له نێوان یه‌كێتیی و پارتی، كێ براوه‌ی یاریه‌كه‌یه؟
2019-03-01 10:16:04
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم
یه‌كێتیی له رێككه‌وتنه سێ خاڵیه‌كه‌ی 5ی شوبات، له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و دانانی پارێزگاری كه‌ركووك لە ماوەی پێک‌ھێنانی حکومەت، توانی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام یەکێتی لەبری ئەوەی لە کارتی ژمارە یەکەوە دەست بە دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی، تا داواكارییه‌كانی جێبەجێبكات، راستەوخۆ دەستی برد بۆ کۆتا کارت و ئه‌و كارتانه‌شی به ده‌ستیه‌وه بوو سووتاندی.
ئه‌و یاریه‌ی یه‌كێتیی كه له ڕۆژی 18ی شوبات له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامیدا، ده‌توانین بڵێین زۆر نەزانانه‌و نەشارەزایانه‌و مناڵابوو؛ کاتێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەکردو سەرۆکی پەرلەمانی وەرنەگرت، چونکە لەلایەك یەکێتی به تەنھا مایەوە، به پێچەوانەیی ٢٣ حوزەیرانی 2015، چونكه ئه‌مجاره ھەموو ھێزەکانی دیكه چونەوە بەرەی پارتی و بەبێ یەکێتی پرۆسەکە جێبه‌جێكرا.
یەکێتی خۆی لەگەڵ پارتی له 5ی شوباتدا، کاتی کۆ بوونەوەیی پەرلەمانی دیاریکرد، به‌هه‌ر ڕێگه‌و هۆكارێك بێت پارتی به‌هۆی باشتر ئه‌نجامدانی یاریه‌كه له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه توانی له‌م پڕۆسه‌یه سه‌ركه‌تووبێت، ئه‌وه‌ی ویستی به‌ده‌ستیهێنا، له‌به‌رامبه‌ردا یەکێتی جێماو زۆربه‌ی كارته به‌هێزه‌كانی له ده‌ستدا، جگە لەوە پارتی ناچار کرد پۆستی زیاتر بە گۆران بدات و نەیارەکەیی یەکێتی لە زۆنی سەوز بە ھێز بکات. ئەو دەھۆڵەشی بۆ چوونی گۆران بۆ حکومەت دەیکوتن پارە ناکات، چونکە لە ئەنجامدا، کە یەکێتی بەشدار بوو له حكومه‌ت رەخنەکانی پووچ دەبێتەوە ( كه به‌شدارده‌بێت)، جگە لەوەش مەترسی دوو ئیدارەیی لەلایی یەکێتی کە جار جار وەك کارتێ باسیان دەکرد، پووچەڵ بۆته‌وه، لە روویی دیموکراسی و ئاستی نێودەوڵەتیش ھەڵوێستیان لاواز بووه.
یەکێتی به نه‌چوونی بۆ په‌رله‌مان چی دەست کەوت ؟ یەکێتی کاتێك دەڵێ داواکانمان جێ بەجێنەبێت بەشداری حكومه‌ت ناکەین ، ئەم قسەیە لە بنەمادا پووچەڵەو بیركردنه‌وه‌یه‌كی دووربیانه نییه، چونکە یەکێتی لە لایەك لە بەشداریكردنی حكومه‌ت بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکان لە کاری خۆیان نه‌كه‌وتوون، لە لایەکی دیكه‌وه یەکێتی ئەو شەڕەی ئێستا لە دەرەوەی پەرلەمان بە داواكردن و نامە گۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ لە پارتی دەیکات و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه پارتی موراعاتی بكات، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئەیتوانی بیکات، کارتی شەرعیەت نەدانیش بە حکومەتی نوێ و پەرلەمان تا كۆتایی لە دەست خۆیدا بوایە.
ئەمە چۆن بە دی دەھات؟
ئەگەر یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی په‌رله‌مانی بکردبایە، سەرۆکی وەرگرتبایە، ئەوا جگه له‌وه‌ی خواستێكی یەکێتی ( ئه‌گه‌ر به ناچاریش بێت)، کە وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان بوو دەھاتە دی، ئه‌وه‌ی پارتیش ده‌مایه‌وه، چۆن ؟ چونكه دوای دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له لایه‌ن یه‌كێتیی، پارتی پێویستی بە سەرۆکی پەرلەمان بوو دانیشتنێك رێكبخات، بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەیی یاسایی، دواتر دانیشتنێك بۆ خوێندنەوەی یەکەمی یاسایی سەرۆکایەتی هه‌رێم ، دواتر دانیشتنێك بۆ پەسندكردنی یاساکە، دواتریش ئیمزاکردنی یاساکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان بوو، دواتر دانیشتنیش بۆمتمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم هه‌ر له ده‌ستی یه‌كێتیی داده‌بوو، دواتر‌و دواتریش دیسانه‌وه دوو دانیشتنی دیكه‌ی په‌رله‌مانیش بۆ ڕاسپاسدنی سەرۆکی حکومەت و متمانەدان بە حکومەت هه‌ر له ده‌ست ئه‌واندابوو.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه، بە گوێرەی رێکكەوتنی یەکێتی و پارتی له 5ی شوبات وا قسه‌كرابوو، پرسی دانانی پارێزگایی کەرکوک لە ماوەی پێک‌ھێنانی حکومەت دەبێت (نەك لە دوایی تەواو بوونی پێک‌ھێنانی حکومەت)، کە یەکێتی ئەیتوانی لە ھەر قۆناغێك لەم قۆناغانانه‌ی سەرەوە، به‌ر له متمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم داواکاریەکانی خۆی جێبه‌جێبكردبووایه، له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و قۆناعه‌دا:
پارتی خواستەکانی یەکێتی جێبەجێنەکردبوایە، ئەوا ئەوکات پارتی هه‌ر سه‌ری له بن ده‌ستی یه‌كێـتیی ده‌بوو، چونكه یەکێتی ئەیتوانی به ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنی په‌رله‌مان نه‌كات و كێشه‌ی تێبخات، کە ئەمەش وای له پارتی ده‌كرد، هیچ كارتێكی به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت، پارتیشی ناچاردەکرد یان چۆك دابدات، یان ئه‌وكات باشترین و ناچارترین كارتی پارتی ئه‌وه‌بووه: ھاوشێوەیی یوسف محمدی گۆڕان، پارتی رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان بکردبووایە، تاوه‌كو نەیەتەوە ھەولێر، چونکە ڕاستە پارتی زۆرینە لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان، به‌ڵام له‌ڕووی یاسایه‌وه تا سەرۆك ئامادەیی ھەبێت جێگر ناتوانێت دانیشتنی په‌رله‌مان بەڕێوە ببات، جگه‌له‌وه‌ش یه‌كێتیی كارتێكی دیكه‌ی هه‌بوو، كه ئه‌وكات ده‌یتوانی سەرۆکی پەرلەمان بکشێنێتەوەو ئەوسا بھاتبوایە ئەم قۆناغەیی ئێستا‌و بیووتبایه تا خواستەکانم جێبەجێ نەبێت بەشدار نابم، کە لە ھەردوو ئەگەردا ئه‌و یاریه‌و فشاره‌ی بۆسه‌ر یه‌كێتیی ئێستا دروستبووه، به ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه بۆ سه‌ر پارتی پێچەوانە دەبۆوە. بەھۆی خۆپەرستی سەرکردەکانی یەکێتی و نەبوونی یه‌ك بڕیاری و كورتبینی سه‌ركرده‌كانی، له ئێستادا ھەڵوێست وەرگرتنی یەکێتیان لاواز کردووه‌و، پارتیان بەھێز کردوو، ھێزەکانی تریشیان باشتر‌و باشتر کردە پاشکۆیی پارتی؟!
ئێستاش ھەر درەنگ نەبووەو یەکێتی دەتوانێ دەست بەم یاریە بکات، رۆڵ بۆ خۆیی بگێڕێتەوە، نەک وەك ئێستا رۆڵی پێبدەن، بۆئه‌مه‌ش له دانیشتنی چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، ئه‌م حزبه ده‌توانێت شێوازی گفتووگۆو یارییه‌كان به ئاراسته‌ی خۆی ببات، به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسكران.
چونکە پارتی دوو ھەنگاویی یەکەمی ناوە، جارێ وەك موراعات ھەنگاوەکانی تری ڕاگرتووەو چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ی كه‌میش چاوه‌ڕێده‌كات، ئه‌م وه‌ستان و چاوه‌ڕێكردنه‌ش لە بەرامبەر کارتی فشاریی یەکێتی نییه.
ئێستا كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی له به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه به میدیاكانی یه‌كێتیی ڕاگه‌یاندووه: له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌گه‌ڵ پارتی ڕێكده‌كه‌ون ( ڕۆژی یه‌كشه‌ممه له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه )، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه بۆئه‌وه‌ی، كه ته‌واوی ئه‌و پلانان و كارتانه‌ی، كه له لایه‌ن هه‌ندێك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه باسده‌كران قسه‌ی بۆش بوون، نه‌یانتوانی وه‌كو پێویست یاریه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌نجامبده‌ن.