ئێران بێلایەنێکی دۆڕاوی قەرەباخ

Draw Media

2020-11-21 13:37:15



د.هەردی مەهدی میکە – تایبەت بە (درەو)

لە جەنگی قەرەباخدا ئێران بێلایەنی هەڵبژارد و هەڵوێستی نەرمی نواند، بەڵام وەک بڵێیت مێژووی هاوچەرخی ئێران، بێلایەنی لێنەیەت یان لێی قبوڵ نەکەن، لە جەنگی ٤٥ڕۆژەی قەرەباخدا ڕاستە ئێران خاک و سەروەریی پێشێل نەکرا، بەڵام زیانە ئاییندەییەکانی  هێندە زۆرن کە ڕەنگە جەنگەکەی لە ئاییندەدا سەختر نەبێت لە جەنگی خاک یان ململانێ گەرمەکانی لە کەنداو و عێراقدا.  جەنگی قەرەباخ یادەوەری دوو جەنگی جیهانی(یەکەم و دووەم) هێنایەوە یادی ئێرانییەکان، تاران لە هەردوو جەنگەکەدا بێلایەنی ڕاگەیاند و زیانمەندترین وڵاتیش لە ناوچەکەدا دەرچوو، ڕاستە بێلایەن بوو بەڵام هاوپەیمانانی وەک بەریتانیا و ڕووس خاکەکەیان بەکارهێنا، ئابووریی، سەروەریی و سیاسەتی ئەو وڵاتەیان بە جۆرێک شکان تا ئەمڕۆش ئێرانییەکان یادگاریی هەرەتاڵی مێژووی هاوچەرخیان لێی دەڕوانن.

جەنگێک فراوانتر لە قەرەباخ
هیچ کات هێندەی جەنگی قەرەباخ, ئێران، کەم جووڵە و بێلایەن نەبووە، لە جەنگێک کە ڕێک لە پشتسەریدا هەردوو دراوسێیکەی (ئەرمینیا و ئازەربایجان)بە گژیەکداچوون، ئەوەی یەکەمیان دۆستێکی دێرینی ئابووری و دووەمیشیان برایەکی ئایینی و هاومەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی. ئێرانێک لەسەر سوریا، لوبنان، یەمەن و عێراق قسەی یەکەم نەکات شەرکی قسەکەری یەکەمە لە داڕشتنی سیاسەت و جەنگی ئەو وڵاتانەدا، بەڵام لێرەدا بێدەنگ.
وا جەنگەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بە قازانجی ئازەربایجان تەواو دەبێت. بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسییدا تەنها باکۆ و ئیرەوان نەجەنگاوون، ئانکارا و تاران و مۆسکۆش بە جۆرێک بەشداری جەنگەکە بوون، تورکیا هەر زوو ئەمەی نەشاردەوە و بە ئاسمان و زەوی و هەژموونی، داکۆکییەکی "تورکانەی" لە ئازەرییە هاونەتەوەکانی کرد، کۆی توانای مرۆیی و سیاسیی خۆشی هەبوو خستییە گرەو و لە شامەوە بیگرە تا لێوارەکانی دەریای ناوەڕاست، هەرچی پرۆتورکیی ناتورکیش بوو خڕی کردەوە و خستنیە نێو جەرگەی جەنگە گەرمەکەی قەرەباخ. 
مۆسکۆش کە هەم لە درواسێ و پارچە جیابووەوەکانی خۆیدا پریشکی سیاسیی و ئابووریی جەنگەکەی بەرکەوت و هەم هەندێ وردە حسابیشی لەڕێی جەنگی قەرەباخەوە لەگەڵ تورکیا و ئەرمینیا و ئازەریدا ساغ کردەوە.
بۆ ڕووسیا گرنگە کەمترین ئاژاوە هەبێت لە قەوقازدا، چونکە خۆڵەمێشی هەندێ ململانێی ئاییندەیی قەوقاز موژدەیەکی خۆشیان بۆ مۆسکۆ پێی نییە و بریسکەکانی ئەو ململانێێەش تاڕادەیەک سێ لای تەنیووە.
مۆسکۆ دەمێکە لە سەرۆکوەزیرانەکەی ئەرمینیا نیگەرانە، چونکە مەیلێکی ڕۆژئاوایی و سووککردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ مۆسکۆدا هەبوو، ئەمەش نیگەرانی بۆ پۆتین درووست کرد و لە جەنگی قەرەباخدا بە بێلایەنی خۆی، وانەیەکی تووندی بە ئیرەوان دا، هاوکات بەهۆی تورکیا و پشتنەگرتنی ئەرمینیاشەوە، تا ڕادەیەک دڵی ئازەرییەکانیشی هێنایەوە کە هەر لە سەرەتای جیابوونەوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە  پشتی لە مۆسکۆ و ڕوو لە واشنتۆن و ئەنکەرە و تەلئەبیب بوو.


دوو شیعەمەزهەبی ناجۆر
بەڵام بۆ ئێران دۆخە زۆر سەخت تەواو دەبێت، ئەو بێلایەنێکی ناچاریی هەڵبژارد.
ئازەربایجان دراوسێیەکی باکووری ستراتیژییە، هاومەزهەبییەتی، بە بەشێک لە ئێرانی کولتووری و وڵاتانی نەورۆزی دەزانێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سیاسەتی گشتی ئازەربایجان لە تەمەنی زیاتر لە چارەکە سەدەیی خۆیدا پراگماتیک، واقیعییتر بووە و پشتی لە کارتی مەزهەبی شیعەگەریی و نەورۆزیی کرد و بە بەکارهێنانی کارتی نەتەوەیی(ئازەریی)-ڕۆژئاواگەریی و دۆستایەتی ئیسرائیل دەرگای لەگەڵ ئێراندا لە نەوەدەکانەوە داخست، ئەمە یارییەکی ئاگرین بوو، لەنێوان دوو بەرداشدا (ڕووس و ئێران)، خۆی گەیاندە ئانکارا و بە دۆستایەتی ئەو ڕێگای ئابووریی(وزە)، ڕێگای سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیگەرایی بەڕووی خۆیدا کردەوە. تورکیا لە نێوان فشاری ڕووس و ئێراندا بە تاڵەمووی سنوورەکانی، ئازەربایجانی نزیککردەوە لە ئیسرائیل، ڕۆژئاوا و ئەمریکا. بە جۆرێک ئێستا سەرەڕای شوناسی شیعەگەریی، هاوپەیمانی یەکەمی واشتنتۆنە لە ناوچەکەدا. 
لێرە ئەوەی رۆڵ دەبینێ شوناس نیە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی کە وڵاتە کاریگەرەکان مەزهەب و ئاین و ئایدۆلۆژیا دەکەنە کارت بۆ دەستێوەردان، لە شەڕی قەرەباغدا مەسیح و موحەممەد قوربانین، ئیسلام و مەسیحیەت شوێنگۆڕکێیان کردوە، ئاخر ئەگەر ئاین کاریگەر بوایە دەبوو تورکیا و ئێران لە پشتی ئازەربایجانی موسڵمان و روسیا و ئەمریکاش لە پشتی ئەرمینیا بوونایە.
لە نەوەدەکانەوە، لەسەر ناوچەی جێناکۆکی قەرەباخ، هەردوو وڵات شەڕی سارد و کەم کەم گەرمیش بەڕێوە دەبەن. ئەم جەنگە ساردە چارەکە سەدەییە بوویە جەنگی گەرم و تاڕادەیەک یەکلاکەرەوە. دیارە ئەمە قوربانی گۆڕەپانێکی تری ئاگر و دیاری بلۆکبەندی ئێستای دنیای سیاسەتە و بەشێکیش دەبن لە گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکان یان ئەگەر راست بێت "سایکس-بیکۆی نوێ". شەڕی قەرەباخ وەک یەمەن، لوبنان، عێراق و سوریا نیە کە شوناسە مەزهەبییەکان ڕوخساری ململانێکان بن، لێرە بلۆکبەندی جیهانی و بەرژەوەندیەکان ڕوون و ئاشکران، ئاین و مەزهەب و یادەوەریی مێژوویی ناوچەکەش جۆرێک لە قوربانی و فەرامۆشکراوە. چونکە ئازەربایجانی ئیسلامی شیعەمەزهەب، پشتیوانی لە بلۆکی ئەمریکا-ئیسرائیل و تورکیای سوننە وەردەگرێت، ئەرمینیای عیسایی پەناگەکەی کە پێشتر ئێرانی شیعەمەزهەب و مۆسکۆ بوو. ئێستا ئیتر ئازەربایجان وەک نەوەدەکان نییە تەنها خەمی مانەوەی بێت، پێش پەلاماردان و گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکات، هەڵوێستی جیهانی بەلای خۆیدا ساف کرد و لە یەککاتدا ئێران و ڕووسیای  بێلایەن ڕاگرت، ئەمریکای بە بێدەنگی هێشتەوە، تورکیا و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی و گرووپە توندئاژۆ هاوپەیمانەکانی تورکیاشی لە سووریا بە چڕیی هێنایە مەیدانەکە. ئیسرائیلیشی لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە بەکارهێنا و کردییە جەنگاوەرێکی نێو ململانێی قەرەباخ. لە ڕاستییدا ئەم یارییەی عەلیێفی سەرۆکی ئازەربایجان، تێکۆشان و تەقەلاکانی ئەتاتورکی باوکی تورکیای نوێی لە دەیەی بیستی سەدەی ڕابردوودا هێنایەوە بیر، کاتێک بەشێوەیەکی ئاڵۆز و چڕ مانۆڕە سەربازییەکانی ئەنجام دا و خاکی تورکیای لە مەترسی لەناوچوون و لە چنگی بەریتانیا، یۆنان و فەرەنسا  دەرهێنایەوە.

ئێران؛ بێلایەنێک بە تامی دۆڕان
گەرچی ئێران بێلایەن و دڵۆپێک خوێنی لە جەنگەکەشدا خەسار نەکرد، بەڵام زۆرجار بێلایەنی کشانەوە و ناچارییە و تامی دۆڕان دەبەخشێت. بۆچی ئێران زیانمەندی جەنگی قەرەباخە؟
لە ئێستادا فشارەکانی واشنتۆن لەسەر تاران لەوپەڕیدایە، کۆرۆنا یەخەی ئابووریی و ژینگەی ئێرانی چەقاندووە، دەستی وەک جاران لە سووریا و عێراق کراوە نییە، وا دۆخی سنوور-ئاسایشیی-سیاسیی لای باکووریشی گۆڕانی بەسەردا هات و چی¬تر وەک سێ دەیەی ڕابردوو نامێنێتەوە.  
- لەم جەنگەدا ئێران دۆستێکی سیاسیی و ئابووری خۆی(ئەرمینیا) کە باش بەکاری دەهێنا دژی تورک و ئەمریکا و ئیسرائیل، وا بە دۆڕاوی لە جەنگی قەرەباخ دەچێتە دەرەوە و بەمەش بنکەی هاوکێشەکانی ململانێی ئێران گۆڕانی بەسەردا دێت چی دیکە ناتوانێت بە هەمان قەبارە نەرمەهێز و توندەهێزەکانی لە ئەرمینیا بەرامبەر باکۆ و ئەنکارا بەکار بهێنێت.
- ڕوسیا بە هاوبەشی تورکیا، بە گرتنەدەستی جڵەوی ئاگربەست و ڕێکککەوتنی جەنگەکە ئێرانی پەراوێز خست، ئەمەش تاڕادەیەک هاوشێوەی جەنگی سوریای لێهات، کاتێک ئێران سەرەتا قسەکەر و پشتیوانی یەکەمی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام پاشتر بە هاتنی مۆسکۆ بۆ نێو جەنگەکە، هێدی هێدی ڕووسیا لەگەڵ تورکیادا مێزیان کردەوە یەک و ئێرانیان پەرواێز خست لە بڕیار و دابەشکردنی کێکی پاراستنەوەی خاکی سوریادا.
- تورکیا بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی لە ئازەربایجان، چیتر کارتەکانی دەستی بەرامبەر ئێران بەهێزتر دەبن و لەلایەک مەسەلەی برایەتی ئازەریی-توورکی و وروژاندنی کارتی نەتەوەیی، لەلایەکی دیکەوە دەتوانێت باجگیری زیاتری سیاسی وەدەست بهێنێت و لە ڕووی ئابووریی، بازرگانی و وزەشەوە بە کۆمەکی ئازەربایجان موزایەدە و هەڕەشەی پتر لەسەر تاران بسازێنێت. 
- مەترسیەکی دیکەی ئاسایشیی-سیاسیی بۆ ئێران، بریتییە لەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی و سنووریانەی باکوری ئێران، بەهۆی سەرکەوتنی ئازەربایجانەوە و دەستخستنەوەی بەشێکی سنووری لەگەڵ ئێراندا کە پێشتر بەدەست ئەرمینیا بوو، بەڵام ئێستا لەدەستی باکۆدان. ئەمە ئێران ناچار دەکات هەم بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و هەم نیوەی فۆکەسی لە ناوچەکانی کەنداو، عێراق، یەمەن و لوبنان وەرچەرخێنێ بەرەو باکوری وڵاتەکەی، کە پێشتر بەهۆی ڕوسیا و ئەرمینیاوە لێی دڵنیا بوو.
- خاڵێکی دیکە، پشتیوانی ئیسرائیل و بوونی باڵێۆزەکەی لە باکۆ، بۆ لەمەودوا ئیتر ئیسرائیل وەک دۆستی تەنگانەی ئازەربایجان، وەک دراوسێیەکی باکووری ئێران لە ڕێی خاکی ئازەربایجانەوە دەردەکەوێت و بۆ ئاییندە مەترسی ئەمنی-سیاسی و ستراتیژی جێدەێڵێت.
-لەوەش بترازێ هەبوونی گرووپە توندڕەوە سوورییەکان و ئیسلامییە جیهادییەکان کە زۆرینەیان سوننەن و تورکیا بە بیانووی پشتیوانی باکۆی هێنانیە قەرەباخ، ئێرانی نیگەران کردووە و دوور نییە بۆ ئاییندە، هەڕەشەی تیرۆر و تۆقاندن لەناوخۆی ئێران و سنورەکانیدا زیاتر بکەن.
- لە ناوخۆشدا، بە غرووری براوەی ئازەری مەترسیی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات، دووەمین نەتەوەی ئێران ئازەریەکانن، هەم پێکهێنەریی سەرەکی کولتووریی وهەم لە پێگە ستراتیژی و سیاسیی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا خاوەن هەژموونن، بەهۆی جەنگی قەرەباخەوە مەیلی ئازەریی ئازەرییەکانی نێو ئێران بووژایەوە و بۆیە نەیتوانی وەک ساڵانی ڕابردوو ڕاشکاوانە لە پشتی ئەرمینیا بووەستێت، ئەم هەڕەشەیە لەمەودوا کاریگەرتر دەبێت و چەندین بزووتنەوە و جوڵانەوەی نێو ئێران و تورکی و ئازەربایجانیش لە چالاکیدان بۆ یەکخستنەوەی ئازەریی و تورکەکان و سازاندنەوەی "ئازەربایجانی مەزن"، ئەمە ڕایەڵەیەکی هەستیاریی پرسی ئاسایشیی نەتەوەیی ئێرانە و دوور نییە ببێتە کارتێکی مەترسیدار و کاریگەر کە مل و قۆڵی سیاسەتی گشتی ئێران لە ناوخۆدا خوار بکاتەوە.
بەمشێوەیە دەردەکەوێت، گەرچی بە هەڵوێست و سیاسەتی ڕەسمی ئێران بەشداری جەنگ نەبووە، بەڵام بە ئەنجام و لێکەوتەکانی پشکی زیانەکانی ئێران کەم نین و ئاییندەیەکی دڵنیا لەبەردەم تاراندا نییە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand