Draw Media

(درەو): عێراق رۆژانە زیاتر لە (2 ملیۆن) دۆلار دەدات بە توركمانستان لەبەرامبەر بڕێك غازدا كە توركمانستان بە ئێرانی دەدات، ئەمە رێككەوتنێكی غازییە كە ژمارەیەك گومان و پرسیاری لەسەر دروستبووە. كۆتاییەكانی 2023 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ توركمانستان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز، ناوەڕاستی ئەمساڵیش ئێران و توركمانستان پێكەوە گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بەشێوەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" لەبەرژەوەندیی عێراق، ئەمە بەر لەوەی عێراق دوای 3 مانگ بگەڕێتەوەو بەشێوەی فەرمی گرێبەست لەگەڵ توركمانستان ئیمزا بكات بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی ئەو وڵاتە لەرێگەی ئێرانەوە. ئەم پرۆسەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رۆژانە توركمانستان بڕی نزیكەی 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز رەوانەی ناوچەكانی باكوری ئێران بكات، كە ئێران خۆی ناتوانێت غاز بۆ ئەم ناوچانەی وڵاتەكەی رەوانە بكات، دواتر لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران هەمان بڕە غازی رۆژانە لەرێگەی بۆرییەوە بدات بە عێراق، ئەمەش بەو واتایە دێت كە عێراق غازی توركمانستان دەكڕێت و پارە بە توركمانستان دەدات، بەمەش لە پلەی یەكەمدا خۆی لە سزا ئابورییەكانی سەر ئێران دەرباز دەكات، پاشان ئێران هەڵدەستێ بە بەكارهێنانی ئەو غازەی كە عێراق پارەكەی بە توركمانستان داوە لە پارێزگاكانی باكوری وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا هەمان بڕی غاز لە كێڵگە نزیكەكانی خۆی لە سنوری عێراق بە بۆری رەوانەی عێراق دەكات.  بەڵام خراپبوونی دۆخی كارەبا لەم وەرزی زستانەو بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق بە بەهانەی نۆژەنكردنەوە، بەبێ پابەندبوون بە گرێبەستەكەی لەگەڵ عێراق، پرسیارو مەترسی ئەوەی دروستكردووە عێراق ببێتە قوربانی تەڵەكەیەك، بەتایبەتیش لەوەدا كە وەكو لە گرێبەستەكەدا دەردەكەوێت عێراق هیچ مەرجێكی بۆ ئێران دانەناوە، بەڵام خۆی پابەندكردووە بەوەی لەبەرامبەر 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غازی رۆژانە، هەموو رۆژێك بڕی (2.5 ملیۆن) دۆلار بە توركمانستان بدات، كە ئەم پارەیە بۆ تێكڕای ساڵێك دەگاتە بڕی (1 ملیار) دۆلار.  زیاد هاشمی توێژەری ئابورییە، قسەی بۆ (سۆمەریەنیوز) كردووە، باسلەوە دەكات، ئێران تەنیا غازی لە عێراق نەبڕیوە، بەڵكو ئەو غازەی توركمانستانیش بەكاردەهێنێت كە عێراق پارەكەی دەدات. حكومەتی عێراق تائێستا بڕگەكانی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ توركمانستان و ئێران سەبارەت بە هاوردەكردنی غاز ئاشكرانەكردووە، بۆیە ئێستا كە بەهۆی نەمانی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوە كاتژمێرەكانی كارەبا لە شارەكانی عێراق كەمبووەتەوە، ژمارەیەك پرسیاری گوماناویی سەبارەت بە رێككەوتنە غازییەكە دروستبووە كە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە:  •    عێراق غاز لە توركمانستان دەكڕێت بۆ ئێران، عێراق پارە دەدات بەڵام هیچ كاتێك غازی توركمانستانی بەدەست ناگات؟! ئەو غازەی توركمانستان كە عێراق پارەكەی دەدات، لە پارێزگاكانی باكوری ئێران بەكاردەهێنرێت، لەبەرامبەردا ئێران هەمان بڕ غازی خۆی بە عێراق دەدات، لێرەدا عێراق پارەی غازی ئێران دەدات، بەڵام بەبێ ئەوەی راستەخۆ پارەكە رادەستی ئێران بكات، بەمەش باز دەدات بەسەر سزا ئابورییەكانی سەر ئێران. •    لەبارەی نرخیشەوە، ئایا عێراق غازی توركمانستان بە هەمان نرخی غازی ئێران دەكڕێت، یاخود پارەی زیاتر بە توركمانستان دەدات لەبەرامبەر هەمان بڕی غاز كە پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی كردووە؟! •    ئایا عێراق تێچووی ئەو بۆرییە دەدات كە لە توركمانستانەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئێران ؟! بەوپێیەی ئێران پێویستی بەم بۆرییەو هاوردەكردنی غاز نییە لە توركمانستانەوە، بەڵكو لە بەرژەوەندیی عێراق ئەم كارەی كردووە.  •    ئایا لەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دوو لایەنەدا كە توركمانستان غاز بە ئێران دەدات و ئێرانیش غاز بە عێراق دەدات، ئێران خاكی خۆی وەكو ناوچەی تێپەڕینی غازی توركمانستان ئەژمار دەكات و پارەی گواستنەوەی غازەكە وەردەگرێت یاخود نا؟!  


درەو: رۆژنامەی (العرب): 🔹شكستهێنانی پرۆسەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هیواكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەباربرد بۆ دەرچوون لەو قەیرانە دراییە توندەی بەدرێژایی ئەمساڵ بەرۆكی گرتن و  كاریگەرییەكانی رەنگدانەوە قوڵی هەبوو لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و توێژێكی بەرفراوان بەدەست ناڕێكی وەرگرتنی موچەكانیانەوە ناڵاندیان. 🔹هەرێمی كوردستان پێدەنێتە ساڵێكی نوێوە، كە سەختی و ئاڵۆزییەكانی لەسەر هەردوو ئاستی ئابوری و كۆمەڵایەتی كەمتر نابێت لە ساڵی رابردوو، ئەوەش لەكاتێكدایە، كە روبەڕوی فشارێكی توندی هێزە شیعییە دەسەڵاتدارەكان بووەتەوە، بۆ كۆتوبەندكردنی دەسەڵاتەكانی و بەردەوامی پشتبەستنی دارایی بە حكومەتی بەغداد. 🔹ئەوەش ئەو دۆخە فشۆڵەی هەرێم قوڵتردەكاتەوە، لەو سەختیانەی روبەڕوی بووەتەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەنجامەكانی دەرفەت نادات بە هیچكام لە حزبە ركاربەرەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، هیچ رێككەوتنێكیش لەنێوان هەردوو حزبە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) لە ئارادانیە، بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر پۆستە باڵاكانی حكومەت. 🔹سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەكان لە دۆسیەی نەوت دەڵێن، لایەنی كەم (9) كۆمپانیای نەوتیی نێودەوڵەتی هەوڵەكانیان دەستپێكردووە بەدەستهێنانی قەرەبوی گەورە، بەهۆی ئەو زیانانەی لێیان كەتووەە لە ئاكامی راگرتنی نەوتی هەرێم، كە ئەوەش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت زۆر ئاڵۆزتر دەكات. 🔹پێشبینیش دەكرێت بەر لەوەی دەسەڵاتدارەكانی عێراق چارەسەری ئاستەنگە سیاسی و یاسایی و تەكنیكیەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بكەن، كۆمپانیاكان سكاڵاكانیان بەرنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەكان. پەیرانەكە كاریگەری كردووەتە سەر مەزاجی شەقام و پاڵنەر دەبێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی خراپی باری گوزەرانیان كە ئەوەش لە جوڵەی مانگرتنی فەرمانبەرانی چەندین كەرتدا دەركەوتووە كە ماویەكە سەریهەڵداوە.


درەو: لە كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (8) ژن بوونە ئەندامی سەركردایەتی و (3) ژن بوونە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای چاودێری. لە كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتوودا (30) كەس هەڵبژێردران بۆ ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو لەناویاندا (8)یان ژنن بەرێژەی (27%). بۆ دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو كە لە (9) ئەندام پێكدێت، (3) ئەندامیان ژنن بەرێژەی (33%).    


درەو: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق الاوسط): 🔹لە رۆژی دووەمی پرۆسەی "ردع العدوان"وە، هەماهەنگی مەیدانی هەبووە لەگەڵ ئیدارەی پرۆسە سەربازببەكان لە سوریا، سەرەڕای ئەوەی هیچ دانوستانێكی راستەوخۆمان نیە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام. 🔹ئەو هەماهەنگییەی لە رۆژی دووەمەوە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دروستبووە، بۆ خۆبەدورگرتن بووە لە بەریەككەوتن لەنێوان هێزەكانمان لە هەندێك لە گەڕەكی حەڵەب، هەروەها بۆ گواستنەوەی ئاوارەكان لە كەمپەكانی ناوچەی تەل رەفعەت، كە لەلایەن گروپەكانی هاوپەیمانی توركیاوە روبەڕوی هێرش بونەوە، تائێستاش ئەو هەماهەنگیە بەردەوامە. 🔹هۆشداریدەدەین لە كارەساتێك كە هەڕەشە لە شاری كۆبانی دەكات، لەگەڵ بەردەوامی كۆكردنەوەی هێز لەلایەن توركیاوە، لەگەڵ ئەوەی پێشنیازمان كردووە بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو، بەڵام تائێستا ئەنقەرە وەڵامی نەداوەتەوە. 🔹ئامادەین بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی سنورەكان بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ لە دیمەشق.   🔹پێمانوایە سوریا دەبێت دەوڵەتێكی نا ناوەندی فرەیی دیموكراتی بێت، ناسنامەی رەنگاورەنگەكانی وڵاتی بە دەستور تیادا پارێزراوبێت، لەگەڵ مافی سەرجەم پێكهاتەكان گەلی سوریا بە گەلی كوردیشەوە. 🔹شێوازی سیستمی حوكمڕانی، كە پێمانوایە گفتوگۆی زۆری لەسەر دەكرێت، پرسێكە بۆ ئیرادەی گەلی سوریاو گفتوگۆ دەستورییەكان جێدەهێڵرێت. 🔹گفتوگۆكردن لەبارەی ئایندەی وڵاتەكەمان پێوێستە لەناوخۆماندا بێت بەبێ‌ دەستوەردانی دەرەكی و سەرپەرشتیكردن. 🔹ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر خاكی سوریان، پێویستە نوێنەرەكانی رۆڵ و دەنگێكی بیستراویان هەبێت و بەشداربن لە بونیادنانی ئایندە. 🔹ئێمە پابەندین بە ئایندەیەك كە تیایدا داهاتەكانی دەوڵەت لە بەرژەوەندەی تەواوی سورییەكان بێت، بەشێوەیەكی دادپەروەرو یەكسان، سەقامگیری و گەشەپێدان بە دیبهێنێت بۆ هەموان، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوچانەی كە لەسەردەمی ئەسەددا پەراوێزخراون. 🔹سوریای ئایندە دەبێت سوپایەكی نیشتمانی هەبێت بەرگری لە نیشتمان و هاوڵاتیانی سوریا بكات، ئەم پرسە هیچ ناكۆكییەكی لەسەر نیە. 🔹چەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەبێتە چەكی ئەو سوپا نیشتمانیە، بۆ ئەوەی ئەوە بەدیبێت، پێویستە گفتوگۆی راستەوخۆ بكرێت بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەك لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرسە. 🔹گفتوگۆكان لەگەڵ توركیا ناراستەوخۆن، لەڕێی هاوبەشەكانمانەوە دەكرێت لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەركردایەتی دەكات. 🔹ئێمە دەخوازین گفتوگۆكان راستەوخۆبێت بۆ نەهێشتنی مەترسیەكانی توركیا، بەڵام تا ئەم ساتە توركیا ئامادەیی پیشاننەداوە بۆ دانوستانێكی لەوشێوەیە. 🔹پێشتر جەختمان كردووە"هەسەدە" هیچ پەیوەندییەكی رێكخستنی نیە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، هەندێك لە ئەندامەكانی لەگەڵ كەسانی تردا هاوكارییان كردن لە شەڕەكەمان دژی داعش، بەڵام لەگەڵ راوەستنی پرۆسە سەربازییەكان، دەگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. 🔹ئێمە باس لە سوپای نیشتمانی سوریای و دانانی چەك و تێكەڵكردنی گروپەكان دەكەین لەو سوپایە، ئەگەر ئەندامانی پێشمەرگەی رۆژ دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان پرسێكی ئاساییە بۆ بەشداریكردن لە بونیادنانی نیشتمانەكەیان. 🔹بە دڵنیایی دیمەشق پایتەختمانە، سەردانی دەكەین هەركاتێك دۆخەكە گونجاوبێت.


درەو:   به‌پێی‌ داتاكانی‌ ماڵپه‌ڕی‌ شه‌فافیه‌ت، داهاتی‌ دەڤەری سلێمانی له‌ ساڵی‌ 2024دا (897) ملیار دینارەو داهاتی دەڤەری سلێمانی لە 2023دا (ترلیۆنێك و 173 ملیار) دینار بووە، واتا داهاتی سلێمانی نزیكەی (300) ملیار دینار كەمیكردووە. بەپێی داتاكانی ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت  داهاتی‌ ئه‌مساڵی‌ سنوری پارێزگاكانی (سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه) و ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان و راپەڕین) ‌ تا ئه‌مڕۆ ( 897 ملیار و 403 ملیۆن)دینار بووه‌ كه‌ سه‌دا (84%)ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بووه‌ و سه‌دا (11%)ی به‌ چه‌ك و (5%)ی به‌شێوه‌ی‌ مه‌قاسه‌یه‌. هەر بەپێی داتاكانی كاڵپەری شەفافیەتی داهاتی ساڵی رابردووی سنوری پارێزگاكانی (سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه) و ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان و راپەڕین) ‌ بریتی بووە لە  ( ترلیۆنێك و 173 ملیار و 990 ملیۆن) دینار بووە بەو پێیەی جیاوزایەكە زیاتر لە (276) ملیار دینارە واتا داهاتی دەڤەری سلێمانی بە رێژەی (24%) كەمیكردووە، ئەویش پەیوەندیی بەوەوە هەیە بەشێك لە داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكان ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و هاوردەكردنی كەلو پەل بە رێگای (قاچاغ) زیادی كردووە. بەراورد بە ساڵی 2021  داهاتی دەڤەری سلێمانی بۆ یەك مانگ لە (161 ملیار) دینارەوە بۆ (53) ملیار دینار كەمی كردووە (ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت) ، لەكاتێكدا داهاتی تەنیا یەك مانگی ساڵی 2021ی دەروازەی باشماخ (23 ملیار) دینار بووە. بەپێی ئاماری سایتی شەفافییەت داهاتی سلێمانی  بەم شێوەیە بووە: -    مانگی 12/2024: ( 53 ملیارو 166 ملیۆن) دینار -    مانگی 11/2024:  (61 ملیار و 50 ملیۆن) دینار -    مانگی 1/2024: (70 ملیار و 318 ملیۆن) دینار -    مانگی 2/2024: (95 ملیار و 316 ملیۆن) دینار -   •    خۆ ئەگەر بەراوردی بكەین بە ساڵانی رابردوو: •    مانگی 12/2024: داهاتی سلێمانی (53 ملیار) دینار بووە •    مانگی شوباتی 2021: داهاتی سلێمانی (161 ملیار) دینار بووە   هەواڵی پەیوەندیدار  


نووسینی: میكڵ ڕۆبن وه‌رگێڕانی: عه‌لی نادر هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كانی ئه‌مریكا، جۆرج بۆشی باوك بۆ ماوه‌یه‌ك بیری له‌و به‌ڵێنانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێشتر كه‌وتبوونه‌ سه‌ر زاری. كوتومت له‌ 15 كانوونی یه‌كه‌می 1991دا بوو، واته‌ پاش دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ڕزگاركردنی كۆیت له‌ ده‌ستی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌دام حسێن، داوای له‌ گه‌لانی عێراق كرد بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و له‌ دژی سه‌دام حسێنی دیكتاتۆر ڕابپه‌ڕن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كورده‌كان و شیعه‌كان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت. ئه‌وه‌ بوو له‌ شاری ڕانییه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێ كرد و له‌ ماوه‌ی پازده‌ ڕۆژدا كورده‌كان توانییان ده‌سته‌ڵاتی سه‌دام ڕابماڵن. هه‌رچه‌ند له‌و ده‌مه‌دا بۆش داوای له‌ عێراقییه‌كان ده‌كرد له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی خۆیاندا په‌له‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوای له‌ ئه‌مریكایییه‌كان كرد به‌په‌له‌ له‌ عێراق بكشێنه‌وه، به‌ڵام هێشتا له‌نێو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌سانێك هه‌بوون داوای ئاساییكردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌كرد. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا به‌رپرسانی ئه‌مریكا گیراوانی گاردی كۆمارییان ئازاد كردن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دام بتوانێت ڕاپه‌رینه‌كانی كورد و شیعه‌ سه‌ركوت بكات. له‌و كاته‌دا كۆپته‌ره‌ جه‌نگییه‌كانی سه‌دام كه‌وتنه‌ وێزه‌ی گونده‌كانی كوردستان. ئه‌مه‌ و ترسی كیمیاباران كه‌ هێشتا وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ بوو، وای كرد كورده‌كان به‌سه‌ر چیا سه‌ركه‌شه‌ به‌فرگره‌كانی باكووردا ئاودیوی توركیا ببن. كۆتا شت كه‌ حكوومه‌تی توركیا له‌و ده‌مه‌دا بیری لێ ده‌كرده‌وه‌، هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ كوردانه‌ بوو بۆ نێو وڵاته‌كه‌ی. هه‌ر بۆیه‌ تورگات ئۆزالی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی توركیا پێشنیاری دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامی له‌ باكووری عێراق كرد. ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ بڕیاره‌كانی ژماره‌ 678 و 688 ناوچه‌ی دژه‌فڕینی له‌ باكووری عێراق دروست كرد. ئۆزال ڕێگه‌ی دا فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌كار بێنن. ئه‌و كاته‌ی كورده‌كان ڕژانه‌ نێو ئه‌و ناچه‌ ئارامه‌وه‌، ئه‌مریكا ناوچه‌كه‌ی فراوان كرده‌وه‌ و بۆ 9300 كیللۆمه‌تری چوارگۆشه. زۆر جار ئه‌گه‌ر مێژوو خۆی دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ڕووداوی هاوشێوه‌ دروست ده‌كاته‌وه‌. جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا، هاوشێوه‌ی جۆرج بۆش، هانی كورده‌كانی دا له‌ دژی ئه‌سه‌د ڕابپه‌رن، هه‌رچه‌ند نه‌یویست پشتگیریی ڕاسته‌وخۆی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا بكات. له‌م ئانوساته‌دا وه‌زا‌ره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ته‌مایه‌ ئاشته‌وایی له‌ سووریا دروست بكات. بڕیاری ئیداره‌ی جۆ بایدن بۆ ده‌ستشلكردنه‌وه‌‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌بوو محه‌مه‌د جۆلانی و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری توركیا ڕه‌وایه‌تی به‌و گرووپانه‌ ده‌دات. ئامانجی توركیا و میلیشیاكانی له‌م كاته‌دا ڕیشه‌كێشكردنی ده‌سته‌ڵاته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌كه‌ی كورده‌كانه‌ له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا. پێشنیاره‌كه‌ی جۆلانی بۆ پاراستنی به‌ندییه‌كانی نێو ئۆردووگای (الهول) كه‌ هه‌زاران لایه‌نگری داعش و خێزانه‌كانیانی تێدا به‌ند كراوه‌، له‌م كاته‌دا كه‌مێك پێكه‌نیناوی دێته‌ به‌ر چاو. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ گورگ بكه‌یت به‌ شوانی مه‌ڕ. ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وا بارودۆخ له‌ ئێستا خراپتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌زاران لایه‌نگری داعش نه‌ك ته‌نیا له‌ سووریا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكه‌ به‌ هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپایشدا بڵاوه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌ستی ئۆردوگان كراوه‌ ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر سه‌ركرده لاوازه‌‌كانی ئه‌وروپا و ناتۆدا سنگ ده‌ربپه‌ڕێنێت و جارێكی تر ده‌رگا بۆ په‌نابه‌ره‌ نایاسایییه‌كان بكاته‌وه‌. ئۆردووگان هاوشێوه‌ی ئۆزال نییه‌، له‌ كاتێكدا ئۆزال له‌ هه‌وڵی قاییلكردنی كورده‌كان و ئیسلامییه‌كاندا بوو، به‌ڵام ئۆردووگان خۆرئاوا به‌ لاواز ده‌بینێت، سیاسه‌ت چه‌شنی یاریی چه‌رخ و فه‌له‌ك ته‌ماشا ده‌كات. له‌ خه‌یاڵی خۆیدا خوا په‌یامی بۆ ناردووه‌ هاوشێوه‌ی به‌رپرسه‌ عوسمانییه‌كان كورده‌كان ڕیشه‌كێش بكات، هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌رمه‌نه‌كانیان پاكتاو كرد. كورده‌كانی سووریا، به‌ پێچه‌وانه‌ی كورده‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 1991، هیچ په‌ناگه‌یه‌كیان نییه‌ په‌نای بۆ ببه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕوو له‌ تووركیا بكه‌ن، به‌ ده‌ستی خۆیان گۆڕ بۆ خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نن. كوردستانی عێراقیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئارام نییه‌. پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی پێگه‌یه‌كه‌ بۆ جاشه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ پارتێكی نیشتمانی نییه‌، به‌رپرسانی پارتی دۆزی نیشتمانیی كوردییان كردووه‌ به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیان. تێڕوانینی ئه‌وان بۆ كوردستان هاوشێوه‌ی تێڕوانینی تووركه‌كانه‌ بۆ باكووری قوبرس. ئه‌مڕۆ ئه‌مان وای پیشان ده‌ده‌ن حكوومه‌تێكی كارایان هه‌یه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت ته‌نیا هه‌رێمێكی داگیركراوه‌ و بووه‌ به‌ هۆكارێك بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌. ده‌توانین زۆر به‌سانایی ئه‌وه‌ بڵێین داگیركردنی ڕۆژئاوا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌ك به‌نێوچاوانی ئیداره‌كه‌ی بایدن له‌ لایه‌كه‌وه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپیش له‌ گۆڕ ده‌نێت، چونكه‌ بڕیار وایه به‌ پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌براهه‌م، تره‌مپ كۆتایی به‌ تیرۆر بهێنێت و پارێزگاریی له‌ ئاساییشی ئیسرائیل بكات. ‌كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا پێشنیاره‌كه‌ی ئۆزال بۆ ڕۆژئاوا به‌كار بێنێت و هه‌رێمێكی دژه‌فرین و ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ ڕۆژئاوا دروست بكات، كه‌ له‌ عه‌فرینه‌وه‌ بۆ سمێلكا و له‌ قامیشلییه‌وه‌ بۆ دێر زوور درێژ ببێته‌وه‌. گومان له‌وه‌دا نییه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ توركیا هاوكاریی ئه‌مریكا ناكات و هه‌رگیز به‌و بڕیاره‌ قاییل نابێت، ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌ پێویستی به‌ به‌كارهێنانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیایه‌، نه‌ پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ئۆردووگانه‌، چونكه‌ ئۆردووگان نابێت به‌ ئۆزال. ئامانج له‌ كارێكی له‌و جۆره‌ خزمه‌ت به‌ مرۆڤاییه‌تییه‌. ئه‌گه‌ر ئۆردووگان باس له‌ كاری دیبلۆماسی ده‌كات، ده‌بێت له‌گه‌ڵ كێدا ئه‌و كاره‌ بكات؟ پێناچێت بریكاره‌كانی له‌ سووریا به‌ ڕاشكاوانه‌ بیانه‌وێت له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌وه‌، چونكه‌ كورده‌كان هیچ زیانێكان بۆیان نییه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بریكاره‌كانی تووركیا هێشتا له‌ لای باشووره‌وه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان به‌سه‌ر گرووپه‌كانی تردا بسه‌پێنن. ده‌كرێت ئه‌مریكا ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ له‌ سنووره‌كانی ئۆردووندا دروست بكات، چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی چۆڵن و به‌ئاسانی ده‌پارێزرێن. ڕه‌نگه‌ شانشینی ئوردن كارێكی له‌و شێوه‌ی پێ خۆش بێت، چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ گرووپه‌ ئیسلامییه‌ دژه‌ هاشمییه‌كان ده‌یپاریزێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ڕێگری له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام ده‌كات. ده‌كرێت ئیسرائیل به‌ڵێنه‌كانی خۆی به‌ كورده‌كان بكات به‌ كردار و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ كار بێنێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ده‌توانێت فڕۆكه‌وانه‌كانیشی بخاته‌ خزمه‌تی كورده‌كانه‌وه‌. شانشینی سعودیه‌ كه‌ به‌ئارامی و له‌ژێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌كانه‌وه‌ كردووه‌، چونكه‌ له‌ پاوانخوازییه‌كانی ئۆردووگان و ئایدۆلۆجیا دڕندانه‌كانی ده‌ترسێت، ڕه‌نگه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی بخاته‌ خزمه‌ت كورده‌كانه‌وه‌. ده‌كرێت ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپایییه‌كانیش بیانه‌وێت یارمه‌تیده‌ر بن. ڕه‌نگه‌ كورده‌كانی عێراق حه‌زیان له‌و كێشمه‌كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یییانه‌ نه‌بێت كه‌ هاوخوێنه‌كانیان له‌ سووریا خۆیان تێ ئاڵاندووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئه‌مریكا ئاساییشی كوردستان بپارێزێت، ئه‌وا ده‌بێت باجی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌یان بده‌ن. مه‌سرور بارزانی كه‌ هاوشێوه‌ی سووڵتانه‌كان خه‌ون به‌ ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینێت، له‌ 21 ساڵی ڕابردوودا كه‌ گرین كارتی ئه‌مریكاییی وه‌رگرتووه‌، هیچ باجێكی به‌ ئه‌مریكا نه‌داوه‌، ئه‌و له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزوێنییه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدا ئاگری لێ ده‌بارێت، به‌ڵام كاتێك دێته‌ ئه‌مریكا له‌ ترسی نه‌یاره‌كانیدا كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ پاره‌ بیانكڕێت، وه‌ك به‌رخ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌، ئۆردوگان وه‌ك به‌ڵته‌چییه‌ك قسان ده‌كات، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كورد و ئه‌رمه‌نانه‌ی كه‌ توانای به‌رگریی فڕۆكه‌ و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانیان نییه‌، به‌ڵام كاتێك ڕووبه‌ڕووی دراوسێ به‌هێزه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌، به‌ جۆرێكی تر مامه‌ڵه‌ ده‌كات. به‌ كورتی، كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئیداره‌كه‌ی بایدن، یان تره‌مپ، ناوچه‌یه‌كی دژه‌فڕین له‌ ڕۆژئاوا دابنێت و به‌ توركیا بگوترێت ”ئیتر به‌سه‌“. چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كرێت توركیا ناچار بكرێت واز له‌ پاوانخوازی و پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و پشتگیریی گروپه‌ تووندڕه‌وه‌كان بهێنێت. تێبینی: بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م بابه‌ته‌ مۆڵه‌تی نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌.


درەو: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سبەینێ نۆیەمین كۆنگرەی خۆی سازدەكات، بە ئامادەیی زیاتر لە (800) ئەندام، لەدوای دامەزراندنییەوە لە 1994 – 2024 یەكگرتوو (8) كۆنگرەی كردووە، تاكە حزبی كوردستانە كە كۆنگرەكانی لەكاتی خۆیدا كردووە، جگە لە چوار ساڵەكەی (محەمەد فەرەج) لە ماوەی (30) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (26) ساڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بووە. یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی 6/2/1994 دامەزراوە، ئەمیندارەكەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهادین)ە، جگە لە (4) ساڵی ئەمیندارێتی محەمەد فەرەج، لەسەرەتاوە دامەزراندنی یەكگرتووەوە ئەمینداری حزبەكەیە، واتە  سەڵاحەدین محەمەد بەهادین (26) ساڵە كەسی یەكەمی ئەم حزبەیە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا 2024 رێژەی دەنگو كورسیەكانی زیادی كرد بەراوورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2018ی پەرلەمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا یەكگرتوو (67 هەزارو 712) دەنگی بەدەستهێنا، (5) كورسی مسۆگەركرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 یەكگرتوو، ( 117 هەزارو 444) دەنگی بەدەسهێناوە (7) كورسی مسۆگەر كردووە، یەكگرتوو لە ئێستادا خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت چونكە بووە بە حزبی چوارەمی كوردستان لەدوای (پارتی ، یەكێتی، نەوەی نوێ)وە. كۆنگرەكانی یەكگرتوو.   یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە چالاكترین حزبی سیاسی هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە بەستنی كۆنگرەدا لە (30) ساڵی تەمەنیدا (نۆیەم) كۆنگرە دەبەستێت، ووردەكاری حەوت كۆنگرەی رابردووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە سایتی فەرمی ئەو حزبەدا بڵاوكراوەتەوە: كۆنگرەی یەكەم: یەكگرتوو لە هەوڵی بەستنی كۆنگرەی یەكەمدابوو لە (مانگی /1/1994)، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە نەتواندرا كۆنگرەكە لە كات و شوێنی خۆی ببەسترێت، ئەوە بوو رێكخستنەكانی دابەشكرد بۆ (9) بازنەی هەڵبژاردن كەلە (727) ئەندام پێكهاتبوون. لە هەر ناوچەیەك كاندیدی خۆیان هەڵبژارد كە ژمارەی هەڵبژێر دراوەكان (131) كەس بوو لە هەرچوار پارێزگای كوردستان (سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك)، لە دوو كۆنفرانسی جیادا كە لە هەولێر و سلێمانی بەستران (15) ئەندام و (3) یەدەك بۆ شورای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردران. بەڵام ئیعلانكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەوتە بەرواری (6/2/1994) كۆنگرەی دووەم .. پاش بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكانی رێكخستن لە سەرجەم مەڵبەندەكانی شارەكانی كوردستان بەرواری (20/8/1996) دەست نیشانكرا بۆ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئەوەبوو لە شاری هەولێر هۆڵی میدایا دیار كرا بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرە، كە سێ رۆژی خایاند و ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش لە (250) كەس پێكهاتبوو كە (20) ئەندام بۆ شورای ناوەندی یەكگرتوو دەرچوون، لە دوای ڕاپەرین بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەی حیزبەكانی كوردستان رێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان توانی بە (3) ژن بگەنە پلەی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆنگرەی سێیەم .. بۆ كۆنگرەی سێیەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرواری (3/9/1999) دەست نیشانكرا لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت، بۆ تاوتۆی كارەكانی كە تەواوی ژمارەی ئەندامانی كرنگرە (350) كەس بوو، كە (84) ئەندام كۆنگرە خۆیان پاڵاوت بۆ ئەوەی دەنگ بۆ (25) كەس بدەن بۆ هەڵبژاردنی شواری ناوەندی، دواتر زیادكرا بۆ (30) ئەندام كە (3) ئەندامیان ژن بوو. كۆنگرەی چوارەم .. لە كۆنگرەی چوارەمدا ئامادەكاریەكان بۆ ماوەیەك دواكەوت بە هۆی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەتایبەتی شەڕی ئەمریكا لە گەڵ ڕژێمی حیزبی بەعس و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گۆڕانە گەورەیە نەبووە كۆشپ بۆ ئەوەی كۆنگرەی چوارەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نەبەسترێت ئەوەبوو رۆژی سێ شەممەی بەرواری (30/4/2005) شاری هەولێر دەست نیشانكرا بۆ بەستنی كۆنگرە. ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم (490) كەس بوو كە (35) یان بە ئەندامی شورای ناوەندی هەڵبژێردران، لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان زیادیكرد بۆ (5) ئەندامی شواری ناوەندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆنگرەی پێنجەم .. بۆ بەرێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم بەرواری (1/5/2008) شاری هەولێر دەست نیشانكرا، كە ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە (538) كەس بوو، هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا ناوی شورای ناوەندی بگۆڕدرێت بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە (79) كەس لە برایان و خوشكان خۆیان پاڵاوت (35) كەس بوونە ئەندامی سەركردایەتی. لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان (5) لە ئەندامی سەركردایەتی بوون و (3) یان لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوون. كۆنگرەی شەشەم .. كۆنگرەی شەشەم خاڵی وەچەرخانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی كاری نهێنی و (18) ساڵی ئیعلانكردنیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  (سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین) بڕیاری خۆ نەپاڵاوتنەوەی دا بۆپۆستی ئەمینداری گشتی، لەم كۆنگرەیەدا چونكە سستمی كۆتا جێگیر كرا بۆیە (9) ژن لەسەركردایەتی (پێنجیان بەدەنگی خۆیان سەركەوتن) و (سێ)یان لەمەكتەبی سیاسی بوون و (دوانیان) بەدەنگی خۆیان سەركەوتن). لە دەستەی باڵاش دوو ژن دەرچوون چونكە كۆتا هەبوو لە (9) ئەندام (دوانیان) ژن بوو. بۆ كۆنگرەی شەشەم بڕیاردرا لە شاری هەولێر رۆژی سێ شەممە بەرواری (1/5/2012) بە ئامادەبوونی (750) ئەندام كۆنگرە كارەكانی خۆی بەرێوەبرد و هەڵبژاردن بۆ (35) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كرا، هەر لەم كۆنگرەیەدا رێژەی ژنان بۆ (9) ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرزبویوە. كۆنگرەی حەفتەم .. كۆنگرەی حەوتەم لەڕۆژانی ( 28-29 ) /5 / 2016 لەشاری هەولێر بەئامادەبونی ( 1127 ) ئەندام بەسترا. لەو كۆنگرەدا ئەمینداری پێشوی یەكگرتوو ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) لەسەر داوای یەكگرتووەكان ئامادەیی دەڕیڕی جارێكی دیكە خۆی بپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، ئەوەبوو لەناو هۆڵی كۆنگرە بەڕێزیان خۆی پاڵاوت بۆپۆستی ئەمینداری گشتی ، لەبەرامبەردا ئەمینداری گشتی ئەوكات مامۆستا ( محمد فەرەج) وەك ڕێزو تەقدیرێك بۆ خۆپاڵاوتنەوەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) ، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە لەناو هۆڵی كۆنگرە ڕایگەیاند كەخۆی ناپاڵێوێتەوە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ، بەم شێوەیە ( سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ) جارێكی تر لەكەش و هەوایەكی برایانەدا بەئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە. لەكۆنگرەی حەوتەم ( 35) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران ، ( 9 ) ئەندامیان لە ژنان بوون ، هەروەها ( 9 ) ئەندامیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردران كە ( 2) ئەندامیان ژن بوون. كۆنگرەی هەشتەم .. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژانی 28 و 29 /12/2019 كۆنگرەی هەشتەمی  ئەنجامدا ( 900) ئەندام بەشدار بوون تیایدا بە زۆرینەی رەها سەڵاحەدین بەهادینی وەك ئەمینداری گشتی یەكگرتوو هەڵبژاردەوە، (27) ئەندامی سەركردایەتی لە كۆی ( 43) ئەندامی سەركردایەتی كە ( 16) بەرپرسی مەڵبەند راستەوخۆ بوونە ئەندامی سەركردایەتی. كۆنگرەی نۆیەم: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەماوەی ( 30 ) ساڵی ڕابردویدا ( 8 ) كۆنگرەی  ئەنجامداوە و ئێستاش 27 و 28 /12/2024 كۆنگرەی نۆیەمی  سازدەكات كە ( 800) ئەندام بەشداری تێدا دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت سەڵاحەدین بەهادین بە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردڕیتەوە.     راپۆرتی پەیوەندیدار كۆنگرەی هەشتەم


راپۆرتی: درەو 🔻 رۆژی (24ی 12ی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە  زۆرتر لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (110 ترلیۆن و 220 ملیار) دیناری بە رێژەی (88.2%) داهاتی نەوت و پتر لە (14 ترلیۆن و 438 ملیار) دیناری بە رێژەی (11.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، زۆرتر لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار) دینار بووە، کە (86.6%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (13.4%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (1.6%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (ترلیۆنێک و 938 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 84 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی لە (495 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (49 ملیار و 351 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (8 ترلیۆن و 539 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی (2024)دا رۆژی (24ی کانونی یەکەمی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024) لە (24ی کانونی یەکەمی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار و 47 ملیۆن و 361 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (110 ترلیۆن و 220 ملیار و 268 ملیۆن و 945 هەزار) دیناری بەڕێژەی (88.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (14 ترلیۆن و 438 ملیار و 778 ملیۆن و 884 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، تا کۆتایی مانگی دەی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار و 161 ملیۆن و 764 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (100 ترلیۆن و 637 ملیار و 260 ملیۆن و 319 هەزار) دیناری بەڕێژەی (86.6%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (22 ترلیۆن و 82 ملیار و 901 ملیۆن و 444 هەزار) دیناری بەڕێژەی (13.4%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی یەکەمی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە تاکۆتایی مانگی تەموزی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (22 ترلیۆن و 82 ملیار و 901 ملیۆن و 444 هەزار) دیناری بەڕێژەی (13.4%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (167 ملیار و 237 ملیۆن و 620 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (0.8%) بۆخەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (12 ترلیۆن و 720 ملیار و 412 ملیۆن و 698 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (57.6%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (2 ترلیۆن و 414 ملیار و 676 ملیۆن و 881 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (10.9%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (5 ترلیۆن و 787 ملیار و 125 ملیۆن و 346 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (26.2%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (993 ملیار و 448 ملیۆن و 897 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (4.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار و 161 ملیۆن و 764 هەزار) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار و 47 ملیۆن و 830 هەزار) دینار. واتە بڕی (ترلیۆنێک و 938 ملیار و 886 ملیۆن و 66 هەزار) دیناری بەڕێژەی (1.6%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024) ڕێژەیەکی بەرزی کوردتهێنان ڕویداوەو گەیشتووە بە (17 ترلیۆن و 531 ملیار و 959 ملیۆن و 804 هەزار) دینار بە ڕێژەی (170%). سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)). خشتەو چارتی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 84 ملیار و 57 ملیۆن و 650 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (494 ملیار و 959 ملیۆن و 997 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (126 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (49 ملیار و 351 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (8 ترلیۆن و 539 ملیار و 746 ملیۆن و 2 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (6 ترلیۆن و 837 ملیار و 801 ملیۆن و 649 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (80%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 701 ملیار و 944 ملیۆن و 352 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (20%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة أب لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة أیلول لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة تشرین الاول لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx  


راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتەکە بە بڕی زیاتر لە (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ 🔹 بە بڕی نزیک لە (7 ترلیۆن و 688 ملیار) دینار بە ڕێژەی (71%)ی خەرجییەکان بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (251 ملیار و 699 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (2%)ی خەرجییەکان بۆ بواری خزمەتگوزاری (المستلزمات الخدمیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (285 ملیار و 143 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (3%)ی خەرجییەکان بۆ بواری شمەک (المستلزمات السلعیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (130 ملیار و 825 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری چاکسازی (صیانة الموجودات) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (485 ملیار و 831 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (4%)ی خەرجییەکان بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (ترلیۆنێک و 973 ملیار و 246 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (18%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (86 ملیار و 648 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بوار و خەرجی سەمایەگوزاری (النفقات الرأسمالیة) نێردراوە. تەمویلی وزارەتی دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10 مانگی یەکەمی 2024) بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە دواترینیانی بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024 لە (24/12/2024) بڵاو کردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرخییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بڕی (10 ترلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن و 957 هەزار و 875) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ 1.    بە بڕی (7 ترلیۆن و 687 ملیار و 867 ملیۆن و 216 هەزار و 132) دینار و بە ڕێژەی (71%)ی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاب بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە. 2.    بڕی (251 ملیار و 699 ملیۆن 449 هەزار و 667) دینار بە ڕێژەی (2%)ی خەرجییەکان بۆ بواری خزمەتگوزاری (المستلزمات الخدمیة) نێردراوە. 3.    بڕی (285 ملیار و 143 ملیۆن و 528 هەزار و 433) دینار بە ڕێژەی (3%)ی خەرجییەکان بۆ بواری شمەک (المستلزمات السلعیة) نێردراوە. 4.    بڕی (130 ملیار و 825 ملیۆن و 557 هەزار و 26) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری چاکسازی (صیانة الموجودات) نێردراوە. 5.    زیاتر لە (485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار) دینار بە ڕێژەی (4%)ی خەرجییەکان بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە. 6.    زیاتر لە (ترلیۆنێک و 973 ملیار و 246 ملیۆن و 384 هەزار) دینار بە ڕێژەی (18%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە. 7.    زیاتر لە (86 ملیار و 648 ملیۆن و 443 هەزار) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بوار و خەرجی سەمایەگوزاری (النفقات الرأسمالیة) نێردراوە. بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی تەمویلە داراییەکانی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (10ی 2024) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە خشتەکەی خوارەوە؛ خشتە     لینكی راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق


درەو: هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (23) ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن بەهۆی (نەدانی موچە، پاشەكەوت، لێبڕینی موچە) ساڵی رابردوو (2023) حكومەت موچەی مانگەكانی (10،11،12)ی موچەخۆرانی نەدا، ئەمساڵ لەكۆتایی 2024 داین تازە موچەی مانگی (10) دابەشدەكرێت، لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا (2015 – 2024) حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەرای ئەوەی مانگانە لەكاتی حخۆی موچەی نەداوە، بەشێكی زۆری موچەی موچەخۆرانیش قەرزارە : لەكۆی (120) مانگ (2015 -2024): -    (17) موچە بەتەواوی نەدراوە -    (34) موچە بە پاشەكەوتەوە دراوە -    (10) موچە بە لێبڕینی (21%) دراوە -    كۆی گشتی (61) مانگ موچە نەدراوەو پاشەكەوت و لێبڕێن كراوە (51%) -    كۆی گشتی (59) مانگ موچە بەتەواوی دراوە  (49%) •     پارەی قەرزی موچەخۆران لای حكومەت ( 23ترلیۆن ) دینارە •     قەبارەی راگرتنی بەرزەموچە نزیكەی (6) ترلیۆن دینار. كۆی گشتی قەرزی موچەخۆران لای حكومەت دەكاتە (29) ترلیۆن دینار  


درەو: چالاكی نوێنەرانی سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق: - سۆران عومەر لە كۆی گشتی چالاكییەكان لە پلەی یەكەمدایە - بڕیار رەشید  لە كۆی گشتی چالاكییەكان لە پلەی دوەمدایە - نەرمین مەعروف  لە كۆی گشتی چالاكییەكان لە پلەی سێیەمدایە - موسەنا ئەمین لە كۆی موداخەلەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە پلەی یەكەمدایە لە بازنەی یەكی سلێمانی نەرمین مەعروف لە پلەی یەكەمدایە -لە بازنەی دوو ، بڕیار رەشید لە پلەی یەكەمدایە - لە بازنەی سێ، موسەنا ئەمین لە پلەی یەكەمدایە - لە بازنەیچوار، سۆران عومەر لە پلەی یەكەمدایە - لە بازنەی پێنجەم، كاروان یاروەیس لە پلەی یەكەمدا دەقی ڕاپۆرتى ڕێکخراوى کوردستان بۆ هەمووان بە پاڵپشتی ڕێکخراوی NED ی ئەمریکی


(درەو): دادگای كارگێڕیی عێراق سكاڵاكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك لە هۆتیڵ رەشیدی بەغدادەوە رەتكردەوە، بەڵام هەمان سكاڵای بەرەی توركمانی و راكان جبوری هێشتەوەو سەرەتای ساڵی ئایندە بڕیاری لێ دەدات. دادگای كارگێڕیی عێراق سكاڵای پارتی دیموكراتی كوردستانی سەبارەت بە شەرعیەتی حكومەتی خۆجێی كەركوك رەتكردەوە. پارتی و بەرەی توركمانی و راكان جبوری لە پێكهاتەی عەرەب هەرسێكیان لەسەر هەمان بابەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك سكاڵایان تۆماركردووە، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوەكان، دادگای پارتی تەنیا سكاڵاكەی پارتی رەتكردوەتەوەو سكاڵاكەی بەرەی توركمانی و راكان جبوری بۆ رۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی ئایندە دواخستووە.  رۆژی 10ی ئابی ئەمساڵ، لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئۆهێل رەشید لە بەغداد، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ نیوەی پێكهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئیمزا كردو بەمە نیسابی یاسایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی تەواو كرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دوو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگاری وەرگرت و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش درا بە پێكهاتەی عەرەب، بەومەرجەی دوای دوو ساڵ پۆستەكان ئاڵوگۆڕ بكەن.  لەوكاتەوە تائێستا، پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانی و نیوەی پێكهاتەی عەرەبی كە بە تێكڕا لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا (7) كورسییان هەیە، دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان بایكۆت كردووە.  ئەم سێ لایەنە كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشیدی بەغداد بە نایاسایی دەزانن، بۆیە سكاڵایان تۆماركردووەو پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار (رێبوار تەها)و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (محەمەد حافز) بە نایاسایی ناودەبەن.  ئەمە جاری پێنجەم بوو كە دادگای كارگێڕیی عێراق بڕیاردانی كۆتایی لەسەر كەیسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دواخست، بەر لە بڕیاری دادگا لەسەر سكاڵاكەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك چونە بەغدادو فایەق زەیدان سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی تری عێراقیان بینی. 


  راپۆرتی: درەو 🔹 لە ماوەی ساڵی (2024)دا هیچ داهاتێکی فڕۆشتنی نەوتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەوەی نەوت سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام نەک بە ڕاستەوخۆ بەڵکو بە ناڕاستەوخۆش لە ساڵی (2024)دا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سودمەند نەبوونە لەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە، چونکە تەنانەت حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە هاوشێوەی حکومەتی عێراقیش پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی بکات، تا وەکو هاوڵاتیانی هەرێم بەنرخی گونجاوتر دەستیان بە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک (نەوت، گاز، بەنزین و ...هتد) بگات. 🔹 ڕۆژانە لە هەرێم سەرو (300 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، لەو ڕێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی بۆ ئێران و تورکیا لە ڕێگەی تانکەرەوە گوازراوەتەوە و باقیەکەی لە ناوخۆی هەرێم ساخ کراوەتەوە، داهاتی مانگانەی نەوت بە نزیکەی (340 ملیۆن) دۆلاری مانگانەو سەرو (4 ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت لە ساڵی 2024دا. 🔹 ئەگەر بە تێکڕا داهات و بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانی و فەرمییەکان لێکبدەینەوە، ئەوا بە تێکڕا لە کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (301 هەزار و 604) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنرابێت بۆ كۆی ساڵەكە (110) ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە، هەر بەرمیلێک نەوتیش بە تێکرا و بە نیوە کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی برێنت و بۆ هەر بەرمیلێک بە (35-40 دۆلار) بخەمڵێنین، ئەوا داهاتی ڕۆژانەی نەوتی بەرهەمهاتوو بە بێ تێچوو و کرێی بەرهەمهێنان، بریتی دەبێت لە (11 ملیۆن) دۆلار بە مانگەکانە دەکاتە (339 ملیۆن ) دۆلارو لە تەواوی ساڵی (2024) کۆی داهاتەکەی دەگاتە (4 ملیار) دۆلار، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە.   بەرهەمهێنان و بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێم و قازانجی کۆمپانیا و بازرگانانی نەوت لە ساڵی 2024 دا سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2024) بە ڕاگیراوی مایەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵکو کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بەرهەمیان هەبووە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بە شێوەی وەرزی ڕاپۆرتی کارو چالاکی و بەرهەم قازانجی خۆیان بە شێوەی وەرزی بڵاو کردووەتەوە، بۆ نمونە؛ 1.    رۆژی (8/5/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) ڕاگەیاند؛ کە کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (183ملیۆن) دۆلار بووەو (61 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بە جۆرێک؛ رۆژانە (28 هەزار و 379) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (47 هەزار و 931) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور، هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (30) دۆلار بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە. هەمان کۆمپانیا رۆژی (15/8/2024) بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (137 ملیۆن) دۆلار بووە، بڕی (35 ملیۆن) دۆلار قازانجی هەبووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (79 هەزار و 783) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ، ئەو بەرهەمەش بەڕێژەی (5%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ. رۆژانە (30 هەزار و 684) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (49 هەزار و 99) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور بەرهەمهێناوە، هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بەسەرو (30) دۆلار بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە. رۆژی (7/11/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (170.5 ملیۆن) دۆلار بووە، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن) دۆلار بووە. تەنها لە هەرێمی کوردستان داهاتەکەی (59.2 ملیۆن) دۆلار بووەو نزیکەی (75%)ی پوختەی قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمدا بووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (84 هەزار و 212) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ، ئەو بەرهەمەش بەڕێژەی (5.6%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەمساڵ. رۆژانە (29 هەزار و 693) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (54 هەزار و 520) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور. 2.    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی بۆ نیوەی یەکەمی (2024)، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم جۆرە بووە؛ ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (78 هەزار و 50) بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە (34 – 37) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوەو تێکڕای نرخی نەوتی برێنت (84) دۆلار بووە. بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق و سارتە) بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. هیچ بەرهەمێکیان نەبووە. داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە. 3.    کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا ڕایگەیاندووە؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (37 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ماوەی ناوبراودا (3 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. ئەو بڕەش زۆرترە لەو بەرهەمەی لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهات. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (20 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (ملیۆنێک و 817 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. بەم پێیە کۆمپانیاکە لە (1/1/2024 – 31/3/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (57 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (5 ملیۆن و 162 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە. هاوکات چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاندووە؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا (22 ملیۆن و 630 هەزار) دۆلار بووە، لە (1/4/2024 – 30/6/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (54 هەزار و 800) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (4 ملیۆن و 901 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە. بەو مانایەی لە (1/1/2024 – 30/6/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (56 هەزار و 100) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (10 ملیۆن و 63 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) کۆمپانیاکە بە تێکڕای کاری رۆژانە (42 هەزار و 200) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بە کۆی گشتی بڕی (7 ملیۆن و 116 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتبوو. 4.    کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ نیوەی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوەو ڕایگەیاندووە؛ بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن. تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. بە تێکڕای (8) مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و ئەیلودا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە. ئەو نرخەی لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا بە(27) دۆلار فرۆشرابوو. بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە هەر بەرمیلێک نەوتدا (57.8) دۆلار داشکاندنمان بۆ کڕیاران کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکەش سەروو (71 ملیۆن) دۆلار بووە. 5.    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ؛ تێکڕای بەرهەمی گشتی کێڵگەی نەوتى سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا (36 هەزار و 763)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا بەرهەمی کێڵگەکە (35 هەزار و 31)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتا ئاستی بەرهەم (هەزار و 732) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە رێژەی (5%) زیادی کردووە. هەموو فرۆشتنێکی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (40.52) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە. هاوکات لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بە (66.28) دۆلار فرۆشرابوو، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت بە رێژەی (39%) نرخەکەی لەدەستداوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. داهاتی کۆمپانیای (HKN Energy) بۆ چارەکی یەکەمی 2024 بەڕێژەی (35.1%) کەمیکردووە بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2023. ئەگەر بە تێکڕا داهات و بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانی و فەرمییەکان لێکبدەینەوە، ئەوا بە تێکڕا لە کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (301 هەزار و 604) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنرابێت، هەر بەرمیلێک نەوتیش بە تێکرا و بە نیوە کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی برێنت و بۆ هەر بەرمیلێک بە (35-40 دۆلار) بخەمڵێنین، ئەوا داهاتی ڕۆژانەی نەوتی بەرهەمهاتوو بە بێ تێچوو و کرێی بەرهەمهێنان، بریتی دەبێت لە (11 ملیۆن و 310 هەزار و 150) دۆلار بە مانگەکانە دەکاتە (339 ملیۆن و 304 هەزار و 500) دۆلارو لە تەواوی ساڵی (2024) کۆی داهاتەکەی دەگاتە (4 ملیار و 71 ملیۆن و 654 هەزار) دۆلار، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە. خشتەی (1) هەر لە بارەی بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێمەوە ڕۆژی (11/7/2024) ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بە ڕێگەی بۆری، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخی بۆ ئێران و تورکیا زیادی کردوە. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ڕۆژانە بە سەدان تەنکەری نەوتهەڵگر لە هەولێر و سلێمانیەوە بە ڕێگا پێچاوپێچەکان و ناوچە شاخاویەکاندا تێدەپەڕن و هیچ تۆمارکردنێکیان لە دەروازە سنوریەکان بۆ ناکرێت. ئەو تانکەرە نەوتانە ئەرکیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و تورکیا و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ئاڵوگۆڕی نەوت، کە داهاتی مانگانەیان نزیکەی (200 ملیۆن) دۆلار دەبێت و لەبری ئەوەی بچێتە ناو خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە پارەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت. ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 20 شارەزاو ئەندازیاری نەوت و بازرگان و بەرپرسدا ئامادەکراوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەر بە بڕی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ ئێران و تورکیا دەگوازنەوە. بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە لێدوانی بۆ ئاژانسەکە داوە، ڕۆژانە لە هەرێم (375 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و لەو ڕێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی بۆ ئێران و تورکیا دەگوازرێتەوە و باقیەکەی لە ناوخۆی هەرێم ساخ دەکرێتەوە. ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی بۆ سەر داهاتی گشتی لە ساڵی 2024 دا دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دژی ئەوەی "توركیا ر‌ێكکەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت". دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا (بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. ئێستا کە ساڵێک و 9 مانگ تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتوون بەجۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە؛ لەم بەشەی ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم تەنها لە ماوەی ساڵی (2024) بەر کەرتی گشتی و دارایی حکومەتی هەرێم کەتووە، چونکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هیچ داهاتێکی فڕۆشتنی نەوتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەوەی نەوت سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام نەک بە ڕاستەوخۆ بەڵکو بە ناڕاستەوخۆش لە ساڵی (2024)دا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سودمەند نەبوونە لەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە، چونکە حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە هاوشێوەی حکومەتی عێراقیش پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی بکات، تا وەکو هاوڵاتیانی هەرێم بەنرخی گونجاوتر دەستیان بە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک (نەوت، گاز، بەنزین و ...هتد) بکەوێت.   ئەو زیاننانەی بەر کەرتی گشتی دارایی هەرێم کەوتووە، دەخەمڵێندرێت بە؛ 1.    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا کە هەناردەی نەوتی هەرێمی تێدا ڕانەگیرابوو، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی تەنها لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی ڕادەستی کڕیاران کردبوو. 2.    ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان توانای ساڵی (2022) نەوتی هەرێمی لە ساڵی (2024)یشدا هەناردە بکردایە، لەسەر ئەو بنەمایەی تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ساڵی (2024)دا (80.54) دۆلار بووە و هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە (15.79) دۆلار کەمتریش بفڕۆشتایە وەک ئەوەی لە ساڵی (2022)دا فڕۆشتبووی، ئەوا هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024) بە (64.75) دۆلار دەفڕۆشرا و کۆی داهاتی هەناردەکراوەی هەرێم نزیکەی (9 ملیار و 357 ملیۆن) دۆلار دەبوو. خشتەی ژمارە (2) پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە. خشتەی ژمارە (2) سەرچاوەکان -    درەو میدیا، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان، 1/3/2024؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14745 -    Deloitte report on Oil and Gas review in the Iraqi Kurdistan Region – 2022, at; https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/ -    Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, Europe Brent Spot Price FOB 2024, at; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?dr -    Timour Azhari, Kurdish oil smuggling to Iran flourishes, reuters, July 11, 2024, at; https://www.reuters.com/world/middle-east/kurdish-oil-smuggling-iran-flourishes-2024-07-11/ -    DNO Reports Strong First Quarter Results, Steps Up North Sea Activity, 8/5/2024,at; https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-reports-strong-first-quarter-results-steps-up-north-sea-activity-2024-05-08/ -    Q2 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call, DNO, 6/8/2024 at; https://www.dno.no/en/investors/announcements/q2-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-08-06/ -    Q3 2022 Trading Update and Invitation to Earnings Call, DNO, 14/10/2024 at; https://www.dno.no/en/investors/announcements/q3-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-10-14/ -    Genel Energy plc - Unaudited results for the period ended 30 June 2024, 6/8/2024, at; https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2024/08/HY2024-results_FINAL.pdf -    ShaMaran Reports First Quarter 2024 Results, May 8, 2024, at; https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-reports-first-quarter-2024-results-122854/ -    ShaMaran Reports Second Quarter 2024 Results, August 8, 2024. At; https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-reports-second-quarter-2024-results-122861/ -    Gulf Keystone, 2024 Half Year Results Announcement, 29TH AUGUST 2024, at; https://www.gulfkeystone.com/2024-half-year-results-announcement/ -    HKN ENERGY; Q1 2024 – Management Update, May 24, 2024; https://www.hknenergy.com/wp-content/uploads/2024/05/Q1-2024-Mgmt-Update-05242024.pdf  


(درەو): دادگای کەرخی بەغداد سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق رەتكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، دەڵێ ئەو هۆكارانەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیاری شوباتی 2022ی خۆیدا پشتی پێبەستووە ناكرێت لەسەر ئەو گرێبەستە نەوتییانە جێبەجێ بكرێت كە بەر لە دەرچوونی بڕیارەكە ئیمزا كراون، ئەمەش دەرفەتێكی تر خۆش دەكات لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە.  دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخی بەغداد، سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی رەتكردوەتەوە. سکاڵاکە لە دژی (9) کۆمپانیای نەوتی بیانی كەرتی نەوتی هەرێم تۆمار کرابوو کە بریتین لە (ئەداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، جێنێل ئینێرجی، گالف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران، وێستەرن زاگرۆس)، دادگای كەرخ لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا بڕیاری خۆی بۆ رەتكردنەوەی سكاڵاكە دەركردووە. دادگای كەرخ لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەنانەت ئەگەر گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان پشتی بەو بنەما یاساییانەش بەستبێت كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی 2022دا بە نادەستوریی ناوی بردووە، هێشتا ئەو گرێبەستانە بە "دروست" ئەژمار دەكرێن. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناوەڕاستی شوباتی 2022 لەسەر بنەمای سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت و غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، لەدوای ئەم بڕیارەو لە ئایاری 2022دا وەزارەتی نەوت سكاڵایەكی یاسایی تری بەرزكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم.  دادگای كەرخ لە تەموزو تشرینی یەكەمی 2022دا بڕیاری خۆی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی حەوت كۆمپانیا، بەڵام لەبارەی دۆسیەی كۆمپانیاكانی (داناغاز)و(گازپرۆم) بڕیاری نەدا.  بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەستەوسان رانەوەستاو تانەی دا لە بڕیارەكانی دادگای كەرخ.  بەگوێرەی قسەی (سەباح سوبحی) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق "دادگای كەرخ سەرباری رەتکردنەوەی سکاڵاکە، ژمارەیەک بڕیاری ساڵی 2022ی وەزارەتی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە چەند گرێبەستێکی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پوچەڵ دانابوو".  لە رەتكردنەوەی سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتدا، دادگای كەرخ باسی لەوەكردووە، ئەو هۆكارانەی كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەی شوباتی 2022دا پشتی پێ بەستووە ناكرێت لەسەر ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بكرێت كە بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا ئیمزاكراون، ئەمەش پاڵپشت بە بنەمایەكی گشتیی لە یاسای مەدەنی عێراق.  بەپێی بڕیارەكە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای كردووە بە "دروست و بەركارو پابەند بۆ هەردوولا" ئەژماردەكرێن و هیچ لایەنێكی دەرەوەی گرێبەستەكان مافی ئەوەی نییە تانەیان لێ بدات. وەزارەتی نەوتیی عێراق ئەنجامی سەرەتایی بڕیاری دادگای دۆڕاندووە، بەڵام وەكو سەباح سوبحی دەڵێ: دوای بڕیارەکەی دادگا، وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی 30 رۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، ئەگەر لەو ماوەیە وەزارەت هیچ تانەیەک لە بڕیارەکەی دادگا نەدات، بە تەواوەتی دۆسیەكە دادەخرێت".  بڕیارەكەی دادگای كەرخ لەكاتێكدایە، هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر بەمدواییە لەسەر هەمواری ماددەی تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ریككەوتوون و بڕیارە هەموارەكە لە سەرەتای ساڵی 2025دا لە پەرلەمان پەسەند بكرێت و هەر لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس دژ بە توركیا لە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی عێراق.   


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)   خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەناو بومەلەرزەیەکی سياسيي گەورەدایە. بەرە سیاسییە گەورەکان دەگۆڕێن و بەرەی سیاسیی نوێ دروستدەبن، بکەری سیاسیی تازە دێتەکایەوە و بکەرانی سیاسیی دیکە دەتوێنەوە و وێران دەبن، هاوکێشەی تازەی دەسەڵات دروستدەبێت و هاوکێشە کۆنەکان گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردادێت. دەرکەوتە سیاسییە کۆنکریتەکانی ئەم بومەلەرزە سیاسییە، لەسەرێّکەوە، وێرانکردنی توانا سەربازیی و سیاسییەکانی حەماسی فەلەستینیی و حیزبوڵای لوبنانییە، لەسەرێکی دیکەوە  کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەدە. ئەوەیش کە بە پلەی یەکەم، لەگەڵ کەوتنی ئەم بکەرە سیاسییانەدا دەکەوێت، هەیمەنەی دەوڵەت و حوکمڕانیی ئاینیانەی ئێرانە لەناوچەکەدا. لە ڕاستیدا کەسانێک هەن تا ئەو شوێنە دەرۆن قسە لە فەشەلی مێژوویی و سەرتاسەری ئیسلامی سیاسیی وەک گشتێک بکەن. وەکچۆن جەنگی شەس ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و عەرەب کە ساڵی ١٩٦٧دا کۆتایی بە پرۆژەی «قەومەیتی عەرەبی» هێنا، کۆتایی بەوەی پێدەگوترێت پان-عەرەبیزم، جەنگی ٧ ئۆکتۆبەریش لە گەڵ حەماسدا لە غەزە و جەنگی لوبنان لەگەڵ حیزبوڵا و کەوتنی ئەسەد و ئێران و ملیشیاکانی تر لە سوریادا، کۆتایی و فەشەلی مێژوویی و یەکجارەکی ئیسلامی سیاسیی لەسەرجەمی ناوچەکەدا رادەگەیەنێت. بەڵام ئەوەی ئەم ساتەوەختە تایبەتە لە ئێستادا پێماندەڵێت سەرکەوتنی تورکیا و قەتەر و هەیمەئەی تەحریری شامە لە سوریادا. تا ئەم ساتە ئەمانە براوەی سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی ناو سوریا و ناوچەکان. ئەوەی لە سوریاشدا لە دۆخی سەرەتاییانەی دروستبووندایە، بەهێزیبوونی هەیمەنەی تورکیی و قەتەرییە لە ئاسی ئیقلیمیدا، ئەو بکەرە ناوەکەیش کە خوێنی پێوییست بە لەشی ئەم هەیمەنە تایبەتە دەبەخشێت، ئەو هێزە ئیسلامیی و ئەو هێزانەی سەر بە تورکیان کە لەناو سوریادا وەک براوەی دۆخەکە ئامادەن و کاردەن. ئەمەش نەک تەنها درێژەدانە بە پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی، لە چاپە ئیخوانییە بەسەلەفیبووەکەیدا، بەڵکو هەڵگری هەمان خەونە دینیی و مەزهەبییەکانی سەردەمی شۆڕشی ئێرانیشە، بەڵام لە چاپە سونییە ئیخوانیی و نیمچەئیخوانیەکەیدا.    ئەوەی رێگری سەرەکیی و بەهێزی بەئەنجامگەیشتنی ئەم پرۆژە سونیەی ئیسلامی سیاسییە، ئەو بەرەیەی ترە کە بکەری ژمارەیەکی دروستبوونی ئەو دۆخە تازەیەن لە ناوچەکەدا، ئەوانەی ئەم هەلومەرجە مێژووییە تازەیەیان دروستکردوە، مەبەستم بەرەی ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارەتە. ئیسرائیل، بێگومان لە پشتییەوە ئەمریکا، هێزی ژمارەیەکی دروستکردنی ئەو ژینگە سیاسیی و ئیقلیمیە تازەیەن کە هاتۆتەکایەوە. ئەم بەرەیە، کە لە بەرەی تورکیا و قەتەر و هەیئەی تەحریری شام، زۆر بەهێزترە، دژ بەو جێگرتنەوەیەی ئیسلامی سیاسییە لە سوریادا کە تورکیا و قەتەر هێلە سەرەکییەکانی بەرێوەیدەبەن. بەرەی دژە تورکیا و دژە قەتەر، بەدوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێن کە سەر بە ئیخوانی موسلیمین و هێزە سەلەفییەکان نەبێت، جۆرێک لە دەوڵەتیان دەوێت، وەک ئەوەی لە میسر و ئیمارات و سعودەیەدا هەیە و کاردەکات. دەوڵەتێک لەسەرێکەوە ئامادەی رێکەوتن و کاری پێکەوەییبێت لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، لە سەرێکی دیکەوە گونجاوبێت لەگەڵ ئەو گۆرانکارییە تازانەدا کە لەناو سعودیە و ئیماراتدا رووئەدەن. ئەمەش لە هەموو دۆخێکدا مانای خۆڕزگارکردنە لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی، بە تایبەتی لە چاپە ئیخوانییەکەیدا.   لەناو ئەم دیمەنە گەورەیەدا دەشێت چی رووبدات؟ بە بۆچونی من پێناچێت پێکدادانی گەورە لە نێوان ئەو دوو بەرە جیاوازدا رووبدات، بە تایبەتی لەکاتێکدا، ئەمریکا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ هەردوو بەرە جیاواز و ناکۆکەدا هەیە. هەمووان لەوە ئاگادارن کە پێکدادانی ئەو دووبەرەیە لەناو سوریادا پشێوییەکی سیاسیی و سەربازیی گەورە لە سەرجەمی ناوچەکدا دروستدەکات و هەلی گەورە دەخاتە بەردەمی هێزە جیهادییەکانەوە. دووبارەکردنەوەی ئەزمونی داعش دۆخێکە هیچ لایەنێک خوازیاری نییە. بۆیە دەشێت سەرجەمی لایەنەکان بەدوای چارەسەرێکی ناوندگیردا بگەڕێن و دۆخکە بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە قابیلی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردن، بێت. لایانە جیاوازەکانی ناو هەردوو بەرەکەش لانی هەرەکەمی ئەو قازانجانەیان دەستبکەوێت کە کاری بۆدەکەن. پێدەچێت لە هەموو دۆخێکدا رێگرتن لەوەی پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی لە سوریادا بچەسپێت، یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم جۆرە رێکەوتن و لێتگەیشتنانە، بێت. دەشەت دروستکردنی حکومەت و دەوڵەتێک هەم نزیک لە بەرەی یەکەم و هەم لە بەرەی دووهەمەوە، وەک دەرچەیەکی سیاسیی، پەنای بۆببرێت و پیادەبکرێت. ئەمەش جگە لە جۆرێک سیستمی «دەسەڵاتگەرێتی هەڵبژاردن» Electoral authoritarianism, زیاتر نابێت. ئەمەش جۆرێک دەبێت لەو سیستمە سیاسییەی کە ئێستا لە میسر و تونس و ئەردەن و بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا هەیە و کاردەکات. ئەو شێوازای دەسەڵاتگەرێتییە سیاسییە کە دیکۆرێکی دیموکراسییانە بەدەوری خۆیدا دروستدەکات بۆئەوەی لەناویدا وەک دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و داخراو، زۆرجار شەخسیی، دەستبەکاربێت. راستە هەڵبژاردن کۆڵەکەی سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە، بەڵام هەموو هەڵبژاردنێک نە دیموکراسییانەیە و نە بەشێکیشە لە سیستمێکی دیموکراسیی راستەقینە. زۆرجار لەناو ئەم سیستمانە لە «دەسەڵاتەگرێتی هەڵبژاردن»دا، فۆرمی جیاواز و خنکێنەری توندوتیژیی و جۆری جیاوازیی فشار و زۆربۆهێنان هەیە و کاردەکات، کە بەسەریەکەوە سنووردارکردنێکی بەرفراوانی ئازادییەکان و بە ئەمنیکردنی تەواوی سیستمی حوکمڕانیی، لێدەکەوێتەوە. بەشێوەیەکی سەرەکیی سیستمی «دەسەڵاتگەریی هەڵبژاردن» ئاکاری ئەو جۆرە سیستمانەیە کە وەهمی دیموکراسی فرە حیزبی هەم بە خودی کۆمەڵگاکە خۆی و هەم بە دونیای دەرەوە نىشانئەدات، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەموو کاریگەرییەکی راستەقینەی هەڵبژاردنەکان دەسڕێتەوە. بە بۆچونی من ئەگەرێکی گەورەیە ئەزمونی سوریا ئەزموونتکی لەو بابەتە بێت کە باسمانکرد. لە هەموو دۆخێکدا گەڕانەوە بۆ سەردەمی حافز و بەشار ئەسەدی باوک و کور، یان بۆ سەردەمی تائیفیەتی سیاسی قۆناغی حیزبوڵا بەو شێوەیەی لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەیبینین، ئەگەرێکی لاوازە. بەهەمان رادەی لاوازیی بونیادنانی سیستمێکی سیاسیی دیموکراسیی راستەقینە لە سوریادا. دەرچوون لە تائیفیەتی سیاسیی و چوونەناو سیستمی دیموکراسییەوە، پێویستی بە دەسکاریکردنێکی ریشەیی دۆخەکە هەیە، کە نە لە ئاستی رێکخراوەییدا و نە لە ئاستی بکەرە سیاسییەکان و نە لە ئاستی عەقڵیەت و فەرهەنگی دیموکراسیدا، کەرەستەکانی ئەو دەسکاریکردنە ئامادەن. راستە لە سوریادا میز بە پەیکەرەکانی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕدا دەکرێت، ماوەیەکی تریش وێنەکانی بنەماڵەی ئەسەد بەسەر پارەی سورییەوە ناهێلدرێن، بەڵام ژیانی دوای بەعس و دوای هەردوو ئەسەدەکە لە سوریادا، وەک ژیانی دوای حیزبوڵا لە لوبناندا، وەک ژیانێکی دیموکراسییانە، پێویستی بەکۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر هەیە کە کەرەستەکانی لە واقیعی ئێستادا بوونیان نییە. ململانێکان تا ئەم ساتە تەنها ململانێی سیاسیین لەسەر دەسەڵات، بە درێژکراوەیەکی ئیقلیمییەوە، لەکاتێکدا ئەوەی پێویستە ململانێیە لەسەر تێپەراندنی سەرجەمی ئەو لۆژیک و شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کارکردنانەی لە ناوەراستی ساڵانی هەفتاوە، لەم ناوچەیەدا سەروەر و دەستبەکارن. هیچ کۆمەڵگایەکی ئەم ناوچەیە ئەو کۆمەلگا سادانەی سەرەتا و ناوەراست و تەنانەت کۆتایی سەدەی بیست نییە. چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم سەرجەمی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە. ئەوەی لەمڕۆدا دەیبین جەندان کۆمەڵگای خوێندەوارتر، بەئاگاتر، کراوەتر، پر لە چاوەروانیی زیاتر و خواستی جیاوازی زیاترە. رووبەری جیاوازبوون لە هەمووکات زیاتر و گەورەترە لەناو هەریەکێک لەو کۆمەڵگایەنەدا. ئەمەش پێویستی بەوەیە، لە هەموو بوارەکاندا، جۆرێک لە قبوڵکردن و داننان بە جیاوازیی و بە فرەییدا هەبێت و کاربکات، لە پێش هەمووانیشەوە داننان بە جیاوازیی سیاسیی و کولتوریی و دینیی و ئەتنی و رەمزیی دانیشتیوانەکانیاندا. رێکخستنی ئەو جیاوازییانە لەسەر بنەمای ماف، مافی یەکسان بۆ هەمووان، پێداویستی ژمارە یەکە لەو وڵاتانەدا. لە ئێستادا نە هێزە ناوەکییەکانی ناو سوریا خۆیان و نە هێزە ئیقلیمیە کاریگەرەکان لەسەر دۆخی ناوەکی ئەو وڵاتە، هیچیان، هەڵگری ئەم پرۆژە مێژووییە گرنگەی قبووڵکردن و رێکخستنی جیاوازییەکان لەسەر بنەمای ماف، نین.                      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand