردوستان. بارزانی هێشتا خۆی بەسەرۆك و تەنانەت هاوڕێی بایدنیش ئەزانێ بەڵام ناچێێتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی هیچ کام لە و شکست و کارەساتانەی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا دوچاری کوردوستانی عێراق بوە. تائیستا ئاماژەیەك نیە بۆ راگرتنی پشتیوانیەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان، بەڵام ئەم شیوازە گەڕوگولەی حوکمڕانیی هەرێم دواجار مایەیی بەزەیی و پشتیوانی نیە، بەتایبەتی لە وجودی بەغدایەکی بەهێزدا کە بایدن پشتیوانیەتی. تورکیا تورکیا و ئەردۆغان، سودمەند بون لە ڕەفتارەکانی ترەمپ. داگیرکردنی بەشێك لە کوردوستانی سوریا لەلایەن سوپای تورکەوە بە تویتیکی بێ مەعنای ترەمپ، دەسکەوتێکی کەم نەبوو بۆ ئەردۆغان ئەگەر کاتیش بێ!  سەرکوتکردن و پێشێلکاری ئازادیە سەرەتاییەکانی ناوخۆ، کڕینی سیستەمی موشەکیی ڕوسیی، پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو ئاوەکانی قوبرس و یۆنان و ناردنی هێز بۆ لیبیا و بەئاشکرا پشتیوانیکردنی گروپە جیهادیەکانی سوریا، ئەنجامی بیدەنگیی ئیدارەی واشنتن بوە. لەگەڵ ئیدارەی تازە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ پرەنسیپەکانی، حکومەتەکەی ئەردوغان ترسی هەیە ڕوبەڕوی سزای ئابوری و لە قاڵبدانی سیاسی و سەربازی ببێتەوە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە باری ئابوری زۆر دژوارە.  ئێران ئەگەرچی بایدن حەز بە گەڕانەوە بۆ پەیمانی ساڵی ٢٠١٥ ئەکات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، بەڵام سەرکێشی و گاڵتەکردنی ئاخوندەکان (لەسەرویانەوە خامنەیی) بەتوانای ئەمریکا و بە سەرۆکی نوێ، ڕێگەی وتوێژ سەختتر ئەکا. ئەگەر ئاخوندەکان سور بن لەسەر ئەم سیاسەتەیان، گوشار و سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران ئەگەر زیاد نەکا، وەك خۆی ئەمێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە ئاشتبونەوەی بەشێك لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرایل، هەڵوێستی دەوڵەتی عیبری توندتر و بەهیزتر کردوە بەرامبەر ئێران. ئیسرایل بەئاشکرا ئەڵێ ئێران مەترسیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرایل و ئیمارات و سعودیە و ڕێگەی پێنادەن لە قەبارەی خۆی دەرچێت! چین بە قسە بێتامەکانی ترمپ بێ، پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین لەئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام جگە لە ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەدریژایی چوار ساڵی ڕابردو و تائێستاش، چین سودمەندی گەورەی چەوتیەکانی سیاسەتی دەرەوەی  ترەمپ بوە. چینیەکان نایشارنەوە کە لەسایەی ئیدارەی نوێی و ئەوکاتەی ئەمریکا ئەچیتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، دوچاری گوشاری سیاسی و سزای ئابوری زیاتر ئەبنەوە بەهۆی پێشێلکردنی ئازادیی و سەرپێچی بازرگانیی لەلایەن چینەوە. تاکە هیوای چین بە ئیدارەی نوێ، گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاو و هەوا و هاوکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  ڕوسیا ڕوسیا هۆکاری سەرەکی دەرچونی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦دا. بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر پەلهاویشتن و پێشیلکاریەکانی ڕوسیا لە چوار ساڵی ڕابردودا، پوتین ی بەرەوە دیکتاتۆری و تاکڕەوەی زیاتر بردوە. لەم چوارساڵەدا، ڕوسیا هیچ بەرهمێکی ئابوری نەچنیوەتەوە، بەڵام دەرفەتی باش بۆ بەپاڵەوان بونی پوتین ڕەخسا بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی سوپاکەی لە سوریا وەك هێزێکی بێ ڕکابەر و مامەڵەکردن بە خاکی سوریاوە لەسەر مێزی ئاشتی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. پوتین مەترسی زۆری لە سزای  ئیدارەی تازەی واشنتن هەیە بۆ گێڕانەوەی مۆسکۆ بۆ قەبارەی خۆی، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ڕوسیا بە قۆناغێکی ئابوری زۆر سەختدا تێئەپەڕێ، بارودۆخی سیاسی ناوخۆی نالەبارە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەلمانیا و یەکێتی ئەوروپا خراپە. ساڵی ٢٠١١ بایدن بە ئاشکرا بە پۆتین ی وت: " ئەگەر لەشوێنی تۆبومایەوە خۆم هەڵنەئەبژاردەوە، چونکە ئەوە بۆ خۆت و بۆ ڕوسیا باشتر بوو"! ئەلمانیا و ئەوروپا ئەڵمانیا وەك چوارەم گەورەترین ئابوری جیهان و گەورەترین هاوبەشی ئابوری ئەمریکا، زەرەرمەندی سیاسەتی ئابوری ئیدارەی ترەمپ بوە. بەپێی سەنتەری لێكۆڵینەوەی Pew، بەدرێژایی مێژوو، ترەمپ ناپەسندترین سەرۆکی ئەمریکا بوە و تەنها لە ١٠% ئەڵمانەکان متمانەیان پێی هەیە. هەوڵدانی ترەمپ بۆ کۆسپ دروستکردن لەبەردەم هاوردەی تەکنۆلۆجیای ئەڵمانی و گاڵتەکردن بە ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، زۆرترین توڕەیی لە ناوەندە پیشەسازیەکانی ئەڵمانیا دا دروستکردوە. لەلایەکی ترەوە بەهۆی مامەڵەی نادروستی بازرگانیی ترەمپەوە، هەناردەی پیشەسازی ئەلمانیا بۆ چین زەرەری پیگەیشتوە. چوار ساڵە ئیدارەی ترەمپ هەر خەریکی سەرزەنشتکردن و سوکایەتی کردنە بە توانای هێزە ئەوروپیەکانی ناو ناتۆ، لە دوو ساڵی ڕابردودا هاریکاریی و پشتیوانی بەرنامەی ناتۆ لەلایەن ئەمریکاوە، پاشەکشەی زۆری کردوە.  بریتانیاش لە سایەی کۆنە پارێزە دژە ئەوروپیەکاندا، ڕۆڵی نیودەوڵەتی خۆی لەدەست داوە. لە ئیستادا فرەنسا، بەتەنیا سەرکردایەتی سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا ئەکات. لەم قۆناغەدا پشتیوانی فرەنسیەکان بەپلەی سەرەکیی هێزی ئابوری ئەڵمانیا و وڵاتە بچوکەکانی باکوری ئەوروپایە. بەپێچەوانەی ترەمپ، بایدن ئاواتەخوازی ناتۆیەکی بەهێز و  فروانکردنی ڕۆڵ و گەشەپیدانی تواناکانیەتی.   ترەمپ بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ یەکێتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو نیشانداوە،  چوار ساڵە هانی ئینگلیز ئەدا بۆ دورکەوتنەوە لە ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی شەراکەتی ئابوری و بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا. بەڵام جۆ بایدن بەدرێژایی ئەو هەشت ساڵەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، خۆیی و سەرۆکەکەی، پشتیوانی یەکیتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو بون، دژیی برێکست و بەداخ بون بۆ جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. لای بایدن مامەڵکردن لەگەڵ بەرلین و پاریس پەسندترە لە (لەندەن)ێکی تەنیا.  بایدن، دژی هەر سەرکێشیەکی بریتانیایە کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی ڕێکەوتن نامەی ئاشتی ئیرلەندای باکور. بایدن بە توندی دژی هەر هەوڵێکی بریتانیایە بۆ توندکردنی سنوری نێوان ئیرلەنداکان و کۆنترۆڵ و پشکنینی کاڵا لە نێوان ئیرلەندای باکور و بریتانیای مەزن(ئینگلتەرا، سکۆتلاند، وێڵز).  جۆ بایدن بەرەچەڵك ئیرلەندیی و  هاوڕێی نزیکی جێری ئادەمزی سەرکردەی شین فینە. بایدن شانازی بە کاریگەریی لۆبی ئیرلەندیەوە ئەکات کە  هەژمونێکی باشی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەیە، ئەمە جێگەی نیگەرانی کۆنەپاریزەکانی ئینگلیزە و بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئایندەی پەیوەندیەکانی بریتانیا و ئەمریکا بەتایبەتی دوای بەتەواوی دەرچونی  بریتانیا لە یەکیتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا.


درەو: جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، تا ئێستا (290) دەنگی هەڵبژاردنی كۆكردووەتەوە كە سەركەوتن پێویستی بە (270) دەنگ ی هەڵبژاردنی هەیە. هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ئەنجامەكان رانەگەیەنراوە، بەڵام میدیاكانی ئەمریكا سەركەوتنی بایدنیان راگەیاند تا ئێستا: بایدن : (74 ملیۆن و 857 هەزارو 880) دەنگی بەدەستهێناوە ترەمپ: ( 70 ملیۆن و 598 هەزارو 535) دەنگی بەدەستهێناوە  بایدن لە تویتێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دەبمە سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەک. راشیگەیاند، ئەو ئەرکەی لە پێشمانە سەختە، بەڵام بەڵێن دەدەم، سەرۆکی هەمووان بم، ئەگەر کەسەکە دەنگی دابێت بە من یا خود بە پێچەوانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمپین کۆتایی هات، کاتی ئەوەیە توڕەیی و رق وەلا بنێین، وەکو نەتەوەیەک یەکبگرین.


(درەو): رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كەسە نزیكەكانی، ئامۆژگاری ترەمپیان كردووە خۆی ئامادە بكات بۆ ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. ئەمە لەكاتێكدایە وتاری داننان بە شكست كە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەحاڵی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن‌و دۆڕاندنیان دەیخوێننەوە‌و تێیدا پیرۆزبایی لە كاندیدی براوە دەكەن، لەلایەن تیمی ترەمپەوە تائێستا ئامادە نەكراوە.  رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەكردووە، ماوەی دوو رۆژە راوێژكارەكانی سەرقاڵی قسەكردنن لەگەڵ ترەمپ لەبارەی ئەوەی دەكرێت هەڵبژاردن بدۆڕێنێت‌و ئەگەر ئەمە روبدات دەبێت چۆن مامەڵە بكات.  (واشنتۆن پۆست) پێشبینی ئەوەی كردووە، ئەگەر بدۆڕێت، پێناچێت ترەمپ بەشێوە نەریتییەكە (واتا خوێندنەوەی وتاری شكست) دان بە دۆڕانەكەیدا بنێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە یەكێك لە كارمەندەكانی كەمپەینی ترەمپ باسی لەوەكردووە هیچ ئامادەكارییەك بۆ نوسینی وتاری داننان بە شكستدا نەكراوە.  رۆژنامەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنێت، ترەمپ بەردەوام بێت لەسەر بانگەشە "بێ بنەماكان"ی سەبارەت بەوەی سەركەوتنەكەیان لێ دزیوە. بەپێی زانیارییەكانی (واشنتۆن پۆست)، دەوروبەرەكەی ترەمپ دابەشبوون بەسەر دوو كەمپدا، ئەندامانی خێزانەكەی باوەڕیانوایە هێشتا ترەمپ دەتوانێت سەركەوێت‌و دەبێت هەوڵی بەدیهێنانی سەركەوتن بدات، بەڵام ئەندامانی كەمپەكەی تر كە زۆرینەن‌و پێكهاتوون لە گروپێك لە راوێژكارانی سەرۆك‌و سەركردەی كۆمارییەكان، دانیان بە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكەدا ناوە.


(درەو): ئەگەر جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوەو ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئەوەی ئێستا پێشبینی ئەنجامەکان وادەڵێن، دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی سیاسەتی بایدنەوە بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت: عێراق کاتێک جێگری باراک ئۆباما بووە، بایدن چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، بەباشی لە کێشەی عێراق تێدەگات، کوڕەکەی لە ریزی سوپای ئەمریکا لە عێراق خزمەتی کردووە، بایدن خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ هەرێمی شیعەو سوننەو کورددا، ئەو پێیوایە بە دابەشکردن دەتوانرێت یەکێتیی عێراق بپارێزرێت. هەندێک بە دیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی بایدن، بەوپێیەی بایدن وەکو دۆستێکی نزیکی کوردو هاوڕێی مەسعود بارزانی دەناسێنن، پێیانوایە ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەردەمی بایدندا بکرایە ئەنجامەکەی بەجۆرێکی تر دەبوو. لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی عێراق دەکەن لەچوارچێوەکەی خۆیدا ترسیان هەیە بایدن نەخشەکەی بۆ دابەشکردنی عێراق بخاتەبواری جێبەجێکردنەوە. لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئێستا بابەتی گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقە، پێشبینی دەکرێت بایدن هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریاو ئەفغانستان سنوردار بکات یان بەیەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە هەندێک هێزی دژەتیرۆر لەو وڵاتانە بهێڵێتەوە. سعودیە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی (جەمال خاشوقچی)دا بایدن وتی:" چاو بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا دەخشێنمەوە"، هەر لەبارەی سعودیەوە جارێک بایدن وتی:" بەهای ئەمریکا بە سواڵکردن بۆ فرۆشتنی چەک و کڕینی نەوت بەدی نایەت". بایدن بەڵێنیداوە کۆتایی بە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سعوییە بهێنێت لە جەنگی یەمەندا، هەروەها چاوپۆشی لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ نەکات لەبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکان. ئیسرائیل و دۆزی فەلەستین بایدن پاڵپشتی ئەوە ناکات خاکی کەناری خۆرئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل، بایدن دەڵێ:" چالاکی دروستکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەرجۆرە ئومێدێک بۆ ئاشتی دەخنکێنێت"، بەڵام سەرباری ئەمەش پێشبینی ناکرێت جارێکی تر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودسەوە بگەڕێنێتەوە بۆ تەلئەبیب یان هەر هەنگاوێکی تر هەڵگرێت کە ببێت بە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی ئەو رێککەوتنانەی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان بەمدواییە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا کراوە. بەڵام سەرباری ئەمانە بایدن بەڵێنیداوە جارێکی تر کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەرگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە قودسی رۆژهەڵات و نوسینگەکانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتۆن بکاتەوە. ئیداری بایدن هەوڵی زیندوکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری ئاشتی، کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان چارەسەر بکات. میسر لەبارەی دەسەڵاتی میسرەوە بایدن قسەیەکی هەیە کە وەکو ئاماژەیەک بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک میسر دەڵێ:" ئیتر چەکی سپی زیاتر نادەین بە دیکتاتۆرە دڵخوازەکەی ترەمپ". میسر یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بایدن نیگەرانە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئیدانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤی کردووە لەو وڵاتە. بەگوێرەی قسەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، بایدن بەشێک لەو یارمەتییە داراییە گەورەیە رادەگرێت کە ئەمریکا ساڵانە بە میسری دەدات، ئەگەر ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە پەرەسەندنی زیاتر بەخۆە ببینێت. سوریا پێشبینی ناکرێت بایدن هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکێشێتەوە، پاشەکشێ لە سزاکان بۆسەر دیمەشق ناکات. پەیوەندی بەهێزی بایدن  لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان، ئەنکەرە نیگەران دەکات. تورکیا بایدن، ئەردۆغانی بە "ستەمکار" ناوبردووەو داوای لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردووە لە هەڵبژاردندا بیخەن. پێشبینی دەکرێت بایدن بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی (S400) لە روسیا، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ماکس هۆڤمان کە لێکۆڵەرێکی سیاسییە وەکو ئاماژەیەک بۆ پەیوەنییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و ئەو گۆڕانکارییەی دوای دەستبەکاربوونی بایدن روودەدات، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە:" ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە تەلەفۆنێک بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی ئەمریکا سەرەوژور بکاتەوە". ئێران بایدن دەڵێ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێستا لەگەڵ ئێران "شورەیی"ە، بەڵام باشترە لەوەی "بوونی هەبێت" بۆ سەرکوتکردنی ئارەزووە ئەتۆمییەکانی ئێران. بایدن دەڵێ:" ئەگەر ئێران گەڕایەوە بۆسەر پابەندییە ئەتۆمییەکانی، جارێکی تر ئەگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە". بەگشتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەندێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وەکو خۆی دەڵێ هەڵەکانی ترەمپ راست دەکاتەوە، بەڵام بەگشتی گۆڕانکارییەکان گەورە نابن هێندەی ئەوەی وەکو جوانکاری سیاسی تەماشا دەکرێن.


درەو: دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی و ماوەی سەرۆكاتیان، سەرۆكەكانی ئەمریكا لەلایەن دەوڵەتەوە ئەم پێدوایستیانەیان بۆ دابیندەكرێ: ٭ مووچەیەكی خانەنشینی كە بڕەكەی (200 هەزار) دۆلارە لە ساڵێكدا. ٭ هەندێك قەرەبوو، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی دیپلۆماسی. ٭ دڵنیای تەندروستی و پۆستەی خۆڕایی. ٭ دابینكردنی پاسەوان بۆ خۆیان و ژن و منداڵەكانیان بە درێژایی ژیانیان. ٭ سەرۆك دەتوانێت لەسەر بودجەی دەوڵەت كەسێك بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان دابنێت. ٭ سەرۆك دەتوانێت داوای پارەی زیاتر بكات بۆ چەند خەرجییەكی دیاریكراو، بۆ نمونە بوشی كوڕ زیاتر لە (یەك ملێۆن) دۆلاری وەرگرتوە بۆ نوسینگەكەی و فەرمانبەرەكانی، ئەوەش زۆرترین بڕە پارەیە كە سەرۆكێكی ئەمریكا دوای خانەنشینبوون وەری گرتبێ. ٭جگە لە خانەنشین سەرۆكەكان دەتوانن لە چەند ڕێگەیەكی ترەوە پارەی زیاتر بەدەستبهێنن وەك:  - بەشداریكردن لە كۆنگرەو كۆنفرانس -  وتنەوەی وانە بەشێوەی وانەبێژی - گرێبەستكردن بۆ بڵاوكردنەوەی كتێب بۆ نمونە، باراك ئۆباما دوای یەك مانگ لە بەجێهێشتنی كۆشكی سپی بە بڕی (60 ملیۆن) دۆلار گرێبەستێكی ئیمزاكرد بۆ بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی. ٭  پێش ساڵی 1958  سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی، هیچ بڕە پارەیەكیان پێ نەدەدرا.  


 لە ئینگلیزییەوە : ئاسۆ جەبار وڵاتانی  جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاودێری پێشبڕکێکەی کۆشکی سپی دەکەن، چونکە خۆیان ئامادەدەکەن بۆئەوەی یان داناڵد ترامپی کۆماری بیباتەوەو گەڕی دووەمی زامن بکات یان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن رکابەرە دیموکراتەکەو جێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن.     ئایا لە هەڵبژاردنی سێشەممەی ئەمریکادا لەئاستی نێودەوڵەتیدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت؟    "چوار ساڵی ڕابردوو جەختکرایەوە لەسەرئەوەی ئەو بڕیارانەی کە ولایەتە یەکگرتووەکان دەیگرنە بەر بایەخێکی گەورەیان هەیە لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا." ئەمەش بەپێی لێدوانێکی گروپی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی پێشەنگی بەریتانیا ، چاتەم هاوس.   چاتەم هاوس ئەوەشی وتوە" سەرۆکی داهاتوو ئەوە دیاریدەکات کە چۆن سەرچاوە دیپلۆماسی و ئابوری و سەربازییەکانی ئەمریکا وەبەرهەمدەهێنێت، بەتایبەتیش ئەمریکا چ بەهایەک پەیوەستدەکات بەو هاوپەیمانیەی کە هەیە و ئەو دامەزراوە فرەلایەنانە. هاوکات ئەوەی لە کۆشکی سپی دادەنیشێت رێڕەوی پەیوەندی ئەمریکا دیاریدەکات بۆ پەیوەندییەکانی ولایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ چین و ئابووری جیهاندا، لەگەڵ ئەو لێکەوتە گەورانەی لەسەر هاوبەشەکانی ئەمریکا دەکەوێتەوە."   هاوکات کاریگەری لەسەر دوژمنەکانی ئەمریکا، هەرچەندە هەندێک ئیدیعای ئەوە دەکەن کە کاریگەرییەکی گەورە نابێت وەکئەوەی هەندێک باوەڕیان وایە.  لە ڕوسیا  شارەزایانی ڕوسیا دەڵێن پێشبینی باشبوونێکی زۆر کەم دەکەن لەپەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ دەیباتەوە .    بەپێی قسەکانی ئاندرێ کۆرتونۆڤ لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕوسیا، کە گروپێکی توێژینەوەیە و بنکەی لە مۆسکۆیە، لە ئاماژەدان بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت:"پوتین و کەسانی دەوروبەری لەوانەیە ترامپیان پێخۆش بێت چونکە زۆر بە جوانی لەگەڵ گۆشەنیگایاندا بۆ جیهان دەگونجێت." هەروەها کۆرتونۆڤ ئاماژە بە نیگەرانییەکانی تڕامپ دەدات کە گومانەکانی سەبارەت بە گرنگی دامەزراوە فرەلایەنەکان و رێبازی زیاتری مامەڵەی دیپلۆماسی تڕامپ.   بەڵام کۆرتونۆڤ دەڵێت پێشبینی ئەوە ناکات مۆسکۆ لەمانگەکانی داهاتوودا سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت بێ گوێدانە ئەوەی کێ لە کۆشکی سپییە؛ ئەو دەڵێت دژایەتییەکە بەردەوام دەبێت.  هاوکات گوتیشی " سەرکردەکانی ڕوسیا لەمێژە باوەڕیان بەوە هێناوە کە هەر هەنگاوێک یان گۆڕانکارییەکی تاکلایەنە لەسیاسەتی دەرەوەی مۆسکۆدا لەخۆرئاوا بەو شێوەیە لێیدەڕوانرێت کە نیشانەی لاوازییە، بەم شێوەیەش فشارەکان بۆ سەر ڕوسیا توندتر دەکەنەوە ". بەڵام ڕوسەکان پاشەکشێ ناکەن. ئەمە ئەو باوەڕبەندیەیە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە ناواخنی سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیادا ماوەتەوە."  هەروەها وەکچۆن کاربەدەستانی پێشووی ڕوسیا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەئاژانسی دەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند کە پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکان بە ناتەبایی بمێنێتەوە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا، هەروەها لۆمەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئەو پیلانگێڕییەی ئەمەریکا دەیبینن بۆئەوەی باڵادەستی روسیا دامرکێننەوە.  یاریدەدەری کاربەدەستانی باڵای کرملین بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند کە "هەندێک کەس لە شاری "کرملین" هیواخوازن لەگەڵ داناڵد ترامپدا جیاواز بێت بەڵام من زۆر ئومێدی لەسەر هەڵناچنم." باسی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ڕوسیای کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمریکادا؛ ئێستا زۆربەی هەمان شت ڕوودەدات وەکچۆن بەرپرسانی دیکەی پیشوو وادەڵێن.   بەرژەوەندی جیهانی  سەرەڕای گوێپێنەدانی ئاشکرای روسەکان بەئەنجامەکە، کەم کەس لەمۆسکۆ یان لەشوێنێکی دیکەی جیهاندا گومان لە لێکەوتە گەورە جیهانییەکانی هەڵبژاردنەکەی رۆژی سێشەمە دەکەن. پەیامنێرێکی سکای نیوزی بەریتانی راستەوخۆ باسی ئەوەی کرد کە جیهان لەم هەڵبژاردندا دەنگدەدات بەهۆی لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی دەرئەنجامەکەیەوە. وتیشی ئەمە تەنها هەڵبژاردنی نیشتیمانی نییە بەڵکو هەڵبژاردنێکی جیهانییە.  وابڕیارە سەدان ملیۆن لەسەرتاسەری جیهاندا بەخەبەربن بۆ سەیرکردنی ئاهەنگەکانی هەڵبژاردنەکە. هەندێکیان دەڵێن ئەو رۆژە ناڕۆن بۆ کار بۆئەوەی چاودێری ئەنجامەکان بکەن کاتێک ئاشکرادەکرێن. هەندێک لە شارەکان پلانیان وایە پەخشی روماڵکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە سکرینی تەلەفیزیۆنی گەورە نمایشبکەن بۆ خەڵک.  سەرباری ئەفسونی سەرنجڕاکێشی سیاسەتی ئەمریکا، زۆرجار حکومەتە بیانییەکان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیانەوە دەڕواننە هەڵبژارەدنەکانی ئەمریکا  بە گوێرەی وتەی "کاس مود" مامۆستای کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرجیا، لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیادا دەنوسێت :"هەرچەندە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەو شێوەیەی کە زۆربەی خەڵک بیریلێدەکەنەوە، بەهێز نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی ئەمریکا، بەهێزترین پێگەی هەڵبژێردراوی جیهانە لە ئێستادا؛ جیهان بە نیگەرانی و پێشبینییەکی گەورەوە سەیری ئەمریکا دەکەن."   سەرکردەکان   حکومەتەکان لەم قۆناغەدا بە وریاییەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن. ئایا ترامپیان پێباشە یان بایدن. بە بۆچوونی ڕاپرسییەکان کە پێشبینیەکانیان لە ساڵی 2016دا هەڵە بوو، هیچ سەرکردەیەکی دەرەوەی وڵات ناتوانێت دڵنیا بێت کە ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبێت.    زۆربەی سەرکردە بیانییەکان بەهۆشدارییەوە گوزارشت لەدەربڕینی خۆیان دەکەن کە کێیان پێباشە براوە بێت. شیکەرەوەکان دەڵێن سەرکردە نیشتیمانییەکان زۆر نزیکتر لەگەڵ ترامپدا هاوپەیوەستن، وەک بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ناریندرا مۆدی هاوتا هیندییەکەی لە ستایشکردنی ئەودا وریابوون، لە ترسی ئەوەی ئەگەر بدۆڕێنێ، پشتگیریی تەواوەتیان بۆ ترامپ کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەگری بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا.    سەرۆک وەزیرانە جەماوەرییە مشتومڕلەسەرەکەی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان یەکێک بووە لەو سەرکردە کەمانەی ئەوروپا کە لە ساڵی 2016دا لە پشتیوانی ترامپدا هاتۆتە دەنگ، لە وتارەکەیدا لەرۆژنامەی هەنگاریدا لە مانگی نۆدا بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندبوو کە "هەوڵی سەرکەوتنی جارێکی دیکە بۆ داناڵد ترامپ دەدات چونکە زۆر شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە بەبەراورد بە بەڕێوەبەرایەتییە دیموکراتیەکانی ئەمریکا، کە لەسەر ئیمپریالیزمی ئەخلاقی بونیاد نراوە، تامەکەیمان چەشتووە بە مەیلی خۆشمان نەبووە. ئێمە ئەوەمان خۆشمان ناوێت و ناشمانەوێت بۆ جاری دووەم تاقیبکینەوە."   سەرکردە ناسیۆنالیستە کۆنسەرڤاتیڤەکانی دیکە لە ناوەڕاستی ئەوروپا زیاتر بێدەنگن، سەرباری ئەوەی هاوڕان لەدژایەتیکردنی ترامپ بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا و ئایدۆلۆژیا پۆپۆلیستییەکەی. "ئەندزێی دودا"ی سەرۆکی پۆڵەندا و گەورە بەرپرسانی پارتی یاساو دادی ئەو وڵاتە خۆیان لە وەڵامدانەوە دزیوە کاتێک پرسیاریانکرد کێیان پێ باشە .    بەپێی ڕاپرسییەک لەسەرەتای ساڵدا لە ناوەندی توێژینەوەی " Pew" ئەو ڕێژانە زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما، لە ماوەی دواهەمین ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا و بەبەراورد بە درێژایی ماوەی پۆستەکەی ترامپ بە شێوەیەکی گشتی لە ئەوروپا هەڵوێستەیەکی خراپی کردووە، بەڵام زیاتر لە ڕۆژئاوای کیشوەرەکە، تەنها لە سەدا 13ی ئەڵمانییەکان و 18%ی سویدییەکان و 20%ی فەرەنسییەکان متمانەیان پێی هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری ڕاست و دروست لە کاروباری جیهاندا."   ڕای گشتی کەمتر تێکەڵدەبێت لەڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بەزۆری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ پەسەندکردنی ترامپ لەلایەن لایەنگرانی حزبە ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستییەکانەوە، کە لە ناوەڕاستی ئەوروپا بەهێزترن و سەرۆکە کۆمارییەکە وەک هاوپەیمانی ئایدۆلۆژی دەبینن، بەتایبەت کە باس لە کۆچکردن دەکرێت. ڕاپرسیی " Pew" زۆرینەی پۆلندییەکان لە 51% یان متمانەیان بە ترامپ هەبوو کە کاری ڕاست و دروستدەکات لە کاروباری جیهاندا.  لە ئەوروپای ڕۆژئاوا  شیکەرەوەکان دەڵێن ڕایگشتی و حکومەتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە پێچەوانەوە بە پەرۆشەوە دەڕواننە رێکوپێکی کاروبارەکان لەسەروەختی ساڵانی حکومڕانی داناڵد تڕامپدا و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە نەریتییەکانی ناوچەکانی زەریای ئەتڵەسی کە دەتوانرێت پێشبینی بکرێت.  "بایدن هەمیشە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییە سەرەکیەکان لەوانە ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دروستکردووە." ئەمش بەپێی ئەلێکس سۆرۆس لە لێدوانێکی بۆ ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیەو کە بەشێکی لەلایەن جۆرج سۆرۆسی باوکیەوە کۆمەکی دارایی کراوە.   کاربەدەستانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەڵێن پێشبینی ئەوە دەکەن پەیوەندییەکانیان زیاتر خۆشترو پێشبینیکراوتر دەبێت لەگەڵ بایدندا وەک لەوەی لەگەڵ ترامپ دا، بایدن کەسایەتییەکی ناسراوە، ماوەی 34 ساڵ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا خزمەتی کردووە و هەشت ساڵیش جێگری سەرۆک ئۆباما بووە. دەڵێن پێشبینی دەکەن وەک هەمیشە چۆن کاری کردووە هەروا بێت و هاوپەیمانی دروستبکات و لە بەرەی نێودەوڵەتیدا وەک فرەلایەنە کاربکات، هەروەها دەڵێن سیاسەتی دەرەوەی ئەو سەنگخستنەسەر بەها ئازادیخوازە هاوبەشەکانە لەگەڵ ئەوروپای رۆژئاوادا، ئەوان دەڵێن بەڵام چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەواوی شتەکان نین کە پێشتر هەبوو لەلایەن سیاسەتی " بەرلەهەر شتێک ئەمەریکا "کەی ترامپ.    لە دەرەوەی ئەوروپا لە دۆخی بردنەوەی ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بریتین لە جەیر بۆلسۆنارۆی سەرۆکی بەرازیل، هەروەها نەتەوەپەرستێکی کۆنەپارێزە، یاریدەدەرەکانی بۆلسۆنارۆ دەڵێت ئەوان لەروودانی گۆڕانکاری دەترسن لەواشنتن، ئەگەر تڕامپ بدۆڕێنێت ئەوا رێبەری بەرازیل لەئاستی نێودەوڵتیدا زیاتر گۆشگیر دەبێت. ئەوان پێشبینی ڕووبەڕووبوونەوە دەکەن لەگەڵ ئیدارەی بایدندا لەسەر کێشەکانی مافی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا.   لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر بە خراپی لەگەڵ ئیدارەکەی ئۆباما دا لەسەر تۆماری مافەکانی مرۆڤ لەحکومەتەکەی دا بە توندی دووچاری بەڕەنگاربوونەوە بووەوە، بەرپرسانی قاهیرە دەڵێن ئەگەر بایدن هەڵبژێردرا پێشبینی دووبارەبوونەوەی دەکەن. بە هەمان شێوە پاشاکانی کەنداو پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئیدارەی ترامپ دا هەیە و زیاتر هەستیان بە ئارامی کردبوو کاتێک ترامپ لەسەردانی ڕیازی پایتەختی سعودیە لە ساڵی 2017 دا بە سەرکردەکانی عەرەبی وتبوو کە "ئێمە نەهاتوین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی وتار بدەیەن."


کارۆخ خۆشناو ئەمڕۆ (3)ی نۆڤەمبەری (2020) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمریکادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن. لە کاتی نوسینەوەی دەستوری ئەمریکا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ولایەتەکە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا: یەکەم/ پلانی ڤێرجینیا: ئەم پلانە لەلایەن (ولایەتە گەورەکان) پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونکە ئەم (ولایەتە گەورانە) ڕێژەی دانیشتوانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز بوو،  بۆیە داواکار بوون ئەوان ڕۆڵ و کاریگەر زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێک هاتووە لە (435) ئەندام، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەشکراون، بۆیە ولایەتە گەوەرکان ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە لە ولایەتە بچوکەکان. دووەم/پلانی نیوجرسی: ئەم پلانە لەلایەن ولایەتە بچوکەکان پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونکە لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەکان بە یەکسانی دابەشکراوە لە نێوان ولایەتە گەورە و بچوکەکان، واتە هەر ولایەتێک (2) ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامە کە نوێنەرایەتی (50) ولایەت دەکەن. لە دوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی هەردوو پلانەکەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتیە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+١) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا. گەورەیی عەقڵی (باوکانی دامەزرێنەر) هۆکار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لە نێوان دەنگی (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میکانیزمە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە شێوەیەک کە پێویست دەکات لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی، بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا، گرنگی بە دەنگی هەموو ولایەتە (گەورە و بچوکەکان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکادا ڕەنگ ڕێژ کرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک (سەرۆک و جێگری سەرۆک) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەکی هەڵبژێردراو کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە جۆرێک نابێت (سەرۆک و جێگری سەرۆک) خەڵکی هەمان ولایەت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستوری ئەمریکا، کەواتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:  لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئەمریکا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک. داهێنانی ئەم میکانیزمە لە لەلایەن باوکانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو کاتەدا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریکا نەخوێندەوار بوون و رێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێکهاتەی گەورەی کۆمەڵگای ئەمریکا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو ئەوانیش (ئەفریقیە ئەمریکیە ڕەش پێستەکان کە لەو سەردەمەدا کۆیلە بوون هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنها ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، کەمینەیەک بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵک) ئەو کەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن کێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن؟  بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەش پێستەکان زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، پاشان کۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆکی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینکن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستوری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەکان  بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستوری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و  بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئەمریکا. دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستور پێویستە سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژی (2021/1/20) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە. *سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)


ئامادەكردنی:عەلی مەحمود محەمەد هەرە دەوڵەمەندەكان لە 0,001%ی كۆمەڵگای ئەمەریكی, ئەوانەی چەكی بەخششەكانیان لە 8  ژمارە كەمتر نانووسێت, بەشی زۆریان  لەو دیو پەردەوە كار دەكەن وەك لۆبی فشاری بەهێز بۆ دەرچوونی كاندیدە خواستراوەكەیان, ئەوان بەهۆی كاری بزنس و سەرقاڵییانەوە نایانەوێت راستەوخۆ دەربكەون, كەمایەتیكیشیان بەناوی گەلەوە حوكمەكەن یان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن, روڵەكان لە نێوان خۆیان, بە پێی بەرژەوەندیەكانیان دابەش دەكەن, بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان بسەپێنن و پارێزگاریش لە هەبووەكانیان بكەن, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن, دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت, ئاخر بڕیارەكان لە پۆستەكان بۆ ئەوان گرنگترن. برایانی كوك  " دیڤید و تشارلز , دیڤید ئەمساڵ مرد" كە خاوەند 108 ملیار دۆلار سەرمایەن, دەیان ساڵە كار بۆ ئەوە دەكەن دەست بەسەر سستەمی سیاسی ئەمەریكادا بگرن بە هاوكاری خاوەند كۆمپانیا راستگەراكان "الدیمقراگیە المعگلە فی أمیركا- Jeffrey D. Sachs ". تەنانەت كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئۆباما كیر  لەسەر خواستی برایانی كوك و بەخششەكەرەكانی كۆماریەكانە "الصمود أمام انهیار أمریكا السیاسی- Jeffrey D. Sachs", بە تایبەتیش كۆمپانیاكانی بیمە, دەرچوون لە پەیماننامەی پاریسیش لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی وزەیە, هاوكات ئەوان كاریان دەكرد لەسەر كەمكردنەوەی باج , كاندیدە كۆمارییەكان شەڕیانە لەسەر بەدەست هێنانی متمانەیان, لەبەر زیرەكی و خۆشەویستیان نا, بەڵكە لەبەر قورسایی گیرفانیان" النموژج اڵامیركی»..هل بدأ فی التصدع؟-تشارلز بلو ". ترامپ كاتی خۆی بەخششی جیمی كارتەر و ریگانی هاوكات پێكەوە دەكرد, ئەمە تایبەتمەندی زۆرێك  لە دەوڵەمەندەكانە,  لای ئەو كێ بیباتەوە تا لە گەڵی رێك بكەوێت, لە رابردوودا 6 جار بەخششی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هیلاری كلنتۆنی كردووە, دوایی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی رابردوو هێرشی توندی دەكردە سەری, چونكە لای ئەو سیاسەت كاسبییە,ئەخلاق و رابردوو بە عانەیەك, وەك مینبەری مەزادكردن, ترامپ  كە دەستیكرد بە پیتاك كۆكردنەوە, راچێتەی نان خوادنی ئێوارە لە میوانخانەكەی گەیشتە 35 هەزار دۆلار, ئەوشی 100هەزار دۆلار پیتاك بدات دەبێتە بەخشەری شایستە, دواتر بە سانایی دەیبینێت. دوای گەیشتنی بە دەسەڵات, یانەی ترەمپ نرخی ئابونمێنتی گۆڵفی كردە 200 هەزار دۆلار" الشعبویە والفساد- روبی میلی ", بە هەموو  پێوەرێك رونە كە ئەوەی  ترامپ  دەیكات لە بڕی  دیموكراسی كلێپتۆكراسییە,  واتە دەسەڵاتی سیاسی بەكار دەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی سەروەت و سامان. والتەر شوب بەڕێوەبەری بیرۆی رەوشتی حكومەتی ئەمەریكی لە 19ی تەموزی 2017 دەستی لەكار كێشایەوە وەك ناڕەزایەتیەك لە هەمبەر ترامپ كە بەرژەوەندی كەسی  و حكومەتی تێكەڵ  كردوو  پێشتر ئۆباماش سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا جاین هارتلی كردە سەفیری وڵاتەكەی لە فەرەنسا وەك پاداشتێك كە خۆی و پیاوەكەی نیوملیۆن دۆلار كۆمەكیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی كۆكردبوەوە, هیچ ناڕونیەك نەماوە لەوەی  دەسەڵاتی سیاسی  نوێنەرایەتی تەواوی  كۆمپانیا گەورەكان دەكەن  لە ئەمەریكا, یاسای كەمكردنەەی باج لەو روانگەیەوەیە, كە ساڵ لە دوای ساڵ  هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن روو لە نشێو لە داكشاندایە, تا ترامپ لە 35% ەوە دایگرت بۆ 21%, ملیاردێرەكان دافوس  ترەمپیان لە هەنگاوە ئابووریەكانی خۆشە وێت , بەڵام گەمژەیی و راگوڕینی و سیاسەتی ئابووری نەتەوەیی ئەویان بە دڵ نییە. زانای سیاسەت مارتن جیلنز لە زانكۆی برینستۆن و  بنیامین بیجج لە زانكۆی نۆرس وینسترن پێیان وایە  دیموكراسیەتی ئەمەریكی لە پێناو 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی كۆمەڵگا كاردەكات , لەبەر ئەوە دیموكراتی ئەمەریكی ئەوەی پەسەندە "عدم المساواە فی أمیركا-تاریخ النشر: الجمعە 16 دیسمبر 2016 -مات أوبراین: محرر الشۆون الاقتصادیە فی مدونە «وونكبلوج» ", واتا لە بری دیموكراسی بلۆتۆكراسییە. 22 پەرلەمانتاری پارتی كۆماری داوایان كرد  ئەمەریكا  لە پەیماننامەی پاریس ی ژینگە بكشێنەوە, كە  هەموویان بەخششیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە پیشەسازی نەوت و غازەوە وەرگرتبوو, بە تایبەتیش لە براكانی كوكشەوە, یاخود ناڕاستەوخۆ لە رێكخراوە سێبەرەكانیانەوە, لە هەڵبژاردنی  كۆنگرێسی ئەمەریكا 88%ی بەخششەكانی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ كۆمارییەكان رۆیشت, پارتی  كۆماری بۆتە پارتی  وێرانكردنی  ژینگە, كۆمارییەكان 97%ی كۆمەكی پیشەسازی خەڵوزیان بۆ دەچێت , 88% ی پیشەسازی نەوت و گاز, كە نرخی نەوت  لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی ترامپ هاوكار بوو بۆ رێكەوتنی ئۆپۆێك, چونكە پەیوەندی بە كارتێلەكانی نەوتەوە هەیە, بە تایبەتیش ئەوانەی تكساس كە ولایەتەكەیان  38  نوێنەری لە 538  نوێنەرەكەی هەڵبژێرەری سەرۆك كۆماردا هەیە. ترامپ گوایە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان پشتیوانی كەرتی نەوت دە, كە كەرتی بەرهەم هێنانی نەوت تەنها 150 هەزار كارمەندی هەیە, كە 0,1%ی كۆی هێزی كاری ئەمەریكایە,بەڵام هۆكار ئەوەیە ئەم كەرتە 88%یان وەك ئاماژەمان پێدا بەخشش و  پشتیوانی دارایی دەدەنە كۆمارییەكان, وە چاویشی لە كورسیەكانی تەكساس  و ناوچەی بەرهەم هێنانی نەوتی بەردینە. بەرامبەر بەو پشتیوانیانە لە پارتەكەی, ترامپ وایكرد كۆمپانیاكانی خەڵوز و نەوت و گاز بەرپرس بن لە دانانی سیاسەتی ژینگەی وڵات, كۆمپانیاكانی دەرمان كەرتی تەندروستی و دانانی نرخ لەسەر دەرمانەكان, و گروپی كۆمپانیاكانی چەك لە وەزارەتی بەرگری و , وە بانكە وەبەرهێنەكان باڵادەست بن لە وڵ  ستریت , وە كارتێلەكانی كشتوكاڵ هژمۆنیایان هەبێت  بەسەر زەوی كشتوكاڵییەكانی وڵاتەوە, واتا بەرخی سپارت بە گورگ. كۆمەڵەی نیشتمانی چەك, كە كۆمپانیاكانی چەكسازی و بازرگانانی چەك دایان مەزراندووە, تەموینی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكەكان و سیاسیەكان بە سەخاوەتەوە دەكات, لەوانە ترامپ,هەڕەشەیان لەوانە كرد, كە داوای قەدەغەكردنی  هەڵگرتنی چەك دەكەن, بەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو تۆڵەی خۆیانیان لێ  دەكەنەوە, لە رێگای بەخشینی بەخشش بە نەیارەكانیان. لە ساڵی 1791 ەوە  بە پێی مادەی دووەمی دەستوری ئەمەریكی رێگای دراوە بە هەڵگرتنی ئازادانەی چەك, بەهۆی ئەوەی میلشیا چەكدارەكان رۆڵی گرنگیان گێڕا دژ بەریتانیا لە جەنگدا,كۆمپاتیاكانی چەكی ئەمەریكیش بەخششی زۆری سیاسییەكانی ئەمەریكا دەكەن بە تایبەت  كۆماریەكان, بۆ ئەوەی ئەو بەندە دەستكاری نەكرێت, وڵات هەر تیكساسەكەی فلیمە كابۆییەكان بێت .  لە ماوەی 6 ساڵی نێوان 1997 بۆ 2003 , رێكخراوەكانی پشتیوانی لە هەڵگرتنی چەك 6 جار زیاتری دژبەرانیان پارەیان خەرجكردووە, بۆ رێگا گرتن لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك, بە تایبەت دوای هەر كارەساتێكی دڵ تەزێن ململانێكان توندترەوە دەبن, نیوەی چەكی تاكە كەسی جیهان لە ئەمەریكایە, دوانزە جار زیاتر لە رێژەی جیهانی, ساڵانە زیاتر لە 33000 كەسی سڤیل قوربانی چەك هەڵگرتنن لەم وڵاتە , بەڵام بەهۆی پارەوە ناتوانرێت  وڵات لەم كارەساتە دەرباز بكرێت, لە رێگای هەڵبژاردنەوە لغاوی گۆڕانكاری كراوە. ترەمپ لە بەر ئەوەی پشتیوانی كۆمپانیای ئەمازۆنە, بۆیە پشتگیری دارایی رزگاركردنی بیرۆی پۆستی ئەمەریكی ناكات كە خاوەندی 600هەزار كارمەندە . جیف بیزۆس خاوەنی ئەمازۆن دوای ئەوەی واشنتۆن پۆستی كڕی, ئێستا لە هەوڵی كڕینی  سی ئێن ئێن یشدایە, چونكە پێ  بە پێی سەركەوتنی سەرمایەكەی كە لە 200 ملیار دۆلار لە سەركەوتن و دابەزیندایە پێویستی بە كەناڵی راگەیاندیش  هەیە وەك پارێزەری سامانەكەی, كەواتە دەبێت لە داهاتوودا زیاتر ملكەچی خواستەكانی ببن. پارتی كۆماری پارتێكی ئاینی و یانەی گەورە دەوڵەمەندو ملیاردێرەكانە, بەهۆی كۆمەكی دەوڵەمەندەكانەوە لە كامپینی هەڵبژاردنی ترەمپ حكومەتی ترامپ  دەوڵەمەندترین كابینەیە لە مێژوودا, ترامپ رایگەیاند بۆ پۆستە ئابووریەكان كەسی دەوڵەمەندم دەوێت. تەنانەت دادگای باڵای ئەمەریكاش  كاندیدەكانی لە لایەن  كۆمەڵەی فیدراڵییەوە  هەڵدەسەنگێنرێن , ئەویش لە ژێر چاودێری  كۆمپانیاكاندایە, ئەمی كونی باریتی  زوو دانا , چونكە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و ژینگەو بیمەی تەندروستییەوە هەیە, ئەوانیش  سەرێكیان هەیەو هەزار سەودا, وەك هەزار سەرە, هەر یەكەی بەرژەوەندیەكیان بە جۆرێك لە كارتلەكانەوە بەستراوەتەوە, ئەو لوغمەیان بۆ رێگا گرتن لە گۆڕانكاری چاند. دیموكراتەكانیش لە روی پشتیوانی ملیاردێرەكانەوە باخەڵ گەرمن, بە وتەی بێرنەر ساندەرز بایدن 44  ملیاردێر و بوتینجادج  39  ملیاردێر  پشتیوانیان لێیان  دەكرد , لە هەڵمەتی بەرایی هەڵبژاردن لەناو دیموكراتەكان, هاوكات 30 كاندیدی دەزگای هەواڵگری و 15 ملیۆنێر لە لیستی دیموكراتەكان هەیە بۆ  كۆنگرێس  و ئەنجومەنی پیران. بەو هۆیانەوەو كۆمەڵێكی دیش كە لێرە ئاماژەیان پێ دەدەین, 44%ی هاووڵاتیان پێیان وایە گەندەڵی لە كۆشی سپیدایە, 8% زیاتر لە ئەنجومەنی پیران, واتا 36%ی هاوڵاتیان پێیان  وایە ئەنجومەنی پیران گەندەڵەو بڕیارەكانی لە خزمەت ۆڵ ستریتە, ئەمەو بە پێی راپرسی دەزگای بێوی ئەمەریكی كە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە 80%ی هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەتی فیدراڵی نییە,  هەر ئەمەشە  وا دەكات دەسەڵاتە سیاسییەكان لە 20 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان بەرەو ناسەقامگیری بچێت. تێچووی هەڵبژاردنەكانی  ئەمەریكا جۆن كەنەدی   تەنها 72  هەزار دۆلاری لە بانگەشەی  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خۆی لە  ساڵی 1960 خەرج كرد, كە بە نرخی ئێستا 575 هەزار دۆلاری دەكرد,كەچی  ركابەرەكەی هۆبرت هامفەری هاواری لێ هەڵستاو  وتی "ئەمە زۆرترین خەرجییە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا", بەڵام كەنەدی وەڵامی دایەوە كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێزینهاوەر لە ساڵی 1952دا بڕی 2,5 ملیۆن دۆلاری  خەرج كردووە, كە بە نرخی ئێستا دەیكردە 20 ملیۆن دۆلار. تێچووی هەڵبژاردنەكان ئەمەریكا   لە ساڵی 2004  تەنها 700 ملیۆن دۆلار بووە, لە ساڵی 2008  بووە ملیارێك دۆلار , لە ساڵی 2012  گەیشتە 2  ملیار دۆلار , لە 2016  گەیشتە 6,6  ملیار دۆلار بووە , بەڵام  بۆ ساڵی 2020  بەرز بۆتەوە  بۆ 14 ملیار دۆلار , 3  ملیار دۆلار زیاتر لە تێچووی  هەڵبژاردنەكانی هیندستان, هەڵبژاردنی هیندستان  لە دوای ئەمەریكا دووەم تێچووی هەیە لە جیهاندا, بەهۆی شەڕی كارتلەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی, تێچوی نزیك 5 ملیار دۆلار بوو, 3 جار زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ی هەمان وڵات, لێ  دوا هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 , 7 ملیاردۆلاری تێچوو كە تیایدا ترەمپ بوو بە سەرۆك كۆمار. تەنها كورسی سەرۆك كۆماری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ەدا, بڕی 2,4 ملیار دۆلاری تێچوو, هەڵبژاردنی  كۆنگرێس و سێیەكی ئەنجومەنی پیرانیش  4,2  ملیار دۆلار  تێچویان بووە  لە هەڵبژاردنی 2016 دا, بەڵام  لەم خولە نرخی بۆ 6,6 ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە, دووەكەی تریش بۆ زیاتر لە 7 ملیار دۆلار, رێگای كۆشكی سپی لە جیاتی فەرشی سوور بە دۆلار راخراوە, تا مانگی پێشوو بایدن 938  ملیۆن دۆلار و  , ترامپیش  596 ملیۆن  دۆلار كۆمەكی سپیان كۆكردبوەوە, رەشەكانیش وەك لەناوەكەی دیارە سەرچاوەو بڕەكەی لە تاریكیدا ونە. تا ئێستاش لە كۆی  هەڵبژاردنەكانی  خولەكە, بە سەرۆك و جێگرەكانیان و  435 كورسی كۆنگرێس و  33ی ئەنجومەنی پیران دیموكراتەكان 5,5  ملیار دۆلار و  كۆمارییەكانیش  3,8 ملیار  دۆلاریان خەرج كردووە. تا 10ی مانگی سەپتەمبەر كۆی گشتی  5 ملیار دۆلار كۆمەك كۆكراوەتەوە , لە ساڵی 2002 تەنها 2 ملیار  بووە لە ساڵی   2014  بەرز بۆتەوە بۆ 3,67   ملیار  دۆلار . ساڵ لە دوای ساڵ  نرخی كورسییە زێڕینەكان زیاد دەكات, دەبێت بۆ خولی داهاتوو, نرخی ئەم كورسییە چۆن بچێت بە ئاسمانا؟. بەخشش و پارە تاریكەكان وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا, پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان كورسی سەرۆك و  ئۆلیگارشیەكاندا هەیە, تەواو كەری یەكترن, دەوڵەت لە بەرژەوەندی ئەوان بە نانۆمیتەریش  دور ناكەوێتەوە. بەرامبەر بە بەخششەكانیان, پۆست, لێبوردن لە باج و گومرگ, گۆمرگ خستنە سەر كاڵای ركابەرەكانیان, یاساغكردنی  هاوردە كردنی كاڵای ركابەر, وەرگرتنی كۆنتراكت لەناو خۆو دەرەوە ... هتد, پاداشتیانە, ئەمە وایكردووە بوترێت  دیموكراسی ئەمەریكی مەزادخانەی ۆڵ ستریتە. بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی دەوڵەمەندەكان لە دیاریكردنی سەرۆك, كە وەك بوكە شوشەی دەستی بەخششەكانی وایە , سەرۆكی ئەمەریكا تیۆدۆر رۆزفڵد لە ساڵی 1907 داوای كرد بودجە بۆ هەڵبژاردنەكان لە لایەن حكومەتەوە  دیاری بكرێت  تا كۆتایی بەم  پارە زۆر كۆكردنەوەیە بهێنریت, هاوكات رۆزفۆڵت داوای كرد بەخششی كۆمپانیاكان قەدەغە بكرێت"الانتخابات وترشید التمویل-تاریخ النشر: الپلاپا‌و 31 مارس 2015".  ئەمەریكا نەك دوای 113 ساڵ ویستی رۆزفێڵدی جێبەجێ نەكرد, بگرە دادگای باڵای ئەمەریكی لە ساڵی 2010  بڕیاری هاووڵاتیان یەكگرتووین یدا, كە لانی زۆری بەخششی هەڵگرت و بێسنوری كرد لە بەردەم ملیاردێرەكان بۆ ئەوەی ئازادانە دەستبخەنە ناو هەڵبژاردنەكان, ئەمەش لە خزمەت دوبراكەی كۆكش بوو"  david-h-koch, charles-d-koch",كە  400 ملیۆن دۆلاریان بەخشش دا بۆ ئەوەی ئۆباما دەرنەچێتەوە لە ساڵی 2012, برایانی كۆكش بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1 ملیار دۆلار خەرج بكەن . هەرچەندە  یەكێك  لە خواستەكانی  باڵی پێشكەوتنخوازو لیبراڵی ناو دیموكراتەكان  شۆرشی سیاسییە  لە وڵات, یەكێك لە خاڵە زەق لە پێشینەكانی  ئەم شۆڕشە هەڵبژاردن و پارەی هەڵبژاردنەكان و سەرچاوەی  داهاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنە, وەلێ پێی ناچێت لەبەرامبەر كارتلەكانی پارە سەركەوتوو بن, لە كاتێكدا خودی دیموكراتەكانیش  سودمەنێكی پرۆسەكەن. كە هەڵبژاردن  دێتە پێشەوە ,كۆمپانیاكانی راگەیاندن و ریكلام جەژنیانە , كەناڵە ناخۆییەكان زۆرترین پارە دەبەنەوە, نزیك 47% پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت , 16,5%یش  بۆ ریكلامی هەمان ئەو كەناڵانەیە, 21%یش بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی,  12%بۆ كەناڵی سەرانسەری كابڵەكان , 5%یش بۆ رادیۆكان دەڕوات, ئەم پارانە 40%یان خەڵكانی نەناسراو و بێ تارمایی دەیدەن, سەرچاوەیان دیار نییە. یاسای ئەمەریكی یاساغی كردووە كاندیدانی پلە گشتیەكان كۆمەك لە لایەن و كەسی بیانی وەربگرن, بێگانەكە تەنانەت دانیشتووی ئەمەریكاش بێت و مافی مانەوەیان هەبێت,   ئەوانەی  ناسنامەی ئەمەریكایان نییە ناتوانن بەخشش بكەن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و هەرێمی, 9 دادوەری باڵای  وڵات مافی بەخششی بۆ دو كرێكاری بێگانە كەمافی مانەوەی كاتیان هەبوو رەتكردەوە. كەچی بە پێی OpenSecrets.org  لە ساڵی  2016  دا 178 ملیۆن دۆلار پارەی بیانی هاتۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە , وەك ئەوەی زانرا بێت , كەچی  ئەمەریكا ئەم یاسایەی  دەركردووە, خۆی یەكەم وڵاتە  كۆمەكی  نۆكەرانی  دەكات لە جیهاندا,  ئەمەریكاو یەكێتی سۆڤیەت و روسیای ئێستا  گلاونەتە 117  هەڵبژاردنی وڵاتانەوە, 69%ی  ئەمەریكا ئەنجامی داون, هەڵبژاردنی ئیتاڵیا لە ساڵی 1948, یەكەم چالاكی سیای ئەمەریكا بوو لەو بوارەدا, ملیۆنان دۆلاری خەرجكرد بۆ ئەوەی شیوعیەكان نەگەنە دەسەڵات كە حیزبی یەكەمی وڵات بوون, لە ساڵی 2005 جۆرج بۆش لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی  عێراق و دواتریش ئۆباما لە هەڵبژاردنەكانی دواتری عێراق ویستیان هەبوو, دەست لە هەڵبژاردنەكان وەردەن, گوایە دواتر ئەنجامیان نەداوە, دوارۆژ  دەردەكەوێت. هەرچەندە لە 22 ولایەتی ئەمەریكا یاساغ  كراوە كۆمپانیاكان بەشداری لە بەخششی هەڵبژاردنەكان بكەن, وە  لە 39ولایەتی ئەمەریكا ئاستێك دیاریكراوە بۆ پیتاكی تاك, بەڵام قازانجی پشكیان بۆ دەچێت لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بێ ئەوەی خاوەن پشكیش بن, سنوریشی دیارینەكراوە, وەك فێڵێك"  أپریا‌و المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر", ئەمە وێڕای ئەوەی  كاتێك خاوەند كۆمپانیاكان  دێنە ناو هەڵمەتەكەوە, لەبەر ئەوەی لانی زۆری خەرجی  دیارینەكراوە, بە كەیفی خۆیان ترۆمپای پارەكانیان دەڕێژنە ناو هەڵمەتەكەوە, لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان مایكل بلۆمبێرگ لەماوەی سێ مانگدا ملیارێك و تۆم ستێر 270 ملیۆن دۆلاریان خەرج كرد, هەرچەندیشە زوو  دۆڕان لە كاندیكردنیان بۆ پۆستی سەرەك كۆماری لەسەر پارتی دیموكرات. لە 5 ساڵی رابردوو  لیژنەی  سۆپەر باكس  5  ملیار دۆلاری كۆكردۆتەوە, بەشێكی سەرچاوەكەی دیار نییە, پارەی تاریكییە "  أپریا‌و المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر" , بەشێك  لەو پارانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێن, پارەی نهێنی و پارەی رەشن , تەنانەت  داوای سەرچاوەی پارەی بەخششەكان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای  مەدەنی ناكرێت , سەیر كەن تەنها رێكخراوی  "  Center for Responsive Politics "  لە نێوان نۆڤەمبەری 2011  بۆ دیسەمبەری 2014  بڕی 323,936,500 دۆلاری  رەشیان خستۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, كە سەرچاوەكەی بێ دایك و باوك بووە, تەنها لەم هەڵبژاردنە  215  ملیۆن دۆلاری  رەش  تا چەند مانگێك لەمەوپیًش ئەوەی زانراوە  خراوەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, پارەی  رەشی بێ  دایك و باوك هەموو ئەگەرەكانی لە بەردەمدایە, لە پارەی رەش , پارەی  ۆڵ ستریت, پارەی بیانی . نەك تەنها دەرەوەی نوێنەری دوو پارتەكە, ئەستەمە بگەنە ئەم 537  كورسییە كە شەڕی لەسەرە, بگرە ژنانی ناو دوو پارتەكەش, رێژەیان زۆر لە خوارە, زۆر كەمتر لە وڵاتانی ئەفریقاو  ئەمەریكای لاتین و تەنانەت عێراق و كوردستانیش , ژنانی ئەمەریكا  19,3203%  كۆنگرێس , 103 كەس وە  ئەنجومەنی پیرانیش 23 %پێ دەهێنن, بەهۆی ئەوەی كێشەی كۆمەك و پیتاكیان هەیە, بەخششەرەكان كەمتر پیتاكیان پێ دەدەن. بەم شێوەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا, بە گیرفانی بەتاڵەوەو لە دەرەوەی كەرو فیلەكە, وەك خۆ هەڵدانە لە كێوێكی هەزار بە هەزارەوە بۆ قوڵایی.


وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت  دێسەمبەری 2016 رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" هێرشێكی توندی كردەسەر گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا، ئەم گروپەی بە دەزگایەك ناوبرد كە سەردەمی بەسەرچووە‌و بۆچونی زۆرینەی ئەمریكییەكان پشتگوێ دەخات. ئەم هێرشە هاوكات بوو لەگەڵ كۆبونەوەی ئەندامانی گروپی هەڵبژاردن دوای مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە تێیدا دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان بەسەر هێلاری كلینتۆنی كاندیدی دیموكراتەكاندا سەركەوت.   لەم هەڵبژاردنەدا، لە دەنگدانی گشتیدا هێلاری بەجیاوازی نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەسەر ترەمپدا سەركەوت، بەڵام ترەمپ بە دەنگی نوێنەرەكانی هەڵبژاردن بە جیاوازی (304) دەنگ بەبەرامبەر بە (227) دەنگ بوو بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.  ئەو بنەمایەی كە لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژاردنی پێدەناسرێتەوە ئەوەیە كێ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەسەڵات دەگرێتەدەست، بەڵام لە ئەمریكا بەوشێوەیە نییە، سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە ئەمریكا لەسەر بنەمای "گروپەكانی هەڵبژاردن"ە، لە دەستوری ئەمریكادا شتێك بوونی نییە بەناوی ئەوەی گەل سەرۆك هەڵبژێرێت، مافی هەڵبژاردن تەنیا بۆ گروپەكانی هەڵبژاردنە.  ئەمەیە وایكردووە زۆرێك سیستمی هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكا بە سیستمێكی ستەمكارانە ناودەبەن، لەبەرامبەریشدا خەڵكانێك ئەم سیستمە بە سیستمێكی سەركەوتوو وێنا دەكەن.  گروپی هەڵبژاردن چییە ؟  لە (48) ویلایەتی ئەمریكا پرۆسەی هەڵبژاردن پشت بەو بنەمایە دەبەستێت كە دەڵێ "براوە هەموو دەنگەكان دەبات"، بەواتای ئەوەی هەر كاندیدێك زۆترین دەنگی ولایەتەكە ببات، هەموو ئەو دەنگدانەی پێدەدرێت كە بۆ گروپەكانی هەڵبژاردن لە ویلایەتەكە دانراوە، بەدەنگی كاندیدە دۆڕاوەكەشەوە.  هەردوو ویلایەتی نبراسكا (4 كورسی)‌و ماین (5 كورسی) جیاكارییان بۆ كراوە، لەم دوو ویلایەتە هەردوو كاندیدەكە تەواوی دەنگەكانی خۆیان دەبەن.  هەر ویلایەتێك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانەكەی، ژمارەیەكی دیاریكراوی دەنگی هەیە لەناو گروپەكانی هەڵبژاردندا، تێكڕای دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا (538) دەنگە، بۆیە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا ئەو كەسەیە (270) دەنگ یان زیاتر لەناو ئەم گروپەدا كۆدەكاتەوە.  لە مێژووی ئەمریكادا (5) سەرۆك هەن كە هەڵبژاردنی گشتییان دۆڕاندووە، بەڵام بە دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن بوون بە سەرۆكی وڵات، لەوانە جۆن كوینسی ئادامز لە ساڵی 1824.  لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2000دا كە جۆرج دەبلیو بوش كاندیدی كۆمارییەكان ركابەرێتی لەگەڵ ئال گۆر كاندیدی دیموكراتەكان دەكرد، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، لەم هەڵبژاردنەكەدا ئال گۆر لەسەر ئاستی دەنگدانی گشتی (500 هەزار) دەنگ زیاتری لە بوش بەدەستهێنا، بەڵام بوش (271) دەنگی لە گروپەكانی هەڵبژاردن بەدەستهێنا‌و بوو بە سەرۆكی وڵات.  رەخنەكان  رەخنەگران وای دەبینن ئەم سیستمەی هەڵبژاردن نەك ئەوەی ملیۆنان دەنگ بەهەدەر دەبات، بەڵكو دەنگی ملیۆنان كەس لە هاوڵاتیانی ئەمریكا دەبات بۆ كاندیدێك كە ئەوان دەنگیان بۆ نەداوە‌و كەسێك كورسی ویلایەتەكەیان دەبات كە ئەوان پاڵپشتییان لێ نەكردووە.  بەدرێژایی مێژووش هەردوو پارتەكەی ئەمریكا (كۆماری‌و دیموكراتەكان) بنكەی جەماوەرییان لە ویلایەتەكان بۆ خۆیان دروستكردووە‌و ویلایەتەكانیان لەنێوان خۆیاندا یەكلاكردوەتەوە، بۆ نمونە (كالیفۆرنیا) ویلایەتێكە كە بۆ دیموكراتەكان یەكلابوەتەوە، بەڵام ویلایەتی (یوتا) بۆ كۆمارییەكان یەكلابوەتەوە، بۆیە ئەو ویلایەتانە كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەلادا دەخەن كە هێشتا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە بۆ هیچ یەكێك لە پارتەكان، ئەم ویلایەتانەش ژمارەیان كەمە‌و جارێك بەلای كۆمارییەكان‌و جارێكی تر بەلای دیموكراتەكاندا دەشكێنەوە. ئەمە بەواتای ئەوەدێت ملیۆنان دەنگ لەو ویلایەتانەی كە بۆ یەكێك لە دوو پارتەكە یەكلابوەتەوە، بەهەدەر دەچێت. رەخنەگران دەڵێن كاندیدی "س" رەنگە ویلایەتێك بە جیاوازی 30 بۆ 10%ی دەنگەكان ببات، بەڵام هەمان ژمارەی كورسی لە گروپی هەڵبژاردن دەبات، ئەمەش بەبڕوای ئەوان شورەییەكی گەورەیە لە سیستمی هەڵبژاردندا، خۆ ئەگەر ئەو كاندیدە بە جیاوازی 1% ویلایەتێكی تر لەوانەی كە یەكلانەبووەتەوە ببات، بۆ نمونە فلۆریدا كە خاوەنی (29) كورسییە لە سیستمی هەڵبژاردندا، ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵدەگێڕێتەوە.  دیموكراتیەكەی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە ! جیسی ویجمان رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كە خاوەنی كتێبێكە بەناوی "رێگە بدە خەڵك سەرۆك هەڵبژێرن" دەڵێ:" دیموكراتیەتی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە".  باسلەوە دەكات:" پێنج جار لە مێژووی ئێمەدا، ئەو كاندیدانەی سەرۆكایەتی كە بە دەنگدانی زیاتر لە ركابەرەكەیان بردوەتەوە، هەڵبژاردنیان دۆڕاندووە، ئەمە بۆچی ؟ هۆكارەكەی سیستمەی هەڵبژاردنەكەمانە كە تەمەنی 230 ساڵە". رەخنەگران وای دەبینن، سیستمی هەڵبژاردن  كە "دامەزرێنەرانی ئەمریكا"وە، واتا ئەوانەی كە بناغەی دەوڵەتی ئەمریكایان داناوە، لەدواین ساتەكاندا دەستوردا بڕیاری لەسەردراوە، ئەوكات باوەڕیانوابووە ئەمە باشترین شێوازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵات، ئەمەش لەبەر هەندێك هۆكار كە ئەو هۆكارانە ئێستا بونیان نییە.  بەڵام، لەبەرامبەردا خەڵكانێك هەن كە بەرگری لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەكەن، بەهانەشیان ئەوەیە، زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای تەوافوقی دەنگدانی گشتی‌و دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن گەیشتونەتە سەر كورسی حوكم.  لایەنە ئەرێنییەكان لایەنگرانی سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەڵێن ئەم سیستمە هاوسەنگی دروستدەكات لەنێوان ئیرادەی جەماوەرو مەترسی ئەوەی ناوی لێنراوە "ستەمی زۆرینە"، بەتایبەتیش كاتێك كە دەنگی جەماوەر رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی دەنگی كەمینەكان‌و هەڕەشە لەسەریان.  هەروەك گروپەكانی هەڵبژاردن زامنی بەشداری هەموان دەكەن لەسەر ئاستی وڵات لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئەو كەسەی هەڵبژاردن دەباتەوە دواجار خزمەت بە هەموو وڵات دەكات، بەڵام دەنگدانی راستەوخۆ وا لە كاندیدەكان دەكات هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان كورت بكەنەوە لە ناوچە قەرەباڵغەكاندا‌و گوندنشین‌و ناوچە دورەدەستەكان پشتگوێ بخەن.  ئالین جیلزو بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەكانی سەردەمی جەنگی ناوخۆیی لە كۆلیژی جیتیسبێرگ دەڵێ ئەم سیستمە هانی ساختەكاری نادات، چونكە پارتەكان ئەگەر ساختەكارییان كرد، ئەنجامی گەورە بەدەستناهێنن. جیلزو لەوەڵامی ئەوانەدا كە دەڵێن گروپەكانی هەڵبژاردن سیستمێكی پڕ گرێ‌و گۆڵە، باسلەوە دەكات، لە دەستوری ئەمریكادا نەهاتووە حكومەت بەشێوەیەكی سادەو ساكار هەڵبژێردرێت.  جەخت لەسەر ئەوە دەكات سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا نە سیستمێكی بێكەڵكە‌و نە سیستمێكی كۆن، ئەم سیستمە دانراوە بۆ روبەڕووبونەوەی خراپترین پاڵنەری مرۆیی‌و پارێزگاریكردن لە نەتەوە لە مەترسییە شاراوەكانی ناو پرۆسەی دیموكراتی.  سەرچاوە: سكای نیوز  


(درەو): نوێترین توێژینەوەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکرایەوە، توێژینەوەکە ئاشکراکردووە زۆرینەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کورتهێنانێکی زۆریان هەیە لە یەدەگی ڤیتامین (D)دا. کێشەی کەمی ڤیتامین (D) لە وەرزی زستاندا بۆ ئەو کەسانە زیاتر دەبێت کە بەدێژایی ساڵ خۆیان بەدەستی کەمیی ئەم جۆرە ڤیتامینەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی نەمانی تیشکی خۆرەوەیە لەو وەرزەدا. ماوەی چەند مانگێکە زانیایان و توێژەرانی بواری ڤایرۆسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کەمیی یەدەگی ڤیتامین (D) کە لەناو کەسانی بەتەمەندا بەربڵاوە، پاڵنەرێکی مەترسیدارە کە دەرفەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات، ئەمە بەپێی قسەی گۆڤاری "تراست مای سایانس"، کە گۆڤارێکی زانستییە. بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر ٢١٦ نەخۆش لە نەخۆشخانەدا ئەنجامدراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە رێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی ئەوانەی توێژینەوەکەیان لەسەرکراوە، بەدەست کەمیی ڤیتامین (D)یەوە دەناڵێنن، تێبینی کراوە کەمی ڤیتامینەکە زیاتر لەناو پیاواندا بووە وەک لە ژنان. لەلایەکی ترەوە ئەو توێژەرانەی کە کاریان لە توێژینەوە نوێیەکەدا کردووە، نەگەیشتوون بە هیچ دەرەنجامێک لەبارەی ئەوەی، ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان مەترسیی نەخۆشییەکەو ئاستی ڤیتامین (D) لە جەستەی نەخۆشەکاندا. ئەو توێژینەوەیە کە لە نەخۆشخانەی زانکۆی "مارکی دی ڤالدیسیلا" کراوە، بەپێی ئەوەی گۆڤارەکە باسی کردووە، و پێناسەی ڤیتامین (D) بەوشێوەیە کردووە کە هۆرمۆنێکە گورچیلە دەریدەکات و کۆنتڕۆڵی کالیسیۆم دەکات لەناو خوێنداو کاریگەری لەسەر بەرگری لەش هەیە، بەشێوەیەکی بەردەوام کەمی ڤیتامین (D) دەبەسترێتەوە بە کۆمەڵێکی جۆراوجۆر  کێشەی تەندروستییەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیدارن بەنەخۆشییەکانی بەرگری لەش و هەوکردنەکانەوە. بەگوێرەی قسەی ئەوانەی توێژینەوەکەیان کردووە، ئێستا بەکارهێنانی حەبی ڤیتامین (D)، یەکێکە لە رێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە خۆیان کێشەی کەمی ئەم جۆرە ڤیتامینەیان هەیە، هەروەک رێگەیەکیشە بۆ کەمکردنەوەی توندی ئاستی توشبوون بە نەخۆشییەکە، بەتایبەتیش بۆ کەسانی بەتەمەن. توێژینەوەکە راستییەکی سەرەنجڕاکێشی تریشی ئاشکراکردووە، ئەویش ئەوەیە کە لەناو توشبوانی کۆرۆنادا، پیاوان بەئاستێکی کەمتر لە ژنان ڤیتامین (D)یان هەیە. لەلایەکی ترەوە سایتی "بیزنیس ئینسایدەر"ی ئەڵمانی باسی لە توێژینەوەیەکی تر کردووە کە مانگی ئابی ئەمساڵ لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوەو دەریخستووە، رێژەی نزیکەی ٤٢٪ی توشبوانی کۆڤید-١٩ ئەوانەیان کە کورتهێنانێکی زۆریان لە ڤیتامین (D)دا هەبووە، دوای (١٠) رۆژ لە نەخۆشخانەدا مردوون، لەبەرامبەردا رێژەی ٥٪ی ئەو کەسانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون کە کێشەی کەمی ڤیتامین (D)یان نەبووە. سەرچاوە: DW


(درەو): لەناو جیهانی ئیسلامیدا دەنگەکان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسی تادێت زیاتر دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەبارەی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری ئیسلام دروست بووە. بەپێی داتاکانی سایتی (ITC Trade)، کە پرۆژەیەکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە: 🔹 تێکڕای هەناردەی فەڕەنسا بۆ وڵاتانی جیهان ساڵی رابردوو گەیشتوەتە (٥٥٥ ملیارو ١٠٠ ملیۆن) دۆلار، واتا زیاتر لە (نیو ترلیۆن) دۆلار. 🔹 ساڵی رابردوو، هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتی عەرەبی نزیکەی (٢٩ ملیار) دۆلار بووە، لە دیارترین ئەو وڵاتانەش کە کاڵای فەڕەنسی بۆ هەناردەکراوە (مەغریبی عەرەبی) و (جەزائیر) بووە. 🔹 ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان جەزائیرو فەڕەنسا گەیشتوەتە نزیکەی (١٠ ملیارو ٢٠٩ ملیۆن) دۆلار، لەم هاوکێشەیەدا بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ جەزائیر (٥ ملیارو ٥١٣ ملیۆن) دۆلار بووە، لەبەرامبەردا ئاستی هاوردەکردن (٤ ملیارو ٦٩٦ ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت تەرازووی بازرگانی بەجیاوازی (٨١٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادا بووە. 🔹 قەبارەی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ مەغریبی عەرەبی ساڵی رابردوو گەیشتوەتە نزیکەی (١١ ملیارو ٥٨ ملیۆن) دۆلار، لەم رێژەیە بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ مەغریب (٥ ملیارو ٣٣٦ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 قەبارەی بازرگانی نێوان فەڕەنساو تونس ساڵی رابردوو نزیکەی (٩ ملیار) دۆلار بووە، رێژەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تونس نزیکەی (٣ ملیارو ٨٠٠ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ قەتەرو ئیمارات و سعودیەو میسر نزیکەی (١٤ ملیار) دۆلار بووە، بەشی زۆریشی بۆ قەتەر بووە کە بەهاکەی دەگاتە (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تەرازووی بازرگانی نێوان فەڕەنساو قەتەر بە جیاوازی (٣ ملیارو ٥٣٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا بەبەهای تەنیا (٧٥٨ ملیۆن) دۆلار کاڵای لە قەتەرەوە هاوردە کردووە لە حاڵێکدا بەبڕی (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار کاڵای بۆ قەتەر هەناردە کردووە. 🔹 تەرازووی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهەمان شێوە بە جیاوازی (ملیارێک و ٩٢٩ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا زیاتر لەوەی کە هاوردەی کردووە، کاڵای بۆ ئیمارات هەناردە کردووە (هەناردە ٣ ملیارو ٦٤٧ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هاوردە ملیارێک و ٧١٨ ملیۆن دۆلار بووە). 🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ سعودیە ساڵی رابردوو (٣ ملیارو ٣٦١ ملیۆن) دۆلاربووە، بۆ میسریش (٢ ملیارو ٥٧٥ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە داتاکای سایتی (ITC Trade)دا، ساڵی رابردوو قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تورکیا گەیشتوەتە نزیکەی (٦ ملیارو ٦٥٥ ملیۆن) دۆلار، ئەگەر سەرجەمی هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتە عەرەبییەکەو تورکیا لە ساڵی رابردوودا کۆبکرێتەوە، بەهاکەی دەگاتە (٣٥ ملیار) دۆلار. 🔴 واتا لە هاوکێشەی بایکۆتدا فەڕەنسا زیانی گەورە بەر ئابورییەکەی دەکەوێت.


Voice of America وەرگێرانی: ئاسۆ جەبار   ئەمەریکا هۆشداریی دەدات لەبارەی دەستێوەردانی ئێران و روسیا لەهەڵبژاردنەکاندا ڕوسیا و ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر تۆڕەکانی حکومەتی ئەمەریکا و سیستەمە کۆمپیوتەریەکان زیاددەکەن لەکاتێکدا هەڵمەتەکانی زانیاریە سەرلێشێوێنەرەکانیان زیاتر دەکەن بەو هیوایەی متمانەی دەنگدەرانی ئەمەریکا تێکبدەن لەکاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 3 ی مانگی 11 . ئەو هۆشدارییە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئاسایشی هەڵبژاردنەوە دێت، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمەریکا؛ ئێرانی تاوانبار کرد بە دەستپێکردنی یەکەم هێرش بۆ سەر هەڵبژاردنی داهاتوو و تارانی تۆمەتبارکرد بە ناردنی هەزاران ئیمەیلی چەواشەکار کە بۆ ترساندنی دەنگدەران کڵێشەکراوە. ئەو ئامۆژگارییانەی کە رۆژی پێنج شەممە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی ئینتەرنێتی و ژێرخانی ئابوریەوە دەرچوو دەڵێن ئەو ئیمەیل و نامە ئەلکترۆنیانە و سەرباری توانای ڕوسیا و ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری تۆماری دەنگدەران تەنیا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەترە بۆ پشتگوێخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا . بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی، هێرشەکانی ڕوسیا لە مانگی نۆوە دەستیپێکردووەو دەیان تۆڕی حکومیی دەوڵەتی و خۆجێیی کردبووە ئامانج کە فڕۆکەوانی و تا پەروەردەیان کردبووە ئامانج . هۆشدارییەکان ئەوە دەڵێن کە هێرشبەری ئەلیکترۆنی ناسراو بە (Beserk Bear) سەرکەوتوانە توانیوێتی ژێرخانی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکە ببڕێت و هەر لە 1 ی ئۆکتۆبەری 2020 ەوە بەلای کەمەوە توانیوێتی زانیارییەکانی دوو خزمەتگوزاری بدزێت ببنە قوربانی." هێرشبەرەکان هەروەها توانیان بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنن کە دەتوانن رێگەیان پێبدەن لە تۆڕەکان بسوڕێنەوە، بەدوای زانیاری گرنگدا دەگەڕێن لە کاتێکی دواتردا دەتوانن بەکاریان بهێنن، ئەگەری ئەوەیە هەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو ئاڵۆزبکەن. لە راگەیانراوەکەدا هاتووە:"رەنگە هەندێک مەترسی لەسەر زانیاری هەڵبژاردن دروستبێت کە لەتۆڕە حکومیەکانی (دەوڵەت، ناوخۆ، خێڵ و خاوەندارێتی شوێن)دا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێف بی ئای و سی ئای ئەی تا ئەوڕۆکە هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە کە تەواوی داتاکانی هەڵبژاردن لەمەترسیدا بوو بێت." کاربەدەستان ڕەتیانکردەوە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە سوودوەرگرتنەکانی ڕوسیا بڵاوبکەنەوە یان بڵێن کام لەخزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە مەترسیدا بوون، بەڵام دەزگای سەربەخۆی ئاسایشی تۆڕەکانی ئینتەرنێت (ماندیانت) دەڵێن هەڵسوکەوتی ڕوسیا وا دەردەکەوت کە بەرەو دەنگدانی 3 ی مانگی 11 ئاڕاستەکرابێت. لە لێدوانەکەدا جۆن هۆڵکویست بەڕێوەبەری باڵای شیکاری دەزگای ماندیانت وتی:"ئەمە وادەکات دەستیانڕابگات بە سیستمەکە بۆ دروستکردنی پشێوی یان خۆی لەخۆیدا مەبەستێکیان هەیە کە رێ بە لایەنێکی چالاک بدات سود لەروانینی تایبەتی نەبوونی ئاسایش لە هەڵبژاردنەکاندا وەربگرن و پرۆسەی دیموکراسی بێ بەها بکەن." هۆڵکویست ئەوەشی گووت؛ لەکاتێکدا لانیکەم یەک هێرش کراوەتە سەر ئامانجێک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، "هیچ زانیارییەکمان نییە کە ئاماژە بەوە بدات کە ئەو بکەرانە هێندە توانایان هەبێت یان تەنانەت ئامادەگی ئەوەیان هەبێت دەنگەکان کەمبکەنەوە. " بەڵام لە کاتێکدا بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییە ڕوسییەکان وادەردەکەون کە رازین بە دۆخەکە لە ئێستادا بۆ هەڕەشەکردن لەتۆڕەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی ئەمەریکا. رۆژی پێنجشەممە ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی هۆشدارییاندا کە وا دەردەکەوێت بکەرە گرێدراوەکانی ئێران لە بارێکدا بن کە توانای ئەوەیان هەیە خراپ سود لەخاڵە لاوازەکانی ئێستای تۆڕەکە وەربگرن. ئەو بکەرانە لە مانگی هەشتی 2019ەوە بەڕادەیەکی زۆر خۆتێهەڵقورتانیان لە دژی تۆڕەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە؛ "بەپێی راوێژکارییە نوێکە کە ئاماژە بە ئەگەرەکانی بڵاونەکردنەوەی هێرشی لەدەستدانی خزمەتگوزاری (DDos) و هەڵمەتەکانی شێواندنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجام دەدەن." هۆشدارییەکان باس لەوە دەکەن کە " ئەگەری ئەوە هەیە ئەم چالاکییانە ئەو سیستمانە بە شێوەیەکی کاتی والیبکەن کە خەڵک یان بەرپرسانی کاروباری هەڵبژاردن دەستیان پێڕانەگات، کە ئەمەش دەتوانێت خاوی بکاتەوە بەڵام ڕێگری ناکات لەدەنگدان یان ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان . " زیاتر هۆشداریدا کە بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران هەروەها هەستاون بە بەرفراوانکردنی تواناکانیان بۆ چەواشەکردنی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوەو "دروستکردنی ماڵپەرە میدیاییە وەهمییەکان و ساختەکردنی ماڵپەرە میدییاییە یاساییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی داتای تۆماری دەنگدەرانی ئەمەریکا و پڕوپاگەندە دژە ئەمەریکا و زانیاری هەڵە لەبارەی سەرکوتکردنی دەنگدەران و ساختەکاری بکەن لەپرۆسەی دەنگداندا." هۆشدارییەکان لەبەرپرسانی ئاسایشی و هەواڵگریی ئەمەریکاوە گۆڕا بۆ تەرزەدەنگێکی وریاکردنەوە، بەڵام پێدەچێت زیاتر گەشبینانەتر بێت لەچاو ئەوەی ئەم دواییانە کە لەمانگی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە. کریستۆفەر ڕەی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە 17 مانگی 9 دا بە لیژنەی ئاسایشی یاسادانەرانی کۆنگرێسی وت "روسیا بەردەوام هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانمان بکات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی ئەو شتەی کە پێیدەڵێین کاریگەری خراپەکاری بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ساڵی 2016 دا روویدا کە ئەوکاتە هاوکات هەوڵێک هەبوو بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی هەڵبژاردنەکان. " بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی هێرست دوو هەفتە لەمەوبەر، گەورە بەرپرسی دژەهەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە دیمەنی هەڕەشەکە لە گۆڕاندایە و دەڵێت ڕوسیا و ئێران و چین بە شێوەیەکی چالاکانە ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە ئامانج دەگرن. ولیام ئیڤانا لەناوەندی دژەهەواڵگیری نیشتیمانی و ئاسایشی وتی"ئێمە زۆر بە نەرمی کاردکەیەن، زۆر سەرکەوتوو بووین لە بەڕەنگاربوونەوەی زوربەی هەرە زۆری ئەو هەواڵانە" دوابەدوای هەڵمەتی ئیمەیڵی ئێرانییەکان، بەرپرسان هۆشدارییاندا بە دەنگدەرانی ئەمەریکا کە ئەم هەڵمەتانەی ڕوسیا و ئێران دەستیانپێکردووە تەنیا دەستپێکن. کریستۆفەر کرێبس، بەڕێوەبەری دەزگای سی ئای ئێس ئەی رۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەواڵگیری هاوبەش سەرباری ئەوەی کە جێی نیگەرانییە بەڵام سۆپڕایس نیە" لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی وا چاوەڕواندەکرێت ئەو بکەرە هێرشبەرانە کە دەیانەوێت دەستێوەردان ئەنجامبدەن لە زیادبووندا دەبێت. لەم نێوەدا هەندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا گوزارشتیان لەو مەترسییە کردووە کە درکی پێدەکەن، ئاماژەیان بەوەداوە کە رەنگە روسیا و ئێران تەنها بەوەوە نەوەستن کە داتای تۆماری دەنگدەران بەکاربهێنن کە بەردەستیان کەوتووە بەڵکو ئێران لەڕێی هەڵمەتی ئیمەیڵەکانیەوە بەکاریان دەهێنێت. نۆرمان ڕۆل بەرپرسی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ هەوڵەکانی تاران نیشانی دەدات کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کاریگەرئامێزەکاناین دەردەکەوێت و هەروەها وتیشی:"دەستکەوتنی زانیاری دەنگدەران لەڕێی ئێرانەوە کە راپۆرت کراوە جێی نیگەرانییە." وتیشی:"ئەم داتایانە بە ئاشکرا لەبەردەستدا بوون یان نا، دەستکەوتنی لەلایەن بکەرە ئێرانییەکانەوە کە لەو هەڵمەتانەدا بەشداربوون ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو بابەتانە کڵێشەی سەرەکی ئەو هەڵمەتانە ئامانجگەلی ئایندەن. "ئەگەر وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ ئەمە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی بێت و کەمتر سەنگ بخەینە سەر ئێران، ئەوا ئیتر لەوە تێدەگەن کە ئەو هەڵمەتانە دەتوانن ئەنجامبدەن بە تێچوونێکی کەمەوە" کاربەدەستێکی ئێستای ئەمەریکا بە هۆی هەستیاری بابەتەکەوە بەو مەرجەی کە شوناسی ئاشکرا نەکرێت بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند کە نیگەرانی لەهەوڵەکانی تاران زیاتر دەبێت، هۆشداریدا کە هێشتا ئێران بەدوای تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەدا دەگەڕێت کە فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان لەمانگی یەکی ئەمساڵدا سەرۆکی لیوای قودسی پاسداران قاسم سولەیمانی کوشت. لە ئێستادا بەرپرسانی هەڵبژاردنی ولایەتەکان داوا لە دەنگدەران دەکەن کە هێمن بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر پروپاگەندەیەکی بێزارکەر یان بانگەشەی وروژێنەر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە ئیتر ئایا لەلایەن ئێران یان ڕوسیاوە ئاڕاستەکرا بێت یان هەر کەسێکی دیکەوە. کاربەدەستانی نیشتمانی و فەرمانڕەوایانی دەوڵەت لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت:"ئامادەبن بۆ هەر هەوڵێکی دەرەکی کە دەیانەوێت تۆویی جیاکاریی بچێنن و رەوایی یاسایی هەڵبژاردنەکان بێ بەها بکەن." لەدرێژەی وتەکانیدا وتیشی "هەموو کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان سەرلەبەر ئامادەن بۆ ئەرکی داهاتومان. " هەندێک لە شارەزایان هەست بە نیگەرانی دەکەن سەرباری ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن نزیکبۆتەوەو دەنگدەرانی ئەمەریکا تاقیدەکرێنەوە وەک ئەوەی پێشتر رووینەدابێت. جۆن سکات رایڵستن، توێژەری باڵا لەتاقیگەی هاوڵاتی لە قوتابخانەی مۆنک لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، وتی:"کێشەکە بەڕاستی هەڵخەڵەتێنەرەیە وەک ئەوە وایە هەمومان لەئێستادا لە تاقیگەیەکدابین و لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە تاقیکردنەوەمان لەسەر بکەن." "نازانین دەرئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام ئەوان واتە (ناحەزەکانی ئەمەریکا) نازانن ئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام زۆر فێردەبن.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەمڕۆ بۆ ئێران رۆژێكی گرنگ بوو، سزای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆتایی هات، ئێران ئیتر دەتوانێت هەم چەك بكڕێت‌و هەم بیفرۆشێت، ئێرانی چەك لە كێ دەكڕێت‌و چەكی خۆی بە كێ دەفرۆشێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. هەڵگرتنی سزاكان ئەمڕۆ ماوەی ئەو سزایە كۆتایی هات كە مانگی ئازاری 2007وە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەسەر ئێرانیدا سەپاند‌و بەپێی سزاكە هاوردەكردن‌و هەناردەكردنی چەكی لە ئێران قەدەغەكرد. ساڵی 2015، ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز (5+1) ئیمزا كرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە رێگە بە ئێران درا دوای پێنج ساڵ لە رێككەوتنەكە چەكی كلاسیكی بكڕێت، واتا لە رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری 2020وە كە دەكاتە ئەمڕۆ، هەروەها رێككەوتنەكە دەڵێ دوای هەشت ساڵ لە رێككەوتنەكە قەدەغە لەسەر موشەكی ئێران‌و پرۆگرامەكەی هەڵدەگیرێت واتا لە ساڵی 2023. سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018وە ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی یاخود ئەوەی ئێرانییەكان ناویان لێناوە "برجام" كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە بەركارە، چاودێرانی نێودەڵەتی دەڵێن مانەوەی ئێران لەناو رێككەوتنەكەی دوای كشانەوەی ئەمریكا، تەنیا لەبەر ئەوە بوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو سزایەی لەسەر هەڵگرێت.   لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا هەوڵیدا پشتیوانی نێودەوڵەتی كۆبكاتەوە بۆ درێژكردنەوەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، روسیا‌و چین كە خاوەنی كورسی هەمیشەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەگەڵ درێژكردنەوەی سزاكەدا نەبوون.  چەكەكانی ئێران گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی دەڵێ:" جبەخانەی ئێران لە تانكی بەریتانی‌و كۆپتەری ئەمریكی كۆن پێكدێت، ئەم چەكانە ئێستا لە خۆرئاوا خراونەتە ناو مۆزەخانەوە" واتا چیتر مۆدێلیان بەسەرچووە. بەپێی قسەی ئەو گۆڤارە، ئێران لە جەنگی هەشت ساڵەدا لەگەڵ عێراق، زیاتر لە "یەك لەسەر سێ"ی جبەخانە سەربازییەكەی لەدەستداوە، ئێستا كە سزای نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر هەڵگیراوە، ئیتر ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بكڕێت.  رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای كۆبونەوەی حكومەت، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پیرۆزبایی لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی كۆتایهاتنی وادەی سزاكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئێران‌و ئەمەی بە رۆژێكی نیشتمانی لە مێژووی وڵاتەكەی‌و سەركەوتن بەسەر ئەمریكادا وەسفكرد. ئێستا ئێران ئیتر دەستكراوەیە لەوەی چەك بكڕێت، بەڵام هێشتا دەرفەتەكە بۆ تاران سنوردارە، چونكە: •    ئێران لەناو كێشە دارایی‌و قەیرانێكی ئابوریدایە، ئەمە وادەكات نەتوانێت بڕێكی زۆری پارە بۆ كڕینی چەك خەرج بكات. •    لەلایەكی ترەوە، هێشتا سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە چەك بە ئێران دەفرۆشن، بەردەوامە، ئەمەش هەندێك كێشە بۆ ئێران دروست دەكات. •    هاوكات ئێران خۆشی نایەوێت دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەیەكی خێرا هەموو جۆرە چەكێك بكڕێت، بەرپرسان دەڵێن دەیانەوێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆی چەك ببەستن‌و ئەگەر پارەیەكیش لەو بوارەدا خەرج بكەن دەبێت بۆ كڕینی تەكنەلۆژیای نوێی پەرەپێدانی پیشەسازی چەكی خۆماڵی بێت، بەتایبەتیش لە بواری بەرگری ئاسمانیی‌و دەریایی، نەك تەنیا كڕینی چەك.   بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە ئەگەر بیانەوێت چەك بكڕین، سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا ناتوانن رێگر بن، چونكە ئێران پێشتر سیستمی بەرگری (ئێس 300)ی لە روسیا كڕیوە‌و ئێستاش دەتوانێت سیستمی (ئێس 400) بكڕێت.  ئەولەویەتی ئێران بۆ كڕینی چەك دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت پۆشتە‌و پەرداخكردنی هێزی ئاسمانی بێت، فڕۆكەكانی سوپای ئێران بەشێكی زۆریان تەمەنیان (40 ساڵ) زیاترە‌و پێویستیان بە نوێكردنەوەیە. سەرباری ئەمە، ئەو فڕۆكانەی كە ئێران خۆی دروستیكردوون لەوانە ( كەوسەر، ساعیقە، قاهر 313) ئەو توانا جەنگییەیان نییە كە لەبەرامبەر فڕۆكەیەكی نوێدا مانۆڕ بكەن. ئێستا كە سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش وادەكەی كۆتایی هات، هەریەكە لە روسیا‌و چین چاویان لەوەیە چەك بە ئێران بفرۆشن، چاودێران دەڵێن ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بە نرخێكی هەرزانتر بكڕێت، ئەگەر بتوانێت لەو بوارەدا جۆرێك لە ركابەرێتی لەنێوان روسیا‌و چیندا دروست بكات.  هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن، روسیاو چین بكەونە ركابەرێتی یەكتر بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام رەنگە زۆر دوریش نەڕۆن‌و چاوەڕێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكەن، سەرباری ئەمە هەردوو وڵات بەرژەوەندی ئابوری گەورەیان لەگەڵ هەندێك لەو وڵاتانی تری ناوچەكەدا هەیە كە خۆشحاڵ نین بەوەی ئێران چەكی نوێی دەستبكەوێت. ئەو چەكانەی كە ئێران لە لیستی خۆیدا دایناون بۆ ئەوەی دوای هەڵگرتنی سزاكە بیانكڕێت، بریتین لەم چەكانە: •    فڕۆكەی (سوخۆ سو 30)ی روسی •    تانكی (تی-90) •    موشەكی سیزلر-ی هێزی دەریایی روسیا •    فڕۆكەی (جی- 10)ی چینیی هەناردەی چەك هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تەنیا كڕینی چەك ناگرێتەوە، بەشێكی تری سزاكە تایبەت بوو بە هەناردەكردنی چەك. نەیارانی ئێران لەناوچەكە لەوانە سعودیە‌و ئیسرائیل دەڵێن ئێران هەر لە سەرەتاوە پابەندی ئەم بڕگەیەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبووە، چونكە بەردەوام چەكی ناردووە بۆ هاوپەیمانەكانی لە یەمەن‌و لوبنان لەمەدا مەبەستیان لە حوسییەكان‌و حزبوڵایە.  بۆ ئێران بابەتەكە لەمە فراوانترە، بەرپرسانی تاران باسلەوە دەكەن پیشەسازی سەربازییان گەشەی كردووە‌و كاتی ئەوە هاتووە بیفرۆشن بە وڵاتانی دەرەوە، لەوانە پیشەسازی موشەكیی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و ئۆتۆمبیلی سەربازیی‌و بەلەمی تیژڕە. لەم بوارەشدا ئێران كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە سوریا، عێراق، ئەفغانستان‌و ڤەنزەوێلا، هەڵبەت دەبێت كڕینی چەك لەلایەن ئەم وڵاتانەوە لە ئێران بەشێوەیەكی نهێنی بێت‌و بەدوربگیرێت لە فشارەكانی ئەمریكا.   


(درەو): دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا‌و خاتوو میلانیای هاوسەری توشی كۆرۆنابوون، ئەمە دوای ئەوەهات دەركەوت خاتوو (هۆپ هیكس) یاریدەدەرە نزیكەكەی ترەمپ توشی ڤایرۆسەكە بووە.  ساڵی 2017 ترەمپ (ئەنتۆنی سكاراموچی) كرد بە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی خۆی، بەڵام پاش (10) رۆژ لە پۆستەكە لایبردو خاتوو (هۆپ هیكس)ی تەمەنی (31 ساڵ)ی خستە شوێنەكەی.  خاتوو هیكس هیچ شارەزایی یان زانیارییەكی ئەوتۆی لەبارەی سیاسەتەوە نییە، بەڵام بەدرێژایی پێنج ساڵی رابردوو یەكێك لەو كەسانە بووە كە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ خانەوادەی ترەمپدا هەبووە.  كاروانی كاركردنی خاتو هیكس لەگەڵ ترەمپ پڕە لە هەڵبەرز‌و دابەرز، جارێك دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دواتر بە پۆستێكی جیاوازەوە گەڕایەوە بۆ ناو تیمەكەی سەرۆك.  ئێستا ئەم كچە چۆن توانیویەتی یەكێك لە گرنگترین هەلەكانی كاركردن لەناو ئیدارەی ئەمریكا بەدەستبهێنێت ؟ ئیڤانكا ترەمپ هۆپ هیكس سەرەتای ژیانی پیشەگەریی لە بواری پەیوەندییە گشتییەكان بە كاركردن بۆ كۆمپانیای جلوبەرگی خاتوو ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپ دەستپێكردووە. دوای ئەوەی وەكو نمایشكاری جلوبەرگ لە هۆڵە بەناوبانگەكانی وەكو رالف لۆرین كاریكردووە، نمایشی هەندێك لە جلوبەرگەكانی كۆمپانیاكەی ئیڤانكای وەكو بەشێك لە ئەركی خۆی، نمایشكردووە. كاركردن لەگەڵ كچە گەورەكەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایدا وایكردووە هۆپ هیكس سەرەنجی ترەمپ بەلای خۆیدا رابكێشێت. ئۆكتۆبەری 2014 ترەمپ بۆ كاری پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیاكەی لە بواری خانوبەرەدا خاتوو هیكس-ی هەڵبژارد.  لە پڕێكدا بۆناو سیاسەت ! سەرەتاكانی 2015 خاتوو هۆپ هیكس چووە ناو بواری سیاسەتەوە، كاتێك لەگەڵ ترەمپدا چوو بۆ گەشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، سەرباری ئەمە یارمەتی ترەمپی دەدا لە بەڕێوەبردنی ئەژمارەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.  كاتێكیش كەمپەینی هەڵبژاردنەكە قورس بوو، دەبوو بڕیار بدات لەنێوان ئەوەی ببێت بە سكرتێری رۆژنامەوانی ترەمپ یاخود دەگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرە. هیكس بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرەكەی ترەمپ، بەڵام ترەمپ جارێكی تر داوای لێكرد لەگەڵ تیمە سیاسییەكەیدا بمێنێتەوە‌و خاتو هیكس-یش ئەمەی قبوڵ كرد.  خۆدورگرتن لە میدیاكان سەرباری ئەوەی بەردەوام لەو شوێنانەدا ئامادەیە كە رۆژنامەوانان تێیدا دیدار لەگەڵ ترەمپ دەكەن، بەڵام هۆب هیكس زۆر بە دەگمەن دیداری رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات. هیكس كاتێك دەستی بەكاركردن كرد لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەژمارەكانی خۆی لە تۆڕی تویتەرو ئینستاگرام داخست. كاتێكیش دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆك، ئەركێكی نوێی بۆ دۆزیەوە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان لە كۆشكی سپی.  شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆك بەجۆرێكە كە هەوڵ نادات بیگۆڕێت، بەڵام زۆر بە ساكاری ئاسانكاری بۆ دەكات ئەو كارە بكات كە ئەو دەیەوێت. بەپێی راپۆرتی سایتی "پۆلیتیكۆ"، خاتوو هیكس یەكێك لەو كەمترین كەسانەیە كە بەراستی ئاگاداری ژیانی تایبەتی خانەوادەی ترەمپە، تەنانەت نانی ئێوارەی رۆژانی شەممە "ژەمە خۆراكی تایبەت لە بیروباوەڕی جولەكەكاندا" لەگەڵ ئیڤانكا ترەمپ‌و جارید كوشنەردا دەخوات. هیكس یەكێك لەو ژمارە كەمەی خەڵكیش بوو كە مانگی ئایاری 2017 ئامادەی دیداری پاپای ڤاتیكان بوو لەگەڵ ترەمپدا. دەستلەكاركێشانەوە‌و گەڕانەوە هیكس لە فێبرایەری 2018دا دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمەش دوای رۆژێك لە شایەتیدانەكەی لەبەردەم كۆنگرێسدا، كە تێیدا وتی جارناجارێك لەپێناو بەرژەوەندی ترەمپدا درۆ دەكات.  لەو ماوەیەدا لە كەناڵی فۆكس نیوزی نزیك لە ترەمپ كاری كرد، ئەمساڵ گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك.  كاتێك كە گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك، تارا ماكیلفی پەیامنێری (BBC) لە كۆشی سپی وتی هۆكاری گەڕانەوەكەی زۆر ئاسانە:" كەم قسەدەكات‌و پێدەچێت نهێنییەكانی سەرۆكیش بزانێت". سەرچاوە: BBC  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand