Draw Media

پشكی جەنگاوەرە دێرینەكان سەری حكومەت دەخوات

پشكی جەنگاوەرە دێرینەكان سەری حكومەت دەخوات

2024-08-05 12:51:21


راپۆرت: درەو
پێدانی رێژەی 30%ی پشكی دامەزراندن لە حكومەت بە كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان، سەری درێژترین تەمەنی حوكمڕانیی لە بەنگلادیش خوارد كە خاتوو (شێخە حەسینە) سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو، ئەم ژنە بڕیاریدا بە "مشتی پۆڵاین" روبەڕبووی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندكاران بوەستێتەوە، زیاتر لە 300 كەسی لێ كوشتن و 11 هەزاری لێ دەستگیركردن، بەڵام نەیتوانی كۆنترۆڵی بكات، دواجار دادگای وڵات بڕیاریدا پشكی دامەزراندنی كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان بۆ 5% كەمبكاتەوە، بەڵام ئەمەش ئیتر سودێكی نەما بوو، چونكە خوێنڕژا. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

خاتوون هەڵات !
خاتوو (شێخە حەسینە) سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش دواجار بە ناچاری دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو بەرەو هیندستان هەڵات، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی سەقفی داواكاری خۆپیشاندەران لە رەتكردنەوەی سیستەمی (پشكی دامەزراندن)ەوە بۆ روخاندنی حكومەتەكەی. 
دەستلەكاركێشانەوەو رۆیشتنی شێخە حەسینە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ خۆپیشاندەران دژی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ وەستانەوە كە سوپا رایگەیاندبوو، بڕیاریاندا بەرەو شاری (دەكا)ی پایتەخت بڕۆن، هەر وایان كرد، لە پایتەخت چونە سەر بارەگای سەرۆك وەزیران. 
هەزاران كەس لە خۆپیشاندەران توانییان بچنە ناو بارەگای سەرۆك وەزیرانەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەك لە خۆپیشاندان و پێكدادانی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان. 

فەرماندەی سوپا: حكومەتی كاتیی دروستدەكەین
ژەنەراڵ واكر زەمان فەرمانجەی سوپای بەنگلادیش هاتە سەر شەشەی تەلەفزیۆن، لە وتەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەی خاتوونی سەرۆك وەزیرانی راگەیاندو وتی: ئاشتی دەگەڕێنینەوە و گفتوگۆ هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی بەمەبەستی بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات. 
"لێكۆڵینەوە دەكرێت لە هەموو پرۆسەكانی كوشتن كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا روویانداوەو پێویست بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆو هیچ رێوشوێنێكی بەپەلەی تر ناكات" فەرماندەی سوپا وای وت، ئەمەش دوای ئەوەی سوپاكەی لە كۆتا ساتەكانی تەمەنی شێخە حەسینەی سەرۆك وەزیراندا قەدەغەی هاتوچۆی سەپاند. 
فەرماندەی سوپا داوای لە هاوڵاتیان كرد دەست لە توندوتیژی هەڵگرن و متمانە بە سوپا بكەن، رایگەیاند" داوا لە خوێندكاران دەكەم بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان و ئارام ببنەوە". 

100 كوژراو بڕینی ئینتەرنێت
لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا، ئاستی ئاڵۆزییەكان لە بەنگلادیش زیادیان كرد، نزیكەی 100 كەس لە پێكدادانی خۆپیشاندەران و لەلایەك و هێزە ئەمنییەكان و ئەندامانی پارتی پەیوەندی عەوامی (عەوامی بەزمانی ئوردیی بە واتای گەل دێت) كە شێخە حەسینە سەرۆكایەتیی دەكات لەلایەكی تر، كوژران. 
یەكێك لە رۆژنامەكانی ناوخۆی بەنگلادیش ئاشكرایكرد، تەنیا دوێنێ لە شاری (دەكا)ی پایەخت 95 كەس كوژراون، 14 كەسیان لە هێزە ئەمنییەكان بووە، ئەمە سەرباری برینداربوون سەدانی كەسی تر لە پێكدادانەكاندا. 
دوای ئەو رۆژە خوێناوییە، خۆپیشاندەران بەڵێنیاندا ئەمڕۆ بەرەو پایتەخت بڕۆن و داوای كەوتنی حكومەتەكەی شێخە حەسینە بكەن، بۆ ئەمەش گوێیان بە فەرمانی سوپا نەدا لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە. 
قەدەغەی هاتوچۆ، هاوكات بوو لەگەڵ بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی شەقامی توڕەی بەنگلادیش.

ناڕەزایەتی دژی چی ؟
ماوەی چەند هەفتەیەكە بەنگلادیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەخۆوە دەبینێت، ئەوانەی سەركردایەتی ئەم ناڕەزایەتییەیان كرد قوتابیان و خوێندكاران بووە، ناڕەزایەتییەكە دژی سیستەمێكە كە ناوی لێنراوە "پشكی دامەزراندن لە حكومەت"، سەرەتا تەنیا ناڕەزایەتی دژی ئەم سیستەمەی دامەزراندن هەبوو، بەڵام كە حكومەت وەڵامی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی نەدایەوە، داخوازییەكان سەریكێشا بۆ خستنی سەرۆك وەزیران و حزبی دەسەڵاتدار. 
بەگوێرەی ئەم سیستەمەی دامەزراندن لە بەنگلادیش، بڕیاردرابوو 30%ی تێكڕای پشكی دامەزراندن لە حكومەت بۆ ئەو كەسانە بێت كە سەربە خانەوادەی ئەو سەربازانەن، كە بەشدارییان لە جەنگی سەربەخۆیی بەنگلادیش و رزگاربوونی لەژێر دەستی پاكستان كردووە لە ساڵی 1973دا، خوێندكاران و دەرچوان پێیانوا بووە ئەمە بڕیارێكی نادادپەروەرانەیە. 
حكومەت و حزبەكەی سەرۆك وەزیران لە سەرەتاوە هەوڵیاندا لەرێگەی بەكارهێنانی هێزەوە ناڕەزایەتییەكان سەركوت بكەن، ئەمە وایكرد نزیكەی 300 كەس بكوژرێن، سەرباری ئەمە لەم چەند هەفتەی دوایدا (11 هەزار) كەس دەستگیركران. 
شێخە حەسینە خەڵكی ناڕازیی تۆمەتبار كرد بە "تێكدەر"و وتی:" ئەمانە بوون بە تاوانكارو دەبێت بە مشتی پۆڵاین مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت". 
بەڵام كاتێك سەركوتكارییەكانی سودی نەبوو، بازنەی ناڕەزایەتیی فراوان بوو، ئیتر دادگای باڵای بەنگلادیش بڕیاریدا پشكی دامەزراندن بۆ كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان لە 30%وە بۆ 5% كەمبكرێتەوەو رێژەی 95%ی دامەزراندن لەسەر بنەمای توانای كەسەكان بێت، بەڵام ئیتر كار لە كار ترازابوو، خۆپیشاندەران داواكارییەكانیان زیادی كردبوو بۆ لێپرسینەوە لەوانەی لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران تێوەگلابوون. 

كۆتایی حوكمی 15 ساڵەی خاتوو حەسینە
خاتوو شێخە حەسینە سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش و خوشكەكەی بە سواری هێلیكۆپتەرێكی سەربازیی وڵاتیان بەجێهێشت، بەمەش كۆاتایی بە حوكمڕانییەك هات كە تەمەنی دەگەیشتە 15 ساڵ. ئەم ژنە كە تەمەنی (76 ساڵ)ە، كانونی دووەمی رابردوو لە هەڵبژاردنێكدا كە نەیارە سیاسییەكانی بایكۆتیان كرد، بۆ خولی چوارەمی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵبژێردرایەوە. 
ئەو هەڵبژاردنە پرسیارو گومانی زۆری دروستكرد لەبارەی خاوێنیی پرۆسەكەو ئازادی دەنگدان تێیدا، بەتایبەتیش كە لە قۆناغی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەدا هەزاران كەس لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن زیندانیی كران، بەڵام حكومەتەكەی شێخە حەسینە بەرگری لە هەڵبژاردنەكە دەكردو دەیوت "دیموكراتیترین هەڵبژاردن بووە". 
شێخە حەسینە بە تەمەندرێژترین فەرمانڕەوای دادەنرێت كە لە بەنگلادیش لەسەر كورسی دەسەڵات ماوەتەوە، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (160 ملیۆن) كەسەو دەكەوێتە نێوان هیندو میانمارەوە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن.
پێشترو بەر لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەش، نەیارانی شێخە حەسینە باسیان لەوە دەكرد، حوكمڕانییەكەی ئەم ژنە بەرەو ستەمكاریی دەڕوات، وەكو "هەڕەشە بۆ سەر دیموكراتی" ناویان دەبرد، زۆرێك وای دەبینن ئەو خوپیشاندانەی كە كۆتایی بە حوكمڕانییەكەی هێنا بەرەنجامی ستەمكارییەكەی بوو. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand