كاندیدەكانی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق
2026-01-03 17:34:54
درەو:
رۆژی دووشەمە دوا وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، ئەوەی تا ئێستا لە ناو كوردا خۆی كاندید كردووە هەریەك لە ( ئاسۆ فەرەیدون، شوان داودی، موسەنا ئەمین، حسێن سنجاری، لەتیف رەشید....) چاوەڕوان دەكرێت تا رۆژی دووشەمە ژمارەیەك كەسایەتی تر خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستە.
- لایەنە ئۆپۆسیۆنەكان: لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (هەڵوێست، یەكگرتوو، كۆمەڵ، چاوەڕوان دەكرێت نەوەی نوێش) كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكۆكماری عێراق و بڕیارە (د. موسەنا ئەمین ) پەرلەمانتاری یەكگرتوو دەبێتە كاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان.
- یەكێتی: یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتی دیاری نەكراوە، هەرچەندە ناوی نزار ئامێدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سكرتێری پێشووی جەلال تاڵەبانی دەبێتە كاندیدی فەرمی یەكێتی، بەڵام ئەوەی لە پشتی پەردەوە قسەی لەسەر دەكرێت، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیەو چاوەڕوان دەكرێت ببێتە كاندیدی سەرۆكی یەكێتی، بەپێی بەدواداچوونەكان بافڵ تاڵەبانی مەرجەكانی تێدایە، لەوەی كە لە ساڵی 1973 لە ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغداد لە دایك بووەو تەمەنی 40 ساڵی تێپەڕاندووەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسیشی هەیە.
- پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی كاندیدی خۆی دیاری نەكردووە، هەرچەندە لە دوو خولی پێشوو پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق هەبوو، ساڵی 2018 لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پارتی د. فوئاد حسێنی كاندید كرد بەڵام دەرنەچوو، لە ساڵی 2022 پارتی هۆشیار زێباری كاندیدكرد بەڵام دوورخرایەوە، دواتر رێبەر ئەحمەدی كاندیدكرد پاشان كشاندیەوە، بۆیە لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی بە وەفدی پارتی راگەیاندبوو كە دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی دەدەن، نازانرێت ئەم هەڵوێستی یەكێتی بەپێی رێككەوتن بووە لەبەرامبەر كاندیدی سەرۆككۆمار یان هەڵوێستێكی تاك لایەنە بووە؟ بەڵام چاوەڕوان ناكرێت بە ئاسانی رازی بێت ئەو پۆستە بدرێتە یەكێتیو جگە لەوەی رێكبكەون لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی و رازی بوونی یەكێتی بە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەو شێوەیەی پارتی دەیەوێت، رۆژی 29ی مانگی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجەكانی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق راگەیاند كە ئەو پۆستە دەبێت لایەنە كوردییەكان خۆیان یەكلای بكەنەوەو بۆ هیچ لایەك یەكلا نەبووەتەوە.
- سەربەخۆكان: تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بە شێوەی سەربەخۆ بەفەرمی سەربە هیچ حزبێك نین لەوانە ( شوان داودی، ئاسۆ فەرەیدوون، لەتیف رەشید، حسێن سنجاری...).
پۆستی سەرۆككۆماری عێراق وەك عورفێكی سیاسی بەر پێكهاتەی كورد دەكەوێت، هاوشێوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سونەو پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ شیعە.
مەرجەكانی پاڵێوراوی سەرۆككۆماری عێراق بەپێی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012:
یەكەم: لە عێرق لەدایك بووبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی.
دووەم: لەڕووی عەقڵییەوە سەلامەت بێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
سێیەم: ناوبانگی باش و ئەزمونی سیاسی هەبێت، دەستپاك و سەرڕاست و دادپەروەرو دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
چوارەم: نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ "بەكالۆریۆس" كەمتربێت و دەبێت بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت.
پێنجەم: حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات.
شەشەم: یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور).
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.
پۆستی سەرۆككۆماری عێراق:
- 2005 – 2014 جەلال تاڵەبانی سەرۆككۆماری عێراق (2012 نەخۆش كەوت)
- 2014 – 2018 د. فوئاد مەعسوم
- 2018 – 2022 د. بەرهەم ساڵح
- 2022- 2025 د. لەتیف رەشید
