Draw Media

پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات

پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات

2019-02-26 12:28:14


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسول
پارتی دیموكراتی كوردستان دڵی پەرلەمانی كوردستانی (لیژنەی یاسایی) داگیركرد، چیتر پارتی ناچارنییە بۆ رێگرتن لە تێپەڕبوونی پرۆژەیاساكان، دەرگای پەرلەمان دابخات‌و رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بكات بۆ هەولێر.
پارتی بەبێ ئامادەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەناو پەرلەمانەوە هەنگاوێكی تری نا‌و دڵی پەرلەمانی كە (لیژنەی یاسایی)ە هەڵبژارد.
لیژنەی یاسایی لیژنەیەكی هەمیشەییە‌و هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە دەچنە ناو پەرلەمانەوە لە یەكەم وێستگەدا لە لیژنەی یاسایی لەنگەر دەگرن، بڕیاری كۆتایی لەبارەی لەبارەی پرۆژە یاساكانەوە دواجار لەدەستی لیژنەی یاساییدایە‌.
ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی لەو لیژنەیەدا هەبێت، جڵەوی بڕیارو پرۆژە یاساكانی لەناو پەرلەماندا بەدەستەوە دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان:" لیژنە هەمیشەییەكان، لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێن كە نابێت لە (5) ئەندام كەمترو لە (11) ئەندام زیاتر بن، كە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكەن، بەپێی رێژەی نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان".

لیژنەكە چۆن هەڵبژێردرا ؟
لەسەر بنەمای ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەندامانی لیژنەی یاسایی هەڵبژارد‌و بەپێی رێككەوتنێكی نێوان فراكسیۆنەكان‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەر (10) كورسی پەرلەمان، یەك نوێنەر بۆ فراكسیۆنەكان لەناو لیژنەی یاسایی دانرا.
بەپێی ئەو پێوەرە، كورسییەكانی لیژنەی یاسایی بەمشێوەیە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكران:
•    پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی ( سۆسیالیست) كە خاوەنی (46) كورسییە لە پەرلەمان، (4) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسییەك ئەندامێكی لیژنەكەی بردوو و سەرباری ئەوەش (6) كورسی لێ ماوەتەوە.
•    یەكێتی كە (21) كورسی لەناو پەرلەماندا هەیە، (2) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسی، یەك ئەندام، سەرەڕای ئەوەش كورسییەكی زیادەی مایەوە.
•    بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسی پەرلەمانی هەیە، (1) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت‌و (2) كورسی زیادەشی لێمایەوە.
•    بەپێی بڕگە یاساییەكە، كە بۆ هەر (10) كورسی لە پەرلەمان، (1) ئەندام لە لیژنەی یاسایی دیاریكراوە، پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە لە كۆی (11) ئەندام، (7) ئەندامی لیژنەی یاساییان پڕكردەوە.
•    دواتر بۆ پڕكردنەوەی ئەو (4) ئەندامەی تری لیژنەكە، پەنا برا بۆ شێوازی (باقی الاقوی- ماوەی بەهێز).
•    بەهێزترین ماوەی بەهێز، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمان، نەوەی نوێ (1) ئەندامی لە لیژنەی یاسایی پێدرا.
•    دوای نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی دووەم ماوەی بەهێز بوو، كۆمەڵ خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمان، كۆمەڵیش ئەندامێكی لە لیژنەی یاسایی بەركەوت.
•    لەدوای كۆمەڵی ئیسلامی، مەسیحی‌و ئەرمەنەكان بەهێزترین ماوەی بەهێز بوون، كە خاوەنی (6) كورسی كۆتاكانن، ئەوانیش ئەندامێكی لیژنەی یاساییان برد.
•    یەك ئەندامی پڕنەكراوە لە لیژنەی یاسایی مایەوە، ماوەی بەهێز یەكسان بوو لەنێوان (6) كورسی پارتی، (5 كورسی) یەكگرتووی ئیسلامی، (5) كورسی توركمانەكان،  بۆیە كورسیەكەی تر بۆ پارتی بوو واتا پارتی ئەمڕۆ كورسیەكەی مسۆگەركرد كە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆسیالیست بۆ بێبەشكردنی یەكگرتوو بوو بۆیە كورسیەكەی مسۆگەر كردوو بەخشیە پێكهاتەی توركمان .

ئەندامانی لیژنەی یاسایی
لیژنەی یاسایی لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لەم كەسانە پێكهاتوون: 
1-    ئەرشەد حسێن (پارتی)
2-    بژار خالد (پارتی)
3-    خەدیجە عومەر (پارتی)
4-    عەبدولسەلام عەبدوڵا (پارتی)
5-    ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە)
6-    ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە)
7-    جەلال محەمەد (بزوتنەوەی گۆڕان)
8-    كاوە عەبدولقادر (نەوەی نوێ)
9-    روپاك ئەحمەد (كۆمەڵی ئیسلامی)
10-    رۆمیۆ هەكاریی (مەسیحی‌و ئەرمەنەكان)
11-    سارا دڵشاد (توركمانەكان)

پارتی مێژوو دوبارەناكاتەوە
پارتی ئەمڕۆ كۆتایی بە بابەتێك هێنا كە خولی رابردوو بەرۆكی گرتبوو، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی لە لیژنەی یاسایی (3) ئەندامی هەبوو، سەرۆكی لیژنەكە (ڤەلا فەرید) بوو لە فراكسیۆنی پارتی، مەسیحی‌و توركمانەكان بەهەمان شێوەی ئێستا (2) نوێنەریان لە لیژنەكەدا هەبوو، واتە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لە لیژنەی یاسایدا (5) كەسیان هەبوو.
لەبەرامبەردا بەرەی بەرامبەر بە پارتی كە پێكهاتبوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكێتی، یەكگرتوو- كۆمەڵ) بەهەمویانەوە (6) نوێنەریان لە لیژنەی یاسایدا هەبوو، واتە بەرەی نەیاری پارتی، زۆرینە بوون لە لیژنەی یاساییدا، ئەم زۆرینەیە لە پرسی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمدا گورزی كوشندەی لە پارتیدا، پارتی نەیتوانی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە لیژنەی یاسایی راگرێت‌و یاساكە گەیشتە ناو هۆڵی پەرلەمان، پارتی كە نەیتوانی لە هۆڵی پەرلەمان رێگری لە تێپەڕبوونی یاساكە بكات، ناچار پەرلەمانی كوردستانی پەكخست‌و رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر.

پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات
لەم خولەدا پارتی جارێكی تر دوچاری ئەو قەیرانە نابێتەوە، كە لە خولی پێشوودا رووبەڕووی بوەوە، واتە لەم خولەدا چیتر پارتی ناچارنابێت دەرگای پەرلەمان دابخات‌و هەر لە رێگەی لیژنەی یاساییەوە پەردە بەسەر هەر پرۆژە یاسایەكدا دەدا كە دژی خواستەكانی بێت.
خولی پێشووی پەرلەمان، لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكە، بەپێچەوانەی خولی پێشووەوە كە (10) ئەندام پەرلەمان پێكەوە دەیانتوانی پرۆژە یاسایەك بخەنە ناو پەرلەمانەوە، لەم خولەدا هەر پرۆژە یاسایەك ببرێتە ناو پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی‌و لیژنەی یاسایی دەتوانن رایگرن، یاخود بە یەكجاری رەتیبكەنەوە.
سەرەڕای ئەمە، ئێستا پارتی لە لیژنەی یاسایی بەتەنیا خۆی (4) ئەندامی هەیە‌و دەنگی (2) ئەندامی تری مەسیحی‌و توركمانەكانی زامنكردووە، واتە دەنگی زۆرینەی لە لیژنەی یاسایی لەگەڵدایە. هاوكات سەرۆكی لیژنەی یاساییش هەر لای پارتی دەبێت‌و ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەسەڵاتی دیاریكردنی كۆبونەوەی لیژنە‌و بانگهێشتكردنی ئەندامانی لیژنەی هەیە‌و ئەگەر لەسەر بابەتێك لە لیژنەی یاسایی، دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێت كە دەنگی سەرۆكی لیژنەی لەگەڵدایە.  

پارتی چی لە لیژنەی یاسایی دەوێت ؟
یەكەمین كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیژنەی یاسایی، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمە، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، پێویستییەكی ژیارییە‌و خاڵی پارسەنگە بۆ راگرتنی كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی كوڕی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و كۆتایی بە (18) ساڵ تەمەنی نێچیرڤانی بارزانی برازای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، مەسعود بارزانی بۆ راگرتنی بنەماڵەكەی بە یەكگرتوویی، دەبێت هاوكات لەگەڵ جێگیركردنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت، برازاكەشی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، كورسییەك كە لە خولی پێشوودا بوو بە كێشە بۆ بارزانی باوك‌و بەهۆیەوە دەرگای پەرلەمانی كوردستانیش داخرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand