یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت ؟
2019-02-25 13:51:01
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بیرۆكەی دابەشكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی) دوچاری كێشە دەبێت، یەكێتی ئامادەیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ جێگرێكی سەرۆكی هەرێمدا.
سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نامەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد.
دوای ئەو نامەیە، یەكێتییەكان پێشبینییان كرد، گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ پارتی دەستپێبكەنەوە، بەڵام لەدوای نامەكەی بارزانییەوە هێشتا یەكێتیو پارتی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە.
یەكێتی كە هێشتا شۆكی كۆبونەوەكەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەرینەداوە، رەنگە سبەینێ دوچاری شۆكێكی تر ببێتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە سبەینێ پەرلەمان كۆببێتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی.
لیژنەی یاسایی بۆ ؟
پەلەكردنی پارتی لە دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رەنگە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە هەبێت، كە بووە بە خاڵی پارسەنگ بۆ كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی.
هەندێك زانیاری هەیە كە باسلەوەدەكات، پارتی دەخوازێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تاوەكو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێك مەسرور بارزانی ئامۆزای راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەگوێرەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارانەكرێتەوە، دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەر لەمە، دەبێت پەرلەمان ناو لە كاندیدی سەرۆكی حكومەت بنێ.
یەكێتی بەشداری ناكات !
پارتی سورە لەسەر ئەوەی سبەینێ جارێكی تر كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بڕیاری یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەوەیە فراكسیۆنەكەی بەشداری كۆبونەوەكەی سبەینێ ناكات.
یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان نەكات، تاوەكو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی ئیمزا دەكات، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، پارتی چۆن بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، بەبێ یەكێتیش لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێكدەهێنێتو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە.
كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی
یەكێتی تەنیا كێشەی لەگەڵ پارتیدا نییە، كێشە ناوخۆییەكانیشی جوڵە سیاسییەكانی ئیفلیج كردووە، بۆ هەر پۆستێكی سیادی، زیاتر لە چەند كەسێك لەناو یەكێتیدا خۆیان ئامادەكردووە، لیدەر یاخود مەرجەعێكی بڕیاریش نییە خواستی باڵە جیاجیاكان لە پۆستەكاندا تەوزیف بكاتو ناكۆكییەكان بەلادا بخات.
• بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، زۆرینەی سەرەنجەكان لەسەر (قوباد تاڵەبانی)یە، بەڵام هەریەكە لە (عیماد ئەحمەدو حاكم قادر)یش چاویان لەو پۆستەیە.
• ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتی وایكردووە، چارەنوسی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە ببەسترێنەوە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە.
• چەند رۆژێكە لەناو یەكێتی پێشنیازێك دروستبووە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی)دا بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) دابەشبكرێت، بەڵام ئەم پێشنیازەش دوچاری گرێوگۆڵ بووە، چونكە هەندێك پێیانوایە ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان ( رێواس فایەقو بێگەرد تاڵەبانی)دا دابەش بكرێت، دەبێت بەهەمان پێوەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان (قوباد تاڵەبانیو دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)دا دابەشبكرێت.
• لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا لەناو یەكێتیدا بۆچونێك هەیە كە یەكێتی ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەوپێیەی پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەیەو جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەر لە پارتین، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە دەڵێن باشترە یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو پۆستی وزاری سیادی وەرگرێت، ئەم دوو پۆستە بەشێك لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی چارەسەر دەكات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە دەڵێ نابێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەدەستی پارتیدا بێت، دەبێت یەكێتی هەرچۆنێك بووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت.
• یەكێتی بەمدواییە لەزمانی چەند بەرپرسێكییەوە داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەبری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەمە تەنیا هەڵدانی باڵۆنێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی زمانی پارتی، چونكە یەكێتییەكان دەزانن پارتی بە هەردوو پۆستی (سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم) كێشەی بنەماڵەی بارزانی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی چارەسەركردووەو ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەو دوو پۆستە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، لە حزوری جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیشدا پارتی ئەم بابەتەی سەلماندووە (پرۆسەی دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005دا).
• بەپێی دواین زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دواجار یەكێتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان قایل دەبێت، بەڵام داوا دەكات جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو بدرێت بە یەكێتی، پێدەچێت پارتی ئەم داواكارییەی یەكێتی قبوڵ بكات بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كێشەی باڵەكانی یەكێتی.
• لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە كە پێشتر یەكێتی كردبووی بە مەرجی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تاڕادەیەك پارتیو یەكێتی گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەمدواییە پارتی هەوڵیداوە نەجمەدین كەریم بگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی پێشوەختە بۆ دەركردنی نەجمەدین كەریم لە ریزەكانی، ریسەكەی پارتی كردەوە بە خوریو چیتر پارتی ناتوانی كارتی نەجمەدین كەریم وەكو كاندیدێكی یەكێتی بەڕووی یەكێتیدا بەرزبكاتەوەو دەبێت بە كاندیدی تری یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل بێت.