سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
2020-11-18 10:22:19
درەو:
ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محمد قادر- گۆڤاری ئاییندە ناسی
بەرایی
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە كە کار بۆ ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئایندەی پەیوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکرێت. چوارچێوەی گشتیی ئەم توێژینەوەیە، کارکردنە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستەكانی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. گرنگیی هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیوپۆلەتیك و جیۆستراتیژییەوە، بەتایبەتی بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و گرژی و ئاڵۆزییەکانی کێشەی قوبرس، سووریا، لیبیا و ئیسرائیل/فەڵەستین، دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چ لە ڕووی دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر خاکی سووریا، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا، چ لە ڕووی بەردەوامیدان بە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی هەرێمی نێودەوڵەتی لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و چەندین گرفت و ئالنگاری ببێتەوە.
زەمینە
زۆرێک لە توێژەران کۆکن لەسەر پرسی دیاریکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. گرنگترین ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیە، بریتین لە ئەلبانیا، چیای ڕەش (قەرەداغ)، یۆنان، لیبیا، ئیسرائیل، میسڕ، تورکیا، بۆسنە، سووریا، فەڵەستین و تونس. سەرباری ئەوەی دەریای سپیی ناوەڕاست تەنیا لە ١%-ی کۆی ڕووبەرە ئاوییەکانی جیهان پێک دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگە ستراتیژییەکەیەوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانی جیهان لە گواستنەوەی وزە و کاڵادا بەم دەریایەدا تێدەپەڕن. لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی هەناردەکاری وزە و وڵاتە بەرهەمهێن و پێشکەوتووەکانی جیهاندا کە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشت بە وزەی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە دەبەستن، دەستبەرداربوون لەم ڕێگایە، چ لە ئێستادا و چ لە ئایندەدا کارێکی ئاستەم و نەکردەیە. لە لایەکی دیکەوە گرنگیی جیۆستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەک پردێک لە پێکەوەبەستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەورووپا بە درێژایی چەندین سەدە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گەشەسەندن و پێشکەوتنی تەکنیکەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا و دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، وای کردووە ئەم ناوچەیە بەبەردەوامی ببێتە جێگەی گرنگیپێدان و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.(1) لەگەڵ گەشەسەندنی گرنگیپێدانی زیاتر بەم ناوچەیە لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ئێستادا تورکیاش وەک دەوڵەتێکی هەرێمیی بەهێز؛ گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە دەدات.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ چەند فاکتەرێکی جیاواز بکرێت کە کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەیە. هۆکاری سەرەکیی گرنگیپێدانی زیاتری تورکیا بەم ناوچەیە لە ئێستادا، زیاتر بۆ لایەنی ئەمنی و ئابووری دەگەڕێتەوە. فاکتەرێكی تر کە پاڵ بە تورکیاوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بریتییە لە ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و بەردەوامیی ڕکابەری و ململانێ و پێکدادانەکانی( لیبیا، سووریا، ئیسرائیل/فەڵەستین، کێشەی قوبرس) و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی میسڕ و لوبنان و کاریگەریی بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا لە ئایندەدا. لە لایەکی دیکەوە پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە سیاسەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان بۆ سەر ئایندەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی تورکیا هەیە لە ناوچەکەدا.
لەم ڕوانگەیەوە پێویستە تورکیا لە داڕشتن و دیاریکردنی ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا لە هەریەک لە لیبیا و سووریا، سیاسەتی دەرەوەی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ڕووسیا، لە یەکلاییکردنەوەی ئایندەی کێشەکانی فەڵەستین، سووریا، لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەڵوێست و سیاسەتەکانی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە باڵادەستیی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە، لەبەرچاو بگرێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵوێستی توندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بکەین بەرامبەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی قوبرس لەگەڵ هەریەک لە قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرس) و یۆناندا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە هۆی ئەندامێتیی هەریەک لەم دوو وڵاتە لە یەکێتیی ئەورووپادا.
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە توێژەران کە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن، پێیان وایە یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە بایەخێکی گرنگی هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، فاکتەری ئابوورییە. گرنگی و بایەخی ئەم هەرێمە بە هۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی و ڕۆڵی لە پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا لە ئایندەدا، پاڵ بە حکومەتی ئەنقەرەوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بەتایبەتی لە ئێستادا کە تورکیا ناچارە بۆ دەستخستنی وزەی پێویست پشت بە وڵاتانی دەرەکی ببەستێت. تورکیا لە ڕێگەی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی خۆی لە ئایندەدا، یاخود لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی وزە لەو هێزە وەبەرهێنەرانەی کە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا دەربکەون، دەتوانێت لە بابەتی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتەکەی، خۆی لە پاشکۆیەتیی دەوڵەتانی وەک ڕووسیا ڕزگار بکات.
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین جگە لە فاکتەرەکانی ئاسایش و ئابووری، نزیکەی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە کەوتوونەتە ئەم ناوچەیەوە، لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیک و هاوبەشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. بۆیە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا، کارکردنە بۆ دووبارە تازەکردنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەكەدا. بەڕێوەبردنی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لە ئەستەنبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانییەوە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە و تورکیادا. بۆیە هۆکاری لە نزیکەوە چاودێریکردن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی تورکیا لە جەنگ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا، لیبیا، کێشەکانی ئیسرائیل/ فەڵەستین و میسڕ، بۆ ئەو پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییە دێرینە دەگەڕێتەوە کە لەنێوان هەردوو لادا هەیە.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە تیشک بخرێتە سەر پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تورکیا، سیاسەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە ڕوانگەی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژووی-کولتووری، شیکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا لەم ناوچەیە.
ئاسایش
گرنگیی پێگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیجی و جیۆپۆلەتیکییەوە، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانە دادەنرێت کە پاڵ بە تورکیا دەنێت تا لە ڕوانگەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە چ لە ئێستادا یاخود لە ئایندەدا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، یۆنان، ئیسرائیل، میسڕ، ئیمارات و عەرەبستانی سعودی بەشێکن لەو دەوڵەتانەی کە بەشدارن لە ململانێکانی ناوچەکەدا.
لە ڕووی جوگرافییەوە هاوبەشیی چەندین دەوڵەتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، هەبوونی کەناڵێکی ئاویی وەک نۆکەندی سوێس کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت لەم ناوچەیەدا، بەردەوامیی کێشە و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەم جوگرافیایەدا، هاندانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا لەلایەن لۆبی ئیسرائیلییەوە، خەونی کلاسیکیی گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان لەلایەن ڕووسیاوە، خەونی زیندووکردنەوەی باڵادەستیی سەردەمی ئیمپڕاتۆری لەلایەن بەریتانیا، ڕووسیا و فەڕەنساوە، بەرداوامیی گەڕان و پشکنینەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، هۆکارە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکەوە بە یەكێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان دابنرێت.
ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنداوی سوێس، دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل، گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، بەدەستهێنانی بەشێک لە سەرچاوەکانی وزە لە سووریا، وای کردووە دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی لیبیا و قوبرس گرنگییەکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە لەم ماوانەی دواییدا، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بێگومان تورکیاش وەک هێزێکی هەرێمیی گرنگ، لە ڕێگەی پیادەکردن سیاسەتێکی سەربەخۆوە کار بۆ پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات. سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ململانێیانەدا وای کردووە ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی چەندین گرفت ببێتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا کار بۆ گەمارۆدان و فشارخستەسەر ئەم وڵاتە دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی ئاماژە بۆ هەندێک لەو گرفتانە بکەین، لەوانە: قوبرس بە یەکێک لە گرنگترین ئەو ناوچانە دادەنرێت کە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە. پاش دامەزراندنی کۆماری قوبرس لە ساڵی ١٩٦٠دا، کێشە و ململانێکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر ئەم ناوچەیە تا ئێستا بەرداوامیی هەیە. ئەم کۆمارە گەرچی لە سەرەتادا بە شێوەیەک دامەزراێنرا کە نوێنەرایەتیی هەردوو نەتەوەی (تورک، یۆنانی) بکات، بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر دامەزراندنیدا، یۆنانییەکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەند پەلامارێکی خوێناوییەوە بۆ سەر تورکەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا، هەوڵیان دا گۆڕانکاری لە کۆمارەکەدا بکەن و بیگۆڕن بۆ کۆمارێکی یۆنانی. وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەم کارەدا، تورکیا پلانی دانا دەستتێوەردان لە بارودۆخی نێوخۆی قوبرسدا بکات، بەڵام بە هۆی دژایەتییەکانی ئەمەریکاوە، تورکیا نەیتوانی ئەم پلانە جێبەجێ بکات. تەنانەت دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٤یش، ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی تورکیا، بۆ ماوەی سێ ساڵ دوورگەی قوبرسی وەک ناوچەیەکی لە چەک داماڵراو ڕاگەیاند(1).
پاش قبووڵکردنی ئەندامێتیی یۆنان لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی١٩٨١دا، وە پاشانیش قبووڵکردنی بەئەندامبوونی قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرسی یۆنانی) لە ١/٥/٢٠١٤دا وەک نوێنەری هەموو قوبرس لە یەکێتیی ئەورووپا، هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی قوبرسدا، بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی سنووری ڕووبەرە ئاوییەکانی ناوچەکە و چەسپاندنی دەسەڵات تیایدا کە بە گرنگترین کێشە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دادەنرێت، زیاتر وەک لایەنگری یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەردەکەون لەبەرامبەر تورکیادا. سەرباری ئەوەی تورکیا لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانە دێت کە خاوەنی درێژترین کەناراوی ئاوین لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی تورکیا دەدرێت بەسەر پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجەدا (2).
بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی یۆناندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوورگەکانی میس، ڕۆدۆس، کاشۆت و دوورگەی کریت وەک بەشێک لە خاکی خۆی، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێککەوتننامەیەکی ڕێگەپێدانی لەگەڵ قوبرسی تورکی (کۆماری باکووری قوبرسی تورکی) ئەنجام دا. لە ڕێگەی ئەم پەیماننامەیەوە، تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠١٠-ەوە توانیی هێزە دەریاییەکانی لەنزیک دوورگەی قوبرس جێگیر بکات و کاری پشکنین و گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غازدا لە پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکە ئەنجام بدات(3). لە درێژەی ململانێ و ڕکابەرییەکانی ناوچەکەدا، هێزە دەریاییەکانی تورکیا لە ٩/٢/٢٠١٦دا هەستان بە ڕێگریکردن لە کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئیتاڵی (ENI)، بە تۆمەتی ئەوەی بەنیاز بووە کاری گەڕان و پشکنین بوو لە ڕووبەرە ئاوییەکانی کۆماری قوبرسی تورکی ئەنجام بدات. بەردەوامیی تورکیا لە هەنگاوەکانی کاری گەڕان و پشکنین لەنزیک کەناراوەکانی قوبرس و یۆنان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوبرسی یۆنانی و یۆناندا، بەتایبەت پاش تۆمەتبارکردنی دەوڵەتی قوبرس بە گرتنەبەری هەنگاوی تاک لایەنە و پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی هاوڵاتیانی تورک لە باکووری قوبرس، وای کردووە تورکیا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دووچاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی یۆنان، قوبرسی یۆنانی، ئەمەریکا و فەڕەنسادا.
یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی کە لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا گرنگی و بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت و وەک بە بەشێک لە پرسی ئەمن و ئاسایشی نیشتمانیی ئەنقەرە سەیر دەکرێت، بریتییە لە کێشەی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. تورکیا بە ئامانجی فراوانکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، هەستا بە ئەنجامدانی یاداشتنامایەکی لێکتێگەیشتن لە ٢٧/١١/ ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە (تەرابلوس/لیبیا) بە سەرۆکایەتیی سەراج، بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری دەسەڵات بەسەر ڕووبەرە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. جگە لەوەش تورکیا بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە بواری ئەمنی و سەربازی، ڕێککەوتننامەیەکی دیکەی لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی ئەنجام دا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی تەرابلوس، تورکیا هەستا بە ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە پێکدادانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، بێگومان ئەمەش بوو بە هۆی ئاڵۆزبوون و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای نیشتمانیی لیبیادا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. سڵنەکردنەوەی تورکیا لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری نێوخۆی لیبیا و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کاردانەوەی توندی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم وڵاتە ناچار بە پاشەکشەکردن بکات لە خاکی لیبیا.
یەکێکی دیکە لەو ڕەهەندانەی کە ئەنقەرە لە ئەجێندای ساسیەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە گرنگییەکی زۆری پێ دەدات و کاری بۆ دەکات، بریتییە لە هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە ڕووی سیاسی، ئابووری، مێژوویی و کولتوورییەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لەژێر دەستەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا، تورکیا هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست وەک سووریا، میسڕ، لیبیا و فەڵەستین بەهێز بکات و پەرەی پێ بدات. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەلایەن گەلانی میسڕ، لیبیا و سووریا دژ بە سیستمە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتەکانیان بەئومێدی کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و بەدیهێنانی دیموکراسی لە وڵاتەکانیان، تورکیا هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕش و یاخیبوونانەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلانی ناوچەکە ڕاگەیاندووە بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا. لەم چوارچێوەیەدا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی میسڕ، وە بەتایبەتی پاش بردنەوەی پارتی ئیخوان موسلمین و هاتنەسەرکاری محەمەد مورسی لە ڕێگەی دەنگدان و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە، تورکیا پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتەکەی محەمەد مورسی ڕاگەیاند. بە هەمان شێوەی میسڕ، تورکیا لە ڕێگەی پاڵپشتیی یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە خۆی لە سووریادا، دژایەتیی خۆی بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕاگەیاند.
هەڵوێست و جموجووڵەکانی تورکیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەر لە ڕەتکردنەوەی کودەتا سەربازییەکەی سیسی لە میسڕ، دەستتێوەردانی کاروباری نێوخۆی سووریا و ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا و دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی ژمارەیەک لە دەوڵەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا و ناڕەزایی و هەڵوێستوەرگرتنی ئەو دەوڵەتانە دژ بە جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، وای کردووە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی، تووشی گرفت و لاوازی ببێت. لەم چوارچێوەیەدا هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، ئیسرائیل، ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا و عەرەبستانی سعودی، هەنگاوەکانی ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و زیادکردنی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینین و کار بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی هێز و دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکە دەکەن. لە ئێستادا لەسەر ئاستی هەرێمی بەرەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی دروست بووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێز و نفوزی تورکیا لە ناوچەکەدا بە سەرۆکایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان. وەک دەبینرێت لە ئێستادا ئەم بەرەیە کۆکن لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە کێشەی لیبیا و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرامبەر تورکیادا، لەبەرامبەر پشتیوانی و هاوکارییەکانی وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی بۆ هێزەکانی سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هۆی ڕکابەری و پێکدادانی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان، تا ئێستا نەتوانراوە بەرەیەکی هاوبەش لەبەرامبەر تورکیادا دروست بکەن، بۆ نموونە هەریەک لە فەڕەنسا و ڕووسیا بەگوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان سیاسەتێکی جیاواز و دژیەک لە سووریادا پیادە دەکەن، بەڵام لە لیبیادا هەردوو وڵات لە یەک بەرەی هاوبەشدان و پشتیوانی لە حکومەتەکەی خەلیفە حفتەر دەکەن.
لە درێژەی هەوڵەکانیاندا بۆ گەمارۆدان و لاوازکردنی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پێویستە ئاماژە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و کاریگەریی دیار و بەرچاوی لۆبی ئەو وڵاتە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە ناوچەکە بکەین. لەگەڵ گەشەسەندنی تواناکانی تورکیا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆ لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەیدا، هەر لە داننان بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی فەڵەستین، بەتایبەت پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦-ی ئەو وڵاتە، پێشوازیکردن لە خالید مەشعەلی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەنقەرەی پایتەخت و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، حکومەتی تەلئەبیبی لە ئەنقەرە نیگەران کردووە. بەردەوامیی هەڵوێستەکانی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی فەڵەستین، وەستانەوە دژ بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەردەوامیی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وای کردووە ئیسرائیل هەوڵەکانی تورکیا وەک مەترسی بۆ سەر خۆی ئەژمار بکات، بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی واشنگتۆن دەبێت لەبەرامبەر تورکیادا. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین مەترسی و نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر تورکیادا بە جۆرێک زیادی کردووە کە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و میدیاییەوە پەنا بۆ سوودبینین لە تواناکانی لۆبی خۆی بەرێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی دژایەتیکردن و لاوازکردنی دەوڵەتی تورکیا(4).
ئابووری
یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە پێویستە لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیادا خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار گرنگ و ستراتیجییە، هەم بە هۆی دەوڵەمەندیی بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز و هەم بە هۆی گرنگیی پێگەکەی لە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە. تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی نفوزی خۆیەوە لەم ناوچەیە، لە لایەکەوە کار بۆ ئەوە دەکات کە لە بابەتی دابینکردنی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی، پەیوەستبوونی خۆی بە وزەی دەرەکی کەم بکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان زیاتر پەرە پێ بدات. گەر لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرباری ئەوەی تورکیا لە ئێستادا بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی کاری گەڕان و پشکنینە بەدوای نەوت و غازدا لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا کار بۆ جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوە و گەیاندنی غازی سروشتیی ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی خاکی خۆیەوە بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا(5).
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، بڕی غازی سروشتی لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا یەکسانە بە ٤,٥%-ی کۆی یەدەگی غازی سروشتی لە جیهاندا. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە بەشێکی گرنگی کێڵگەکانی غازی سروشتی لەم هەرێمە لە ناوچەی تامار و لێڤیاتان-ەوە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی کەناراوەکانی قوبرس، میسڕ و ئیسرائیلەوە تا ڕۆژئاوای دەلتای نیل لە کەناراوەکانی میسڕ درێژ دەبێتەوە. گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتی کە دەکەونە سەر ئەم هێڵە، بریتییە لە کێڵگەکانی: 1. تامار: ٣١٨ ملیار مەتر سێجا 2. لێڤیاتان: ٦٠٥ ملیار مەتر سێجا 3. ئافرۆدیت: ١٢٩ ملیار مەتر سێجا 4. کالیپسۆ: ٢٣٠ ملیار مەتر سێجا 5. زۆهر کە ٨٥٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ناوچەکانی نێوان لەڤانت و دەلتای نیل، بڕی ٨,٩ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ بگرێت(6). لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە لێکۆڵینەوەکانی ناوچەی لەڤانت و حەوزی ڕۆژئاوای ڕووباری نیل، تا ئێستا نەتوانراوە کاری گەڕان و پشکنین بە شێوەیەکی چڕ لە ئاوە کیشوەرییەکانی باشووری ڕۆژئاوای کەناراوەکانی تورکیاوە تا کەناراوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و ڕۆژئاوای میسڕ ئەنجام بدرێت. هەر چەندە تورکیا لەم ماوانەی دواییدا لە ڕێگەی کڕینی چەند کەشتییەکی تایبەت بەم بوارە، دەستی کردووە بە کاری گەڕان و هەڵکەندن لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ یۆناندا سەبارەت بە دیاریکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی دەریایی نێوانیان لە دەریای ئیجە، تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی چڕ کاری گەڕان و هەڵکەندن بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لەم ناوچەیە ئەنجام بدات.
جێگەی باسە کێڵگەکانی غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەتەنیا ناکەونە قووڵایی ئاوی دەریاوە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە هەندێک ناوچە لە سنووری کەناراوەکانی لیبیا و میسڕدا دەوڵەمەندن بە لەخۆگرتنی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی. وڵاتی لیبیا لە ڕێگەی خاوەندارێتیکردنی چەندین کیڵگەی دەوڵەمەند بە غازی سروشتی وەک کێڵگەکانی وەفا و بۆری، کە بڕی ٥,١ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 22 دایە. هەر چی وڵاتی میسڕە، بە خاوەندارێتیکردنی کێڵگەکانی زوهر، دەلتای نیل و ئاتۆڵ، کە بڕی ٢,٢ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 16 دایە (7). بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە هۆکاری سەرەکی لە نزیکەوە گرنگیپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە کاروباری نێوخۆی لیبیا و دەستێوەردان لە جەنگی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا، بۆ دەوڵەمەندیی ئەو وڵاتە بە سەرچاوەکانی وزە دەگەڕێتەوە.
لەپاڵ دەوڵەمەندیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە غازی سروشتی، ئەم ناوچەیە لە هەمان کاتدا دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی دیکەی وزە، لە چەشنی نەوت و پێکهاتەکانی. لە ئەنجامی بەردەوامیی گەڕان و پشکنینەکاندا تا ئێستا توانراوە بڕی ٦٤ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی گشتیی ڕووبەری دەریایی و وشکانییەکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە. دۆزینەوەی ئەم بڕە لە نەوتی خاو لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، وا دەکات کە ئەم ناوچەیە نزیکەی ٧,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان لەخۆ بگرێت (8). لیبیا خاوەندارێتیی نزیکەی ٤,٤٨ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات، کە نزیکەی ٢,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دەکات، لەپاڵ لیبیادا وڵاتی میسڕیش خاوەندارێتیی نزیکەی ٣,٣ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات لە جیهاندا(9).
وەک دەبینین دەوڵەمەندیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی، لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ دەوڵەتێکی هاوردەکاری وزەی وەک تورکیا، کە ناچارە لە دابینکردنی بڕی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی پشت بە دەوڵەتانی دەرەکی ببەستێت. لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی تورکیا، دۆزینەوەی نەوت و غازە لە سنووری دەسەڵاتی دەریای تایبەت بە خۆیدا، هاوکات کار بۆ ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی تایبەتەوە لە دەوڵەتانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزەی وەک لیبیا، کاری وەبەرهێنان لە بواری وزە لە ناوچەکە ئەنجام بدات. بەم جۆرە حکومەتی ئەنقەرە دەتوانێت هەم پێداویستییە نێوخۆییەکانی خۆی لە بواری وزەدا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دابین بکات لەبریی پشتبەستن بە دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە، هەم دەتوانێت ببێتە پردی گواستنەوەی وزە لەنێوان ڕۆژهەڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە و بازاڕەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە زۆر پێویستیان بەو سەرچاوانە هەیە. بەم جۆرە تورکیا دەتوانێت ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بپێکێت و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر بەهێز بکات.
- خشتەی ژمارە (١)، بڕی وزەی هاوردەکراو لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٠-٢٠٢٠)(10)
وەک لەم خشتەیەدا دیارە، تورکیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، ناچارە پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستێت و ساڵانە برێکی زۆر وزە لە وڵاتان هەناردەکار بکڕێت. بۆیە لە ئێستادا تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کار بۆ ئەوە دەکات بەردەوامی بە کاری گەڕان و هەڵکەندن بدات بە مەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، تاکوو بتوانێت لە ئایندەدا لە ڕێگەی دەرهێنانی سەرچاوەکانی وزەی ئەم ناچەیەوە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند بێت، هەم خۆی لە پەیوەستبوونی دەرەکی ڕزگار بکات. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا پاش ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەک لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ کۆماری قوبرسی تورکی و ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە لیبیا، لە ڕێگەی کەشتیی تایبەت بە هەڵکەندن و لەرزاندن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، لە سنووری ئاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ناوچەکەدا دەستی کردووە بە ئەنجامدانی کاری گەڕان و هەڵکەندن.
تورکیا لەپاڵ هەریەکە لە کەشتییەکانی تایبەت بە کاری هەڵکەندن بە ناوەکانی فاتیح و یاوز، کەشتیی گەڕانی لەرزێنەری (سیسمیک) بە ناوەکانی باربارۆس خەیرەدین پاشا، کەشتیی لێکۆڵینەوەی لەرزێنەری ئێم تی ئەی ئۆروچ ڕەیس، بە مکوڕی و سووربوونەوە لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، درێژە بە چالاکییەکانی گەڕان و هەڵکەندن دەدات و لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی بچێتە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەی جیهان کە توانای ئەنجامدانی کاری گەڕان و هەڵکەندنیان هەیە لە دەریادا(11). جگە لەو کەشتییانە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا کەشتیی “قانوونی” تایبەت بە کاری هەڵکەندن لەلایەن تورکیاوە خراوەتەوە کار (12). بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ ئەو کەشتییانەی کە لە سەرەوە ناویان هێنرا، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە دەریای ناوەڕاست، جگە لە ناردنی هێزی دەریایی بۆ هاوڕێیەتیکردن و پاراستنیان، تورکیا لە ڕێگەی ئەنجامدانی مانۆڕی دەریایی و بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیەوە لە دوورگەی قوبرس، بەمکوڕییەوە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات(13).
جگە لەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە بچێتە ڕیزبەندیی ١٠ بەهێزترین وڵاتانی خاوەن ئابووریی جیهان، لە ڕووی چالاکی و جموجووڵی ئابووری و بازرگانییەوە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیار و گرنگە. گەر بێتوو تەماشای قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و وڵاتانی درواسێی بکەین لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیکردنی پارتی داد و گەشەپێدان لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵ لەدوای ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەشت لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا پێنج هێندە زیادی کردووە. دەتوانین بڵێین ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەکی گشتی زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بووە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو دەوڵەتانە، بەشێوەیەك كە قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو وڵاتانە تەنیا، ٦, ٢ ملیار دۆلار بووە، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٥دا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بۆ ٣,١٥ ملیار دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هەر لەم ماوەیەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لەگەڵ میسڕ و لیبیادا، بۆ دە هێندە زیاتر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
- خشتەی ژمارە (٢)، بەراوردی گەشەسەندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢- ٢٠١٩/ملیۆن دۆلار)(14)
پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری
یەکێکی دیکە لەو بوارانەی کە تورکیا لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەوردی کاری لەسەر دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێداندا، حکومەتی ئەنقەرە زیاتر گرنگیی بەم پرسە دەدات و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. لەم ڕووەوە ئەوەی یارمەتیی تورکیا دەدات و ئاسانکاریی بۆ دەکات، پەیوەندیی لەمێژینەی مێژوویی و کولتووریی گەلانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی-تورکیادا. جگە لە ماڵتا و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کەناراوەکانی دەریاکانی ئەدریاتیک، تەواوی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریای عوسمانیدا بوون.
بۆیە دەتوانین بڵێین زۆرێک لەو دەوڵەتانەی دەکەونە ئەم ناوچەیە، هەر لە تونسەوە بۆ باڵقان، لە ناوچەی لەڤانتەوە بۆ کەناراوەکانی میسڕ و لیبیا، بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. زۆرێک لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک میسڕ بۆ ماوەی ٣٦٥ ساڵ، لیبیا ٣٦٠ ساڵ، تونس ٣٢٣ ساڵ، چیای ڕەش ٣٩٩ ساڵ، ئەلبانیا ٤٤٥ ساڵ، سووریا، فەڵەستین/ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی ٤٠٢ ساڵ، لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەوە بەڕێوە براون. لەبەر ئەوە بەشێکی گرنگی مێژووی ئەم گەلانە کە ماوەی زیاد لە سێ سەدە بۆ چوار سەدەی خایاندووە، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی. سەرباری ئەوە لە بەشێکی گرنگی ئەم جوگرافیایە کە بەشێک بووە لە جوگرافیا/مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، چەندین کەمینەی بە ڕەگەز تورک ژیاون. لە هەمان کاتدا تا ئێستا وەک میراتێکی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمان لە ناوچەکانی باڵقان درێژە بە ژیان دەدەن، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک ئەلبانیا و بۆسنە هەرسک موسوڵمانان زۆرینەی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن، تەنانەت لە یۆنان و مەقدۆنیا ژمارەیەکی گرنگ لە هاوڵاتیانی تورک و موسوڵمان دەژین.
ئەم نزیکایەتییە کولتوورییە کە مێژووی هاوبەش لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، خاڵێکی گرنگە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. حکومەتی ئەنقەرە هەر لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ و نەجمەدین ئەربەکانەوە تا دەگاتە ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، گرنگییەکی زۆری بەم بابەتە داوە و بە بەرنامە کاری بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باڵقان، لەڤانت و باکووری ئەفەریقا کردووە و دەکات، ئەمەش وای کردووە هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، بەنیگەرانییەوە لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەنقەرە بڕوانن لە ناوچەکەدا، کە ئامانج لێی گەڕانەوەیە بۆ جوگرافیای سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.
جێگەی ئاماژەپێدانە، تورکیا بە درێژایی چەندین دەیە هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی بەم جوگرافیایە نەداوە کە جێگەی باس بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەتای گەڕانەوە و گرنگیپێدانی تورکیا بەم جوگرافیایە، بە شێوەیەکی کرداری بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی حکومەتی ئەنقەرە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا وەرچەرخاند. بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتادا لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و دواتریش لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “عوسمانیی نوێ”وە، هەوڵی داوە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بپێکێت(15).
ئەنجام
هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لەسەر ڕێگای تێپەڕینی کاروانە بازرگانییەکان لە ئۆقیانووسی هیندەوە بەرەو ئەورووپا، تێپەڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، گواستنەوەی نەوتی قەوقاز لە ڕێگەی هێڵی بۆریی باکۆ-جیهان و گواستنەوەی وزە و کاڵا بە ڕێگای دەریایی لە ڕێگەی لە نۆكەندی سوێسەوە، پێگەی دوورگەی قوبرس وەک ناوەندێکی سەربازی، دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە ڕووی ستراتیژییەوە نەک تەنیا پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت، بەڵکوو لە سۆنگەی سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت. دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە و زیادبوونی گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکە، لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ و ڕکابەریی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر ئەم دەریایە بۆ دەستبەسەرداگرتن و چەسپاندنی هێزی خۆیان، ڕۆڵی تورکیاش وەک هێزێکی چالاک لە ناوچەکە زیادی کردووە. لە ڕاستیدا هۆکاری بنەڕەتیی گرنگیدانی تورکیا بە پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو لیبیادا، بۆ ستراتیژیی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.
گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و خواست و خولیای تورکیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی لیبیا، سووریا و فەڵەستین و کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە، بووەتە مایەی دروستکردنی نیگەرانی و مەترسی بۆ سەر بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە لە ئێستادا ژمارەیەک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک ئیمارات، میسڕ، عەرەبستانی سعودی و یۆنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا و ڕووسیا، کەوتوونەتە جموجووڵ و چالاکی دژ بە خواست و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە. بەردەوامی و سووربوونی حکومەتی ئەنقەرە لە درێژەدان بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە زیانی خۆی بشکێتەوە بە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئەو وڵاتە.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.
_________________________________________________________
سەرچاوەکان
- Yaycı, C. ‘Doğu Akdeniz’de Deniz Yetki Alanlarının Paylaşılma Sorunu ve Türkiye’. Bilge Strateji, 4:6, 2012, ss.1-72.
- Kemal İnat, “Türkiye’nin Kıbrıs Politikasının Dönüşümü”, Bilgi, Sayı: 2, (2005), s. 44-45.
- Nasıh Sarp Ergüven, “Adaların Deniz Alanı Sınırlandırmasına Etkisi ve Doğu Akdeniz”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, der. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, SETA, İstanbul
- Nurşin Ateşoğlu Güney, “Türk Dış Politikasını Anlamak: Doğu Akdeniz Stratejisi”, Yeni Şafak, 3 Şubat 2020.
- Burhanettin Duran, “NATO’nun ‘Güncellenmesi ve Doğu Akdeniz Hamlesi?”, Sabah, 3 Aralık 2020; Burhanettin Duran, “Doğu Akdeniz’de Üç Kritik Adım”, Sabah, 28 Aralık 2019.
- Deniz İstikbal ve Hacı Mehmet Boyraz, “Doğu Akdeniz Enerji Kaynaklarına Ekonomi-Politik Bir Yaklaşım”, Kıbrıs Araştırmaları ve İncelemeleri Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 5, (2019), s. 69-86.
- Yunus Furuncu, “Doğu Akdeniz’de Türkiye Dışındaki Ülkelerin Hidrokarbon Arama ve Sondaj Faaliyetleri”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020).
- International Energy Statistics”, EIA, www.eia.gov/international/data/world, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020.
- “Oil Data: Upstream”, OPEC, www.opec.org/opec_web/en, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020).
- “BP Statistical Review of World Energy, 2019 68th Edition”, BP, bp.com/content/dam/bp/business-sites/en/global/corporate/pdfs/energy economics/statistical-review/ bp-stats-review-2019-full-report.pdf, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020.
- Doğal Gaz Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “Petrol Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “2018 Kömür Sektör Raporu”, TKİ, www.enerjiportali.com, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020).
- Büşra Zeynep Özdemir, “Uluslararası Deniz Hukuku Perspektifinden Türkiye’nin Doğu Akdeniz Politikası”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020); Barış Şimşek, “Türkiye Gemileri Dörtlüyor”, Sabah, 17 Temmuz 2019.
- “Sondaj Gemisi ‘Kanuni’ Türkiye’de”, TRT Haber, 15 Mart 2010.
- “Doğu Akdeniz-2019 Davet Tatbikatı Tamamlandı”, TRT Haber, 20 Kasım 2019; “Fatih’i, Yavuz’u Milli Savaş Gemileri Koruyor”, Akşam, 27 Haziran 2019.
- Kaynak: TÜİK verilerinden derlenmiştir.
- Burhanettin Duran, “Türk Dış Politikası Ortadoğululaşıyor mu?”, Ortadoğu Yıllığı 2008, (Küre, İstanbul: 2009), s. 385-402.