درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔻 هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت؛ 🔹 لە عێراقدا ساڵانە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکرێت. 🔹 بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ساڵی 2024، "لە عێراق لە هەر (10) خولەکێکدا کەسێک بەهۆی جگەرەوە گیان لەدەست دەدات ، ژمارەی جگەرەکێشان گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی(10 ملیۆن) جگەرەکێش". 🔹 بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، تەمەنیان لە نێوان (۱۲ تا ۷۰) ساڵیدایە. 🔹 ئەگەر کەسێک لە تەمەنی (۱٥) ساڵییەوە تا تەمەنی (60) ساڵی بە بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە تەنها (1) پاکەت جگەرە بکێشێت و هەر پاکەتێک بە تەنها (1000)دیناری پێبدات، ئەو لە (45) ساڵدا (16 ملیۆن و 200 هەزار) دیناری بۆ جگەرە خەرجکردووە. 🔹 بەرزترین پاڵنەر بە ڕێژەی (45%) هاوڕێی جگەرە کێش هۆکارە بۆ جگەرە کێشان. ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٣١ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، جگەرە لەسەر ئاستی جیهان هۆکارێکە بۆ مردن، پیسبوونی ژینگه و چەندین نەخۆشی تر، ئەمساڵ ڕۆژەکە لە ژێر دروشمی (ئاشكراكردنی فێڵی فریودان) بەڕێوەدەچێت. ئەم دروشمە، فێڵ و هەڵخەڵەتاندنەكانی كۆمپانیاكانى توتن ئاشكرا دەکات كە بۆ ڕاكێشانی گەنجان و بەكارهێنەری نوێ بەكاردەهێنرێت، وەك ڕیکلامە فێڵكارەكان، بەكارهێنانی تامە جیاوازەكان، یان نیشاندانی جگەرە وەك نیشانەیەكی پێگەیشتن. جگەرەکێشان لە عێراق ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ۲۰۲٤ ڕایگەیاند کە عێراقییەکان ساڵانە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکەن. بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای کردووە لە ساڵی ۲۰۲٤، "جگەرەکێشان لە عێراق لە هەر ۱۰ خولەکێکدا کەسێک دەکوژێت، ژمارەی جگەرەکێشان لەماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی( ۱۰ ملیۆن) جگەرەکێش". ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین ڕێژەی پیاوان بەتایبەتی گەنجان و هەرزەکاران جگەرەکێشن، لە ئەنجامدا ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی چەندین کێشە، دیارترینیان کێشەی تەندروستی بەتایبەتی شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن، کە دەبێتە هۆی مردن. هاوکات زیانی ئابووریش بە خێزانەکان و وڵاتەکە دەگەیەنێت، بەو پێیەی عێراق بۆ کڕینی جگەرە ڕۆژانە شەش ملیار دینار خەرج دەکات و ساڵانە دوو ترلیۆن تێدەپەڕێنێت". بەم بۆنەیەوە وەزارەتی تەندروستی داوای لە حکومەت کردووە یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٢ جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک لە دامەزراوەکانی حکومەت، شوێنی داخراو، یان لە گواستنەوەی گشتیدا جگەرەکێشان گیرابێت، غەرامە دەکات. لە ساڵی ۲۰۱۲ پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشانی لە شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان دەرکرد، لەوانەش سزا و غەرامەکردنی سەرپێچیکاران. بەڵام هێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە. "بەهۆی بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ بە دوکەڵی تووتن، لەسەدا ( ٤٥%) عێراقییەکان بەدەست دوکەڵی دەستی دووەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا لەسەدا(20)عێراقییەکان کە تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاترە، جۆرەها جگەرەی جیاواز دەکێشن. لە کۆتا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ۲۷ی ئایار ۲۰۲٥دا. رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی سەر هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی و توتنی گەرمکراو هەڵبگرێت، بەجۆرێک لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان (١٩)ی ساڵی (۲۰۱۲) و یاسا کارپێکراوەکانی دیکە ناکۆک نەبێت. جگەرە و نێرگەلە لە هەرێمی كوردستان ساڵی ۲۰۰۷ پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی پەسەندكرد بەناوی یاسای ژمارە (۳۱)ی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، ساڵی ۲۰۰٨ یاساكە هەمواركرایەوەو بە بڕیارێك خرایەبواری جێبەجێكردن. بەپێی ئەو یاسایە، ریكلامكردن بۆ جگەرە لە هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوەو سەرپێچیكار بە بڕێك پارە كە لە (٤۰۰ هەزار) دینار كەمتر نەبێتو لە (۲ ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ریكلامەكەی پێ لادەبرێت. بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، لە تەمەنی (۱۲ تا ۷۰) ساڵ جگەرە کێش هەیە. بەپێی ڕاپرسی ڕێکخراوی ژیانی تەندروستی لە ۲۰۰٨: لە (٤۳%) جگەرە کێشەکان لە نێوان تەمەنی ۱٥ تا ۲٥ ساڵیدان، لە (۱٨%) جگەرە کێشەکان ئافرەتانن، لە (۳۲%) پزیشکان جگەرە کێشن، لە (۳%) زانایانی ئایینی جگەرە کێشن، لە (۳٦%) گەنجان نێرگەلە کێشن، لە (۲٥%) لە ناو قوتابیانی زانکۆ نێرگەلە دەکێشن. هۆکارەکانی زۆر بەکارهێنانی جگەرە لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی جگەرە و بەرھەمە توتنییەکان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی تەندروستی گشتی، بە تایبەت لە ناو گەنجان و هەرزەکاران، بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژەی جگەرەکێشان لە نێو پیاواندا بەرزە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان و تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش بەشدارن لەم پەتایە، ئەویش بەهۆی؛ • هەرزانی نرخ، نرخی جگەرە لە هەرێمی کوردستان هەرزان و دەستککەوتنیشی ئاسان و بەردەستە، بە بەراورد بە وڵاتانی تر. • گەیشتن بە دەست هەموو تاکێک، بەهۆی بوونی جگەرە لە شوێنە گشتیەکان، و دەست کەوتنی لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵ بە تایبەتی هەرزەکاران. • ڕیکلام و بازرگانی، ڕیکلام و بانگەشەکردن بۆ جگەرە لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کومەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان. • کارنەکردن بە یاسا و ڕێنماییەکان، نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتن و بەکارهێنانی جگەرە، لە شوێنە گشتییەکان. جگەرە یەکێک لە هۆکار و مەترسییدارەکان بۆ سەر ژینگە 1. پیسبوونی هەوا: دوکەڵی جگەرە ماددەی کیمیایی زیانبەخشی تێدایە کە بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا. 2. پیسبوونی خاک: ئەو پاشماوانەی جگەرە کە لەسەر زەوی فڕێدەدرێن، خاکەکە بە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان پیس دەکەن و کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەکەکان دەبێت. 3. پیسبوونی ئاو: دزەکردنی پاشماوەی جگەرە بۆ ناو ڕێڕەوی ئاو و دەریا و زەریاکان ئاو پیس دەکات و زیان بە ژیانی دەریایی دەگەیەنێت. 4. دارستانبڕین: چاندنی تووتن پێویستی بە ڕووبەرێکی زۆری زەوی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی زەوی. 5. کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان: پیشەسازی تووتن پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو و زەوی و وزە هەیە، ئەمەش بەشدارە لە کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان. 6. پاشماوەی ژەهراوی: پاشماوەی جگەرە و ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی جگەرەدا بەکاردەهێنرێن، پاشماوەی ژەهراویین کە ژینگە پیس دەکەن. زیانە گشتیەکانی جگەرەکێشان 1. جگەرەکێشان زیانی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و شێرپەنجە. 2. جگەرەکێشان(هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی کەسانی دیکە) هەروەها زیان بە تەندروستی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە جگەرە ناکێشن. 3. جگەرەکێشان کاریگەری لەسەر کوالیتی ژیان دەبێت و لەشجوانی کەمدەکاتەوە. 4. جگەرەکێشان دەبێتە هۆی ئالوودەبوون بە نیکۆتین. 5. جگەرە زیانێکی بەرچاو بە ژینگە دەگەیەنێت. بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و خاک و ئاو و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان هەیە و سەرچاوە سروشتییەکان کەم دەکەنەوە. 6. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی جگەرە کاریگەری نەرێنی لەسەر دارستان و ڕێڕەوی ئاوەکان هەیە و پاشماوەی ژەهراوی زیاد دەکات. 7. جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت لە سەرانسەری جیهاندا. 8. جگەرەکێشان زیان بە نزیکەی هەموو ئەندامێکی لەش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ. زیانەکانی جگەرەکێشان بە ژمارە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بازاڕی جگەرەی ئەلیکترۆنی گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت قەبارەکەی بگاتە (٢٧.٢ ملیار) دۆلار و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەکردنی تا ساڵی ٢٠٣٣ بگاتە (٤١.٦ ملیار دۆلار)، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە وڵاتان هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن دەگرنەبەر، (٥٦) وڵات پابەندن بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن بە ڕێژەی ٣٠% بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠. هەر بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بەکارهێنانی تووتن لەسەر ئاستی جیهان: لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٢.٣%ی دانیشتوانی جیهان تووتنیان بەکارهێناوە، ٣٦.٧%ی پیاوان و ٧.٨%ی ژنان بوونە. بەکارهێنانی تووتن لەنێو ئافرەتان: لە ساڵی ٢٠١٨دا (٢٤٤ ملیۆن) ژن تووتنیان بەکارهێناوە. دەربارەی ڕێژەی مردنیش بەهۆی جگەرەوە، پەتاى تووتن تا ئێستاش مەترسیەکى گەورەى تەندروستى ماوەتەوە و ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت، بەگوێرەى ئامارەکانی ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى. زیانە داراییەکانی جگەرەکێشان لەسەر تاک - ئەگەر کەسێک لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە جگەرە بکێشێت بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە ۲۰ جگەرە بێت ئەوا؛ ۲۰×۳۰ ڕۆژ = ٦۰۰ جگەرەی مانگانە دەکات. ٦۰۰×۱۲ مانگ = ۷۲۰۰ جگەرەی ساڵانە. ۷۲۰۰×٤٥ ساڵ = ۳۲٤۰۰۰ جگەرە لە تەمەنی. - هەر پاکەتێک ۲۰ جگەرەیە. ۳۲٤۰۰۰÷۲۰ = ۱٦۲۰۰ پاکەتی کڕیوە. ۱٦۲۰۰×۱۰۰۰ دینار = ۱٦۲۰۰۰۰۰ دینار. هۆکارەکانی جگەرە کێشان بەپێی چەندین توێژینەوە و ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە هۆکارەکانی جگەرەکێشان: • (٤٥%) هاوڕێی جگەرە کێشە. • (۲٥%) نەزانینی زیانەکانی جگەرە و نێرگەلە. • (%۱۰) کاتی بێکاری. • (۱۰ %) تاقیکردنەوەیە. • (٥ %) خۆ بە گەورە زانینە. • (٥ %) دایک و باوکە. چەند ڕاستیەک دەربارەی جگەرە کێشان • جگەرەکێشان ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس دەکوژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی پەیوەست بە جگەرەکێشان لە هەر پێنج چرکەیەکدا، ملیۆنێک زیاتر لەوەی کە ساڵانە لە ئەنجامی HIV، سیل و مەلاریا بەیەکەوە ڕوودەدات. • بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ئەمڕۆ لە جیهاندا یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن جگەرەکێش هەن. • بە تێکڕا جگەرەکێشان ١٣ ساڵ لە تەمەنت دەبڕێت. ئەگەر تووشی ئایدز بوویت، ئەو ژمارەیە بۆ ١٦ ساڵ زیاد دەکات. • جگە لە شێرپەنجە، جگەرەکێشان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زۆر زیاد دەکات. • جگەرەکێشان کێشەیەکە کە زۆرترین زیان لە خەڵکی هەژار دەدات. لە ڕاستیدا، ٨۰ %ی جگەرەکێشەکانی جیهان لە وڵاتانی کەم دەرامەت تا مامناوەنددا دەژین. • لە پێنج جگەرەدا ئەوەندە نیکۆتین هەیە کە بە تێکڕا کەسێکی پێگەیشتوو بکوژێت، ئەگەر بە تەواوی هەڵبمژرێت، زۆربەی جگەرەکێشەکان بە تێکڕا ۱ بۆ ۲ میلیگرام نیکۆتین لە هەر جگەرەیەکدا هەڵدەمژن. • شێرپەنجەی سییەکان تاکە نەخۆشی شێرپەنجەیی نییە کە دەتوانیت بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی ببیت. هەندێکی تریش بریتین لە شێرپەنجەی میزڵدان، خوێن، مۆخی ئێسک، ملی رەحم، قۆڵۆن، سورێنچک، گورچیلە، قوڕگ، جگەر، دەم، پەنکریاس، کۆم، گەدە و قوڕگ • دوکەڵی جگەرە زیاتر لە ٧ هەزار مادەی کیمیایی تێدایە کە ٧٠ لەو ماددانە ناسراون کە دەبنە هۆی شێرپەنجە
درەو: بڕیارە رۆژی یەكشەممە هادی عامری بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی بارزانی بكات لە پیرمام، پەیمانی بەغداد و چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەیەنێتە بارزانی. پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت كە حكومەتیان پێكهێناوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستاداە توڕەیەن لە سیاسەتەكانی پارتی و گۆمانیان هەیە لە جموجوڵەكانی ئەم دوایەیان، بەتایبەتیش چوونە بەرەی ئەمریكا و رێككەوتنی گازی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان و بانگەشەی گۆڕانكاری لە عێراق و كۆبوونەوەی نهێنی ئەمنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی چەند وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆیە سەردانەكەی هادی عامری یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ روونكردنەوەی ئەو گومانانەیە كە لەسەر پارتی هەیانە. وەك لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە،رۆژی دووشەممە 2/6/2025 كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەیی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكردنە لەسەر بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق تایبەت بە راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر پێ ئەو وادەیە دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە پارتی بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بدات (حكومەت و پەرلەمان)، ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەگەری ئەوەیە هەیە پارتی بەتەواوەتی بە حكومەت و پەرلەمانەوە بكشێتەوەو لەرێگەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانیشیەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت. لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی میكانیزمی تر بۆ ناردنی مانگەكانی تر. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چاوەڕوان دەكرێت پێش جەژن بڕیار بدرێت بە قەرز موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت، ئەمەش بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت. بەپێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق چەند جارێك حكومەتی عێراق بڕی پارەی ناردووە بۆ هەرێم وەك قەرز ئەژماری كردووە. پارتی سبەینێ شەممە كۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسیەكان دەكات لە پیرمام، كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسییەو سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پارتی بەشدار نابن تیایدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بایكۆتی كۆبوونەوەكەیانكردو یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی تریش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بەشدار دەبن و پارتی دەیەوێت رای لایەنەكان وەربگرێت و لەهەمانكاتدا پەیامی خۆشی بگەیەنێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد.
درەو: پارتی دیموكراتی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی سەرجەم حزبەكانی ئاگاداركردووەتەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەك لە پیرمام كە سبەینێ كاتژمێر (11) بەڕێوەدەچێت و سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و بڕیاری نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە، بەشێك لە حزبەكان بڕیاریان داوە بەشداری بەكەن و بەشێكی تریان بڕیاریان داوە بەشداری نەكەن. * ئەو حزبانەی بەشداری دەكەن - پارتی دیموكراتی كوردستان - یەكێتی نیشتمانی كوردستان - حزبی شیوعی كوردستان - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان - بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) * ئەو حزبانەی بەشداری ناكەن - جوڵانەوەی نەوەی نوێ - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی - كۆمەڵی دادگەری كوردستان - بەرەی گەل - بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دوای وەستانی نەوت بە بۆری لە (2023 – 2024) دا بریتی بووە لە: • ساڵی 2023: (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار • ساڵی 2024: (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار داهاتی نەوتی هەرێم (2023 - 2024) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2025) نەكردووە، بەڵام بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بە بڕی (9 ترلیۆن و 415 ملیار و 18 ملیۆن و 245 هەزار) دینار خەمڵاندراوە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (1)دا هاتووە. لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری لە 25/3/2023 ەوە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەمدەهێنن، (درەو) لە مانگی یەكی ئەمساڵ راپۆرتێكی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوت و داهاتەكەی بڵاوكردەوەو تەواو نزیكە لەو ژمارەیەی كە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویكردووەتەوە " لە ساڵی 2024دا لە كێلگەكانی هەرێمی كوردستاندا رۆژانە (310 -320) هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، كۆی داهاتەكەی (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار بووە، (2 ترلیۆن و535 ملیار ) دیناری بۆ حكومەت و (2 ترلیۆن و 74 ملیار ) دیناری بۆ كۆمپانیاكان بووە". دەقی راپۆرتەكەی (درەو) نەوت لە 2024 دا: زیاتر لە (110) ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە بە (4) ترلیۆن دینار
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە خشتەو داتاكانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم، بڕی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرزو ئەو تەمویلانەی خستووەتەڕوو كە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، بە دوو خشتە داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی خستووەتەروو: لە ساڵی 2023: كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: 14 ترلیۆن و 699 ملیار دیناربووە. لە ساڵی 2024: كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: 20 ترلیۆن و 164 ملیار دیناربووە كۆی گشتی داهاتەكانی 2023 – 2024: 34 ترلیۆن و 863 ملیار دیناربووە. ساڵی 2023: • داهاتی نەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نانەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە، • نەوتی و نانەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە • قەرزی بانكە حكومییەكانی عێراق: بڕی ( ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار • بڕی پارەی نێردراو لەلایەن بەغدادەوە: ( 3 ترلیۆن و 98 ملیار) دینار • كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرز و تەمویلاتەكان بۆ حكومەتی هەرێم لە 2023 دا: (14 ترلیۆن و 699 ملیارو 142 ملیۆن) دینار • پشكی هەرێمی كوردستان لە 2023 دا: (10 ترلیۆن و 567 ملیارو 893 ملیۆن و 338 هەزار ) دینارە • پارەی ماوە لای هەرێمی كوردستان لە 2023دا: ( 4 ترلیۆن و 131 ملیارو 249 ملیۆن و 213 هەزار) دینارە. ساڵی 2024: • داهاتی نەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە • نەوتی و نانەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 406 ملیار و 440 ملیۆن و 316 هەزار) دیناربووە • بڕی پارەی نێردراو لەلایەن بەغدادەوە: ( 10 ترلیۆن و 786 ملیارو 352 ملیۆن و 903 هەزار) دینار • كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرز و تەمویلاتەكان بۆ حكومەتی هەرێم لە 2023 دا: (20 ترلیۆن و 164 ملیارو 624 ملیۆن و 258 هەزار) دینار • پشكی هەرێمی كوردستان لە 2023 دا: (12 ترلیۆن و 167 ملیارو 875 ملیۆن و 969 هەزار ) دینارە • پارەی ماوە لای هەرێمی كوردستان لە 2023دا: ( 7 ترلیۆن و 996 ملیارو 748 ملیۆن و 289 هەزار) دینارە
د. سانا كەمال، پارێزەری ڕاوێژکار ( خۆیندنەوەیەکی دەستوری بۆ شەرەکەی " بوکە هەرێمیەکە و خەسوە فیدراڵیەکە " ) بەهۆی بەردەوامی ناکۆکیە دارایی و سیاسیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی چەندین جار گواستنەوەی ئەو پارانەی کە بۆ حکومەتی هەرێم تەرخانکراون ڕاگرتوە یان دواخستووە. سەرەتا بە پرسیارێک دەست پێ دەکەین، ئەم کێشەیە ( کەی و بۆ ) سەری هەڵدا؟ وە لەکاتی ئیستا بە کوێ گەشتووە ؟ دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن، هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 پێگەی نیمچە سەربەخۆیی بەدەستهێنا، کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی ناسێنرا. بەڵام پرسی بودجەی گشتی و پشکی هەرێم (بەتایبەت داهاتی نەوت) وەک خاڵی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم مایەوە. لە ساڵی 2004 تا 2013 هەرێم پشکی خۆی لە بودجەی عێراق (17%ی خەرجییە پلان بۆ داڕێژراوەکان) وەردەگرت، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم هەموو هەناردەی نەوتی خۆی ڕادەستی بەغدا نەدەکرد، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تورکیاوە دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد. لە ساڵی 2014 لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی داعش، بەغدا دەستی بە ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی کرد، وە حکومەتی فیدراڵ هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە پابەندنەبوە بە جێبەجێکردنی پابەندیەکانی سەرشانی و ڕادەستکردنی داهات، هەر بۆیە بڕیاری دەرکرد بە راگرتنی پارەی بودجە و موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم لە بەرامبە ئەم کردارەی حکومەتی فیدراڵ، هەستا بە پێدانی موچە لە داهاتە ناوخۆییەکان وەک چارەسەرێک بۆ دۆخەکە، بەڵام ئەم چارەسەرە شەل بوو، هەر بۆیە قەیرانی پاشەکەوتی موچە دەستی پێکرد. لە ساڵی 2017 هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، کە بەغدا بە نادەستوری زانی و شەپۆلی گرژیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی گەیاندە لوتکە. دوای هەڵبژاردنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخەکە کەمێک باشتر بوو، وە حکومەتی فیدراڵ دەستی کردەوە بە ناردنی بەشێک لە موچەی فەرمانبەران. وە لە سەردەمی حکومەتی کازمی و پاشان لە کاتی ئیستا لە حکومەتی سودانی، حکومەتی فیدراڵ و هەرێم هەوڵیانداوە ڕێکەوتنی نوێ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیە دارایی و نەوتیەکان دابمەزرێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە و دەستێوەردانی سیاسی ئەو رێکەوتنانە بە وەستاوی ماوەتەوە و نەبۆتە چارەسەرێک بۆ کێشەکان. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە دێتە پێشەوە کە ئەویش ئەوەیە: ئایا حکومەتی فیدراڵ لە ڕوی دەستوریەوە مافی نەناردنی موچەی هەیە؟ بەگەرانەوە بۆ دەستوری عێراقی ساڵی 2005 وبەتایبەت مادەی 14ى دەستوری عێراق کەتیایدا هاتوو: (عێراقیەکان بە بێ جیاوازی لەبەردەم یاسادا یەکسانن بەبێ جیاوازیکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، بنەچە، ڕەنگ، ئاین، مەزهەب، باوەڕ، بۆچون، یان پێگەی ئابوری یان کۆمەڵایەتی). ئەمەش واتە: هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێم و هاوڵاتیانی پارێزگاکانی تردا نابێت هەبێت، لە مافە سەرەتاییەکان، وەک موچە. وە مادەی 117 کە تیایدا هاتوە: (ئەم دەستورە، لە کاتی چونە بواری جێبەجێکردنیدا هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسنێت). ئەمەش واتە: هەرێم بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، و هاوڵاتیەکانیشی هەمان مافە گشتیەکانی هاوڵاتیە عێراقەکانیان هەیە. وە هەروەها مادەی 111 کە تیایدا هاتوە: (نەوت و گاز هی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێمەکان وپارێزگاکان) ئەمەش بە واتای ئەوەی: داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان هی هەموو گەلی عێراقە. پێش جوابدانەوەی پرسیارە سەرەکيەکەی ئەم وتارەمان، دەبێت بگەرێنەوە بۆ سێ بنەمای گشتی یاسايی کە دەبێت رەچاو بکرێت، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە: یەکەم: بنەمای بەردەوامی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، ئەم پرەنسیپە لە فیقهی ئیسلامی و دەسەڵاتی دادوەریدا بە باشی چەسپاوە، کە خزمەتگوزاریە گشتیە جەوهەریەکان (لەوانەش پێدانی موچە) دەبێ بەبێ پچڕان تەنانەت لە حاڵەتەکانی ململانێی سیاسی یان داراییدا بەردەوامبن. دووەم: بنەمای قبوڵ نەکردنی سزای بەکۆمەڵ، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەرکەکان لەلایەن حکومەتێکی هەرێمیش، نابێت هاوڵاتی و فەرمانبەران وەک گروپێک سزا بدرێن، چونکە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەستیان لە ململانێکاندا نییە. سێیەم: بنەمای مافی موچەی فەرمانبەر، موچە بەرامبەر ئەنجامدانی کارە، مافێکی کەسییە کە لە پەیوەندیی دامەزراندنەوە سەرهەڵدەدات و هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی دارایی نێوان حکومەتەکانەوە نییە. کەواتە دەتوانین بڵێن نە لەڕوی دەستوری و نەلەڕوی یاساییەوە ڕێگەپێدرا نییە بۆ حکومەتی فیدراڵی موچەی تەرخانکراو بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، بەو پێیەی موچە بە مافێکی شەخسی دادەنرێت کە دەستور و یاسا گەرەنتی کردوە، و هیچ پەیوەندیەکیشیان بە ناکۆکیە سیاسی و ئیداریەکانی نێوان هەردوو حکومەتەوە نیە. کۆتا پرسیار كە دێتە پێشەوە لەم بابەتەدا ئەوەیە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ دەبینێت کە سیاسی و بەرپرسەکانی هەرێم پێشێڵکاری ئەکەن بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ، بۆ سزایان نادا، بۆ سزاکە بەس لەسەر شانی خەڵکە فەقیر و رەش و ڕوتەکەیە؟ ئەمە لەگەڵ ئەوەی چەندین دەرگا هەیە لە رێگەیەوە حکومەتی فیدراڵ ئەتوانێ سزای سیاسی و بەرپرسەکان بدات بە دور لە موچە و قوتی خەڵکی رەش و روت، لەو دەرگایانەش: یەکەم: دەرگا دەستوریەکان، لە رێگەی ڕەوانەکردنی هەر بەرپرسێکی هەرێم کە دەستور پێشێل دەکات بۆ دەسەڵاتی دادوەری (دادگای باڵای فیدراڵی)، وە هەروەها تانەدان لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم لەبەردەم دادگای فیدراڵی، وە لێپرسینەوە لە هەرێم لە ڕێگەی پەرلەمانی فیدراڵی لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە و یاسا فیدراڵیەکان. دووەم: دەرگا داراییەکان، حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت ئەو گواستنەوە داراییانەی کە بۆ حکومەت تەرخانکراوە ڕابگرێت ئەگەر سەلمێندرا کە حکومەتی هەرێم پابەند نییە بە خەرجکردنی داهاتە سەروەرییەکان (وەک نەوت)، بەڵام ئەمە هەرگیز موچەی فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەو پێیەی بە پابەندبونێکی ڕاستەوخۆی ناوەند بەرامبەر بە تاک دادەنرێت. لە کۆتایدا دەڵێن نابێت هاوڵاتیان سزا بدرێن لەسەر هەڵەی سیاسەتمەداران بە بڕینی موچە، وە هەروەها ناکرێ کابرا بە پیر نەوێری بێت لە گەنجەکە بدات، و وابزانێ بەو شێوەیە پیرەکە ئیتر بەقسەی ئەکا.
درەو: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندییە دەستورییەکانی بەرامبەر دەوڵەتی عێراق جێبەجێبكات، لە سەرو هەموویانەوە، رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان و باج و داهاتی سنورەکان و رێزگرتن لە سەروەری، لە بەرامبەر داواكردنی شایستە داراییەکانی. خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو كەناڵی "الاولی و العهد" وتی: خەونی جیابوونەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە بەهێزی ئامادەیی هەبووە لە سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمداو، روخساری بە روونی لە ریفراندۆمی (٢٠١٧)دا دەرکەوت. سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی عێراق بە گیانێكی ئەرێنیەوە مامەڵەی كردووە، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە، كە ساڵانە دەگاتە دە ترلیۆن دینار، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتەكانی. خەزعلی وتیشی: لە سلێمانیش ئەوەم وت، ئێمە پشتگیری لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو ئاڕاستەیە رابگرێت کە کوردستان لە عێراق دوور دەخاتەوە و، پابەند بێت بە ئەرکەکانیەوە، هەروەك چۆن داوای مافەکانی دەکات. ئەمینداری عەسائیب، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا ئاماژەی بە بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە كردو وتی: پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت. بارهەڵگرەكان نەوت بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان نە بە نهێنی، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت. جەختیشكرد لەوەی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی گەورە نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و، بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساو هێنانەوە. وەك ئەو وتی: بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی خەونی کوردە بۆ جیابونەوە، کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ واشنتۆن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیە، كە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدایە لەوبارەیەوە رووینەداوە. باسی لەوەشكرد: ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش پابەندکەرن بۆ هەمووان. داواشی لە سەرکردایەتی هەرێم كرد، پابەندبن بە بڕیارەكان و پەیوەستبن بە دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیری.
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا: سەبارەت بە هەندێك لێدوان و شرۆڤە بۆ نوسراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەبارەی نەناردنی موچەی مانگی ئایار، دەمانەوێت هۆكارەكانی رەوانەكردنی پارە لەم خاڵانەدا رونبكەینەوە: 1-یاسای بودجەی فیدراڵی پەسەندكراو بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025) ژمارەی (13) ساڵی (2023)، بڕگەكانی پابەندبوونی بەرامبەری حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی دیاریكردووە، هاوكات لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی. 2-لە دەقی یاساكەو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا، داوا لە حكومەتی هەرێم كراوە داهاتە نەوتی و ناتەوتیەكان رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات، وەزارەتی دارایش پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات، وەزارەتی دارایی پابەندبووە بە یاساكەو بڕیارەكەی دادگا، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە. 3-بەگوێرەی یاسا، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم راپۆرتیان لەبارەی حساباتەكانی حكومەتی هەرێم دەركردووە، روون بووەوە كە داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حكومەتی فیدراڵ نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی دابین كردنی پارە لە وەزارەتی داراییەوە لە چوارچێوەی پشكی دیاركراوی هەرێمدا بووە لە یاسای بودجە، بەڵام حكومەتی هەرێم داهاتەكانی رادەست نەكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی تێپەڕاندنی پشكی هەرێم، كە لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە. 4-ئەو پێشێلكردنە وەزارەتەكەمانی ناچار كرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، وەك ئەوەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵی كارپێكراودا هاتووە. 5-حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە تەوتینی موچە بەپێی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەرەڕای تێپەڕبونی ماوەیەكی درێژ. 6-بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم بەهۆی پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەران و خانەشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە ئەنجامی رادەست نەكردنی داهاتە نەوتی و ناوتیەكان بە خەزێنەی گشتی. 7-پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، بەپێی یاسای بودجەی گشتی و دەستنەكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوت دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، زیانی تریلیۆنەها دیناری لە خەزێنەی گشتی داوە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی كە لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمەوە دەرچوون.
(درەو): وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەڵامی نوسراوەكەی دوێنێی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە سەبارەت بە راگرتنی تەمویلی موچەی هەرێم بۆ هەشت مانگی ئەمساڵ. لە نوسراوەكەدا كە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ئیمزای لەسەر كردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەم خاڵانە كردووە: • ئەو رێگایەی كە وەزارەتەكەتان گرتویەتیەبەر بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پشتبەست بە خەرجی راستەقینە، پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوری عێراقە بەدیاریكراوی ماددەی 121/دووەم كە دەڵێ ((بۆ هەرێم و پارێزگاكان پشكێكی دادپەروەرانە لە داهاتە بەدەستهاتووە فیدراڵییەكان دابین دەكریت كە بەشی ئەوە بكات بتوانن بە ئەرك و بەرپرسیاریتییەكانیان هەستن)). • پشتبەستن بە نوسراوی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (4/فیدراڵی 2025/303) لە 10/2/2025 نەك (بڕیار- وەكو ئەوەی لە نوسراوەكەتاندا هاتووە) لە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادروستەو ناوەڕۆكێك لەخۆدەگرێت كە لە نوسراوەكەدا نییە، چونكە نوسراوەكەی دادگای فیدراڵی هیچ ئاماژەیەكی روون یاخود ناواخنی تێدا نییە سەبارەت بە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم... • بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (224 یەكخراوەكەی 269/فیدراڵی 2023 كە لە 21/2/2024 دەرچووە) دەڵێ موچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێم لە پشكی ساڵانەی خۆی خەرج بكرێت، ئەم بڕیارەش لەلایەن وەزارەتەكەتانەوە لە مانگی شوباتی 2024و مانگەكانی دواتریدا جێبەجێ كراوە، مەبەست لەمەش تەرخانكراوەكانە لە لیستی هاوپێچی یاسای بودجە نەك رێژەی 21،67%ی خەرجی راستەقینەی عێراق (پاش لێدەكردنی خەرجی حاكیمەو سیادی)... • رێككەوتن كراوە لەسەر لیست و خەمڵاندنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی و زیندانیانی سیاسی و بریندارانی چەكی كیمیاویی لە هەرێم، ئەنجامی خەمڵاندن و تەرخانكراوەكانی ساڵی 2025 بریتییە لە تەرخانكردنی بڕی (13 ترلیۆن و 334 ملیارو 587 ملیۆن) دینار، ئەمەش لەكاتی سەردانی وەفدی هەرێمدا بوو بۆ بەغداد لەسەرەتای ئەمساڵدا بەئامادەیی و سەرپەرەشتی خۆتان (مەبەستی تەیف سامییە)، لەم بڕە پارەیە، هەژماری حكومەتی هەرێم بە بڕی (4 ترلیۆن و 223 ملیارو 625 ملیۆن و 165 هەزار) دینار تەمویل كراوە، واتا بڕی ئەو پارەی كە بۆ ساڵی 2025 ماوەتەوە بریتییە لە (9 ترلیۆن و 110 ملیارو 961 ملیۆن و 835 هەزار) دینار. هەر لە نوسراوەكەیدا، وەزارەتی دارایی هەرێم باسلەوە دەكات كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەڕوانگەیەكی ناوەندیی و لێكدانەوەی تاكلایەنەی خۆیەوە ئاماژەی بە هەندێك ژمارە كردووە لەوانە بڕی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم كە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی و حسابكردنی داهاتە نەوتییەكانی هەرێم بەبێ حسابكردنی خەرجییەكانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و شایستەی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی كوردستان و ئەو بڕەی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەباو بەكارهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەكان تەرخان دەكرێت. دەقی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی: 🔹 كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2023 - 2024) زیاتر لە (9 ترلیۆن و 415 ملیار 18 ملیۆن) دینار بووە، بە ڕێژەی (47%) ی كۆی داهات. 🔹 كۆی داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2023 - 2025) زیاتر لە (10 ترلیۆن و 522 ملیار 690 ملیۆن) دینار بووە، بە ڕێژەی (53%) ی كۆی داهات. 🔹 كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم نزیكەی (19 ترلیۆن و 938 ملیار) دینار بووە، بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 137 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (3%) گەڕیندراوەتەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی و زۆرتر لە (19 ترلیۆن و 339 ملیار و 193 ملیۆن) دیناری لای حكومەتی هەرێم ماوەتەوە. داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم لە ماوەی (2023 - 2025) ڕۆژی (28/5/2025) وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوی ژمارە (14502) لە (28/5/2025) نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان/ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئایاری 2025 ئاگادار كردووە، كە هەرێمی كوردستان تەجاوزی پشكی (12.7%)ی خۆی كردووە كە بە (13.547) ترلیۆن دینار دەخەمڵیندرێت لە كۆی خەرجی فعلی بە پێی ماددەكانی یاسای بودجەی ئیتحادی ژمارە (13)ی ساڵانی (2023/2024/2025)، بۆیە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی ژمارە (4/ئیتحادی/2025/203)، وەزارەتی دارایی بەپێی یاسا ناتوانێت بەردەوام بێت بە خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم هەڵنەساوە بە تەوتین كردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە پشتی بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی بەستووە، داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی لە ماوەی (2023 - 2025) بەم جۆرە خستووەتەڕوو كە لە خشتەكەو تەوەرەكانی دواتردا ڕونكراوەتەوە. خشتە 1. داهاتی نەوتی هەرێم (2023 - 2024) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2025) نەكردووە، بەڵام بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بە بڕی (9 ترلیۆن و 415 ملیار و 18 ملیۆن و 245 هەزار) دینار خەمڵاندراوە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (1)دا هاتووە. چارتی ژمارە (1) 2. داهاتی نانەوتی هەرێم (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ ساڵانی (2023 - 2025) كردووەو بە بڕی (10 ترلیۆن و 522 ملیار و 690 ملیۆن و 367 هەزار) دیناری خەمڵاندووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نانەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (2)دا هاتووە. چارتی ژمارە (2) 3. داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بۆ ساڵانی (2023 - 2025) كردووەو بە بڕی (19 ترلیۆن و 937 ملیار و 708 ملیۆن و 613 هەزار) دیناری خەمڵاندووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 406 ملیار و 440 ملیۆن و 316 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووەو ئاماژەی بە داهاتی نەوتی نەكردووە لە ساڵی (2025)دا، وەك لە چارتی ژمارە (3)دا هاتووە. چارتی ژمارە (3) 4. داهاتی گەڕاوەی هەرێم بۆ حكومەتی فیدراڵ (2024 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2023) هیچ داهاتێكی خۆی ڕادەستی بەغدا نەكردووە، بەڵام هەرێم بۆ ساڵانی (2024 - 2025) بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 137 هەزار) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ كە ئەمەش تەنها (3%)ی ئەو داهاتەیە كە حكومەتی هەرێم لە ماوەی (2023 - 2025) لە ڕێگەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە دەستی كەوتووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2024) بڕی (399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی فیدرڵ، وەك لە چارتی ژمارە (4)دا هاتووە. چارتی ژمارە (4) 5. داهاتی ماوە لای هەرێمی كوردستان (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، لە ساڵانی (2023 - 2025) لە كۆی ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییەی كۆی كردووەتەوە (97%)ی لاماوەتەوە كە بڕەكەی (19 ترلیۆن و 339 ملیار و 193 ملیۆن و 440 هەزار) دینار بووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی ماوەی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە هیچی لێ نەگەڕیندراوەتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی (2023)دا، لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 7 ملیار و 271 ملیۆن و 355 هەزار) دیناری ماوەتەوە، لە ساڵی (2025) بڕی (966 ملیار و 779 ملیۆن و 766 هەزار) دیناری ماوەتەوە، وەك لە چارتی ژمارە (5)دا هاتووە. چارتی ژمارە (5)
درەو: نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە. دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات. مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی (ئافاق) وتی: ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە. وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار، ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن، بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە. جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت. باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت، یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.
درەو: كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی، نامەی دوو كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی بڵاوكردووەتەوە، كە تیایدا داوا لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دەکەن، سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، بەهۆی ملكەچبونی تەواوەتی بۆ ئێران، لە چوارچێوەی سیاسەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئەمریکا بەرامبەر بە تاران. جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوب، لە نامەکەیاندا بۆ وەزیری دەرەوە و راوێژکاری بە وەكالەتی ئاسایشی نیشتمانی، نوسیویانە: لە سەرەتای شەڕی عێراقەوە، زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمریکی گیانی خۆیان بەخت کردووە، بەڵام عێراق ئەمڕۆ هیچ نیە جگە لە بوکەڵەیەک بەدەستی تارانەوە. لە نامەکەدا، لۆمەی ئیدارەی ئۆباما کراوە ، باس لەوە کراوە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریكا و، برێت مەکگۆرکی نێردراوی بۆ عێراق، پشتیوانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان كردووە، کە هەڵمەتە سەركوتكارییە دڕندانەكانی، بووە هۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی. لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئیدارەی ئۆباما هەڵەکانی زیاتر کرد، كاتێك پشتی بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئاكامەكانی ئەو بڕیارە شکستخواردووەش هیچ گومانێكی تێدانیە، سەرەنجام هێزە پاڵپشتیكراوەكانی ئێران بوونە خاوەنی دەسەڵاتی رەها بەسەر حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە. ئیدارەی ترەمپ، کۆتایی بەو لێخۆشبونانە هێنا کە رێگەی بە عێراق دەدا کارەبای لە ئێران بکڕێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشار. راشیانگەیاندووە: لە ساڵی (2015)وە ئەمەریکا بڕی یەک ملیار و (250)ملیۆن دۆلاری وەک هاوكاری سەربازی دەرەکی پێشکەش بە هێزە عێراقییەکان کردووە، وێڕای ملیارەها دۆلاری دیکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری. کاریگەری هەژمونی ئێران لەسەر عێراق بە تەواوی دەرکەوت، کاتێک عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەرکرد لە ساڵی (٢٠٢١)، بەتۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی، تەنانەت لە کاتێکدا كە (٢٥٠٠) سەربازی ئەمریکی لەسەر زەوی لە عێراقدا بوون و هاوبەشن لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و روبەڕوبونەوەی داعش. ئەو دوو كۆنگرێسمانە داوایان کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گروپێکی نیمچە سەربازییەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە عێراق كاردەكەن، وەک گروپێكی تیرۆریستی بیانی بناسرێن و، سزا بخرێتە سەر بانکە حكومیەكانی عێراق، کە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی ئێران دەکەن، هاوكات سزاش بخرێته سەر ئەو کەسایەتیه سیاسییه عێراقیانەی که ئاسانكاری بۆ بەهێزبونی هەژمونی ئێران دەكەن. داواشیان كردووە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ گرتنەبەری دەستبەجێی ئەم سیاسەتە پێویستانە و، زامنكردنی بەكارنەهێنانی سەرچاوەکانی ئەمریکا لە ئێستا بەدواوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە.
(درەو): لەسەر گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا، وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەرێمی كوردستان دەداتە دادگا. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرایكرد، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایەكی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردوەتەوە سەبارەت بە ئەو گرێبەستانەی نەوت و غاز كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە. سەرچاوەكان باسیان لەوەكردووە، ئەم ئاڵنگارییە یاساییە نوێترین بەربەستە كە روبەڕووی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبیتەوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوەو سەرباری فشارەكانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هیشتا دەستی پێنەكردوەتەوە. هەفتەی رابردوو، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosئیمزاكرد بۆ بۆ كێڵگەكانی (میران)و (تۆپخانەو كوردەمیر). ئەم گرێبەستانە هەرزوو ناڕەزایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت رایگەیاند" ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون". وەزارەت نەوت ئاماژە بەوە كردبوو" سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە". هێندەی نەخایاندو هەر لە رۆژی 20ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دایەوەو رایگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosکردوویەتی، ڕێککەوتننامەو گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوەو هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق . سەرباری ئەمەش، هێشتا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە گرێبەستی نەوتیی ئیمزا بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە هێشتا یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرنەچووە، كە دەبوو ساڵی 2005و دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق ئەم یاسایە دەربچوێندرایەو تێیدا دەسەڵاتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بەسەر سامانی نەوت و غازدا یەكلابكرایەتەوە.
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێكی فەرمی دەزگای "ئاسایشی نیشتمانی عێراق" دژ بە ڕەوتی " سەلەفیی مەدخەلی" ئاشكرا كرا. بڕیارە ئەمنییەكەی كە گشتاندنی بۆ كراوە "بزووتنەوەی مەدخەلی" وەك ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدار لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا" لە عێراقدا دەناسێنێت، ئەمەش كاردانەوەی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" و هەندێك لایەنی دیكەی سیاسی سوننەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ. ئەم شرۆڤەیەی بەردەست لەسەر پاشخان و وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە هەڵوێستە دەكات. بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە لە 27ی نیسانی 2025 دا دەرچووە، دەزگای ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە ڕێگای "لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توند"ـەوە، فەرمانیكردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی "بزووتنەوەی مەدخەلی"، بەو پێیەی ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵگە" بەپێی نووسراوەكە. ئەم دامەزراوە ئەمنییەی عێراق كە تایبەتە بە ئاسایشی كۆمەڵگایی گشتیگر، بۆ بڕیارەكەی دژی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" پاساوی بە ڕاسپاردەی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان هێناوەتەوە، باسی لەوەشكردووە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق (محەمەد شیاع سوودانی) لەسەر بڕیاری بەرەنگاربوونەوەكە ڕازی بووە، ئەمەش لە میانەی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگاكانی: كەركوك، نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەلاحەدین لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری. بەم پێیەش بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەدخەلییەكان لەسەر ئاستی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكانی دەوڵەت دەركراوە، بازنەی بە ئامانجگیراویش جوگرافیا سوننە نشینەكەی ناوەڕاست و باكووری عێراقە كە گۆڕەپانی كاری ئەم ڕەوتە ئایینییە سوننەیە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە هەرێمی كوردستان بكرێت كە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی كاروچالاكی بانگەوازی سەلەفی و لە نێویشیاندا "ڕەوتی مەدخەلی". بزوتنەوەی مەدخەلی چییە؟ بڕیارە ئەمنییەكەی عێراق "بزوتنەوەی مەدخەلی" بەكارهێناوە بەبێ ئاماژەكردن بە بنكە بنەڕەتییەكە كە ڕەوتی سەلەفییە، ئەم زاراوەیەش (مەدخەلی) ساڵانێكە وەك ناوی ڕەوتێكی بەرفراوانی سەلەفی بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكردنەوە لە ڕەوتی سەلەفی كلاسیك و تەقلیدی سعودی یان سەلەفیەتی ئیسلامی گشتی. مەدخەلییەكان بازنەی لایەنگری تێگەیشتن و بۆچوونەكانی شەرعزان و فەرموودەناسی سعودی "ڕەبیع بن هادی ئەلمەدخەلی"ن، بەڵام ئەوانەی ئەمەیان پێدەگوترێت زیاتر خۆیان بە "سەلەفی مەدینە" یان هەر تەنیا "قوتابخانەی سەلەفی" دەناسێنن و ئەو ناوزەدكردنەیان بەناوی مامۆستاكەیان ڕەتدەكەنەوە و بە تانە و تەشەری دەزانن. ڕەوتی مەدخەلی، لقێكی نوێكراوەیە لە ڕەوتی سەلەفی سعودی بە ڕیشە نەجدی كە لە سەدەی 18 سەریهەڵداوە، سەرنمای ئەم ڕەوتە " ڕەبیع مەدخەلی" (93 ساڵ) خۆی خەڵكی شاری جازانی باشووری سعودیەیە لە باشوور، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەزانستی فەرموودەناسی، لەزانكۆی ئیسلامی شاری مەدینە یەكێك بووە لەخوێندكارە دەركەوتووەكانی شێخ "محمد بن ئەمان ئەلجامی" بەرەگەز ئەسیوبی (1931_ 1996)، هەر ئەمیش بناغەدانەری ڕەوتەكەیە و بەم هۆیەشەوە جارجار پێیان دەوترێت "سەلەفیەتی جامی" یان " مەدخەلییە جامییەكان". هەریەك لە "محەمەد جامی" و "ڕەبیع مەدخەلی" خوێندكاریشی، بە ڕەخنە توندەكانیان لە نەیارەكانیان دەناسرێنەوە، هەردووكیشیان لەتان و پۆی گشتیدا وەك هەر بانگخوازێكیتری سەلەفی كار بۆ ساغكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو تەرزە ئیسلامەتییە دەكەن كە ڕاستەوخۆ بە دەقەكانی قورئان و فەرموودەوە پەیوەستە؛ بەتێگەیشتنی پێشینە یەكەمەكانی ئیسلام كە پابەندییە بە واتا ڕواڵەتییەكانی دەقەكانی قورئان و فەرموودە، ئەمەش بەشێكی دانەبڕاو و یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ڕەوتی سەلەفیی "محەمەد عەبدولوەهاب"ـە (مردن: 1792ز)، كە ئەویش لە تان و پۆدا دەچێتەوە سەر میرات و كولتووری شەرعزانی ناوداری شام "ئیبن تەیمیە"، لەگەڵ فەتوا عەقیدەییەكانی، "ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل" كە سەر مەزهەبی چوارەمی سوننەیە، بەبێ ئەوەی لە شەرعزانی و فقیهدا خۆیان بە ئایینزاكەیەوە ببەستنەوە. سەلەفییە مەدخەلییەكان لەبەرەنگارییەكی تونددان لەگەڵ گروپە ئیسلامییە "حەرەكی" و "جیهادی" و تەنانەت مەدەنییەكانییەكانیش، لە ئەدەبیاتی ئەواندا ئەو حیزبە ئیسلامییانە "سەرچاوەی بە حیزب حیزبكردنی ئیسلامن و پەرتكردنینی"، لەگەڵ شیعەكانیش بەریەككەوتنیان زۆرە و لەمەشدا بەركەوتنە مێژوییەكەی سعودیە و ئێرانی پاش 1979 كاریگەریی هەیە، لەكێشمەكێشی قووڵیشدان لەگەڵ سۆفی و دەروێشەكان و تەریقەتەكان وەك "سەرچاوەی شیرك و بیدعەو خورافیات" تەماشا دەكەن. بەهۆی ئەوەشی ڕەوتی مەدخەلی، لەسەر هەمان دەستوری قوتابخانەی سەلەفی بەتەواوی خۆیان نابەستنەوە بە چوار ئایینزا فیقهییە بەربڵاوەكەی سوننە (ئەبو حەنیفە، مالیك، شافیعی، ئەحمەد)، لەزۆر جێگا تووشی بەریەككەوتن و مشتومڕ دەبن و لە پەنا دژە حیزبی بووندا دژە مەزهەبگەراییشن و پەیڕەوی لە دەقەكان دەكەن، لە كاتێكدا لە زۆر جێگەی جیهانی ئیسلامیدا تەقلید بە پێویست دەزانرێت بۆ ئایینداری، یان لەپەرستشدا پەیوەستن بەنێوانگرەوە بۆ گەیاندنی نزاو رازو نیازی خۆیان بەخودا. مێژووی سەرهەڵدان: بە پێی پێدراوە بەردەستەكان، مێژووی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی "جامی" و خوێندكارەكەی كە "مەدخەلی" یە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان و شەڕی ئازادكردنی كوەیت (گەردەلولی بیابان). لەو دەمەدا زانای ئایینی ناسراو (ابن باز) و زانا ئایینییەكانی دیكەی ئەندام لە "دەستەی گەورە زانایانی سعودی" (العثیمین بە نموونە)، ڕێگایاندا بە پشتبەستن بەسوپای ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕژێمی سەدام، پاساوی شەرعییان لە شێوەی فەتوادا لە نێو سەرچاوەكانی كولتووری ئیسلامیدا بۆ هێنایەوە (11/ 9/ 1990). بەرامبەر بەمەش هەندێك لەكەسەیاتی و بانگخوازە سەلەفییەكانی دیكەی سعودیە و دەرەوەی ئەو وڵاتەش، هاوپەیمانیكردنی ئەمەریكا و میوانداریكردنی سوپاكەیان لە سعودیە (بلاد الحرمین)، بەحەرام و قەدەغەشكاندن لەقەڵەمدا (ئەلبانی و حەوالی بە نموونە)، لای خۆشییانەوە "جامی" و "مەدخەلی"، هەڵمەتێكیان بەڕێوەدەبرد بۆ بەرگرییكردن لە هەڵوێستی زانا ئاینییەكانی "دەستەی گەورە زانایان" ی سعودی، لەهەمان كاتیشدا بەگژ ئەوانەدا چوونەوە كە لەگەڵ فەتواكەدا نەبوون. "مەدخەلی" لە مبارەیەوە كتێبێكی نووسیوە بۆ بەرگریكردن لە فەتواكە و پاساو هێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەعسی سەدام بە هەر ڕێگایەك بووە لە سۆنگەی ئەوەی حیزبێكی بێباوەڕ و دژە ئیسلامە، ئەمەش بەشێكبوو لە دەرهاویشتەكانی داگیركردنی گوەیت و ئەگەرنا لە ساڵانی هەشتاكاندا سعودییەكان لە بەرەی عێراقدا بوون دژی ئێران لە جەنگی هەشت ساڵە. لەسەر ئەم هەڵوێست و بەرگریكردنەش "مەدخەلی" و بازنەكەی چواردەوری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە ستایش و پاداشتكران و لە زانكۆ ئیسلامییەكان و مزگەوتەكاندا ئەو بۆشاییانەیان پێ پڕكرایەوە، كە بەهۆی زیندانیكردن و دورخستنەوە و پەراوێزخستنی ڕەوتە ئایینییە سەلەفییە حەرەكی و ناڕازییەكانەوە دروستبوو، بەم هۆیەشەوە جامی و مەدخەلییەكان توانیان باڵ بەسەر زۆر لە دامەزراوە ئاینییەكانی سعودیەدا بكێشن. شێوازی كاری مەدخەلییەكان: هەرچەندە مەدخەلییەكان لە سایەی گەورە زانا سەلەفییە ناسراوەكانی سعودیەدا كاریانكردووە و لە قوتابخانەی ئەوانەوە دەركەوتوون (ئیبن باز و عوسەیمین بە نموونە)، بەڵام لەمیكانیزمی بەرەنگاربوونەوە و شێوازی كاردا تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوە ناسراون كە ڕووشكێنن لە ڕەخنەگرتنی ئایینی، لە هەڵسەنگاندنی كەسایەتی و گروپەكانیشدا بڕێك جەخت لە زەقكردنەوەی ڕەخنەكان دەكەنەوە و كەمتر بە لای باسكردنی لایەنی باشەی ڕەخنەلێگیراوەكاندا دەچن، لەم كایەشدا "مەدخەلی" وەك پێشەوای "الجرح والتعدیل" ئاماژەی بۆ دەكرێت و هەر لە ناو سەلەفییەكانیشدا هەن پێیانوایە زیادەڕۆیی دەكەن لە ڕەخنەگرتن و دەرخستنی لایەنە نەرێنییەكانی كارەكتەرە ئایینییەكان و ئەمەش وەك مۆركێكی سەرەكی ئەوان ئاماژەی پێدەكرێت. لە بیری سیاسیدا سەلەفییە جامی و مەدخەلییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ڕەوتی هاندەری گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتەكانن لە ڕێگەی وابەستەیی كتومت بە چەمكی "ولي الأمر" كە لە قورئاندا هاتووە، ئەمەش بەسەر حوكمڕانە زاڵبووەكانی جیهانی ئیسلامیدا جێبەجێدەكەن بەبێ هەڵوێستە لەسەر كارنامەیان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەم ڕەوتە وەك سەلەفییەكانی دیكەی هاوتایان ڕێگە بە بەرهەڵستیكردنی دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەی نادەن، لەمەشدا لەگەڵ زۆربەی ڕەوتە دێرینەكانی ناو ئاینزای سوننەدا كۆكن، كە تا ڕادەی زۆر یاخیبوون و شۆڕشكردن دژی فرمانڕەوا پەسەند ناكات، بەڵام "ڕەبیع مەدخەلی" تۆمەتباركردنیان بە دۆستایەتی دەسەڵات ڕەتدەكاتەوە و جەختدەكاتەوە ئەوان لە سنووری توانای خۆیاندا بە دڵ و زمان و پێنووس بەرەنگاری خراپەی فرمانڕەوایان دەبنەوە، هەر شتیشیان نەتوانی؛ ئەوە بە دڵ نكولی لێدەكەن. ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەوان پشتگیری هەموو فرمانڕەوایان بكەن و جەخت لەوە دەكاتەوە جێبەجێكاری شەریعەتیان خۆش دەوێت و ڕقیان لە سەرپێچی و شتی خراپی حوكمڕانەكانە. سەلەفییەكان بە گشتی و جەخت لە دوورەپەرێزی لە سیاسەت دەكەنەوە، لە بری ئەوەش زیاتر جەخت لە چەمكی "پاڵفتەكردنی عەقیدەو پەرستشەكان لە زیادكراوەكان" دەكەنەوە (بیدعە)، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا پێیانوایە خۆ سەرقاڵكردن بەسیاسەتەوە پەیوەندیی ئەوتۆی بەدینەوە نییە. هەر لەبەر ئەمەش زیاتر لە بانگەوازی ئایینیدا چالاكن و بەشداریكردنیان لە كایەی سیاسیدا بەمانا باوەكەی نییە كە خۆ پاڵاوتن و دروستكردنی ئۆرگانی سیاسییە، بەڵام ئەمە بەسەر ئەزموونی كۆمەڵێك لە سەلەفییەكانی میسر (حیزبی نوور) و بەشێك لە سەلەفییەكانی كوەیتدا جێبەجێ نابێت كە بەشداری و رێكخستنی سیاسییان هەیە. نموونە عێراقییەكەی ڕەوتی مەدخەلی بە پێی كارنامەی ناودارە ئیسلامییە سوننەكان، مێژووی گەیشتنی ڕەوتی سەلەفی نەجدی (سعودی) بە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە بەر لە ئێستا، بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر لە ئاستێكی بەرتەسك و لە شێوەی كەسایەتییە ئایینییەكاندا بێت، چونكە بەپێی پێدراوە مێژوییەكان، سەلەفییەكان پاش ئەزموونێكی بچڕ بچڕی چالاكی و كاری بانگخوازیی سەردەمی بەعس، زیاتر لە پاش 2003 لە شێوەی تەوژمێكی ڕێكخراودا لە مزگەوتەكانی پشتێنەی بەغدای پایتەخت و پارێزگا سوننەكان، ئازادانە كەوتوونەتە چالاكی و كاری بانگەوازكردن و دەركەوتن. لە 2007 دا ڕێبەرێكی دیاری ئەم ڕەوتە لە عێراق كە "شێخ محەمەد خوزەیر" كە بە "ئەبو مەناری عەلەمی" بەناوبانگە، شەڕكردنی دژی سوپای ئەمەریكا حەرامكردووە، چونكە بە گوتەی ئەو: "مەرجەكانی جیهادی تێدا نییە"، هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە "گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتی زاڵبوو لە پێناو دوورخستنەوەی گۆبەن پێویستە"، بەوەش پاساوی هێناوەتەوە بۆ فەتواكەی كە تەقەكردن لە سوپای ئەمەریكا لە شارەكاندا؛ گیانی خەڵكی سڤیل دەخاتە بەر مەترسی. ئەم بۆچوونەی "ئەبو مەنار" كە خەڵكی قەزای عەلەمی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، دەچێتە چوارچێوەی هەڵكردن لەگەڵ حوكمڕان و ڕەتكردنەوەی میكانیزمی چەكداری بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی لە كاتی لاوازی. هەروەها ئەم ڕێبەرە سەلەفییە هانی خەڵكی سوننەی داوە كە بچنە ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق و بایكۆتی سیاسی بشكێنن و بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن، كە لە سایەی دەسەڵاتی ئەمەریكییەكان و شیعە باڵادەستەكاندا كەوتبووە سەرپێ، لەمبارەیەشەوە كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە كە بەڵگەی شەرعی بۆ بۆچوونەكەی لەبارەی بەشداریكردن لە جومگەكانی دەوڵەت دەهێنێتەوە (2004) بە ناونیشانی " دحر المثلب على جواز تولية المسلم على المسلم من كافر متغلب"، شێخێكی سعودییش بەناوی "موحسن ئەلعوبەیكان" كە ئەندامی دەستەی گەورە زانایانە، پێشەكی و پشتیوانی بۆ نووسیوە. كورت و پوختیش كتێبەكەی ڕابەرە سەلەفییە عێراقییەكە، جەخت لەوە دەكاتەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ فرمانڕەواییكردنی دانراو لەلایەن كافرانەوە (ئەمەریكا) درووستە و دەڵێت "ئەوەم لە پێناو پاراستنی دەوڵەتدا كردووە". لە میانەی جێبەجێكردنی بۆچوونەكانیشیدا "ئەبو مەناری عەلەمی" خۆی پۆستی لە ئەوقافی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە دەمی خۆپیشاندان و مانگرتنی پارێزگا سوننەكانیشدا دژی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر (2012)، ناڕەزاییەتییەكانی ڕەتكردووەتەوە بەو پێیەی دژی "وەلی ئەمر"ی وڵاتە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕێبەرە سەلەفییە دواتر پەیوەندی لەگەڵ "ڕەبیع مەدخەلی" دا تێكچووە و لە تۆمارێكی دەنگیدا لەلایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە بە "ئەهلی فیتنە و گۆبەن" تۆمەتباركراوە، هەروەها هۆشداری ئەوەشی داوە بە سەلەفییەكان كە دوای نەكەون، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لە بارەی لادانەكانی لە ڕەوتەكە بخاتەڕوو لە كاتێكدا كە ناوبراو ساڵانێك نوێنەرایەتی بۆچوونەكانی ڕەوتەكەی مەدخەلی كردووە. "ئەبو مەنار" باس لەوە دەكات سەرەتا لە لایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە كراوە بە مەرجەعی سەلەفییەكان لە كاروباری عێراق، بەڵام دواتر بە تۆمەتی ئەوەی شوێنكەوتەی خەڵكی دیكەیە، "رەبیع مەدخەلی" هێرشی كردووەتە سەری. ئەوەشی دەردەكەوێت ناكۆكییەكەی هەردوولا زیاتر كەسێنی و ڕواڵەتییە، لە دوای ئەوەشی كە ڕاگەیەنرا "ئەبو مەنار" سەر بە ڕەوتی سەلەفییەتی تەقلیدی سعودییە و نێوانی لەگەڵ مەدخەلییەكان تێكچووە، پێگەكەی لە ناو مەدخەلییەكاندا لاوازبوو، ئەمەش دەرگای بۆ دەركەوتنی چەند كەسایەتییەكی دیكەی ئایینی كردەوە وەك ڕێبەری سەلەفی یەكێك لەوانەش لە ئێستادا شێخ "سەعد ئەلنایف"ـە لە ئەبوغرێبی پشتێنەی بەغدای پایتەخت. پاڵنەری بڕیاری قەدەغەكردنی مەدخەلی بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەست هۆكاری سەرەكی كەوتنە تەقەی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، لە "سەلەفییە مەدخەلییەكان" سەرباری ڕێبازی كەنارگیریی و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ڕەوشی سیاسی و قبوڵكردنی حوكمڕانان، پەیوەندی بە حیساباتی كارەكتەری سیاسی شیعی و لە پشت ئەویشەوە ئەجێندای ئێرانییەوە هەیە. بەپێی پێدراوە بەردەستەكان خواستی شیعەی دەسەڵات ئەوەیە لە ناوچەكانی چالاكی "سەلەفییە مەدخەلییەكان"دا گرووپێكی دیكەی سوننەی سەر بە تەریقەتی قادری؛ چالاكبن و جێگەیان بگرنەوە كە هاوپەیمان و نزیكی شیعەكانن. ئەم گرووپە دەروێشییە بنكەیان پارێزگای ئەنبار و فەلوجەیە و زیاتر لە پاش كەوتنی بەعس (2003) بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ناوچە سوننەكان دەركەوتوون . هەر بەپێی ئاماژە بەردەستەكان ئەم گرووپە دەروێشە كە ساڵانێكە لەگەڵ حەوزەی شیعەدا كاری هاوبەشیان هەیە، خێزانێك بەناوی "ئالوسی" سەروكارییان دەكەن و ئێستا "عەبدولقادر ئالوسی" كەسی یەكەمیانە، ئەنجوومەنێكیشیان بەناوی «مجلس علماء الرباط المحمدي» پێكهێناوە (2015)، بە ئاشكراش پشتیوانی لە گرووپە چەكدارە شیعەكان دەكەن. هەروەها لە گوتاری خۆیاندا دژی "بەنی ئومەیە"ن، ئەمەش بە دڵی شیعەكانی هێڵی ئێرانە و لە ئێستادا لە ڕێگای ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانییەوە كە لە دەستی ڕێكخراوی بەدری "هادی عامری" دایە پشتیوانی دەكرێن، بەتایبەت كە ئەم كۆمەڵە دەروێشییە لەگەڵ بە جەژنكردنی غەدیردا كۆكن و لارییان لەوە نییە "ئیمام عەلی" پێش بخەن بەسەر خەلیفەكانی دیكە بە پێچەوانەی باوەڕی سوننەكانەوە. ئەم گرووپە ڕكابەرەی سەلەفییە مەدخەلییەكان (الرباط المحمدي) لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت (العراقیة) بەرنامەیەكیان پێدراوە بە ناونیشانی "وأنا من الحسین"، یەكێك لە شێخەكانیشیان كراوەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئەوقاف و لەگەڵ فەرمانگەی "بەگژاچوونەوەی تیرۆر" ی سەر بە "حەشدی شەعبی" دا پرۆژەی هاوبەشیان هەیە و سەردانی هێزەكانی حەشد دەكەن و ستایشی كارەكانیان دەكەن، نەك هەر ئەوە بەڵكو لە پێشهات و چالاكییەكانی "بەرەی موقاوەمە"ی ئێرانیدا بەیاننامەی و پشتیوانییان هەیە. بەڵام ڕێبەری پێشووی مەدخەلییەكان و كەسایەتی دیاری سەلەفی عێراق، "ئەبو مەناری عەلەمی" ڕایەكی دیكەی هەیە و جەختدەكاتەوە كە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق دژی "سەلەفییە میانڕەوەكان" نییە، چونكە "حكومەت عاقڵە و دەزانێت ئەبو مەنار لەگەڵ هێڵی حكومەتدایە". باس لەوەش دەكات حكومەت تەنیا "مەدخەلییەكان" بە ئامانج دەگرێت و لەمەشدا دەشێت زانیاری تایبەتی خۆی هەبێت یان بەهەڵەدا برابێت. باس لەوەش دەكات ئەم ڕەوتەی مەدخەلی "كاری سەرەكییان ڕەخنەگرتن و برینداركردنی خەڵكە و لەوەدا زیادەڕۆییانكردووە". ئەم لێدوانانەش لێكترازانی ئاشكرای سەلەفییەكانی عێراق دەردەخات و ڕەوتی مەدخەلییەكانیان بەرامبەر بڕیارەكەی حكومەت تەنیا دەكاتەوە. هەڵوێستی مەدخەلی و هێزە سوننەكان لە پاش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەكردنیان، یەكێك لە شێخ و مامۆستا ئایینییە دەركەوتووەكانی "سەلەفی مەدخەلی" بەناوی "سەعد ئەلنایف" كە وتاربێژی مزگەوتی "المصطفی" ی ناوچەی "خان زاری" ی قەزای ئەبو غرێبە لە لێدوانێكدا، جەختی كردەوە: ئەوان نە "جامی" و نە "مەدخەلی"ن، بەڵكو شوێن سوننەت دەكەون و كەسی تر نا. لە ناوچەكانی دەوروبەری بەغدا و لە پارێزگای سەلاحەدینیش بەوە ناسراون دەرچوون لە فرمانی "وەلی ئەمر" ڕەتدەكەنەوە و بەرهەڵستی دەسەڵات ناكەن، ئەمەش وایكردووە ببنە ئامانجی تۆمەتباركردن بەوەی پەیوەندی دەرەكییان هەیە بە هەندێك ڕەوتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش كردووەتەوە ئەوان لەگەڵ سیاسەتكردندا نین، سەر بە هیچ دەوڵەتێكیش نین و داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن كە لە دژیان دەرچووە. بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی نەك تەنیا سەلەفییەكان، بەڵكو جێگەی سەرسوڕمانی هەندێك لایەنی دیكەیە، بەو پێیەی سەلەفییەكان بە مەدخەلییەكانیشەوە لەگەڵ دەوڵەتدا تەبا بوون، دژ بە ئەلقاعیدە و داعش وەستاونەتەوە و لەسەر ئەمەش دووچاری مەترسی و هەڕەشە بوونەتەوە. دووریش نییە جگە لە ؤاپۆرتی ئەمنی، ململانێی هەڵبژاردن لە پشت ئەم بڕیارەوە بێت بە تایبەت كە ڕەوتی مەدخەلی كاریگەرییان لەسەر هەندێك بنكەی جەماوەریی ناوچە سوننەكان هەیە، ئەو گرووپە سووننەشی دژ بەمانن (الرباط المحمدي) زیاتر لە هێزە شیعەكانی وەك رێكخراوی بەدر و بزووتنەوەی عەسایبەوە نزیكن. لەسەر ئاستی سیاسییش، ئەو لایەنەی بە ئاشكرا و بە زەقی پشتیوانی سەلەفییەكان دەكات، "هاوپەیمانی سیادەی" سوننەیە بە سەرۆكایەتی "خەمیس خەنجەر". ئەم بەرە سوننەیە كە لە جەمسەری قەتەر _ توركیاوە نزیكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە "پێشێلكاریی مەترسیدار" لەسەر بنەماكانی ئازادی ڕادەربڕین و مەترسی بۆ سەر "فرەیی فیكری ئیسلامی" دەداتە قەڵەم لە عێراق. جەخت لەوەش دەكاتەوە بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە هزرییە عەقیدەییەكان بە بڕیاری ئەمنی ناكرێت، قەدەغەكردنیشیان هانیان دەدا بۆ توندڕەوی، هەروەها باس لەوە دەكات بڕیارەكە دەرگا دەكاتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی ڕەوتی دیكەی عەقیدەیی لە داهاتوودا، ئەمەش درزی گەورە دەخاتە نێو متمانەی كۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. هەر لەم میانەیەشدا "خەمیس خەنجەر"ی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (23ی ئایار) نوێژی جومعەی بردە مزگەوتی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لە خان زاریی ئەبو غرێب (المصطفی)، لە وتاری جومعەشدا، "شێخ سەعد ئەلنایف" ی مامۆستای ئایینی دەركەوتووی سەلەفییەكان پاش بەرگریكردن لە بۆچوونەكانیان و بیرهێنانەوەی هەڵوێستەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، ستایشی "خەمیس خەنجەر" ی كرد لە "پشتیوانیكردنی گوتاری میانڕەو". بەم پێیەش لە ئێستادا ڕەوتەكەی خەنجەر بووەتە دەمڕاستی سیاسی سەلەفییەكان بە تایبەت لە عێراقدا هەم هێزی سیاسی سوننی نزیك لە سعودیە نین و هەم ڕوون نییە ئاخۆ سعودیەی بن سەلەمان لەسەر سەلەفییەكان دێتەسەر هێڵ یاخود نا، بەتایبەت كە تێهەڵچوون لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی عێراق ئاسان نییە، لە سعوددیەشدا چەند ساڵێكە كاركردن بۆ كاڵكردنەوەی سیمای ئایینی سەلەفیانەی دەوڵەت دەستیپێكردووە و هەندێك قۆناغیشی بڕیوە. چارەنوسی بڕیارەكە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، مامۆستای دەركەوتووی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" "سەعد ئەلنایف" و كۆمەڵێكی تری هاوكار و هاوڕێی لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژكاری ئاسایشی عێراقدا، دەركەوتن، بەپێی ڕاگەیانراوی پاش دیدارەكە هەردوولا باسیان لە "بتەوكردنی ئاسایشی میللی" و "ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پشتیوانیكردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە ڕێگای هاریكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان"دا كردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغكردن یان چارەنووسی گشتاندنەكەی "ئاسایشی نیشتمانی" نەكراوە، كە وا دیارە تەنیا لە دەسەڵاتی "قاسم ئەعرەجی" دا نییە، بەوپێیەی لە ئاماژەكردنەكاندا گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییە عێراقییە جیاجیاكان و نوێنەرانی پارێزگا سوننەكان. لە لایەكی دیكەوە ماڵپەرێكی ئیماراتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە باسی لەوە كردووە: بڕیاری قەدەغەكردنی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەمنی نێوخۆیی نەبووە، بەڵكە زادەی گوشاری سپای پاسدارانی ئێرانە لەسەر ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، مەبەستیشیان لەم بڕیارە لاوازكردنی ڕەوتی سەلەفی مەدخەلییە لە بەرژەوەندی گرووپێكی دیكەی سوننی نزیك لە هێڵی تاران. كۆبەند بڕیاری قەدەغەكردنی ڕەوتی "سەلەفی مەدخەلی" و ڕاگەیاندنی بەرەنگاربوونەوەی، لە ڕواڵەتدا پاساوەكەی ئەمنییە و پەیوەستكراوە بە پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ڕاپۆرتە ئەمنییەكان، بەڵام لە پشت پەردەوە بەشێكە لە دەستوەردانی زۆرینەی شیعەی باڵادەست لە نەخشەی ئایینی و مەزهەبی نێو كۆمەڵگا سوننییەكانی عێراق و شارۆچكەكانی پشتێنەی بەغدا، ئەمەش لە پێناو زاڵكردنی ئەوانەی لە بەرەی شیعییەوە نزیكن و لاوازكردنی ئەوانەی ڕیشەیان سعودییە. لە بڕیارەكەدا هیچ میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بەرەنگاربوونەوەی سەلەفییەكان دیارینەكراوە كە جگە لە پارێزگا سوننەكانی عێراق؛ لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەییان هەیە و خاوەن مزگەوت و دامەزراوەی بانگخوازین. بەهۆی ئەم ناڕوونییەشەوە ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئاخۆ دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بە گرتن و هەراسانكردنی ئەمنی بەرەنگاری سەلەفییە مەدخەلییەكان دەبنەوە یان گوشاركردن و بەرتەسككردنەوەی چالاكییە بانگخوازییەكانیان؟ لە پاش دیداری هەردوولا و گوشارەكانی نێو شەقامی سوننەش ئەگەرێك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە بە تایبەت كە عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە و هەندێك لایەنی سیاسی سوننە، لەسەر هێڵن بۆ هاتنە دەنگ لەسەر سەلەفییەكان و كارنامەی سیاسی ڕەوتەكەش پاڵپشت و پشتیوانیانە لە بەرگریكردن لێیان.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت بە پێی ئامار و لێکۆڵینەوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا ماددەپلاستیکییەکان یەکێکە لە هۆکارەسەرەکییەکانی زیانگەیاندن بە ژینگە. ڕاپۆرتە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ماددە پلاستیکییەکان زیانی بۆ ژینگە هەیە، بەتایبەتی بەهۆی کەڵەکەبوونی کە شیبوونەوەی قورسە، هۆکارە بۆ پیسبوونی زەوی و ئاو و کاریگەری لەسەر ژیانی دەریایی و گیانلەبەرە کێوییەکان. داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان چیمان پێدەڵێن. -ئامارە سەرەکییەکان -نزیکەی ٥٠٠ ملیار بوتڵی ئاو ساڵانە لە جیهاندا دەفرۆشرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٤١ ملیار بوتڵی ئاو مانگانە، ١٫٣ ملیار بوتڵی ئاو ڕۆژانە، و نزیکەی ٢٢ ملیۆن بوتڵی ئاو لە خولەکێکدا. - بەڵام هەندێک سەرچاوە ڕاستەوخۆتر ئاماژە بە ١ ملیۆن بوتڵی ئاو لە خولەکێکدا دەکەن، کە دەکاتە نزیکەی ٥٢٬٥٦٠ ملیۆن بوتڵی ئاو لە ساڵێکدا. بەکارهێنانی کیسە پلاستیکیەکان دەگاتە (٥ترلیۆن) لە ساڵێکدا. -نیوەی بەرهەمە پلاستیکیەکان بۆ بەکارهێنانی یەک جار دروست کراون. لە ئێستادا ساڵانە (٣٠٠ ملیۆن) تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنرێت. ٪٩٩ی پلاستیکی بەرهەمهێنراو لەو مادە کیمیاویانە دروسکراون کە لە نەوت و گازی سروشتی و خەڵووز بەرهەمهاتوون، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە لە ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمهێنانی پلاستیک دەگاتە ٪٢٠ی پیشەسازیی پشتبەستوو بە نەوت. پلاستیک بە ئاسانی شینابێتەوە و لە ژینگەدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو، ئەمەش لە وڵاتی خۆمان بەڕوونی بەدەر کەوتووە، کە ماددە پلاستیکییەکان چۆن بوونەتە هۆی شێواندن و پیسکردنی زەوی و سەرچاوە ئاوییەکان و تەنانەت پیسکردنی هەوا لە دوای سوتاندنیان. کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە. پیسبوونی خاک: یەکێک لەو ماددانەی کە ڕۆژانە فڕێدەدرێتە ناو خاک و سرووشتەوە، کە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ پاشماوەکان ماددە پلاستیکییەکانە کە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ ناو خاک کە کاریگەری دەبێت لەسەر لە دەستدانی سیفەتی زەوی کشتوکاڵی. پیسبوونی دەریا: پلاستیک مەترسی لەسەر ژیانی دەریایی دروست دەکات، چونکە ئاژەڵە دەریاییەکان لەوانەیە بیخۆن یان تێیدا تێکەڵ ببن و ببێتە هۆی برینداربوون یان مردن. کاریگەری لەسەر کەشوهەوا: بەرهەمهێنانی پلاستیک بەشدارە لە دەردانی گازی گەرمخانەیی، ئەمەش گەرمبوونی جیهان توندتر دەکات. مایکرۆپلاستیک: پلاستیک دوای ورد بوون و شکاندنی بۆ گەردیلەی بچووک (مایکرۆپلاستیک) کە ژینگە پیس دەکات و دەچێتە ناو زنجیرە خۆراکییەکان و کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەکان دەبێت. هەرێمی کوردستان و ماددەی پلاستیک. بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیکەی (۷ هەزار تەن) پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کۆدەکرێتەوە، لەناو ئەو ژمارەیە، نزیکەی(۳٥%) زۆرینەی لەو پاشماوانە پلاستیکن، ئەو پلاستیکانەی کە یەکجار بەکاردەهێنرێن و دواتر فڕێدەدرێن. کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی ژینگەی هەرێمی کوردستان درووست دەکات، بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان، لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی (۱۲ کارگەی دروستکردنی کیسی نایلۆن)، بوونیان هەیە کە بەشێکیان یا مۆڵەتیان نیە یا مەرجە ژینگەییەکانیان تێدا نیە. یەکێک لە مەترسییەکان، تاوەکو ئێستا ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کیسی پلاستیک و نایلۆن ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە بەڵام نەتوانراوە کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوە(ڕیسایکڵین) بونیاد بنرێت کە ئەمەش لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و تەندروستییەوە هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن. لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی پلاستیکی فڕێدراو لە ڕۆژانە بەپێی شوێن و دانیشتوان جیاوازە، بەڵام بە گشتی لە شارە گەورەکان وەک هەولێر، سلێمانی، و دهۆک ڕێژەیەکی بەرچاوە. بە پێی ئامارەکان تەنها ١٠-٢٠٪ ی پلاستیکی فڕێدراو ڕیسایکڵ دەکرێت (لە کارگەکانی وەک هەولێر و سلێمانی)، ٨٠٪ی ماوە دەچێتە زەبڵەخانەکان و زەوی و سەرچاوەکانی ئاوەوە. هۆکارەکانی بەرزی ڕێژەی بەکارهێنانی پلاستیک: نەبوونی سیستەمی کاریگەری کۆکردنەوە و ڕیسایکڵین. کەمی ڕێوشوێنی بەئاگاھێنانەوەی خەڵک. بەکارهێنانی زۆری پاکێتی پلاستیکی لە بازاڕەکان. هەرزانی نرخ و ئاسان گەیشتن بە دەست هاوڵاتیان. بڵاونەکردنەوەی هۆشیاری تایبەت لەسەر مەترسییە ژینگەیی و تەندروستی و ئابورییەکان بۆ هاوڵاتیان. %۲۷ی زبڵ و خاشاک لە هەولێر پاشماوەی پلاستیکییە. بەپێی ئامارێکی تۆڕی میدیایی رووداو تەنها لە پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە 2100 تۆن زبڵ و خاشاک لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆدەکرێتەوە، کە 27٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن. ئامارەکان نیشانی دەدەن لە ساڵێکدا زیاتر لە 204 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە هەولێر فڕێدەدرێت؛ زۆربەی هەرە زۆریشی دەبەی پلاستیکیی ئاو و کوپی سەفەرییە. لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە شەش هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە کە زیاتر لە هەزار و 500 تۆنی پاشماوەی پلاستیکییە و بەشی زۆری ئەمەش دەبەی ئاوی پلاستیکییە. لەگەڵ ئەوەی لە سەرجەم کابینەکانی حکومەتی هەرێم وەزارەتێک هەیە بەناوی شارەوانی و گەشت و گوزار، ماوەی چەند ساڵێکە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دراوە بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت تێچووی لەسەر حکومەت سەر ساڵانە نزیکەی( ۱۰ ملیار دینار) دەکەوێت. فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و رێژەی پلاستیک. - پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە( ۲۱۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۲۷٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن. - پارێزگای سلێمانی زیاتر لە( ۱۲۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٦٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن. - پارێزگای دهۆک زیاتر لە( ٨٥۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٦٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن. - پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە (۱۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٤٪ پاشماوەی پلاستیکییەکانن. - ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە (٤۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۳۲٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن. - ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زیاتر لە (٤٥۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱۰٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن. - ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین زیاتر لە (۳۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱۰٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن. لە هەرێمێکی (٤) پارێزگایی و کەمتر لە( ۷ ملیۆن) کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە، بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان زیاد لە ( ۳۰) کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاو هەن کە زۆرینەیان دەکەونەسنوری پارێزگای سلێمانییەوە بوونیان هەیە، ئەگەر ڕۆژانە تەنها یەک لەسەر چواری هاوڵاتیان ئاوی بوتڵی پلاستیک بەکاربهێنن دەکات( ۱،٥ ملیۆن دەبە). تەنیا یەک کۆمپانیاش لەو (۳۰) کۆمپانیایە رۆژانە زیاتر لە( ١٠ ملیۆن) دەبەی پلاستیکی ئاو بەرهەمدەهێنێت، لە هەمووشی مەترسیدارتر، سەرجەم بوتڵ و دەبەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، دوای پڕکردنیان بەشێکی زۆری ئاوەکان بە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەفرۆشرێن، کە جگە لە قازانجی بازرگانی بۆ چەند سەرمایەدارێک هیچ سوودی بۆ هەرێمی کوردستان نیە. هەرێمی کوردستان و سفرەی سەفەری.. بەپێی چەند ڕاپرسییەک لە کاتی ووتنەوەی وانە ژینگەییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و لە خولە جۆراو جۆرەکانمان و هەندێ جار وەرگرتنی بۆ چوونی هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتووە کە زۆرینەی هاوڵاتیان ڕۆژانە ئەو ماددەیە بە کاردەهێنن. بە کورتی، ڕۆژانە، بە درێژایی، (۲۳۰۰ کیلۆمەتر) سفرە فڕێدەدرێتە ناو سرووشتەوە، ئەمە تەنها خێزانەکان، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر..... بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم دانیشتوانی کوردستان، یەک ملیۆن و سەدوو پەنجا هەزار خێزانن، ئەگەر ڕۆژانە هەر خێزانێک تەنها دوو مەتر سفرەی سەفەری بەکاربهێنن، کە دڵنیاین زۆر زیاترە، دەکاتە،(دوو هەزار و سێسەد کیلۆمەتر ) سفرەی سەفەری. کاریگەری ماددە پلاستیکییەکان لەسەر زەریاکان. ساڵی ۱۹٥۰ جیهان ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن پلاستیکی بەرهەم دەهێنا، تا ساڵی ۲۰۱٥ ئەم بەرهەمە ساڵانە بۆ( ٤۱۹ ملیۆن تۆن) بەرزبۆتەوە و بڕی پاشماوەی پلاستیکی لە ژینگەدا زیاتر بووە. لە راپۆرتێکی گۆڤاری زانستی (Nature)دا ئاماژە بەوە دراوە کە ساڵانە نزیکەی( ۱٤ ملیۆن تۆن) پاشماوەی پلاستیکی دەچنە دەریا و زەریاکانەوە، ئەمەش زیان بە ژینگەی ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و کێوییەکانیش دەگەیەنێت. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەگەر هیچ رێوشوێنێک نەگیرێتەبەر، ئەوا قەیرانی پاشماوەی پلاستیک زیاتر دەبێت، ئەگەر تا ساڵی ۲۰٤۰ ساڵانە (یەک ملیۆن تۆن)یش بێت، ئەگەر مایکرۆپلاستیکەکان لەم بابەتەدا جێگیر بکەین، ئەوا بڕی کۆی پلاستیک لە زەریاکاندا دەتوانێت تا ساڵی ۲۰٤۰ بگاتە (٦۰۰ ملیۆن تۆن). ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ناشناڵ جیۆگـــــرافیک بۆی دەرکەوتووە کە ۹۱ %ی هەموو پلاستیکێک کە تا ئێستا دروستکراوە، ریسایکل نەکراوە، ئەمەش نەک تەنها یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان، بەڵکو شکستێکی گەورەی دیکەی بازاڕە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پلاستیک( ٤۰۰ ساڵ)ی دەوێت بۆئەوەی شی ببێتەوە، ئەوە چەندین نەوە دەخایەنێت تا بەتەواوەتی نامێنێت. بە پێی ئامارەکان، پیسبوونی پلاستیکی دەریایی کاریگەریی لەسەر ٨٠٠ جۆری گیانلەبەر دروستدەکات لە ئەنجامی قووتدان، برسی بوون، خنکان، ئاڵۆسکان و نقومبوون -ساڵانە پاشماوە پلاستیکیەکان نزیکەی (ملیۆنێک باڵندەی دەریایی) و (١٠٠ هەزار )ماسی و ئاژەڵی تر دەکوژێت. پلاستیک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەهۆی ئەو ماددە کیمیاییە زیانبەخشانەی کە لە بەرهەمهێنانیدا بەکاردەهێنرێن و ئەو پیسبوونە پلاستیکییەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنان و فڕێدانیدا دروست دەبێت. مەترسی پلاستیک لەسەر تەندرووستی مرۆڤ. پیسبوونی پلاستیک بەشدارە لە گرفتە تەندروستییە جیاوازەکان، وەک کێشەی هەناسەدان، تێکچوونی هۆرمۆنەکان و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە. هێماکانی سەر ماددە پلاستیکییەکان. دەبێت ئاگاداری بەکارهێنانی دەفری پلاستیکی بیت کە بۆ خواردن دیاری کراوە کە ئەم هێمایەیان تێدایە. - هێمای 'ژمارە ۱ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە سەلامەتە تەنها بۆ یەکجار بەکارهێنان، و نابێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، چونکە لە دەفرەکاندا بەکاردەهێنرێت (ئاو، شەربەت، خواردنەوە خۆراکیەکان، و هەندێک مادەی خۆراکی). - هێمای 'ژمارە ٤ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە لە جۆرێکی تاڕادەیەک سەلامەتە بۆ تەندروستی، لە کیسە نایلۆنەکاندا بەکاردێت کە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و بازاڕکردن بەکاردێت، هەروەها هەندێک پلاستیک بۆ هەڵگرتنی خۆراکی بەستوو بەکاردێت، و تایبەتمەندە بەوەی کە ئاسانە بۆ چەمانەوەی. - هێمای 'ژمارە ۲ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیر': واتە پاکەتەکە لە جۆرێک لە پلاستیک دروستکراوە کە سەلامەتە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەتایبەت جۆری شەفاف، و لە دەفری شیر و هەندێک دەفری شەربەتدا بەکاردێت. - هێمای 'ژمارە ٥ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': واتە پاکەتەکە لە باشترین و سەلامەتترین جۆریە بۆ تەندروستی. لە دەفری خۆراکدا بەکاردێت بەتایبەتی ئەوانەی بۆ منداڵان دانراون، هەروەها بۆ شلەمەنی و خواردنە گەرم و ساردەکان گونجاوە. - هێمای 'Crossbones': واتە دەتوانرێت پاکەتەکە بۆ ساردکردنەوە یان بەستن بەکاربهێنرێت. - هێمای 'ژمارە ۳ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': واتە پاکەتەکە زیانبەخشە و ژەهراوی دەبێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت. لە هەندێک جۆری پلاستیکی ڕوون بەکاردێت کە بۆ پاکەتکردنی گۆشت و پەنیر و هەندێک یاری منداڵان بەکاردێت. پێویستە لە کاتی بەکارهێنانیدا وریا بیت چونکە جۆرێکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت بەهۆی کەمی نرخەکەیەوە. - هێمای 'ژمارە ٦ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە مەترسیدارە و سەلامەت نییە و پێویستە بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت. لە چێشتخانە خێراکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، وەکو سندوقی بەرگر، سندوقی پیتزا و کوپەکانی خواردنەوە گەرمەکان. - هێمای 'ژمارە ۷ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکاندا': واتە تا دەتوانرێت ئەم مادەیە دوور بخرێتەوە، مەگەر لەسەری نووسرابێت کە بێ BPA بێت، و لە شووشەی منداڵاندا بەکاردەهێنرێت. پێویستە دڵنیا بیت لەوەی پاکەتەکە شەفافە و دەستەواژەی (بوتڵی بێ BPA) لەسەری نووسراوە. چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە؟ -تا پێمان دەکرێ بە هیچ شێوەیەک بەکاری نەهێنین، ئەگەر بەکارمانهێنا کەم بەکاربهێنین، یا ڕیسایکڵی بکەینەوە. جیاکردنەوەی پلاستیک لە ماڵەوە یارمەتی کارگە ڕیسایکڵینەکان دەدات. - کۆمپانیاکان دەتوانن پلاستیکی ڕیسایکڵکراو بەکاربێنن بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ. کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک: ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنە کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، دوور بکەوەرەوە لە کیسی نایلۆن و دوور بکەرەوە لەو بەرهەمانەی کە پلاستیکیان تێدایە. بەکارهێنانی بەدیلی سروشتی وەک ئەو بەرهەمانەی کە لە ڕیشاڵی سروشتی یان بایۆپلاستیک دروستکراون. ڕۆژێک بەبێ پلاستیک. لەبەرامبەر ئەو مەترسییە گەورەیە بەرامبەر بە ژینگە هەیەتی، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ( ٢٥ی ئایار ڕۆژی جیهانی بێ پلاستیک)، دیاری کراوە. ڕۆژێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک لەسەر ژینگە، ئامانجی ئەم ڕۆژە هاندانی تاک و کۆمەڵگایە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک و گۆڕینی بۆ بەدیلەکانی ژینگەدۆست. گرنگی ڕۆژی جیهانی بێ پلاستیک. راپۆرتی پەیوەندیدار ئاگر کەوتنەوە و مەترسییەکانی لەسەر ژینگە.