"سەردەمی كەنیزەك بەسەرچوو"  

Draw Media

2024-07-28 19:10:15



راپۆرت: درەو
"سەردەمی كەنیزەك بەسەرچوو" یەكێك لەو دروشمانەیە كە ئەمڕۆ ژنان لەبەغداد دژی هەوڵێكی شیعەكان بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتیی بەرزیان كردەوە، هەموارێك كە ئەگەر پەسەند بكرێت ئیتر كچانی منداڵیش بەبێ هیچ بەربەستێكی یاسایی دەكرێت بە شو بدرێن. ئەمە یەكەمجار نییە شیعەكان هەوڵی هەمواری یاسای باری كەسێتیی دەدەن، لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە دوو جاری تر هەوڵیانداوەو سەركەوتوو نەبوون، جاری یەكەم لە 2014دا كاتێك سوننەكان دژی حوكمڕانی نوری مالیكی راپەڕین، جاری دووەمیش لەكاتێكدا كە كورد ریفراندۆمی كرد بۆ جیابوونەوە لە عێراق. بۆچی لەم كاتەدا شیعە جارێكی تر پرسی  هەمواری یاسای باری كەسێتیی جوڵاندووە؟ وردەكاریی لەم راپۆرتەدا. 

سەردەمی كەنیزەك !
"سەردەمی كەنیزەك بەسەرچوو.. نا بۆ بەشودانی منداڵان" ئەمانە چەند دروشمێك بوون كە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بەرزكرانەوە. 
دەیان ژن هاتنە سەر شەقام بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژ بە پێشنیارێك بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراقی ژمارە 881ی ساڵی 1959، هەموارێك كە رێگە خۆشدەكان بۆ بە شودانی كچانی منداڵ. 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی خۆی هەڵگرت، ئەمە بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی لەبارەی ژمارەیەك یاسا، لەوانە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتیی و یاسای لێبوردنی گشتیی. 

یاسای لێبوردن لەبەرامبەر هەمواری باری كەسێتیی !
ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسێتییان كردووە، هێزە مەدەنییەكان دژی هەموارەكەن، بەتایبەتیش حزبی شیوعی عێراقی كە هۆشداری دەدات لەبارەی دەنگدان بەم هەموارەو بە پەرەپێدانی تایفەو مەزهەبگەرێتیی ناوی دەبات. 
لە دەرەوەی حزبی شیوعیش، زۆر كەس هەن دژی هەموارەكەن، یەكێك لەوان عالیە نسەیف ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، ئەم ژنە دەڵێ هەمواری یاسای باری كەسێتیی رەوایەتی بە هاوسەرگیری رێپێدراو دەدات، ئەمەش هۆكارە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی بۆماوەیی و شێوانی جەستەیی و ڤایرۆسی ئایدز.
لە وتاری هەینی رابردوودا، عەبدولستار عەبدولجەبار وتارخوێن و ئیمامی مزگەوتی ئەبی حەنیفە بە توندی دژی هەموارەكە قسەی كرد، وتی:" ئەم هەموارە لە گیانی رق و كینەی تائیفییەوە داڕێژراوە". 
"ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی شیعە خەڵكانی بێتاوان بەكاردەهێنن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تەسكی تائیفیی، ئەمانە شایستەی ئەوە نین ئەندامی پەرلەمان بن، ئەمانە بۆ هەمواری یاساكە دوو لیستیان ئامادە كردووە، یەكێكیان سوننەو ئەوی تری شیعەیە، ئینجا دەشڵێن ئێمە تائیفەگەرێتیی ناكەین، ئەمانە كە نەیانتوانی هەمواری یاسای باری كەسێتیی تێپەڕێنن، كەوتنە دژایەتی یاسای لێبوردنی گشتیی" ئیمامی مزگەوتی ئەبی حەنیفە وای وت. 
جوڵاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتیی لەلایەن پەرلەمانتارانی شیعەوە لەكاتێكدایە، پەرلەمان تاوتوێی دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتیی دەكات، یاسایەك كە لەسەرەتای دروستكردنی كابینەی محەمەد شیاع سودانییەوە سوننەكان كردوویانە بە مەرجی بەشداربوونیان لە حكومەتەكەدا.
بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە راگیراوان لەسەر دۆسیەی تیرۆر، لە پێكهاتەی سوننەن، لایەنە سیاسییەكانی سوننە دەركردنی ئەم یاسایە بە گرنگ دەزانن، چونكە بەگوێرەی راپۆرتەكان، بەشێكی زۆری ئەوانەی لەسەر پرسی تیرۆر راگیراون یاخود حوكم دراون، بەڵگەی تێوەگلانیان لە كردەوە تیرۆرسییەكان لەلایەن دادگاكانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوەو تەنیا لەسەر راپۆرتی هەواڵدەری نهێنیی حوكیمان بۆ دەركراوە، ئازادكردنی هەزاران كەس لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا، دەستكەوتی سیاسی گەورەیە بۆ لایەنە سوننەكانی بەشدار لە كابینەی سودانیدا. 
كابینەی سودانی كە دەستبەكرابوو، بەڵێنی دا بە كورد (بەدیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان)، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی حكومەت، یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەربكات بۆ چارەسەری كێشەی نەوتی هەرێم و بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم، حكومەتی سودانی لە شوباتی 2022وە دەستی بە گفتوگۆ كرد لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغداد، ئامادەكردن و دەنگدانی پەرلەمان بە رەشنوسەكە شكستی هێنا، بەمجۆرە حكومەتی سودانی بەڵێنەكەی بۆ پارتی نەبردە سەر. 
بۆ پێكهاتەی سوننەش كە داواكاری سەرەكییان دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتیی بوو، ئێستا هەمان بارودۆخی یاسای نەوت و غازی كورد دروستبووەو پێناچێت لێبوردنەكە دەربچێت، یاخود ئەگەر پەرلەمانیش پەسەندی بكات بەو شێوەیە بێت كە سوننەكان داوای دەكەن. 

هەوڵی سێیەمی شیعە بۆ هەمواری باری كەسێتیی
لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003 ئەمە جاری سێیەمە لایەنە شیعەكان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراقی دەدەن. هەوڵی یەكەم لە ساڵی 2014دا بوو، كاتێك شەقامی سوننە دژی حوكمڕانیی "تاكڕەویی" نوری مالیكی هەستاو دواجار "داعش" پارێزگا سوننەنشینەكانی كۆنترۆڵكرد، هەوڵی دووەمیش لە 2017دا بوو كاتێك كورد ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق، هەوڵی سێیەمیش كە ئەم رۆژانە دەركەوتووە، لەكاتێكدایە سوننەكان نیگەرانن لە حوكمڕانی شیعەو سەرلەنوێ باسی دروستكردنی هەرێمی سەربەخۆی سوننە دەكەن. 
ساڵی 2014 حەسەن شەمەریی وەزیری دادی ئەوكاتەی عێراق پرۆژە یاسای (باری كەسێتیی جەعفەریی) پێشكەش كرد، ئەمە مشتومڕێكی زۆری دروستكرد، رێكخراوەكانی ژنان بە توندی لەدژی وەستانەوە، بە پێشێلكردنێكی مەترسیداری مافەكانی منداڵان ناویان برد، بەوپێیەی رێگە بە هاوسەرگیری كچانی تەمەن (9 ساڵ) دەدات، ناڕەزایەتییەكان شكستی بە هەوڵەكەی وەزیری داد هێنا. 
پرۆژە یاسای باری كەسێتیی جەعفەریی بنەماكانی میرات و هاوسەرگیریی و جیابوونەوەو نەفەقەی دیاری دەكرد، ئەوكات ئەوانەی پشتیوانی پرۆژەكەیان دەكرد دەیانوت ئەم پرۆژەیە هیچ نییە جگە لە رێكخستنی كاروباری رۆژانەی ئەو كەسانەی كە شوێنكەوتەی مەزهەبی جەعفەرین. 
بەڵام نەیارانی پرۆژەكە، بەدیاریكراویش رەوتە مەدەنییەكانی عێراق باسیان لەوە دەكرد پرۆژەكە هەنگاونانە بەرەو دواوە، پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و پەرەپێدانی تائیفەگەرییە لە وڵاتێكدا كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەدەست ناكۆكی بەردەوامیی سوننەو شیعەوە دەناڵێنێت.
ناڕەزایەتییەكان شكستیان بە هەوڵەكەی وەزیری دادی ئەوكات هێنا لە ساڵی 2014دا، بەڵام شیعەكان ساڵی 2017 سەرلەنوێ بابەتەكەیان جوڵاندەوە، لەم ساڵەدا ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە داوای هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراقیان كرد، یاسایەك كە هاوسەرگیریی بەر لە تەمەنی 18 ساڵیی قەدەغە دەكات و بەدیاریكراویش رێگری لە پیاوانی ئاینیی دەكات ماف لە كەسوكاری كچان و كوڕان بسەننەوە لە پەنابردن بۆ دادگا مەدەنییەكانی دەوڵەت بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی. 
ئەوكات هەمواری یاساكە داوای ئەوە دەكرد، رێگە بە شوێنكەوتوانی هەردوو مەزهەبی (شیعەو سوننە) بدرێت هەریەكەیان بەگوێرەی مەزهەبی خۆی گرێبەستی هاوسەرگیریی بكات، لەلایەن ئەو كەسانەی كە هەریەكە لەو فەقیهەكانی دوو مەزهەبە بە جائیزیان داناوە گرێبەستی هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن.
ئەوكاتیش ئەوانەی پێشنیازی ئەم جۆرە هەموارەیان كردبوو لە یاسای باری كەسێتیی، روبەڕووی ناڕەزایەتی توندی شەقام بوونەوە، بۆیە بە ناچاری پاشەكشێیان كرد. 
یاسای باری كەسێتیی كارپێكراوی ئێستای عێراق كە ساڵی 1959 دەرچووە دەڵێ: مەرجە ئەو كچ و كوڕەی كە هاوسەرگیری دەكەن تەمەنیان گەیشتبێتە 18 ساڵ یاخود 15 ساڵ بن، بەڵام بە مۆڵەتی دادوەرو بەگوێرەی تەمەنی شەرعیی پێگەیشتن و توانای جەستەییان". 


ئەو پرۆژە یاسایەی كە چوار شەممەی رابردوو لەناو پەرلەماندا ناكۆكی دروستكرد، لەلایەن پەرلەمانتارێكی شیعەوە بەناوی (رائد مالیكی) پێشكەش كراوە، پرۆژەی هەموارەكە رێگا بە پیاوانی ئاینیی شیعەو سوننە دەدات بڕیار لەسەر كاروباری هاوسەرگریی و جیابوونەوەو میرات بدەن. 
ئەم پرۆژە هەموارە لەلایەن هەردوو لیژنەی یاسایی و، لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵانەوە بەرزكراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بكرێت و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت، رۆژی چوار شەممە كاتێك ناڕەزایەتیی لەسەر دروستبوو، سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناچار بوو لەسەر داوای ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران خوێندنەوەی پرۆژەی هەموارەكە دوای بخات. 
پێناچێت چارەنوسی ئەم هەوڵەی شیعەكان بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتیی لەوانی تر باشتر بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە ئیتر رایگشتیی ناوخۆو دەرەوەش ئاگاداربوون لەوەی هەموارەكە رێگە بە هاوسەرگیری كچان دەدات بەبێ دیاریكردنی تەمەنیان، كە ئەمەش جۆرێكە بە شەرعیەتدان بە هاوسەرگیری كچانی منداڵ. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand