Draw Media

پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ نێوان باڵ و جه‌مسه‌ره‌كانی یه‌كێتیی

پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ نێوان باڵ و جه‌مسه‌ره‌كانی یه‌كێتیی

2019-02-26 17:00:59


سەرتیپ وەیسی كەریم 

به‌ درێژایی مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، هه‌میشه‌ جه‌مسه‌رو باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و حزبه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و پۆستێك بۆخۆیان نه‌بووبێت نه‌ به‌لایانه‌وه‌ گرینگ بووه‌، نه‌ شه‌ڕیشیان له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ كه‌سانی شایسته‌ی نێو حزبه‌كه‌یان، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌كانیان دێته‌ پێش .
له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌و كاته‌ی ئه‌رسه‌لان بایز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌، له‌ نیوه‌ی خولی سێیه‌مدا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وه‌رگرت، به‌ڵێنیپێدرا دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژده‌كاته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ویلایه‌تی بارزانی له‌ لایه‌ن ناوبراو پاشان شكاندنی له‌نێو قاعیده‌ی جه‌ماوه‌ری و خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پێیدرابوو بۆی جێبه‌جێنه‌كراو، چونكه‌ ئه‌وكات قوباد تاڵه‌بانی هاته‌ نێو حكومه‌ت، یه‌كێتیش پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی وه‌رگرت، له‌ولاشه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم لای یه‌كێتیی بوو، ناچار لیژنه‌ی دانوستانكاری یه‌كێتیی و سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان بۆ پارتی جێهێشت و ئه‌وانیش دایان به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پشتیان له‌ ئه‌رسه‌لان بایزكرد، چونكه‌ ئه‌و باڵ و جه‌مسه‌رانه‌ پێیانوابوو، ده‌بێ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچی كه‌سێكی وه‌كو ئه‌رسه‌لان بایزیش وه‌ریگرێت، بكرێته‌ قوربانی پۆسته‌كه‌ی كوڕه‌كەی مام جه‌لال .
له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانیش به‌ هه‌مانشێوه‌ی خولی سێهه‌م، دوای ئه‌وه‌ی سەرەتا جێگری په‌رله‌مانی كوردستان درایە یەکێتی و دواتر وازیان لە جێگر ھێنا لەسەر داوایی مسعود بارزانی وە سکرتێری پەرلەمانیان وەرگرت، بەلام ئەم پۆستەشیان وەرنەگرت و بە کاتی درایە کۆمەلی ئیسلامی، ئه‌و حزبه‌ له‌ پێناو كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی كوڕانی بنه‌ماڵه‌كان، بۆماوه‌ی سێ ساڵ و نیو كه‌ پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی درابوو به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هیچ كه‌س داوای نه‌كرده‌وه‌، ئه‌وكات بۆ پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك ( سالار مه‌حمود و گۆران ئازاد) كاندیدبوون، له‌ نێوان یارییه‌كانی ده‌رباز كۆسره‌ت و به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و پۆسته‌ نه‌درا به‌و كه‌سانه‌و، هه‌ردووكیان بوونه‌ قوربانی ‌، دواجار ئه‌و پۆسته‌ له‌گه‌ڵ كاراركردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌شێوه‌كی شكلی و ره‌مزی له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ به‌ ناچاری پڕكرایه‌وه‌.
ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ی خوله‌كانی ڕابردوو، خه‌ریكه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌روبه‌ندی دروستكردنی كابینه‌ی نوێ هه‌ریه‌ك له‌ ( رێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانی)، كه‌ كاندیدن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی كه‌سانی پێشووتر، ده‌بنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، یاخود وه‌زیری ناوخۆی ده‌وێ، له‌به‌رامبه‌ر سازشكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ پارتی و گۆڕان.
پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ڕووی سیادیه‌وه‌ پۆستێكی سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌و سیادییه‌، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ لاوازكرابێت، به‌ڵام هاوشانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و حكومه‌ت و دادوه‌ریه، به‌شێكی زۆری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌، به‌هۆی ئیره‌یی و هه‌زمه‌نكردن، نایانه‌وێ ئه‌و دوو ئافره‌ته‌ ئه‌وپۆسته‌ باڵایه‌ وه‌ربگرن، تاوه‌كو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ش هیچ شه‌ڕێك له‌سه‌ر ئه‌وپۆسته‌ ناكه‌ن، ده‌یانه‌وێ سه‌ودوای بكه‌ن له‌گه‌ڵ پۆستی دیكه‌ بۆخۆیان، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سانی نێو باڵ و جه‌مسه‌ره‌كانی سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ن.
ئه‌گه‌ر چی قوباد تاڵه‌بانی زۆرترین ده‌نگی له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلول به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ماوه‌ی سێ مانگدا ئاماده‌نه‌بوو، سوێندی یاسایی بخوات له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تاوه‌كو به‌ ناچاری داوای لێنه‌كرێت ببێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی تاوه‌كو له‌ شوێنی خۆی بمێنێته‌وه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵیش كه‌ خواستیه‌تی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، یاخود وه‌زاره‌تی ناوخۆو دارایی وه‌رگرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانییه‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێگربێت له‌به‌رده‌م وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی خۆی نیازیه‌تی.
كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌كو حاكم قادر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ به‌هێزه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌و حزبه‌ حه‌زی به‌ وه‌گرتنی پۆستێكی باڵایه‌ له‌و نێوه‌نده‌، بۆیه‌ نه‌خۆی و نه‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌نیین شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستێك بكه‌ن، كه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان تێیدا نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی دوو كه‌سیش ده‌یانه‌وێ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرن، كه‌ ته‌نها به‌ ناو له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ نزیكن، چونكه‌ هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندی كوڕو كچانی بنه‌ماڵه‌ بێته‌ گۆڕێ ئه‌وان له‌ ریزی دووه‌م و سێیه‌می هاوكێشه‌كه‌دان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand