Draw Media

30 قوتابخانە لە بینای گڵدان و 194 قوتابخانە لە كرێدان

30 قوتابخانە لە بینای گڵدان و 194 قوتابخانە لە كرێدان

2019-03-02 13:11:41


راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
بەشی یەكەم
كەرتی پەروەردە‌و فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت و هەتائێستاش كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، وەك پێویست ئاوڕیان لەم كەرتە بایەخدارە نەداوەتەوە كە لە زۆربەی وڵاتە پێشكەت ووەكانی جیهاندا ئەو بودجەیەی بۆ كەرتی پەروەردە‌و فێركردن دابیندەكرێت، ئەگەر زیاتر نەبێت لە بودجەی كە بۆ وەزارەتی بەرگری و كەرتی سەربازیی تەرخاندەكرێت كەمتر نییە.
بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی  هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30)  قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها لە 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامیەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان. 
ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە نوێترین كاریدا بەپشت بەستن بە ئاماری فەرمی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان راپۆرتێكی وردو فراوانی لەسەر كەرتی پەروەردە و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە رووبەڕووی بوونەتەوە ئامادەكردووە.

ژینگەی خوێندنگەكان

ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارە و گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵا سیستمی تازەی خوێندندا یەكناگرێتەوە ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت.
لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا، كە ئەمەش نەنگییە بۆ حكومەتی هەرێم تا ئێستاش مناڵانی كوردستان لەم جۆرە قوتابخانانەدا وانە بخوێنن.
 خوێندن لەم ژینگەیەدا وەك پێویست و تەندروست نابێت. ئەگەر بەراوردێكی رەوشی قوتابخانەكان بكرێت دەبینین: هەندێك لەو بینایانەشی تازە دروستدەكرێن بەهۆی چاودێرینەكردنیانەوە یان گەندەڵیەوە هۆڵێكی هونەری و یاریگەیەكی وەرزشی گونجاوی تێدا نییە، هەروەها بەهۆی چاودێری نەكردنی بەڕێوەبەرەكانەوە كە زۆرجار هۆڵی كۆمپیوتەرو و هۆڵی تاقیگەو ژوری كتێبخانە دەكەن بە كۆگا، یان بەبیانوی نەبوونی جێگاوە دەیكەن بە پۆل.
جیا لەخراپی ژینگەی خوێندن و بینای قوتابخانەكان، گرفتی گەورەش لەشوێنی قوتابخانەو دەستنیشانكردنی شوێنەكەیەتی، كە لە دروستكردنی بینای قوتابخانەدا رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی ناكرێت، دەیان قوتابخانە لەنێو بازاڕو نزیك بازاڕو سەر شەقامی گشتی و شوێنی جەنجاڵن، ژاوەژاوو دەنگی جاڕسكەر ژینگەی فێربوونی شێواندووە، لەكاتێكدا دەبێت قوتابخانەكان لەشوێنی دوور لەقەرەباڵغی و هێمن و كەشێكی لەباردابن. 
لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە قوتابخانەكان چەندە نەشیاون بۆ خوێندن و چەندیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە:

ئەوەی لەم خشتەیەدا تێبینی دەكرێت، زیاد لە نیوەی قوتابخانەكانی هەرێم پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، لە هەندێك قوتابخانەدا مەترسی رووخان هەیە، قوتابخانە هەیە هەر كە باران دەبارێت پۆلەكانی دڵۆپە دەكەن و ئاویان تێدەچێت.

پەنابردن بۆ خێرخوازان
بە هۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بینای نوێی قوتابخانە دروست بكات، وەزارەتی پەروەردە بە كۆمەك ‌و هاوكاریی خێرخوازان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەندێك لە قوتابخانەكانی نۆژەن كردووەتەوە. 
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: ئاگاداری هەموو كێشە و كەموكورتییەكانی خوێندنگەكانن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگەی نەداوە كاریان تێدا بكرێت و نۆژەن بكرێنەوە‌و هەڵمەتی نیشتیمانیی خوێندنگاكانیان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی ڕێكخراو و خێرخێوازان ‌و كونسوڵخاكانەوە توانیویانە 1000 خوێندنگە نۆژەن بكەنەوە. 
لەو قوتابخانانەی نۆژەنكراونەتەوە، ساڵی 2017 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر لەلایەن كەسانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوو، توانرا 159 قوتابخانە دوای وەستانی پڕۆژەكان بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، نۆژەن بكرێنەوە. 
زۆرن ئەو قوتابخانانەی مەترسی داڕمانیان لێدەكرێت و رۆژانە باسی میدیاكانن، لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەو رانیەو قەلادزێ و...هتد بەرچاو دەكەون. پێویستیان بە نۆژەكردنەوە هەیە، هەموو ئەو قوتابخانانەش كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت، ناویان لە لیستی وەزارەتی پەروەردەدا هەیە ، كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت كەچی هێشتا وەزارەت بۆ نۆژەنكردنەوەیان هەنگاوی نەناوە.
 بۆ نمونە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەهۆی كۆنی بیناكەیەوە لەكاتی دەوامی ئاساییدا بەشێك لە سەقفی خوێندنگایەكی سەرەتایی لە شاری سلێمانی داڕما و زیانی ماددی لێكەوتەوە. هەرچەندە رووداوەكە تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە و خوێندكارێكیش بە سووكی بریندار بووە.  

كێشەی فرە دەوامی لە خوێندنگەكاندا

بە پێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەك یەك قوتابخانەی تیادابێت بۆئەوەی كاتی دەوامی پێویست دابین بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان چەند دەوامێكیان تیادا دەكرێت،هەرگیز لەگەڵا سیستمەكەدا یەكناگرێتەوە و سیستمەكە جێبەجێ‌ ناكرێت. 

بەگوێرەی ئەو خشتەیە تائێستاش (1785) قوتابخانە دوو دەوامیان تێدا دەكرێت و (134) سێ دەوام و (5) قوتابخانەش چوار دەوامیان تێدا دەكرێت و  ئەگەر قوتابخانەیەك ئەوەندە دەوامەی تیادابێت چۆن سیستمی خوێندنی تیایدا جێبەجێ دەكرێت و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن تیایاندا تەندروست دەبێت؟  چۆن لەگەڵ ئەو سیستمەدا یەك دەگرێتەوە كە حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێت لە ناوەندەكانی خوێندندا جێبەجێی بكات.
كەمی كاتی خوێندن سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەكانیش بەهەمان شێوە بەسەر چوار كاتدا دابەش كراوەو ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێك لە قوتابخانەكان  

قوتابخانە لە بینای كرێدا:
بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمدا (452) قوتابخانەیە لە بینای كرێدان، واتە ناوچەكە بینای قوتابخانەی لێ‌ نیەو بینایەك بە كرێ‌ گیراوە بۆیان، بێگومان ئەو بینایەی بە كرێش گیراوە هیچ مەرجێكی قوتابخانە و شوێنی خوێندنی تیادا نیە، چونكە لە بنچینەدا بیناكە بۆ قوتابخانە دروستنەكراوە. بێگومان لەو كاتەشدا ئەو خوێندكارانەی لەو قەتابخانەیەدا دەخوێنن نە سیستمیان بەسەردا جێبەجێ‌ دەكرێت و نە مامۆستاكانیش دەتوانن وەك پێویست وانەكان بلێنەوەو نە وەك پێویستیش سەركەوتوو دەبن.


 قوتابخانەی میوان:
بە پێی دوا ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 ژمارەی (1395) قوتابخانە لە هەرێمی كردستاندا میوانن، واتە قوتابخانەیە بەڵام بینای تایبەتی خۆیان نیە و لە بینای قوتابخانەیەكی تر یا فەرمانگەیەكی تردان، ئەمەش گرفتێكەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت هەم ئەم قوتابخانەیە و هەم قوتابخانەی خاوەن بیناكە یا فەرمانگەكە توشی گرفت دەبن و كێشەیان بۆ دروست دەبێت.  


 
قوتابخانەی لە گڵ (قوڕ) دروستكراو:
بە پێی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، كە ئەمەش لە وەرزی زستاندا هەندێكیان دڵۆپە دەكەن و مەترسی روخانیان لێدەكرێت و هیچ مەرجێكی خوێندنیان تیادا نیە. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ئەو قوتابخانانەی بیناكانیان لە گڵ دروستكراون دەردەكەوێت:



جیاوازی نێوان قوتابخانەی گوند و شارەكان
جیاوازی زۆر لەنێوان قوتابخانەی لادێكان و شارەكاندا هەیە، هەر لە ژمارەی مامۆستا و پێداویستیەكانی ترەوە و قوتابخانەی گوندەكان وەك شارەكان سەیری نەكراوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتگوێ خراون. لە كاتێكدا لە گوندەكاندا (2810) قوتابخانە هەیە.


گوندی  بێ‌ قوتابخانە
بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ساڵی خوێندنی 2013-2014 لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (600)  گوند بێ‌ قوتابخانەن, ئەمەش دەبێتە مایەی دابڕانی مناڵانی ئەو گوندانە لە خوێندن. كەچی ئێستا ژمارەی ئەو گوندانەی بێ قوتابخانەن زۆر زیاتر بووە چونكە لە بەشێكی زۆری گوندەكاندا قوتابخانەكان داخران بە بیانووی ئەوەی كە منداڵانی چەند گوندێك لە قوتابخانەی یەك گونددا كۆبكرێنەوە، بە پاساوی ئەوەی كوالیتی باشتر دەبێت و تێچوشی كەمتر، بەمەرجێك هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ منداڵەكان دابین بكرێت، بەڵام قوتابخانەكانیش داخران و پێداویستیەكانیشیان كە بەڵێنیان پێدرابوون جێبەجێنەكرا،  هەر بۆیە ژمارەی قوتابخانەكان لە گوندەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بووەتەوە، ئەگەر سەیری ئاماری پێنج ساڵی رابردوو بكەین بۆمان روون دەبێتەوە:

 خراپی مێز و رەحلە:
بەشێكی زۆر لە مێز و كورسی و رەحلەی قوتابخانەكان كۆن بوون یا شكاون یا بەكەڵكی بەكارهێنان و دانیشتنی منداڵان نایەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژینگەی خوێندن.
 لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە چەند كورسی و مێزی منداڵان لە قوتابخانەكاندا هەیەو چەندیان باشن و چەندیشیان خراپن و بۆ بەكارهێنان ناشێن:

بەپێی ئەم داتایانە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا مێز و رەحلەو كورسیەكانی خوێندكاران زۆرینەیان شكاون و خراپ بوون و چاكیش نەكراونەتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی منداڵان دەبێت كە ئاسودە نەبێت لە شوێنی دانیشتنەكەی لەكاتی وانە خوێندندا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand