یەكێتی هەڤاڵ ئەبوبەكر لادەبات ؟
2019-03-02 15:48:56
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
"كێشەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كۆتایی نایەت" ئەمە ناونیشانی قەیرانێكی نوێیە لە دۆخی سیاسی زۆنی سەوزو نیللیدا، ماوەیەكە لەناو یەكێتی قسەوباس دەكرێت لەبارەی سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێ" هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو یەكێتییەك مامەڵە دەكاتو سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات".
لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، بزوتنەوەی گۆڕان دووجار رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزا كردووە:
• رێككەوتنی یەكەم: رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە لە 12/11/2014 ئیمزاكرا.
• رێككەوتنی دووەم: رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" كە لە 17/5/2016 ئیمزاكرا.
رێككەوتنی دووەمی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" تەنیا یەك خاڵی لێ جێبەجێكرا، ئەو خاڵەش بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە بوو بۆ رایگشتی، رۆژی 20/12/2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد.
لەدوای هەڵپەساردنی "رێككەوتنی دەباشان"، ئێستا تەنیا یەك رێككەوتن ماوە لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا، ئەویش رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییە لە سلێمانیو هەڵەبجە.
ئەم رێككەوتنەش بەپێی ئەوەی لە دەقی نوسراوی رێككەوتنەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، رۆژی 30/4/2018 كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵێكە وادەی كاركردن بەم رێككەوتنە بەسەرچووەو هەردوو لایەن رێككەوتنەكەیان هەموارنەكردوەتەوە.
یەكێتی پارێزگار دەگۆڕێت ؟
لەدوای ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە رۆژی 18ی شوبات بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزایان كرد، لەناو سەركردایەتی یەكێتی دەنگێك بەرزبوەتەوەو داوادەكات پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتایبەتی پۆستی پارێزگار لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگیرێتەوە.
ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، ئاماژە بە رێككەوتنەكەی تشرینی دووەمی 2014ی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیو هەڵەبجە دەكەن كە لەنێوان گۆڕانو یەكێتیدا ئیمزا كرا.
بەپێی ئەو رێككەوتنە، دوو ساڵ بە دووساڵەكەی یەكێتیو گۆڕان كۆتایی هاتووە، چونكە بە دەق لە رێككەوتنەكەدا نوسراوە، دوو ساڵی دووەمی پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجە لە رۆژی 30/4/2018 كۆتایی دێت.
یاسا یان رێككەوتن ؟
ئەوانەی لە ناو یەكێتیدا داوای سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، پشتئەستور بە دەقی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتیو گۆڕان قسە دەكەن، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنە وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی ساڵێكە كۆتایی هاتووە.
بەڵام لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەیاسا دەیەوێت هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستەكەیدا بهێڵێتەوە تائەوكاتەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت.
ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" حكومەتی خۆجێی بەپێی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، رێككەوتنە سیاسییەكە تەنیا بناغەی كارەكە بووە".
بەگوێرەی ماددەی (بیستو یەك) لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگانی هەرێمی كوردستان" پارێزگارو هەردوو جێگرەكەی بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە دوای تەواوبوونی ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێ لەدوای ئەوان كەسانی تر هەڵدەبژێرن".
ئەمە ئەو ماددە یاساییەیە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر بەهۆیەوە دەیەوێت لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاخۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت یاخود نا.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كاركردن بە ئەنجومەنی پارێزگاكان رابگیرێتو لەبری ئەو، ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارابكرێنەوە.
"هەڤاڵ ئەبوبەكر سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات"
پێناچێت یەكێتی نیشتمانی جددی بێت لە لابردنی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) كە قسەی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕاندا كردووە، یەكێتی تەنیا وەكو كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رێككەوتنەكەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، پرسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی هێناوەتەپێشەوە، ئەگەرنا جدی نییە لە هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رێكەوت زەكی, ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی تەواوبووە، یەكێتی فایلی پارێزگاری ئامادەكردووە، دواكەوتنی گۆڕینی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی خۆیدا لەبەر دوو هۆكار بوو، هۆكاری یەكەم ئەوەبووە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نزیك بووە لە یەكێتیو سیاسەتەكانی یەكێتی جێبەجێكردووەو وەكو یەكێتییەك مامەڵەی كردووە، هۆكاری دووەمیش ئەوە بوو، ئەوكات كە وادەكەی تەواوبووە، هەرێمی كوردستان لەناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بووە، ئەگەرنا ئەو فایلە لای یەكێتی هەر كراوە بووە".
رێكەوت زەكی ئاماژەی بەوەكرد" راستە هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی دوو هەڵبژاردنی دوایی یەكێتی دەنگی زۆرینەی لە سلێمانی هەیەو پۆستی پارێزگار مافی یەكێتییە، ئەو كەسەی لەو شوێنەدایە دەبێت یان یەكێتی بێت یان وەكو یەكێتی مامەڵە بكات".
لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا، یەكێتی نیشتمانی لە سلێمانی كەمپەینێكی توندی لەدژی هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار كرد، یەكێتی لە شەقامەكانی سلێمانی پۆستەری گەورە هەڵواسیبوو، هەڤاڵ ئەبوبەكری وەكو "كۆنە بەعسیو هەڵەوەڕ" ناوبرد، بەهۆی كەمپەینە توندەكەی یەكێتییەوە، رێژەی دەنگەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڵكشا.
بەپێی بەدواداچوونەكانی " درەومیدیا" هەڤاڵ ئەبوبەكر دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، خۆی لە كاری حزبی بەدوورگرتووەو بەشداری هیچ كەمپەینێكی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانی نەكردو لەكاتی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە، رۆژانە بەرپرسە حزبەییەكانی یەكێتی سەردانی دەكەنو لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان و چەند پێشێلكارییەكی ئەمنی هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نەبوو كە خۆی سەرپەرشتی لیژنەی ئەمنیی "ئارامی" سلێمانی دەكات.
پۆستی" لەبری پارێزگار"
رۆژی 9ی ئابی 2016 بەگوێرەی رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ماوەی دوو ساڵەكەی یەكێتی (ئاسۆ فەرەیدون) لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان لەوكاتەدا لە لوتكەی ململانێی سیاسیدا بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕان ئامادە نەبوو، مەسعود بارزانی مەرسوم بۆ دانانی پارێزگارەكەی لە سلێمانی (هەڤاڵ ئەبوبەكر) دەربكات، بۆ خۆدەربازكردن لە مەرسومەكەی بارزانی، گۆڕانو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەردار قادر كە ئەوكات جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو لەسەر پشكی گۆڕان، بەناونیشانی "لەبری پارێزگار" كاروبارەكان بەڕێوەببات تا ئەوكاتەی كێشەی نێوان گۆڕانو پارتی چارەسەردەبێت.
بەڵام مانەوەی سەردار قادر لە پۆستی "لەبری پارێزگار"دا زۆری نەخایاند، رۆژی 2ی ئازاری 2017 سەردار قادر دەستیلەكاركێشایەوە، بە پاساوی ئەوەی "ناتوانێت لەو پۆستەدا خزمەتی هاوڵاتیان بكات".
لەبەردەم نێچیرڤان بارزانیدا سوێندی خوارد
بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە قایل نەبوو بەوەی پارێزگارەكەی لە سلێمانی بەپێی یاسا لەبەردەم مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام دواتر رازی بوو بەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتیدا سوێند بخوات.
دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29/10/2017دا، بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، دەسەڵاتی سوێندخواردنی پارێزگارەكان لەبەردەم سەرۆكی هەرێم، گوازرایەوە بۆسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت، رۆژی 5/12/2017 هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ كە هەردووكیان سەربە پارتی بوون، سوێندی یاسایی خواردو وەكو پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو.
پارێزگارێكی سەربە كێشە
هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014دا زیاتر لە (240 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا، ماوەی ساڵێكەو سێ مانگە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدایە، پاشماوەی دوو ساڵەكەی سەردار قادر تەواویكردووە كە لە "بری پارێزگا" دانرا.
لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگار یەكێك لە قەیرانە سەرەكییەكانی زۆنی سەوزو نیلی بوو، چاوەڕوانییەكان بۆ دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەو پۆستە زۆر گەورە بوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربونیدا دەنگدەرەكانی بێئومێد كرد، ئەو سەرباری ئەوەی تائێستا نەیتوانیوە هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لە سنورەكەیدا جێبەجێ بكات، هاوكات ناوبەناو بە لێدوانەكانی خەڵكو دەنگدەرەكانی توڕە كردووە.
لە وتەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر
هەڤاڵ ئەبوبەكر دەرچووی بەشی زمانی كوردییەو هاوكات مامۆستای راگەیاندنیش بووە، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەدەبیاتدا هەیە، لە یاریكردن بە وشەو رستەكاندا توانایەكی گەورەی هەیە.
لەماوەی رابردوودا قسەكانی ئەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە.
لە دیاترین ئەو قسانەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لەماوەی رابردوودا كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە ئەمانەن:
• بۆ چارەسەری كێشەی سوتەمەنی ماڵان، هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە خەڵك كرد، لە هاویندا نەوت بكڕن، بەڵام ئەمساڵ سەرباری سەختی وەرزی سەرما، لە زستاندا نرخی نەوت لە هاوین هەرزانتر بوو.
• لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چیت كردووە لە پۆستی پارێزگاردا، جارێك هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردوو".
• یەكێك لە قسەكانی تری هەڤاڵ ئەبوبەكر كە كاردانەوەی لێكەوتەوە ئەو قسەیە بوو كە وتی:" لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانیدا بەڵێنمانداوە دەوڵەتداری بكەین".
• لە لێدوانێكی تردا لەبارەی كێشەی ئاو و كارەباو سوتەمەنییەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" دابینكردنی ئاو و كارەباو سوتەمەنی ئیشی پارێزگار نییە".
• جارێكی تری وتی:" سلێمانی ئێستا ئارامترین شوێنی دنیایە".
• قسەیەكی تری هەیە دەڵێ" ئەوە ئیشی من نییە هاوڵاتی لە ماڵەوە بەلوعەكەی بەردەداتەوە ئاوی نییە".
• كاتێكیش رەخنەیان لێگرت لەسەر شێوازی پێشوازیكردن لە بەرپرسانی حزبی لە فڕۆكەخانە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" من مامۆستای ئەخلاقو ئەتەكێتم".
• هەڤاڵ ئەبوبەكر دوجار نرخی بەنزینی دابەزاند، هەرجار 25 دیناری عێراق نرخی داگرت، خەڵك گلەییان كرد لەوەی 25 دینار زۆركەمە، ئەو وەڵامی دانەوەو وتی:" نرخی بەنزین لە سلێمانی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقو جیهانیش هەرزانترە"، دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی نرخی بەنزینیان لە شارەكانی عێراق بۆ بڵاوكردەوە كە زۆر لە سلێمانی هەرزانتربوو.