سیستمی هەڵبژاردن چۆن ئەنجامەكان هەڵدەگێڕێتەوە ؟
2020-11-02 11:34:43
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
دێسەمبەری 2016 رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" هێرشێكی توندی كردەسەر گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا، ئەم گروپەی بە دەزگایەك ناوبرد كە سەردەمی بەسەرچووەو بۆچونی زۆرینەی ئەمریكییەكان پشتگوێ دەخات.
ئەم هێرشە هاوكات بوو لەگەڵ كۆبونەوەی ئەندامانی گروپی هەڵبژاردن دوای مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە تێیدا دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان بەسەر هێلاری كلینتۆنی كاندیدی دیموكراتەكاندا سەركەوت.
لەم هەڵبژاردنەدا، لە دەنگدانی گشتیدا هێلاری بەجیاوازی نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەسەر ترەمپدا سەركەوت، بەڵام ترەمپ بە دەنگی نوێنەرەكانی هەڵبژاردن بە جیاوازی (304) دەنگ بەبەرامبەر بە (227) دەنگ بوو بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
ئەو بنەمایەی كە لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژاردنی پێدەناسرێتەوە ئەوەیە كێ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەسەڵات دەگرێتەدەست، بەڵام لە ئەمریكا بەوشێوەیە نییە، سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە ئەمریكا لەسەر بنەمای "گروپەكانی هەڵبژاردن"ە، لە دەستوری ئەمریكادا شتێك بوونی نییە بەناوی ئەوەی گەل سەرۆك هەڵبژێرێت، مافی هەڵبژاردن تەنیا بۆ گروپەكانی هەڵبژاردنە.
ئەمەیە وایكردووە زۆرێك سیستمی هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكا بە سیستمێكی ستەمكارانە ناودەبەن، لەبەرامبەریشدا خەڵكانێك ئەم سیستمە بە سیستمێكی سەركەوتوو وێنا دەكەن.
گروپی هەڵبژاردن چییە ؟
لە (48) ویلایەتی ئەمریكا پرۆسەی هەڵبژاردن پشت بەو بنەمایە دەبەستێت كە دەڵێ "براوە هەموو دەنگەكان دەبات"، بەواتای ئەوەی هەر كاندیدێك زۆترین دەنگی ولایەتەكە ببات، هەموو ئەو دەنگدانەی پێدەدرێت كە بۆ گروپەكانی هەڵبژاردن لە ویلایەتەكە دانراوە، بەدەنگی كاندیدە دۆڕاوەكەشەوە.
هەردوو ویلایەتی نبراسكا (4 كورسی)و ماین (5 كورسی) جیاكارییان بۆ كراوە، لەم دوو ویلایەتە هەردوو كاندیدەكە تەواوی دەنگەكانی خۆیان دەبەن.
هەر ویلایەتێك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانەكەی، ژمارەیەكی دیاریكراوی دەنگی هەیە لەناو گروپەكانی هەڵبژاردندا، تێكڕای دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا (538) دەنگە، بۆیە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا ئەو كەسەیە (270) دەنگ یان زیاتر لەناو ئەم گروپەدا كۆدەكاتەوە.
لە مێژووی ئەمریكادا (5) سەرۆك هەن كە هەڵبژاردنی گشتییان دۆڕاندووە، بەڵام بە دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن بوون بە سەرۆكی وڵات، لەوانە جۆن كوینسی ئادامز لە ساڵی 1824.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2000دا كە جۆرج دەبلیو بوش كاندیدی كۆمارییەكان ركابەرێتی لەگەڵ ئال گۆر كاندیدی دیموكراتەكان دەكرد، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، لەم هەڵبژاردنەكەدا ئال گۆر لەسەر ئاستی دەنگدانی گشتی (500 هەزار) دەنگ زیاتری لە بوش بەدەستهێنا، بەڵام بوش (271) دەنگی لە گروپەكانی هەڵبژاردن بەدەستهێناو بوو بە سەرۆكی وڵات.
رەخنەكان
رەخنەگران وای دەبینن ئەم سیستمەی هەڵبژاردن نەك ئەوەی ملیۆنان دەنگ بەهەدەر دەبات، بەڵكو دەنگی ملیۆنان كەس لە هاوڵاتیانی ئەمریكا دەبات بۆ كاندیدێك كە ئەوان دەنگیان بۆ نەداوەو كەسێك كورسی ویلایەتەكەیان دەبات كە ئەوان پاڵپشتییان لێ نەكردووە.
بەدرێژایی مێژووش هەردوو پارتەكەی ئەمریكا (كۆماریو دیموكراتەكان) بنكەی جەماوەرییان لە ویلایەتەكان بۆ خۆیان دروستكردووەو ویلایەتەكانیان لەنێوان خۆیاندا یەكلاكردوەتەوە، بۆ نمونە (كالیفۆرنیا) ویلایەتێكە كە بۆ دیموكراتەكان یەكلابوەتەوە، بەڵام ویلایەتی (یوتا) بۆ كۆمارییەكان یەكلابوەتەوە، بۆیە ئەو ویلایەتانە كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەلادا دەخەن كە هێشتا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە بۆ هیچ یەكێك لە پارتەكان، ئەم ویلایەتانەش ژمارەیان كەمەو جارێك بەلای كۆمارییەكانو جارێكی تر بەلای دیموكراتەكاندا دەشكێنەوە.
ئەمە بەواتای ئەوەدێت ملیۆنان دەنگ لەو ویلایەتانەی كە بۆ یەكێك لە دوو پارتەكە یەكلابوەتەوە، بەهەدەر دەچێت.
رەخنەگران دەڵێن كاندیدی "س" رەنگە ویلایەتێك بە جیاوازی 30 بۆ 10%ی دەنگەكان ببات، بەڵام هەمان ژمارەی كورسی لە گروپی هەڵبژاردن دەبات، ئەمەش بەبڕوای ئەوان شورەییەكی گەورەیە لە سیستمی هەڵبژاردندا، خۆ ئەگەر ئەو كاندیدە بە جیاوازی 1% ویلایەتێكی تر لەوانەی كە یەكلانەبووەتەوە ببات، بۆ نمونە فلۆریدا كە خاوەنی (29) كورسییە لە سیستمی هەڵبژاردندا، ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵدەگێڕێتەوە.
دیموكراتیەكەی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە !
جیسی ویجمان رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كە خاوەنی كتێبێكە بەناوی "رێگە بدە خەڵك سەرۆك هەڵبژێرن" دەڵێ:" دیموكراتیەتی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە".
باسلەوە دەكات:" پێنج جار لە مێژووی ئێمەدا، ئەو كاندیدانەی سەرۆكایەتی كە بە دەنگدانی زیاتر لە ركابەرەكەیان بردوەتەوە، هەڵبژاردنیان دۆڕاندووە، ئەمە بۆچی ؟ هۆكارەكەی سیستمەی هەڵبژاردنەكەمانە كە تەمەنی 230 ساڵە".
رەخنەگران وای دەبینن، سیستمی هەڵبژاردن كە "دامەزرێنەرانی ئەمریكا"وە، واتا ئەوانەی كە بناغەی دەوڵەتی ئەمریكایان داناوە، لەدواین ساتەكاندا دەستوردا بڕیاری لەسەردراوە، ئەوكات باوەڕیانوابووە ئەمە باشترین شێوازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵات، ئەمەش لەبەر هەندێك هۆكار كە ئەو هۆكارانە ئێستا بونیان نییە.
بەڵام، لەبەرامبەردا خەڵكانێك هەن كە بەرگری لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەكەن، بەهانەشیان ئەوەیە، زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای تەوافوقی دەنگدانی گشتیو دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن گەیشتونەتە سەر كورسی حوكم.
لایەنە ئەرێنییەكان
لایەنگرانی سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەڵێن ئەم سیستمە هاوسەنگی دروستدەكات لەنێوان ئیرادەی جەماوەرو مەترسی ئەوەی ناوی لێنراوە "ستەمی زۆرینە"، بەتایبەتیش كاتێك كە دەنگی جەماوەر رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی دەنگی كەمینەكانو هەڕەشە لەسەریان.
هەروەك گروپەكانی هەڵبژاردن زامنی بەشداری هەموان دەكەن لەسەر ئاستی وڵات لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئەو كەسەی هەڵبژاردن دەباتەوە دواجار خزمەت بە هەموو وڵات دەكات، بەڵام دەنگدانی راستەوخۆ وا لە كاندیدەكان دەكات هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان كورت بكەنەوە لە ناوچە قەرەباڵغەكانداو گوندنشینو ناوچە دورەدەستەكان پشتگوێ بخەن.
ئالین جیلزو بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەكانی سەردەمی جەنگی ناوخۆیی لە كۆلیژی جیتیسبێرگ دەڵێ ئەم سیستمە هانی ساختەكاری نادات، چونكە پارتەكان ئەگەر ساختەكارییان كرد، ئەنجامی گەورە بەدەستناهێنن.
جیلزو لەوەڵامی ئەوانەدا كە دەڵێن گروپەكانی هەڵبژاردن سیستمێكی پڕ گرێو گۆڵە، باسلەوە دەكات، لە دەستوری ئەمریكادا نەهاتووە حكومەت بەشێوەیەكی سادەو ساكار هەڵبژێردرێت.
جەخت لەسەر ئەوە دەكات سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا نە سیستمێكی بێكەڵكەو نە سیستمێكی كۆن، ئەم سیستمە دانراوە بۆ روبەڕووبونەوەی خراپترین پاڵنەری مرۆییو پارێزگاریكردن لە نەتەوە لە مەترسییە شاراوەكانی ناو پرۆسەی دیموكراتی.
سەرچاوە: سكای نیوز