پارتی بەشێك لە پۆستەكان بە بزوتنەوەی گۆڕان نادات
2019-02-23 18:28:52
(درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشە دەكات لە بەشێك لەو پۆستانەی بە بزوتنەوەی گۆڕانی داوەو لە 18ی شوبات رێكکەوتنی لەسەر كراوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ دەستەیەكی بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوە، تەنها بەڵێنی بەرپرسی سندوقی داهاتە نەوتییەكانی پێداوە ئەویش ئەگەر دامەزرێندرا"،ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ئاماژەیان بەوەدا كە لە رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی هەردوو ( دەستەی دەستپاكی و وەبەرهێنان)یان بەركەوتووە.
" درەو میدیا" زانیویەتی كە لەكاتی واژۆكردنی رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕان، وەفدی دانوستانكاری گۆڕان نارازی بوون لەوەی ناوی دەستەی وەبەرهێنان لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووە، بۆیە واژۆكردنی رێكکەوتنەكە بۆ زیاتر لە یەك كاتژمێر دواكەوتووە، بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە كە ئەو پۆستە تەنها بە زارەكی بووەو نەنوسراوە، بۆیە دواتر بەڵێنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە زارەكی بە وەفدی گۆڕان دراوە، ئەویش ئەگەردامەزرێندرا.
ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، ناڕەزایی لەناو پارتی درووستبووە لەسەر ئەو هەموو پۆستە زۆرەی بە بزوتنەوەی گۆڕان دراوە، بەتایبەتیش ئەو 48 راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەی كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە وەریانگرتووە لە پارتی، بەڵام بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان بەهیچ جۆرێك 48 بەرێوەبەری گشتی و راوێژكاریان بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوەو بەهیچ شێوەیەك لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووەو ئەوە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ كردووەو ئەمانیش بەشێوەی زارەكی رەزامەندیان پێداوە، بەڵام نەك بۆ 48 راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی، بەڵكو تەنها بەو بەرێوەبەرە گشتییانەی كە وەزارەتەكەی بەر گۆڕان دەكەون.
بۆیە بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان تەنها یەك وەزارەتی زیادیان بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە نەك ئەو هەموو پۆستەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ دەكات.
ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە، ئەوان ئاماژە بە دەستكەوتی زۆر دەكەن بۆئەوەی جەماوەرەكەیانی پێ رازی بكەن، چونكە بەشێكی جەماوەری گۆڕان ناڕازییە بە رێكکەوتن لەگەڵ پارتی، بەرپرسانی پارتیش لاریان لەوە نەبووە.
ئەو پۆستانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە بەدەستیان هێناوە لە رێکكەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.
• جێگری سەرۆكی هەرێم
• وەزیری دارایی
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
• دەستەی وەبەرهێنان
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات
• 24 بەڕێوەبەری گشتی
• 24 راوێژكار
• بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت
• بریكاری وەزیری پەروەردە