بارزانی بەڵێنی چی بە وەفدی یەكێتیدا؟
2019-03-03 20:26:52
راپۆرتی: درەو میدیا
وەڵامەكانی بارزانی لە ئاستی چاوەڕەوانی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەبوو، كە ئەمڕۆ لە پیرمام لەگەڵی كۆبونەوە، مەسعود بارزانی بەغدای بە نیوەناچڵ چارەسەركردوو پرسی كەركوكیشی هەڵپەسارد، چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پێنەبوو.
بە پێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، مەسعود بارزانی هیچ پرسێكی بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی یەكلا نەكردوەتەوە، تەنها لەسەر هێوركردنەوەی راگەیاندن و گرژییەكانی نێوانیان رێکكەوتوون.
بارزانی چی بۆ یەكێتی پێبووە؟
بڕیار بوو ئەمڕۆ وەفدی یەكێتی و پارتی كۆببنەوەو دواتر پێكەوە بچنە لای مەسعود بارزانی، بەڵام بەهۆی سوربوونی یەكێتی لەسەر داواكانی خۆی و نەبوونی چارەسەری بەدیل لەلایەن پارتیەوە، كۆبونەوەكە نەكراوەو دواجار وەفدی باڵای یەكێتی چونەتە لای مەسعود بارزانی لە پیرمام، بارزانی لە گفتوگۆو لێدوانەكانیدا خۆی وەكو مەرجەعێك پیشانداوەو لە هەندێك لە لێدوانەكانیدا بێلایەنانە قسەیکردووە.
ئەوەی هەردوولا لەسەری كۆك بوون، هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو رێگەگرتن لە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی یەكتر بۆ ئەوەی كەشوهەوایەكی گونجاو بڕەخسینن بۆ رێكکەوتنی نێوان هەردوولا، بەڵام لەسەر بەشێك لە پرسەكان هەڵوێستیان جیاواز بووە.
پرسی وەزارەتی دادی عێراق
لەسەر پرسی پێدانی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە وەفدەكەی یەكێتی داوە كە ئەتوانن كاندیدی خۆیان بدەنە عادل عەبدولمەهدی و ئەوان هیچ لاریەكیان نیە و كاندیدیان نابێت و پشتیوانیشی ناكەن، پێشی وتوون كە ئەو وەزارەتە هیچ سودێكی بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، بۆیە نابێت ببێتە كێشە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی.
پرسی سەرۆك كۆمار
لە پرسی مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق ( بەرهەم ساڵح) مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێشی راگەیاندوون كە پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەكەنەوەو وەك یەكەم هەنگاویش هۆشیار زێباریان ناردووە بۆ كۆبونەوە لە سەرۆكایەتی كۆمار، كە ئەمەش سەرەتای ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، لە سەرۆكایەتی كۆماریش هۆشیار زێباری بۆ ماوەی 20 خولەك لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوەتەوەو پەیامی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتی پێگەیاندووە.
پرسی كەركوك
لەسەر پرسی كەركوك، مەسعود بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە " ناكرێت بە بێ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك پارێزگار هەڵبژێردرێت، چونكە بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەگەر پارێزگار كوردیش بێت دەسەڵاتی ئەوتۆی نابێت"، لەگەڵ ئەوەی وەفدی یەكێتی سوربوونی سەركردایەتی حزبەكەیان راگەیاندووە لەسەر ئەوەی كە دەبێت پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت و بۆ یەكێتیش بێت، هەروەها پارتی پێشنیازێكی نوێی خستوەتە بەردەم یەكێتی بۆ كەركوك، ئەویش پێدانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە بە یەكێتی لەبەرامبەر دواخستنی پرسی پارێزگاری كەركوك، هەرچەندە رەنگە ئەم پێشنیازە بۆ یەكێتی خراپ نەبێت و باڵەكانی یەكێتی لەسەری بوەستن، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی تا ئێستاش سورن لەسەر ئەوەی كە پارتی بە نوسراو گرەنتی پارێزگاری كەركوك بدات بە یەكێتی، چونكە یەكێتی پێی وایە تاكە دەستكەوتی لەم حكومەتە تەنها بەدەستهێنانی پارێزگاری كەركوكە، پارتیش سەرەرای بیانوی نائارامی كەركوك، گومانیشی لە فراوانبوونی دەسەڵاتی یەكێتی هەیە لە حاڵەتی گرتنە دەستی پارێزگاری كەركوك.
رەنگە كەركوك بۆیەكێتی خۆیشی سەرئێشەو ناكۆكی بەداودا بێت بەتایبەتی لە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك كە ئێستا هەرباڵەی ناو یەكێتی كاندیدی نوێ پێشكەشدەكەن.
پۆستەكانی هەرێم
بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی پێیان وایە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیچ گرنگیەكی نەماوە بۆ یەكێتی و پێویستە لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمان پۆستی دیكە وەربگرن، بەتایبەت پۆستی سیادی، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری سەرۆكی هەرێم دەكات، هەرچەندە پارتی بە بەرپرسانی یەكێتیان راگەیاندووە جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی رێكکەوتن دراوە بە گۆڕان و پاشەكشەی لێناكەن، بەڵام رەنگە لە حاڵەتی رازی بوونی یەكێتی بە چونی بۆناو حكومەت پۆستەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە یەكێتی داوای دوو ئەوەندەی ئەو پۆستانە دەكات كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، ( چوار وەزارەت و چوار بریكار و جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی و دەیان بەرێوەبەر و راوێژكار) .
كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە؟
بڕیارە سبەی دووشەممە وەفدی یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆببنەوە، ئەگەرچی باس لە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە دەكرێت، بەڵام رەنگە ئەو كۆبونەوەیە درێژە بكێشێت بۆ چەند كۆبونەوەیەكی دیكە، چونكە كۆبونەوەكەی بارزانی و وەفدی یەكێتی كێشەكانی بەتەواوی ( حەسم )نەكرد، ئێستا لەبەردەم كۆبونەوەی سبەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی چەن پرسێك ئامادەیە بۆ یەكلاكردنەوە لەوانە:
• پرسی بارودۆخی كەركوك و یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك
• پرسی هاوبەشی راستەقینەی یەكێتی لە حكومەت
• پرسی بەركەوتەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان
• پرسی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم
• پرسی بەغداو سەرۆك كۆمار
• پرسی میكانزمی رێكکەوتنی سیاسی نێوان هەردولا
بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەردوولا بگەنە رێكکەوتن و چارەسەری مامناوەند بۆ پرسەكان بدۆزنەوە، چونكە هەردوولا ماندووبون لەوەی ناتوانن یەكتری بخەن و ناشتوانن بەبێ یەك حكومەت پێكبهێنن و سەرەرای فشاری نێودەوڵەتی ( ئیران – ئەمریكا) لەسەر هەرێم بۆ رێكکەوتن، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی نێوان هەردوولاش زۆر لەوە زیاترن كە لێكبترازێن.