Draw Media

بەرژەوەندی وڵاتان لە نیوان ترەمپ و بایدن دا

بەرژەوەندی وڵاتان لە نیوان ترەمپ و بایدن دا

2020-11-08 17:25:36


دانا حەمەعەزیز

بەدریژایی میژوی تازە، چوار ساڵی ڕابردوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناکاریگەرترین قۆناغ دا تێپەڕیوە.
ترەمپ، پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکای لەگەڵ جیهان، دوچاری پاشاگەردانیی کردۆتەوە. پارسەنگ و ڕاستکردنەوەی  ئەم سیاسەتە، یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی  جۆ بایدن لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی  زەرەر یان قازانجیان کردوە. زۆربەی وڵاتان بە گەشبینی و هەندێکیشیان بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئیدارەی تازەی ئەمریکا.  

کوردوستانی عێراق 
لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەمریکا پێنج سەرۆکی گۆڕیوە، بەڵام  لەسایەی هیچیاندا بە ترەمپیشەوە، ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردوە  تەنانەت لەکاتی شەرمەزاریی و هەڵە کوشندەکانی بارزانیشدا بە ٣١ی ئاب و دەستبەردار نەبونی دەسەڵات و چەسپاندنی حوکمی خێڵ و هەڵەی جەرگبڕی ڕیفراندۆمیشەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان بەردەوام بوون، تەنانەت حکومەتی ئەمریکا دڵسۆزانە لە بارزانی پاڕایەوە ڕیفراندۆم نەکا، لەبەرامبەردا لە دۆکیمێنتیکی مێژووییدا بەدیلیکی زۆر گرنگی خستە بەردەم و هاوکات لە مەترسیەکانی ڕیفراندۆم و ئەنجامە خراپەکانی ئاگاداری کردەوە. تا ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری پشتیوانی کوردی عێراق نەبوە، بەڵام ئەمریکا و هەمو دۆستە خۆراوایەکانی کورد نا ئومێدن لەم مۆدێلەناشیرینەی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردوستان. بارزانی هێشتا خۆی بەسەرۆك و تەنانەت هاوڕێی بایدنیش ئەزانێ بەڵام ناچێێتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی هیچ کام لە و شکست و کارەساتانەی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا دوچاری کوردوستانی عێراق بوە. تائیستا ئاماژەیەك نیە بۆ راگرتنی پشتیوانیەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان، بەڵام ئەم شیوازە گەڕوگولەی حوکمڕانیی هەرێم دواجار مایەیی بەزەیی و پشتیوانی نیە، بەتایبەتی لە وجودی بەغدایەکی بەهێزدا کە بایدن پشتیوانیەتی.

تورکیا
تورکیا و ئەردۆغان، سودمەند بون لە ڕەفتارەکانی ترەمپ. داگیرکردنی بەشێك لە کوردوستانی سوریا لەلایەن سوپای تورکەوە بە تویتیکی بێ مەعنای ترەمپ، دەسکەوتێکی کەم نەبوو بۆ ئەردۆغان ئەگەر کاتیش بێ!
 سەرکوتکردن و پێشێلکاری ئازادیە سەرەتاییەکانی ناوخۆ، کڕینی سیستەمی موشەکیی ڕوسیی، پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو ئاوەکانی قوبرس و یۆنان و ناردنی هێز بۆ لیبیا و بەئاشکرا پشتیوانیکردنی گروپە جیهادیەکانی سوریا، ئەنجامی بیدەنگیی ئیدارەی واشنتن بوە. لەگەڵ ئیدارەی تازە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ پرەنسیپەکانی، حکومەتەکەی ئەردوغان ترسی هەیە ڕوبەڕوی سزای ئابوری و لە قاڵبدانی سیاسی و سەربازی ببێتەوە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە باری ئابوری زۆر دژوارە. 

ئێران
ئەگەرچی بایدن حەز بە گەڕانەوە بۆ پەیمانی ساڵی ٢٠١٥ ئەکات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، بەڵام سەرکێشی و گاڵتەکردنی ئاخوندەکان (لەسەرویانەوە خامنەیی) بەتوانای ئەمریکا و بە سەرۆکی نوێ، ڕێگەی وتوێژ سەختتر ئەکا. ئەگەر ئاخوندەکان سور بن لەسەر ئەم سیاسەتەیان، گوشار و سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران ئەگەر زیاد نەکا، وەك خۆی ئەمێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە ئاشتبونەوەی بەشێك لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرایل، هەڵوێستی دەوڵەتی عیبری توندتر و بەهیزتر کردوە بەرامبەر ئێران. ئیسرایل بەئاشکرا ئەڵێ ئێران مەترسیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرایل و ئیمارات و سعودیە و ڕێگەی پێنادەن لە قەبارەی خۆی دەرچێت!
چین
بە قسە بێتامەکانی ترمپ بێ، پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین لەئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام جگە لە ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەدریژایی چوار ساڵی ڕابردو و تائێستاش، چین سودمەندی گەورەی چەوتیەکانی سیاسەتی دەرەوەی  ترەمپ بوە. چینیەکان نایشارنەوە کە لەسایەی ئیدارەی نوێی و ئەوکاتەی ئەمریکا ئەچیتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، دوچاری گوشاری سیاسی و سزای ئابوری زیاتر ئەبنەوە بەهۆی پێشێلکردنی ئازادیی و سەرپێچی بازرگانیی لەلایەن چینەوە. تاکە هیوای چین بە ئیدارەی نوێ، گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاو و هەوا و هاوکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

ڕوسیا
ڕوسیا هۆکاری سەرەکی دەرچونی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦دا. بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر پەلهاویشتن و پێشیلکاریەکانی ڕوسیا لە چوار ساڵی ڕابردودا، پوتین ی بەرەوە دیکتاتۆری و تاکڕەوەی زیاتر بردوە. لەم چوارساڵەدا، ڕوسیا هیچ بەرهمێکی ئابوری نەچنیوەتەوە، بەڵام دەرفەتی باش بۆ بەپاڵەوان بونی پوتین ڕەخسا بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی سوپاکەی لە سوریا وەك هێزێکی بێ ڕکابەر و مامەڵەکردن بە خاکی سوریاوە لەسەر مێزی ئاشتی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. پوتین مەترسی زۆری لە سزای  ئیدارەی تازەی واشنتن هەیە بۆ گێڕانەوەی مۆسکۆ بۆ قەبارەی خۆی، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ڕوسیا بە قۆناغێکی ئابوری زۆر سەختدا تێئەپەڕێ، بارودۆخی سیاسی ناوخۆی نالەبارە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەلمانیا و یەکێتی ئەوروپا خراپە. ساڵی ٢٠١١ بایدن بە ئاشکرا بە پۆتین ی وت: " ئەگەر لەشوێنی تۆبومایەوە خۆم هەڵنەئەبژاردەوە، چونکە ئەوە بۆ خۆت و بۆ ڕوسیا باشتر بوو"!

ئەلمانیا و ئەوروپا
ئەڵمانیا وەك چوارەم گەورەترین ئابوری جیهان و گەورەترین هاوبەشی ئابوری ئەمریکا، زەرەرمەندی سیاسەتی ئابوری ئیدارەی ترەمپ بوە. بەپێی سەنتەری لێكۆڵینەوەی Pew، بەدرێژایی مێژوو، ترەمپ ناپەسندترین سەرۆکی ئەمریکا بوە و تەنها لە ١٠% ئەڵمانەکان متمانەیان پێی هەیە. هەوڵدانی ترەمپ بۆ کۆسپ دروستکردن لەبەردەم هاوردەی تەکنۆلۆجیای ئەڵمانی و گاڵتەکردن بە ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، زۆرترین توڕەیی لە ناوەندە پیشەسازیەکانی ئەڵمانیا دا دروستکردوە. لەلایەکی ترەوە بەهۆی مامەڵەی نادروستی بازرگانیی ترەمپەوە، هەناردەی پیشەسازی ئەلمانیا بۆ چین زەرەری پیگەیشتوە.
چوار ساڵە ئیدارەی ترەمپ هەر خەریکی سەرزەنشتکردن و سوکایەتی کردنە بە توانای هێزە ئەوروپیەکانی ناو ناتۆ، لە دوو ساڵی ڕابردودا هاریکاریی و پشتیوانی بەرنامەی ناتۆ لەلایەن ئەمریکاوە، پاشەکشەی زۆری کردوە.  بریتانیاش لە سایەی کۆنە پارێزە دژە ئەوروپیەکاندا، ڕۆڵی نیودەوڵەتی خۆی لەدەست داوە. لە ئیستادا فرەنسا، بەتەنیا

سەرکردایەتی سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا ئەکات. لەم قۆناغەدا پشتیوانی فرەنسیەکان بەپلەی سەرەکیی هێزی ئابوری ئەڵمانیا و وڵاتە بچوکەکانی باکوری ئەوروپایە. بەپێچەوانەی ترەمپ، بایدن ئاواتەخوازی ناتۆیەکی بەهێز و  فروانکردنی ڕۆڵ و گەشەپیدانی تواناکانیەتی.  
ترەمپ بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ یەکێتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو نیشانداوە،  چوار ساڵە هانی ئینگلیز ئەدا بۆ دورکەوتنەوە لە ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی شەراکەتی ئابوری و بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا. بەڵام جۆ بایدن بەدرێژایی ئەو هەشت ساڵەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، خۆیی و سەرۆکەکەی، پشتیوانی یەکیتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو بون، دژیی برێکست و بەداخ بون بۆ جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. لای بایدن مامەڵکردن لەگەڵ بەرلین و پاریس پەسندترە لە (لەندەن)ێکی تەنیا. 
بایدن، دژی هەر سەرکێشیەکی بریتانیایە کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی ڕێکەوتن نامەی ئاشتی ئیرلەندای باکور. بایدن بە توندی دژی هەر هەوڵێکی بریتانیایە بۆ توندکردنی سنوری نێوان ئیرلەنداکان و کۆنترۆڵ و پشکنینی کاڵا لە نێوان ئیرلەندای باکور و بریتانیای مەزن(ئینگلتەرا، سکۆتلاند، وێڵز). 
جۆ بایدن بەرەچەڵك ئیرلەندیی و  هاوڕێی نزیکی جێری ئادەمزی سەرکردەی شین فینە. بایدن شانازی بە کاریگەریی لۆبی ئیرلەندیەوە ئەکات کە  هەژمونێکی باشی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەیە، ئەمە جێگەی نیگەرانی کۆنەپاریزەکانی ئینگلیزە و بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئایندەی پەیوەندیەکانی بریتانیا و ئەمریکا بەتایبەتی دوای بەتەواوی دەرچونی  بریتانیا لە یەکیتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand