Draw Media

پاشەكەوت لانەبراوە 

پاشەكەوت لانەبراوە 

2019-02-24 13:31:20


 ( درەو میدیا):

لە لیستی موچەی ئامادەكراوی مانگی كانونی دووەمی 2019 دا پاشكەوتی موچە لانەبراوە، لە كاتێكدا بەو پارەیەی كە بڕیارە لە بەغدادەوە بنێرێت زیاتر لە 150 ملیار دیناری زیاترە لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ پاشەكەوت.

پاشەكەوت لانەبراوە 
فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2019یان بە پاشەكەوتەوە ئامادەكردووە و پاشەكەوت لانەبراوە و یەكێتی مامۆستایانیش داوادەكات هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت نەبەسترێتەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی بە " درەو میدیا"ی راگەیاند لیستی موچەی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019 وەك مانگەكانی 2018 ئامادەكراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە و بڕی پاشەكەوتكردنی موچە وەك خۆی ماوەتەوە".
بە گوێرەی زانیاریەكانی " درەو میدیا" سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوت لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی نوێیان ئامادەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێم چەندجارێك ئاماژەی بەوەداوە كە بەنیازە موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاسایی بكرێتەوەو سیستمی پاشەكەوت لاببرێت، بەڵام تائێستا بە وادەی لابردنی پاشەكەوتی دیارنەیكردووە و بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو پرسە دەبەستنەوە بە باشبوونی دۆخی داراییەوە.

یەكێتی مامۆستایان هۆشداری دەدات 
هاوكات یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات سیستمی پاشەكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوەو ئەو پرسە پەیوەست نەكرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە.
یەكێتی مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكەی بە " درەو میدیا" گەیشتووە داواشدەكات ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا پاشەكەوتكراوە، چارەنوسی لە ژمارەی حسابی بانكی دیاریكبرێت و وردە وردە بدرێتەوە.

داهاتی هەرێم لە موچە زیاترە
ئەمە لە كاتێكدایە كە بودجەی 2019ی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو بە پێی لێدوانی شارەزایان و پەرلەمانتارانی عێراقیش پشكی هەرێم 522 ملیار دینارە، كە بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوت هەڵبگرێت بەو پێیەی:
-    پشكی هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار
-    داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە 378 ملیار دینار
-    داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار
-    پارەی ئەمریكی 30 ملیار دینار 

كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە( یەك ترلیۆن و 50 ملیار دینار) كە موچەی موچە خۆران بەبێ پاشەكەوت ( 879 ملیار ) دینارەو بەو پێیەش ( 153 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand