وردەكاری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید
2019-03-03 18:42:10
راپۆرتی: درەو میدیا
ساڵی رابردوو دروست لە 3/5/2018 لەو كاتەی ئاسمانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرووی توركیا داخرابوو، شاسوار عەبدولواحید لە بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە فڕۆكە خانەی بەغدا و لەوێشەوە بۆ فرۆِكەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی، كاتێك دەچێتە شوێنی چێككردن، "بە وتەی كەسێكی نزیكی شاسوار عەبدولواحید" یەكسەر شاسوار عەبدولواحید بەرێدەكەن و نەچێكی پاسپۆرتی بۆ دەكەن نە پەنجە مۆر و نە وێنەی دەگرن بە پێچەوانەی سەرنشینانی ترەوە".
شاسوار عەبدولواحید بە كارمەندی ئاساییشی فڕۆكەخانە دەڵێت:" بۆچی چێكی پاسپۆرتم بۆ ناكەن، چونكە ناوبراو گومانی لا دروست دەبێت لەوەی دواتر كێشەی بۆ دروست بكەن، كارمەندەكان پێی دەڵێن نایەوێت، لەو كاتەدا دەمە بۆڵە دروست دەبێت لە نێوان هەردوولادا، بە وتەی كارمەندانی فڕۆكەخانە شاسوار عەبدولواحید ئیهانەی كردون وەك لە سكاڵاكەدا هاتووە، بەڵام كەسە نزیكەكانی دەڵێن شاسوار عەبدولواحید تەنها پێی وتوون ئێوە دەتانەوێت كێشەم بۆ دروست بكەن و من لە سەرو خۆتان لە بەغداو لە هێڵی فڕۆكەوانی عێراق سكاڵاتان لەسەر تۆماردەكەم".
تۆماركردنی سكاڵا
شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە یەكێكیان كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانیە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی قسەی پێ وتووەو ئیهانەی كردووە، ئەوی تریان كارمەندێكی ( كۆمپانیای ئەزمەڕ ئێرلاین)ە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی پاڵی پێوەناوە لەناو فڕۆكەخانەدا.
رێباز مەحمود، پارێزەری شاسوار عەبدولواحید بە ( درەو میدیا) راگەیاند" شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، یەكەمیان سكاڵایەكە بە مادەی ( 229 ) كە تایبەتە بە ئیهانەكردن بە كارمەدانی گشتی دەوڵەت، لەسەر ئەم سكاڵایە دادوەر بە بارمتەی ( 1 ملیۆن دینار) شاسوار عەبدولواحیدی ئازادكرد".
لە دەقی مادەی 229 ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە" هەر كەسێك ئیهانە یان هەڕەشە لە فەرمانبەر یان هەر كەسێك راسپێدرابێت بۆ كارێكی گشتی(مكلف بخدمە عامە) بكات، ئەوا سزادەدرێت بە بەند كردن( حبس ) كە زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و غەرامە كردنی كە زیاتر نەبێت لە دوو سەد دینار".
سكاڵای دووەم بە پێی مادەی ( 434 ) ی یاسای سزادانی عێراقیە كە تایبەتە بە دەمە بۆڵە( جنێودان) لە نێوان دوو كەسدا، ئەمەش لە مادە ئاسانەكانە، هەربۆیە بە پێی ئەو مادەیە شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیركرد، بیانووی دەستگیركردنەكەش ئەوەیە كە بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە سكاڵاكان لەوێ تۆماركراون" دەڵێن چەندجارێك ئاگاداركردنەوەیان ناردووە بۆ شاسوار عەبدولواحید و كەس لێی وەرنەگرتوون، بەڵام پارێزەرەكەی دەڵێت شوێن و ناونیشانی شاسوار عەبدولواحید دیارەو كەس ئاگاداركردنەوەی نەهێناوە.
هەروەك لە راگەیەنراوەكەی دادگای سلێمانیدا هاتووە" لە مانگی 5/2018 وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید كرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەكەوە نەهات, بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد"
لە دەقی ماددەی (434) لە یاسای سزادانی عیراقیدا هاتووە كە" تاوانی (جنێودان)بریتیە لەوەی كەسێك قسەی وەها بە یەكێك بڵێت كە ئابڕووی یان پێگەی لەكەدار بكات یان هەستی بریندار بكات هەرچەندە ڕووداوێكی دیاریكراوی نەدابێتە پاڵ".
ئێستا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ براوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام) و بڕیارە سبەی بهێنرێتەوە بۆ بەردەم دادوەری لێكۆڵێنەوەی ئاسایش، كە پێشتر دادوەر بە پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحیدیان راگەیاندبوو با بێتە بەردەم دادگاو بە كەفالەت ئازاددەكرێت چونكە مادەكانی سوكە. هەربۆیە شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی لە ماڵەكەی خۆی بەرەو دادگای سلێمانی بەرێكەوتووەو چوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لەوێ دەستگیركراوەو براوە بۆ بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەوێشەوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام).
لەتیف شێخ مستەفا دادوەری دەستلەكاركێشاوە لە نوسێنێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی دەڵێت" مادەی ٤۲٤ لە یاسای سزادان سزاكەی لە ساڵ كەمترە وتاوانی جۆری كەتنی سادەیە و پێویستە (واجبە ) لەسەر دادوەر یەكسەر بەكەفالەت بەری بدات بەگوێرەی مادەی۱۱٠لەیاسای بنەمای دادگەریە سزاییەكان و دەشێ هەر بەبەڵێن نامەی كەسی بەربدرێ بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبار كەسێكی ناسراو بێت و ترس لە ڕاكردنی نەبێت ،گرنگیش نیە بە پیر تەبلیغەكەوە نەچوبیت و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوبێت ،بەتایبەتی دەبێ ئەوەش بزانرێت كە تەوقیف ئیجرائیكی ئیحتیاتیەو سزا نیە ،باشە پرسیارەكە ئەوەیە بۆ چەند مانگە ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە و پشت گوێ خراوە ئایا تۆمەتبار هەر لەم شارە نەبوە ؟بۆ ئیستا جێ بەجێ دەكرێ دوای ئەوەی تۆمەتبار هەندێ قسەو ڕەخنەی سیاسی توند بە دەسەڵاتداران دەڵێت چۆن ئیتر خەڵك قەناعەت بكەن كە دادگا بەكار نایەت ؟"
بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە
بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە لە شێوازی دەستگیركردنی سەرۆكەكەیانە و پێیان وایە " دەستگیركردنەكەی سیاسییە نەك یاسایی".
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە" دەستگیركردن و زیندانیكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیاسییە نەك یاسایی".
بەشێكی دیكەی بەرپرسانی نەوی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی، بەشێكی هەوڵێكە بۆ شكاندنی كەسێتی شاسوار عەبدولواحیدو بەشێكیشی بۆ رێگریە لە كاروچالاكییەكانی بەتایبەتی كە بڕیاربووە سبەی دووشەممە لە بەغداد لەگەڵ بەشێك لە سەركردە باڵاكانی عێراق كۆببێتەوەو دووسبەی سێشەممەش لە پەرلەمانی بەریتانیا كۆڕێك سازبكات سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان.
رەنگە بە حوكمی پۆستەكەی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بەرگێكی سیاسی وەرگرتبێت و هەموو لێكدانەوەكان بە ئاراستەی دیوە سیاسیەكەی دەڕەوات، كە لە پاڵ ئەو لێكدانەوەیەی كە دەوترێت بۆ تێكشكاندنی كەسێتی سیاسی شاسوارعەبدولواحیدە، لێكدانەوەیەكی تر دەڵێت دەستگیركردنەكەی هەولێكە بۆ زیاتر گەورەكردن و ناساندنی شاسوار عەبدولواحید.
دادگا بێدەنگی دەشكێنێت
هەرچەندە بەرپرسانی نەوەی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەندی بە هەڵوێست و قسەو لێدوانەكانیەوە هەیەو كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی، بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا دادگای سلێمانی رایدەگەیەنێت " فەرمانی دەستگیركردنی هاوڵاتی (شاسوار عەبدولواحید) پەیوەندی بە پۆستەكەیەوە نییە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەڵكو لەسەر دوو سكاڵایە كە دژی خودی خۆی تۆماركراون، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە"
رونكردنەوەكەی دادگا ئەوەشی خستوەتەروو كە شاسوار عەبدولواحید بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە" لە دۆسیەی سكاڵای دوو كارمەندەكەی ئاسایشی فڕۆكەخانە كە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازاد كراوە، و لە دۆسیەی كارمەندی كۆمپانیاكە كە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە"