هەرێم زیاتر لە 230 ملیار دیناری رادەستكردووە

Draw Media

2024-08-02 13:27:49



(درەو): 
ئەمساڵ بە تێكڕا، حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (230 ملیار) دیناری بەشێوەی كاش رادەستی حكومەتی فیدراڵ كردووە، ئەمە رێژەی 50%ی ئەو داهاتە نانەوتییە فیدراڵییانەیە كە لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگدا بەدەستهاتوون، سەردەمی لێبڕین "مقاصە" كۆتایی هات، ئێستا ئیتر بەغداد دەیەوێت بە كاش داهاتەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە.
بۆ جاری سێیەم، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكی وەكو داهاتیی نانەوتیی دامەزراوە فیدراڵییەكان لە هەرێم بەشێوەی كاش خستە سەر هەژماری بانكیی وەزارەی دارایی فیدراڵ لە لقی بانكی ناوەندیی عێراق لە هەولێر. 
ئەو بڕە پارەی ئەمجارە رادەستكراوە، وەكو " پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان" بۆ مانگی (نیسان)ی رابردوو ئەژماركراوەو بڕەكەی (74 ملیارو 844 ملیۆن و 532 هەزار) دینارە. 
ئەو بڕە پارەی كە ماوەی سێ مانگە هەرێم بەشێوەی كاش رادەستی بەغدادی دەكات، بریتییە لە ٥٠٪ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
لەدوای كەوتنی سەددامەوە، حكومەتی هەرێم هیچ كاتێك داهاتەكانی خۆی بەشێوەی كاش رادەستی بەغداد نەكردووە، بەردەوام بەشێوەی لێبڕین و لێدەركردن "مقاصە" ئەم بابەتەی لەگەڵ بەغداد پاكتاو كردووە، بەڵام لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقەوە، ئیتر كۆتایی بە مقاصە هات و هەرێم دەبێت داهاتی نەوتیی و نانەوتیی خۆی بەشێوەی پارەی كاش رادەستی بەغداد بكات. 
27ی ئایاری رابردوو، بۆ یەكەمجار وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی (85 ملیارو 199 ملیۆن) دیناری داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی (شوبات)ی ئەمساڵ بەشێوەی كاش خستە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
30ی حوزەیرانی رابردووش، بۆ جاری دووەم وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (70 ملیارو 131 ملیۆن و 250 هەزار) دیناری داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی ئازاری ئەمساڵ خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. 
واتا بە تێكڕا بۆ سێ مانگی ئەمساڵ (مانگەكانی 2+3+4)، حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (230 ملیار) دیناری وەكو داهاتی نانەوتیی بەشێوەی كاش رادەستی بەغداد كردووە. 
21ی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێم، حكومەتی فیدراڵی پابەندكرد بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، ئەمە بوو بە سەرەتای نزیكبوونەوەیەكی نوێ لەنێوان هەولێرو بەغداد بۆ چارەسەری ناكۆكییە داراییەكانی نێوانیان.
دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا لەبەرامبەر پابەندكردنی بەغداد بە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چەند پابەندییەكیشی خستە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، لەوانە: 
•    پێشكه‌شكردنی ته‌رازوه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی (میزان مراجعه‌)ی مانگانه‌ له‌و واده‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره‌ هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان.
•    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به‌ حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه‌، ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی  (2023-2024-2025).
•    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان.  
لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ بەغداد كردی، رۆژی 24ی نیسانی ئەمساڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئیمزای له‌سه‌ر بڕیارێك كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌ بۆ راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم به‌ حكومه‌تی فیدراڵ ده‌ریكردبوو‌. 
ئه‌م نوسراوه‌ كه‌ ژماره‌ (250)ی لێدراوه‌، تێیدا پاڵپشت به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (هه‌شته‌م) له‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (3)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو هه‌روه‌ها له‌به‌ر رۆشنایی حوكمی مادده‌كانی (12/دووه‌م/د)و (21/ دووه‌م) له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025)و حوكمه‌كانی مادده‌ی (29)ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ ژماره‌ (6)ی 2019ی هه‌مواركراو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 24ی نیسانی 2024دا به‌كۆی ده‌نگ بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی: 
* پشكی گه‌نجینه‌ی فیدراڵ له‌و داهاته‌ نانه‌وتییه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهاتوون، له‌ ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ژماره‌ (70018) له‌ لقی بانكی فیدراڵی دابنرێت، له‌ تێكڕای ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتییانه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی یاساو رێنماییه‌ داراییه‌كان و سیسته‌می ژمێریاری به‌ركار، وه‌كو داهاتی كۆتایی بۆ گه‌نجینه‌ تۆماركراون.  
* راسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان به‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ خه‌رجكردنی ته‌رخانكراوی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی به‌كارخستن و سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌مه‌ له‌پاڵ ته‌رخانكراوی موچه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ خشته‌ هاوپێچه‌كانی یاسای بودجه‌دا هاتووه‌. 
* له‌ رێكه‌وتی ده‌ستپیكردنی خه‌رجكردنی ته‌واوه‌تی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵه‌وه‌، ده‌بێت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand