Draw Media

میـرات و جێپـەنجەی مـرۆڤ لە گـەردوون

میـرات و جێپـەنجەی مـرۆڤ لە گـەردوون

2026-01-03 16:52:46


 لوقمـان حـەوێز- تایبەت بە درەو 

 

ئایا زانیوتە کە مرۆڤ کۆمەڵێک پەیام و میراتی خۆی بۆ قوڵایی گەردوون ناردوە؟ ئەو پەیام و میراتانەی مرۆڤ لەوانەیە بۆ ملیارەها ساڵی تریش دوای نەمانی خۆی هەر بمێنن.

جیاواز لە هەموو کەشتی و گەشتە ئاسمانیەکان مرۆڤ چوار کەشتی بۆ قوڵایی ڕێی کاکێشان ناردوە کە کۆمەڵێک پەیامی گرنگی مرۆڤیان لەسەرە، ئەوانیش هەردوو کەشتی ڤۆیەجەر یەک و ڤۆیەجەر دوو و هەردوو کەشتی پایۆنیر 11 و پایۆنیر 12 ن، لەگەڵم بمێننەوە لەم نوسینە بە وردی باسی هەردوو کەشتی پایۆنیر دەکەم و لە نوسینێکی تر باسی هەردوو کەشتی ڤۆیەجەر دەکەم.

هەردوو پلێتە زێڕینیەکەی سەر کەشتی Pioneer.10 و Pioneer.11 کۆمەڵێک زانیاری سادە بەڵام زۆر گرنگیان لەسەر نەخشێنراوە دەربارەی مرۆڤ و گۆی زەوی، ئاژانسی ناسا لە سەرەتای ساڵانی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردو هەردووکیانی هەڵدا بەرەو قوڵایی کەلەئەستێرەکەمان Milky.Way، لە ئێستادا گەیشتوون بە لێواری کۆمەڵەی خۆر و بەڕێوەن بەرەو قوڵایی گەلەئەستێرەکەمان.

پایۆنیر 10 ئێستا لەسەرەتای ساڵی 2026 دووریەکەی نزیکەی 20.9 ملیار کیلۆمەترە لە هەسارەی زەوی، ئەمەش دەکاتە پتر لە 139 ئەوەندەی دووری زەوی لە خۆر، پایۆنیر 11 ئێستا نزیکەی 17.4  ملیار کیلۆمەتر دور کەوتۆتەوە لە زەوی، هەردووکیان بە بەردەوامی بە خێرایی پتر لە 130 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە هەسارەی زەوی دوور دەکەونەوە.

هەردوو کەشتیەکە مەگەر لەلایەن بوونەوەر و شارستانیەتێکی زیرەکی تری ئاسمانی ڕاوبکرێن یاخود مەگەر بەر تەنێکی ئاسمانی تر بکەون کە هەردو ئەگەر زۆر زۆر لاوازە ئەگینا لایەنی کەم بۆ سەدەها ملیۆن ساڵی تر و بگرە زیاتریش بەردەوام دەبن لە گەشتەکەیان لەنێو قوڵایی گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان، لاشەی هەردوو کەشتیەکە لە ئەلەمنیۆمی ڕەق و تیتانیۆم دروستکراوە کە بەرگەی دۆخەکانی بۆشایی ئاسمان دەگرن بۆ ماوەیەکی ئێجگار دور و درێژ، دواهەمین سیگناڵ کە ناسا وەریگرت لەهەردووکیان ساڵی 2003 بوو بۆ پایۆنیر 10 و ساڵی 1995 بوو بۆ پایۆنیر 11 لەبەر ئەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای تەواو بوو کە لە ڕێگەی ئایزتۆپی تیشکدەری پلۆتۆنیۆم بەرهەم دەهات، بەڵام گەشتیەکان بەهەمان خێرایی خۆیان بەردەوام دەبن لەنێو بۆشاییدا بە هەمان ئاڕاستەی خۆیان بەپێی یاسای یەکەمی نیوتن چونکە لەنێو بۆشاییدا هەوا و هێزی لێخشاندن نیە و هیچ هێزێکی تریش نیە خاویان بکاتەوە و ئاڕاستەیان بگۆڕێت.

ئاژانسی ناسا هەردوو کەشتی پایۆنیر 10 و 11 ی لە ساڵانی 1972 و 1973 یەک بەدوای یەکدا هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان، ئامانج لە هەردووکیان پشکنینی پشتێنەی هەسارۆکەکان بوو لەگەڵ هەردوو هەسارەی جوپیتەر و ساتۆرن، دوای ئەو دوو ئامانجەش هەردوو کەشتی ئاڕاستە کران بەرەو قوڵایی گەلەئەستێرەکەمان بۆ ئەوەی ببن بە پەیامبەری مرۆڤ بۆ بونەوەرەکانی تری گەردوون لە داهاتووی دوردا دوای نەمانی مرۆڤ ببن بە جێپەنجەی مرۆڤ و ئەوان هەر بمێننەوە، هەردووکیان پەیامێکی گرنگیان پێیە بۆ شارستانیەتیەکان و بونەوەرە زیرەکەکانی تری گەلەئەستێرەکەمان لەئەگەری بوونیان و لە ئەگەری دۆزینەوەی ئەو کەشتیانە لەلایەن ئەوان.

کەشتی پایۆنیر 10 دوای نزیکەی 90 هەزار ساڵی تر بەلای ئەستێرەی HIP.117795 تێدەپەڕێت، دوای پتر لە 2 ملیۆن ساڵی تریش بەلای ئەستێرەی ئەلدەبڕان تێدەپەڕێت کە لە ئێستادا 68 ساڵی تیشكی دوورە لە ئێمە و زەبەلاحێکی سورە، پایۆنیر 11 ش دوای نزیکەی 928 هەزار ساڵی تر بەلای ئەستێرەی قەزەمی سور TYC.992.192.1 دا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەش هەردووکیان هەر بەردەوام دەبن لەگەشتەکەیاندا بەهەمان خێراییەکەیان چونکە هەروەک وتم لە بۆشایی ئاسمانی نێو ئەستێرەکان هیچ هێزێک نیە لەخێراییەکانیان کەمبکاتەوە.

دوو پلێتی زێڕ لەسەر هەردوو کەشتی پایۆنیر قایم کراوە، ئەو پلێتانە ئەم زانیاریە گرنگانەی لەسەر نەخشێنراوە:

وێنەی دوو مرۆڤ لە هەردوو ڕەگەز بە ڕووتی، پیاوەکە دەستی بەرزکردۆتەوە وەکو ناردنی پەیامێکی ئاشتی و ڕێزلێنان، نەخشەی گەردیلەی هایدرۆجین لەسەری نەخشێنراوە کە باوترین توخمی گەردوونە، شوێنی کۆمەڵەی خۆریش نیشانکراوە لەسەر نەخشەی گەلەئەستێرەکەمان، ئینجا نەخشەی کۆمەڵەی خۆر و شوێنی هەسارەی گۆی زەوی نیشانکراوە لەسەر پلێتەکە.
هەروەها قەبارەی کەشتی پایۆنیر لەپشت هەردوو مرۆڤەکە نیشاندراوە وەکو پێوەرێک بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی مرۆڤ بەنزیکەیی چەندە.

لە کۆتاییدا من دەڵێم ئەم دوو پەیامە و زانیاریەکانی سەریان ئەگەری ئەوە هەیە بۆ سەدەها ملیۆن ساڵی تر و بگرە چەند ملیار ساڵێکی تر لە بۆشایی نێوان ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەکەمان بمێننەوە تا ئەو ڕۆژەی لەوانەیە لەلایەن بوونەوەر و شارستانیەتیەکی تر دەدۆزرێنەوە، ئەو کاتەی نەوەک هەر مرۆڤ خۆی نەماوە بەڵکو هەموو ئەو شتانەی کە دروستیشی کردوە و جێی هێشتوە لەسەر ڕووی زەوی نەماون و بووە بە بەبەردبوو و تۆز و کۆمەڵێک یادگاری نێو گەردوونێکی تاریک.
 و جێی هێشتوە لەسەر ڕووی زەوی نەماون و بووە بە بەبەردبوو و تۆز و کۆمەڵێک یادگاری نێو گەردوونێکی تاریک.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand