(BP) دەگەڕێتەوە كەركوك
2024-08-01 11:08:09
راپۆرت: درەو
كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی، كە بەهۆی كشانەوەی سوپای عێراق و كۆنترۆڵكردنی كەركوك لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە گرێبەستەكەی بۆ كاركردن لە نەوتی كەركوك كێشەی تێكەوت، جارێكی ترو بە گرێبەستێكی نوێوە دەگەڕێتەوە، گرێبەستی ئەمجارە لە بنەڕەتەوە بۆ پەرەپێدانی چوار كێڵگەیە، بەڵام لە داهاتوودا دەتوانرێت فراوان بكرێت بۆ پرۆسەی گەڕان بەدوای نەوتدا، كشانەوەی ئەم كۆمپانیایە لە كەركوك بە یەكێك لە هۆكارەكانی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر لە 2017 ئەژماردەكرێت. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
(BP) گەڕایەوە
بۆ نۆژەنكردنەوەو پەرەپێدانی (4) كێڵگەی نەوت لە كەركوك، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرەشتی ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی كرد لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترلیۆم (BP)ی بەریتانی.
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ: یاداشتە نەوتییەكەی لەگەڵ كۆمپانیای BP یاداشتێكی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و بەرهەمهێنانی نەوت و غازە.
لەلایەنی عێراقەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە ئیمزای لەسەر یاداشتەكە كرد، لەلایەنی كۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانیشەوە (مۆرای ئۆشینكلۆس) بەرێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ئیمزای كرد.
یاداشتەكە نۆژەنكردنەوەو پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوك لەخۆدەگرێت، كە بریتین لە كێڵگەی كەركوك بە هەردوو قوبەی (باباگوڕگوڕ- ئاڤانا)و كێڵگەكانی (بای حەسەن- جمبور- خەباز).
هەر بەگوێرەی یاداشتەكە، وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای BPی بەریتانی دەتوانن رێككەوتن بكەن لەسەر كێڵگەو ناوچەی تری دۆزینەوەی نەوت، ئەمە وەكو وەزارەتی نەوت دەڵێ "لەبەر رۆشنایی هەوڵی حكومەت بۆ باشترین وەبەرهێنان لە بواری وەزە، بە ئامانجی زیادكردن و بەهێزكردنی بەرهەمی نەوت و وەبەرهێنانی غازو وزەی خۆر لە سنوری كەركوك".
دەستی بەریتانیا لە نەوتی كەركوكدا
چیرۆكی كاركردنی بەریتانییەكان لە نەوتی عێراق و بەدیاریكراویش لە نەوتی كەركوكدا نوێ نییە، مێژووەكەی بۆ بەر لە یەك سەدە دەگەڕێتەوە.
كۆمپانیای BP ساڵی 2013 گرێبەستی كاركردنی لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا كرد، ئەم گرێبەستە بەهاكەی (100 ملیۆن) دۆلار بوو، گرێبەستی دۆزینەوەی نەوت بوو.
بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر باسلەوە دەكەن گرێبەستەكە راوێژكاریی بووە، بۆ ئەوە بووە كۆمپانیا بەریتانییەكە یارمەتی كۆمپانیای نەوتی باكور بدات لە پەرەپێدانی هەردوو كێڵگەی هاڤاناو بابەگوڕگوڕ.
هەرچۆنێك بێت، ساڵێكی نەیاخاند دۆخەكە تێكچوو، بەهۆی هێرشی كتوپڕی داعشەوە، حكومەتی عێراق لە 2014دا كۆنترۆڵی بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەدەستداو پێشمەرگە سنورەكەی كۆنترۆڵ كرد، ئەمە وایكرد وەزارەتی نەوتی عێراق نەتوانێت رێككەوتنەكەی لەگەڵ كۆمپانیا بەریتانییەكە جێبەجێ بكات.
دوای كشانەوەی سوپا، هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتیی چونە كەركوك و شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد، 17ی حوزەیرانی 2014 ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەستنەوەی كێڵگەكانی كەركوكی بە بۆری نوێی نەوتی كوردستانەوە راگەیاند.
ئیتر لەوكاتەوە كۆنترۆڵكردنی هەردوو بیرە نەوتی (ئاڤاناو بای حەسەن) لەلایەن پێشمەرگەی پارتییەوە، یەكێتیی نیشتمانی نیگەران كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوكات لەو دوو بیرەوە رۆژانە زیاتر لە (260 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، وەكو باسدەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی رێككەوتنی یەكێتیی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا پەیوەندی بەو بیرە نەوتانەوە هەبووە.
چاودێرانی بواری وزە، بەشێكی تری هۆكاری روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە پارتی كە دەستی بەسەر نەوتی ئەو دوو بیرەی كەركوكدا گرتبوو، رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی كردووە، لە حاڵێكدا حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی هەبووە، بۆیە هەر دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، كۆمپانیا بەریتانییەكە رێككەوتنی لەگەڵ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كردو هەرزوو رێككەوتنەكەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش بە ئاگاداری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
سەرەتای 2018، سەرلەنوێ كۆمپانیای BP سەرلەنوێ گرێبەستی ئیمزا كردەوە بۆ كاركردن لەو كێڵگە نەوتییانەیانەی كە هێزە عێراقییەكان لە كەركوك لە پێشمەرگەیان وەرگرتبووەوە، مایكڵ تاونسەند بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە بارەگای كۆمپانیای نەوتی باكور لە بابەگوڕگوڕ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ جەبار لعێبی وەزیری نەوتی ئەوكاتەی عێراق رێكخست.
وەزارەتی نەوت راگەیانج، ئامانج لە رێككەوتنەكە ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەركوك لە رۆژێكدا بۆ 750 هەزار بەرمیل بەرزبكرێتەوە، ئەوكات بەرپرسانی بەغداد دەیانوت كەركوك رۆژانە توانای بەرمهێنانی 420 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام جگە لە هاڤاناو بای حەسەن، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو كێڵگەكان راوەستاوە، بۆیە بەرهەمهێنان 120 هەزار بەرمیل تێناپەڕێنێت كە ئەمەش بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنن.
ئەوكات، بەپێی قسەی بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكور، توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەی بابەگوڕگوڕ (50 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو توانای كێڵگەی ئاڤانا (60 هەزار) بەرمیل بوو.
هەر لەو سەردەمەو لەدوای كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، وەزیری ئەوكاتی نەوت لە عێراق بیری لەوە كردەوە بۆری نەوتی كەركوك- جەیهان بەگەڕبخاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر نەوتی كەركوك بە بۆری كوردستاندا نەچێتە ناو خاكی توركیا، جەبار لعێبی وەزیری نەوت ئەوكات وتی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەمبارەیەوە سەردانی توركیا دەكات، لەوكاتەوە تائێستا دەسەڵاتدارانی عێراق خەونیان ئەوە بوو نەوتی كەركوك بە هەرێمی كوردستاندا نەچێتە توركیا، بەمدواییە خەونەكەیان بەدی هێنا، بۆرییەكە كۆنەكەیان بۆ هەناردەی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لە كەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهان تاقی كردەوەو ئامادەكرد، بەڵام هێشتا نەوتی پێدا هەناردە نەكراوە.
سەرەتای 2020 ئەم كۆمپانیا بەریتانییە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك كشایەوە، كارەكانی گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی كەركوك كە كۆمپانیا بەریتانییەكە ئەنجامی دابوو، رادەستی كۆمپانیای نەوتی باكور كرا، بەڵام ئەوكات ئاژانسی (رۆیتەرز) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی لەوەكرد، كشانەوەی كۆمپانیا بەریتانییەكە بۆ بەرپرسانی عێراقی چاوەڕوان نەكراو بووە، هۆكاری كشانەوەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەنجامی توێژینەوەكە هاندەر نەبووە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە لە كەركوك بمێنێتەوەو بەردەوامی بدات بە كارەكانی.
دوای كشانەوەی كۆمپانیا بەریتانییەكە لە 2020دا، لە ناوەڕاستی 2020دا جارێكی تر راكان جبوری لە سەردانێكدا بۆ بەریتانیا هەوڵی گەڕاندنەوەی كۆمپانیاكەی دا بۆ كەركوك.
ئەمڕۆ سودانی بە ئیمزاكردنی یاداشتە نوێیەكە، جارێكی تر دەستی بەریتانیای گەڕاندەوە بۆ ناو نەوتی كەركوك.