درەو: راپۆرتی: ژوری توێژینەوەکانی گۆڕان دەستپێک ڤلادمیر پوتن سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕوسیا لە ٢٤ شوباتی ٢٠٢٢ ئۆپەراسیۆن و جەنگی لەدژی ئۆکرانیا راگەیاند، جەنگەکەش لەژێر ناو و پاساوی«ڕێگریکردن لەو کۆمەڵکوژییەی حکومەتی ئۆکرانیا لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردودا گرتویەتیەبەر، بەدیاریکراوی لەو ناوچانەی ئۆکرانیا، کە ڕوسی زمانن و داوای مافی چارەی خۆنوسین دەکەن». لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوروپا و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، وەڵامی خێرای روسیایان دایەوەو لەڕێگەی سزادانی ئابوری و هاوکاری سەربازی پاڵپشتیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، دژ بە هێرشەکانی ڤلادمیر پوتن. پاش جەنگی دووەمی جیهانی، ئەمە بۆ یەکەم جارە جەنگێکی لەم شێوەیە لە نزیک سنورەکانی ئەورپادا ڕودەدات. ئەمەش وایکردووە ناوچەکەو جیهان لەئێستادا ڕوبەڕوی پرسی ناسەقامگیر و سیاسی و ئابوری و سەربازی ببێتەوە. دیارە هێرش بردن و بەرگریکردن بۆ هەریەک لەم وڵاتانە پاڵنەر و پرسی جدی و هۆکاری خۆی هەیە، کە دیارترینیان بە بۆچونێکی ڕیالیستی، پەیوەندیدارە بەپرسی ئاسایش و سەقامگیر و بەرژەوەندی سیاسی هەریەک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان و وڵاتانی ناوچەکەوە. تێڕوانین بۆ جەنگی ئۆکرانیا لە ڕوانگەی تیۆری و واقعی ڕاستەقینەی ڕوداوەکەوە، بەستراوە بەوەی بە چ چاویلکەیەک تەماشای ئەم پرسە دەکرێت. ئێمە لەرێگەی ئەم لێکۆڵینەوەیەوە هەوڵدەدەین ئەم پرسە وەک بابەتێکی زانستی سیاسی و نێودەوڵەتی شرۆڤە بکەین، دواتر هۆکار و لێکەوتەو سیناریۆکانی جەنگەکەو پێشبینی ئایندەی پەیوەدنییەکانی روسیاو ئۆکرانیا، بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە. بابەتی ئاسایش و سەقامگیری بابەتێکی فکریە ، بەستراوە بە تێڕوانین کارەکتەرە سیاسیەکان بۆ دەوروبەری خۆیان. "باری بوزان" باوەڕی وایە کە خاڵی دەسپێکی بابەتێکی ئاسایشی پەیوەندیدارە بە بڕیاری کارەکتەرە سیاسیەکانەوە، بەڵام چەمکی هزری بونی ئاسایش مانایەکی تەواوی نییە بەڵکو ئاسایش بابەتێکە لە کۆمەڵگادا پێناسە دەکرێ و دەناسێنرێت، بۆیە کاراکتەرەکان ئەتوانن هەندێک لە بابەت و پرسەکان بە دەستدرێژی لێک بدەنەوە و بەرامبەرەکانیان وا لێبکەن لە بەرپرسیاریەتیەکان پەیڕەی بکەن، کەواتە ئاسایش بابەتێکی کۆمەڵایەتیە. بۆیە دەتوانین بڵێین تێگەشتنی تاک وەک کائینێکی کۆمەڵایەتی لەلێکدانەوە و بۆچون و خوێندنەوەی بۆ بابەتی ئاسایش گرنگیەکی تەواوی هەیە. لێرەدا جەنگی ئۆکرانیا وەک بابەتێکی ئاسایشی لەپاڵ بابەتەکانی تردا لێک دەدەینەوە، دەرک و تێگەشتی سەرۆکی ڕوسیا و ئۆکرانیا و پاشانیش وڵاتانی ناتۆ لە ڕوانگەی ئەم تیۆریەوە بۆ پرسی ئاسایشی ناوچەکە دەخەینە ڕوو. چوارچێوەی تیۆری یەکێک لە سادەترین تیۆریەکانی بابەتی ئاسایش تێروانینی تیۆری مەتەڵی ئاسایشە ، هەوڵی لە نیشاندانی گرفتی ئاسایش داوە. تیۆری مەتەڵی ئاسایش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تێگەشتی کاراکتەرەکان بۆ بابەتی ئاسایش ڕۆڵی سەرەکی هەیە. کاراکتەرەکان لە بابەتی تێگەشتی ئاسایش (چ دروست، چ نادروست)، ئەگەر هاتوو بە دەستدرێژی لێکیاندایەوە، ئەوا ڕەفتار لەخۆ نیشان دەدەن و دەست بەهێرشکردن دەکەن، لە بیر و هۆشی خۆیاندا ئەم ڕەفتارە ڕواڵەتێکی تەواو بەرگریکارانەی هەیەو ئەو گریمانە دادەنێن کە نیەتی ئەمان بۆ دراوسێکانیان تەواو ئاشتیانەیە. لەکاتێکدا بەو شێوە نیەو دراوسێکانیان دەرک و لێکدانەوەی تەواو جیاوازیان هەیە. ئەم بابەتەش لای لایەنی بەرامبەر بونی هەیە، بۆ بەرزکردنەوەی پارێزگاری لە خۆی، دەست بەهەموو کارێکەوە دەنێت، ئەم سوڕە بەو جۆرە بەردەوام دەبێت، تا بارودۆخەکە ناسەقامگیرتر دەبێت. بۆیە لە ئاوا بارودۆخێکدا ناتوانی نیەتی کاراکتەری بەرامبەر بخوێنیتەوە. بۆیە دەبێت خۆت بۆ بەکار هێنانی هەرجۆرە ئامرازێک ئامادە بکەیت. لەسەر بنەمای ئەم تیۆریە دوو جۆر کێشە بونی هەیە، یەکەم تێگەشتن ( ئیدراک)، دووەم بەڵگە (اسناد)، واتە سەرەڕای کێشەی تێگەشتن کە دەبێتە هۆکاری بڕیاردان جا چ دروست یان نادروست لە هزری بڕیاردەرانی لایەنی بەرامبەر، لەڕوانگەی دەرونناسی دروست بونی هۆکار و کاریگەری دیاردەکە، لە بارودۆخەکەدا لێک نزیک دەبنەو و وەک یەک وان. کێشەی دووەم کە بەڵگەیە، واتە تێڕوانین و نیشاندانی ڕەفتاری ئەوان دەبەسترێتەوە بەخو و نیەت و کەسایەتیانەوە، بۆ نمونە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا لە سەروبەندی جەنگی ساردا، جێگیرکردنی سوپای سوریان لە ئەوروپای رۆژهەڵات، دەبەستەوە بەخەسڵەتی هێرشکاری و کارەکتەری شەڕانگێزی سیاسەتمەدارنی سۆڤیەتەوە، واتە ئەم پرسەیان نەدەبەستەوە بە هۆکاری دروست بونی ناتۆ و بونی ئەو هێزە لە ناوچەکەدا، کە لەبەرامبەردا سۆڤیەت سوپایەکی لەدژی جێگیر کردبو. دیارە لەبارودۆخی وەک ئێستادا ئەم تێڕوانینە بۆ ئێستاش دروستە، وەک بڵێی مێژوی هزری سیاسەتمەدارەکان خۆی دوبارە دەکاتەوە. هزری "ڤلادمیر پوتن" و بێ ئۆقرەی ئەو لە بوونی هێزی ناتۆ و جێگیرکردنی پێگەی سەربازی ناتۆ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپای نزیک لەڕوسیا، ئەو بۆچونە بۆ ڕوسیا دروست دەکات کە ئامانجی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامانجێکی هێرشکاری و دەستبردنە بۆ سیاسەتی ناوخۆی ڕوسیاو هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە، وەک لێدانی گورزی دووەم پاش ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت. بۆیە "ڤلادمیر پوتن" لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەی باسی بابەتێکی مێژویی کرد، ئاماژەی بە ووتەی یەکێک لەڕاوێژکارەکانی سەرۆک وێڵسن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا کرد لەساڵی ( ١٩١٨)، کاتێک دەڵێت:"بۆ ئەوەی لە شەڕی ئیمپراتۆری ڕوس قورتار ببین، دەبێ خاکی ئەو وڵاتە دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ لە سیبریاوە دەست پێ بکەین". یەکێکی تر لە تیۆریەکان کە لە بواری ئاسایشە و پەیوەندیدار بە تێگەشتنە لە بابەتی ئاسایش تیۆری گریمانەی ، لەسەر بنەمای دەرونناسی تیۆری گریمانە پێشبینی دەکات کە تاک لە بارودۆخی سود هەوڵی مەترسیدار نادات، بەڵام لە بارودۆخی زیان هەوڵی مەترسیدار دەدات. لێرەدا سود و زیان بەگوێرەی خاڵی سەرەتای، یان سەرچاوەکەی لێک دەدرێتەوە. بە واتایەکی گۆڕان بە نیسبەت بارودۆخی ئێستا هەڵدەسەنگێنرێت، بەهای بەدەست هاتوو لە سەرئەنجامی جیاوازی خاڵی دەسپێک یان سەچاوە لەگەڵ سود یان زیانەکەیدا دەبێت. ئەگەر بمانەوێت ئەم بابەتە بەزمانی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێک بدەینەو بەم شێوەیە کە سیاسەتمەداران بە تێگەشتنی سودو زیان خۆیان، کە لەگەڵ ئەوانی تر هەیانە بۆ پارێزگاری لەبەرژەوەندی خۆیان (سیاسی، ئابوری)، هەنگاوی مەترسیدار هەتا ڕادەی جەنگ دەنێن، لە پێناو بەرژەوەندی تازەی خۆیان. بەشێوەیەکی گشتی لە بارودۆخی سود دژی هەنگاوی مەترسیدارن، لە بارودۆخی زیانکردن لەگەڵ هەنگاو مەترسیدارن. بۆیە پاراستن و مانەوەی سیستمی سیاسی ڕوسیا بۆ ڕابەرانی ئێستای ڕوسیا بابەتێکی حەیاتیەو بە بەهای جەنگ لێک دەدرێتەوە. ئۆكرانیا :ناسنامەو پێگەی جیۆسیاسی و دیمۆگرافی ئۆکرانیا لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتەوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، دووەم گەورەترین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپایە، ڕوبەرەکەی بریتییە لە (603 هەزار و 628) کیلۆمەتر دووجا، لەگەڵ روسیا لە ڕۆژھەڵاتەوە بە درێژایی (1576) کیلۆمەتر هاوسنورە، لە باکورەوە لەگەڵ بیلاڕووس بە (891) کیلۆمەتر، پۆڵەندا بە (428) کیلۆمەتر، سلۆڤاکیا بە (90) کیلۆمەتر و ھەنگاریا لە ڕۆژئاواوە بە (103) کیلۆمەتر، ڕۆمانیا بە (169) کیلۆمەتر و مۆلدۆڤا بە (939) کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوا، ھاوسنوورە. جگە لەوەی لە باشورەوە بەسەر دەریای ڕەش و دەریای ئازوف دا دەڕوانێت. بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئوکرانیا زیاتر (44) ملیۆن کەسە کە دەکاتە (0.62%) دانیشتوانی جیھان. تەمەنی مام ناوەندی دانیشتوانی وڵاتەکە (39.8) ساڵە (69%) دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین. گرنگترین سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵاتەکە بریتین لە (نەوت، گازی سروشتی، ئاسنی خاو، مەنگەنیس، خەڵووز، خوێ، گۆگرد، گرافایت، تیتانیۆم، مەگنیسیۆم، نیکل و جیوە و چەندان کانزای بەنرخی تر) سروشتی پێگەی جیۆسیاسی ئۆكرانیا بەجۆرێكە كە ئەو وڵاتە كەوتوەتە نێوانی دووكوتلەی جیۆستراتیجی ئۆقیانوسی خۆرئاواو ئۆراسیاوە. ئەمەش وایكردووە پاش ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت و سەربەخۆبونی لەساڵی (1991)ەوە، ئۆكرانیا دوچاری جۆرێك لە دابەشبونی دیمۆگرافی و سیاسی وكلتوری و ئیتنی و مەزهەبی و كۆمەڵایەتی وئابوری ببێتەوە. لێكەوتەكان بەجۆرێكن كەروسیا توانیویەتی كاریگەری و هەژمونی هەبێت بەسەر كەرتی رۆژهەڵات و باشوری ئۆكرانیادا، هەرێمی(قرم – كریما) لەبەشی باشور بەتایبەتی، لەبەرابەردا ئەوروپا و ئەمریكاش كاریگەریان لەسەر كەرتی خۆرئاوا و باكوری ئەم وڵاتە دروستكردووە. بەشی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا زۆرینەیان ڕوس زمانن و بەڕوسی دەدوێن. رێژەی ڕوس زمانەكانیش دەگاتە (17.3%)ی گشت دانیشتوانی ئۆكرانیا. لەڕویی مەزهەبیشەوە ئەم هاوڵاتیانە ئەرسەدۆكسین لەسەر شێوازی كەنیسەی بەروسیاوە پەیوەستن. هاوكات كاریگەرن بەبەها كۆمەڵایەتیەكانی ڕوسیا. لەڕویی كلتوریشەوە خاوەن كلتورێكی داخراون. لەروی ئابوریشەوە ئەم بەشە زیاتر پشت بەسامان وداهاتی كشتوكاڵی دەبەستن. بەڵام بەشی خۆرئاواو باكوری ئۆكرانیا زۆرینە بەزمانی ئۆكرانی دەدوێن و رێژەیان دەگاتە (77.8%)ی گشت دانیشتوانی ئۆكرانیا. دانیشتوانی ئەم كەرتە زیاتر هەڵگری مەزهەبی كاسۆلیكی و ئەرسەدۆكسی و پرۆتستانتن لەگەڵ بونی كەمینەیەكی مسوڵمانیش. لەڕویی كلتوریشەوە كەوتونەتە ژێركاریگەری بەها كۆمەڵایەتیەكانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاوە. هاوكات لەڕویی ئابوریشەوە زیاتر پشت بەكەرتی کشتوکاڵ بە پلەی یەکەم و دواتر پیشەسازی و بازرگانی دەبەستن. لەڕوی سیاسیشەوە زۆرتر ئەو هێزانەی لەم بەشەدا بڵاوبونەتەوە كە پێشتر بەهێزی ئۆپۆزسیۆن ناسران و مەیلدارن بۆ نزیكبونەوە لەسیاسەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا و ئەوروپاو ئەمریكا. ئەم کۆمارە لە ساڵی (1922)ەوە تا کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت بەشێک بووە لەو یەکێتییەو لە (28/8/1991) سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. شاری (کیێڤ) کە گەورەترین شاری ئوکراینایە کرایە پایتەختی وڵاتەکە. لە ڕووی کارگێڕییەوە وڵاتی ئۆکرانیا، جگە لە دورگەی (قرم) کە خاوەنی خود موختارییە، دابەشکراوە بۆ (24) ناوچە یان پارێزگا. ئۆکرانیاو توانا ئابورییەکانی لەگەڵ ئەوەی ئۆکرانیا بەسەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، لەگەڵ جیابوونەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت خاوەنی ئابورییەکی بەهێز نەبوو، چونکە بەردەوام لەدوای ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکانی ڕوو لە قەیران دەکات زۆرجاریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی گورزی گەورەی لە ئابورییەکەی داوە. بەڵام بەم دواییانە یەکێک بووە لە دەوڵەتە خاوەن ئابورییە بەهێزەکان لە ناوچەکە، چونکە بایەخێکی گەورەی ئابوری ستراتیجی بۆ وڵاتانی ئەوروپی هەیە، ئەمەش یارمەتی دەربووە بۆ گەشەی خێرای وڵات، جگە لەوەی خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەی سروشتییە لە بواری کانزاو کشتوکاڵ، سەرباری ئەو میراتە پیشەسازییەی لە یەکێتی سۆڤییەت بۆی بەجێمابوو. بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان. کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا پشکی گەورەی بەخشیبووە بە گەشەسەندی ئابوری وڵاتەکە، ئەمەش بایەخێکی گەورەی بەخشیوە پێیان لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ناردەنی بواری کشتوکاڵ (45%)ی هەناردەی ئۆکرانیا پێکدەهێنێت، بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گونجاوی و فراوانی و بەپیتی خاکەکەتی کە نزیەکەی (40) ملیۆن هێکتار زەوی شیاوی هەیە بۆ ئەو بوارە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئۆکرانیا ساڵانە (50) ملیۆن تەن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت، لەنێویاندا بەرهەمهێنانی (28) ملیۆن تەن گەنم و هەناردەکردنی زیاتر لە (18) ملیۆن تەنی، ئەمەش پلەی شەشەمی وڵاتانی هەناردەکەری گەنم و چوارەم هەناردەکەری گەنمەشامی و پلەی سێیەم لە بڕی بەرهەمهێنان، پلەی دووەم لە بەرهەمهێنانی جۆ و پلەی چوارەم لە هەنارەکەری لەسەر ئاستی جیهان پێ بەخشیوە. سەرەڕای گرتنی پلەی یەکەمی سەرئاستی جیهان لە هەنارەکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەو پلەی سێیەم لە بەرهەمهێنان و هەنارەدەکردنی هەنگوین کە ساڵانە بەنزیکەی (81) هەزار تەن دەخەمڵێنرێت. هەروەها هەناردەکردنی میوەی وڵاتەکە ساڵانە دەگات بە (55) هەزار تەن لە میوەی جۆراوجۆر، جگە لە هەنارەکردنی (450) هەزار تەن لە گۆشتی سور و (431) هەزار تەن لە گۆشتی سپی. لە بواری کانزاشدا پشکێکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئاسنی خاو کە ساڵانە (60) ملیۆن تەنە و بەم پێیەش پلەی شەشەم دەگرێت لەبەهەمهێنانی ئاسن لەسەر ئاستی دنیا و پلەی دووەم لە خاوەندارێتی یەدەگی جیوە لەسەر ئاستی ئەوروپا. پلەی یەکەم لە کبریت و پلەی دەیەم لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی خاوی تیتانیۆم. لە بواری پیشەسازیدا ئۆکرانیا پلەی چوارەمی هەیە لە هەناردەکردنی ماتۆڕ (تۆڕباین) بۆ ویستگەی وزی ئەتۆمی و پەلەی دوانزەیەمیشی هەیە لە هەنادەکردنی چەک کە بە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە نزیکەی (700) هەزار کەس کاری لە کارگەکانی چەک کاردەکەن. ئۆکرانیا: سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەگەڵ دەستپێكی ساڵی (2014) هاوڵاتیانی ئۆكرانیا ڕژانە سەرشەقامەكان، دژ بەسیاسەتەكانی حكومەتەكەی (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ)، داوای سەرەكی نارەزایەتیەكانی شەقام بۆ دەست لەكاركێشانەوەی ناوبراو بوو. دەستپێكی بارگرژیەكانی ئۆكرانیا دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختی ڕەتكردنەوەی ڕێكەوتن نامەیەكی بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، لەلایەن "یانكۆڤیچەوە" ەبەرواری (21/11/2013)، ئەم هەڵوێستەی یانكۆڤیچ لێكدرایەوە بەخواستی ڕەتكردنەوەی پرسی بەئەندام بونی ئۆكرانیا لە (یەكێتی ئەوروپا). لەبەرامبەردا خواستی حكومەتی ئۆكرانیایان بۆ زیاتر نزیك بونەوەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەڕوسیا بەدیكرد. لەپاڵ ئەم هۆكارە و چەند هۆكارێكی ناوخۆی دیكەدا شەقامی ئۆكرانیا جوڵا و خۆپیشاندان ونارەزایەتی جەماوەری دەستیپێكرد. سات بەسات روبەری خۆپیشاندانەكان بەرفراوانتر دەبوو، تێكهەڵپژانی زیاتر روویدەدا، ژمارەی قوربانیەكان بەرزدەبویەوە، هەموو ئەمانە رێگەی خۆشكرد بۆ (یانۆكۆڤیچ) سازش بكات، بەرامبەر داواكاریەكانی ڕای گشتی و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی، وەك بڕیاردان لەبارەی (ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی و گێرانەوەی دەستوری پێشوتری ئۆكرانیا و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار ... هتد)، بەڵام گشت ئەم هەنگاوانەی سەرۆك دادی نارەزایەتی خۆپیشاندەرانی نەداو هاوڵاتیان سوربون لەسەر داواكاریەكانیان. ئەوەی لەم نێوەندەدا هاوكێشەكەی بەسودی هاونیشتیمانیانی ئۆكرانیا یەكلاكردەوە، رۆڵی سوپاو هێزە ناوخۆیەكان بوو، كە بێلایەنی خۆیان لەكێشەكانی وڵات راگەیاند و نەچونە بەرەی حكومەتەكەی یانكۆڤیچەوە. خۆپیشاندانەكان بەردەوام بون، سەرئەنجام كار گەیشتە ئەوەی كەلە (22/2/2014)دا سەرۆك كۆمار لەژێر فشاری شەقامدا ناچاربوو كۆشكی كۆماری وڵات جێبهێڵێت و بەرەو ڕوسیا هەڵبێت. لەگەڵ هەڵهاتنی سەرۆكیشدا راستەوخۆ پەرلەمانی ئۆكرانیا، كۆی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی گواستەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، دواتر ڕاگەیەندرا؛ كە چیتر "یانۆكۆڤیچ" شەرعیەتی سەرۆكایەتی نەماوەو بەفەرمی لەپۆستەكەی دورخراوەتەوە. ئەوەی لەم نێوەندەدا دۆخی ئۆكرانیای لەكێشەیەكی ناوخۆییەوە گواستەوە بۆ ئاستی قەیرانێكی نێودەوڵەتی بریتی بوو لە دەست تێوەردانەكانی روسیا، بۆ نێو ململانێكانی ناوخۆی ئۆكرانیا لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیانی بەرەگەز روسی دانیشتوی ئەو وڵاتە. لەبەرامبەریشدا هاتنە سەرخەتی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و سەپاندنی چەند سزایەك بەسەر روسیادا، وەك فشارێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی لەسەر سنور و خاكی ئۆكرانیادا. ئیدی لە دوای روداوەکانی ساڵی 2014 لە کیێڤ، گرژیی سیاسی لە پەیوەندیەکانی ئۆکرانیا و روسیادا دروست بووە، لەوکاتەوە هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی "ئۆکرانیا" تووشی قەیرانێکی سیاسی و سەربازی بووە و ئەم رووداوانەش گرژییەکی زۆری لە کریمیا روسیا لێکەوتەوە. لە کاتێکدا گرژی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی "ئۆکرانیا" بەرزبووەوە لە دەرئەنجامی نمایشی هێزی سەربازی روسیادا لە ناوچەکە، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاماژە دەدەن بەوەی کە ئەم هەوڵ و ئامادەکارییەی "مۆسکۆ" بە مەبەستی داگیرکردنی خاکی "ئۆکرانیا" لێکدراوەتەوە. لەم بارەیەوە لە کۆبوونەوەی نێوان "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمەریکا و "ڤلادیمێر پۆتین" سەرۆکی روسیا لە 7ی کانوونی یەکەمی 2021 بایدن هەڕەشەی کردەوەی تووندی ئابووری و سیاسی لە دژی روسیا کردووە ئەگەر لە دژی دراوسێ ڕۆژئاواییەکەی ڕێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی ئۆکرانیا و تەواوکاری خاکی دووپات کردەوە و داوای گەڕانەوەی کرد بۆئامرازی سیاسی و دیپلۆماسی کردووە بە مەبەستی یەکلایکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکان. دۆخی نێوان ئۆکرانیاو روسیا بۆ گەیشت بە ئێستا؟ لەدوای ڕوداوەکانی ساڵی (2014)ەوە هەڵهاتنی "ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ" بۆ رووسیا و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن پارتی مەیدان، رۆژئاوا و بەتایبەتی "ئەمەریکا" پشتگیریی ئۆکرانیای دەکرد. وەک کاردانەوەیەک مۆسکۆ دوای ئەوەی پارتی مەیدانی نزیک بە ئەورووپای یەکگرتوو و ئەمەریکا حوکمی گرتە دەست، لە دوو ناوچەی نزیک رووسیا دەستیانکرد بە خۆپیشاندان، ئەوانیش؛ لە ناوچەی دۆبناس کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەسەر سنووری روسیا لە دۆنباس و لە نیمچە دوورگەی کرێمیا (قەرم). لە ساڵی 2014 لایەنگرانی "رووسیا" دەستیان بەسەر پەرلەمانی کرێمیادا گرت و ریفراندۆمێک رێکخرا، لە کرێمیا 95٪ داوایانکرد بە روسیاوە ببەسترێنەوە و بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆ لەناو فیدراسیۆنی رووسی. رووسیا دەستی بەسەر هەموو دامودەزگاکان و چەک و سووپای ئۆکرانیادا گرت کە لە کرێمیا بوو، بەتایبەتی لە پاپۆڕەکانی دەریایی ئۆکرانی. "رووسیا" تا زیاتر قوڕگی ئۆکرانیا بگرێت و بیخنکێنێ لەگەڵ "تورکیا" رێککەوت تا بۆڕی گاز بە تورکیادا ببات بەرەو ئەورووپا کە پێشتر تاکە رێگەی گازی "رووسی" بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیادا دەڕۆیشت. ئۆکرانیا و زۆربەی وڵاتان لە ئەوروپای یەکگرتوو و ئەمەریکا ئەم دەنگدانەیان رەتکردەوە و بە ساختەیان لە قەلەمدا و وتیان دەستی روسیای تیادا بووە. تاکو ئێستا وڵاتان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، کرێمیا هەر بە بەشێک لە ئۆکرانیا دەزانن و ستاتووەکەی نەگۆڕاوە. لەو کاتەوە چەندین جار لایەنە ناکۆکەکان کۆبوونەتەوە بە ناوبژیوانی وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی هەوڵەکانی (فەرەنسا و ئەلمانیا) لەلایەن و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەکی ترەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان وگەڕانەوەی سەقامگیری بێ ئاکام مانەوە، بەم جۆرە ناکۆکییەکان تا ئێستا هەر بەردەوامیان هەیە هەرودوو لا یەکتری تۆمەتبار دەکەن. خواستی ڕوسیا بەرامبەر ئۆکرانیا بەپێی تێگەیشتنەکانی روسیا قەیرانی ئۆکرانیادا لەو نیگەرانییەوە سەرچاوەی دەگرت کە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا مەبەستییانە ئەو بۆشاییەی نێوان (مۆسکۆ و کێیڤ) بقۆزنەوە وەک کارتێک لەبەرامبەر سیاسەتەکانی روسیا بەکارنێنن، لەبەرامبەر ئەمەشدا مۆسکۆ ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەبینێت لە ڕوانگەی گەماڕۆدانییەوە لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابووری، لەبەرئەوەی کریملین پێی وایە فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات مەترسییەکی ئەمنی هەیە بۆ سەر روسیا، تێڕوانینی روسیا بۆ ئۆکرانیا وەک درێژکراوەیەکی مێژوویی و کولتووریش بەستراوەتەوە. بۆ ئەمەش هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ تا هەڵگیرسانی ئەو جەنگەی ئێستا دەیبینین، ئەویش لە پێناو؛ 1. وەرگرتنی گەرەنتی لە ڕۆژئاوا کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆ 2. ڕاگرتنی هەڕەشە و جموجۆڵە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. ململانێی ڕوسیا و ئەمریكا و وڵاتانی ناتۆ لەقەیرانی ئۆكرانیادا قەیرانی ئۆكرانیا بەشێكی دانەبڕاوە لەململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان، بەتایبەت لەنێوان روسیا و رۆژئاوادا، بەسەركردایەتی ئەمریكا. بۆیە دەكرێت بڵێین كە پێگەی ئۆكرانیا گرنگیەكی زۆری بۆ روسیا هەیە بەو پێیەی؛ 1. لەڕوی مێژوویی و سیاسی یەوە ئۆكرانیا بۆماوەیەكی زۆر بەشێك بوە لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران (1919-1991). دواتریش هاوپەیمانێكی سیاسی گرنگ و پارێزەری بەرژەوەندی و ئامانجەكانی ڕوسیا بوە لەناوچەكەدا. 2. لەڕوی جیۆپۆڵەتیكەوە ئۆكرانیا بۆ روسیا گرنگی خۆی هەیە، بەوپێیەی كە ئۆكرانیا دەرگایەكی كراوە و سنوردابڕە بۆ ڕوسیا لەبەرامبەری رۆژئاوادا. 3. لەڕوی ئابورییەوە ئۆكرانیا بۆ ڕوسیا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەو پێیەی كە ئۆكرانیا دەرگای كراوەی ڕوسیایە بۆهەناردەكردنی گاز و نەوت بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست. 4. لەڕوی سەربازیەوە ئۆكرانیا بۆ ڕوسیا گرنگی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئۆكرانیا بوەتە بەشێك لەپشتێنەی ئەمنی بۆ ڕوسیا، لەبەر بونی بنكەی سەربازی و كەشتیگەلی ڕوسیا لە دەریای رەش و دورگەی سیفاستۆبڵدا. دەكرێت بڵێین بەهەمان شێوە پێگەو دۆخی قەیرانی ئۆكرانیاش بۆ ئەمریكاو وڵاتانی ناتۆ لەئێستادا گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە، لەبەر چەند هۆكارێك لەدیارترینیان: 1. لەروی جیۆپۆڵەتیكەوە، ئۆكرانیا پێگەیەكی ستراتیژی گرنگی بۆ ئەمریكاو وڵاتانی ناتۆ هەیە، چونكە ئۆكرانیا دەكەوێتە سەر سنوری دەریای رەش و نزیكە لەنێوەندی ئاسیای ناوەراستەوە، كەهەردەم ئەمریكا لەم ناوچەیەدا دەیەوێت پارێزگاری لەهەژمونی تاكرەوی دەسەڵاتی خۆی بكات. 2. ئۆكرانیا وڵاتێكی دەوڵەمەندە لەروی پیشەسازی بەرهەمهێنانی بواری چەكسازیەوە، بۆیە ئەمریكاو وڵاتانی ناتۆ هەوڵ دەدەن، تاوەكو رێگربن لەبەردەم دەست راگەیشتنی روسیا بەم بوارەو سود لێوەرگرتنی تایبەتی خۆی لەو نێوەندەدا. 3. ئۆكرانیا سنورێكی بەرفراوانی جوگرافی لەگەڵ روسیادا هەیە، بۆیە ئەمریكاو وڵاتانی ناتۆ دەیانەوێت لەلایەك رێگربن لەپەرینەوەی هێزی روسیا بۆ نێوەندی ئۆكرانیا و دواتر بۆ ناوچەكانی ئاسایی ناوەراست، لەلایەكی دیکەش دەیانەوێت گەمارۆی سەربازی ئابوری سیاسی زیاتر بخەنەسەر روسیا، لەپێناو كەمكردنەوەی هەژمونی روسی لەناوچەكەدا. 4. لە ئێستادا ئەمریكاو هاوپەیمانی دەیەوێت سود لەقەیرانی ئۆكرانیا ببینن، لەپێناو زەبرگەیاندن بەبەرژەوەندی تایبەتی روسیا، ئەم جەنگە بە قازانجی خۆیان شەکەت کردنی ڕوسیا بەلادا بخەن. 5. ئەمریكا دەیەوێت قەیرانی ئۆكرانیا بقۆزێتەوە، بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوپەیمان لەیەكێتی ئەوروپا، لەبەرامبەر بەرەی دژایەتیكردنی روسیادا. لێکەوتە ئابورییەکانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاستی جیهان یەکەم: لەڕوی ئابورییەوە دەتوانرێت بوترێت زۆرترین کاریگەرییەکانی جەنگ، لەسەر ئابوری جیهان جێهێشتووە بەپێی داتاکان " Food Price Index"ڕیبەری نرخی خۆراک کە مانگانە نرخەکان تۆمار دەکات، لە جیهان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا گەیشتووە (140.7) بەبەراورد بە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2022 بە ڕێژەی (3.9%) بەرزبۆتەوە بە ڕێژەی (20.7%) بەراورد بەساڵی 2021 بەزبوونەوە ڕویداوە، بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراو (FAO) نرخی ڕۆنی ڕوەکی لە سەرەوەی ڕێبەرەکەیە بۆ بەرزبونەوەی نرخەکان کە بەڕێژەی (8.5%) بەرزبۆتەوە. بەردەوامی بەرزبونەوەی ئەم نرخانەش ئەگەڕێتەوە بۆ خواستی بەکاربەران. و کەمبونەوەی (Palm Oil) لە وڵاتی ئەندەنوسیا کە گەورەترین هەناردەکاری ڕۆنەی سۆیایە، هەروەها بەرهەمی ( سۆیا) لە ووڵاتانی ئەمریکای لاتین کەمبۆتەوە. تێبینی ئەوەش دەکرێت کە کێشەی هاتوچۆی پاپۆڕەکان لە ناوچەی دەریای ڕەش زەحمەتبوون ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی هەناردەی خۆراک کێشەی بۆ دروستببێت. بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی (FAO) نرخی بەرهەمە شێرەمەنیەکان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە ڕێژەی (6.4%) بەرزبۆتەوە بە بەراورد بە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمەش بەهۆی کەمی بەرهەمی شیر لە ئەوروپاداو باشووری دەریای پاسافیک کە ئوسترالیاو نیوزلەندا ئەگرێتەوە. سەرباری بەرزبونەوەی بەردەوامی خواست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئاسیا. هاوکات نرخی گەنمەشامی بە ڕیژەی (5.1%) بەرزبۆتەوە بە هۆی کەمبوونەوەی لە هەناردەکردن لە ئۆکرانیاوە. لەگەڵ ئەوانەش نرخی گەنم کە خۆراکێکی سەرەکییە لە جیهاندا بە ڕێژەی (2.1%) بەرزبۆتەوە بە هۆی کێشەی هەناردەکردن لە ناوچەکانی دەریای ڕەشدا. بەرزبوونەوەی نرخی برنج لە جیهاندا بە ڕێژەی (1.1%) بە هۆی ئەوەی خواست لەسەر برنج لەلایەن کڕیارەکانی ئاسیای نزیک و بە هێزبوونی دراوی وڵاتانی هەناردەکار بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی. هاوکات نرخی گۆشت وەک لە ڕیبەرەکەدا هاتووە بە ڕێژەی (1.1%) بەرزبووەتەوە لە مانگی کانونی دووەمدا بەتایبەتی (Bovine meat) گۆشتی مانگا بەرزترین نرخی تۆمارکردوە بە هۆی خواستی بەردەوام لەسەری و کەمبوونەوەی خستنەڕوە هەروەها بەرهەمی گۆشتی بەراز زیادیکردوە بەڵام گۆشتی(Ovine meat) مەڕ و پەلەوەڕ کەمیکردوە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی (فاو) ڕێبەرێ شەکر بە ڕێژەی (1.9%) نرخەکەی دابەزیوە. بەهۆی پێشبینی بەرهەمی باش لە هیندستان و تایلەندو هەروەها باشترکردنی بەرهەمهینان لە بەرازیل. بە هۆی بەرزبونەوەی نرخ هەڵئاوسان لە نرخی خواردندا دروست بوە. بەپێی لێدوانی ئابوریناسێکی ڕێکخراوی (فاو) ئەم بەرزبوونەوانە بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەی قازانج دابەزێت لە ووڵاتە بەرهەمهینەرەکاندا. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هانی جووتیارەکان نەدات بۆ وەبەرهینان و یارمەتی فراوانبوونی بەرهە بەرهەم نادات. بۆیە چاودێرانی ئابوری پێیان وایە شەڕی ڕوسیاو یۆکرانیا ناتوانرێت پشتگوێبخرێت. چونکە ئۆکرانیا یەکێکە لە بەرهەمهینەرە گەورەکانی ڕۆنی گڵۆبەڕۆژەو گەنم، ئۆکرانیا لەگەڵ وڵاتی بیلاروسیا سێیەکی گەنمی جیهان بەرهەمدەهێنن، شەڕەکە بۆتە هۆی ناسەقامگیری بۆ بازاڕی خۆراکی جیهان و کەرتی وزەو هەتا کەرتی گواستنەوەش گرفتی بۆ دروستبووە، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر تەواوی پانتایی جیهان . بەڵام بەرزترین هەڵئاوسان لە کەرتی ووزەدا تۆمارکراوە. بۆیە گرنگی تێگەیشتن لە شەڕی روسیاو ئۆکرانیا لە کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی ووزەی روسیاو ئۆکرانیا. بۆیە بازرگانەکان تەنانەت پێش ئەوەی یەکەم فیشەک بتەقێنرێت کاردانەوەی خۆیان هەبوو لەسەر شتومەکەکان، کە ڕٶڵی ئەو دوو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا چۆن دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوروپای ڕۆژئاوا. لە بارەی پەینی کیمیاویەوە روسیاو بەلەڕوسیا بەیەکەوە لە (40%) بەرهەمی هەناردەی جیهان پێکدەهێنن. لە دەستدانی ئەم بڕەی هەناردەی پەینی کیمیاوی کاریگەری هەیە لە بەرازیلەوە بۆ ئەمریکا و کێشەی گەورەی خستنەڕووی دروستکردووە . ئەگەر باسی (تۆو) بکەین ئەو شەڕە دووجار کاریگەری ئەبێت لەسەر خستنەڕوو. چونکە ناوچەکە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری تۆو و بەتایبەت تۆویی بەرهەمە ڕۆنیەکان. ئەگەر بەهۆی شەڕەکەوە نەچێنرێت، ئەوا جارێکی تر کاریگەری لەسەر خستنەڕوو دەبێت. ئێستا بەندەرە سەرەکیەکانی ئەو سنورە داخراون و کێشەی گواستنەوە دروستبوە. تەنانەت ئەگەر تۆوەکانیش دەستبکەون هەر کێشەی گواستنەوە دروستبوە. بۆیە ئەگەر کێشە دروستببێت بۆ کشتوکاڵی وەرزی بەهارو بەرهەمی گەنم کە زستان چێندراوە بۆ هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکان و جوتیارەکان بکرێن بەسەرباز ئەوا کێشەکە زیاترو گەورەتر ئەبێت. دووەم: لەڕوی سیاسییەوە ڕوسیا وەک هێزێکی نێودەوڵەتی پاش هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت، لەڕوی کرداری و سیاسییەوە پێگەی بەتەواوی لاواز بوو، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمەریکا، تاوەکو سیاسەتی هەژمونی خۆی، بێ بونی حەریفێکی سیاسی- سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان پێشبەرێت. گەرچی ئەم نیقاشە لە دنیای سیاسەتی نێودەوڵەتی مێژویەکی کۆنی هەیە، پەیوەندی بەو خاڵە جیاواز و بیرکردنە جیاوازانەوە هەیە کە هەریەک لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا (ڕوسیا و ڕۆژئاوا) بۆ ڕۆڵ و پێگەو سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیانە. دیارە دوبارە بونەوەی هێزێکی وەک یەکێتی سۆڤیەتی جاران لەم ناوچەیەدا دەتوانێت گرفت وتەگەرە بۆسەر سیاسەتی ئەوروپاو ئەمریکا دروست بکات. ئەم گرفتە ئەتوانێت زۆر ڕوی هەبێت. بۆیە پاش ڕوخانی سۆڤیەت بەشێکی زۆر لە وڵاتانی سۆڤیەت لە ڕوسیا جیابونەوە، بێ مەرج لە دنیادا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری ناسێندران. ئۆکرانیا یەکێک بو لەو وڵاتانە. ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا دەستیانکرد بە جێگیرکردنی هێز و پێگەی سەربازی، لە کۆتایی دەیەی سەدەی بیستەم بەتایبەتی لەڕێگەی ناتۆوە، ڕوسەکان لەم بارودۆخە بێزاری خۆیان دەربڕی، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەوکاتەدا دەسەڵات و پێگەیان لاواز بوو، گوێ بە داواکاری و خواستەکانیان نەدرا. بەڵام ئێستا لەگەڵ هەڵگیرساندنی جەنگی ئەم دوایەی ئۆکرانیا، ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم جەنگە تەنها جەنگێکی ئاسای نییە، یان نیگەرانی لە هەڵسوکەوتی سیستمێک لە ناوخۆی وڵاتێک دژی خەڵک و ڕەگەز و زمان نییە، بەڵکوو ئەم جەنگە جەنگێکی لە نێوان دوو بیرکردنەوەی جیاواز، دوو ترسی جیاواز دەتوانین بڵێن جەنگی دوو فەرهەنگی جیاواز. ڕۆژئاوایەکان هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەمەیان نەشاردەوە، ڕەفتاری ڕوسیایان بە ڕەفتارێکی دوژمنکارا لێک دایەوە، خێرا یەکێتی وڵاتانی خۆیان تۆخ کردەوە، چەکی ئابوریان دژی ڕووس بەکار هێنا، ئۆکرانیایان وەک شەریکێکی ناڕەسمی خۆیان لەقەڵەمدا، بە مانایەکی دیکە جەنگێکی نوێنەرایەتی لە ڕێگەی وڵاتێکی سەربەخۆ. دەتونین بڵین ڕوی سیاسی ئەم باتە قۆناغێکی نوێی سیاسەتی دنیای نێودەوڵەتیە، جەنگی دەسپێشخەریانەی ڕوسیا ئەو نیگەرانیەی ڕوسیای تۆخکردەوە وەک لە بەشی چوارچێوەی تیۆری ئەم توێژینەوە ڕونمانکردەوە. کاراکتەر و سەرکردە سیاسیەکان لە بارودۆخی زیاندا دەست بۆ هەر هەنگاوێک دەبەن وادەزانن مەترسییە بۆ سەر پێگەو و ژیانی سیاسیان. بۆیە ڕوسەکان لە دوبارە هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردن و گورزێکی دیکەی وەک ئەوە هەرەسی سۆڤیەت تەواو نیگەران و هەراسانن، دەستبردن بۆ جەنگ لە پێناو پاراستن و بەهاو فەرهەنگ مێژوی خۆیان لێک دەدەنەوە. گەرچی ئەم هەنگاوەش بیانخاتە ناو بارودۆخێکی سیاسی- ئابوری نالەبار، وەک ئەوەی ئێستا پێشبینی دەکرێت. لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان یەکەم: لێکەوتەکان لەسەر عێراق بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا کە یەکێکە لە بەرهەمهینەرە گەورەکانی خۆراک و گەنم لە جیهاندا وا لە عێراق دەکات کە بودجەکەی بۆ کڕێنی خۆراک و گەنم و شمەکە هاوردەکراوەکان چەند ملیار دۆلارێک زیادبکات. هەرچەندە لە ئێستادا کاریگەری ئەوتۆ بەدیارنەکەوتووە، چونکە بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت قەرەبووی ئەو بڕی پارەیە بکاتەوە. ئەوەی کێشەکە دروست دەکەت، ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتە، لە عێراقدا کە سیستەمی (کۆبونی خۆراک) کاری پێدەکرێت، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆگرامی خواردن لە جیهاندا. تەنها لە گرانی گەنم (3 ملیار دۆلار) خەرجی زیاد ئەکات لە بودجەی عێراق ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئاسایشی خۆراک لە چ ئاستێکی ناسکدایە. نرخی خۆراک لە مانگی مایسی ساڵی 2020 وە لە بەرزبونەوەدایە. عێراق لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا (150 هەزار) تەن گەنمی هاوردەکردوە لە ئوسترالیاوە کە نرخی تەنێک (450) دۆلاری پێداوە بۆ ئەم هاوردەیە بڕێ (70 دۆلار)ی زیاتر داوە بەوەی کە لە گەنمی جووتیارانی ناوخۆ ئەکڕیتەوە. عێراق دەبێت بۆ ئەمساڵ نزیکەی (2 ملیۆن) تۆن گەنم هاوردە بکات. سەرباری ئەوەی گەنمی ئوسترالیا خواست لەسەری زیادی کردووە بەهۆی شەڕی روسیاو ئۆکرانیاوە، عیراق زۆر چاوی لەسەر هاورەدەکردنی گەنمە بەتایبەتی کە وا چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ خراپ بێت بەهۆی ووشکە ساڵیەوە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی جەنگ کاریگەری ئەرێنی و کاریگەری نەرێنی ناڕاستەوخۆ لەسەر عێراق جێدەهێڵێت. هەرچی پەیوەندی بە لاینە ئەرێنییەکانی جەنگەوەیە بۆ عێراق خۆی لە زیادکردن داهاتی گشتی عێراقدا دەبینێتەوە، چونکە عێراق هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە، ئەوەش ڕوونە کە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا هۆکاری بەزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، کە بووە هۆی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهات و دۆخی دارایی عێراق. هەندێک لە شارەزایان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) عێراقیش دەدەن بەهۆی دروستبوونی جەنگەکەوە. بەڵام ئاسەوارە نەرێنییەکانی جەنگ زۆرترە بە تایبەت لە رووی هەڵاوسانی نرخی گشتی شمەک و کاڵای هاوردەکراو. سەرەڕای داکشان لە کەرتەکانی وەبەرهێنان و بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان بۆ کڕینی شمەکی هاوردەکراو. دووەم: لێکەوتەکان لەسەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئەم شەڕەی ئێستای نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا لە خزمەتی گشتی جیهانیدا نییەو کاریگەری گەورەی سیاسی و سەربازی لەسەر ئاستی جیهانی جێدەهێڵێت، هاوکات کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەخێرایی تر بەدیار دەکەوێت، هەرێمی کوردستانیش بەلانی کەمەوە ئەگەر بێ پریشکی ئەو ئاگرە نابێت و بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، چونکە هەرێمی کوردستان ڕاستەخۆ پەیوەندی بازرگانی ئابووری لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیە، بۆیە ئەوەی بۆ عێراق هەیە دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاست بێت. بۆنمونە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆکرانیا، بەپێی زانیارییەکانی ژوری بازگانی سلێمانی، هەناردەی کۆمەڵێک شمەک پێداویستی لە وڵاتی ئۆکرانیاوە دەکات، وەک ؛(خواردن، شەربەت، شیرەمەنی، پسکی، ئەندۆمی، پاكەرەوەخەڵوز، زەیتی گوڵەبەرۆژە، گەنم، رەشەوڵاخ...) سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و ڕوسیا، لەڕووی پەیوەندی دیبلۆماسییەوە روسیا لە ساڵی 2007وە كونسوڵگەری خۆی لە هەولێر كردوەتەوە، بەرژەوەندی ئابوری گەورەشی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ریژەی 60%ی پشكی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (روسنەفت) دەگەڕێتەوە. هاوکات كۆمپانیای (گاز پرۆم)ی روسیا لە ساڵی (2012)ەوە لە دوو كێڵگەی نەوتی سنوری. بۆیە بە زیادکردنی سزاکانی سەر ڕوسیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر تەواوی کەرتی وزەی ڕوسی ئەگەری کشانەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانکراو دەبێت، ئەمەش زیان بە کەرتی وزەو نەوتی عێراق و هەرێم دەگەیەنێت. سیناریۆکانی جەنگی روسیاو ئۆکرانیا 1. بەردەوامی جەنگ یەکێک لەسیناریۆ پێشبینیکراوەکان، ئەوەیە کەئەم جەنگ و ململانێیە کاتەکەی زیاتر بخایەنێت و ببێتە جەنگێکی ماوەدرێژ، وەک ئەوەی ئێستا دەبیندرێت، کەماوەی کەجەنگەکە نزیک بوەتەوە لە دو مانگ. بەشێکی ئەم سیناریۆیە پەیوەندیدارە بەرادەی سەرنەکەوتنی روسیا بەرامبەر ئۆکرانیا، لەچۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە. چونکە لەوانەیە روسیا نەتوانێت بەئاسانی هێزی سەربازیی پێویست جێگیربکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەدەستیان بەسەردا دەگرێت. لەبەرامبەر ئەمەشدا ئۆکرانییەکان رۆژ بەرۆژ ئیرادەو توانای سەربازیان زیاد دەکات و شەڕی کۆڵان بەکۆڵان بەرامبەر پەلامارەکانی ڕوسیا زیاتر دەکەن و هاوڵاتیانی ئۆکرانیش پشتیوانیان بۆ وڵاتەکەیان زیاتر دەبێت و زیاتریش روبەروی هێرشەکانی روسیا دەبنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت، هێزەکانی رۆژئاوا رۆژانە ئاستی پشتیوانی سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن. ئەمەش هێزی بەرگری ئۆکرانیا بەرامبەر روسیا بەهێزتر دەکات. هەمو ئەمانەش وادەکەن کەپێشبینی بۆ دوبارەوەی جەنگی روسیا لەچیچان، لەساڵی نەوەدەکاندا بکرێت. ئەوەبو کەجەنگێکی ماوەدرێژ لەنێوان روسیاو چیچانییەکان بەردەوام بو، ئاکامەکەشی خۆیی بینییەوە لەوێرانکردنی گرۆزنی پایتەختی چیچان. بەدرێژبونەوەی زیاتری ماوەی جەنگەکە، ئەگەری ئەوە هەیە کەسەرکردایەتی سیاسی روسیا، سیاسەتی خۆی بگۆرێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە، هاوشێوەی کشانەوەی هێزەکانی لەئەفغانستان، دوای بیست ساڵ لەجەنگ دژی ئەفغانییەکان لەساڵی ١٩٨٩دا. بۆیە واقیعی جەنگەکە لەئێستادا ئەوەمان پێدەڵێت، ئەم سیناریۆیە بەهێزترین سیناریۆی چاوەروانکراوەو جەنگ بەردەوام دەبێت، تائەوکاتەی هەردولا بەتەواویبەمەرجەکانی یەکتر قایلدەبن و لەسەر مێزی دانوستان بۆ راوەستانی جەنگ و راگەیاندنی ئاشتی کۆدەبنەوە. 2. ڕاوەستانی جەنگ بە ڕێگەی گفتوگۆ (دبلۆماسی) سەرەرای هەمو ئەو سیناریۆیانەی پێشتر باسکران، هاوکات ئەگەری راوەستانی جەنگ و دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان روسیاو ئۆکرانیادا ئەگەرێکی بەهێزە. واتە ململانێ و جەنگ و کارەساتەکان، لەنێوان هەردو وڵاتدا چەندێک بخایەنن، سەرئەنجام دەبێت هەردولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بگەنە خاڵی لێک تێگەیشت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راوەستانی جەنگ لەنێوانیاندا. ئەم سیناریۆیە یەکێکە لەسیناریۆ بەهێزو چاوەروانکراوەکان، ئەوەش بەهۆی ئەو هەمو لێکەوتەو زیانە سیاسی و ئابوری و سەربازییەی لەمیانەی مەیدانەکانی جەنگدا بەرهەردولا کەتوەو جەنگەکەش بۆ روسیا تائێستا بەئامانج نەگەیشتوە. وەک ئاشکرایە، بەردەوامبونی جەنگەکە، تەنها زیانی بۆ ئۆکرانیا نابێت و زیانێکی زۆری گیان و سەربازی و سیاسی و ئابوری بەروسیاش دەگەیەنێت، لەلایەکی دیکەوە بەردەوامبونی ئەم جەنگە هەرەشەی جدی بۆ سەر دەسەڵاتی پوتن دروست دەکات. هاوکات لەگەڵ بەردەوامبونی ئەم جەنگەدا بەرژەوەندی وڵاتانی دیکەش دەکەوێتە بەرمەترسی. بەنمونە لەونێوانەدا دور نییە چەند وڵاتێک نێوەندگیری بکەن لەپێناو راگرتنی جەنگ و گێرانەوەی سەقامگیری بۆ سیاسەت و ئابوری جیهانی. کەلەئێستادا وردە وردە ئاماژە مەترسیدارەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر ئابوری و سیاسەتی نێودەوڵەتی دروست بوە. لەلایەکی دیکەوە بەردەوامی ئەم جەنگە، جگە لەزیانی گیانی، وێرانکارییەکی لەرادەبەدەر بۆ ئۆکرانیا بەجێدەهێڵێت. بۆیە بەرپرسانی سیاسی ئۆکرانیا لەئێستادا بەتەواوی گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی، کەپێوسیتە تەنازولی سیاسی بکەن بۆ روسیا، ئەوەش بۆ رێگری لەبەردەوامبونی ئەو زیان و وێرانکارییەی لەماوەی دو هەفتەی جەنگەکەدا بەر وڵاتەکەیان کەوتوە. وەک ئەوەی زلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەرەسمی داوای دانیشتن و گفتوگۆی لەپوتن کرد. رادەی رودان و بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە وابەستەیە بەکۆمەڵێک هۆکارەوە، بەنمونە پێویستە حکومەتی ئۆکرانیا بەمەرجەکانی روسیا قایل بێت و دان بەهەرێمی دۆنباس و دورگەی قرمدا بنێت لەبەرژەوەندی روسیادا، لەبەرامبەردا پێویستە روسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا رابگرێت و دان بەسەربەخۆیی ئۆکرانیادا بنێت و رێگری لەپەیوەدنییەکانیان نەگرێت لەگەڵ ئەروپادا. 3. کەوتنی ئۆکرانیاو راگەیاندنی حکومەتێکی نوێ ئەم سیناریۆیە وابەستەیە بەزیادکردنی سنوری هێرشی زەمینی و ئاسمانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەتایبەتی زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، دوای زیاتر لەپەنجا رۆژ، روسیا بەتەواوەتی هێزی ئاسمانی خۆیی بەرامبەر ئۆکرانیا نەخستوەتەکار، لەم دۆخەشدا ئەگەر هەیە هێرشی هەڕەمەکی و وێرانکەر بکاتە سەر تەواوی دامەزراوە فەرمییەکانی ئۆکرانیاو دەزگاکانی پەیوەندی وزە دوچاری وەستان بکاتەوەو بەهەزاران هاوڵاتی ئۆکرانیش بکوژرێن و ئاوارە ببن. لەم دۆخەشدا ئەگەر هەیە فشارەکان بۆ سەر حکومەتی ئۆکرانیا زیاتر ببێت و سەرۆکی ئۆکرانیا ناچار ببێت، قبوڵی شکست بکات و وڵات بەجێ بهێڵێت، یاخود خۆی رادەست بکات. لەم دۆخەشدا روسیا حکومەتێکی هاوپەیمانی مۆسکۆ دادەمەزرێنێت. لەم دۆخەشدا روسیا بەشێک لەهێزەکانی دەکشێنێتەوە. لێرەشەوە ئۆکرانیا هاوشێوەی بیلاروسیا دەبێتە وڵاتێکی هاوپەیمانی تەواوەتی روسیا. ئەم سیناریۆیە موستەحیل نییە، بەڵام رودانیشی وابەستەیە بەچەند هۆکارێکەوە، لەوانە زیادکردنی ئاستی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، هاوشانی باشتربون دۆخی روسیا لەجەنگەکەدا، ئەوەش بەشکانی ئەو هێزو ئیرادەو توانا سەرنجراکێشە جەنگییەی کە ئۆکرانییەکان لەماوەی رابردوی جەنگەکەدا بەرامبەر روسیا پیشانیاندا. بەڵام ئەوەی لەئێستای گۆرەپانی جەنگەکەدا دەیبین، تارادەیەک چانسی ئەم سیناریۆیەی دورخستوەتەوە. 4. گەورەبونی سنوری جەنگەکە بۆ ئەوروپاو هاتنە ناوەوەی ناتۆ یەکێکی تر لەئەگەرەکان ئەوەیە کە سنوری جەنگەکە ئۆکرانیا تێبپەرێنێت و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاش بگرێتەوە. بەنمونە روسیا دوای ئۆکرانیا پەلاماری مۆڵدۆڤاو جۆرجیاش بدات، کەپێشتر ئەم دو وڵاتەش بەشێک بون لەیەکێتی سۆڤیەتی جاران و ئێستاش ئەندامی ناتۆ نین. هاوکات لەبەرامبەر پشتیوانی بەردەوامی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا، پوتن هێز رەوانەی وڵاتانی بەڵتیق بکات، کەئەمانە ئەندامی ناتۆن لەنمونەی لیتوانیا، ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدار دەبێت بۆ روسیاو ئەگەرێکی دیکە دەبێت بۆ روبەروبونەوەی روسیا لەگەڵ ناتۆ. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە ئەگەری رودانی زۆر بەهێز نییە، بەڵام یەکێکی لەو سیناریۆیانەی کەلە نێو هاوکێشەکانی ئەم جەنگەدا، سەرنجی دەچێتە سەر، بەتایبەت ئەگەر بێت و پوتن دڵنیابێت لەوەی لەئۆکرانیا شکست دەهێنێت و ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆسەر دەسەڵاتی پوتن. بۆیە ئەگەر هەیە لەوکاتەدا پوتن ئاستی ململانێکان قوڵتر بکاتەوەو جەنگەکە سنورەکەی بەرفراوان بێت و جگە لەروسیاو ئۆکرانیا وڵاتانی دیکەی ئەوروپاو ناتۆش بێنە نێو جەنگەکەوە. تەنانەت هەندێک پێشبینی ئەوە دەکەن کەدور نییە لەکۆتاییدا، جەنگەکە بە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ناوکی وێرانکەر لەنێوان روسیا و ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بێت. 5. شکستی روسیاو گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە هەرچەندە سیناریۆی کەوتنی پوتن و گۆرینی دەسەڵاتی روسیا، سیناریۆیەکی تا ڕادەیەک لاوازە، بەڵام لەگەڵ بەرەوامبونی جەنگەکەو گۆرانکارییەکانی هاوکێشەی جەنگەکە لەبەرژەوەندی ئۆکرانیا، ئەم سیناریۆیەش بیری لێدەکرێتەوە. لەمبارەیەوە لۆرنس فریدمان مامۆستای توێژینەوەی سەربازی لەکۆلێژی گینگز لەلەندەن دەڵێت: "گۆرانی سیستەمی سیاسی روسیا پێشبینیکراوە، هاوشێوەی پێشبینی کردنی گۆرینی سیستەمی سیاسی ئۆکرانیا". ئەم ئاماژەیەش لەگەڵ بەردەوامی جەنگەکەو زیادبونی ژمارەی کوژراوەکانی روسیا بیری لێدەکرێتەوە، دورنییە لەناوخۆی روسیادا نیگەرانی هاوڵاتیان زۆر زیاتر ببێت لەوەی کەئێستا هەیە و راپەرینێکی جەماوەری دروست ببێت و پوتن پەنابباتە بەر توندوتیژی بۆ دامرکانەوەی نارەزایەتییەکان، سەرئەنجام دورنییە دۆخەکە لەدەستی دەربچێت و لەدەسەڵات دوربخرێتەوە. رۆژئاواییەکانیش لەمبارەیەوە دەڵێن ئەگەر پوتن بروات و سەرکردەیەکی میانرەو جێگەی بگرێتەوە، ئەوا سزاکانی رۆژئاواش بۆ سەر روسیا سوک دەکرێن و ئەوکات پەیوەدنییە دیبلۆماسییەکانی روسیاو ئەوروپاش ئاسایی دەبنەوە. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەم سیناریۆیە رودانی ئاسان نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامبونی جەنگەکەو یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان، زۆرجار شتی چاوەروان نەکراو بەدوای خۆیاندا دەهێنن. دەرئەنجام ڕکابەری و کێشمەکێش سروشتی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی لە کۆن و تازەدا بووە. جەنگە گشتگیر و جیهانیەکان لە ئەنجامی ڕکابەری و دنیابینی ئایدۆلۆژی و سیاسی، ئابوری، پاوەنخوازیی جیاوازی سەرکردەو کارەکتەرە سیاسییەکانی وڵاتانەوە بووە. بۆچون و هز و خوێندنەوەی جیاوازی کارەکتەرە سیاسیە جیاوازەکان، بە تایبەت لە دنیای نێودەوڵەتی بۆ پرسە ئەمنیەکان ئەتوانێ خەسارەت و بڕیاری زیان گەیەنەر و قەرەبوو نەکراو بەدوای خۆیدا بهێنێت. چونکە زۆرجار ئەم تێگەشتنە ئەکرێ هەڵەی حسابی و خوێندنەوەی ناواقیعی بۆ بابەتەکان بکرێت و سیاسیەکان دوچاری هەڵە تێگەشت بکاتەوە. جەنگی دەسپێشخەرانەی ئۆکرانیا بابەتێکی گرێدراوی دنیای ئاسایشی نێودەوڵەتیە، خوێندنەوەی دوو دنیا بینی جیاواز بۆ نیەت و هاوکاری دوو لایەنی نێودەوڵەتیە، بۆ بارودۆخ و پرسە جیاوازەکان. جێگیر کردنی هێزی ناتۆ لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا، ڕوسیا دوچاری مەترسی دوبارەکردنەوەی مێژوو بۆ سیستمە سیاسیەکەی تۆخ دەکاتەوە، نیەتی ڕۆژئاوا بۆ ڕوسیایەکی نەبوو لێک دەدرێتەوە. لە ڕوانگەی ڕۆژئاوایەکان هەستانەوەی هێزێکی وەک ڕوسیا، بە سەرچاوەی گرفتی ئایدۆلۆژی و ئابوری و سیاسی بۆ سەر پرۆژەکانی ئەوان لێک دەدرێتەوە، بۆیە هاوکاری کردنی ئۆکرانیا و یەکێتی ڕۆژئاوایەکان و سزای ئابوری ڕوسیا وەک باشترین بژرادە لێک دەدەنەوە لە ئێستادا. بۆ ڕوسیاش نزیک کردنەوەی جەنگ و ناسەقامگیرکردنی ئەوروپا و هێرشکاری بۆ سەر ئۆکرانیا وەک باشترین بژاردە دادەنرێت بۆ ئەو حاڵەتە نەخوازرو چاوەڕوانکراوانەی کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە لە ئایندەدا. گەرچی لەئێستادا سیناریۆی چارەسەری دبلۆماسی ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام دیار نیە، ئەم سیناریۆیەش بەتەواوی بەکوێ دەگات، چونکە ڕوسیا ئەم تیمە دیپلۆماتکارەی ئێستای ئۆکرانیا بەدەست نیشاندەی ڕۆژئاوایەکان دادەنێت، هەر ڕێکەوتنێک و تەنازولاتێک بە سودی وڵاتانی ناتۆ لێک دەداتەوە. لە لایەکی تر وڵاتانی ناتۆ پشگیری هیچ ڕێکەوتن و دبلۆماسیەتێک ناکەن گەر بێت و خواستی و بەرژەوەندی ئەوانی تێدا ڕوون ئاشکار نەبێت. بۆیە بەردەوام بونی جەنگەکە هێشتا ئەگەرێکی کراوە و بەردەوامە، لەم نێوەندەدا سەرخان و ژێرخانی ئۆکرانیا هاوشانی زیانی گیانی و مادییەکان، زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت، لەبەرامبەردا هاوشێوەی ئۆکرانیا زیانە گیانی و مادییەکانی ڕوسیاش لەجەنگەکەدا بەردەوام دەبن، بەهۆی بەردەوامی سزاکانی رۆژئاواشەوە، ئابوری روسیا دوچاری پاشەکشەو زیانی زیاتر دەبێت. سەرچاوەکان - گەیلان عەباس، قەیرانەکانی ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی، کتێبی (پرسە سیاسی و قەیرانە هەوچەرخەکان، ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، چاپی یەکەم، 2015، لا 192-306) - م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا، قەیرانی ئۆکرانیا لە نێوان گریمانەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرییەکان، ماڵپەڕی چاوی کورد؛ http://chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=24465&Jor=41&Jor2=5280&fbclid=IwAR2hSNe8TkEK-1TSfSyWtpKpwJDSMkup7Yp68OoazYH52lgXOtSlZABCFpg - هەرێمی كوردستان لەنێوان روسیاو ئۆكرانیادا، ڕاپۆرتی درەو میدیا، ماڵپەڕی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9760 - ئۆکرانیا.. هەناردەكارێكی گەورە، ڕاپۆرتی درەو میدیا، ماڵپەڕی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9759 - ژوری بازرگانی سلێمانی، کاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتی ئۆکرانیا بەتەواوی وەستاوە، ماڵپەڕی؛ https://www.sulcci.com/%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b2%d8%b1%da%af%d8%a - جەنگ عێراق توشی بوژانەوەی دارایی و قەیرانی ئابوری دەکات، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10045 - العربی الجدید، اقتصاد أوكرانیا.. إمكانات هائلە وقدرات چعیفە، علی الموقح الالکترونی؛ https://www.alaraby.co.uk/economy/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF-%D8%A3%D9%88%D9%83%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A7-%D8%A5%D9%85%D9%83% - Jack S. Levy, 1997, prospect theory, rational choice, and international relations, International Studies Quarterly (1997) 41, 87–112. - Helga Haftendorn, 1991, The SecurityPuzzle: Theory-Building and Discipline-Building in International Security, International Studies Quarterly(1991) 35, 3-17 - Robert Tollast, Mina Aldroubi, Iraqs multibillion-dollar wheat import bill: how war in Ukraine affects the wider world, at; https://www.thenationalnews.com/mena/2022/02/25/ukraine-war-leaves-iraq-facing-multibillion-dollar-wheat-import-bill - Emma Simpson, Ukraine war 'catastrophic for global food', at https://www.bbc.com/news/business-60623941#:~:text=The%20war%20in%20Ukraine%20will,essential%20raw%20materials%20from%20Rus - Eddie Spence, Palladium Tops $3,000 as Market Braces for Hit to Russian Supply, at https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-03-04/palladium-tops-3-000-as-market-braces-for-hit-to-russian-supply - Willie Vogt, Special report explores agriculture impact of Russia-Ukraine conflict, at; https://www.farmprogress.com/market-news/special-report-explores-agriculture-impact-russia-ukraine-conflict - FAO Food Price Index rises to record high in February, at; https://www.fao.org/newsroom/detail/fao-food-price-index-rises-to-record-high-in-february/en - Александр Крамаренко, Великая Отечественная 2.0; https://russiancouncil.ru/analytics-and-comments/analytics/velikaya-otechestvennaya-2-0/
(درەو): عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان روبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە بوەتەوە، حكومەتەكەی زۆرینەی لەناو پەرلەمان لەدەستداوە، دەڵێ ئەم قەیرانە ئەمریكا بۆی دروستكردووە، چونكە لە پرسی روسیاو چیندا، ئەو پشتیوانی لە هەڵوێستی واشنتۆن نەكردووە، پەرلەمان هەوڵی سەندنەوەی متمانەی لە حكومەتەكەی (خان) راگرت، (خان) هێرشی پێچەوانەی دەستپێكرد، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتو هێزە ئۆپۆزسیۆن بە (دز) ناودەبات، عیمران خان بڕوات، كوڕەكەی (بەینەزیر بۆتۆ) یان براكەی (نەواز شەریف) یەكێكیان حكومەت دەگرنەدەست. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. زۆرینەی لەدەستدا عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستانو حكومەتەكەی، ئەمڕۆ رزگاریان بوو لە دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لێیان لەناو پەرلەمانەوە. جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانی پاكستان (پەرلەمان) یاداشتێكی بۆ سەندنەوەی متمانە لە عیمران خان رەتكردەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پاداشتەكە "نادەستوری"یە. ئۆپۆزسیۆن ئەم یاداشتەی پێشكەش كردبوو، تێیدا سەرۆك وەزیران تۆمەتبار كرابوو بەوەی ئابوری وڵاتو كاروباری دەرەوە بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات، عیمران خان ئەم تۆمەتانەی رەتكردەوە، وتی: ئەمە پیلانگێڕی ئەمریكایە، چونكە ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریكا نین لەبارەی روسیاو چینەوە. عیمران خان داوای لە لایەنگرەكانی كرد بڕژێنە سەر شەقامەكانو لەپێناو "پاكستانێكی ئازادو سەربەخۆدا" ناڕەزایەتی دەرببڕن. دوای ئەوەی پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە لە حكومەتەكەی وەربگرێتەوە، عیمران خان هێرشی پێچەوانەی دەستپێكردو داوای كرد پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە پاكستان بەڕێوەبچێت. ئەم ئاوەژووبونەوەیە لە بارودۆخەكە دوای ئەوە هات، (خان) كەوتە بەردەم مەترسی، حزبەكەی كە ناوی (بزوتنەوەی ئینساف)ە، بەر لە چەند رۆژێك زۆرینەی لەناو پەرلەمانی پاكستان لەدەستدا، ئەو بەهۆی ئەم زۆرینەیەوە پارێزگاری لە متمانەی حكومەتەكەی كردبوو، بەڵام یەكێك لە حزبە هاوپەیمانەكانی كە خاوەنی (7) كورسی بوو لەناو پەرلەمان، رایگەیاند دەنگ بە یاداشتەكەی ئۆپۆزسیۆن دەدات بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت. بەڵام بەرلەوەی سەندنەوەی متمانە بخرێتە دەنگدانەوە، (قاسم سوری) جێگری سەرۆكی پەرلەمان یاداشتەكەی رەتكردەوەو وتی ئەمە پێچەوانەی دەستورە. عیمران خان لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا داوای لە (عارف علوی)ی سەرۆكی وڵات كرد پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوان داوای هەڵبژاردن بكەنو بڕیار بدەنە دەست گەل. پەرلەمانی پاكستان لە (342) كورسی پێكدێت، سەرباری ئەوەی حزبێكی هاوپەیمان بە (7) پەرلەمانتارەوە لە حزبی دەسەڵات جیابوەتەوە، هاوكات زیاتر لە (12) پەرلەمانتاری حزبی دەسەڵاتداریش لە حزبەكەیان جیابونەتەوە، بەڵام سەركردەكانی حزبەكەیان بەهۆی هەندێك رێوشوێنی یاسایی لەدژیان، مافی دەنگدانیان لێ قەدەغە كردون. "ئۆپۆزسیۆن دزن" عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی بە "دز"و "ترسنۆك" ناوبرد، دوێنێ وتی: نیگەران مەبن، بۆتان دەسەلمێنم لە پەرلەمان دەیانشكێنم. لەم هەفتەیەدا عیمران خان باسی لەوەكرد ئەمریكا دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پاكستاندا دەكات، میدیا ناوخۆییەكانی پاكستانیش هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە گوایە عیمران خان راپۆرتێكی لەلایەن باڵیۆزی پاكستان لە واشنتۆن بەدەستگەیشتووە، لەم راپۆرتەدا باڵیۆزەكە دیداری خۆی لەگەڵ فەرمانبەرێكی باڵای ئەمریكا تۆماركردووە كە پێی وتووە" پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ پاكستان باشتر دەبێت ئەگەر سەرۆك وەزیرانی پاكسان لە پۆستەكەی بڕوات"، ئەمریكا رەتیكردەوە قسەی لەم شێوەیەی كردبێت. هەڕەشەی تالیبان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان عیمران خان تۆمەتبار دەكەن بەوەی دۆخی ئابوری وڵات بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات، هەڵاوسان زیادی كردووەو بەهای روپیەی پاكسانی دابەزیوەو قەرزێكی زۆر لەسەر وڵات كەڵەكەبووە، لەپاڵ ئەمەشدا دەڵێن لەسەر ئاستی دەرەوە پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات. عیمران خان كە تەمەنی (69 ساڵ)ەو پێشتر یاریزانی (كریكێت) بووە، لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2018وە، ئێستا روبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی سیاسی دەبێتەوە. لەپاڵ ئەمانەدا، حكومەتەكەی روبەڕووی هەڕەشەی بزوتنەوەی تالیبانی پاكستان دەبێتەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو تالیبان رایگەیاند، دەیەوێت لە مانگی رەمەزاندا هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەكانی پاكستان دەستپێبكات. كوڕەكەی (بەینەزیر) یان براكەی (نەواز شەریف) ؟ هەردوو حزبی (گەلی پاكستان)و حزبی (پەیوەندی ئیسلامی پاكستان) كە ئێستا دوو هێزی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنن، ماوەی چەندین دەیە هەژمونیان بەسەر ژیانی سیاسی پاكستاندا كردبوو، لەو سەردەمەدا چەند كودەتایەكی سەربازیش رویدا، ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی عیمران خان هاتو هاوپەیمانێتییەكی دروستكردو حكومەتی گرتەدەست، ئەو بەڵێنی بە دەنگدەرانی پاكستانی دا، ئەو گەندەڵییە ریشەكێش بكات كە چەندین دەیەیە لە وڵاتدا بڵاوبوەتەوە. هەندێك لە سەرچاوەكان لە پاكستانەوە باسلەوە دەكەن، سەرباری ئەوەی زۆرینەی لەناو پەرلەمان لەدەستداوە، عیمران خان پشتیوانی سوپای پاكستانیشی لەدەستداوە كە كلیلی دەسەڵاتی سیاسییە لە وڵاتدا. لەدوای سەربەخۆییەوە لە ساڵی 1947، پاكستان چوار كودەتای سەربازی سەركەوتوو و چەند كودەتایەكی تری سەرنەكەوتووی بەخۆوە بینیوە، سوپا ماوەی 30 ساڵ حوكمی ئەم وڵاتەی كردووە. ئەگەر عیمران خان بكەوێت، پێدەچێت (شەهباز شەریف) حكومەت بگرێتە دەست كە برای نەواز شەریف سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستانەو سەربە (حزبی پەیوەندی ئیسلامی)یە، نەواز شەریف سەرۆكی ئەم حزبە ساڵی 2017 بەتۆمەتی گەندەڵی لادراو زیندانی كرا، بەلان ئۆكتۆبەری 2019 بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە بە كەفالەت لە زیندان ئازادكرا. شەهباز شەریف هاوشێوەی براكهی تۆمەتبار بوو بە سپیكردنەوەی پارەو لە ساڵی 2020دا ئەم تۆمەتەی ئاڕاستە كرا، بەڵام ئەویش بە كەفالەت ئازادكرا، دوێنێ حكومەتەكەی عیمران خان داوای لە دادگا كرد بڕیاری ئازادكردنی شەهباز هەڵوەشێنێتەوە. هەروەك بە دوور نازانرێت (بیلاوال بۆتۆ زەرداری) كوڕی (بەینەزیر بۆتۆ) سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوو و ئاسف عەلی زەرداری سەرۆكی پێشووتر، پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت كە لە (پارتی گەلی پاكستان)ە. سەرچاوە: فرانس 24
درەو: نوسینی: ئەنگێلا ستێنت وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد - گۆڤاری ئاییندەناسی ئەم قەیرانەی ئێستا نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پڕۆسەیەکە ٣٠ ساڵە لە دروستبووندایە. ئەمە تەنها دەربارەی ئۆکرانیا و بەئەندامبوونی نییە لە ناتۆدا، بەڵکوو دەربارەی داهاتووی ئەو ڕێکخستنەوەیەی ئەورووپایە کە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت دروست بووە. لە ماوەی ساڵانی (١٩٩٠)ەکاندا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێکهاتەیەکی ئەمنیییان لە ئەورووپا و زەریای ئەتڵەسی دامەزراند کە تێیدا ڕووسیا ئەرک و ڕۆڵێکی دیاریکراوی نەبوو. لەو کاتەوەی پوتن هاتووەتە سەر دەسەڵات، ڕووسیا تەحەدای ئەو سیستمە دەکات. پوتن بەبەردەوامی گلەیی ئەوەی کردووە کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە و داوای ئەوەی کردووە کە ڕۆژئاوا دان بە مافی ڕووسیادا بنێت لەوەی کە بەرژەوەندیی تایبەتی هەبێت لە جیهانی دوای سۆڤیەتدا. پوتن داگیرکاریی بۆ وڵاتە دراوسێکانی وەکوو جۆرجیا ئەنجام داوە کە لەژێر کاریگەریی ڕووسیا دەرچوون، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکات بەتەواوی ئاڕاستە بگۆڕن. پوتن ئێستا بەم ڕێگایەدا هەنگاوێ زیاتر دەنێت. ئەو لە ئێستادا هەڕەشەی داگیرکارییەکی گشتگیرتری ئۆکرانیا دەکات لەوەی لە داگیرکردنی کریمیا و دەستتێوەردانەکەی دونباس لە ٢٠١٤دا کردی، داگیرکارییەک کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان لاواز دەکات و مەزنیی ڕووسیا دووپات دەکاتەوە لەوەی کە پوتن دەڵێت شوێنی “ڕەوا”ی ڕووسیایە لە کیشوەری ئەورووپا و پرسەکانی جیهاندا. ئەو ئێستا بە کاتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت. لە ڕوانینی ئەودا، وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا لاواز، دابەش و کەمتوانەیە لەوەی بتوانێ سیاسەتێکی هاوئاهەنگیی دەرەکی بگرێتە بەر. چەندین دەیە لە دەسەڵاتدا وای لە پوتن کردووە گومان لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا بکات. پوتن لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ پێنجەم سەرۆکی ئەمەریکادا دەکات و بەو دەرئەنجامە گەیشتووە واشنتن لە گفتوگۆدا باوەڕپێکراو نییە. حکومەتە نوێیەکەی ئەڵمانیا تازە خەریکە خۆی بگرێت و ئەورووپاش بەگشتی سەرقاڵی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانی خۆیەتی و بازاڕە دروستەکەی وزەش دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە ڕووسیا بەسەر تەواوی کیشوەری ئەورووپادا. کرێملینیش پێی وایە دەتوانێ پشت بە پشتیوانیی چین ببەستێ وەکوو ئەوەی لە داگیرکردنی کریمیادا چین پشتیوانیی ڕووسیای کرد لە ٢٠١٤دا. پوتن ڕەنگە بڕیاریش نەدات ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ئایا دەیکات یان نا، ڕەفتارەکانی سەرۆکەکەی ڕووسیا کۆمەڵێ پرەنسیپی بەیەکداچووی سیاسەتی دەرەکی ئاڕاستەی دەکات کە ئاماژە بەوە دەکات مۆسکۆ لە ساڵانی داهاتوودا لاسار دەبێت. با ناوی ئەم سیاسەتەی ڕووسیا بنێین “ڕێبازی پوتن”. ڕەگەزی سەرەکیی ئەم ڕێبازە ئەوەیە ڕۆژئاوا وەها لێ بکات بە جۆرێ مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا بکات وەکوو ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بێت، هێزێک کە دەبێت ڕێزی بگریت و لێی بترسیت، بە کۆمەڵێ مافی تایبەتییەوە لە دراوسێکانیدا و دەنگیشی هەبێت لە پرسە نێودەوڵەتییە جددییەکاندا. ئەم ڕێبازە پێی وایە تەنها چەند وڵاتێکی کەم دەبێ ئەم دەسەڵاتەیان هەبێت لەگەڵ سەروەریی تەواودا، هەروەها پێویستە ئەوانی تر مل بدەن بۆ خواستی ئەم چەند وڵاتە. ئەوەش سەر بۆ ئەوە دەکێشێت ڕژێمە دەسەڵاتگەرەکانی داهاتوو پشتگیری بکرێن و دیموکراسییەکانیش لاواز بکرێن. ڕێبازەکەش بەستراوە بە ئامانجە گرنگەکەی پوتنەوە: هەڵگەڕاندنەوەی دەرئەنجامەکانی ڕووخانی سۆڤیەت، پارچەکردنی هاوپەیمانیی ئەتلانتیک (ناتۆ) و دووبارە دانوستانکردنەوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە جوگرافیاییانەی جەنگی ساردی کۆتایی پێ هێنا. دەنگێک لە ڕابردووەوە بە بۆچوونی پوتن، ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە شوێنی خۆی هەبێت لە هەموو بڕیارە نیودەوڵەتییەکاندا. ڕۆژئاوا دەبێ دان بەوەدا بنێ کە ڕووسیا یەکێکە لەوانەی کە جیهان بەڕێوە دەبەن. دوای ئەو ڕیسوابوونەی (١٩٩٠)ەکان، وەکوو پوتن ناوی لێ دەنێت، کاتێک ڕووسیایەکی زۆر لاواز ناچار کرا مل بۆ ئەجێندای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بدات، ئەو بە ڕێژەیەكی زۆر ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. هەر چەندە دوای داگیرکردنی کریمیا لە ٢٠١٤، ڕووسیا لە “G8” دەرکراوە بەڵام ڤیتۆکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی وەکوو زلهێزێکی جوگرافی، وزە و چەکی ناوکی؛ دەستەبەری ئەوە دەکات کە وڵاتانی تری جیهان بۆچوونەکانی ڕووسیا بەهەند وەربگرن. ڕووسیا بەسەرکەوتوویی هێزی سەربازیی خۆی بنیاد نایەوە دوای شەڕی جۆرجیای ٢٠٠٨ و لە ئێستاشدا هێزی هەرە دیاری سەربازیی ناوچەکەیە و دەتوانێ لە جیهاندا دەسەڵاتەکانی پیادە بکات. توانای مۆسکۆ بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی، ڕۆژئاوا ناچار دەکات کە بێنە سەر مێزی دانوستان لەگەڵیدا وەکوو ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەڕوونی دەرکەوتووە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە پوتنەوە هەیە، بەکارهێنانی هێز شتێکی زۆر گونجاوە ئەگەر ڕووسیا پێی وا بێ کە ئاسایشی لە مەترسیدایە: بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا هەمان ئەندازەی ئەوانەی ڕۆژئاوا ڕەوان و وەکوو پوتنیش دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی گوێیان بەمە نەداوە. زۆربەی کاتەکان ئەمەریکا و ئەورووپا نیگەرانییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردووەتەوە کە بەزۆری لەدەوری هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و جیابوونەوەی ئۆکرانیا دەخولێتەوە. کاتێک پوتن ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی وەکوو “گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلەتیکیی سەدەی بیستەم” ناو برد، ئەو خەمی ئەوەی بوو ٢٥ ملیۆن ڕووسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕووسیادا خۆیان بینییەوە. زۆر بەتایبەتییش ڕەخنەی لەوە دەگرت کە ١٢ ملیۆنیان لە وڵاتی ئۆکرانیای نوێدا خۆیان بینییەوە. وەکوو ئەوەی لە وتارێکی ٥٠٠٠ وشەییدا بە ناونیشانی “لە بارەی یەکێتیی مێژوویی ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان”ەوە، هاوینی ڕابردوو دەڵێت: “لە ١٩٩١ خەڵکی لە چاوترووکانێکدا خۆیان لە دەرەوەی وڵات بینییەوە، ئەم جارەیان لە خاکی مێژوویی دایکی خۆیان دابڕێنران”. ئەم وتارەی بەم دواییە بەناو سەربازانی ڕووسیادا دابەش کراوە. ئەم حیکایەتی دۆڕانە بەرامبەر ڕۆژئاوا، گرێ دراوە بە هۆگرییەکی تایبەتی پوتنەوە: ئەو باوەڕەی کە ناتۆ هەر بەوە ڕازی نییە وڵاتانی دوای سۆڤیەت وەربگرێت و هاریکارییان بکات، بەڵکوو ڕەنگە هەڕەشە لە ڕووسیا خۆشی بکات. کرێملن پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم باوەڕە لە نیگەرانیی ڕاستەقینەوە سەرچاوەی گرتووە. دواجار ڕووسیا بەردەوام لەلایەن ڕۆژئاواوە داگیر کراوە. لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن هێزە هاوپەیمانە دژەبەلشەفییەکانەوە داگیر کراوە، کە لە نێویاندا هەندێک هێزی ئەمەریکا هەبوو لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا لە ١٩١٧ بۆ ١٩٢٢. ئەڵمانیا دوو جار ڕووسیای داگیر کردووە کە بووە بە هۆی لەناوچوونی ٢٦ ملیۆن ڕووسی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، پوتن بەئاشکرا ئەم مێژووەی هەم بە نیگەرانییەکانی ئێستای ڕووسیاوە لە بارەی چوارچێوەی ناتۆوە لەنزیک سنوورەکانی ڕووسیا بەستووەتەوە، هەم ئەم مێژووەشی بە داواکارییەکانی ڕووسیاوە لە بارەی گەرەنتیی ئاسایشیەوە گرێ داوە. هەر چەندە لەمڕۆدا ڕووسیا زلهێزێکە کە مووشەکی نوێی خێراتر لە دەنگی هەیە. هیچ وڵاتێک نیازی داگیرکردنی ڕووسیای نییە، ئەوە دراوسێ بچووکە لاوازەکانی بە هیچ شێوەیەک. لە ڕاستیدا وڵاتانی دراوسێی لای ڕۆژئاوای ڕووسیا حیکایەتێ دیکەیان هەیە و پێداگری لەسەر لاوازیی خۆیان دەکەن لە سەدەکانی ڕابردوودا لەهەمبەر داگیرکارییەکانی ڕووسیا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرگیز هێرش ناکاتە سەر ڕووسیا، هەر چەندە پوتن تاوانباری دەکات بەوەی کە دەیەوێ “پارچەیەک لە کێکە خۆشەکەمان” ببڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕوانینە مێژووییە بۆ خودێکی لاوازی ڕووسیا لای دانیشتووانی ڕووسیاش دروست کراوە. میدیای کۆنترۆڵکراوی حکومەت پڕە لەو بانگەشانەی کە ئۆکرانیا دەکرێت ببێت بە سەکۆیەکی مووشەکی بۆ دەستدرێژییەکانی ناتۆ. لە ڕاستیدا لە وتارەکەی ساڵی پاریدا، پوتن نووسیبووی کە ئۆکرانیا خەریکە بکرێت بە “سەکۆیەک دژی ڕووسیا”. پوتن هەروەها باوەڕی وەهایە کە ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە لە شوێنەکانی دوای یەکێتیی سۆڤیەت، ناوچەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەبێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتانەی دراوسێی پێشووی بوون لە سۆڤیەتدا، نابێ پەیوەندی بە هیچ هاوپەیمانییەکەوە بکەن کە دژی مۆسکۆن، بەتایبەتی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا. پوتن ئەمەی بەڕوونی ڕاگەیاندووە لەو دوو وتارەدا کە کرێملن لە ١٧-١٢ی ساڵی پێشوو پێشکەشی کردوون، کە تێیدا داوای کردووە ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی پاش سۆڤیەت -سوید و فینلەنداشی تێدایە- هەمیشە بێلایەن بن و واز بهێنن لە بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ناتۆش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پێگەی پێش ١٩٩٧، بۆ پێش کاتی یەکەم فراوانبوونی خۆی، ئەویش لە ڕێگای کشاندنەوەی هەموو ئەو سەرباز و چەکانەوە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دایناون (ئەمەش ناتۆ بچووک دەکاتەوە بۆ قەبارەی ئەو کاتەی یەکێتیی سۆڤیەت تازە هەڵوەشابوویەوە)، هەروەها ڕووسیاش مافی ڤیتۆی هەبێ بەسەر سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە دراوسێکانیەوە کە ئەندامی ناتۆ نین. ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات کە ئەو وڵاتانەی سنووریان بە ڕووسیاوەیە، حکومەتەکەیان دۆستی ڕووسیا بێت، لە ناویشیاندا ئۆکرانیا لە هەمووی گرنگترە. پەرت کە و داگیری بکە تاوەکوو ئێستا هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی ئامادە نەبووە ئەم داوا نائاساییانەی ڕووسیا قبووڵ بکات. وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بەگشتی ئەوەیان قبووڵ کردووە کە وڵاتەکان ئازادن لە دەستنیشانکردنی سیستمی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانیان لە سیاسەتی دەرەکیدا. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٨٩، یەکێتیی سۆڤیەت ڕێگریی دەکرد لە مافی چارەنووسی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا و کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی وڵاتانی پەیمانی وارشۆی کردبوو لە ڕێگای حیزبە کۆمۆنیستییە ناوخۆییەکان، پۆلیسی نهێنی و سوپای سوورەوە. کاتێک وڵاتێک لە مۆدێلە سۆڤیەتییەکە زۆر دوور دەکەوتەوە، وەکوو ئەوەی هەنگاریا لە ١٩٥٦ و چیکوسلۆڤاکیا لە ١٩٦٨، سەرۆکەکانیان بەزۆر لە دەسەڵات دوور دەخرانەوە. پەیمانی وارشۆ هاوپەیمانییەک بوو کە تۆمارێکی سەیری هەبوو: ئەم هاوپەیمانییە تەنها ئەندامانی خۆی داگیر دەکرد. لێکدانەوەی ئەمڕۆی کرێملن بۆ سەروەری، لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر لەیەک دەچن. ئەگەر قسەیەکی جۆرج ئۆروێڵ دەستکاری بکەین، دەتوانین بڵێین ئەم لێکدانەوەیە پێی وایە هەندێ وڵات لەوانی تر سەروەرترن. پوتن ئەمەی گوتووە کە تەنها چەند هێزێکی گەورە، وەکوو ڕووسیا، چین، ئەمەریکا و هیندستان، دەتوانن سەروەریی تەواویان هەبێ و ئازاد بن هەر هاوپەیمانییەک هەڵبژێرن پەیوەندیی پێوە بکەن یان ڕەتی بکەنەوە. وڵاتانی بچووکی وەکوو ئۆکرانیا و جۆرجیا بەتەواوی سەروەر نین و پێویستە ڕێز لە داواکاریی ڕووسیا بگرن هەروەکوو وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئەمەریکا دەبێت گوێڕایەڵێ دراوسێ مەزنەکەیان بن لە باکوورەوە. ڕووسیا هاوپەیمانیی ناوێت بە مانا ڕۆژئاواییەکەی وشەکە، بەڵکوو لە جێی ئەوە بۆ هاوکاری و هاوبەشییەک دەگەڕێت لەگەڵ وڵاتانی نموونەی چین کە تێیدا هەردوو لا سوودی لێ ببینن و سنوور بۆ ئازادیی ڕووسیا دانەنێت لە ناوخۆی خۆیدا چی بکات و حوکم لەسەر چی بدات. ئەم هاوبەشییە دەسەڵاتگەرییە ڕەگەزێکی ڕێبازەکەی پوتنە. سەرۆک پوتن ڕووسیا وەکوو پشتیوانی دۆخی ئێستا و پارێزەری بەها سوننەتییەکان نیشان دەدات و بە یاریکەرێکی نێودەوڵەتیی دەزانێ کە ڕێز لە سەرۆکە جێگیرەکان دەگرێت بەتایبەتی دیکتاتۆرەکان. هەروەکوو ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بیلاڕووسیا و کازاخستان نیشانی دەدات ڕووسیا هێزێکە ئامادەیە بڕوات بۆ پشتگیریکردنی ئەو دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرانەی تووشی شەڕ هاتوون. ڕووسیا بەرگریی لە دیکتاتۆرەکان کردووە لە دراوسێکانی خۆی و لە وڵاتانی دووریش وەکوو کوبا، لیبیا، سووریا و ڤەنزوێلا. بە پێی کرێملن، ڕۆژئاوا بەپێچەوانەوە پشتگیریی ئاژاوە و گۆڕینی ڕژێمەکان دەکات وەکوو ئەوەی لە شەڕی عێراق لە ٢٠٠٣ و بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ ڕووی دا. بەڵام لە “مەودای بەرژەوەندی”یەکانی خۆیدا، ڕووسیا دەکرێ وەکوو گۆڕانویستێ هەڵسوکەوت بکات کاتێک پێی وایە بەرژەوەندییەکانی کەوتوونەتە مەترسییەوە، یان کاتێک دەیەوێ ئەو بەرژەوەندییانە پەرە پێ بدات هەروەکوو داگیرکردنی کریمیا، جۆرجیا و ئۆکرانیا نیشانی دا. پاڵنەری ڕووسیا بۆ ئەوەی وەکوو ڕابەرێک و پشتیوانێکی ڕژێمی کەسە بەهێزەکان دانی پێدا بنرێت لەم ساڵانەی دواییدا سەرکەوتوو بووە، چونکە ئەو گرووپە شەڕکەرانەی کرێملن پشتیوانییان دەکات، لە زۆر بەشی جیهان لە جێی ڕووسیا شەڕیان کردووە، لە ناویاندا نموونەی ئۆکرانیا. دەستتێوەردانە گۆڕانویستەکانی ڕووسیا تەنها بەو ناوچانەوە ناوەستێ کە وەکوو پێگەی دەسەڵاتی خۆی دەیانبینێ. پوتن پێی وایە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا ئەو کاتە باش بەدی دێن کە هاوپەیمانیی ئەتلانتیکی (ناتۆ) دابەش بکات. بەو بۆنەیەوە پوتن پشتیوانیی گرووپە دژەئەمەریکایی و دژەئەورووپاییەکانی کردووە، هەروەها پشتیوانیی گرووپە شمولییە چەپ و ڕاستەکانی لە هەردوو لای ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا کردووە، دەستتێوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و بەگشتی کاری کردووە ئاژاوە و لێکترازان لەناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا دروست بکات. یەکێ لە ئامانجە گەورەکانی ئەوەیە وەها بکات ئەمەریکا لە ئەورووپا بکشێتەوە. ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕقی لە هاوپەیمانیی ناتۆ بوو لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ئەورووپادا پەیوەندیی باش نەبوو، دیارترینیان ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەروەها بەئاشکرا قسەی لە بارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکرد. ئیدارەی جۆ بایدن بەوردی سەرقاڵی چاککردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە و لە ڕاستییشدا قەیرانە دروستکراوەکەی پوتنیش لە بارەی ئۆکرانیاوە یەکێتیی هاوپەیمانێتییەکەی توندتر کردووەتەوە، بەڵام بە ئەندازەی پێویست گومان هەیە لە بارەی پابەندبوونی ئەمەریکاوە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)ەوە کە ڕووسیا سەرکەوتووانە توانیویەتی بەکاری بێنێت بۆ دروستکردنی گومان، بەتایبەتی لە ڕێگای سۆشیالمیدیاوە. لاوازکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕێگا خۆش دەکات بۆ پوتن بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی: فڕێدانی ئەو ڕێکخستنە نێودەوڵەتییە لیبراڵ و پشتئەستوور بە یاسایەی کە دوای جەنگی سارد دروست بووە و ئەورووپا، ئەمەریکا و ژاپۆن پشتگیریی دەکەن و دانانی ڕێکخستنێک گوێڕایەڵی ڕووسیا بێت. بۆ ڕووسیا ئەم سیستمە نوێیە لەو ڕێکخستنەی سەدەی نۆزدەی هێزەکان دەچێت. دەکرێ ئەمە سەر بکێشێ بۆ بەرجەستەبوونی سیستمێکی نوێی یەڵتا کە تێیدا ڕووسیا، چین و ئەمەریکا جیهان دابەش بکەن بۆ سێ ناوچەی جێگای کاریگەری. زیادبوونی نزیکبوونەوەی مۆسکۆ لە چین، لە ڕاستیدا بانگی ڕووسیای بۆ دروستکردنی ڕێکخستنێکی بەهێزتر کردووە لەدوای ڕێکخستنی ئێستای جیهان کە هیی ڕۆژئاوایە. هەردوو ڕووسیا و چین داوای سیستمێکی نوێ دەکەن کە تێیدا هەردوو لا کاریگەریی زیاتریان دەبێت لە جیهانێکی فرەجەمسەردا. سیستمەکانی سەدەی نۆزدە و بیست هەندێ یاسای یارییەکەیان دەزانی. لە کۆتاییدا لە ماوەی جەنگی سارددا هەردوو ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بەزۆری ڕێزیان لە پێگەی نفووزی یەکتری دەگرت. دوو ڕووداوی زۆر ترسناکی ئەو سەردەمە، داواکەی خرۆشۆف لە بارەی بەرلینەوە لە ١٩٥٨ و قەیرانی مووشەکی کوبای ١٩٦٢، بەر لەوەی بگەن بە پێکدادانی جەنگی هێورکرانەوە. بەڵام ئەگەر دۆخی ئێستا ئاماژەیەکی تێدا بێت ئەوەیە کە وەها دیارە “ڕێکخستن”ی پاش ڕۆژئاوای پوتن جیهانێکی ئاژاوەی هۆبزیانەیە بە کەمێک یاسای یارییەوە. بۆ گەیشتن بەو سیستمە نوێیە، پوتن شێوازی کارکردنەکەی ئەوەیە ڕۆژئاوا تووشی شڵەژان بکات کە خەمڵاندن بۆ نیازی ڕاستەقینەی ئەو بکەن و دواتر تووشی سەرسوڕمانیان بکات کە شتێک ئەنجام دەدات. دانانەوە ڕووسییەکە بە پێی ئامانجە کۆتاییەکەی پوتن و ئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتیەتی بۆ ناچارکردنی ڕۆژئاوا بە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، ئایا ڕووسیا دەکرێت بوەستێنرێت لەوەی هێرشێ تر بکاتە سەر ئۆکرانیا؟ کەس نازانێ لە کۆتاییدا پوتن چ بڕیارێک دەدات. بەڵام ئەو باوەڕەی کە ڕۆژئاوا بۆ ماوەی سێ دەیەیە بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە، بەردەوام پاڵنەری کارەکانی پوتنە. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە مافی ڕووسیا بسەپێنێ لە سنووردارکردنی بژاردە سەروەرەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی پێشتر ئەندامی پەیمانی وارشۆ بوون، ئیدی ئایا شتەکە بە دیپلۆماسیەت بێت یان بە هێزی سەربازی. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ڕۆژئاوا بێهێزە. ئەمەریکا دەبێت بەردەوام بێت لە دیپلۆماسیەت لەگەڵ ڕووسیا و بەدوای ڕێککەوتنێکدا بگەڕێن کە بۆ هەردوو لا قبووڵکراو بێت بەبێ کەمکردنەوەی سەروەریی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی. لە هەمان کاتدا، ئەمەریکا دەبێ بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەورووپییەکان بۆ وەڵامدانەوە و سزادانی ڕووسیا. بەڵام شتەکە ڕوونە هەتا ئەگەر ئەورووپا لە شەڕیش دوور بێت، چیدی گەڕانەوە نییە بۆ دۆخی پێش ئەو کاتەی ڕووسیا هێزەکانی کۆ کردەوە لە ئازاری ٢٠٢١. ئەنجامی کۆتایی ئەم قەیرانە، سێیەم ڕێکخستنەوەی ئاسایشی ئەتڵەسی-ئەورووپییە لە (١٩٤٠)ەوە. یەکەم جار ئەو کاتە بوو کە سیستمی یەڵتا بوو بە دوو بلۆکی دژبەر لە ئەورووپا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم. دووەم جار لە (١٩٨٩)وە بۆ ١٩٩١ سەری هەڵدا، لەگەڵ ڕووخانی بلۆکی کۆمۆنیستی و دواتریش یەکێتیی سۆڤیەت. دوای ئەوەش ویستی دروستکردنی ئەورووپایەکی “تەواو و ئازاد”ی بەدوادا هات. پوتن ئێستا تەحەدای ئەو ڕێکخستنە دەکات بە جووڵەکانی دژی ئۆکرانیا. لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی چاوەڕوانی جووڵەی داهاتووی ڕووسیان و هەوڵی ڕێگریکردن لە داگیرکردن دەدەن بە دیپلۆماسیەت و هەڕەشەی سزای قورس، پێویستە لە ویستەکانی پوتن تێبگەن و بزانن چ ئاماژەیەکیان پێیە. قەیرانەکەی ئێستا لە کۆتاییدا دەربارەی هەوڵەکانی ڕووسیایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی دوای جەنگی سارد و سەپاندنی نفووزی خۆی بەسەر نیوەی ئەورووپادا لەسەر ئەو بانگەشەیەی کە گەرەنتیی ئاسایشی خۆی دەکات. ڕەنگە بکرێت ئەم جارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوو نەدات، بەڵام هەتا ئەو کاتەی پوتن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ڕێبازەکەشی هەر دهمێنێتهوه. نووسەر: ئەنگێلا ستێنت/ پسپۆڕی سیاسەتی دەرەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیادا و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لە بواری ئۆراسیا، ئەوروپاو ڕوسیا لە زانكۆی جۆرج تاون. سەرچاوە: Foreign affairs/ گۆڤارێکی ئەمریکییە سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا كە لە لایەن ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەردەکرێت. وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی
درەو: *ڕەنج نەوزاد تۆفیق - گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی پێش ڕێکەوتی ٢٤/٢/٢٠٢٢، پرسيار و لێکدانەوەکان لە بارەی ئەوەوە بوون ئایا ڕووسيا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئۆکرانیا یاخود نا؟ ئەگەر هێرش بکات، شێواز و سنووری هێرشەکە چۆن دەبێت؟ ئایا هێرشەکە تەنيا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا (بەتايبەت ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا) دەگرێتەوە، یاخود هێرشێکی سەرتاسەری دەبێت؟ هێرشەکە زیاتر پشت بە هێزی وشکانی دەبەستێت، یان ئاسمانی و دەريایی؟ دوای بڕياردانی پوتين بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لە ٢٤/٢، زۆربەی ئەو پرسيارانە کۆتاییان هات و پرسيار و لێکدانەوەی نوێ درووست بوون. ڕووسيا هێرشێکی سەرتاسەریی سەربازی (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی) بۆ کۆی خاکی ئۆکرانیا دەست پێ کردووە. بە هۆی ڕووبەری جوگرافی، ئەم جەنگە کە لە سنووری نێوان ناتۆ و ڕووسيایە، هەروەها لەبەر هەردوو بەرەی جەنگەکە؛ ڕووسيا وەک نەياری سەرەکیی ناتۆ و ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەی ئەندام نييە لە ناتۆ، بەڵام وەک نوێنەرێکی ناتۆ دژ بە ڕووسيا دەجەنگێت، لێرەوە ئەم ڕووداوە پەيوەندیی بە کۆی سيستمی جيهانيیەوە هەیە و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەر کۆی سيستمی جيهانيدا بێنێت. لەبەر ئەوە، دەکرێت کاريگەی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە جيهانی بن نەک تەنيا ناوچەیی. بۆیە لێکۆڵينەوە لەو جەنگە و چاودێريکردنی پێويستە و گرنگیيەکی گەورەی هەیە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت، بەکوردتی، وەڵامی سێ پرسيار بدرێتەوە: هۆکارەکانی هێرشی سەربازیی ڕووسيا چين؟ سيناريۆکان و ئامانجەکانی ئەم جەنگە چين؟ ئایا لێکەوتەکانی ئەم جەنگە چۆن دەبن؟ ١. هۆکارەکانی جەنگەکە هۆکاری جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی: دەستەواژەی دەرەوەی نزيک (Near Abroad) ئەو دەستەواژەیەیە کە بەکار دەهێنرێت بۆ وەسفی تێڕوانينی ڕووسيا بۆ ئۆکرانیا و بۆ ئەو دەوڵەتانەی تر کە لە یەکێتیی سۆڤيەت جيا بوونەوە و دراوسێی ڕووسيان لە ئێستادا[1]. واتە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆن و لە دەرەوەی نەخشەی ڕووسيان، بەڵام لە ڕووی ئەمنی و سياسی و بەرژەوەندی و مێژوویی… هەر نزيکن لە ڕووسيا و هەر گۆڕانکارييەک لە “دەرەوە” ڕوو بدات؛ کاريگەرييەکانی نزيک و ڕاستەوخۆ دەبن بۆ سەر ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت ڕاستەخۆ دەستتێوەردان بکات لەو “دەرەوەیە” و نابێت وەک دەرەوە تەماشای بکات، بەڵکوو لە ڕووی ئەمنی و بەرژەوەندييەوە دەبێت وەک ناوەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا سەبارەت بە ئۆکرانیا، بە بەراورد بە دەوڵەتە دراوسێکانی تر، فراوانتر و قووڵترە، چونکە ڕووسەکان وەک نيشتمانی لەدەستچوو [2](The Lost Homeland) تەماشای ئۆکرانیا دەکەن، ئەو نيشتمانەی کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی. ڕووسەکان لە خەياڵ و تێڕوانينياندا وەک بەشێک لە نيشتمانی خۆیان سەيری ئۆکرانيا دەکەن کە لەدەستيان داوە. لە جيۆپۆلەتيکی هاوچەرخدا، دەستەواژەی (Geopolitical Imagination) بۆ ئەم دۆخە بەکار دەهێنرێت[3]. ئەو نەتەوە و دەوڵەتەی کە بەشێک لە نيشتمانی خۆی لەدەست دەدات، چاوەڕێی هەوڵێک دەکات کە بەهێز بێتەوە و ئەو نيشتمانە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە. زۆرێک لە ڕووسەکان پێيان وایە کە شاری کێيەڤی پايتەختی ئێستای ئۆکرانیا، یەکەم نيشتمانی نەتەوەکەیانە[4]. دەوڵەتی کێيەڤ ڕووس (Kievan Rus) کە لە کێيەڤی پايتەختی ئۆکرانيا لە (٨٦٢-١٢٤٢) دامەزرا، سەرچاوەی هەر یەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیای ئێستایە[5]. جگە لەوەی لە مێژووی نوێدا لە سەردەمی سۆڤيەتدا هەریەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیا بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤيەت. کەواتە هەر یەک لە ڕووسەکان و ئۆکرانيیەکان زۆر کات یەک وڵات و یەک نيشتمانيان هەبووە. ئەم یەکبوونە بەردەوام دەبێت تا ڕووخاندنی سۆڤيەت و لە ساڵی ١٩٩١ ئۆکرانیا دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەر بۆیە پوتين دەڵێت: ڕووسيا و ئۆکرانیا بران، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانيا وەڵامی دایەوە و وتی: برايەتيمان وەک برایەتیی قابيل و هابيلە[6]. بەدەستهێنانەوەی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسياوە، بە دوو ڕێگا ئەنجام دەدرێت؛ یا حکومەتێکی پرۆڕووسيا لە ئۆکرانیا حوکم بکات، ئەگەرنا ڕووسيا ئامادەیە بە هێزی سەربازی ئۆکرانیا بهێنێتەوە ژێر هەژموونی خۆی، بەتايبەت ئەگەر مەترسیی ئەوە هەبێت ئەو نيشتمانە لەدەستچووە ئەمەريکا کۆنترۆڵی بکات و لە دژی ڕووسيا بەکاری بهێنێت. ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا بۆ بيلاڕووسياش هەر گونجاوە. ئەمەی ئاماژەی پێ درا، دەتوانرێت بە هۆکارێکی جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی دابنرێت، کە هۆکارێکی گشتییە و هەميشە لە فکری سياسیی دەسەڵاتدارانی ڕووسيا ئامادەیە. هۆکارێکی تری ئەم جەنگە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤. کاتێک لە ڕێگەی خۆپیشاندان و پەرلەمانی ئەوکاتی ئۆکرانیاوە سەرۆکی ئەوکات (فيكتور يانوكوفيتچ)ی نزيک لە ڕووسيا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و هەڵدێت بۆ ڕووسيا، ئەو خۆپێشاندانە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئۆکرانیا لە هاوپەيمانیی ڕووسياوە بگۆڕدرێت بۆ ئەنتیڕووسيا و نزيک لە ڕۆژئاوا[7]. ڕووسيا ئەو ڕووداوەی وەک کودەتایەک وەسف کرد کە لەلایەن ئەمەريکا و ئەورووپاوە ڕێک خراوە، هەر بۆیە هێرشی سەربازیی کرد و نيمچەدوورگەی کریميای داگير کرد و هاوکاریی جوداخوازەکانی ناوچەی دۆنباسی (دۆنيتسك و لوگانسك) کرد دژ بە سوپای ئۆکرانیا، ئەوەش بووە هۆکاری شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکە و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانیا لەو دوو هەرێمە. ئەم دۆخە تا ئەمڕۆش بەردەوامە[8]. ئەم ڕووداوە ڕێگەی خۆش کرد بۆ زیادکردنی چالاكی و نزيکبوونەوەی زیاتری ناتۆ لە ڕووسيا لە بەرەی ئۆکرانیاوە. هەر لەدوای ئەو ڕووداوەوە، ئۆکرانیا بەفەرمی داوای کرد ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش هۆکارێکی ڕاستەوخۆی هەڵگيرساندنی جەنگەکە بوو. کەواتە ئەم جەنگەی ئێستا، هەر درێژکراوە و دەرئەنجامی ڕووداوەکانی (٢٠١٤)یە. هۆکارێکی تری ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سيستمی جيهانی لەم سەردەمەدا. ساڵانێکە وا دەبينرێت کە سيستمی سياسی لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە. دەکرێت لە تاک جەمسەری ئەمەريکییەوە بەرەو دووجەمسەری یاخود فرەجەمسەری بڕوات. دەوڵەتان بەگشتی هەوڵ دەدەن لە سيستمی نوێی جيهانيدا پێگەی بەهێزتر و گەورەتريان هەبێت. دوو سەرەکيترين کانديد بۆ بوون بە جەمسەر لە سيستمی جيهانی داهاتوودا، بريتين لە چين و ڕووسيا. هەر بۆیە ڕووسيا دەيەوێت پێگەی خۆی بەهێزتر و کاريگەرتر بکات لە سيستمە نوێیەکەدا. هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەوە بريتييە لەوەی ڕووسيا هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەوڵەتانی درواسێ و ناوچەکەی خۆی، چونکە ئەستەمە ڕووسيا بتوانێت ببێتە جەمسەر، ئەگەر ئۆکرانیا لە بەرەی ناتۆ بێت و لە دەرەوەی هەژموونی ڕووسيا بێت. ڕۆڵی ئەمەريکا هۆکارێکی سەرەکیی ترە بۆ ئەو جەنگە. هەروەک چۆن ڕووسيا دەيەوێت لە ڕێگەی داگيرکردن و هێنانەوەی ئۆکرانیا بۆ ژێر هەژموونی خۆی؛ پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لە سيستمی جيهانیدا، وا دەردەکەوێت کە ئەمەريکاش بە هەمان شێوە دەيەوێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە ئەو ئامانج و خەونانەی ڕووسيا لەناو بەرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سيستمی جيهانيدا. ئاشکرایە ئەمەريکا دەيەوێت بەرگری لە سيستمی جيهانیی تاک جەمسەری بکات، ڕووسيا دەيەوێت گۆڕانکاری لەو سيستمەدا بکات، چونکە ئەمەريکا ڕازييە لە پێگەی خۆی لە جيهاندا، بەڵام ڕووسيا بەپێچەوانەوە. بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی هاندانی ئەمەريکا بۆ نزيکبوونەوەی ئۆکرانیا لە ناتۆ و دژایەتيکردنی ڕووسيا، پاڵ بە ڕووسياوە بنێت بۆ بەرپاکردنی شەڕ دژ بە ئۆکرانيا و تێوەگلانی بە جەنگێکی ئاڵۆز و ماوەدرێژ کە لە ڕووی سەربازی و ئابووریيەوە ماندووی بکات، وەک چۆن ئەمەريکا هەمان سيناريۆی بەکار هێنا دژ بە سۆڤيەت لە ئەفغانستان. وا ديارە ڕووسيا دوای ماوەیەکی زۆر لە بيرکردنەوە، گەيشتە ئەو بڕيارەی کە جەنگ باشترين و تاکە بژاردەیە. ڕووسيا دڵنيایە لەوەی ئەگەر بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە ڕێگری دروست نەکات بۆ ئۆکرانیا، ئەوا هەروەک چۆن دەسەڵاتی سياسی لە ئۆکرانیا لە دۆستی ڕووسياوە گۆڕا بۆ دژی ڕووسيا، ئاواش ئەمەريکا؛ ئۆکرانیا دەکاتە ئەندام لە ناتۆ و بنکەی سەبازی و مووشەکەکانی خۆی دەباتە ئۆکرانیا، ئەوکات ڕووسيا زیاتر گەمارۆ دەدرێت بە بنکە سەربازييەکانی ناتۆ. لە ئێستادا ڕووسیا لە ڕۆژئاوای سنوورەكانی تا ڕادەیەکی زۆر گەمارۆ دراوە بە ناتۆ. هەروەها ئەگەر ئۆکرانيا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا دووبارە پرسی ئەندامبوونی جۆرجيا جددی دەبێتەوە، ئەوکات دەبێت ڕووسيا چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە دەسەڵاتی سياسیی بيلاڕووسيا، هاوشێوەی ئۆکرانیا، لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتێکی نزيک لە ئەمەريکا، بەوەش ڕووسيا بەتەواوی سنوورەکانی بە ئەورووپاوە گەمارۆ دەدرێت بە ناتۆ و هاوپەيمانانی ئەمەريکا. ٢. سيناريۆکانی جەنگەکە لێرەدا بە چەند خاڵێک هەندێ لە سيناريۆکانی ئەم جەنگە دەخرێتە ڕوو: ١. ڕووسيا مەبەستی نييە کۆی ئۆکرانیا داگير بکات، تەنيا هێز و ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا بەتەواوی لاواز دەکات و ئۆکرانیا گەمارۆ دەدات تا ناچاری سازشکردن دەبێت. هەردوو کۆمارەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە سەربەخۆیی دەمێننەوە، یاخود ڕووبەری کۆمارەکان فراوانتر دەکات، یاخود هەندێ ناوچەی تر لە ئۆکرانیا جيا دەکاتەوە هاوشێوەی ئەو دوو کۆمارە، بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی ئۆکرانیا، پاشان دەکشێتەوە. تا ئێستا حکومەتی ئۆکرانیا سازش ناکات، ئەگەر وا بەردەوام بێت، ئەوا ئەم سيناريۆیە نایەتە دی. ئەم سيناريۆیە وەک بردنەوە بۆ ڕووسيا هەژمار دەکرێت، چونکە زیانە سەربازی و ئابوورييەکانی کەم دەبن، دەگات بە هەندێ ئامانجی سەرەکیی خۆی و دەکرێت دوای ماوەیەک سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەری لا ببرێن. لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕووسيا تا ڕادەیەک هەمان پلانی بەکار هێنا دژ بە جۆرجيا کاتێک دەيويست ببێتە ئەندام لە ناتۆ. ٢. ڕووسيا ئامانجی ئەوەیە ئۆکرانیا داگير بکات و بچێتە ناو کێيەڤ و حکومەتی ئێستای ئۆكراينا لا ببات و حکومەتێکی نوێ نزيک لە خۆی دابنێت، ئەمەیان لێکەوتەکانی ئاڵۆز و ناڕوون دەبێت، ئەوکات چاوەڕوان دەکرێت جەنگەکە لە جەنگێکی کلاسيکیيەوە بگۆڕدرێت بۆ شەڕی ناو شار و کۆڵان بە کۆڵان. بە پێی ئەو بەرخودانەی ئۆکرانیا دەيکات لە ئێستادا، وا دەردەکەوێت شەڕی ناو شارەکان توندتر و فراوانتر بێت بەتايبەت ئەگەر هاوکارييەکانی ناتۆ و ئەورووپا بەردەوام بێت بۆ گرووپە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش ڕووسيا دەخاتە ناو دۆخێکی ناديار، ماوەی جەنگەکە ناديار دەبێت، هاوکات سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسيا زیاتر دەبن، دەشێت لە ئەنجامدا ببێتە هۆکاری زیانی زۆر گەورە بە سەرباز و ئابووری و پێگەی ڕووسيا. هەڵوێستی ئەمەريکا لەپێش جەنگەکە و لە کاتی جەنگەکەش وا دەردەکەوێت کە خوازياری ئەم سيناريۆیە بێت. ٣. داگيرکردنی کێيەڤ و دانانی حکومەتێکی نزيک لە ڕووسيا، پاشان کشانەوەی ڕووسيا لە ماوەیەکی کورت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ئۆکرانیا زۆر دەبێت. ئەوکات ئۆکرانیا وەک وڵاتێکی نائارام و کراوە بۆ دەستتێوەردانی ناتۆ هەر مەترسی دەبێت بۆ ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت بەردەوام هاوکاریی ئەو حکومەتە نوێيە بکات کە خۆی دايناوە و ڕێ نەدات ئۆکرانيیەکان بيڕووخێنن هاوشێوەی ٢٠١٤. ئەمەش بەبێ دەستتێوەردانی سەربازی و هەواڵگری و هاوکاریی ئابووری ئەستەمە بکرێت. ئەمەش ديسانەوە زیانەکانی بۆ ڕووسيا زیاتر دەبێت. ٤. ڕووسيا ئۆکرانیا داگير و کۆنترۆڵ بکات و حکومەتێکی نوێ بسەپێنێت، پاشان کۆتاییهاتن بە جەنگەکە. ئەمەیان لە ئێستادا ئەستەمە، چونکە داگيرکردنی ئۆکرانیا جياوازە لە کۆنترۆڵکردنی. ڕووسيا دەتوانێت ئۆکرانیا داگير بکات، بەڵام ئەوەی كە کۆنترۆڵی بکات و ئاڕاستەی بکات بە ويستی خۆی، سيناريۆیەکی قورسە، لانی کەم بە پێی پێدراوەکانی ئێستا. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا. ٥. گەيشتنی هەردوو لا (ئۆکرانیا و ڕووسيا) بە ڕێککەوتنێک بەوەی حکومەتی ئۆکرانیا بمێنێتەوە، ڕووسيا بکشێتەوە، ئۆکرانیا بەڵێن بدات کە بێلایەن دەبێت و نابێت بە ئەندام لە ناتۆ. ئەم سيناريۆیە هەر چەند لۆژيکیيە، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی ئەمەريکا و ئەورووپا لە دۆخەکە، لەبەر کەسایەتیی پوتين، کە ئەگەر ئەم سيناريۆیە ڕوو بدات، تا ڕادەیەک سەرکەوتنە بۆ ئۆکرانیا و شکستە بۆ پوتين، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم جەنگە زیاتر ڕووسيای بێزراو کردووە لای بەشێکی زۆری ئۆکرانيیەکان…؛ هەموو ئەمانە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم سيناريۆیە. ٦. سەرکەوتنی ئۆکرانیا و شکستهێنانی ڕووسيا و کشانەوەی لە ئۆکرانیا. ئەم سيناريۆیە ئەگەر ڕووش بدات، ئەوا دوای ماوەیەکی زۆر دەبێت، لەوانەیە بگاتە دوای ساڵێک یا زیاتر، چونکە کشانەوەی ڕووسيا بەبێ بەدەستهێنانی هيچ ئامانجێک، شکستێکی گەورە و مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا و دەکرێت کۆتایی ژیانی سياسیی پوتين بێت. بۆیە ڕووسيا هەموو هێزێکی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەم سيناريۆیە ڕوو نەدات. ٧. بەگشتی لە ئەگەری ڕوودانی هەر یەک لەو سيناريۆیانە -جگە لە شەشەم-، نيمچەدوورگەی کرێميا و هەردوو کۆمارە نوێيەکە وەک بەشێک لە خاک و ناوچەی هەژموونی ڕووسيا دەمێننەوە. لەو سيناريۆیانە ئاماژە بە ترسناکترين سيناريۆ نەکراوە کە ئەگەری پەلاماردانی ڕووسيایە بۆ سەر هەندێ لە دەوڵەتە دراوسێکانی خۆی کە ئەندامن لە ناتۆ، بە هۆی هاوکاريکردنی بەردەواميان بۆ ئۆکرانیا، ئەمە دەبێتە سەرەتای جەنگی سێهەمی جيهانی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە تا ئێستا نيمچەمەحاڵە ئەوە ڕوو بدات. پێويستە ئاماژە بەوە بکرێت هەموو ئەو سيناريۆیانە تەنيا گريمانە و ئەگەری کاتين و پشت بە پێدراوەکانی ئێستا دەبەستن، دەکرێت ڕاست یا هەڵە دەربچن، یاخود بەڕێژەیی ڕاست و هەڵە بن. بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی جەنگەکان، پێشبينیکردنی ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکانی زۆر ئەستەمە، چونکە کۆمەڵێک فاکتەری زۆر کارلێک دەکەن، فاکتەری نوێ دروست دەبێت، یەک لایەن بڕيار نادات، کۆمەڵێک بڕيار و پلان و تێگەيشتنی جياواز و دژ بە یەکترە کە ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکەی دروست دەکەن. دەکرێت ئەنجامی ئەم جەنگە بە شێوەیەک بێت نە پوتين و زيلينسكی، نە سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەريکا؛ وێنەیان نەکردبێت پێش جەنگەکە. ٣. لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بە هۆی پێگەی لایەنە بەشەڕهاتووەکان و جوگرافيای جەنگەکە، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە فرەلایەن و فراوانە، وەک ئەوەی لە خوارەوە دەخرێتە ڕوو: – لێکەوتەکانی بۆ سەر سيستمی سياسیی جيهانی گۆڕانکاری لە پێگەی ڕووسيا، کار دەکاتە سەر هاوسەنگی و پێکهاتەکانی سيستمی جيهانی. بردنەوەی ڕووسيا لەم جەنگە و گەيشتن بە ئامانجەکانی، گەورەترين پاڵنەر دەبێت بۆ ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕيشەیی لە سیستمی جيهانی، چونکە ئيتر ڕووسيا دەستکراوەتر دەبێت بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، بەتايبەت لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە ڕووسيا چەندين ئۆپەراسيۆنی گرنگی ئەنجام داوە لە جۆرجيا و سووريا و تەنانەت لە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ و تياياندا سەرکەوتوو بووە. سەرکەوتنی لەم جەنگەدا، واتە لاوازبوونی سيستمی جيهانی بە سەرکردایەتیی ئەمەريکا و هاتنی سيستمێکی نوی کە تيایدا ڕووسيا جەمسەرە هاوشێوەی ئەمەريکا. بە هەمان شێوە شکستی ڕووسيا لەم جەنگە، واتە سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەی سيستمی جيهانیی ئەمەريکی. کەواتە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ کار لە سروشتی سيستمی جيهانی دەکات. – لێکەوتەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ئۆکرانیا لە هەردوو دۆخەکەدا –چ سەرکەوتوو بێت، چ شکست بێنێت-، ئەوا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت لە ڕووی مرۆیی و وێرانبوونی ژێرخان و شارەکانی. بەڵام سەرکەوتنی ئۆکرانیا بۆ دوورمەودا، سوودی گەورەی دەبێت، بەتايبەت لە ڕووی سايکۆلۆژییەوە کەسایەتيیەکی نوێ و بەهێز و باوەڕبەخۆ بۆ مرۆڤی ئۆکرانی دروست دەکات. ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و لەوانەیە لە ناتۆش. ئەمانەش لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سياسيیەوە کاريگەریی پۆزەتيفيان دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. شکستی ئۆکرانیا یان دەيکاتە وڵاتێکی ناسەقامگير و بۆ ماوەیەکی ناديار لە جەنگدا دەبێت، یاخود دەيکاتە پاشکۆیەکی ڕووسيا هاوشێوەی بيلاڕووسيا. – لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕووسيا وەک ئاماژەی پێ کرا، بردنەوە و شکستی ڕووسيا ڕاستەخۆ کار لە پێگەکەی دەکات لە سيستمی جيهانی. لە لایەنی ئابووری و بازرگانی، لە هەردوو دۆخەکەدا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت. ئەگەر براوەش بێت، ئەوا دەکرێت تا ماوەیەکی درێژ لێکەوتەکانی ئەو سزا ئابووریيانە بەردەوام بن لەسەر ئابووریيەکەی. لە هەردوو دۆخەکەدا، زیانە مرۆییەکانی گەورە دەبن. – لێکەوتەکانی بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپا لەدوای ڕووسيا و ئۆکرانیا، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپایە. هەر لە ئێستاوە ئەورووپا جارێکی تر ڕووبەڕووی شەپۆلی پەنابەر بووەتەوە، کە دەکرێت لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خراپی هەبێت. بردنەوەی ڕووسيا، ئەورووپا تا ڕادەیەکی زۆر ملکەچی ڕووسيا دەکات و دەشێت ناچارانە دوور بکەوێتەوه لە ئەمەريکا و هەوڵی بێلایەنی بدات. لە ئەگەری وەستاندنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، ئەوا دەکرێت زیانی زۆر گەورەی هەبێت. بۆ نموونە؛ یەکێتیی ئەورووپا کە زۆر پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، ئەوا ٤١٪ی لە ڕووسياوە دابين دەکرێت[9]. هەر چەند ڕاگرتنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ ئابووریی ڕووسياش، چونکە ڕاگرتنی وزەی ڕووسيا بۆ ئەورووپا، واتە ڕاگرتنی ناردنی پارە لە ئەورووپاوە بۆ ڕووسيا. دەکرێت جياوازييەکی بنەڕەتی هەبێت لە هەڵوێست و تێڕوانينی نێوان ئەمەريکا و یەکێتیی ئەورووپا، ڕاستە هەردوو لا بەفەرمی دژی ڕووسيان و لەگەڵ ئۆکرانیان، بەڵام ئەورووپا خوازيار نەبوو ئەو جەنگە ڕوو بدات و لەگەڵ ئەوەیە بە زووترين کات کۆتایی پێ بێت، بەڵام دەشێت ئەمەريکا تەنيا لەسەر ئاستی گوتار هاوشێوەی ئەورووپا بێت، بەڵام ويستی ئەمەريکا لەگەڵ هەڵگيرساندنی ئەم جەنگە بوو بەو ئامانجەی ڕووسيا تێوە بگلێنێت بە دۆخێکی ئاڵۆز و قورس کە لە ئەنجامدا ڕووسيا ماندوو و لاواز بکات. – لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکيا بە هۆی ئەندامبوونی لە ناتۆ و هەبوونی چەندين کێشە لەگەڵ ڕووسيا لە سووريا و ليبيا، دەکرێت بە جۆریک لە جۆرەکان تێوە بگلێت لەم جەنگە، ئەوەش دووبارە تورکيا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرەی ڕۆژئاوا. بەتايبەت ئەگەر ڕووسيا ناردنی نەوت و غاز بۆ تورکيا بوەستێنێت، ئەوکات تورکيا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ژێر هەژموونی ئەمەريکا. ئێران وەک هاوپەيمانێکی ڕووسيا، دەکرێت چەند ئامانجێکی هەبێت، خۆی بکات بە یەکێک لە بەديلە سەرەکیيەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، بەو مەرجەی هەموو سزا ئابووريیەکانی لەسەر لا بدرێت، یاخود بچێتە بەرەی ڕووسيا و لەگەڵ ڕووسيا فشار لە تورکيا بکەن بەوەی هەردووکیان ناردنی وزە بوەستێنن بۆ تورکيا، بەمەش تورکيا وەک ئەندامێکی ناتۆ ڕووبەڕووی قەيرانی گەورە دەبێت. – دۆزينەوەی جێگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا بەدەر لە دەرئەنجامی جەنگەکە، ئەورووپا و ئەمەريکا جدديتر کار دەکەن بۆ دۆزينەوەی شوێنگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا، چونکە دەرکەوت وزەی ڕووسيا کارتێکی بەهێزە و دەتوانێت وڵاتان داگير بکات و بەو کارتەش خۆی بپارێزێت لە سزای زۆر توند. لە لایەکی ترەوە تورکياش هەمان پلانی دەبێت بۆ خۆڕزگارکردن لە فشاری کارتی وزەی ڕووسی و ئێرانی. لێرەوەیە “هەرێمی کوردستان” وەک خاوەنی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی دەکرێت پەيوەندیيەکی گرنگی هەبێت بە لێکەوتەکانی ئەو جەنگە و جيهانی دوای ئەو جەنگە. بە هاوکاریی ئابووری و سياسیی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەريکا، دەکرێت کەرتی گازی کوردستان ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، هەروەها کەمکردنەوەی پشتبەستنی تورکيا بە گازی ئێران و ڕووسی. بۆ ئەوەش، جگە لە ڕێگریی ژێرخان و ئابووری، ڕێگریی سياسی و یاسایی بۆ دروست دەکرێت لەلایەن ئێران و عێراق و ڕووسياوە، وەک بڕيارەکەی دادگای باڵای عێراق. دەکرێت گازی قەتەر یەکێک بێت لە شوێنگرەوە ديارەکان، کە ئەمەش پێگەی قەتەر بەهێزتر دەکات بەرامبەر بە سعوديە و ئيمارات. هەروەها وزەی ئەمەريکا دەکرێت لە ئايندەدا ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی وزەی ڕووسی. – پەيوەندیی چين بە جەنگی ڕووسيا-ئۆکرانیا چين وەک بەهێزترين کاندید بۆ بوون بە جەمسەر بەرامبەر بە ئەمەريکا لە سيستمی جیهانی لە ماوەی داهاتوودا، بە ناڕاستەوخۆ پەيوەندييەکی گرنگی هەیە بەم جەنگەوە. ئەوەی لەم چەند ڕۆژە ڕووی دا، دەرکەوت داگيرکردنی ئۆکرانیا کارێکی ئاسان نەبوو، جگە لە بەرخودانی ئۆکرانيیەکان، ئەمەريکا دووبارە سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی بەرەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێز دژ بە ڕووسيا. هاوکات سەپاندنی سزای ئابووری و بازرگانیی قورس بەسەر ڕووسيادا. ئەمە وای کرد ئەگەر چين بيری لەوە کردبێتەوە هێرش بکاتە سەر تايوان، یاخود ئامرازی سەربازی بەکار بهێنێت لەپاڵ ئامرازی ئابووری بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، ئەوا پێداچوونەوەیەکی ورد دەکاتەوە لەو بارەیەوە، چونکە دەرکەوت ئەمەريکا جارێ ئەو زلهێزەیە کە دەتوانێت بەرەی گەورە دروست بکات و سزای گەورە بسەپێنێت و زۆربەی دەوڵەتە بەهێز و پێشکەوتووەکانی وەک ئەورووپيیەکان و ژاپۆن و کەنەدا…، تا ئەمڕۆش لە کاتی هەستياردا لەگەڵ ئەمەريکا دەبن بە یەک دەنگ دژ بە نەيارانی ئەم سيستمە جيهانييە کە لەلایەن ئەمەريکاوە سەرکردایەتی دەکرێت. بۆیە دەکرێت چين بۆ ماوەیەکی ناديار ئامرازی سەربازی و هێرشبەری دوا بخات، چونکە سەپاندنی ئەم سزا ئابووری و دارایی و بازرگانیيانەی بەسەر ڕووسيادا سەپێنراوە لەم چەند ڕۆژەدا، ئەگەر بەسەر چيندا بسەپێنرێت، ئەوا کاريگەرييەکانی زیاتر دەبن، چونکە زلهێزبوونی ڕووسيا زیاتر پشت بە هێزی سەربازی دەبەستێت، بەڵام هیی چين بە ئابووری، بۆیە لێدان لە هێزی ئابووریی چين؛ کارەساتە بۆ ئەو وڵاتە و تەنانەت بۆ ئابووریی جيهانيش. پوختە ئەم جەنگە و دەرئەنجامەکانی دەکرێت بە گرنگترين ڕووداوی سەدەی ٢١ دابنرێت لە ڕووی جيۆپۆلەتيکی و سياسییەوە، چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سيستمی سياسیی جيهانی. لە ڕووی سياسی و هەواڵگری و هاوکاریی سەربازی…، زۆربەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جيهان تيایدا بەشدارن، ڕووسيا وەک بەرەی شەڕ، ئەمەريکا و ئەورووپا جگە لە سوپا، لە هەموو ڕوویەکەوە بەشدارن لەم جەنگەدا. گەورەترين ڕێگری کە وا دەکات ئەم جەنگە نەبێتە جەنگی سێهەمی جيهانی، بريتييە لەوەی هەردوو بەرە (ڕووسيا و هاوکارەکانی ئۆکرانیا) خاوەن هێزێکی ئەتۆمی وێرانکەر و بەهێزن. سەرچاوەكان [1] Agnieszka Legucka, “New geopolitics: what is actually new?”, The Copernicus Journal of Political Studies 4, No. 2, 2013. P 16. [2] Ibid. [3] Güney, Aylin and Gökcan Fulya, “The Greater Middle East as a Modern Geopolitical Imagination in the American Foreign Policy”, Geopolitics, 15, no 1. 2010. P 23-28. [4] Matthew Mpoke Bigg, “A timeline of the tensions between Russia and Ukraine”, The New York times. Feb. 18, 2022. https://www.nytimes.com/2022/02/18/world/europe/russia-ukraine-timeline.html (last accessed 27/2/2022). [5] Joshua J. Mark, “Kievan Rus”, World history Encyclopedia, 2018. https://www.worldhistory.org/Kievan_Rus/ (last accessed 27/2/2022). [6] اوكرانيا برس، زيلينسكي يرد علی بوتين: أخوتنا اشبە بقصة قابيل وهابيل، ٢٠٢١. https://ukrpress.net/node/16537 [7] Becky Sullivan, “Russia’s at war with Ukraine. Here’s how we got here”, NPR, 2022. https://www.npr.org/2022/02/12/1080205477/history-ukraine-russia?t=1645961309142 (last accessed 27/2/2022). [8] Ibid. [9] Catherine Clifford, ‘’Why Europe is so dependent on Russia for natural gas’’, CNBC, 2022. https://www.cnbc.com/2022/02/24/why-europe-depends-on-russia-for-natural-gas.html بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی *خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە سياسیيەکان لە زانکۆی وارسۆ – پۆڵەندا
ئیدریس مستەفا بەریتانیا و ئەمریکا دوو هیزی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپان و هەر یەکەیان مەبەستێکی هەیە لە خوڵقاندنی شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا. ئەمریکا کە هەموو ئەوروپای وەک ئاگرگرەیەک بەکار دەهێنێ دژ بە روسیا ئەوا بەریتانیا دەیەوێ ئەلمانیا لەو جەنگە تێوەگلێنێ. جا ئایا ئەو تەڵەیەی بەریتانیا بۆ ئەلمانیای ناوەتەوە سەردەگرێ یان نا ئەوە پەیوەستە بە هزری سیاسیە دەسەلاتەدارەکانی ئەڵمانەوە.ئاماژەکانی ناحەزێتی یاخود دوژمنکارانەی بەریتانیا دژ بە ئەڵمانیا کە لەم ئاریشەیەی ئۆکرانیادا دەتوانرێ ببینرێ رەگێکی مێژوویی هەیە و ئەوەی لێرەدا بۆ خزمەتی ئەم باسە من دەمەوێ باسی تەنها هەندی هەڵوێست و رووداوی سیاسی سەدەی پێشوو هەروەها هەندێ دۆکیومێنتی نوێ لەو بارەیەوە کە تاکو ئیستا لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەوە ئەدەبیاتی سیاسی خۆمان هەر هیچ، ئاماژەی پێ نەدراوە یاخود زۆر کەم ئەگەرنا هەر دەکەوتە بەرچاوان جارێ لە جاران. کەواتە پرسیار ئەمەیە: بۆچی بەریتانیا رقی لە ئەڵمانیایە و بۆچئ بە دیاریکراوی دەیەوێ چۆن تێوەی گلێنێ لەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیادا؟ ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا سێ وڵاتی گەورەی ئابوری و زلهێزی ئەوروپا و جیهانیشن. ئەڵمانیا لە هەردووکیان زیاتر بە دڵی ئەوروپا دادەنرێت هەم بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە لە ناو کیشوەری ئەوروپادا هەڵکەوتەی کردووە و هەم بەهۆی بارە ئابوریە بەهیزەکەیەوە. دیارە فەرەنسا و بەریتانیا خاوەن ئابوری گەورەن بەڵام وەک ئەڵمانیا خاوەن ئابوریەکی بەهێزنین. لەم نوسینەدا دەردەکەوێ گەورەیی و بەهێزی ئابوری ئەڵمانیا لە چیدایە کە ئەوانی تر لە ئەوروپا نیانە. باری مێژوویی: ململانێی ئەڵمانیا و بەریتانیا مێژوویەکی گەلێک کۆنی هەیە کە بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە بەڵام ساڵی ١٨٧١ بە خاڵی وەرچەرخانی بەریتانیا دادەنرێت دژ بە ئەلمانیا چونکە لەو ساڵەدا راوێژکاری گشتی ئەلمانیا، ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، ئەڵمانیای یەکگرتووی دروست کرد. بەریتانیا بەم هەنگاوە زۆر قەڵس بوو. ئەم هەنگاوە هەم ئەڵمانیای کرد بە هیزێکی گەورەی ئەوروپا و جیهانیش، هەم لەو ساڵانەدا ئاسۆی خۆرئاوابوونی ئیمبراتۆریەتی بەریتانی بەرەو کزی دەچوو. خاڵی دووەم رێگەی خۆش دەکرد بۆ ئەڵمانیا وەک ئیمبراتۆریەتێک یان وەک هیزێکی گەورەتر لە بەریتانیا دەرکەوێت. هەرواش بوو، سەدەی بیست و بە تایبەت بیست و یەک سەدەی ئەڵمانیا بوو بەسەر بەریتانیادا. لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا بەریتانیا هەردەم لە هەوڵی ئەوەدابووە ئەڵمانیا لە گەورەیی بخات. جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دوو بەڵگەی مێژوویی گەورەن کە لە هەردوو جەنەگەکەدا ئەلمانیا و بەریتانیا دژ بە یەک بوون و بەریتانیا رۆڵی سەرکی هەبوو لە پشت ئەو قەید و بەندانەی کە ئەڵمانیایان پێ سزادا لە هەردوو جەنەگەکەدا. سەرباری لە دەستدانی لە سەدا شانزەی قەبارەی خاکی وڵاتەکە، ئەڵمانیایان خستە ژێر قەرزێکی زۆرەوە بەوەی بەشێکی زۆر لە زەرەری وڵاتانیان بەسەردا سەپاند. تەنها دانەوەی قەرزی جەنگی جیهانی یەکەم ٩٢ ساڵی خایاندا. واتە ساڵی ٢٠١٠ ئەڵمانیا لە دوایین قەرزەکانی تەواو بوو کە رێژەکەی ئەودەم بە زێر لەسەریان حساب کرد ٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، واتە ٧٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی ئیستا. (س١) ئەم سزایە لە پەیماننامەی سێرڤای لە رۆژی ١٩ی مانگی ٦ی ١٩١٩ لە بەندی ٢٣١ی پەیماننامەکە لە ژیر ناوی بەشی تاوانبارانی شەڕدا ئەو سزایانە بەسەر ئەڵمانیادا سەپێنرا. (س٢) قەرزی جەنگی جیهانی دووەم کە تەنها کەوتە سەر شانی رۆژئاوای ئەڵمانیا، چونکە ئەڵمانیا بوو بە بە دوو بەش رۆژهەڵات و رۆژئاوا. رۆژهەڵات کەوتە بەرەی یەکێتی سۆڤیەتەوە و فلسێک قەرزیان نەدایەوە. ئەڵمانیای رۆژئاوا کە لە بەرەی رۆژئاوادا مایەوە بڕی ٢٣ ملیارد دۆلاری ئەمریکی کەوتە سەرشان. دیارە، ئەڵمانیا موفلیس کەوتەوە و ئەو برە پارەیەی نەبوو. هەمان وڵاتان بە تایبەت بەریتانیا بە قەرز پارەیان پێ بەخشی و دواتر لەگەڵ سووەکەیدا ئەڵمانیا دەبوو بیداتەوە. تاکو ئیستاش پۆڵەندا داوای قەربووکردنەوەی زیاتر لە ٨٥٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکاتەوە لە ئەڵمانیا. (س٣) جگە لەوەی لە دانوستانەکانی وەستاندنی جەنگ و سزاکانی سەر ئەڵمانیا بەریتانیا دەورێکی بنەڕەتی گێڕا لە زەلیل کردنی ئەڵمانیا بەوەی هەرچی زەرەر و زیانی جەنگ هەیە خستیانە سەر شانی، بەسەریاندا سەپاند کە نابێ خاوەن هیچ سوپایەک و چەکێکی گەورە بێت وەک چەکی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا لە ئیستادا بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی دنیا دادەنرێت بۆ چەک فرۆشتن بەڵام ناتوانێ چەکی گەورە هەڵبگرێت بۆخۆی. پەرەسەندن و گەشەی ئابوری و سەربازی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، بەریتانیای نیگەران کرد. حکومەت و دەزگای هەوالگری بەریتانی دەیانزانی هیتلەر و دروشمەکانی ئەڵمانیا بەرەو هەلدێرێک دەبات بۆیە کەوتنە پیاهەڵدان و رێگەخۆشکردن بۆی کە پەلاماری هەندێ ناوچە بدات. لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٨ ئەڵمانیا نەمسا و ناوچەی سەتلاندی چیکۆسلۆڤاکیای ئەڵمانی زوبانی داگیر کرد. بەریتانیا نەک هەر سەرەکۆنەی ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیای نەکرد بەڵکو لە مانگی ٩ی هەمان ساڵدا، ١٩٣٨، "رێکەوتننامەی میونیخ" کە سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی بەریتانیا "نڤیڵ چامبەرلین" بوو بەشداری تێدا کرد؛ لە رێکەتننامەی میونیخدا بەریتانیا بە رەسمی دانی نا بە داگیرکاریەکانی هیتلەر بۆ ئەو ولاتانە. (س٤) ئەم هەنگاوەی بەریتانیا هەندێک لە رۆژنامەکانی ئەو دەمی بەریتانیا بە ترسنۆکی حموکەت ناوبرد بەڵام لە راستیدا ئەوە هاندانێک و تەڵەیەکی ئینگلیز بوو بۆ هیتلەر تاکو تیوەگلێ لە شەڕێکدا و ئامانجەکەش لاوازبوونی ئەڵمانیایە. بەریتانیا ئەمەیان کرد و ئەوە بوو هیتلەر جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و ئەڵمانیای پێش هەر وڵاتێکی تری ئەوروپی توشی وێرانکاری و کارەساتی مێژوویی کرد. هەستانەوەی ئەڵمانیا: سەرباری ئەو دوو کۆستە گەورەیەی بەسەر ئەڵمانیادا هات واتە ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، لەگەڵ قەرز دانەوەی ولاتانی ئەوروپا لەگەڵ سووەکەیدا، دەبوو وڵاتەکەی خۆی سەر لە نوێ دروست بکاتەوە. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئیستا ئەڵمانیا نەک هەر قەرزەکانی سەدەیەکی دایەوە و وڵاتەکەی خۆی لە جاران باشتر و پتەوتر بنیات نایەوە بەڵکو ئەڵمانیا بوو بە یەکێک لە هێزە گەورە ئابوریەکانی دنیا و بگرە لە ئەوروپادا سوپەرپاوەر خۆیەتی و لە و بلۆکی رۆژئاوادا کە ئەمریکا و کەنەداشی تێدایە لە دوای ئەمریکاوەیە. ئەو هۆکارانەی وایان لە ئەڵمانیا کردووە کە هەردەم هێزی گەورە بێت سەرباری ئەو هەموو کارەسات و رووداوە جەرگبڕە مێژژوییانە ئەو توانا مرۆییەیە کە ئەڵمانەکان وەک میللەتێک هەیانە، توانا فکری و فەلسەفی و سیاسی و پیشەسازی و داهێنانە تەکنۆلۆجیەکان. هیچ کەس ناتوانێ نکوڵی لەو خاسیەتە تایبەتانە بکات کە میللەتەکانی پێ دەناسرێنەوە، دیارە ئەو خاسیەتانە ئەزەلی نین کە لە میللەتێکدا هەبی و لە ئەوی تر نەبێ، بەڵام درک و عەزیمەت و ماندوو بوونی بەردەوام و هەوڵی عاقڵانە لە ژینگەیەکی لە باردا ئەو خاسیەتانەیە کە ئەڵمانەکانی کردووە بەوەی وڵاتەکەیان دروست بکەنەوە تا رادەی سوپەرپاوەر. هەر ئەم خاسیەتانەیە، کە من بە خاسیەتی عەقڵی ئەڵمانی ناوی دەبەم، بەریتانیەکانی تۆقاندووە و نایانەوێ ئەڵمانیایەکی بەهێزبببنن. کاتێک هێزی هاوپەنیمانان لە جەنگی گێتی دوودا چوونە ناو ئەڵمانایەوە لەوانە بەرلین، یەکێک لەو کارە سەیرانەی بەریتانیا ئەنجامیدا رفاندنی زانا و زانستخواز و کەسە پیشەسازیە سەربازیەکانی ئەڵمانیا بوو تاکو سوود لە توانییەکانیان ببینن. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ساڵی ٢٠٠٧ راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (چۆن مێشکە باشەکانی ئەڵمانیا رفێندرا لە لایەن بەریتانیاوە) و دەڵێ: " بەڵگە نهێنە باڵاکان کە ئاشکرابوون پیشانی دەدەن کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیدا، دەسبژێرێک لە هێزی سەربازی بەریتانی بە سەدان زانا و زانستخواز و میکانیزان دەڕفێنن و لە لایەن وەزارەتەکانی حکومەتی بەریتانیاوە دادەمەزرێن یاخود لە کارخانەکانی کۆمپانیا شەخسیەکانەوە کاریان پێدەکرێت." هەر لە پەیوەند بەم بابەتەوە " داوایان لە بزنسمانە ئەڵمانیەکان کردووە لە دوای جەنگەکە کە دەبێ بێن بۆ بەریتانیا بۆ لێ پرسینەوە و زانیاری وەرگرتن لەو بارەیەوە و ئەمەیان بە نهێنی پێگوتوون و بە نهێنی کراوە." (س٥) ئەوەی ئەو دەم بەریتانیا کردی ئێستا لە سیاسەتی وڵاتە رۆژئاواییەکانی تردا بە ئاشکرا پیادە دەکرێت لە ژێر ناوی کۆچ و پەنابەرێتیدا. بۆ نموونە وڵاتی کەنەدا کە بە یەکێک لە پڕ چالاکترین وڵاتەکانی دونیا دادەنرێت بۆ کۆچ و پەنابەرێتی، سیاسەتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی کەنەدا هەیە لە ژێر ناوی چەندان پرۆگرامدا بۆ بۆ راکێشانی توانا مرۆییەکانیانی وڵاتانی تر لە هەموو جیهانەوە و سالانەش دەیان هەزار کەس دێنە ناو کەنەداوە. سەرنج راکێشانی ئابوری و ژیانێکی باش لە کەنەدا بۆ خەڵکانی شراەزا و بە توانا و خاوەن کارامەیی و خوێندنی بەرز یاخود خوێندن لە کەنەدا و دواتر توانای مانەوە لە کەنەدا لە ریگەی چەندان پرۆگرامەوە دەچێتە پێشەوە وەک (سکیڵد وۆرکەر، ئێکسپرێس ئینتری، ئێڵ ئێم ئای ئەی، کەنەیدیەن ئێکسپریەنس کلاس، پرۆڤینشاڵ نۆمینی، فەدراڵ نۆمینی، ئینڤەستمەنت یان بزنس پرۆگرام، ئینتەرناشناڵ ستیودنت "کە دواتر دەتوانن داوای مانەوە بکەن بە مەرجێک کارێک بدۆزنەوە بە ناوی"، پۆست گراجوەیت وۆرک پێرمت.) دیارە لە پێنچ شەش ساڵی رابردووە و تەنانەت بۆ سێ و چوار ساڵی داهاتوش کەنەدا هەر ساڵە پێشوازی لە زیاتر ٤٠٠ هەزار کۆچبەر دەکات کە لە سەدا هەشتایان لە بوارە ئابوری و بزنسی و بەرهەمهێنانە مرۆییەکانی تردایە. سەرداری ئەوروپا: یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەریتانیا لەگەڵ ئەلمانیا مەسەلەی سەردارێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەرووپا و دراوی یەکگرتووی ئەوروپی، ئیرۆ، بوو کە دەیزانی ئەم هەنگاوانە ئەڵمانیا زیتار دەکەن بە سەرداری ئەوروپا لە کاتێکدا بەریتانیا ئەوە بە خۆی رەوا دەبینێ بەو پێودانگەی کە خاوەن گەورەترین ئیمبراتۆریەتی مێژوویی بووە و زمانەکەشی بۆتە زمانێکی جیهانی بێ رکابەر. ئابوری وڵاتە کلاسیکیە گەورەکانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا هەر بە ەگورەیی مایەوە بەڵام وەستاون لە خاڵێکدا کە لەوە زتار بەرەو بەهیزی ناچێ وەک ئابوری ئەڵمانیا بەرەو بەهێزیەکی بێ پایان دەڕوا کە جگە لە ئەمریکا و چین هیچ هیزێکی تر لە دنیادا ئابوری بەهێزی وەک ئەڵمانیای نیە بە پێی وێبسایتی "راستیەکان دەربارەی ئەڵمانیا" کە لینکەکی لە سەرچێوەی ژمارە ٦ دایە. بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی ماشین دروستکردنی ئەڵمانیا هەموو جیهانی نەک هەر داگیر کردووە بەڵکو جیهانی پیشەسازی سەرسام کردووە بەوەی باشترین و چاکترین ماشینی دونیا دروست دەکەن کە بێ وێنەیە لە جیهاندا. ئەم دیدە هەر لە کەسێکی شارەزاوە تاکو کەسێکی ئاسایی مۆری لێدراوە کە ئەو رایە جەندە دروستە. هۆکاری سەرەکی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی رەسمی لە ٣١ی مانگی ١ی ٢٠٢٠ ئەڵمانیا بوو. دیارە بەریتانیا هەرگیز لەگەڵ دروای یەکگرتووی ئەوروپیدا نەبوو تا ئەو رۆژەشی لە یەکێتی ئەوروپا هاتە دەر هەر دروای ئوستەرلینی خۆی پاراست ئەمە جگە لەوەی هەردەم لە بۆڵە بۆڵدابووە بەرامبەر بە خودی قەوارەی ئەو یەکێتی ئەوروپایەی کە ئەڵمانیا هیزە گەورە ئابوریەکەیەتی ئەوەبوو لە قەیرانی بە شەپۆلی پەنابەرانی سوریدا تەقیەوە کاتێک ئەڵمانیا بڕیاری کردنەوەی دەرگای بۆ هەزارانیان کردەوە. بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە بەریتانیا دوورگەیەکە لە دەرەوەی نەخشی ئەوروپای گەورە، هەروەها رەەگەزی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا کە یەکێکە لە سێ هیزە جیهانیە گەورەکەی بلۆکی ئینگلیزی کە لە ئەمریکا-کەنەدا و ئوسترالیا و بەریتانیادا رەنگ دەداتەوە، ئەو پاڵپێوەنەرە بوو کە بەریتانیا خۆی لە یەکێتی ئەوروپای دیوچلاند و فلاندەرەکان و فەرەنگیەکان دوور بخاتەوە. ئابوری ئەڵمانیا کە یەکەمینە لە چاو هاوئەوروپیەکانیدا بە تایبەت "ئابوری ئەڵمانیا گەورەترین ئابوری هەیە و پێشڕەوەترینە لە داهێنانەکان و ناردنەوە دەرەوەی کاڵاکاندا لە دنیای کێبڕکێی جیاهنگیریدا بە تایبەت لە بوارەکانی تەکنۆلجی و پیشەسازی ماشین سازی و تەندروستی و میکانیکی و مادە کیمیاییەکاندا." (س٦) ئەمە لە کاتێکدایە گەر ژمارەی دانیشتوان و قەبارەی جوگرافی وڵاتەکان لێ بدەیتەوە ئەڵمانیا خاوەنی کەمترین دانیشتوان و بچوکترین نەخشە وڵاتە بە چێو وڵاتێکی وەک چینی یەک و نیو بلیۆن دانیشتوانی و ئەمریکای زیاتر لە ٣٣٠ ملیۆن ژمارەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا هاوت بووە لە قەرەبوو دانەوەی زیانی دوو جەنگی جیهانی گەورە لە ماوەی یەک سەدەدا. بەو ئامارانەی کە رێژەی بەهێزی هەر ئابوریەکی جیهانی پێ دەپێورێ وەک لە سەرچێوەی "کتێبی راستیەکانی سی ئای ئەی" دا تۆمارکراوە و دواتر لە سایتی ماستەر نەیشندا بەرواردکاریەی کراوە لە نیوان ئەڵمانیا و بەریتانیدا هاتووە کە داهاتی ساڵانەی وڵات، هاوردە و نێردراو، قەرز، کرەدیتی بانکی، ناووناوبانگی کۆمپانیای بزنسی و ماڵی ئەڵمانی لەم هەموو ئاستە بنەرەتیاناەدا باڵاترە لە بەریتانیا. (س٧) ترس لە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا: مارگرێت تاتچەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ١٩٧٩-١٩٩٠، کە بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا ناسراوە بەهۆی ئەو رق و کێنەیەی هەبوو دژ بە بلۆکی کۆمۆنیزم لە جیهاندا و بەتایبەت یەکێتی سۆڤیەت و بگرە لە دیدارێکدا دەلێ گرنگترین شت لە ژیماندا کە رووی دابێ هەڵوەشانەوەی بلۆکی کۆمۆنیستی و روخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو. روخانی دیواری بەرلین ساڵی ١٩٨٩ کە دواتر بووە هۆی رووخانی ئەڵمانیای کۆمۆنیستی و یەکگرتنەوەی یاخود چونە ناو باوەشی ئەڵمانیای رۆژئاوای سەرمایەداری رۆژئاوایی هەنگاوی بناغەیی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو، کەچی مارگرێت تاچەر دژی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە بوو. تا ماوەیەکی زۆر هەر ئاوها مایەوە بەڵام دواتر لە ژیر فشاری ئەمریکا و ئەوروپا دانی پیدا نا. ئەم هەڵویستەی تاتچەر دەیسەلمێنێ کە بەریتانیا چەندە ترسی هەیە لە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو. دیارە لەو ساڵەوە ئەڵمانیا بوو بە بەهێزترین وڵاتی ئەوروپا و جیهانیش لە هەموو روویەکەوە جگە لە رووی سەربازیەوە کە ئەمەش خودی خاڵی نهێنی سەرکەوتنی ئەڵمانەکانە تاکو ئیستا. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەڵمانیا، بە سیاسی و رۆشنبیر و کەسانی ئاساییەوە، گەیشتن بەو بڕوایەی کە شەڕ جگە لە نەهامەتی هیچ شتێکی تری بۆ نەهێنان بۆیە ئادیای شەڕ چ وەک جەمکێکی فکری و چ وەک مۆراڵێک و هەڵوێستێکی سیاسی لە لۆجیکی عەقڵ و دەستوری ئەڵمانیا دەرهێنرا و هەر وەک بڵێی نا بۆ شەڕ هەتا هەتایە. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا بە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی پیشەسازی چەک و تەقەمەنی لە جیهاندا دادەنرێت بۆ ناردەی کاڵای سەربازی بەڵام خۆی خاوەن هێزی سوپایی گەورە و چەکی قورسی وێرانکەری شەڕ نیە و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە لە هیچ شەڕێکدا بەشداریان نەکردووە جگە وەک بەشێک لە هێزی ناتۆ کە ساڵی ٢٠٠١ کرایە سەر تاڵیبانی ئەفغانستان. شەڕی روسیا-ئۆکرانیا و ئەڵمانیا: ئەوەندەی بەریتانیا بە دوای هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیاوە بوو مەگەر ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو. گەر بۆ ئەمریکا پاوازنخوازیە جیهانیەکەی بێ ئەوا بۆ بەریتانیا هەم پاوانخوازیە جیهانیەکەی و هەم ئەوروپیەکەشی مەبەستی سەرەکی بوو. ئەوەندەی بەریتانیا ژێر بە ژێر ئاگری ئەو پشکۆی شەڕەی خۆش دەکرد ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو چونکە ئەمریکا دەیزانی روو بە روو بوونەوەی روسیا واتە جەنگی جیهانی سێیەم، بۆ بەریتانیا ئەوەی گرنگ بوو تێوەگلانی یەکێتی ئەوروپا بوو لەو بەرامبەرکێیەدا. ئامانجی سەرەکی بەریتانیا لەم شەرەدا ئەڵمانیایە و بەو هیوایەی ئەڵمانیا توشی سەڕی روسیا-ئۆکرەین ببێ و وەک سەدەی رابردوودا بکەوێتە ژێر باری شەڕیکی قورسەوە بە تایبەت کە ئەڵمانیا لە هەر دوو ئاستی ئابوری و جوگرافی نزیکە لە روسیاوە و بچوکترین تێوەگلان ئەڵمانیا توشی نەزیفی ئابوری دەکات. لەگەڵ هەموو ئەو فشارانەی لەسەری هەیە، ئەڵمانیا هێشتا نەچۆتە پای تەواوی گەمارۆی ئابوری کە لە لایەن یەکێتی و ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراوە بەسەر روسیادا. هۆیەکە ئەو تایبەتمەندێتیەیە کە ئەڵمانیا لە تەواوی وڵاتانی تری ئەوروپا جیا دەکاتەوە. بۆ نموونە، هیچ وڵاتێک لە ئەوروپا و جیهان هێندەی ئەڵمانیا زەروور نیە بە گاز و نەوتی روسی چونکە " ئەڵمانیا لە ٥٥٪ پێوستیەکانی گازی سروشتی و لە ٣٠٪ نەوتی خۆی لە روسیاوە بۆ دیت. هەر بۆیە قورسە بۆی راستەوخۆ بچێتە پاڵ گەمارۆ ئابوریەکانی سەر روسیا." (س٧) دیارە ئەوە نابێ لە یاد بکرێ "نۆرد ستریم٢" کە بڕی تێجوونەکەی زیاتر لە ١٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە زۆرتر هەر بە خاتری ئەڵمانیا بووە و روسیا بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیادا تەواویان کرد هەرچەندە هێشتا کاری پێ نەکراوە. لەوانەیە ئەڵمانیا لە کۆتاییدا مل بدات بە گەمارۆکانی سەر روسیا بەڵام تاکو ئەم ساتەی کە من ئەم بابەتە دەنوسم هەناردەیکردنی گاز و نەوتی روسیا بۆ ئەڵمانیا بەردەوامە و ئەڵمانیا هەروەها فەرەنساش تاکو ئیستاش کار بە سیستەمی سویفت کۆدی بانکی، واتە سیستەمی حەواڵەی پارە ناردن، دەکات لەگەڵ روسیادا. ئەمریکا داوای لە قەتەر و جەزائیر کردووە بە تایبەت قەتەر کە بتوانن بەشی روسیا لە گاز و نەوت بۆ ئەوروپا هەناردە بکەن. بەڵام هەنگاوە یەکسەر مەحکوم بوو بە هەندێ بەربەست لەوانە سیاسی و ماڵی. روسیا ارستەوخۆی داوای لە قەتەر کرد کە نەجێتە پاڵ ئەو داوایە و قەتەریش دوێنێکە بە رەسمی رایگەیاندا لە میانەی دانیشتنێکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیادا کە قەتەر پابەستە بە بڕیارەکانی ئۆپیکەوە. ئەمە لە کاتێکدا رۆژێک پێش پەلامارەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا پۆتین نامەیەکی شەخسی دەسنوسی نارد بۆ ئەمیری قەتەر. شایەنی یادهێنانەویە کە دە ساڵ پێش گرژیەک دروست بوو لە نێوان نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حمد بن جاسم سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە کێشەی سوریا. حمد بن جاسم بە ڤایتاڵی تشۆرکینی نوینەری ئەو دەمی روسیای گوت: "ڤیتۆ لە دژی بڕیارەکەمان بەکارمەهێنە ئەگەرنا ئەوا پشتیوانی هەموو دەولەتانی عەرەبی لە دەست دەدەیت." تشۆرکین زۆر بە هێمنی بە حمد بن جاسمی گوت " جارێکی تر ئاوها قسەبکەیت ئەوا لە بەیانیەوە ولاتێک نامێنێت بە ناوی قەتەر." (س٩) خاڵێکی تر ئەوەیە کە تێچوونی گواستنەوە و بەربەستی رێگەی گەیشتنی گازی قەتەر بۆ ئەوروپا نرخی گازی سروشتی چەندان قات بەرز دەکاتەوە کە لە وتانای کڕینی هاوڵاتی ئاسایی ئەوروپیدا نامێنێ کە بتوانێ وەک جاران گاز و نەوت بۆ کار بهێنن هەر بۆیە ئەڵمانیا و تەنانەت فەرەنساش ئیستاش هەر دەستیان بە گاز و نەتوی روسیەوە گرتووە و لەوەش ناچێ بە ئاسانی دەسبەرداری ببن. پەیوەندی ئابوری روسیا و ئەلمانیا: ئەو پەیوەندیە ئابوریە دووسەرەیەی ئەڵمانیا لەگەڵ روسیا هەیەتی زۆرترە وەک ئەوەی لەگەڵ بەریتانیدا هەیبێ. بۆ نموونە، "گەر تەنها ساڵی رابردوو بە پیوەر بگرین بڕی هەناردەی ئابوری ئەڵمانیا بۆ روسیا گەیشتە نزیکەی پەنجا بلیۆن دۆلاری ئەمریکی واتە روسیا یەکیک لە یازدە وڵاتە گەورەکانی ئەڵمانیایە کە هەناردەی کاڵای بۆ دەکات و ئەڵمانیاش یەکێک لە حەوت وڵاتە گەورەکانی دنیایە کە روسیا هەناردەی کاڵای بۆ دەکات. ئەم پەوەیندیەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیدا رێک نیوەی ئەم رێژەیەیە." (س١٠) ئەم پەیوەندیە و ئەو ئابوریە بەهیزەی ئەڵمانیا هەیەتی بەریتانیای ئێجگار نیگەران کردووە هەر بۆیە بەریتانیا پێش ئەڵمانیا کەوتە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا پێش ئەوەی پەلاماری روسیا دەست پێ بکات. تەنانەت کاتێک هەردوو وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکا لە دانیشتندا بوون لە سویسرا بۆ ئەوەی شەڕ دروست نەبێ بەریتانیا بە سەر سەری ئەواندا چەک و تەقەمەنی بە فڕۆکەی جەنگی گەورە رەوانەی ئۆکرانیا کرد. ئامانجەکەش بۆ بەریتانیا تەنها تێوەگلانی ئەڵمانیایە لە شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا؛ بەڵام، تاکە ئێستا ئەلمانیەکان عاقڵێنە سیاسەت دەکەن دوور لەهەر دروشمێکی ناتۆیی و پلانێکی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا. ١٥ی ٣ی ٢٠٢٢ سەرچاوەکان: س١: https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html س٢: https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html س٣: https://www.reuters.com/article/us-poland-germany-reparations-idUSKCN1S215R س٤: https://www.iwm.org.uk/history/how-britain-hoped-to-avoid-war-with-germany-in-the-1930s#:~:text=Instituted%20in%20the%20hope%20of,as%20a%20policy%20of%20weakness. س٥: https://www.theguardian.com/science/2007/aug/29/sciencenews.secondworldwar س٦: https://www.tatsachen-ueber-deutschland.de/en/germany-glance/strong-hub#:~:text=The%20German%20economy%20has%20its,over%20half%20of%20total%20sales. س٧: https://www.nationmaster.com/country-info/compare/Germany/United-Kingdom/Economy#2014 س٨: https://edmontonsun.com/opinion/columnists/goldstein-germany-rejects-u-s-call-to-ban-russian-energy-exports/wcm/d8f11727-dc58-49d9-96b3-35e003434a15#:~:text=Germany%2C%20which%20relies%20on%20Russia%20for%2055%25%20of,for%20an%20international%20ban%20on%20Russian%20energy%20exports. س٩: https://alwafd.news/%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%80%D9%8A/159003-%D9%88%D8%B2%D9%8A%D8%B1-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%8A%D9%87%D8%AF%D8%AF-%D8%A8%D9%85%D8%AD%D9%88-%D9%82%D8%B7%D8%B1-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D8%B7%D8%A9?fbclid=IwAR3JCR_m-v6xzo5G-QBt0a4j6tr6dAeInDubo08Li3mOEzL0cvgleaRTXcg س١٠: https://www.bbc.com/news/business-28423733#:~:text=Economic%20ties%20On%20the%20latest%20figures%2C%20Russia%20is,goods%20and%20services%20%28about%20the%20same%20as%20Britain%29.
پاپلۆ ئۆجاوا- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت سەرباری ئەو جەنگەی لەنێوان روسیاو ئۆكراینادا هەیە، هێشتا پسپۆڕان پێیانوایە لەمساڵدا ئابوری جیهان گەشە دەكات، بەڵام كاریگەریی جەنگەكە لەسەرتاسەری جیهان بەرجەستە دەبێت، ئاستی زیان لەسەر ماوەی درێژەكێشانی جەنگ راوەستاوە. ئەم زیانەش دەكەوێتەسەر ئاستی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییە لە بازاڕەكاندا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە شۆكێكی كاتییە یان قەیرانێكی بەردەوام. جەنگ چۆن كاریگەری لەسەر ئابوری جیهانی دادەنێت، ئایا سەردەكێشێت بۆ داتەپین ؟ بە جیاوازی ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت؛ كاریگەریی دەگۆڕێت بەگوێرەی كۆمپانیای راوێژكاریی (ئۆكسفۆرد ئیكنۆمیكس) كە بارەگاكەی لە بەریتانیایە، ئاكامە ئابورییەكانی جەنگ بۆ روسیاو ئۆكراینا "كارەساتبار" دەبێت، بەڵام سەبارەت بە ناوچەكانی تری جیهان جیاوازە. بۆ نمونە، هەریەكە لە پۆڵەنداو توركیا پەیوەندی بازرگانی گرنگیان لەگەڵ روسیادا هەیە، ئەم دوو وڵاتە زیاتر دەكەونە بەردەم كاریگەرییەكانی جەنگ بە بەراورد بە وڵاتانی تر. پۆڵەندا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خۆی لە روسیاوە هاوردە دەكات، هەروەك توركیاش زیاتر لە یەك لەسەر سێی پێداویستی خۆی بەهەمان شێوە لە روسیاوە هاوردە دەكات. مامەڵەی بازرگانی ئەمریكا لەگەڵ روسیا رێژەی 0,5%ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی تێناپەڕێنێت. سەبارەت بە چین، ژمارەكە 2,5%ە، بۆیە كاریگەریی قەیرانەكە لەسەر ئەم وڵاتانە زۆر سنوردار دەبێت. (بن مای) بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسیرچ" لە "ئۆكسفۆرد ئیكۆنۆمیكس"ی پێشەنگ لەبواری پێشبینی جیهانییو شكاریی چەندێتی دەڵێ: پێشبینی دەكرێت جەنگ بەرێژەی نزیكەی 0,2% ئاستی گەشەی ئابوری لەمساڵدا كەمبكاتەوە، واتە رێژەكە لە 4ەوە دابەزێت بۆ 3,8%، بەڵام ئەمە مەرجدارە بەوەی ململانێكە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام نەبێت". "ئەگەر جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام بوو، كاریگەرییەكان زۆر خراپتر دەبن". "هەڵاوسان بە داتەپینەوە" لەگەڵ نرخی نەوتدا پاڵنەرێكی تر هەیە كە زۆر گرنگەو دەبێت لەبەرچاوبگیرێت، كە كاریگەرییە لەسەر نرخی نەوتو ئەوەش بەشێوەیەكی كردەیی بووەتە هۆی ئاڵۆزی لە بازاڕەكاندا، بەگوێرەی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا، روسیا سێیەم گەورە وەبەرهێنی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو سعودیەوە. لە ساڵی 2020دا روسیا رۆژانە (10 ملیۆنو 500 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەم بڕە (5 بۆ 6 ملیۆن) بەرمیلی هەناردە كردووەو نیوەی هەناردەی بۆ ئەوروپا بووە. 7ی ئازار نرخی نەوتی خاوی برێنت كە لە دەریای باكور دەردەهێنرێت، بەنزیكەیی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكاو ئەوروپا وتیان تاوتوێی قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی روسی دەكەن. دوای ئەوەی بەرێژەی 21% لە هەفتەی پێشوو بەرزبووەوە، بەرێژەی 18%ی تر بەرزبووەنەوەی بەخۆوە بینیو نرخی بەرمیلێكی گەیاندە نزیكەی 140 دۆلار، ئەمەش بەر لەوەی كەمێك نرخەكە پاشەكشێ بكاتەوە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژی 8ی ئازار هاوردەی نەوتی روسیی قەدەغەكرد، بەریتانیاش بەڵێنیداوە لە كۆتایی 2022دا هەمان كار بكات. روب ویست سەرۆكی كۆمپانیای توێژینەوەی "سندەر سید ئینێرجی" بە رۆژنامەی فاینانشیال تایمز-ی وتووە:" رەنگە ئەم ئاڵۆزییانە نرخی نەوت بگەیەنێتە زیاتر لە 200 دۆلار بۆ یەك بەرمیل". لە 8ی ئازاردا ئەلیكسەندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا لەمە زیاتریش رۆیشتو وتی:" بەرزبوونەوەی نرخەكان پێشبینی نەكراو دەبێت. دەگاتە 300 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، ئەگەر زیاتریش نەبێت". نۆڤاك لە بەیاننامەیەكدا كە تەلەفزیۆنی حكومی بڵاویكردەوە، رایگەیاند" زۆر روونە قەدەغەكردنی نەوتی روسیا دەبێتە كۆتاییەكی خراپ بۆ بازاڕی جیهانیی". زیادبوونی نرخی نەوت تەنیا نابێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، بەڵكو دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی هەموو كاڵایەك. هەڵاوسان زیاد دەكات، چونكە سوتەمەنیو وزە تێچووی بنەڕەتین لە دروستكردنو گواستنەوەی كاڵاكاندا. ئەم تێكەڵەیە لە شۆك، رەنگە ببێتەهۆی "هەڵاوسانێكی هاوتا لەگەڵ داتەپین"دا، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئابوریناسانی بانكی باركلیز-ی بەریتانی، كە ئاستی پێشبینی خۆیان بۆ گەشەی ئابوری جیهان لەمساڵدا بەرێژەی یەك پۆینت لەسەد دابەزاندووە. "هەڵاوسان بە داتەپینەوە" كاتێك روودەدات كە ئابوری دەوڵەت لە یەككاتدا بەرزبونەوەی لە نرخەكانو داتەپین بەخۆوە ببینێت. بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان دەكرێت جەنگ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، چونكە هەریەكە لە روسیاو ئۆكراینا لە گەورە وەبەرهێنەرانی ماددە خۆراكییەكانن، ئەم دوو وڵاتە رێژەی 14%ی گەنمی جیهان بەردەم دەهێننو سەرچاوەی 29%ی هەناردەی جیهانن، ئەمە بەگوێرەی قسەی لواندیل سیهلوب گەورە توێژە لەبواری ئابوری كشتوكاڵیدا لە زانكۆی (ستیلینبوش)و بانكی (جی پی مورگان). لەپاڵ ئەمەشدا، هەردوو وڵات لە گەورە وەبەرهێنەرانی زەیتی گەنمەشامیو گوڵەبەڕۆژەن. ئاڵۆزییەكان كاریگەرییان دەبێت لەسەر گەیشتنی دانەوێڵە بە هاوردەكاران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفریقاو توركیا. لوبنان زۆرینەی گەنمی خۆی لە روسیاو ئۆكراینا دەكڕێت، هەروەها میسرو توركیاش، سودانو نەیجیریاو تەنزانیاو جەزائیرو كینیاو باشوری ئەفریقا پشت بەو دانەوێڵەیە دەبەستن كە لە روسیاو ئۆكرایناوە هاوردە دەكرێن. سڤن توری هولسیتیر سەرۆكی كۆمپانیای "یارا" كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی پەین لەسەر ئاستی جیهان دەڵێ" بەلای منەوە، بابەتەكە ئەوە نییە ئایا ئێمە بەرەو قەیرانێكی جیهانیی خۆراك دەڕۆین، بەڵكو قەبارەی قەیرانەكەیە". بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی غازەوە، نرخی پەین بەرزبووەوە، روسیا گەورەترین هەناردەكاری ئەو پەینەیە كە لە بواری كشتوكاڵدا بەكاردەهێنرێت. هولسیتیر بە بی بی سی رایگەیاند" بەر لە جەنگ لە دۆخێكی سەختدا بووین، نیوەی دانیشوانی جیهان خۆراك لە ئەنجامی پەینەوە بەدەستدەهێنن، ئەگەر هەندێك لە چێندراوەكان پەین نەكرێن، ئاستی بەرهەم بەرێژەی 50% دادەبەزێت". بەرزبونەوەی نرخی سود پێشبینی دەكرێت زیادبوونی نرخی وزەو خۆراك ببێتەهۆی زیادبوونی هەڵاوسان لە وڵاتانی تازەگەشەكردوودا، بەجۆرێك بگاتە یەك پۆینت لە سەد، ئەمە وەكو ئەوەی (جێنیفەر ماكیون) سەرۆكی بەشی خزمەتگوزاری ئابوری جیهانیی لە كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس دەڵێت. لە هەندێك وڵات كە خۆیان بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش لە ئەوروپای ناوەڕاستو ئەمریكای لاتینی، بانكە ناوەندییەكان لەرێگەی بەرزكردنەوەی نرخی سودەوە دەیانەوێت روبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە. ماكوین بە بی بی سی وت:" ئەمە دەبێتە هۆی سەختییەكی زیاتر بۆسەر ئەو ئابورییانە". هاوكات، بەشێك لە ئەروروپای خۆرهەڵاتو ئەڵمانیاو ئیتالیاو توركیا كە بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی غازی روسیا دەبەستن، بەرزبوونەوەی نرخی بژێوی بەخۆیانەوە دەبینن. پێداویستییەكانی بەكاربەر ماكیون دەڵێ، پاشەكشێی توانای كڕین لەلایەن بەكاربەرانەوە لەسەر ئاستی جیهان، رەنگە گورز لە ئابوریی ئاسیا بدات.. لەوباوەڕەدام كاریگەری سەرەكی لەسەر ئاسیا لە پاشەكشێی خواستی بەكاربەرانو خواست لەسەر هەناردەی ئاسیاوە سەرچاوە دەگرێت". "بۆ نمونە ئەگەر بینیمان بەهۆی جەنگەوە خواست لە ناوچەی یۆرۆ پاشەكشێ دەكات، لەگەڵ زەرەرمەندبوونی توانای كڕین بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر هەناردەی ئاسیا دەبێت". بوژانەوەیەكی ناڕێك هێشتا شیكەرەوەكان پێشبینی گەشەیەكی بەهێز دەكەن لەمساڵدا، هۆكاری بەشێكی ئەمەش بۆ گەڕانەوەی ئابورییەكان بۆ ئاستی بەر لە پەتای كۆرۆنا، دەگەڕێتەوە. بن مای بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسێرچ" دەڵێ، گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی لەڕووی گەشەی ئابورییەوە "دەستكەوتی پێشبینی نەكراو" دروست دەكات. تاوەكو ئێستا، جەنگ هەڕەشە لە هەندێك لەم گەشەكردنە دەكات، بەڵام كاریگەرییەكە بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە ماوەی جەنگەكەو ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە دەبەستێت. مای ئاماژە بەوەدەكات" ئەمە شتێك نییە كە پاڵ بە ئابوری جیهانییەوە بنێت بۆ داتەپین یان هەر شتێكی تری لەوشێوەیە"، بەڵام دان بەوەدا دەنێت دۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی حاڵەتێكی نەبوونی متمانە دروست دەكاتو ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە نەزانراوە.
لە هۆڵەندیەوە: خالید ڕەزا ئەمین ڤلادمیر پوتین ٢٠ ساڵ زیاترە سەرۆکی ڕوسیایە. بەردەوام بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەلاتدا، داهێنان دەکات. بەهەرحاڵ پوتین کێ یە؟ ئایە ئەیەوێ ڕووسیا گەورەتر و فراوانتر بکات؟ چۆن هێزو توانای خۆی زیادە دەکات؟ (١) پوتین کێ یە؟ پوتین لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٢ لە خێزانێکی مامناوەند لە لیننگراد(سانت بگرسبرغ) لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٥ چوەتە ناو دەزگای موخابەراتی یەکێتی سۆڤێت(کەی جی بی) و ژیانی پیشەیی دەستپێکردوە، لەکاتی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سوڤێت دا لە (١٩٨٥-١٩٩٠) لە شاری (دریسدن)ی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بووە، هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر کاری تێکردوە و پێێ خەمبار بووە. لە دوای هەڵوەشانەوەکە، ئەم لە ناو کەی جی بی دا، لە چالاکی سیاسی و ئەمنی دا بەردەوام بووە. لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دا سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا (بۆریس یڵتسن) پوتین ی کرد بەسەرۆک وەزیران و لە مانگی سێپتەمبەردا خۆی وازی لە سەرۆکایەتی ڕوسیا هێنا و بەکاتی ئەو ئەرکەشی بە پوتین سپارد. بەهۆی ئەم متمانەیەی پێ درا و بە هۆی سەرکەوتنییەوە لە دووەم جەنگ دژی چیچانیەکان، پوتین ناوبانگی زۆری دەرکرد و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوو بە سەرۆکی ڕووسیا. سیاسەتی ئابوری پوتین لەسەرو هەمووشتێکەوە، لیبراڵیە، شێوازی سیاسەتکردنی تۆتالیتاری: خۆی سەرۆکە، ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی سنوردار کرد، بەرهەڵستکارەکانی خۆیی زیندانیکرد. سور بوو لەسەر ئەوەی کە متمانەی ڕووسەکان کە لەدوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤێت شکابوو، بگەڕێنێتەوە. زۆر نیگەران بوو لەو وڵاتانەی یەکێتیی سۆڤێتی جاران کە بوبون بە ئەندامی هاوپەیمانی باکوڕی ئەتڵەسی (ناتۆ)، وەکو وڵاتەکانی هەنگاریا، پۆڵۆنیا و چیک لە ساڵی ١٩٩٩دا، وڵاتەکانی بولغاریا،ئیستوانیا، لێتلاند، لیتوانیا،ڕۆمانیا، سلۆڤەینیا، سلۆڤاکیا لە ساڵی ٢٠٠٤ و کرواتیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا. بەم جۆرە ڕووسیا بوو بە هاوسنوری بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ. لەم کاتەدا ڕووسیا ئەو هێزە گەورەیەی جارانی نەمابوو کە دنیا حسابی جارانی بۆ بکا، بەڵام ئەم هاوکێشەیە لەسەردەمی حوکمی پوتین دا وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات. لەساڵی ٢٠٠٥ دا پوتین هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێتی "بە گەورەترین کارەساتی جێوسیاسی لە سەدەی بیستەمدا ناوزەدکرد"، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕوسەکانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لەهەر وڵاتێک دا بن بە باشی بپارێزرێن لەوانە روسەکانی(ئۆکراینا)، وە هەروەها لە ئیستوانیا و لێتوانیا و لێتلاند. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا و لە کۆنفرانسی میونیخ، نیگەرانی خۆی لە مەیلی ئەمریکا بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان نەشاردەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووسیاوە نزیکن. ئەم زمانە توندەی کە دژی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکاری هێنا بوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەری لە ڕووسیادا. پەیامەکەی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، دا بەگوێێ دنیادا داو پێێ وتن کەدەبێ حساب بۆ ڕوسیا بکەن، لەو ساڵەدا دەبابەی ڕووسی چوە ناو وڵاتی جۆرجیا، کە پێشتر بەشێک بوە لە یەکێتیی سۆڤێتی و لە هەردوو ناوچەی ئۆسیتیای باشور(Zuid-Ossetië) وئەبخازیا(Abchazië) سوپای ڕوس شانەبەشانی ئەمان دژی سپای جۆرجیا شەڕیانکرد کە ئەم دوو ناوچەیە زۆرینەیان رووسن و داوای سەربەخۆییان دەکرد. ڕوسیا لەم جەنگەدا سەرکەوت و جۆرجیا نفوزی خۆیی لەم دوو شوێنە لەدەستدا و بە پاڵپشتی ڕووسیا سەربەخۆیی خۆیان ڕێگەیاند و لە جۆرجیایان دابڕی. وڵاتە یەگرتوەکان و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئیدانەی ئەم دەسدرێژییە ڕووسیایانکرد و جەختیان لە سەربەخۆیی جۆرجیا وەک یەک وڵات، کردەوە. (٢) پوتین چۆن ڕوسیا ئەگەڕێنێتەوە بۆسەر شانۆی نێودەڵەتی؟ لە ساڵانی ئایندەدا، ڕوسیا و ڕۆژئاوا زیاتر ڕوبەڕووی یەکتر دەبنەوە. پوتین پێێ وایە مادام وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی بەهێز مافی هەبێ دەستبخاتە ناو دەوڵەتانی ترەوە، بێگومان بۆ ڕوسیاش ڕەوایە هەمان دەستێوەردان بکات لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی ڕوس یان تێا ئەژین. ئەم هەڵوێستانەی زیاتر لەسەر شانۆی سیاسی دونیا دەریانخست. ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا و ئاسایشی ئەو وڵاتانەی دەوربەری روسیا کە نەتەوەی ڕوس یان تیائەژی، بوو بە کاری لە پێشینە و گرنگی پێدانی پوتین. لە دیدی پوتین ەوە دەوڵەتانی ناتۆ مەترسی جدین لە سەر ڕوسیا. لەساڵی ٢٠١٤ دا، ڕوسیا دەستیگرت بەسەر نیوەدورگەی کریم Krim (قرم)دا لە لێواری دەریای ڕەش کە جاران بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤێت، دواتر بو بەشێک لە ئۆکراینا. ئەگەر چی زۆربەی دانیشتوانی نیوەدورگە کە لەنەتەوەی ڕووسن، بەلام ئەمە ماف نادات بە ڕووسیا بەشێک لە وڵاتێکی سەربەخۆ داگیر بکات. لەکاردانەوەی ئەم داگیرکاریەی ڕووسیادا، دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەمارۆی ئابورییان خستە سەر ڕووسیا. ڕووسیا لەهەمان ساڵدا دەستی خستە ناو کێشە و ڕووداوەکانی ئۆکرانیاوە. بەر لەساڵێک، لەوێ ڕێپێوان و خۆپیشاندانی گەورە لەلایەن هەوادارانی ئەوروپاوە ڕیکخرا دژ بە سەرۆکی ئۆکراینا فیکتۆر یانکۆڤیش (Viktor Janoekovytsj)کە بڕیاری دا بوو ئالوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ ئەوروپا زۆر کەم بکاتەوە و لەگەڵ پوتین فراوانی بکات. لەکار دانەوەی ئەمەدا خۆپیشاندەران دەستیان گرت بەسەر گۆڕەپانی مەیدان(Majdanplein )دا لە کیێف و چۆڵیان نەکرد، حکومەت بڕیاریدا بەهێز بڵاوەی پێکردن، لە فێبراوەریدا پارلەمانی ئۆکراینا متمانەی لە یانکۆڤیج سەندەوە، ئەمەش نەیتوانی ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ بگرێ و هەتا ئەمرۆ بەردەوامە. کاتێک کە هەردوو هەرێمی لوخانسک(Loegansk) ودۆنیتسک (Donetsk) کە هەوادارانی ڕوسیان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا و زۆریان رووسن، بە توندوتیژی سەربەخۆبونی خۆیان ڕاگەیاند. پوتین ، ئەمریکای تاوانبارکرد کە لەپشتی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەر بە ئەوروپای گۆڕەپانی مەیدانەوەیە، هێزی ڕوسی نارد بۆ ئۆکراینا بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی هەوادارنی ڕووس لە هەردوو هەرێمەکە. هەرچەندە ڕوسیا نکۆڵی لەوە دەکرد کە هێزی روسیا لە ئۆکراینا بێ، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بڕیاریاندا گەمارۆی ئابوری لەسەر ڕوسیا توندتر بکەن. روسیا نەک هەر بەهێزی سەربازی بەشداریکرد، بەڵکو یارمەتی پرۆ-روسەکانی ئەدا بۆ فراوانبوونی نا سەقامگیری لە ئۆکراینا. ڕوسیا لەدژی ئەو گەمارۆ ئابورییەی خرایە سەری، بڕیاری دا خواردن و خواردەمەنی لە رۆژئاواوە هاوردە نەکات. ئەمە زلەیەکی گەورە بوو بۆ هۆڵەندا کە نەیتوانی بیبەر و تەماتە هەناردەی ڕوسیا بکات. جامی توڕەبوونی ڕۆژئاوا بەرامبەر ڕوسیا و پرۆ-ڕوسەکان ئەوکاتە سەرڕێژیکرد کە فرۆکەیەکی مەدەنی MH17 لە ئەمستردام ەو بەرەو کۆلالمپور بەڕێوە بو لەسەر ناوچەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، خرایەخوارەوە. ٢٩٨ مەدەنی مردن، کە ٢٠٠ کەسیان هۆڵەندی بوون. ڕەنگە بە هەڵە و کردەوەیەکی ئەنقەست نەبوبێ، بەڵام چەکدارە پرۆ-ڕوسەکان خستبویانە خوارەوە کە لەلایەن ڕوسیاوە پڕچەک کرابون. بە سیستمی موشەکی بوک (Boek-raketsysteem) خراوەتە خوارەوە، کە ئەو جۆرە موشەکە بەتەنها ڕوسیا دروستی دەکات و جوداخوازەکانی ئۆکراینای بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس پڕ چەک کردبوو. ئەمەش نێگەرانی و بیزاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە چونکە ڕوسیا زۆر خاوخلیچک خەمسارد بوو لە هاوکاریکردن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە کارەساتەکە، بۆ ئەمەش زیاتر گومانیان لە پوتین بوو کە نایەوێ هاوکاربێ بۆ ئەم پەرەسەندنە نێونەتەوەییە: بەتوندی ڕەخنەیان لێگرت، دژایەتی کردنی پوتین بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە و سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری نادروست بۆ ئەوەی خۆی لەم کارەساتە بێ بەری بکات. هەروەها پوتین بەلایەوە گرنگ بوو دەستبخاتە ناو شەڕی ناوخۆی سوریا و لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەسەر یەک هێڵ نەبوو. لە کاتێکدا پوتین پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەکرد، بەڵام سازمانی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتیوانیان لە بەرهەڵستکارانی ئەسەد و لابردنی ئەکرد. بەهەمان شێوەی ئۆکراینا و قرم، بەشداریکردنی ڕوسیا لە شەڕی سوریاش بەشێکی بۆ ئاسایشی ڕوسیابو، ئەم سێ شوێنە گرنگیەکی گەورەی هەیە لە ڕوی ستراتیژی بنکەی سەربازییەوە. بەڵێم بۆ پوتین ئەمە شێوازێک بوتا هێزو توانای خۆی پیشاندانی دەرەوە و نەتەوەی روس لە ناوخۆی وڵێتەکەیدا بدات. ئەم هەژمون و باڵادەستیەی پوتین زیاتر بوو کاتێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا لە پڕ و خێرا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کشانەوە، پوتین لە گەڵ هاوتا تورکیەکەی ئەردۆگان لەسەر سنوری باکوڕی سوریا ڕێکەوتنیانکرد. بەشێک لە بەرزبونەوەی جەماوەری پوتین بۆ ئەم جۆرە کارە بەهێز و ئایندەییانە دەگەڕێتەوە. لایەنە تاریکەکانی پوتین برێتیە لە یاریکردن بە پرۆسەی هەڵبژاردن، کۆت و بەندی ڕۆژنامەوانی، سەرکوتکردن و زاڵ بونی بەسەربەرهەڵستکارەکانی و ئابوریەکی خراپ کە بە ئاسانی لەلایەن زۆرێک لە روسەکانەوە قبوڵ دەکرێ. (٣) پوتین دەیەوێ ڕوسیا فراوانبکات؟ بەهۆی ئەو پەرەسەندنانەی لە قرم، ئۆکراینا و سوریا ڕویاندا و پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بە خێراییەکی دراماتیک خراپتر بوو. بارودۆخی شەڕی سارد گەڕایەوە، بە جیاوازی ئەوەی ئێستە لەچاو جاراندا دەوڵەتانی ناتۆ و ڕوسیا زۆر لەیەک نزیکترن و لە هەندێک شوێن سنوریان بە یەکەوەیە. هەردوولا پەرەیان بە لایەنی سەربازی دا. ناتۆ هەزاران سەربازی رەوانەی وڵاتانی بەڵتیک کرد و لە وڵاتی پۆلۆنیا دەستی بە ڕاهێنان کرد. ڕوسیا ش موشەکی ئەتۆمی لە نزیک سنورەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا، جێگیر کرد، بە بەردەوامی مەشق و ڕاهێنانی لە نزیک وڵاتانی ناتۆ دەست پێکرد. ڕۆژئاوا بە گومانن لە نیازی ڕوسیا و متمانەیان پێێ نیە بەرامبەر ئێستلاند، لێتلاند و لیتوانیا. ئەم وڵاتانە لە ساڵی ١٩٤٠دا بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکراون. ترسیان لە ڕوسیا زیاتر بوە بەهۆی ئەو بودجە گەورەیەی کە بۆ بەرگری خەرجی دەکات. لە کاتیکدا بودجەی بەرگری لە سەر ئاستی هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ساڵ بەساڵ کەمیکردوە، لە بەرامبەردا ڕوسیا ساڵ لە دوای ساڵ بودجەی زیاتربۆ سوپا تەرخان دەکات. پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە ئامانجی کرداری پوتین چیە: بەتەنها دەیەوێ سنورەکانی ڕوسیا بپارێزێ و بەرگری لە ڕوسەکان ی وڵاتانی دراوسێێ بکات، یان چاوی فراوانکردنی خاک و ئامانجی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی جارانە کە ئێستە سەر بە ناتۆن، وەکو پۆلۆنیا؟ بە دڵنیاییەوە ئەو نوکی تیرەکەی ڕوو لە بلۆکی رۆژئاوا وهیوای ئەوەیە کە تۆوی لێکترازان لە ئەوروپا و لە ناو دەوڵەتانی ناتۆدا بچێنێ ولە ڕێڕەوی دەولی دا هەژمونی خۆی زاڵتر بکات. زۆر کەس بڕوایان وایە ئەوەی کە پوتین لەسەر شانۆی نێونەتەوەیی ئەیڵێ بۆ خەڵەتاندنە و بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری خۆیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. تا هەوڵ بدات لەم ڕێگەیەوە سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی وڵاتەکەی خۆی لاببات: لە ساڵی ٢٠١٥ وە روسیا بەدەست ئابوریەکی نەخۆشەوە ئەناڵێنێ و لەسایەی حوکمی پوتین دا ڕەوشی دیمۆکراسی و حوکمی یاسا زۆر بە خراپی بەرەو دواوە ئەڕوات. لەم ساڵانەی دوایدا پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژائاوا لە دەوروبەری ئۆکراینا بەرەو گرژی و ئالۆزی چووە. قسەکردنی نێوان پوتین و بایدن لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ شتێکی وای لێ سەوز نەبوو. بایدین پێی وایە پوتین زیادەڕۆیی دەکات ئەگەر بیەوێ ڕاستەوخۆی هیچ شتێ بەرامبەر وڵاتانی ناتۆ بکات. لەم حاڵەتدا وڵاتانی ناتۆ بەهانەیەیان بەدەستەوەیە کە بەرگری لە خۆیان بکەن دژی ڕوسیا، بۆ نمونە گەمارۆی ئابوری بخەنە سەر، ئەمە ئەشێ گورزێکی گەورە لە ئامانجە گرنگەکەی پوتین بدات: ئاسایشی سنوری ڕوسیا و پێرەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆی نێونەتەوەیی. لە لایەکی ترەوە ڕوسیا هەست بە مەترسی بۆسەرخۆی دەکات لەڕێی کۆ کردنەوەی لەشکری ناتۆوە لە نزیک سنورەکانی ڕوسیا، لە ئەگەری فراوانبونی ناتۆدا بۆنمونە ولاتی ئۆکراینای هاوسنوری ڕوسیا کە ئەمە پرسێکی دووبارەیە و مایەی نیگەرانی پوتین ە. ئەشێ هەروا بمێنێ کاتێک کە ناتۆ وڵاتانی درواسێی ڕوسیا پڕچەک دەکات. جێگیر کردنی سیستمی بەرگری موشەکی ئەمریکی لە رۆمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ دا، پوتین ئەمەی بە گەورەترین هەڕەشە دانا. پوتین وتی هیچ کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە لەڕوی سەربازیەوە بەسەر ڕوسیادا سەردەکەوێ. لەم ڕستەیەدا تۆ دەتوانی ڕەفتاری پوتین وەکو ڕەددانەوەی ڕۆژئاوا ببینی، نەک بە پێچەوانەوە. پوتین وتی ئێستە ئەو کاتەیە کە روسیا کۆتایی بە باڵادەستی ستراتیژی رۆژئاوا بهێنێ. پوتین، لە قسەکردنی ساڵانەیدا کە لە پارلەمانی وڵێتەکەیدا لە ١ی مارتی ٢٠٠١٨دا، کاتێک باسی توانا سەربازیەکانی ولاتەکەی کرد، بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپا وتی: کەس گوێ لە ئێمە ناگرێ، ئێستە گوێمان لێبگرن. ناتۆ خۆی بۆ هەڕەشە و مەترسیەکانی ڕوسیا ئامادە دەکات. لە ڕاستیدا ڕوسیا دەیەوێ سنورە کۆنەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ناوچەکانی دەوروبەری نیوە دورگەی کریم (قرم) وەک نموونە. لە ساڵانی دواتردا پوتین فشارەکانی لەسەر ئۆکراینا زیاتر کرد. هێزی سەربازی نارد بۆ سەر سنوری ئۆکراینا و سەربازگەی بۆ کردنەوە. هەوڵی دیپلۆماسی لە نێوان ڕوسیا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکادا هیچی لێ سەوز نەبوو. لە دواجاردا لەشکری ڕوسیا لە ٢٤ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دا، لە سێ ناوچەوە هاتنە ناو ئۆکرایناوە. سوپای ڕوسیا بۆردومانی فڕۆکەخانەکانی ئۆکراینا کرد. وڵاتانی ڕۆژائاوا دژ بەڕوسیا بڕیاریان دا گەمارۆی قورسی ئابوری بخەنە سەر. پوتین ئاگاداری رۆژئاوای کرد کە نابێ هیچ کاردانەوەیەکی سەربازی یان هەبێ و خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن ئەگەر کارێکی وا بکەن بە پێچەوانەوە " ئەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی وا کە لەوە و پێش نەتان بینی بێ". هەروەها وتی: هەر کەسێک دژایەتی و هەڕەشە لە گەل و وڵاتەکەمان بکات، دەبێ بزانن یەکسەر وەلامیان ئەدەینەوە. (٤) پوتین چۆن دەسەلاتەکانی لە وڵاتەکەیدا گەورەتر کرد؟ هەتا ئێستە پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتدارە. هەمووی وەک سەرۆکی وڵات، نا. چونکە بەپێی دەستوری ڕوسیا، سەرۆک تەنها بۆ دوو خولی یەک لەدوای یەک دەتوانێ ببێ بەسەرۆک. بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دمیتری میدڤیدیڤ (Dmitri Medvedev)ی خستە جێێ خۆی. پوتین بوو بە یەکەم سەروەزیرلە حکومەتەکەی دمیتری دا. بە نزیکی هەموو لەسەر ئەوە کۆکین کە پوتین لەو کاتەدا سەرۆکی بێ ڕکەبەری وڵاتەکەبوو، ئەو گۆڕانکاریەش فێڵێکی یاسایی بوو بۆ ئەوەی لە خولی داهاتودا خۆی بۆ سەرۆک کاندید بکاتەوە. ئەوە بوو بینیمان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوەوە بە سەرۆکی وڵات، لە ساڵی ٢٠١٨ شدا بۆ دووەم جار بوەوە بە سەرۆک. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕاپرسیەکی ئەنجامدا بۆ ریفۆرمی یاسای حکومەت لە بەرژەوەندی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی . ئەمەش هەلی دا بە پوتین کە هەتا ساڵی ٢٠٣٦ لە سەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە. لەکاتی سەرۆکایەتیەکانی دا پوتین چەندین ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ گەورەکردنی دەسەڵاتەکانی. دەسەڵاتی دا بە حکومەت کە چاودێری ورد بخاتە سەر هاوکاری ڕێکخراوە نا حکومیەکان(NGO) و هاوکاری دەرەکی لێ قەدەغەکردن. ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستکردن تا بتوانن بەرامبەر فشارەکانی رژیم بوەستن. کۆسپەکانی لە دیاریکردنی ڕیژەی بەشداریکردن لەهەڵبژاردن لابرد و ماوەی سەرۆکایەتی لە ٤ ساڵەوە وە بۆ ٦ ساڵ درێژ کردەوە. ئازادی رۆژنامەوانی بەرە بەرە کەمکردەوە و دەمی بەرهەڵستکارەکانی داخست. لەدوای پەلاماردانی ئۆکراینا کریملین وشەی داگیرکردن و هیرش کردنی لە ژۆرنالیستەکان قەدەغە کرد، لەماوەی یەک هەفتەدا یاسای رۆژنامەوانی بە پارلەمانی روسیادا تێ پەڕاند و هەموو جۆرە ڕەخنەگرتنێکی قەدەغەکرد. خەڵک و رۆژنامەوانەکان هەر هەواڵێک بڵاو بکەنەوە کە لە چاوی حکومەتەوە بە بەدرۆ هەژماربکرێ (nepnieuws)، سزای مادی قرس ئەدرێ و سزای زیندانیکردنی هەتا ١٥ ساڵ ئەدرێ. بەهۆی ئەم یاسایەوە هەموو ڕاگەیاندکارەکانی وڵاتان روسیایان بەجێ هێشت، لەوانە بی بی سی(BBC)، سی ئین ئین (CNN)و پەیامنێرانی هۆڵەندا. (٥) نەیارو بەرهەڵستکارەکانی پوتین کێن؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوسیا نیزامێکی دیمۆکراسی هەیە و ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوون هەیە. پوتین بەردەوام لە بەریەک کەوتن دایە لەگەل ئەم بەرهەڵستکارانەیدا. هەتا ئێستا هیچیان لە بەرامبەر پوتین دا سەرکەوتو نەبوون. یەکێ لە بەرهەڵستکارە دیارەکانی ئەلێکسی نافاڵنی (Aleksej Navalny)ە. وەکو پارێزەرێک و چالاکوانێک چەندین ساڵە دژایەتی گەندەڵی ئەکا لە ڕوسیادا. بەردەوام دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە و زوو زووش ئازاد دەکرێ. نافاڵنی حیزبی دروستکرد ولە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ دا، خۆی بۆ سەرۆکی ڕوسیا پاڵاوت، بەڵێم بەردەوام ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماردان دەبوەوە، بۆنمونە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پەلامار درا و شلەیەکی سەوز(zeljonka) یان کرد بە دەموچاویدا و چاوی ڕاستی خراپ بوو. لە کۆتایی دا دادگای ڕوسیا مافی خۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا، لە نافاڵنی سەندەوە، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و ڕێکخستنی خۆپیشاندانی سیاسی بێ مۆڵەت. لە ٢٠ ی ٨ی ٢٠٢٠ دا نافاڵنی بەگازی دەمار نۆفیتشوک (zenuwgif novitsjok) ژەهراوی کرا. لەدوای ژەهراوی بوونی بەتەواوی چاک بوەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتوەکان پشتی گرت بۆیان دەرکەوت کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ڕوسییەوە ئەو کارە کراوە. کاتێک کە نافاڵنی گەڕایەوە بۆ ڕوسیا دەستگیر کرا، بە دووساڵ و نیو سزادرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی بڕیارەکەی بە ناداد پەروەرانە دانا وڕایگەیاند کە مۆتیڤی سیاسی لە پشتەوەیە. لە هەڵبژاردنی پارلەماندا لە ساڵی ٢٠٢١ دا لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ دەنگدەران نارد داوای لێکردن "زیرەکانە " دەنگ بدەن، واتە دەنگ بدەن پارتی کۆمۆنیست نەک حیزبی یەکێتی ڕوسیا کە پوتین سەرۆکایەتی دەکات. سیاسی ئۆپۆزسیۆن بۆریس نیمتسۆف(Boris Nemtsov) یەکێکی تر بوو لە بەرهەڵستکارەکانی پوتین کە شەڕی مردن ی لەگەڵ دەکرد. چەندین ساڵ وەک کەسێکی لیبراڵ ئەندامی (دۆما) بوو، کە تێدەکۆشا بۆ ڕیفۆرمی ئابوری و خەڵکی لە مەترسی گەورە بوونی دەسەڵاتی پوتین ئاگادار دەکردەوە، لە رۆژی ٢٧ ی فێبریوەری ٢٠١٥ دا، Nemtsov کوژرا. بکوژەکە گیرا و حوکم درا تائێستە نادیارە کە ئاخۆ پوتین دەستی لەم کارەدا هەبووە یان نا. لەگەڵ ئەوەی کە هەموو کەس دەیزانی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا جارێکی تر پوتین ئەیباتەوە، رۆژنامەوانی گەنج و بێژەری تەلەفزیۆن کسینیا سۆبتسجاک (Ksenia Sobtsjak) بڕیاری دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکات. ئەمە شێوازێک بوو بۆ پرۆتێستکردنی کەڵتووری سیاسی ڕوسیا. پرسیارە ڕەخنە ئامێزەکانی دژ بە پوتین هیچ کاریگەرییەکی نەبو، زۆر بە ئاسانی خستیە لاوە. لە ٢٠٢١ یشەوە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن پوتینەوە قسەی زیاتر هەڵدەگرێ. لە ڕوی فەرمیەوە پوتین تەنها دەسەڵاتدار نییە، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا بەدەسەڵاترین کەسە. هەروەها لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیس بەردەوام ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. ئەمە بەتەنها لە سوریا و ئۆکراینا نا. بەڵکە لە ئەفریقاش کاریگەری ڕوو لە زیاد بوونە. کۆبونەوەی لوتکەی روسیا- ئەفریقا لە سۆتسجی(Sotsji) لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەگەڵ چل سەرۆکی ولاتانی ئەفەریقا، ئەوەی بە دونیا ووت کە پوتین ئەیەوێ لە بەشێکی ئەم جیهانەدا ڕۆڵ بگێڕێ. بەکورتی + لە ٢٠٠٠وە ئەفسەرێکی کەی جی بی (KGB) پوتین سەرۆکی ڕوسیایە، دوای ئەوە کە لەسەر دەمی سەروەزیریەکەیدا ڕۆڵی گەورەی لە شەڕی دژ بە چیچاچیەکاندا گێرا. + پوتین ئازادی رۆژنامەوانی کۆت و بەند کرد و بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوت، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەی دا لای زۆرێک لە ڕوسەکان وەک پێاوێکی بەهێز سەیر دەکرێ. + ئەوەی پوتین دەیکات بۆ سەلامەتی سنوری ڕوسیایە ئەوەی کە زۆرجار پوتین دەیڵێت بۆ گەورەکردنی ئاستی جەماوەری خۆیەتی. + پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە و لە سایەی ئەو گۆڕانکاریەی لە ماوەی سەرۆکایەتی دا کردی ئەتوانێ هەتاساڵی ٢٠٣٦ بەسەرۆک بمێنێتەوە. بەردەوام نەیارەکانی سەرکوت دەکات و چانسی بردنەوەیان ناداتێ.
درەو: "جەنگی روسیا لە ئۆكرانیا نزیك بووەتەوە لە كۆتایی، چونكە روسیا ئامانجەكانی خۆی بەدەستهێناوەو نایەوێت هەموو خاكی ئۆكرانیا داگیر بكات" ئەمە وتەی ئوسامە تۆفیق بەدر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی میسر و باڵیۆزی پێشوی میسرە لە ئۆكرانیا. ئوسامە تۆفیق بەدر لە وتارێكیدا ئاماژە بەوەدەدات كە روسیا لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا نزیكبوەتەوەو شەڕەكە بەرەو كۆتایی دەچێت. باڵیۆزی پێشووی ئۆكرانیا لە وتارێكیدا كە سەبارەت بە جەنگی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەڵێت: روسیا نایەوێت هەموو ئۆكرانیا داگیربكاتو چەند ئامانجێكی هەیە لەو جەنگەو ئامانجەكانی بەدیهێناوەو جەنگەكە نزیك بوەتەوە لە كۆتایی. بەوتەی ئەو باڵیۆزە ئامانجە تایبەتەكانی روسیا لە هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا ئەمانەن: • گرنتیكردنی كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی ئاوی سازگار بۆ كریمیا كە ئۆكرانیا نزیكەی ساڵێكە برێویەتیو بە داگیركردنی ئاری خیرسۆن ئەو ئامانجەی روسیا بەدیهات. • كۆنترۆڵكردنی وێستە ئەتۆمییەكانی ئۆكرانیاو لەوەشدا روسیا سەركەوتوو بووە. • گەرەنتیكردنی مافی كەمینەی روسیی لە سێ شارە گەورەكەی ئۆكرانیا ( خاركێڤ, دینبرۆپترۆڤسكی, ئۆدیساو بەندەرە ستراتیژییەكەی) بۆئەوەی ئۆكرانیا هیچ دەروازەیەكی لەسەر دەریای رەش نەبێتو هەموو ئەو شارانەش دەكەونە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاو زۆرینەی دانیشتوانەكەیان روسنو رویاری دینپرۆ خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا لە خۆرئاوای جیادەكاتەوە و روسیا خۆرئاوای ئۆكرانیای ناوێتو دانیشتوانەكەی روس نینو تەنها دەیەوێت ببێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە نێوان خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاو پۆڵەندا كە یەكێكە لە وڵاتەكانی ئەندامی ناتۆ. • روسیا زۆرینەی ئامانجەكانی تائێستا بەدیهێناوەو ئەوانەی دیكەش تەواو دەكاتو شێوازێك پەیڕەو دەكات كە راستەوخۆ ناچێتە ناو شارە گەورەكانو گەمارۆیان دەداتو ژێرخانی بە تەواوەتی وێراندەكات و كە ئەوەش بەدیهات یەكەكانی سوپای روسیا بە ئاسانی دەچنە نێو شارەكانەوە.
(درەو): فەرەنسا دەستی بەسەر یەختێكی گرانبەهای سەرۆكی كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا گرت، ئەمە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەیە كە ئەوروپا بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە بەسەر روسیادا سەپاندووە، ئەم كۆمپانیا روسییە خاوەنی 60%ی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانو لە پێنج كێلگەی هەرێمدا كار دەكات. برۆنۆ لۆمێر وەزیری دارایی فەرەنسا ئاشكرایكرد، گومرگی وڵاتەكەی دەستی بەسەر یەختێكدا گرتووە كە سەربە كۆمپانیایەكی (ئیگۆر سیچین) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسییە. وەزیرە فەرەنسییەكە باسی لەوەكرد، یەختەكە ویستویەتی بەندەری (لا سیوتا) لەسەر كەناری دەریای ناوەڕاست بەجێبهێڵێت، ئەمەش پێشێلكردنی ئەو سزایانە بووە كە یەكێتی ئەوروپا بەسەر ئەو سەرمایەدارە روسیەیدا سەپاندووە، بۆیە دەست بەسەر یەختەكەدا گیراوە. دەستگرتن بەسەر ئەم بەختە گرانبەهایەدا، لەچوارچێوەی ئەو سزا زۆرانەدایە كە وڵاتانی خۆرئاوا بەهۆی هێرشەكەی بۆسەر ئۆكراینا، بەسەر روسیایاندا سەپاندووە، خاوەنی یەختەكە یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی روسیا. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا، ئەم یەختە كە ناوی "ئەمور فیرۆ"یە، رۆژی 3ی كانونی دووەم گەیشتوەتە بەندەری (لا سیوتا)، بڕیار بووە تاوەكو رۆژی 1ی نیسان بمێنێتەوە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوە، بەڵام دوێنێ بەرپرسانی گومرگ تێبینی ئەوەیان كردووە یەختەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا بڕوات لەكاتێكدا كاری نۆژەنكردنەوەی تەواو نەبووە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستی بەسەردا بگرن، چونكە یەختەكە سزا ئابورییە نوێیەكان دەیگرێتەوە. هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوەكرد، لە بەندەری (لۆریان)، دەست بەسەر كەشتیەكی بارهەڵگری روسیدا گیراوە. لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێكی گۆڤاری (فۆربس)، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەستیان بەسەر یەختێكدا گرتووە كە بەهاكەی (600 ملیۆن) دۆلارەو خاوەندارێتییەكەی بۆ ملیاردێری روسی (عەلی شێر عوسمانۆڤ) دەگەڕێتەوە. روسنەفت لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای روسنەفت-ی روسی خاوەنی رێژەی 60%ی پشكەكانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەو بەشەی بۆرییەكە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێم تاوەكو سنوری توركیا)، لەپاڵ ئەمەدا كۆمپانیاكە كاری گەڕانو پشكنین بەدوای نەوتدا دەكات لە (6) كێڵگەی كوردستان، ئەو كێلگانەی روسنەفت كاریان تێدا دەكات دەكەونە سنوری (هەولێرو دهۆك)و بریتین لەم كێڵگەكانی (بەرتلە، زاوێتە، هەریر، بجیل، قەسرۆك، دارەتوو).
درەو: سەرچاوە: الحرە دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاندو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان. بایدن رونیكردەوە كە ئەم بژاردەیە هێشتا لەلایەن ئەوروپییەكانەوە جێگەی رەزامەندی نیە, ئاماژەی بەوەشدا ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانو هاوپەیمانەكانی بەسەر روسیایان سەپاندووە هەمان كاریگەری دەبێت, بگرە كاریگەری گەورەتریشی دەبێت لە دوورخستنەوەی مۆسكۆ لە سیستمی سویفت. هاوكات ئۆكرانیاش رۆژی پێنج شەممە داوای كرد مۆسكۆ لە سیستمی سویف دووربخرێتەوەو سەرۆكی ئەو وڵاتە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە تویتەر رایگەیاند داوادەكەن روسیا لە سیستمی سویف دووربخرێتەوەو ئاسمانی ئۆكرانیاش بكرێتە ناوچەی قەدەغەكردنی فڕین. سیستمی سویفت چیە؟ دامەزراندنی سیستمی سویفت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 كاتێك كۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەكانی جیهانی نێوان بانكەكان دامەزرێندرا كە بارەگاكەی لە بەلجیكایە. بانكی نیشتمانی بەلجیكی بە هاواكاری لەگەڵ بانكە ناوەندییە سەرەكییەكانی تری وەك یەدەگی فیدراڵی ئەمریكیو بانكی ناوەندیی ئەوروپی و بانكی ئینگلتەرا سەرپەرشتی ئەم كۆمەڵەیە دەكات. كاری سویفت تەنها لە حەواڵكردنی دراودا چڕنابێتەوە بەڵكو وەك سیستمێكی ئاڵۆگۆڕكێكی نامەی سەلامەت كاردەكاتو زیاتر لە (11 هەزار) دامەزراوەی دارایی لە زیاتر لە (200 )دەوڵەتدا بەیەكەوە بەستوەتەوە. ژمارەكانی سویفت ئاشكرایدەكەن كە لە ساڵی 2021دا لە یەك رۆژدا (42 ملیۆن) نامە ئاڵۆگۆڕكراوەو لە 2020دا روسیا نزیكەی لەسەدا (1.5) ی جوڵە داراییەكانی دارایی لە رێگەی سویفتەوە ئەنجامداوە. رێكخراوی سویفت لە ساڵی 2014 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە كۆمەڵەیەكی جیهانیی بێلایەنەو هەر بڕیارێك بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دەوڵەتان و قەوارەكاندا دەكەوێتە سەر شانی حكومەتەكانو دەسەڵاتە تەشریعییە پەیوەندیدارەكان. بە دورخستنەوەی چ كاریگەرییەك دەكاتە سەر روسیا راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاماژەبەوەدەكات كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن, ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوتوغاز. ئاماژەیبەوەشداوە كە لە پێشترداو ساڵی 2012 ئێران لە سیستمی سویفت كرایەو دەرەوە بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەریدا لەبەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیو تاران نزیكەی نیوەی داهاتی هەناردەكردنی نەوتی لەدەستداو لە سەدا 30ش جموجوڵی بازرگانی دەرەكی زیانی بەركەوت. هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت. راپۆرتەكە دەڵێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستمی سویفتەوە قایل كرد بۆ دەركردنی ئێران بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە, دەركردنی روسیا لەوانەیە زیان بە ئابوری وڵاتانی تری وەك ئەڵمانیا بگەیەنێت. جیهان روسیا لە سویفت دووردەخاتەوە؟ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممە جەختیكردەوە كە بەباشتری دەزانێت كۆمەڵێك سزای نوێ بەكاربهێنرێت كە چوار بانكی گەورەی روسیای گرتوەتەوە بەڵام چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی دەیانەوێت روسیا لە سویفت بكرێتە دەرەوەو بایدنیش ئاماژەی بەوەدا كە پێویستی بە پاڵپشتی هاوتا ئەوروپییەكانی هەیە كە وادەردەكەوێت كەمتر حەماسەتیان بۆ ئەو رێوشوێنە توندە هەبێت چونكە روسیا سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی وزەیە بۆ ئەوروپا. رێوشوێنەكانی روسیا بەگوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لەسەدا 20ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕو حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات.
راپۆرتی: درەو بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی ئۆكرانیا لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان. پێگەی جوگرافی ئۆکرانیا ئۆکرانیا لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتەوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، دووەم گەورەترین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپایە، ڕوبەرەکەی بریتییە لە (603 هەزار و 628) کیلۆمەتر دووجا، لەگەڵ ڕووسیا لە ڕۆژھەڵاتەوە بە درێژایی (1576) کیلۆمەتر هاوسنورە، لە باکورەوە لەگەڵ بیلاڕووس بە (891) کیلۆمەتر، پۆڵەندا بە (428) کیلۆمەتر، سلۆڤاکیا بە (90) کیلۆمەتر و ھەنگاریا لە ڕۆژئاواوە بە (103) کیلۆمەتر، ڕۆمانیا بە (169) کیلۆمەتر و مۆلدۆڤا بە (939) کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوا، ھاوسنوورە. جگە لەوەی لە باشورەوە بەسەر دەریای ڕەش و دەریای ئازوف دا دەڕوانێت. زۆربەی خاکی وڵاتەکە تەختاییە و نزمە لەگەڵیدا ڕووباری گرنگی پیا تێدەپەڕێت لەوانە ڕووباری "دنایپەر" جوگرافیای وڵاتی ئۆکرانیا هەمەجۆرە و بەپێی هەرێمەکانی دەگۆڕێت، تاکە زنجیرە چیای هەڵکەوتەی وڵاتەکە "کارپاسیان"ە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا، کە سێیەم درێژترین زنجیرەچیای کیشوەری ئەورووپایە بە ١٥٠٠ کیلۆمەتر، توانەوەی بەفری چیاکان دەبنە هۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ ڕووبارەکانی و چەندین تاڤگەش لەم وڵاتەدا هەڵکەوتووە. گرنگترین سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵاتەکە بریتین لە (نەوت، گازی سروشتی، ئاسنی خاو، مەنگەنیس، خەڵووز، خوێ، گۆگرد، گرافایت، تیتانیۆم، مەگنیسیۆم، نیکل و جیوە و چەندان کانزای بەنرخی تر) ئەم وڵاتە لە مێژوویدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی سرووشتی و دەستکرد بووەتەوە و بوونەتە بۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و هەوای وڵاتەکە و کەوتنە ژێر کاریگەری تیشکیدانەوەوە، لەناویاندا کارەساتە بەناوبانگەکەی چێرنۆبڵە کە لە ٢٦/٤/١٩٨٦ دا ڕوویدا و بە یەکێک لە کارەساتە گەورە دەستکردەکانی مێژوو دەژمێردرێت، کارەساتی چێرنۆبڵ لە کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ڕوویدا لە شاری پریپیاتی باکووری وڵاتی ئۆکرانیا کە لەو کاتەدا وڵاتی ئۆکرانیا سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەم کارەساتە بە گەورەترین هەڵە و کارەساتی ئەتۆمی لە مێژوودا دەژمێردرێت چ لەڕووی قووربانیانەوە چی لەڕووی زیانی ئابوورییەوە، ڕێژەی تیشکدانی بە ڕادەیەک زۆربوو کە ناوچەکانی چواردەوری بە تیرەی ٣٤ کیلۆمەتر قەدەغەی نیشتەجێبوون کرا و کاریگەرییەکە لەسەر ئەو ناوچانە و تەواوی وڵات تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ماوە. ئەم کۆمارە لە ساڵی (1922)ەوە تا کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت بەشێک بووە لەو یەکێتییەو لە (28/8/1991) سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. شاری (کیێڤ) کە گەورەترین شاری ئوکراینایە کرایە پایتەختی وڵاتەکە. لە ڕووی کارگێڕییەوە وڵاتی ئۆکرانیا، جگە لە دورگەی (قرم) کە خاوەنی خود موختارییە، دابەشکراوە بۆ (24) ناوچە یان پارێزگا. کە بریتین لە پارێزگاکانی (کیێڤ، بولتافا، خارکۆڤ، ئۆدیسا، سومی، لەفیف، کیرۆفۆغراف، لۆستک، دنیبرۆبێترۆفسک، چەرنۆبڵ، زابارۆجیا، ڤینیتسا، دۆنیستک، ئۆرجغورود، لۆغانسک، ئیڤانۆ فرانکیڤسک، خیرسۆن، لیکۆلایڤ، تشیرکاسی، ریڤنا، تشیرنیڤتسی، تشیرنیهیڤ، خمیلنیتسکی، جیتۆمیر). بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئوکرانیا زیاتر (44) ملیۆن کەسە کە دەکاتە (0.62%) دانیشتوانی جیھان. تەمەنی مام ناوەندی دانیشتوانی وڵاتەکە (39.8) ساڵە (69%) دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین. دانیشتوانی وڵاتەکە وەک چۆن لە پێکهاتەی نەتەوەوی ڕەگەزی جیاواز پێکهاتوون، بە هەمان شێوە پەیڕوانی ئاینی جیاوازی تێدایە. توانا ئابورییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ئەوەی ئۆکرانیا بەسەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، لەگەڵ جیابوونەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت خاوەنی ئابورییەکی بەهێز نەبوو، چونکە بەردەوام لەدوای ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکانی ڕوو لە قەیران دەکات زۆرجاریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی گورزی گەورەی لە ئابورییەکەی داوە. بەڵام بەم دواییانە یەکێک بووە لە دەوڵەتە خاوەن ئابورییە بەهێزەکان لە ناوچەکە، چونکە بایەخێکی گەورەی ئابوری ستراتیجی بۆ وڵاتانی ئەوروپی هەیە، ئەمەش یارمەتی دەربووە بۆ گەشەی خێرای وڵاتە، جگە لەوەی خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەی سروشتییە لە بواری کانزاو کشتوکاڵ، سەرباری ئەو میراتە پیشەسازییەی لە یەکێتی سۆڤییەت بۆی بەجێمابوو. بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان. کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا پشکی گەورەی بەخشیبووە بە گەشەسەندی ئابوری وڵاتەکە، ئەمەش بایەخێکی گەورەی بەخشیوە پێیان لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ناردەنی بواری کشتوکاڵ (45%)ی هەناردەی ئۆکرانیا پێکدەهێنێت، بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گونجاوی و فراوانی و بەپیتی خاکەکەتی کە نزیەکەی (40) ملیۆن هێکتار زەوی شیاوی هەیە بۆ ئەو بوارە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئۆکرانیا ساڵانە (50) ملیۆن تەن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت، لەنێویاندا بەرهەمهێنانی (28) ملیۆن تەن گەنم و هەناردەکردنی زیاتر لە (18) ملیۆن تەنی، ئەمەش پلەی شەشەمی وڵاتانی هەناردەکەری گەنم و چوارەم هەناردەکەری گەنمەشامی و پلەی سێیەم لە بڕی بەرهەمهێنان، پلەی دووەم لە بەرهەمهێنانی جۆ و پلەی چوارەم لە هەنارەکەری لەسەر ئاستی جیهان پێ بەخشیوە. سەرەڕای گرتنی پلەی یەکەمی سەرئاستی جیهان لە هەنارەکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەو پلەی سێیەم لە بەرهەمهێنان وهەنارەدەکردنی هەنگوین کە ساڵانە بەنزیکەی (81) هەزار تەن دەخەمڵێنرێت. هەروەها هەناردەکردنی میوەی وڵاتەکە ساڵانە دەگات بە (55) هەزار تەن لە میوەی جۆراوجۆر، جگە لە هەنارەکردنی (450) هەزار تەن لە گۆشتی سور و (431) هەزار تەن لە گۆشتی سپی. لە بواری کازاشدا پشکێکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئاسنی خاو کە ساڵانە (60) ملیون تەنە و بەم پێیەش پلەی شەشەم دەگرێت لەبەهەمهێنانی ئاسن لەسەر ئاستی دنیا و پلەی دووەم لە خاوەندارێتی یەدەگی جیوە لەسەر ئاستی ئەوروپا. پلەی یەکەم لە کبریت و پلەی دەیەم لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی خاوی تیتانیۆم. لە بواری پیشەسازیدا ئۆکرانیا پلەی چوارەمی هەیە لە هەناردەکردنی ماتۆڕ (تۆڕباین) بۆ ویستگەی وزی ئەتۆمی و پەلەی دوانزەیەمیشی هەیە لە هەنادەکردنی چەک کە بە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە نزیکەی (700) هەزار کەس کاری لە کارگەکانی چەک کاردەکەن. ئابوری ئۆكرانیا بە ژمارە روبەری ئۆكرانیا (604 هەزار) كیلۆمەترە 70%ی روبەرەكەی زەوی كشتوكاڵیە 15% دارستانە لە ئۆكرانیا 6.9 ملیۆن تەن زەتی گوڵە بەرۆژەی هەناردەكردووە 431 هەزار تەن پەلەوەری هەناردەكردووە 81 هەزار تەن هەنگوینی هەناردەر كردووە 55 هەزار تەن میوەی هەناردەكردووە 30 هەزار تەن مەعكەرۆنی هەناردەكردووە لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمدا لە پلەی سێیەمدایە ساڵی 2020 (24 ملیۆن) تەن گەنمی بەرهەمهێناوە (18 ملیۆن) تەنی هەناردەكردووە واتا 75%ی هەناردەكردووە. لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمەشامیدا لە پلەی چوارەمدایە سامانی كانزایی 20 هەزار كانی دەرهێنانی كانزایی هەیە 5%ی یەدەگی خاوی ئاسن لە جیهاندا لە ئۆكرانیایە خاوەنی گەورەترین یەدەگی كیبریتە لە جیهاندا لە یەدەگی جیوەدا پلەی دووەمی جیهانی هەیە
درەو: ئۆلگا ئیفشینا- كاترینا كینكۆلۆڤا - بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت لە چەند هەفتەی رابردوودا، ڤیلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا دەستی بە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكرەوە كرد، كۆمەڵێك بڕیار كە كاریگەری بەردەوامیان دەبێت، ئەمەش نەك تەنیا لەسەر ئۆكرانیاو روسیا، بەڵكو لەسەر جیهان بەگشتی. ئەو كەسانە كێ بوون، كە پوتین راوێژیان پێدەكات لەكاتێكی دەركردنی ئەم بڕیارانەدا ؟ ئایا دەنگی سەربازی مۆسكۆ لە كاریگەری بەهێزی ئەو گروپەوە سەرچاوەی گرتووە كە بە "سیلۆڤیكی" ناسراوەو ژمارەیەك لە وەزیرو سەرۆكی ئاژانسە ئەمنییەكان لەخۆدەگرێت- وەكو ئەوەی هەندێك لە شیكەرەوەكان دەڵێن ؟ دەكرێت روسیا بە كۆماری سەرۆكی ئەفسانەیی ناوببرێت، سەرۆك پوتین هەموو دەسەڵاتەكانی بەدەستەوەیە، هەموو بڕیارە سەرەكییەكان كە پەیوەندیدارن بە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، لە كۆتایدا ملكەچ دەبن بۆ بڕیارە تایبەتەكانی ئەو. بەڵام سەرباری ئەم هەموو دەسەڵاتە بەرفراوانە، پوتین راوێژ بە كەسانێك دەكات كە لە دەوروبەریدان، بەتایبەتیش ئەوانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر هاوڕێی بوون، ئەوانەی كە زۆر متمانەی پێیان هەیە. ئەم بازنەیە كۆمەڵێك لەو بەرپرسانە لەخۆدەگرێت كە كاریان لە ئاژانسە ئەمنییەكاندا كردووەو دەنگی بەهێزیان هەیە. لە روسیا ژمارەیەك ئاژانس هەن كە لە بواری ئەمنو جێبەجێكردنی یاسادا كاردەكەنو بە گروپی "سیلۆڤیكی" ناسراون. پوتین كاروانی خۆی لە یەكێك لەم ئاژانسانەوە دەستپێكردووە، بەدیاریكراویش دەزگای هەواڵگری پێشووی سۆڤیەت (KGB)، كە كاركردنی لە قۆناغی دوای یەكێتی سۆڤیەتەوە لەژێر ناوی (دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB) دەستپێدەكات. لەوكاتەوە كە پوتین گەیشتوەتە دەسەڵات، كاریگەری گروپی "سیلۆڤیكی" زیادی كردووە. پێنج گەورەكە زۆرینەی بڕیارەكانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەو ناوخۆی روسیا لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیادا دەدرێن، ئەم ئەنجومەنە لە (30) ئەندام پێكدێت، ئەمانە گرنگترین پایەكانی گروپی "سیلۆڤیكی"ی پێكدەهێنن، لەناویاندا سەرۆكەكانی هەواڵگری دەرەوەو دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSBو وەزیرانی ناوخۆو دەرەوەو بەرگری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانو سەرۆكی هەردوو هۆڵەكەی پەرلەمان. نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا، ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی روسیا، سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوەی روسیا، ماوەی چەندین ساڵە سەرۆك ڤیلادیمیر پوتین دەناسنو لە سانت بترسبۆرگ كە پێشتر بە "لینینگراد" دەناسرا، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كاریان لەگەڵدا كردووە. لەگەڵ ئەو سێ ناوەی پێشوودا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەو سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، ئەو گروپە پێنج كەسییە پێكدەهێنن كە دەوترێت نزیكترین كەسن لە ڤیلادیمیر پوتینەوە، كە سەرۆكی روسیا بەشێوەیەكی زۆر رێز لە بۆچونەكانیان دەگرێت بەتایبەت لەبواری سیاسەتەكانی دەرەوەدا. نیكۆلای پاتروشیڤ نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیایە، كە پوتین سەرۆكایەتی دەكات، پاترۆشیڤ بە "هەڵۆی سەرەكی" تیمی سەرۆك دادەنرێت، پاترۆشیڤ لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لە دەزگای هەواڵگری روسیا KGB لەگەڵ پوتیندا كاریكردووە. ساڵی 1999 چوەتە شوێنەكەی پوتینو بووە بە سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB، ئەم دەزگایە لەدوای KGB دروستبوو، پاترۆشیڤ تاوەكو ساڵی 2008 لەم پۆستەدا مایەوە، دەوترێت ئەو نزیكترین كەسە لە پوتینو لە هەركەسێك زیاتر گوێی بۆ ئەو دەگرێت. سێرگی شویگۆ رەنگە لە راستیدا سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، نزیكترین هاوڕێو راوێژكاری پوتین بێت، ئەم پیاوە هاوكات بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری سەربازی روسیایە، ئەندامانی ئەم ئاژانسە تۆمەتبار دەكرێن بە ژەهراویكردنی سیخوڕی پێشووی روسیا (سێرگی سكریباڵ) لە بەریتانیا لە 2018دا، هەروەها ژەهراویكردنی سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی روسیا (ئەلیكسی ناڤالنی) لە سیبریا ساڵی 2020دا. سەرچاوەكان دەڵێن حەفتاكانی سەدەی رابردوو، پەیوەندی باش لەنێوان شویگۆ و پۆتیندا گەشەی كردووە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی نوێوە، ئەم دوو پیاوە بوون بە هاوڕێی نزیكی یەكترو زمانێكی هاوبەش هەردووكیانی كۆكردوەتەوە، هەردووكیان بەشێوەیەكی بەردەوام لە پشووەكاندا سەردانی سیبریا دەكەن كە زێدی وەزیری بەرگرییە. ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB لەگەڵ پۆتیندا لە نوسینگەی KGB لە لینینگراد خزمەتی كردووە، ساڵی 2008 لەدوای پاترۆشیڤ پۆستی سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیای وەرگرتووە، لە بواری روبەڕبووبونەوەی سخوڕیدا كاریكردووەو چەند دەیەیەك شارەزایی هەیە. چاودێران دەڵێن سەرۆكی روسیا زیاتر لەو راپۆرتانەی كە لە سەرچاوەكانی ترەوەی پێی دەگات، راپۆرتە هەواڵگرییەكانی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیاوە بەدڵەو پەسەندی دەكات. ئەم دەستەیە كاریگەری لەسەر ئەو لایەنانە هەیە كە یاسا جێبەجێ دەكەن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆو نوسینگەی داواكاری گشتی، ئەم دەستەیە هێزی تایبەتی خۆی هەیە، لەناویاندا هێزی دەستەبژێری "ئەلفا"و گروپەكانی "فیمبیڵ". سێرگی لاڤرۆڤ لە توندڕەویدا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەبەرامبەر بۆرتنیكۆڤ-دایە، ئەو شارەزاترین دیپلۆماتكاری روسە، لە ساڵی 2004ەوە سەرۆكایەتی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەكات، واتە نزیكەی دوو دەیە دەبێت. سەرباری ئەوەی لەگەڵ پوتین نەیخوێندووەو لە دامەزراوە ئەمنییەكاندا كاری نەكردووە، دەوترێت پوتین زۆر رێز لە لاڤرۆڤ دەگرێت. لاڤرۆڤ لەناو بازنەی هاوڕێ تایبەتەكانی پوتیندا نییە، بەڵام رێزی سەرۆكی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پیشەیبوونو كارە جدییەكانیو هەڵەنەكردنییەوە لەماوەی دورودرێژی كاركردنیدا. سێرگی ناریشكین سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە هاوشێوەی بۆرتنیكۆڤو پاترۆشیڤ لە لینینگراد لەگەڵ پوتیندا خزمەتی كردووە، سەرباری ئەوەی سەرۆكی هەواڵگرییە، بەڵام بەشێوەیەكی رێژەیی بەرپرسی گشتییە، چەندین چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كردووە، لەناویاندا لەگەڵ ستیڤ رۆزنبێرگ پەیامنێری BBC. ئەەوانەی ناریشكین لە نزیكەوە دەناسن دەڵێن، موخلیسی پوتینەو بەسروشت كەسێكی بە زەبتو رەبتە، ملكەچی فەرمانەو پابەندە بەو هێڵەی كە بۆی دەكێشرێت، باگراوەندە ئەمنییەكەیو بیرتیژیو شارەزاییە پیشەییەكەی یارمەتی داوە بچێتە ناو بازنە نزیكەكەی پوتینەوە، دەوترێت ڤلادیمیر پوتین پشت بەو یاداشتە هەواڵگرییانە دەبەستێت كە ئاژانسەكەی ناریشكین پێشكەشی دەكات. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا: شوێنی بڕیاردان كۆبونەوەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا كە تێیدا گفتوگۆكرا لەبارەی داننان بەو "دوو كۆمارە"دا كە جوداخوازەكان لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا دەستیان بەسەردا گرت، نیگایەكی روونی لەبارەی دینامیكی كاری ئەم ئەنجومەنە نیشاندا. سارە راینسفۆرد پەیامنێری BBC لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ئەم كۆبونەوەیەی بە پارچە شانۆگەرییەك ناوبرد كە هەركەسێك تێیدا رۆڵو سیناریۆیەكی دیاریكراوی هەیە. وتی" زۆرینەی گەورە بەرپرسانی روس بەشێوەیەكی شەرمنانە لە نیوەی مێزەكەدا دانیشتوون، بەر لەوەی ڤلادیمیر پوتین یەك لەدوای یەك داوایان لێبكات لە میكرۆفۆنەكە نزیك ببنەوەو ئەو شتانەی پێ بڵێن كە دەیەوێت بیبیستێت". سەرباری ئەوەی ئەمە تەنیا گەمەیەكی بیزەنتییە لە سیاسەتێكی تایبەتیو كەسیدا، بەڵام هەندێك لە چاودێرانی تر وای دەبینن، دینامیكیەتی پڕگرێوگۆڵی ئەم گروپە رۆڵی خۆی دەبینێت. ئەلیكسەندەر باونۆڤ پسپۆڕی سەنتەری كارینگی لە مۆسكۆ دەڵێ" دەبێت تێبگەین ئەنجومەنی ئاسایش كۆبونەوەی كۆمەڵێك كەسە كە هاوڕێ نینو دەكرێت بكەونە ململانێوە لەگەڵ یەكتردا". باس لەوە دەكات" هەموو ئەوەی وتویانە – لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا- تەنیا گوزارشت نەبووە لەوەی بیریان لێكردوەتەوە، بەڵكو هەوڵدانیان بووە بۆ ئەوەی لەبەردەم پوتیندا بە یەكتری نەدۆڕێنن، لەم گەمەیەدا كە دەزگا ئاگاداریەتی". كۆبونەوەكە تیشكی خستە سەر قەبارەی كۆنترۆڵی تایبەتی ڤیلادیمیر پوتین بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەروەها چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا سەرزەنشتیان بكاتو بیانكات بە فیلم، بەوپێیەی هاوڕێی كۆنن، تەنیا كەمێك پارێزبەندییان هەیە. سەرباری ئەوەی هاوڕێیەكی دێرین بوو- رەنگە هاوڕێیەتی تایبەتیش- بەڵام سێگری ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە پلارێكی توندی لەلایەن پوتینەوە بەركەوت، بەهۆی ئەوەی "بەڕوونی قسەی نەكرد" كاتێك پێشنیازی كرد دەرفەتێكی تر بە "هاوبەشە خۆرئاواییەكان" بدرێت بەر لەوەی دان بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبواندا بنرێت، ئەمە بەشێوەیەكی روون، پوتینی بێزار كرد، فشاری لە ناریشكین كرد پشتیوانی خۆی بۆ داننانی خێرا بەو ناوچانەدا رابگەیەنێت، ئەمەش ئەو شتە بوو سەرۆكی هەواڵگری رەزامەندی لەسەر نیشاندا، دەركەوت كە زۆر بێزارە. مارك جالوتی لە پەیمانگای شاهانە بۆ توێژینەوەی ئەمنیو بەرگریی لە تویتەر نوسی:" لە راستیدا ناریشكین لە خراپترین دۆخ رزگاری بوو، بەهۆی تێكەڵكردنەكەیەوە، پوتین پێیدا هەڵگژا. ئەم دیمەنە دەریخست ئەو خزمەتكاری سەرۆكەكەیەتی نەك هاوڕێی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەمدواییە یەكێك بووە لە راشكاوترین قسەكەرە گشتییەكان، ئەمە نیشانیدا ستایش ناكرێی لەبەر ئەوەی پێشتر خزمەتت كردووە". جێگەی باسە، ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایش وەكو ناریشكین هەستیان بەو شەرمەزارییە نەكرد، جگە لە وەزیرەكانی بەرگریو دەرەوەو بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی، داوا لە ئەندامانی تری ئەنجومەن كە ژمارەیان 30 كەسە نەكرا بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم قسە بكەن. لاڤرۆڤ پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان نیشاندا، بەڵام شویگۆ و بۆرتنیكۆڤ توندڕەوتر بوونو سوور بوون لەسەر داننان بە جوداخوازەكانی سەربە روسیادا لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا. كۆبونەوەكە هاوكات كۆبونەوەیەكی جیاواز بوو، چونكە لە تەلەفزیۆنی حكومەتی روسیاوە پەخشكرا، زۆرجار ئەنجومەنەكە بەنهێنی كۆدەبێتەوە، سەرباری بوونی گومانی لەبارەی راستی بانگەشەكانەوە، گریمانە دەكرا پەخشی راستەوخۆ بكرێت، لەكاتی تەماشاكردنی وردی ڤیدیۆكەدا چاودێران تێبینی ئەوەیان كرد، بینینی هەندێك لە ئامادەبووانی كۆبونەوەكە هاوتا نییە لەگەڵ كاتی پەخشەكەدا. ئەنجومەنێكی تر باوەڕوایە دوور لە بەرپرسانی ئەمنیو وەزیری دەرەوە، پوتین كۆبونەوەی تاكەكەسیی لەگەڵ بەرپرسانی تر لە دامەزراوەی دەسەڵاتو تەنانەت دەرەوەش دەكات. یفگینی مینشینكۆ شیكەرەوەی سیاسی كە میدیاكانی روسیا بەشێوەیەكی بەفراوان قسەكانی بڵاودەكەنەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ چاودێری دەستەبژێری روسیای كردووە، بەشێوەیەكی سیستماتیك راپۆرت لەسەر بازنەی نزیك لە ڤیلادیمیر پۆتین كۆدەكاتەوە كە بە "مەكتەبی سیاسی 2.0" ناویان دەبات، ئەمەش وەكو بەراوردكرنێك بە سەركردایەتی شیوعی سۆڤیەت. لە دواین راپۆرتیدا بۆ ساڵی 2021، مینشینكۆ دەڵێ، سێرگی سوبیانین سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆو ئیگۆر سیچین سەرۆكی كۆمپانیای زەەبەلاحی نەوتی حكومەت (روسنەفت) لەناو ئەو كەسانەدان كە نزیكن لە سەرۆكەوە. ئەوەش زانراوە كە هەردوو برای ملیاردێر (بۆریس، ئەركادی رۆتەنبێرگ) نزیكەن لە ڤلادیمیر پوتنەوە، ئەمەش بەوپێیەی كە دوو كەسی نزیكنو متمانەی پێیان هەیە، هەروەها هاوڕێی سەردەمی منداڵی ڤلادیمیر پوتینن، ئەم هەفتەیە ناوی ئەم دوو برایە هات لە سزاكانی بەریتانیا دژ بە روسیا. لە ساڵی 2020دا گۆڤاری فۆربس ناوی ئەم دوو برایەی وەكو دەوڵەمەندترین خێزان لە روسیادا هێنا.
(درەو): بەبێ كورد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردنو روبەڕووبونەوەی ئەردۆغانو كۆتایهێنان بە سیستمی سەرۆكایەتی. دوێنێ شەو، لە یەكێك لە بیناكانی ناوچەی (چانكایا) لە ئەنكەرەی پایتەخت، سەرۆكی (6) پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كۆبونەوە، كە بریتی بوون لە: • كەمال كلیچدار ئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی • خاتو میراڵ ئەكشنەر: سەرۆكی پارتی (چاك) • تەمەل كەرەمۆلاغڵۆ: سەرۆكی پارتی سەعادە • عەلی باباجان: سەرۆكی پارتی چارەسەر • ئەحمەد داودئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی ئایندە • گۆڵتكین یوساڵ: سەرۆكی پارتی دیموكراتی دوای كۆبونەوەكە، ئەم سەركردانەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی توركیایان خستە ئەستۆی سیستمی "سەرۆكایەتی"، رایانگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو بن، ئەوان سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكەنەوە بە "پەرلەمانیی". سیستمی پەرلەمانی لە توركیا، ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا هەڵوەشێندرایەوە كە ئەردۆغان رێكیخستبوو، دوای ئەم راپرسییە لە ساڵی 2018وە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەم سیستمە نوێیەی حوكمڕانییەوە، رەجەب تەیب ئەدرۆغانی سەرۆكی وڵات دەسەڵاتەكانی بەهێزتر بوو، هەندێك دەسەڵاتی لە پەرلەمان وەرگرتەوە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، كوردو بە دیاریكراوی پارتی (دیموكراتی گەلان- هەدەپە)یان بانگهێشتی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە سەرەڕمی روبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان لە ساڵانی رابردوو دۆزی كوردو هەدەپە بووە، رەنگە بانگهێشت نەكردنی هەدەپە بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە لە روویەكیدا پەیوەندی بە ترسی ئەم لایەنانەوە هەبێت لە كاردانەوەی ئەردۆغان لە حاڵی بەشداربوونی هەدەپەدا، بەتایبەتیش كە ئەردۆغان زۆرینەی سەركردەكانی ئەم پارتە كوردییەی سزاداوەو روبەڕووی زیندانی كردونەتەوە. ئەم شەش لایەنە لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەیاندا، باسیان لە تێڕوانینی خۆیان بۆ چۆنیەتی چارەسەری دۆزی كورد نەكرد، بەڵام دەڵێن دەیانەوێت سیستمێكی بەهێزی "لیبڕاڵو دیموكراتو دادپەروەر" دروست بكەن كە تێیدا دەسەڵاتەكان لە یەكتر جیابكرێنەوەو شەفاف بێتو ملكەچ بێت بۆ دادگا. كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی ئەم لایەنە سیاسییانەی توركیای كۆكردوەتەوە، كلیچدارئۆغلۆ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بەنیازم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، خۆم لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندید بكەم. هاوپەیمانیو قەیرانی ئابوری ! ئێستا كە دۆخی ئابوری توركیا قۆناغێكی نوێی داكشان بەخۆوە دەبینێتو نرخی كاڵا بەشێوەیەكی بێ پێشینە بەرزبوەتەوە، سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت لەرێگەی هاوپەیمانێتییەكی نوێوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گورزی خۆیان بوەشێننو كۆتایی لە دوو دەیە لە دەسەڵاتی رەهای ئەردۆغانو پارتی دادو گەشەپێدان بهێنن. هەفتەی رابردوو، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (فایننشال تایمز)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، نوسەر (دڤید گاردنەر) نوسیبووی" لەوكاتەوە كە لە توركیا دیموكراتیەتی پەرلەمانی گۆڕدراوە بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی هاوشێوەی ئەوەی روسیا، دەسەڵاتی ئەردۆغان بێ سنورە، بەڵام پەساندنی حوكمی تاكە كەسێك، وایلێكرد هەڵەی شێتانە بكات، ئەمەش دوای ئەوەی دەستبەرداری هەموو كەسە دامەزرێنەرەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بوو هەروەها هەموو ئەو كەسانەی وەلانا كە شارەزای ئابوری بوون، هیچ كەسێكی بە دەورەوە نەماوە كە بتوانێت رەخنە لە دەسەڵات بگرێت". نوسەر باسی لەوەكردووە، ئەردۆغان گەیشتوەتە دۆخێك كە توانای نییە پاشەكشێ لە سیاسەتە وێرانكەرە ئابورییەكانی بكات، بەتایبەتیش كە باوەەڕ وایە بەرزكردنەوەی نرخی سود دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان نەك كەمكردنەوەی.
(درەو): "ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا چی لە ئۆكرانیا دەوێت ؟" ئەمە پرسیاری رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیایە. رۆژنامەكە باسلەوە دەكات، سەرباری ئەوەی وتەبێژە فەرمییەكانی روسیا رۆژانە رەتیدەكەنەوە مۆسكۆ هیچ نیازێكی هەبێت بۆ هێرشكردن بۆسەر ئۆكرانیاو پۆتن-یش هەمان قسەی لای ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنساو بە تەلەفۆنیش لەگەڵ بایدن كردووە، بەڵام ئەم رەتكردنەوەیە دوو كێشەی تێدایە: یەكەم: كەمینەیەك لە حكومەتەكانی خۆرئاوا باوەڕ بەم قسەیەی روسیا دەكەن. دووەم: پۆتن روونی نەكردووەتەوە ئەگەر بەنیازی شەڕ نییە، بۆچی زیاتر لەنیوەی هێزە چەكدارەكانی روسیا (زیاتر لە 130 هەزار) سەربازی لەسەر سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە ؟. بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت سەرەتا وەڵامی ئەم پرسیارانەی تر بدرێتەوە. چی شتێك بۆتن دەجوڵێنێت ؟ چەندین تێگەیشتن هەیە، هەندێكیان دەڵێن پۆتن دەیەوێت سەرلەنوێ بازنەی هەژمونی روسیا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا دابڕێژێتەوە، بەتایبەتیش لە كۆمارەكانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت لەوانە (ئستوانیا، لاتیڤیا، بیلاروسیا، جۆرجیا، لیتوانیا، ئۆكرانیا). وەكو رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ" لەدوای كەوتنی یەكێتی سۆڤیەتەوە، پۆتین داخی زۆری بۆ لەدەستدانی ئەم وڵاتانە هەڵڕشتووە". سەرباری ئەوەی بەگوێرەی هەموو پێوەرەكان (ئەمباری چەكە ئەتۆمییەكانو لایەنی جوگرافی)، روسیا لەڕووی هێزەوە توانایەكی مامناوەندو تاڕادەیەكیش شكستیخواردووە، بەڵام پۆتن دەیەوێت بە وڵاتانی خۆرئاواو روسەكانیشی نیشان بدات كە هێشتا روسیا زلهێزە. بۆچی ئۆكرانیا ؟ پۆتن دەترسێت، ئۆكرانیا كە لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگەو زاڵە بەسەر كەناری باشوری خۆرئاوای روسیادا، زیاتر لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا تێكەڵ ببێت، بۆیە دژی نزیكبونەوەی ئۆكرانیایە لە (ناتۆ)، هەروەك دژی بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی (كییڤ)ە لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا. لەڕوانگەی پۆتن-ەوە، خراپتر لەمەش ئەوەیە، ئۆكرانیایەكی دیموكرات دروست ببێت كە رێز لە ئازادی رادەربڕینو رۆژنامەگەریی بگرێتو لەبەرامبەردا روسەكان ئەم ئازادییەیان نەبێت، ئەمەش لە كۆتایدا وا دەكات پۆتن تاوەكو سەر لە دەسەڵاتەكەیدا نەمێنێتەوە. ئاخهەڵكێشان بۆ رابردوو بەشێكی ترە لە بیروبۆچوونی پۆتن، كە پێیوایە ئۆكرانیا بەشێكی جیانەكراوەی مێژوویی روسیایەو لەدەستدانی لە جەنگی سارددا، شكست بوو بۆ روسیا. بۆچی لەم كاتەدا ؟ پۆتن هەست دەكات وڵاتانی خۆرئاوا لاوازتر بوون، بەتایبەتیش دوای بێدەسەڵاتبوونی پەیمانی (ناتۆ) لە ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان، پێیوایە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا هەڵمەتی كۆتایهێنانی جەنگەكانی راگەیاندووەو هیچ ئاماژەیەك بۆ تێوەگلانی ئەمریكا لە جەنگێكی نوێدا بوونی نییە. پۆتن تێبینی ئەوەی كردووە، سەرەنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاو توانا سەربازییەكانی تەرخانكراوە بۆ چین، نەك ئەوروپا. لەسەر ئاستی ناوخۆییش، پۆتن دەیەوێت سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیو چاوپۆشیكردن لە بڵاوبونەوەی گەندەڵیو بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو بارە نالەبارەی كە روسەكان بەهۆی سزاكانی خۆرئاواوە دووچاری بوون (ئەو سزایانەی كە لە دوای هێرشی یەكەمی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا لە 2014وە بەسەر روسیادا سەپێندراون). پۆتین چی دەوێت ؟ بۆ ئەوەی كۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، پۆتن دەیەوێت خۆرئاوا بەڵێنی پێبدەن ئۆكرانیا یاخود (جۆرجیاو مۆڵدۆڤا) بۆ هەتا هەتایە وەكو ئەندام لە پەیمانی (ناتۆ) وەرناگرن. هەروەها دەیەوێت پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەو وڵاتانە بكشێنەوە كە ئەو ناوی لێناون هێڵی (روبەڕووبونەوە) كە بریتین لە (پۆڵەندا، رۆمانیا، بولگاریا)، ئەم وڵاتانە پێشتر لەناو پەیمانی لەناوچووی (وارسۆ)دا بوون. هەروەك دەیەوێت، ئۆكرانیا قایل ببێت بە سەپاندنی ئۆتۆنۆمی لە ناوچەی (دونباس)و دەستهەڵگرتن لە داواكارییەكانی بۆ گەڕاندنەوەی دورگەی (كریمیا) ئەمەش وەكو بەشێك لەوەی كە ناوی لێناوە "رێككەوتنەكانی مینسك"، پۆتن دەیەوێت پرۆسەی بڵاوبونەوەی موشەكە مامناوەندەكانی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵاتو باشوری ئەوروپا رابگرێت یاخود سنوردار بكات. بەڵام دیارترین خواستنی پۆتن لە قەیرانی ئۆكرانیادا بریتییە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی "ژێرخانی ئەمنی" ئەوروپا، بۆ جۆرێك هەژموونی روسیای تێدا فەراهەم كرابێتو بازنەی جیۆسیاسی خۆی بەرفراوان بكات. وەڵامی ئەمریكا بۆ زۆرینەی ئەم پرسیارانە (نەخێر) بووە، بۆیە قەیرانەكە تەقیوەتەوە.
(درەو): روسیا سیناریۆی سوریا دووبارە دەكاتەوە، خاكی ئۆكرانیا داگیر ناكات، لەسەر سنورەوە ئاگرباران دەكاتو ئەمباری چەكی ئۆكرانیا لەناو دەبات، ئاژاوەی سیاسی لە ئۆكرانیا دروست دەكات، پێشبینییەكان بەمشێوەیەن. قسەكانی پێشووی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی ئەگەری چونەناوەوەی روسیا بۆ ناو خاكی سوریا ئەگەرێكی دوورە، دەریدەخات رەنگە ئەمریكا لە بەكەمگرتنی مۆسكۆدا لە قەیرانی ئۆكرانیا، سەرلەنوێ بكەوێتە هەڵەوە. سایتی (ناشۆناڵ ئنترێس) دەڵێ" ئەمریكا بەر لە چەند ساڵێك بەدووری دەزانی روسیا بچێتە ناو خاكی سوریاوە، ئەمە هەڵە دەرچوو، هێزەكانی روسیاو فڕۆكە جەنگییەكانی چونە ناو دڵی قەیرانی سوریاوە". سایتەكە باسلەوە دەكات، هەندێك وانە هەن كە دەبێت ئەمریكا سودیان لێ ببینێت، ئەمەش لەڕێگەی چاوحشاندنەوە بە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەمە هەندێك ئاماژە لەبارەی قەیرانی ئێستای روسیاو ئۆكرانیا بەدەستەوە دەدات". چوار وانە لە سوریاوە یەكەم: دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، لەبری جەخت خستنەسەر گەڕاندنەوەی خاك بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەد، بەشێوەیەكی سەرەكی چڕبووەوە لە وێرانكردنی توانای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی سوریا. ساڵی 2015 كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانایان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دیمەشق زیاتر بوو بۆ لادانی ئەسەد لە دەسەڵات، كرملین بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو ململانێكانی سوریا، ئەمەش لەرێگەی بەكارهێنانی هێزی ئاسمانیو گورزی موشەكیی، لەمەشدا تیمی سەربازی روسیا كاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرد. دووەم: سوربوونی روسەكان لەسەر بەجهێشتنی " كەمترین شوێن پێ" لەسەر خاكی سوریا، ئەمەش لەو رێگەی سەرەنج ناخەنە سەر داگیركردنی خاكو بەرپرسیارێتی حوكمڕانی لە سوریا ناگرنە ئەستۆ. تەنانەت روسەكان لە چەندین حاڵەتدا نێوەندگیرییان كرد بۆ راگرتنی شەڕو هێشتنەوەی ناوچە گرنگەكان لە دەستی خاوەنەكانیاندا، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا حكومەت كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری خاكی سوریا بكاتو پاشان سەرلەنوێ هەژموون بۆ حكومەتی دیمەشق بگەڕێندرێتەوە. سێیەم: هەر كاتێك پێویست بە هێزی زەمینی بوبێت، روسەكان پەنایان بۆ كۆمپانیای سەربازی تایبەت یاخود هێزی سەربازی نارێكخراو بردووە، ئەمە وایكرد سەربازانی روسیا لە سوریا كەمتر بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەربكەونو زیانی گیانیشیان كەم بێت. دواجار لەرێگەی وەشاندنی موشەكی (كالیبر كروز) لە گەشتیگەلی دەریای قەزوینەوە، روسەكان توانای خۆیان لە وەشاندنی گورزی كوشندە نیشاندا لەو بنكانەوە كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە. بەكارهێنانی ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای قەزویندان، ئەو پەیامەی گەیاند كە توانا سەرەكییەكانی روسیا پێویستیان بەوە نییە ببرێنە ناوچەكانی ململانێوەو روبەڕووی مەترسی بكرێنەوە. ستراتیژیەتێكی پتەو لە ئۆكرانیا هەڵمەتی سەربازی روسیا لە سوریا ئاماژەی ئەوەمان پێدەدات ئەگەر روسیا بڕیار بدات هێزی سەربازی دژی ئۆكرانیا بەكاربهێنێت، ئەوان پەنا بۆ وەشاندنی گورزی دوور مەودا دەبات بۆ وێرانكردنی جبەخانەی ئۆكرانیا، بەتایبەتیش ئەمباری فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانیو هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییە رێكخراوەكانی. حاڵەتی سوریا ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە روسەكان تا بۆیان بكرێت خۆیان بەدوور دەگرن لە پەڕینەوە لە سنورو لەسەر هێڵی سنورەوە ئاگری خۆیان دەوەشێنن. ژماری هێزی تایبەتی ئۆكرانیا بۆ جەنگو بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی دژی تانكو زرێپۆشەكانی روسیا، كاراییان نابێت ئەگەر روسیا هاوشێوەی هێرشەكەی بۆسەر سوریا، هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیاش. لەكاتێكدا هەندێك پێشبینی دەكەن، روسیا هەڵمەتی زەمینی ئەنجام بدات بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا، دەستەی گشتی ئەركانی سوپای روسیا پلان دادەنێت بۆ وێرانكردنی تواناو لاوازكردنی رۆحی مەعنەوی سوپای ئۆكرانیاو دروستكردنی دۆخی ئاژاوەی سیاسی لەو وڵاتە. ئەمریكا گریمانەی كردبوو روسیا "ترس"ی هەیە لە سەرچڵیكردنو رۆیشتن بۆ سوریا، ئەم هەڵەیەی ئەمریكا دەكرێت لە ئێستا لە ئۆكرانیاش دووبارە ببێتەوە.
