"هەولێرو تاران.. بەرەو پتەوكردنی دۆستایەتی و دراوسێیەتی"
2024-07-30 12:43:22
(درەو):
(هەولێر و تاران ..بەرەو پتەوکردنی دۆستایەتی و دراوسێتی)، (دوێنێ لە پاریس ئەمڕۆ لە تاران ) ئەمانە چەند دروشمێكن كە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی هەرێم بەبۆنەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بڵاویكردوەتەوە.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەمە جاری دووەمە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دەچێتە تاران، جاری یەكەم لە 5ی ئایاردا سەردانی كۆماری ئیسلامی كردو چاوی بە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت، دوو هەفتە دواتر سەرۆكی ئێران هێلیكۆپتەرەكەی كەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆش كە جارێكی تر سەردانی تاران دەكاتەوە، سەردانەكەی بەمەبەستی بەشداریكردنە لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیان سەرۆكی نوێی ئێران و كە لە شوێنی سەرۆكی كۆچكردوو، لە هەڵبژێردنێكی پێشوەختەدا هەڵبژێردرا.
نێچیرڤان بارزانی و میوانەكانی تری ئێران دوای گەیشتنیان بە تاران، بەرەو بینای ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) دەچن، پزیشكیان لەوێ و لەبەردەم پەرلەماندا وەكو نۆیەمین سەرۆك كۆماری ئێرانی ئیسلامی سوێند دەخوات.
هەندێك لەو میوان و بەرپرسە باڵایانەی كە بۆ بەشداری لە مەراسیمەكە گەیشونەتە تاران، پێشوەختە دیداریان لەگەڵ ئاغای پزیشكیان كردووە.
پزیشكیان ئەمڕۆ سوێند دەخوات "پارێزەری مەزهەبی فەرمی، سیستەمی كۆماری ئیسلامی و دەستوری وڵات" بێت و "ئازادی و كەرامەتی تاكەكان و مافێك كە دەستور بۆ میللەت دانی پێداناوە" بپارێزێت.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەمە جاری دووەمە نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تاران، جاری یەكەم لەپیگەی سەرۆكی هەرێمەوە بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و كۆماری ئیسلامی تواندەوەو ئەمەش كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی پارتی و بەغداد بەجهێشت و دوای گەڕانەوەی لە تاران، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵایەكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست و هاوكات دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی عێراق 5 كورسی "كۆتا"ی بۆ پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان گەڕاندەوە كە پارتی جەختی لەسەر دەكرد.
سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی لە سەردانی یەكەمی جیاوازترە، ئەمجارە ئەو وەكو دۆستێكی كۆماری ئیسلامی چووەتە تاران، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە نوێیە بكاتەوە كە لە 5ی ئایارەوە بنەماكەی داناوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت سەرۆكایەتی هەرێم دروشمی " هەولێر و تاران ..بەرەو پتەوکردنی دۆستایەتی و دراوسێتی" بۆ سەردانەكەی ئەمڕۆ بەرزكردوەتەوە.
لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە لە ئۆكتۆبەری 2021، پەیوەندییەكانی هەولێرو تاران بەرەو ئاڵۆزی چوون، پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لە ناكۆكی ناو ماڵی شیعەی عێراقدا دژی بەرە ئێرانییەكە راوەستاو رێككەوتنی لەگەڵ موقتەدا سەدر كرد، ئەمە بەرپرسانی ئێرانی توڕەو نیگەران كرد، بەبەهانەی بوونی "مۆساد"ی ئیسرائیل دووجار كۆماری ئیسلامی بەشێوەی راستەوخۆ هەولێری موشەكباران كردو چەندجارێكی تریش گروپە شیعەكانی عێراق بە درۆن و موشەك پایتەختی هەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرت، بەڵام بەمدواییانە حكومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم (پارتی و یەكێتیی) لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێراندا پابەندبوونی خۆیان بە چەككردنی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە نیشانداوەو ئەمەش ئێرانییەكانی تاڕادەیەك هێوركردوەتەوە.