بەرپرسێكی باڵای ئێران نێوەندگیری دەكات
2019-03-01 18:58:15
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی دێتە هەرێمی كوردستان، یەكشەمە مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆدەبنەوە، ئەگەری رێككەوتن لە ئەگەری رێكنەكەوتن بەهێزترە.
سبەینێ مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە.ئەم كۆبونەوەیە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب دەستیكەوتووە، پارتیو یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا رێكدەكەون.
تەنیا ئومێدی یەكێتی، ئەو نامەیەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردو تێدا نوسیویەتی:" با مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆببنەوە، چارەسەری كێشەكان لە بەرژەوەندی یەكێتی كۆتایی دێت".
دواین هەڵوێستی یەكێتی
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی سورن لەسەر ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرنەگرێتو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو دوو پۆستی وزاری باڵای پێبدرێت.
بەڵام هاوكات لەبەرامبەردا بۆچونێكیش هەیە، كە داوا دەكات یەكێتی بەو پۆستانە قایل بێت كە لە حكومەتی هەرێم بۆی دانراوە، ئەمە لەبەرامبەر چارەسەركردنی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك.
ئەگەر بۆچوونی یەكەم (یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت) سەركەوێت، تائێستا دیار نییە پارتی بە چ جۆرێك كێشەكە چارەسەر دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا یەكێتی داوای دەكات، پێشترو لەچوارچێوەی رێككەوتنی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، بۆ قایلكردنی یەكێتی، پارتی پۆستی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام نازانرێت ئاخۆ نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل دەبێت بەوەی پۆستەكەی دوو جێگری هەبێت.
ئەگەر یەكێتیو پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەگەنە رێككەوتن، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت بۆ یەكێتی ؟ ئایا ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرت، پارتی ئامادەیە لە بری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات ؟ رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانە روون ببێتەوە.
ئەگەرەكانی رێككەوتن
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەری زۆرە یەكشەممە پارتیو یەكێتی لەسەر هێڵە گشتییەكان رێككەون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بارزانی لە پەیامەكەیدا بۆ یەكێتی ئاماژەی بە ئەگەری رێككەوتن كردووە.
گرنگترین پاڵنەر بۆ رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:
• یەكێتی دوای ئەوە لەسەرەتاوە مقاوەمەتی كرد، بەڵام هەنگاوەكانی ئەمدواییەی پارتی لەناو پەرلەمانەوە ئەو پەیامەی پێدا، ئەگەر نەچێتە پێشەوە، لە پرۆسەكە دوادەكەوێتو كارتی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی لەدەستدا دەسوتێ.
• مەسعود بارزانی نایەوێت مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ناوچەی دەسەڵاتی تەنیا لە زۆنی زەرددا بێتو فەرمانەكانی نەگاتە زۆنی سەوز.
• زۆربەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت لە ناوچەی قەڵەمڕەویی پارتیدایە، بەڵام غازی سروشتی كە پارتی رێككەوتنی دوو ساڵەی كردووە بۆ فرۆشتنی هەموو لە ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتیدایە، ئەو غازە سروشتییە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی كارەبایە لە هەموو هەرێمی كوردستان، لەم بوارەدا پەراوێزخستنی یەكێتی، زیان بە بەرژەوەندییەكانی پارتی دەگەیەنێت، رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی پارتی هەندێ لە خواستە سیاسییەكانی یەكێتی قبوڵ بكات.
• ئەمریكاو ئێران كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو دوو هێزی نەیاری یەكتر تەماشایان دەكرێت، بەڵام لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەردوولا هاوڕانو نایانەوێت لەم كاتەدا پشێوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئەمەش پاڵنەرێكی ترە بۆ ئەوەی پارتیو یەكێتی بگەنە رێككەوتن.
ئێرانییەكان دێنە ناوەوە
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بێتە هەرێمی كوردستانو لەگەڵ پارتیو یەكێتی كۆببێتەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی كێشەكانیان.
پێشبینی دەكرێت بەر لە هاتنەناوەوەی بەرپرسە باڵاكەی ئێران، مەسعود بارزانی كێشەكان لەگەڵ یەكێتیدا بەلادا بخاتو دواتر لەگەڵ ئێرانییەكان كۆببێتەوەو ئەو هەنگاوە وەكو دەستپێشخەرییەكی سیاسی بخاتە بەردەم ئێرانییەكان.