درەو: • ئامادەكردنی: د. بەهرۆز جەعفەر پوختەیەک هەرێمی کوردستان خاوەنی نیزیکەی (١٠) دە کێڵگەی گازییە، هەندێکیان گازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنن، بە هەموویانەوە نیزیکەی (٣٠) تریلیۆن یەدەگ گازی سرووشتیان تێدایە، بەڵام تاکە کێڵگەیەک کە بەرهەمی هەیەو گەورەترینیانە کێڵگەی کۆرمۆرە؛ ئەم کێڵگەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای چەمچەماڵە، بەمدواییە لە کێڵگەی چەمچەماڵیش دەست بە وەبەرهێنانی گاز کراوە. دەرفەتێکی گەورە هاتۆتە پێش هەرێمی کوردستان دەست بکات بە بونیادنانی پیشەسازیی گازیی سرووشتی لە ڕێگەی فرۆشتنی بڕێکی کەم لەم گازە و گۆڕینی بۆ پەینی کیمیاویی و ماددە کیمیاوییەکانی تر، ئەوەش وا دەکات نیزیکەی (١٠٠.٠٠٠) سەت هەزار دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و بە بەهای سەروو (١٢٠) ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تیا بکرێت. ئەم نووسینە چۆنێتی بەرزڕاگرتنی ئاسایشی وزە، باشترکردنی ژیان و خێراکردنی چالاکییە ئابورییەکان لە ڕێگەی بە پیشەسازییکردنی گازی سرووشتییەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە. یەکەم: هەوڵەکانی داناگاز پێویستی بە تەواوکارییە هەر یەکە لە داناگاز، کرێسنت پیترۆلیۆم و پێرڵ پیترۆلیۆم وەک کیانێک خاوەندارێتییەکەیان بۆ یەک خێزان دەگەڕێتەوە کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نیشتەجێن. کێڵگەی کۆرمۆر لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، ساڵی (١٩٢٨) گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها کێڵگەو بیرەکانی چەمچەماڵ لە ساڵی (١٩٢٩) گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە. کاتێک ڕژێمی بەعس لە عێراق دەڕوخێت، گوندی کۆرمۆر کە سەر بە ناحیەی قادرەکەرەمی کۆنە لە دەست ڕەبیەو زیلە عەسکەرییەکانی حکومەتی عێراقی ڕزگاری دەبێت و، دەبێتە بەشێک لە ئیدارەی هەرێمی هەرێمی کوردستان. ساڵی (٢٠٠٥) کۆمپانیای داناگاز دادەمەزرێت، یەکەم کاری ئەوەیە دوای گفتوگۆ و ئاسانکارییەکان، گرێبەستێک بۆ بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگەکە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم واژۆ دەکات و ساڵی (٢٠٠٨) دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن. لە (٢٠٢٥) دا، دامەزراوەکانی پرۆژەی کۆرمۆر ڕۆژانە (٥٢٥ ملیۆن) پێ سێجا غاز بۆ چوار وێستگەی کارەبا دابین دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی (٢ هەزار و ٨٠٠) مێگاوات کارەبا، کە (٧٥٪) ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێکدەهێنێت. ئێستا ئیتر بەرەو ئەوە دەچێت لە سێ بیری چەمچەماڵدا دەست بە دەرهێنانی گازی سرووشتی بکرێت. تا ئەوەی لەسەرەوە وترا، لوغزێکی تیانییە، کێشەکەمان ئەوەیە کە: یەک: کەرتە پیشەسازییەکان پێویستیان بە دابینکردنی وزەی بەردەوام و جێگیر هەیە بۆ پاراستنی کارایی بەرهەمهێنان. هەر پچڕانێک لە دابینکردنی وزەدا- بەهۆی کارەساتی سروشتی، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان، یان ناجێگیری بازاڕ- دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمی پیشەسازی هەبێت. کێڵگەکانی وەک کۆرمۆر و چەمچەماڵ کە نیزیکەی (٨٠٪) غازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەن و، سەرچاوەی سێ بەشی کارەبای کوردستانن، هەروەها (١٥)هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانەیان هەیەو، پلان هەیە لە (٢٠٢٧) دا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی گازی سرووشتی تیایاندا بگاتە (١) ملیار پێ سێجا، هێشتا ئەم کێڵگانە نەک کەرتی پیشەسازییان بۆ کوردستان فراوانتر نەکردوە، بەڵکو بۆ سنوری لادێکانی دەوروبەری کێڵگەکە و قەزای چەمچەماڵیش نەبونەتە نیعمەتێکی گەورە! دووەم: ئەگەرچی کرێسنت پیترۆلیۆم لە (١٩٧١) دامەرزاوە، داناگاز وەک باڵێک لەو کۆنسیرتیۆمە (٢٠٠٥) دامەزراوە، پێرڵ پێترۆلیۆم وەک هەوڵێک بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم لە ٢٠٠٩ دامەزراوە (مرۆڤ هەست دەکات زۆربەی کۆمپانیا نەوتیەکانی دیکەش ئاوها بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان درووستکراون!)، یەکەمین ئیشی داناگاز ئەوەبو، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی گەورە لە کێڵگەیەکی گەورە (کۆرمۆر) لە (٢٠٠٦) واژۆ دەکات. بەڵام لە ساڵی (٢٠١٣) لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە باشترین دۆخی دارایی خۆیدا بوو، داناگاز سکاڵای لە دادگای نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستان لە لەندەن تۆمارکرد، گوایە حکومەتی هەرێم ڕێزی لە گرێبەستەکەی نێوانیان نەگرتوەو، دەستهەقی دارایی پێ نەدراوە! کێ و چی لە پشت ئەمەوە بوو، ئەوە قسەیەکی ترە. لە مانگی ٧ ی ٢٠١٥ ، دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەرکرد کۆمپانیاکە دەبێت لە جیاتی بەرهەمەکانی، بە بڕی ( ١ ملیارو ٩٦ ملیۆن دۆلار) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە زیانێکی گەورەبوو لە ئابوریی هەرێمی کوردستان، کە داناگاز لەئەنجامی پشوکورتی خۆیەوە سکاڵای تۆمارکرد. ئێستاو جارێکی دیکەش ڕێوییەکان و گورگەکان نەنووستوون، دوور نییە لەم ئانوساتی فراوانسازییەی کەرتی وزەی هەرێمداو لەناو داینامیکییەتی ڕووداوە- ناوچەییەکاندا جارێکی تر لە سەرە پێچێکدا ڕووداوێکی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە! سێهەم؛ هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ داناگاز کردوە، کەچی ئەوان ڕێز لەو دۆخە ناگرن کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، دەچن لە دیالەو بەغداو بەسرە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەن. چوارەم: داناگاز و هاوبەشەکانی تری لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەموو وەرزێک دەیان ملیۆن (هەندێک جار سەدان ملیۆن) دۆلار قازانجی پەتییان هەیە، بەڵام شکستیان خواردوە لە بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) و خزمەتکردنی ناوچەکەدا. تەنانەت لە ماوەی سێ ساڵدا نیزیکەی شەش جار لەلایەن میلیشیاکانەوە بە درۆن و کاتیۆشا پەلاماری کێڵگەی کۆرمۆر دراوە، نەیانتوانیوە لەو سێ ساڵەدا سیستەمێکی بەرگریی پێشکەوتووی ئاسمانی بۆ کێڵگەکەو دەوروبەری دابین بکەن! چوارەم: داهاتی کوردستان ئەگەر کەمێک بە دامەزراوەیی و نیشتیمانییانە ئیدارە بدرێت، هەموان تیایدا سوودمەند دەبن، لە پێش هەموویانەوە دەستەڵاتداران، ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی پێشوو خزمەتی بە خودی دەستەڵاتی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان نەکردوە. بۆئەوەی ئەمە چێ بکرێت و کێشە ناوخۆییەکان و ناوچەییەکان چارەسەر بکرێت، دەبێت بیر لە "پیشەسازیی" بکرێتەوە؛ هەرچەندە کاتەکە کەمێک درەنگە: دووەم: کەی پی ئێم (KPM) شۆڕشی پیشەسازیی و دارایی لە هەرێم درووست دەکات کۆرییەکان بەشداریی گەورەی پیشەسازیی و ئابوریی و کەلتورییان لە عێراق و کوردستان هەبوەو هەیە. بە پێی ئەو پڕۆپۆزەڵەی لە بەردەستی منە، گەورە کۆمپانیایەکی کۆری، کە لەچەندین وڵات کار لە پیشەسازیی وزەو ژێرخاندا دەکات، نیزیکەی ساڵێکە ئامادەیی دەربڕیوە ئەگەر کەمێک گازی سرووشتی ناوچەی چەمچەماڵ و کۆرمۆریان پێ بفرۆشرێت، ئەوا: یەک: گاز بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی پێوانەی یەکگرتوو (Integrated Fertilizer) واتە ئەم بەرهەمە وەک پەیینی کیمیاویی، هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵی بەهێز بکات. ئەوەش نەک زەوی لەکارکەوتووی کوردستان بەڵکو عێراق و وڵاتانی دیکەش لە ڕووی بەرهەمە خۆراکییەکان و کشتوکاڵییەوە دەبوژێنێتەوە، چوونکە پلانەکە وایە کە هەناردەی شارەکانی عێراق و دەرەوەش بکرێت. جگە لەمە دەیان ماددەی کیمیاویی وەکو ئامۆنیا، فۆسفات و یۆریاو..تادوایی بەرهەم بهێنن کە نرخیان لەبازاڕی جیهانی دا جێگیرترو گرانترە. بەگشتی، توێژینەوە و پەرەپێدان کە بەهۆی پیشەسازییەوە دەجووڵێتەوە، پەرە بە داهێنان دەدات کە دەتوانرێت هەناردە بکرێت یان بەکاربهێنرێت بۆ کەرتەکانی تر (بۆ نموونە، هایدرۆجین لە غازی سروشتیەوە بەرهەم بهێندرێت). دووەم: کەی پی ئێم بە سپۆنسەریی بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکیی جەی پی مۆرگان (J.P. Morgan) و پارتنەرە لۆکاڵییەکەیان (کۆمپانیای گرۆس)، بە بەهای سەروو (١٢٢) سەتو بیستو دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو سێکتەرە پیشەسازییەدا دەکەن لە سنوری قەزای چەمچەماڵ. سێهەم: بە پێی پرۆپۆزەڵەکە کە لە بەردەستدایە، پێنج ناوچەی پیشەسازی درووست دەکرێت کە (١٠٥) هەزار دەرفەتی کار بە مووچەی مامناوەندو بەرز دەڕەخسێنێت. چوارەم؛ کاتەکەی گونجاوە، ئەگەر ئێستا هەرێمی کوردستان بەهاوکاری کرێسنت پێترۆلیۆم و لقەکانی ئەم گرێبەستە واژۆ نەکەن، ئەوا ڕەنگە سبەینێ عێراق ئەم پلانە واژۆ بکات، یان بارودۆخی ناوچەیی بە جۆرێکی دیکە وەربچەرخێت، تا هەتایە ئەم دەرفەتە لە دەرگای هەرێمی کوردستان ناداتەوە! پێنجەم: پرۆژەکەی کەی پی ئێم، بڕی (٦) ملیار دۆلاری داناوە بۆ خێرخوازیی، ئەمە دەرفەتێکە نەک بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی، کەسی دیکە ئەوە ناکات. چەمچەماڵ کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناسراوەو گەورەترین قەزایە لە هەرێمی کوردستان؛ ئەوە دوو دەیەیە بە دەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، کامە کۆمپانیا ئامادەیی دەربڕیوە کە ئەو بچوکترین کێشەیە بۆ ئەو قەزایە چارەسەر بکات، کە چەند ملیۆن دۆلارێکی پێویستە؟! شەشەم: کاتێک دەست دەکەیت بە "پیشەسازیی"، ئەوا هەمیشە وڵاتانی پیشەسازی پشکێکی بەرچاویان لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا هەیە. ئەو وڵات یان هەرێمانە بەشداری دیپلۆماسی وزە دەکەن و بەشداری لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development). زیاتر لەوەش، بەهۆی ئەم پرۆژەیەی کە "کەی پی ئێم- KPM" پێشکەشی کردوە؛ خزمەتی بەرچاو بە ئاسایشی وزە و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی دەکات، چوونکە ئەمە تەنها پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە؛ بگرە هەمەچەشنەکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە بووەتە پرسێکی مانەوە بۆ هەموو وڵاتێک. حەوتەم: ئەمە بەگشتی ئاست و پێکهاتەی وزەی نیشتمانی هەمەچەشن دەکات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر شۆکی نرخی جیهانی بەرز دەکاتەوە. سێهەم: هاریکاریی هاوبەش توانا مرۆیی و سرووشتییەکان بوێرتر دەکات وەک چۆن بەپاڵپشتی ئیدارەی سلێمانی یان داناگاز بەرهەمەکەی دەفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وەکو قەیوان، پێویستە هەمان شت بە زیادەوە بۆ وەها کۆمپانیایەکی بیانی وەکو (کەی پی ئێم-KPM) بکات، چوونکە وەک لەسەرەوە ڕوونکرایەوە پیشەسازیی ئاستی ژیان باشتر دەکات، چالاکییە ئابورییەکان خێراتر دەکات، ژێرخان بەهێزتر دەکات، پاڵپشتی جیهانیی مسۆگەرتر دەکات. بەتایبەتی بە پێی ئەو شێوازی گرێبەستەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان لە کێڵگەی کۆرمۆر واژۆی کردوە، حکومەتی هەرێم مافی تەواوەتی لە دەستوەردان هەیە. هەروەک چۆن لە ئەیلولی ٢٠٢٤ دا، کۆمپانیای دانا غاز لەگەڵ کۆمپانیای لیڤیدیانی بەریتانی کە تایبەتمەندە لە چارەسەری تەکنەلۆژیای کەشوهەوا، هاوبەشییەکی کرد بۆ جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیای "LOOP"، کە یارمەتیدەر دەبێت لە گۆڕینی گازی میسان "Methane" بۆ هایدرۆجینی پاک و گرافینی "Graphene" کوالیتی بەرز، ئەمە هەوڵێکی گرینگە، پێویستە لە چەندین لای دیکەوە ئەم هەوڵانە فراوانتر و هەمەچەشنتر بکەن. پیشەسازیی کۆڵەگە گەورەکەی نیشتیمانسازییە پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ئەبرامۆ فیمۆ کینێس ئۆرگانسکی- A.F.K. Organski لە زانکۆی میشیگان بە فۆرمیولەکردنی تیۆری "گواستنەوەی دەستەڵات- Power Transition Theory" بەناوبانگە. ئۆرگانسکی ئەم تیۆرە گرینگەی لە میانەی کتێبەکەی "سیاسەتی جیهانی" خستە ناو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە؛ لێرەدا سێ پرەنسیبی گرینگ دەستنیشان دەکات؛ پیشەسازیی بوون، ژمارەی دانیشتوان و بوونی حکومەتێکی کاریگەر. ئەگەرچی ئەو زیاتر تیشک دەخاتە سەر گرینگی پیشەسازیی، بەڵام ئەوە بەتەنها گرینگ نییە، بەڵکو لێهاتوویی سیاسیی و ژمارەی دانیشتوان (سەرچاوەی مرۆیی پێویست) دەبێتە هۆی سەرچاوەی هێزێکی ئەوتۆ کە دەشێت وەرچەرخانێکی گەورە لە پۆلێن بەندیی هێزدا درووست بکات: ئۆرگانسکی، وڵاتان بە پێی باڵادەستی و هێز لە سیستەمی جیهانی دا دابەش دەکات بۆ سێ ئاست: زلهێز (Great Power)، هێزە مامناوەندییەکان (Middle-Powers)، وڵاتانی لاوازو داگیرکراو (Weak State/ Colonies). بۆ ئەوەی تۆ دەستەڵاتی لاوازی خۆت لە پۆلێن بەندییەکەدا لە لاوازەوە بگوێزیتەوە بۆ ئاستی مامناوەندیی و دواتریش ببیتە هێزێکی گەورە، پیشەسازیی یەکێکە لە فاکتەرە گەورەکان. هیندستان بۆ ماوەی (١٩٠) ساڵ لەژێر کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانیادا بوو، بەهەمان شێوە نموونەی چین لە "سەدەی زەلیلبوون-Humiliation Century" دا، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٣٩ بۆ ١٩٤٩ نیزیکەی (١١٠ ساڵ) چین تووشی شکستی دووبارە و پەیماننامەی نا-یەکسان و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە بوو. ئەمانە بە چی ئاست و توانای خۆیان لە قۆناخێکی وا لاواز و ناهەموارەوە گواستەوە بۆ ئەوەی ببن بە زلهێزێکی ئامادە لەسەر گۆڕەپانی جیهانی دا؟ بێگومان پیشەسازیی. هەر کۆمپانیا یان گرووپێک کۆمپانیا دەبێ لە پێش دا، ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی هەرێمی کوردستان بکاتەوە؛ لە کوردستاندا دەیان کەرت و بواری دیکە هەیە کە تۆ سەرمایەگوزاریی تیا بکەیت؛ لە پێش هەموویانەوە لە ڕووی پیشەسازییەوە، چوونکە یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی "ناسیۆنالیزم" بریتی یە لە "پیشەسازیی بوون"، ئەگەر تۆ هەرێمێک یان وڵاتێکی پیشەسازیی نەبیت، دەبێ پشت بەوانی دیکە ببەستی و، بەوەش هەرگیز ناتوانی کێبڕكێی لەگەڵ وڵاتان یان گەلانی دیکەدا بکەی. هەمیشە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابوریی دا هەیە: یهكێك له پێشهنگهكانی قوتابخانهی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا “فریدریچ لیست –Friedrich List” ه ساڵی (1841) له ئهڵمانیا كتێبی (The National System of Political Economy) نووسی، باس له سیستهمێكی نیشتیمانی دهكات له ئابوریی سیاسی دا، لهبارهی ئهوهی چۆن نهتهوه- نیشتیمانێك دهتوانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی بهرزبكاتهوه؟ لیست، بانگهشهی ئابورییهكی كۆزمۆپۆلیتی ئهكات (كۆزمۆپۆلهتیك یانی ئایدۆلۆجیایهكه كه ههموو مرۆڤایهتی به ڕابردوو، بە ئایندهوه، به ههر نهتهوایهتی و ناسنامهیهكی جیاوازهوه ئینتیمایان بۆ یهك كۆمهڵگهو یهك بازنه ههبێت، بهمانایهكی تر ههموو ئهخلاقیاتێك لهیهك سهرچاوهوه بێت، به كورتیهكهی سهرمایهداری بههای هاوبهشه؛ ئابوری دهبێت لهناوخۆدا گرێ نهدرێ به باج هوهو قازانجی ئابوری بۆ ههموو كۆمهڵگهی بهشهرییه). لهسهر ئهمه ئهڵمانیا زیندانی كردو ناچاریان كرد واز له ناسنامهكهی بهێنێت. فریدریچ لیست، زۆر هێرش دهكاته سهر لیبراڵیستهكان، ناسیۆنالیزمی ئابوری گرێ دهدا به مانیفاكتۆر ” وهرشهی بچووك” هوه، بهجۆرێك ئهگهر دهوڵهت یان كۆمپانیا ناوخۆییهكان بوون به خاوهنی كهرهستهی بچوكی خۆیان یان پیشهسازییهكی سهرهتایی، ئیتر دهتوانن خۆیان بههێز بكهن و كێبڕكێ بكهن لهگهڵ ئهوانی تردا بکەن، بۆ ئهمهش دهكرێ بهریتانیا وهك لانكهی شۆڕشی پیشهسازی وهرشه و پیشهسازی بچووك ههناردهی ئهڵمانیا بكات، ئهڵمانیهكانیش خۆیان بههێز بكهن و كێبڕكێی ئهوانی تری پێ بكهن! دەرئەنجام هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیار لەسەر پلاتفۆڕمێکی دیکە بۆ ئاسایشی وزە بدات، کە لەلایەک پێداچوونەوە بە هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکات پێشووتر کاریان لە هەرێم کردوە، لەلایەکی دیکە پیشەسازیی وزە لە شێوەی ئەو پرۆپۆزەڵەی کەی پی ئێم-KPM پێشکەشی کردوە سەر پێ بخات؛ ئەمە ڕێگایەکی سەلامەت و ستراتیژییە بۆ هەستانەوەو گەشەکردن و بازدان لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە. دوای دووەمین جهنگی جیهانی، وەک ئەوەی فریسریچ لیست سەدەیەک پێشووتر خستبووییە ڕوو، بهو ئایدیایهی كه "حكومهت پاڵپشتی سێكتهری مانیفاكتۆر و پیشەسازیی" كرد، یابان بوو به وڵاتێكی پیشهسازی و گەشەسەندوو. لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک ههرێمی كوردستان، پێگهیهك نییه بۆ پیشهسازی و، ههموو كهرهسته سهرهتاییهكانی لهدهرهوه هاورده دهكات، ههموو كرێیهكی وهبهرهێنان خۆی دهیدات، نهیتوانیوه سێكتهری وزه و پیشهسازی نهوت و غاز له چوارچێوهی سیستهمێكی نیشتیمانی دا بهرجهستهبكات. کۆمەڵێک خەڵک لەدەرەوەی سیاسەتی نیشتیمانسازیی و بەرنامەکانی حکومەت لەبری دەست بۆ بە پیشەسازیی کردنی وڵات ببەن، لە پڕێکدا بوون بە ملیۆنێر و بوون بە سەردەستە و بەناوی بە بەرهەمهێنانەوە هاتوون؛ هەڵئاوسان و جیاوازیی چینایەتی درووست کردوە! بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری ئیسنتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. بەمدواییانە کتێبەکەی " شیکردنەوەی داینامیکی هایدرۆکاربۆنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: هەڵدانەوەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان" لە لایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە ١٤٠ وڵات بڵاوکراوەتەوە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) (بەشی یەکەم) لە دواهەمین کۆنفرانسیدا پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە)، بڕیاری کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداری دا و هاوکات خۆیشی وەک ڕێکخرا و وەک یەکێک لە بکەرە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خەباتە، لە چل ساڵی رابووردودا، هەڵوەشاندەوە. ئەم دوو بڕیارە دوو بڕیاری گەورەن و دەشێت «سەرەتایەکی نوێ» دروستبکات، کە هەم ئەندامان و هەوادارانی ئەم پارتە و هەم «مەسەلەی کورد» لە تورکیادا، بۆ بۆ قۆناغێکی تازە بگوازێتەوە: قۆناغی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی و فەرهەنگیی و ئەخلاقیی و جێندەری و مافخوازیی. واتە هەموو جۆرەکانی خەبات لەدەرەوەی پەنابردندا بۆ چەک. بەر لەوەی بچینە سەر باسکردنی مێژو و کێشە و تەحەداکانی خەباتی چەکداریی، با وەک سەرەتایەک لەم پرسیارە سادەیەوە دەستپێبکەین: ئایا مەسەلەی کورد چییە و کامەیە؟ بەبۆچوونی من مەسەلەی کورد دەرەنجامی هاتنەکایەی چوار گۆرانکاریی گەورەیە لە پەیوەندیدا بە بوونی کوردەوە لەسەدەی بیستەمدا وەک میلەتێک، لەناو میلەتەکانی تری ئەم ناوچەیە. گۆڕانکاری یەکەم و هەرەسەرکیی بریتییە لە گۆڕانی کورد لە «میلەتێک»ی موسڵمانی ناو چوارچێوە دینییەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، بۆ «کەمینەیەکی ئەتنی» لەناو چوار دەوڵەتی دەسەڵاتگەری تازە دروستکراو لە رۆژگاری دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا. بوون بە «کەمینەی ئەتنی» کۆڵەکەی یەکەمی دروستبوونی ئەو مەسەلەیەیە کە وەک «مەسەلەی کورد» هاتۆتە ناو مێژووی سەدەی بیستەمەوە. لە «موسڵمان»ێکی ناو ئیمپراتۆریەتە دینییەکانەوە، بۆ بوون بە «تورک»، «ئێرانی» و «عێراقی» و «سوری» لە پێگەی کەمینەبوونێکی ئەتنییەوە. گۆڕانکاری دووهەم بریتییە لە «بەئەمنیکردن»ی «مەسەلەی کورد» و تەماشاکردن و نمایشکردنی «مەسەلەی کورد» و لەوێشەوە بوونی کورد لەو وڵاتانەدا، وەک «هەڕەشەیەکی وجودی» لە بوون و بەردەوامی ئەو دەوڵەتە تازانەوە. سێهەمین گۆڕانکاریی بریتییە لە سڕینەوەی روخسارە جیاوازەکانی کوردبوون، ئیتر لە گۆڕینی ناوی گوند و شار و شارۆچکە کوردییەکانەوە بیگرە، تا بە یاساخکردنی زمان و بۆنە و جلوبەرگ و نووسین دەگات، بە تێپەڕین بەناو یاساغکردنی هونەر و مۆسیقا و ئەدەبیاتدا بە زمانی کوردیی. واتە سڕینەوە و لەناوبردنی دەرکەوت و بەرجەستەبوونە ئینسانیی و مێژووییەکانی کوردبوون. گۆڕانکاری چوارهەم بریتییە لە وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئەمنی توندوتیژانەی ئەو دەوڵەتانە بەم مەسەلەیە و چەوساندنەوە و بێماف و بێنرخ و بێئومێدکردنی بەردەوامی خەڵکی کوردستان، لە فۆرمی گرتن و کوشتن و ڕاوانان و راگوێزانی بەزۆر و وێرانکردن و لەناوبردنی سیستماتیکی و ناسیستماتیکیدا. بێگومان بە پلە و رادەی جیاواز لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لەناو هەریەکێک لەو چوار دەوڵەتدا کە باسمانکرد. لەدوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە کورد بەدوای دانپیانان، یان ئیعترافێکی سیاسیدا دەگەڕێت بتوانێت وەک بکەرێکی ئەتنیی و نەتەوەیی سیاسیی خاوەن مافی تایبەت، وەک ھەڵگری شوناسێکی جیاواز لە شوناسی سەپێنراوی ئەو دەوڵەتانەی لەناویاندا بووە بە کەمینە، مامەڵە بکرێت. ئەوەی کورد لەدوای جەنگەکەوە پێوەی سەرقاڵە، هەوڵدانە بۆ شوێنکردنەوەی خۆی لەناو ئەو جوگرافیا سیاسییە تازەیەی لەدوای جەنگەکەوە لە ناوچەکەدا دروستدەکرێت، شوێنکردنەوەی خۆی وەک گروپێکی خاوەن شوناس و مافی سیاسیی و کولتوریی نەتەوەیی تایبەت. ئەم داواکارییانە لە گەشەی خۆیاندا کورد بەرەو بەرگریکردن و خەباتی سیاسیی و چەکداریی دەبەن. مامەڵەکردنی ئەمنیی داخوازیەکانی کورد و ڕێزنەنگرتنی کەمترین تایبەتمەندیەکانی ئەم میلەتە وەک یەکێک لە میلەتەکانی ناوچەکە، ژێرخانی پەنابردنە بۆ بەرگریی سیاسیی و بەرگریی چەکدارانە. پیادەکردنی خەباتی چەکدار لە حەزی کوردەوە بۆ توندتیژیی نەھاتوە، یان لەوەوە گوایە کورد کۆمەڵێک خێڵی فێرە جەنگ و پشێوی نانەوەن، یان لە حەزی ئەوانەوە بۆ چەک و جەنگ لەگەڵ دونیای دەرەوەیاندا هاتبێت. پەنابردن بۆ خەباتی چەکدار شتێکیش نییە پەیوەندیی بە «عەقڵیەت» و «سایکۆلۆژیا»ی تایبەتی کوردەوە ھەبێت. ڕەگەکانی خەباتی چەکداریی لەو ئەو دونیا تازەیەدایە کە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە دروستدەبێت و کورد نائّومێدانە لەناویدا بەدوای ئیعترافێکی سیاسیدا دەگەڕێت. لە ساتەوەختی دروستکردنی چوارچێوە نوێکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، غەدرێکی مێژوویی گەورە لە کورد و لە ھەندێک گروپی ئەتنیی و دینیی و نەتەوەیی تر لە ناوچەکەدا دەکرێت. وەڵامدانەوەی کورد بەم غەدرە مێژووییە، لە زیاد لە قۆناغێکدا وەڵامدانەیەکی چەکدارانەی رێکخراو، بووە. ئەو دەوڵەتانەی لەم ناوچەیەدا دروستکران دەوڵەتی دیموکراس و مافپەروەر و کراوە نەبوون، بەڵکو «دەوڵەتی ھۆبز»ی بوون- لەناوی تۆماس هۆبزی فەیەلسوفەوە-. واتە دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و مۆنۆپۆڵخواز و داخراو و توندوتیژ و سەرکوتکەر، بوون. باوەڕیان بە مافی ھێزە جیاوازەکانی ناو ھەناوی خۆیان نەبووە، یەک پێناسیان بەسەر ھەموو گروپە ئەتنیی و کولتوریی و دینیی و نەتەوەییە جیاوازەکانی ناو سنوورەکانیاندا سەپاندوە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا وێنەیەک بۆ ئەو کەمینانە دروست و باڵادەستدەکەن کە یەکسانیان دەکات بە کۆمەڵێک خێل و خەڵکی «دواکەوتو»، «تێنەگەیشتوو»، «گوێنەگر»، «بێمێشک»، «ئاژاوەگێڕ» و «توندوتیژ». خەڵکانێک لەم دیدە راسیستیی و نیمچەراسیستییەدا، گوایە نە نەتەوەن و نە گروپی ئەتنی جیاوازن، نە کولتور و نەزمانی خۆیان هەیە، نە شارستانیەت، نە هیچ. دەستیشیان لەگەڵ ناحەزانی ئەو دەوڵەتانەدا تێکەڵە و دەخوازن ئاسایش و پایەکانی ئەو دەوڵەتانەی لەناویاندا دەژین، وێرانبکەن. بە کورتییەکەی، ئەم دەوڵەتانە لەیەکاتدا هەم وێنەی جاھیل و شەیتانێک، هەم وێنەی کوتلەیەکی بەشەری بێپەیوەندیی و خەڵکانێکی بێشوناس و ئاژاوەگێڕ و بێوەفا و ناپاک بۆ کورد و ئەو گروپە ئەتنیی و دینیی و کولتورییانە دروستدەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا داوای لانی ھەرەکەمی مافەکانی خۆیان دەکەن. لە لۆژیکی حوکمڕانی ئەم دەوڵەتانەدا شتێک بە ناوی مافی سیاسیی و کولتوریی و نەتەوەیی ئەو گروپانەوە، لەئارادا نەبووە. لە تورکییادا سیاسەتی تواندنەوەی سەرتاسەریی و نکوڵیکردن لە بانی کورد وەک کورد، لە عێراقدا سیاسەتی بچووکردن و سنووردارکردنی مافەکانی کورد و لە ئیراندا سیاسەتی چەوساندنەوە و گوێنەگرتن لە هیچ مافێکی سیاسیی و کولتوریی، پیادەدەکرا. لە سوریاشدا نکوڵیکردن لە بوونی کورد و قەدەغەکردنی زمان و هونەر و ئەدەب و مۆسیقای کوردیی. ئەم دەوڵەتانە لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە مامەڵە و سیاسەتی بێمافکردنەدا ھەموو ئەو توانایانەیان خستەگەڕ کە لەبەردەمی دەوڵەتێکی مۆدێرندا ھەیە بۆ ترسناندن و بێدەنگکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردن و تەنانەت کوشتن و قڕکردنی دەستەجەمعیش. ئەم بونیادە سیاسییە ھۆبزیە و ئەو عەقلیەتی نکوڵیکردن و پشتگوێخستن و گوێنەگرتنەیە، ژیان بە «مەسەلەی کورد» دەبەخشێت و وادەکات ساڵ دوای ساڵ و قۆناغ دوای قۆناغ بمێنێتەوە و بەردەوام بێت. خەباتی چەکداریش یەکێک لەو وەڵامانەیە بەم دۆخە نەخواستراوە دراوەتەوە. لەپاڵ ئەم هۆکارە بنەڕەتییە ناوەکیانەدا کە لەسەرەوە باسمانکرد، هەندێک هۆکاری دەرکیش هەبوون کە خەباتی چەکداریان وەک شێوازی خەباتی سەرەکیی گەشە پێداوە. لەوانەش ڕۆڵی ئەو ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێرانەی لەم ناوچەیەدا باڵادەستبوون و مانای فیکریی و مێژوویی و رەمزییان بە خەباتی چەکداریی بەخشیوە. ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی خەباتی چەکداریی و بەکارھێنانی توندوتیژیان وەک ئامرازی سەرەکیی بەرپاکردنی گۆڕانکاریی نیشانداوە. لەسەدەی بیستەمدا باوەڕێکی بەھێز بە توانای توندوتیژیی لە بەرپاکردنی گۆڕانکاریدا، دروستدەبێت. گەر لای مارکس توندوتیژیی «مامانی مێژوو»بێت و ھیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە و گەورە لە مێژوودا بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژیی دروستنەبووبێت، ئەوا لای کەسێکی وەک فرانز فانون، گرنگیی توندوتیژیی کورتنابێتەوە تەنھا بۆ ئەم ڕۆڵە ئامرازییە (ئامرازی بەرپاکردنی گۆڕانکاری). توندوتیژیی لای ئەم نووسەرە تەنھا ئامرازی گۆڕانی واقیع نییە، بەڵکو ئامرازی گۆڕانی ناوەکیی مرۆڤەکانیشە و ئەرکێکی سایکۆلۆژیی و ڕۆحی گرنگیش لە ڕزگاردنی ”مرۆڤی چەوساوە“دا لە کۆی ئەو گڕێ دەرونیانە دەبێنێت، کە داگیرکاریی و کۆلۆنیالیزم لەناویاندا دروستیدەکات، بە تایبەتی کۆتاییهێنان بە ”گرێی ھەستکردن بە کەمیی“ و ”خۆ بەبچووک بینین و زانین“. بیر و بۆچونەکانی فانون ڕۆژگارێکی درێژ ئینجلی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیستی و دژەئیمپریالیستییەکان بوو. لینینیزم و ماویزمیش بەھەمان ئەندازە ڕۆڵی گەورەیان بینی لە کردنی خەباتی چەکداریدا بە شێوازی سەرەکیی خەباتکردن. زۆرێک لە گەنجانی ساڵانی پەنجا و شەست و ھەفتاکان ئەو بۆچوونەی ماو تسی تونگی لە سەردەم بوو کە دەیگوت ”ئازادیی لە لولەی تفەنگدایە“، یان ئەو گوتە بەناوبانگەی لینین کە دەڵێت ”بۆ ئەوەی ھێڵکەوڕۆن دروستبکەیت دەبێت سەرەتا ھێلکەکان بشکێنیت“. ئەو جگە لە ئەزموونی گیڤارا و گیڤاریزم. ھەموو ئەم ئایدیۆلۆژیانە کە لەناوچەکەدا بە خەستیی ئامادەبوون، باسیان لە حەتمیەتی بەکارھێنانی توندوتیژیی دەکرد، بۆ بەدەستهێنانی ئازادبوونی سیاسیی و کولتوریی و سایکۆلۆژیی بۆ گەلان و مرۆڤە داگیرکراوەکان. بە بۆچونی من سەرجەمی ئەم شێواز و مۆدێل و تێگەیشتنانە بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی، وایانکرد زۆربەی میلەت و گروپە ئەتنیی و دینیی و فەرھەنگییە ژێردەست و چەوساوەکان، باوەڕێکی بەھێزیان بە گرنگیی بەکارھێنانی خەباتی چەکداریی و توندتویژ ھەبێت و وەک ئامرازی ھەرەسەرەکیی، زۆرجاریش تاکە ئامرازی، گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی تیایدا دەژین، بیبینن. ”شۆڕشی کوبا“ و ”شۆڕشی جەزائیر“ و ”شۆڕشی ڤێتنام“ و «شۆڕشی نیکاراگوا»، خەباتی فەلەستین و هێزە فەلەستینییەکانی ناوچەکە، ئەو نموونە بەرچاو و بەرجەستانەبوون، کە خەباتی چەکداریان بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی و ڕزگاربوون، دەسەلماند. لەپاڵ ئەو ھۆکارانەدا ناکرێت ئەو ڕاستییەش لەبیربکەین، کە پەنابردن بۆ خەباتی چەکدار و توندوتیژیی ھەمیشە لە باوەڕبوون بە ئایندە و بە حەتمیەتی گۆڕانکارییەوە نەهاتوە، بەڵکو هەندێکجار پەیوەندییەکی سەختی بە دۆخێکی سایکۆلۆژیی تایبتەوە هەیە، دۆخی ھەستکردنێکی گەورە و قوول بە نائومێدیی، نائومێدبوون لە دونیا و لە چاوەڕوانیکردن و لە دان بەخۆداگرتن و ھیچ نەکردن. توندوتیژیی لێرەدا دەبێتە تاکە ڕێگایەکی دەرونی بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی وەک خود ببینێت، بەخۆی بڵێت ئەو نەک تەنھا هەڵگری ویست و کۆمەڵێک داخوازیی زیندوە، بەڵکو خۆیشی بە هەمان رادە بوونەوەرێکی زیندوە. بێگومان ئەم جۆرە لە پەنابردنی سایکۆلۆژییانە بۆ توندوتیژیی دەشێت کارەساتی هێجگار گەورەی لێدروستببێت، وەک لە پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەر لای حەماس بینیمان. بە کورتی، خەباتی چەکدار لە پەیوەندیدا بە «مەسەلەی کورد»ەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەوی بە دۆخە ئاڵۆزەوە هەیە کە لەسەرەوە هێڵە گشتییەکانیم کێشا.
درەو: راپۆرتی: تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادار، بە ڕێژەی ٪٧٨ زیادیکردووە. سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا ٢١٠ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و ٪٩٢ی هێرشەکانیش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک بوون. دەقی راپۆرتەكەی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT ١٠ی ئایاری ٢٠٢٥ لە دوای دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە زیادبووندان زیاتر لە دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی حزبەکەی. بەڵام هێشتا هێرشەکانی سوپای تورکیا هەر لە زیادبووندان. لە مانگی نیساندا، بۆردوومان و هێرشی سوپای تورکیا بە ڕێژەی ٪٧٨ زیادی کردووە بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، بە جۆرێک کە نزیک بووەتەوە لە ڕێژەی هێرشەکانی پێش ئاگربەستەکە. لە یەکی مانگی نیسانەوە، بە لایەنی کەمەوە ٢١٠ بۆردوومان و هێرشی هەلیکۆپتەری سوپای تورکیا لە کوردستانی عێراقدا تۆمارکراوە. لەو هێرشانە، ٤٢ هێرشیان ئاسمانی بوون، ١٥٣هێرشیان لەڕێگەی تۆپباران و ١٤ هێرشی تریشیان لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون. یەک هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردن بە چەکی سوک بووە، کە لە ئەنجامی ئەو تەقە کردنانە، زیان بەر خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی کەوتووە. بە گشتی، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا، سێ خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی بەتەواوی خاپورکراون و دوو خانووی تریش زیانیان بەرکەوتووە. پارێزگای دهۆک زۆرترین بەرکەوتووی ئەم هێرش و بۆردوومانانە بووە لە مانگی نیساندا، کە دەکاتە نزیکەی ٪٩٢ ی هەموو هێرشەکان، کە ١٩٨ هێرشیان لە ڕێگەی تۆپباران و هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی نیساندا تەنیا ١٢ هێرش و بۆردوومان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون کە ئەمەش ڕێژەی تەنیا ٪٨ی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا پێکدەهێنێت. هەرچەندە لە مانگی نیساندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەسەر ئاسمانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا سوڕاونەتەوە، بەڵام لەم مانگەدا سوپای تورکیا هیچ هێرشێکی بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی و نەینەوا ئەنجامنەداوە. ئەم زیادبوونە لە هێرش و چالاکی سەربازی سوپای تورکیا ئاماژەیەکن بۆ گەڕانەوەی ئاستی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ پێش کاتی ئاگربەستەکە. ئەم زۆربوونە بە تەواوی لە سنوری قەزای ئامێدی تێبینیکراوە، کە بە تەنها لەم سنوورە، ٪٩٢ ی هەموو هێرش و بۆردوومانەکان تۆمار کراوە کە لە مانگی نیساندا ئەنجام دراون. بە جۆرێک کە زۆرترین ژمارەی هێرشکردن لە ڕۆژێکدا کە لەم ساڵدا تۆمار کرابێت ٥٣ هێرش بووە لە ڕۆژێکدا کە بۆسەر گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا بوون لە سنوری قەزای ئامێدی. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە لایەنی کەمەوە ٦١٦ بۆردوومان و هێرشی هەلیکۆپتەری کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. لەم ساڵدا نۆ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی هێرشەکانی سوپای تورکیا بەجۆرێک، سێ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. هاوکات، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بەلایەنی کەمەوە پێنج جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە سەر چیای مەتینا و دوو هێرشیشی کردۆتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەمدواییانە لەسەر لوتکەی گرێ داڤا لە باشوری گوندی بەلاڤە لە سنوری قەزای ئامێدی دروستیانکردبو و لە ئەنجامدا چوار پێشمەرگە برینداربوون. هەروەها، لە رۆژی ١٢ی نیساندا، بەهۆی بەرکەوتنیان بە گولە تۆپێکی نەتەقیوی سوپای تورکیا لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، سێ هاووڵاتی مەدەنی سنوری قەزای سیدەکان لە چیادێل بوونە قوربانی و دوویان برینداربوون و یەکێکی تریان شەهیدبوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، لە ڕۆژی دوو و حەوتی مانگی نیساندا، گوندنشینانی بەرمیزە، لە سنووری قەزای سیدەکان ڕێگریان لێکرا بۆ چوونە سەر کێڵگە و زنار و چیاکانی دەووروبەری گوندەکەیان بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە. هەرچەندە سەربازانی تورکیا بە گوندنشیانیان گوتبوو کە لە ڕۆژی ٧ی نیساندا، دەتوانن بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە بچنە شاخەکانی دەووروبەری گوندەکەیان و لە سنوری دیاریکراو دەرنەچن، بەڵام کاتێک لە ڕۆژی ٧ی نیساندا گوندنشیانان دەیانەوێت بچن، سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە جێگیرکردووە و بە زەبری هێز گوندنشینان دەگەڕێننەوە و ڕێگەیان نادەن کە بچنە زنار و چیاکانی ناوچەکە و گژوگیا کۆبکەنەوە. سوپای تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ەوە، بارەگایەکی سەربازی لە سنوری گوندەکەدا دروستکردووە و بەلایەنی کەمەوە پێنج بنکەی تریشی لە سنوری گوندەکەدا جێگیرکردووە. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT
شیكاری: درەو بەشی سێیەم: لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2. نەوەی نوێ (1) کورسی. 3. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی. لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان چەقبەستووترن بەراورد بازنەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بۆیە هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری گەورەی لەسەر نەخشەی داشبوونی کورسییەکانی سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک نابێت. سەرەتا یەکی پێویست بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتووە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛ 1. پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 2. لەم ڕاپۆرتەدا هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە گۆڕانکاری گەورە لەسەر دەرەنجام و دابەشکردنی کورسییەکان دروست ناکات. دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای دهۆک بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (11) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، لە سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک (548 هەزار و 15) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان (402 هەزار و 157) دەنگی بە ڕێژەی (73%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - نەوەی نوێ (46 هەزار و 631) دەنگی بە ڕێژەی (9%) هێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (8%). - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (28 هەزار و 577) دەنگی بە ڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - ڕەوتی هەڵوێست (8 هەزار و 438) دەنگی بە ڕێژەی (2%). - کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 677) دەنگی بە ڕێژەی (1%). - بەرەی گەل (2 هەزار و 605) دەنگی بە ڕێژەی کەمتر لە (1%). - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان تەنها (851) دەنگی بە ڕێژەی نزیک (2%). - بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (248) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (0%). - سەرجەم پێکهاتەکان و سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (12 هەزار و 99) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (2%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2. نەوەی نوێ (1) کورسی. 3. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی. لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان چەقبەستووترن بەراورد بازنەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بۆیە هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری گەورەی لەسەر نەخشەی داشبوونی کورسییەکانی سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک نابێت. خشتە
شیكاری: درەو بەشی دووەم: لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی و هەڵەبجە) بەدەستیان هێناوە، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی. 2. نەوەی نوێ (4) کورسی. 3. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی. 4. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی. 5. کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی. 6. ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان بەربڵاوتردەبن لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەراورد بازنەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری لەسەر نەخشەی داشبوونی کورسییەکانی سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی جێدەهێڵێت. سەرەتا یەکی پێویست بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتووە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛ 1. پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 2. لەم ڕاپۆرتەدا هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆیە دەکرێت هەر هاوپەیمانێتییەک گۆڕانکاری ڕێژەیی لەسەر دەرەنجامەکان دروست بکات. دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای سلێمانی بە سنورە ئیدارییەکەیەوە (بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە) بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (18) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو تەنها لە سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی (626 هەزار و 224) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (257 هەزار و 359) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - نەوەی نوێ (136 هەزار و 447) دەنگی بە ڕێژەی (22%) هێنابوو. - پارتی دیموکراتی کوردستان (57 هەزار و 916) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 687) دەنگی بە ڕێژەی (7%). - کۆمەڵی دادگەری (36 هەزار و 707) دەنگی بە ڕێژەی (6%). - ڕەوتی هەڵوێست (29 هەزار و 416) دەنگی بە ڕێژەی (5%)، - بەرەی گەل (20 هەزار و 355) دەنگی بە ڕێژەی (3%). - بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 736) دەنگ بە ڕێژەی (2%). - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 399) دەنگ بە ڕێژەی (1%). - دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (27 هەزار و 202) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%). هاوکات لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە (38 هەزار و 936) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (12 هەزار و 530) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی (7 هەزار و 847) دەنگی بە ڕێژەی (20%). - پارتی دیموکراتی کوردستان (4 هەزار و 940) دەنگی بە ڕێژەی (13%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. - نەوەی نوێ (4 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (12%) هێنابوو. - کۆمەڵی دادگەری (4 هەزار و 215) دەنگی بە ڕێژەی (11%). - ڕەوتی هەڵوێست (هەزار و 283) دەنگی بە ڕێژەی (3%)، - بەرەی گەل (725) دەنگی بە ڕێژەی (2%). - بزوتنەوەی گۆڕان (197) دەنگ بە ڕێژەی (1%). - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (518) دەنگ بە ڕێژەی (1%). - دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (هەزار و 949) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%). بەم پێیە لەسەر ئاستی سنوری ئیداری پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنن، لە دواین هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024؛ (665 هەزار و 160) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (269 هەزار و 889) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو. - نەوەی نوێ (141 هەزار و 179) دەنگی بە ڕێژەی (21%) هێنابوو. - پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی (50 هەزار و 534) دەنگی بە ڕێژەی (8%). - کۆمەڵی دادگەری (40 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (6%). - ڕەوتی هەڵوێست (30 هەزار و 699) دەنگی بە ڕێژەی (5%)، - بەرەی گەل (21 هەزار و 80) دەنگی بە ڕێژەی (3%). - بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 933) دەنگ بە ڕێژەی (1%). - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 917) دەنگ بە ڕێژەی (1%). - دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (29 هەزار و 151) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان تاڕادەیەک بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛ 1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی. 2. نەوەی نوێ (4) کورسی. 3. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی. 4. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی. 5. کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی. 6. ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان بەربڵاوتردەبن لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەراورد بازنەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری لەسەر نەخشەی داشبوونی سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی جێدەهێڵێت. خشتە
شیكاری: درەو بەشی یەكەم: لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی (سانتلیگۆی هەموارکراو) لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی. 3. نەوەی نوێ (3) کورسی. ڕەنگە ئەمە پاڵنەربێت بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بدەن، لەگەڵ یەکتردا. سەرەتا بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتوە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکانی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛ 1. پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 2. هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆ دەکرێت هەر هاوپەیمانێتییەک گۆڕانکاری ڕێژەیی لەسەر دەرەنجامەکان دروست بکات. دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پاڵپشت بەپیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای هەولێر بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (15) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، (669 هەزار و 273) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لە ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (347 هەزار و 786) دەنگی بە ڕێژەی (52%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو، بە دوای ئەویشدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگ بە ڕێژەی (17%)، نەوەی نوێ (104 هەزار و 222) دەنگ بە ڕێژەی (16%)، یەکگرتووی ئیسلامی (24 هەزار و 178) دەنگ بە ڕێژەی (4%)، کۆمەڵی دادگەری (20 هەزار و 265) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، ڕەوتی هەڵوێست (16 هەزار و 871) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، بەرەی گەل (9 هەزار و 776) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (3 هەزار و 458) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، بزوتنەوەی گۆڕان (هەزار و 455) دەنگ بە ڕێژەی کەمتر لە (1%) و سەرجەم دەنگی پێکهاتەو سەربەخۆکان و لیست قەوارەکانی دیکە (30 هەزار و 160) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن کە لە دوا هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛ 1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی. 3. نەوەی نوێ (3) کورسی. ڕەنگە لەبەرچاوگرتنی ئەو شیکردنەوەیە، پاڵنەربێت بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بدەن، لەگەڵ یەکتردا. خشتە
درەو: لە (درەو) گفتوگۆ لەسەر كاریگەرییەكانی خۆڵبارین و كەمئاوی و گۆڕانی كەشوهەوا كرا. ئەمڕۆ لە (گفتوگۆی درەو) لە ئۆفیسی دامەزراوەی میدیایی درەو، گفتوگۆكرا لەسەر كاریگەرییەكانی "خۆڵبارین، ووشكەساڵی، گۆڕانی كەشوهەوا" بۆ (د. عەبدولمەتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی بواری ژینگە). لە گفتوگۆكەدا بابەتی گۆڕانی كەش و هەواو وشكەساڵی و خۆڵبارین تەوەری سەرەكی میوانانی گفتوگۆكەبوون.
(درەو): ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە: “کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، لە دوو ناوچەی جیاواز بە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچوو. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە. کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، دیدگا و پێشنیارەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ کۆنگرەکە خوێندەوە و هەڵیسەنگاند. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا. لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژوویی وەرگرت. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچوو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژوویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەموو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بە شێوەیەکی دروست خاوەندارێتی لە هەموو بەها دیموکراتی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن، بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدەکانمان بکەن و یادیان هەمیشە بە زیندووی بهێڵنەوە. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە بەڕێز و پێزانینەوە یادی شەهید سری سوورەیا ئۆندەری کردەوە کە لە ئامادەکارییەکاندا یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە ڕەنجێکی زۆری دا. بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی ئەم مرۆڤە هێژایە کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بانگەوازی لە هەموو کەسێک کرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن. ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پە*کە*کە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردوو ناوچە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتی یەکەمین شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا، جارێکی تر بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو ناوچەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوەو تێک333ۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرز بکەنەوە. شەهیدان نامرن! بژی ڕێبەر ئاپۆ!”
ڕاگەیاندراوەکەی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەم شێوەیەیە: "کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، لە دوو هەرێمی جیاواز بە تەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچوو. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە. کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆی کرد، دیدگا و پێشنیارەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ کۆنگرەکە خوێندەوە و هەڵسەنگاند. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا. لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژوویی وەرگرت. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچوو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژوویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەموو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بە شێوەیەکی دروست خاوەنداری لە هەموو بەها دیموکراتیکی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن و بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدانمان بکەن و بۆ هەمیشە یادیان بە زیندووی بهێڵنەوە. کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەڕێز و پێزانینەوە یادی شەهید سری سوورەیا ئۆندەری کردەوە کە لە ئامادەکارییەکاندا یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە ڕەنجێکی زۆری دا. بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی ئەم مرۆڤە هێژایە کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بانگەوازی لە هەموو کەسێک کرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن. ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردوو هەرێمە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنرێت. لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتی یەکەمین شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا، جارێکی تر بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو ناوچەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرز بکەنەوە. شەهیدان نامرن! بژی ڕێبەر ئاپۆ
درەو: فەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، سەرپەرشتیاری ناوچەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریكران، فەرمانەكە لە رۆژی 19/4/2025 دەرچووە بە واژۆی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرپەرشتیاری ناوچەكانی هەڵبژاردن دەرچووە بەم شێوەیە: • قوباد تاڵەبانی بۆ سەرپەرشتیاری هەولێر • رەفعەت عەبدوڵا بۆ سەرپەرشتیاری سلێمانی • ئاسۆ مامەند بۆ سەرپەرشتیاری كەركوك • شێخ ئەحمەد نۆكان بۆ سەرپەرشتیاری گەرمیان • حەمەسور دووشیوانی بۆ سەرپەرشتیاری دهۆك • د. میران محەمەد بۆ سەرپەرشتیاری راپەڕین • وەهاب هەڵەبجەیی بۆ سەرپەرشتیاری هەڵەبجە • لە ئێستادا سەرجەم لایەن و حزبەكان لەگەڵ هەوڵدان بۆ درووستكردنی هاوپەیمانی سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەناو یەكێتی باس لە دانانی چەند كەسێك دەكرێت بۆ كاندیدی پەرلەمانی عێراق: - د. نەرمین مەعروف - ئاسۆس عەلی - رێزان شێخ دلێر - شێخە مامەند ئاغا - بێستون سابوراوەیی - د. بڕیار رەشید - كاروان یاروەیس (گەرمیان) - سروە محەمەد (گەرمیان) - چنار هاوسەری حسێن مەنسور (گەرمیان) - سۆزان مەنسور (خانەنەقین) - هەرێم كەمال ئاغا (هەولێر) - ئارێز عەبدوڵا(هەولێر) - دیلان غەفور (كەركوك) - شیلان فەتحی (كەركوك) - مەلا كەریم (سەڵاحەدین) - غەریب ئەحمەد (راپەڕین)
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك لە ساڵی 2011 ئەحمەد شەرع وەك زیندانییەكی ئازادكراوی رێكخراوی قاعیدە، بۆ درێژەدان بە چالاكی لە وڵاتی خۆی، كە تازە بەر شەپۆلی خۆپیشاندانەكانی “بەهاری عەرەبی” كەوتبوو، عێراقی بەرەو سوریا جێهێشت، بەڵام بڕیارە مایۆی 2025 وەك سەرۆك كۆماری راگوزەری سوریای دراوسێ، بێتەوە بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی لە بەغداد؛ ئەمە شەقامی سیاسیی عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە: بەرەیەك لەگەڵ مامەڵەكردنی ئەرێنین لەگەڵ پێشهاتی نوێ و پێشوازیكردن لە شەرع، بەرەیەكی دژبەریش هەوڵی رێگری دەدەن. ئەمە بەغدادی خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەك كە ئایا دەتوانێت وەك دەوڵەت مامەڵە بكات، یان سیاسەتی گروپە شیعەكان بەسەریدا زاڵ دەبێت و ناچار دەبێت ملكەچی خواستەكەیان بێت. ئەم شرۆڤەیە لەسەر لوتكەی عەرەبی بەغدادو رەهەندەكانی بەشداریكردنی ئەحمەد شەرع لە لوتكەكەداو لێكەوتەكانی ئەم پێشهاتە هەڵوێستە دەكات. لوتكەی عەرەبی لە بەغداد بڕیارە رۆژی 17ی ئایاری 2025 لوتكەی سەرانی وڵاتانی عەرەبی (خولی 34) لە بەغدادی پایتەختی عێراق گرێبدرێت. ئەم لوتكە دووەمین لوتكەیە لە پاش لوتكەی بەحرەین (مایۆی 2024) لە سایەی جەنگی غەززەدا بەڕێوەبچێت. بە دوای سێ لوتكەی دیكەی هاوشێوەدا دێت: لوتكەی عەرەبی - ئیسلامیی ناكاوی ریاز (نۆڤەمبەری 2023)و لوتكەی بەدواداچوونی ریاز (نۆڤەمبەری 2024)، لوتكەی ناكاوی قاهیرە (ئازاری 2025). وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كە سەرپەرشتیی ئامادەكارییە لۆجستی و پرۆتۆكۆڵییەكانی ئەم لوتكەیە دەكات، پێیوایە سەركەوتنی لوتكەی عەرەبی بەغداد وێنەیەكی ئەرێنی دەربارەی عێراق پیشانی دنیای دەرەوە دەدات، هەروەها كاروانی كاری هاوبەشیی عەرەبی بەهێزتر دەكات[1]. لەسەر ئاستی عێراقیش ئەم لوتكەیە دووەمینە لە عێراقی نوێی پاش سەددام حسێن؛ یەكەمیان لە 2012 لە ویلایەتی دووەمی مالیكی گرێدرا، دووەمیش دەكەوێتە سەردەمی ویلایەتی سودانی؛ لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دێتە عێراق. بەوەی بانگەشەی بۆ دەكات “بەغداد دەیەوێت ببێتە مینبەرێك بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی عەرەبی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان”[2]. لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق، دەشێت لوتكەی عەرەبی لە بەغداد خزمەت بە پرۆژەی هەڵبژاردن و سەركردایەتیی “محەمەد شیاع سودانی” بكات، بەوپێیەی لە سایەی سەركردایەتیی ئەودا ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئەو كۆبوونەوە دیپلۆماسییە كە چاوی میدیایی زۆری لەسەرە، دەرفەتە بۆ دەركەوتنی سودانی وەك سەركردەیەكی سیاسیی دەوڵەتمەتدارو هاوئاستی سەرۆك و پاشا عەرەبییەكان، لەكاتێكدا ناوبراو بەو پێیەی لە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق بووە، لە تاراوگە نەژیاوە و پەیوەندییەكانی فراوان نین. لوتكەی عەرەبی لەكاتێكدا دێتەوە بەغداد، كه عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە. بەپێی ئەو ئامادەكارییانەشی تائێستا هەن، لیستە شیعەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” بەپەرتەوازەیی و فرەلیستی دەچنە نێو پرۆسەكە. دوو لە جەمسەرە سەرەكییەكانی ئەو ململانێ سیاسییە سەختە لەنێو دەنگدەری شیعەدا، نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووترو سەرۆك وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی دەبن. سودانی وەك گرەوێكی سیاسی تەماشای لوتكەكە دەكات. لە ئەزمونی زیاتر لە 33 لوتكەی پێشوودا ئەم بۆنەیە زیاتر پرۆتۆكۆڵی و بێ كاریگەریی ئەوتۆ بووەو زیاتر بۆ ناردنی پەیامی كاری پێكەوەییە، بەڵام سودانی زیاتر لە قەبارەی خۆی مانای پێدەدات. لەم نێوهندهدا لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لەوە كرد كه “عێراق تەنیا وڵاتێكی خانەخوێی لوتكەكە نییە، بەڵكو دەستپێشخەرەو چارەسەری جیاواز بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە پێشكەشدەكات”[3]. لە سەرپەرشتیكردنی ئامادەكارییە ئەمنییەكانیشدا سودانی جەختی لەوە كردووەتەوە: سەركەوتنی گرێدانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، “سەركەوتنێكی سیاسی و ئەمنییە”[4]. لەسەر ئاستە فەرمییەكەو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییە نێوخۆییەكان، حكومەتی عێراق دەیەوێت لەڕێگهی میوانداریكردنی لوتكەكەوە جەخت لە ڕۆڵی خۆی وەك دامەزرێنەرێكی “كۆمكاری عەرەبی” بكاتەوە؛ لەسەر ئەمەش زۆر لە هێزە شیعە سیاسییەكان هاوڕان، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەبارەی وردەكارییەكان[5]. جگە لەوە حكومەت و هێزە شیعەكان دەیانەوێت وای پیشان بدەن، گرێدانی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، بەتەنیا پیشاندانی توانای رێكخستن نییە، بەڵكو ئاماژەیە لەسەر گەیشتنی عێراق بە ئاستێكی باڵای ئاسایش و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی پێگەكەی لە چوارچێوەی سیستهمی عەرەبیدا. ئەمە بۆ هەندێك هێز كە بێزارن لە هەژمونی زۆری ئێرانی لە شیعە پراگماتیستهكان، گرنگی و بایەخی زیاتری هەیە، چونكە هەڵگری ئەو پەیامەیە كە عێراق جێگرەوەو بەدیلی دیكەی هەیە. بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع مشتومڕی گەورەی بەر لە گرێدانی كۆنگرەی 17ی ئایار دەربارەی ئامادەبوون و دورخستنەوەی ئەحمەد شەرع لە بەشداریكردنی لوتكەكەی بەغداد. ناوبراو بۆ ماوەی هەشت ساڵ (2003_2011) لە عێراقدا لە ڕیزی قاعیدەدا بووە، لە گرتوخانەكانی ئەمریكادا لە عێراق دەستگیر كراوە، پاش گەڕانەوەشی بۆ سوریا بە “ئەبو محەمەدی جۆلانی” ناسراوەو بەیعەتی بە “ئەیمەن زەواهیری”داوە، لە سوریاش سەرۆكایەتیی “بەرەی نوسرە”ی كردووە، دواتر دەستەی “تەحریر شام”ی دامەزراندووە. سەرجەم ئەم كارنامەیە بە لای شیعەكانەوە دوژمنكاریی و تاوانە، چونكە “سەلەفیزمی جیهادی”، دژی جۆری (نهوعییهت)ی شیعەكانن. لەهەوڵێكدا بۆ كۆتاییهێنان بە مشتومڕی ئامادەبوونی شەرع، سودانی لە ڕێگەی میدیایەكی ئەمریكییەوە جەختیكردەوە كە ئەحمەد شەرعی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی بەغداد بانگهێشتكراوە. لە دیدارەكەدا سودانی بەوە پاساوی هێنایەوە كە عێراق تەنیا خانەخوێی لوتكەكە نییە، بەڵكە بەشدارو لایەنە لە دەستپێشخەرییەك كە چارەسەر پێشكەش بە قەیرانە جۆربەجۆرەكانی ناوچەكە بكات. لەبارەی بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی راگوزەری سوریاشەوە، سودانی جەختی لەوە كردەوە: “ئامادەیی شەرع لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵی سیستهمی رێكخراوی كۆمكاری عەرەبیدایە. سەرۆك شەرع، ئێستا نوێنەرایەتیی دەوڵەتی سوریا دەكات؛ ئامادەیی ئەویش گرنگە بۆ ئەوەی دیدی خۆی بۆ سوریای نوێ ڕوونبكاتەوە. دۆسیەكانی ئاسایش و ئۆقرەیی بۆ عێراق و وڵاتانی دیكە پرسێكی جومگەییە؛ عێراقیش سورە لەسەر ئۆقرەیی سوریا”[6]. ئەم لێدوانانەی سودانی دوو هەفتە بەر لە گرێدانی كۆنگرەكە لە نێوهندی هەڵمەتێكی گەرمی بەرهەڵستكاریدا بوو دژ بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع لە بەغداد؛ بەو پێیەی پێشتر لە ڕیزەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدەدا بووە كە كۆتایهێنان و بنەبڕكردنی شیعەی كردبووە ئامانجی خۆی. هەروەها بە دوای ئەوەدا هات عێراق بەفەرمی لە 27ی نیسانی 2025 لە ڕێگهی وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەكاك (سوننەیە)، بانگهێشتی بەشداریكردن لە لوتكەكە، لە دیمەشق رادەستی ئەحمەد شەرع كرد[7]. نەیارانی ئامادەبوونی شەرع ئەو لایەنە شیعانەی دژی هاتنی ئەحمەد شەرعن بۆ عێراق، لە چەند جەمسەرێكی جیا پێكدێن و ئامانجەكانیشیان جیاوازە. لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستەكانیان، دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن: _ حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی، لە بەیاننامەیەكدا پێداگری دهكات: دۆسیەی بەشدارانی لوتكەی عەرەبی بەغداد، دەبێت تۆمەت و تاوانكاریی تێدا نەبێت، “چونكە خوێنی عێراقییەكان هەروا هەرزان نییە تا بانگهێشتی ئەو كەسانە بكرێت كە حەڵاڵیان كردووە، یان دەستدرێژییان كردووەتە سەر پیرۆزییەكانیان”[8]. حزبی دەعوە هیچ بەڵگەیەكی نەخستوەتەڕوو لەسەر تێوەگلانی شەرع یان دۆسیەیەكی دیاریكراو، بەڵام بەهۆی بەریەككەوتنی ئەجێندای هەڵبژاردنی مالیكی و سودانییەوە، دەكرێت پاڵنەری ئەم هەڵوێستە بەوە لێكبدرێتەوە كە هەوڵی شكستهێنانە بە بانگهێشتكردنی سودانی بۆ شەرع و تێكدانی ئامادەكارییەكان. _ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب، كە حزبەكەی لە هەڵبژاردن لیستی جیای دەبێت، باسی لەوە كردووە، ئەگەر شەرع بێتە عێراق، ئەوە لێكەوتەی باشی نابێت و دەشێت دەستگیر بكرێت[9]. ئەم بەرهەڵستكارییەی عەسائیب دژی هاتنی شەرع، دوو لایەنە: هەم بەشێكە لە گوتارو هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن، هەمیش بەدەر نییە لە میحوەرە ئێرانییەكە كە تائێستا لەگەڵ سوریای نوێدا دژو ناكۆكە. _ ئەبو عەلی عەسكەری، وتەبێژ بە ناوی كەتیبەكانی حزبوڵڵا، باسی لەوە كردووە كه، شەرع، هەر “ئەبو محەمەد جۆلانی”ی سەرۆكی “بەرەی نوسرەی تاوانبارە”؛ پێشتریش لوتكە عەرەبییەكان بەبێ ئامادەیی ئەسەدو عێراق و لیبیاش كراون[10]. _ چەند پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی شیعی سكاڵایان لەدژی ئەحمەد شەرع بەرزكردووەتەوەو بە كوشتن تۆمەتباری دەكەن. ئامانجی ئەم پەرلەمانتارانە ئەوەیە لەڕێگەی دادگاوه ڕێگه لە هاتنی ناوبراو بۆ بەغداد بگرن؛ یەكێك لەوانە، شەرعی بە تێوەگلان لە كوشتنی براو برازاكەی تۆمەتبار كردووە [11]. _ هەندێك لایەنی شیعە باسی ئەگەری كوژرانی شەرع دەكەن ئەگەر بێتە عێراق. لەم ڕێگهیەوە پەیامی ئەوە دەدەن كە ناتوانن ژیانی بپارێزن[12]. _ لە پشت هێزە شیعەكانیشەوە، ئێران دژو نەیاری ئاساییكردنەوەی كارەكتەری ئەحمەد شەرعە؛ ڕێگریكردن لە ئامادەبوونیشی لە لوتكەی عەرەبی، لە ڕێگهی باڵەكانییەوە لە عێراق بەڕێوە دەبات. هەر پاش كەوتنی ئەسەد، خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی، بانگەوازی بۆ گەنجانی سوریا كرد دژی دەسەڵاتی نوێی وڵاتەكەیان ڕاپەڕن. لەو كاتەوە گوتاری ئێران دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع دوژمنكارانەیەو ئەمەیش لە گوتاری باڵەكانیدا ئامادەیی هەیە[13]. پاڵنەرەكانی ناڕەزایی بەگشتی لە گوتاری شیعیی لایەنگرو پاشكۆی جەمسەری ئێرانیدا، ئەحمەد شەرع دوو كێشەی سەرەكیی هەیە: یەكەمیان دژومنكارییەتی لەگەڵ شیعە لە پاش 2003، دووەمیش ڕێگرییەكانیەتی لەبەردەم چالاكیی گروپە شیعەكان لە سوریاو گوشارخستنە سەر كەمایەتیی شیعە لەو وڵاتە. جگە لەمە ئەوەیان لەبەرچاوە، شەرع هۆكار بووە بۆ روخاندنی رژێمی ئەسەدو پێیانوایە بەشێكە لە پرۆژەی توركیا لە ناوچەكە. لە دەرەوەی ئەم پاڵنەرانە هەندێك خوێندنەوەی دیكە بۆ دژایەتیی هاتنی شەرع بۆ بەغداد هەن، ئەمە گرنگترینیانە[14]: ـ پاش راگەیاندنی پرۆژەی هەڵبژاردنی سودانی و نزیكبوونەوەی لە هەندێك بلۆكی سوننە، هێزە شیعە بەرهەڵستكارەكان بەرەنگاری پرۆژەكەی دەبنەوە، بەتایبەت كە پێیانوایە ئەوان سودانییان بە پایە گەیاندووەو ئێستا بووەتە ركابەری لیستەكانیان لە هەڵبژاردن. _ دەنگۆیەك هەیە كە هێزە شیعە وەلائییە عێراقییەكان لەگەڵ ئەفسەرە سورییەكانی بەعس، كار دەكەن بۆ قڵپكردنەوەی رژێمی ئەحمەد شەرع. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ماهیر ئەسەد هەماهەنگی دەكەن. _ هێزە شیعە ئێرانییەكان نیگەران و بێزارن لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراق و ئەحمەد شەرع، بەتایبەت كە زانیاریی ئەوەیان هەیە سەردانەكانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ دیمەشق، بەرەوپێشچوونی تێدا بووەو دەشێت ببێتە بنەمای پەیوەندییەكی بەهێز. _ هەندێك لە شیعەكانی ناو چوارچێوەی شیعی ئەوەیان وروژاندووە كە سودانی بەشێكە لە میحوەری قەتەری _ توركی دژی میحوەری سعودی_ ئیماراتی_ ئوردنی و، بەم هۆیەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع پەیوەندیی ئاسایی كردووەتەوە؛ ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق نییە. ئەم دەنگانەی نێو چوارچێوەی شیعی باس لەوە دەكەن سودانی زیاتر موجامەلەی توركیا دەكات[15]. ئەمە زیاتر پاش ئەوە زەق كرایەوە كە سودانی بەنهێنی و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە، سەردانی “دەوحە”ی پایتەختی قەتەری كردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع و میری قەتەردا دەركەوت. بەپێی هەندێك سەرچاوە لەسەر ئەمە چوارچێوەی شیعی بێزاریی خۆیان گەیاندوەتە سودانی[16]. هەڵوێستی شیعە پراگماتیستەكان بەرامبەر بە شیعە وەلائییە پەڕگیرەكان (توندڕهوهكان)، جەمسەرێكی دیكەی شیعی هەیە، كه لارییان نییە لە ئامادەبوونی شەرع لە بەغداد؛ لەلایەك بۆ سەرخستنی لوتكەی سەرانی عەرەب، لەلاكەی تر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پشتیوانییە عەرەبییەی لەگەڵ دیمەشقی نوێ و ئەحمەد شەرعدا هەیە. لەم بهینهدا عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە دەڵێت: بانگهێشتكردنێكی ناچارییە؛ هەروەها ئەگەر سكاڵاش هەبێت ئەوە شەرع پارێزبەندیی هەیە. سەرباری ئەمە حەكیم بەگومانە فرمانی گرتن لە دژی شەرع هەبێت[17]. لە لای خۆیەوە سودانی كە بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی كردووە، دەیەوێت شتەكە بخاتە چوارچێوەی پەیوەندیی عێراق و سوریا نەك بەرگریكردن لە كارەكتەری شەرع؛ لەبەر ئەمە پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق لە ڕێگهی هەواڵگرییەوە بەڕێوە دەبات و دوو جار تائێستا سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی، “حەمید شەتری”ی رەوانەی دیمەشق كردووە بۆ ئەوەی چوارچێوەی شیعی تۆمەتباری نەكەن بە ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ شەرع، كە لە لای شیعە بێزراوە. ئەوانەشی بەبێدەنگی دۆخەكە بەڕێدەكەن و بەناڕاستەوخۆ ڕازین بە هاتنی شەرع بۆ بەغداد، جگە لە حەكیم، زیاتر حەیدەر عەبادی، سەرۆكی “هاوپەیمانیی نەسر”ە.[18] . هەروەها لایەنگرانی سودانی لەنێو هێزە شیعەكان دەڵێن: دەوڵەت لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەوە بەڕێوەدەبرێت نەك هەست و سۆز. ئەوەی سودانی دەیكات، بەرژەوەندیی عێراقی تێدایە چونكە دۆسییەكانی سنور، داعش، شیعەی سوریاو عەتەبە پیرۆزەكانی شیعە، پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق هەیە؛ ئەمە جگە لە پەیوەندیی ئابوریی و ئەگەری نۆژەنكردنەوەی بۆرییە نەوتەكانی عێراق- سوریاو زۆر پرسی دیكەی هاوبەش [19]. لە دەرەوەی ماڵی شیعی، هێزە سوننەكان بەگشتی بەرگری لە هاتنی شەرع دەكەن و كرانەوە بەڕووی سوریای نوێدا بە گرنگ دەبینن؛ لە لایەك لە سۆنگەی وابەستەیی هەندێك لە هێزەكانیان بە میحوەری توركیا، لە لاكەی تر، رژێمی شەرع وەك قوڵایی ستراتیژیی خۆیان دەبینن، بەو پێیەی سوننەی عەقیدەییەو پشتێنە ئێرانییەكەی “تاران- بەیروت”ی بچڕاندووە. ئەم هێزانە بەوە بەرگری لە شەرع دەكەن كه ئەو كاتەی لە عێراق بووە (2003_2011)، دژی ئەمریكییەكان جەنگاوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی مقاوەمەدایە كە شیعەكانیش ئێستا شانازیی پێوە دەكەن. هەروەها بەوە بەرگری دەكەن، شەرع لەنێوان 2005_2011 لە گرتوخانە بووە، بەم هۆیەشەوە بەشداریی لە شەڕی تائیفی نەكردووە (2007_2008). هەشیانە باس لەوە دەكەن، شەرع ئەو كاتەشی ئەلقاعیدە بووە، زیاتر كاری میدیایی كردووە نەك چەكداریی[20]. كۆبەند بانگهێشتكردنی ئەحمەد شەرع بۆ لوتكەی سەرکردەکانی عەرەب لە بەغداد، ناڕەزایەتیی توندی لە لایەن هەندێك لە هێزە شیعەکانی عێراقی هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت ئەوانەی كە لە بازنەی ئێرانەوە نزیكن. پاڵنەرەكانی ئەم ناڕەزایهتییه جۆراوجۆرن، گرنگترینیان ئهمانهن: _ ڕەتکردنەوەی پشتیوانیی لە رژێمی نوێی سوریاو هاوكاریكردنی: لایەنە شیعە ناڕازییەکان پێیانوایە بانگکردنی شەرع بۆ بەغداد، دژ بە هەڵوێستی ئەخلاقی و سیاسیی عێراقە كە حوكمڕانییەكەی بە زۆرینە شیعییە. _ هەندێک بەوە پاساو دەهێننەوە، بەشداریكردنی شەرع لە لوتكەی بەغداد، باڵانسی ململانێ هەرێمایەتییەكان تێكدەدات؛ بەو پێیەی ناوبراو سەر بە میحوەری توركی-قەتەرییە بەرامبەر وڵاتانی سعودیە _ ئیمارات، ئوردن. _ هەندێک لەم ناڕەزایەتییانە لەژێر کاریگەریی هەڵوێستەکانی ئێراندان، چونکە تاران پێیوایە ئاساییكردنەوەی كارەكتەری شەرع، بەرەی ئێرانی لاوازتر دەكات و شەرعییەت بە سوریای دوور لە ئێران دەدات. _ هەڵمەتی پێشوەختی هەڵبژاردن و هەوڵی شكستپێهێنانی سودانی، ئامادەییەكی بەهێزی لە ململانێ نێوخۆییەكانی شیعەدا هەیە دەربارەی ئەحمەد شەرع. بەرامبەر بەوانیش هێزە سوننەكان لارییان نییەو، لەگەڵ بەشداریكردنیدان. پەراوێزەكان: [1] https://2h.ae/nBpe [2] https://2h.ae/wFoz [3] https://2h.ae/Cikq [4] https://2h.ae/trqg [5] https://2h.ae/kBTA [6] https://2h.ae/UAXa [7] https://2h.ae/PpuT [8] https://2h.ae/HldL [9] https://2h.ae/eWvC [10] https://2h.ae/Ycsp [11] https://2h.ae/Ycsp [12] https://2h.ae/TIeV [13] https://2h.ae/XxWu [14] https://2h.ae/TIeV [15] https://2h.ae/uqtE [16] https://2h.ae/lvON [17] https://2h.ae/EDYF [18] https://2h.ae/kLRH [19] https://2h.ae/KFsX [20] https://2h.ae/ukZA ئەم بابەتە تایبەت بە (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە
د. موئمین زەڵمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ٢٠٢٥ وەک خاڵێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ داهاتووی پرۆژەی سیاسی کوردستان دادەنرێت، لە هەمانکاتدا یاسای هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنانی کورسی زەحمەت کردووە، بۆیەش حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانیەتییەکی یەکگرتوویان دەستپێکردووە بەرامبەر بەو دوو حزبە. ئەم هەوڵانە وێنەی هەوڵەکانی پێشووترن کە سەرکەوتوو نەبوون، بۆیەش دۆخەکە پرسیار دروست دەکات ئایا ئەمجارە دەرئەنجامی جیاواز دەبێت یان رووبەڕووی هەمان بەربەستەکان دەبێتەوە کە بەردەوام هۆکاری سەرنەکەوتنی یەکلیستیی بوون، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەمجارەش سەرکەوتوو نابن و دواجار بێهیوایی زیاتر بڵاودەکەنەوە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکەدا دەبێت. هەوڵی حزبەکان بۆ یەکلیستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و یەکلیستییان داوە بەرامبەر دوو حیزبە باڵادەستەکەی هەرێم. کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ چەندین ساڵە هێزی سەرەکین و لە هەولێر و سلێمانی زۆرینەی کورسییەکان دەبەن، جا بەهۆی ئەو مێژوو و پێکهاتە و سەرچاوانەوەیە لەبەردەستیاندایە و یان هۆکارەکە لاوازی و پەرتەوازەیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە. بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەمان جموجوڵی پێش هەڵبژاردنی لە نێوان ڕەوت و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆندا بینراون لە ئاستی جیاواز و فۆڕمی جیاواز، کە سەرەتا بە گەشبینیەوە دەست پێدەکات و پاشان بە لیستی هەڵبژاردنی سەربەخۆ کۆتاییان دێت. نمونەی ئەم جموجوڵانە دەرئەنجامێکی دووبارەیە. دەستپێدەکەن بە کۆبوونەوەی گەشبینانە و هەڵای میدیایی، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکان دەردەکەون و دەبنە دوا هەواڵی شکستی لیستەکە بە تایبەت کاتێک هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان، چەندین شێوازی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی بۆ دراوە. هەرچەندە هەندێکیان سەرکەوتنی سنوورداریان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کامێکیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی باڵانسی هێزی نەگۆڕی. خولەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ و ٢٠٢١ بە هەمان شێوە گفتوگۆی سەرەتایی هاوپەیمانێتیان تێدا بوو کە دواجار هەڵوەشایەوە. جموجوڵەکانی ئێستای ئۆپۆزسیۆن هەوڵی ئەمڕۆی دروستکردنی هاوپەیمانێتی پێنج لایەنی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتیی و ڕەوتەکان لەخۆدەگرێت: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، هەڵوێستی نیشتمانی، نەوەی نوێ، و بەرەی گەل، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی، کە هەریەکەیان هەڵوێستی جیاواز و بنکەی هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیان دەهێننە سەر مێزی گفتوگۆکان. یەکگرتوو و کۆمەڵ وەک دوو حزبی ئیسلامی، ژێرخانێکی رێکخراوەیی دیاریکراویان هەیە بەڵام قەبارەی دەنگیان لە داکشاندایە. هەڵوێستی نیشتمانی، کە هێزێکی نوێیە، خۆی وەک بژاردەیەکی نەتەوەیی چاکسازیخوازی عەقڵانی و جیددی پێناسە دەکات. نەوەی نوێ، بە سەرکردایەتی شاسوار عەبدولواحید، بە پەیامی دژە گەندەڵی سەرنجی دەنگدەرانی گەنج راکێشاوە. هەرچی بەرەی گەلە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک کەس دەکات کە نەیانتوانی لەسەر سفرەکەی یەکێتی جێگای خۆیان بگرن. مەودای هەڵوێست و متمانە لە نێوان ئەم حیزبانەدا لە راستیدا گەورەترە لە مەودای نێوان هەندێکیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی. بۆ نموونە، دیدگای ئابووری نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە لە دیدگاکانی حیزبە ئیسلامییەکان، لە کاتێکدا هەردوو هەڵوێستی نیشتمانی و بەرەی گەل بۆچوونی ناسازیان هەیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا. لە لایەکیترەوە هەر حیزبێک پەیوەندی ئاڵۆزی لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەیە. هەندێکیان پێشتر بەشداری کابینەکانی حکومەتیان کردووە، کە کێشەی متمانەی بەردەوامی دروست کردووە. هەندێکیتریان پەیوەندی پشت پەردەیان لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکان پاراستووە لە کاتێکدا بە ئاشکرا خۆیان وەک هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخەنەروو. رێگرە بنەڕەتییەکانی بەردەم یەکلیستی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن چەندین بەربەستی بنەڕەتی لە رێگای هاوپەیمانێتییەکی جیددی ئۆپۆزسیۆندا هەن. یەکەم، سەرچاوە داراییەکان بە شێوەیەکی چڕ لە دەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا کۆبووەتەوە، ئەمەش پەیوەستبوونی ناڕاستەوخۆی تەنانەت لەنێو ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەشدا دروست دەکات کە بە رواڵەت سەربەخۆن، جا لە ئاستی حزب و یان مەکتەبی سیاسی حزبەکاندا کە پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ دامەزراوەی دارایی پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردوون. دووەم، ناکۆکی شەخسی و خواستەکانی سەرۆکایەتی هەوڵەکانی یەکگرتن لاواز دەکەن. سەرەڕای پابەندبوونی گشتی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی، گفتوگۆی ناوخۆیی لەسەر بنەمای ئەو مەرجانە دەوەستێت کاتێک پۆستەکانی سەرکردایەتی لیستەکان و ریزبەندی کاندیدەکان دیاری دەکرێت. پرسی ئەوەی کە کێ سەرکردایەتی لیستێکی هاوبەش بکات بەتایبەتی دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. هەندێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەشداریکردن لەم هەوڵانەدا زیاتر وەک کارتی فشار بەکاردەهێنن نەک بژاردەیەکی راستەقینە بۆ سیستمی دەسەڵاتدار. هەڵای میدیایی گەورەی لەسەر دروستدەکەن و لە کۆتاییدا شکست بە هەوڵەکان دەهێنن. سێیەم، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکەن. حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان پەیوەندییان لەگەڵ کارەکتەرە دەرەکییە جیاوازەکان پاراستووە، لەوانە تورکیا، ئێران، بەغدا و وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم پەیوەندییە دەرەکیانە زۆرجار لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن، کە هەماهەنگی بەردەوامی نێوانیان دژوار دەکات. پێشبینی داهاتوو و کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن رووبەڕووی وێستگەیەکیتری داخراو دەبنەوە کاتێک دوا وادەی تۆمارکردنی کاندیدەکان نزیک دەبێتەوە. بە پێی دۆخی ئێستا، وا دەردەکەوێت کە زۆرینەی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر نەڵێین هەموویان، دواجار لیستی هەڵبژاردنی سەربەخۆ پێشکەش دەکەن، سەرەڕای لێدوانە گشتییە بەردەوامەکان کە پشتگیری یەکلیستی دەکەن. ئەم پەرتەوازەبوونە بە ئەگەری زۆر پارسەنگی هێز بەردەوامی پێدەدات، کە پارتی و یەکێتی باڵادەستی خۆیان لە زۆنی جوگرافی خۆیاندا دەپارێزن. دەرئەنجامەکانی ئەم هەوڵانە دەریدەخەن کە هێزە دابەشبووەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەستەمە بتوانن لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیاندا نوێنەرەکانیان بنێرنە پەرلەمانی عێراق. ئاستەنگی بنەڕەتی بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنها هەماهەنگی هەڵبژاردن نییە بەڵکو گەشەپێدانی دیدگایەکی جێگرەوەیە بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان و عێراق. بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەمی حوکمڕانی وەک کۆنترۆڵی حیزبی بۆ سەرچاوە ئابوورییەکان و دابەشبوونی هێزە ئەمنییەکان، ستراتیژی هەڵبژاردن بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکە، دەنگدەرانی کورد بە گومانێکی پێشوەختەوە سەیری هەواڵەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن کە سەردانی یەکتری دەکەن و بەیاننامە دەردەکەن دەربارەی لیستی هاوبەش. بەڵام ئایا ئەم خولەی هەڵبژاردن هەماهەنگی ئۆپۆزسیۆن بەرهەم دەهێنێت یان خولێکیتری کێبڕکێی پەرتەوازە، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکەدا و چاوەڕوان ناکرێت رێژەی بەشداری هەڵبژاردن لە ئاستی پێشبینیکراودا بێت.
درەو: بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو لەسەر پرسی پرۆژەی روناكی (كارەبای 24) كاتژمێری و موچەی مانگی نیسانی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام كۆبوونەوەكەنەكرا. بەپێی كارنامەی ژمارە (151)ی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی بۆسەرجەم وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رویشتووە داواكراوە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر (10) كۆبوونەوەو لەسەر سێ پرس گفتوگۆبكەن لەوانە: یەكەم/ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پـڕۆژەی ڕوونـاکی و دەستەبەرکردنی کارەبای (24) کاتژمێری و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان. دووەم/ بەدواداچوونی خەرجكردنی موچەی مانگی نیسانی 2025. سێەم/ ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەسـتراو بە وەزارەت لەلـایەن ئەنجـومەنی وەزیـران بـۆ هەمـاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشـی وردبینـی هەردوو دیـوانی چـاودێری دارایـی فیـدرار و هەرێمـی کوردسـتان بەڵام بەبێ هیچ رونكردنەوەیەك كۆبوونەوەكە نەكرا، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی تەواونەبوونی پرۆژەی روناكی (كارەبای 24) كاتژمێری نەكراوە، كە بڕیاربوو كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پرۆژەكەدا بكرێت و لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو ئەنجومەنی وەزیران و حكومەت، لەگەڵ دیاریكردنی نرخی كارەبا، بۆیە ئەو رەشنوسە تەواو نەبووەو كێشەی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا چارەسەر نەكراوە بۆیە واتا دوو تەوەری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەنەبووە بۆیە كۆبوونەوەكە نەكراوە.
درەو: راپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم 🔻 داهات و خهرجی نانهوتی ههرێم له ژێر وردبینیدا: 🔹 بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئیبراهیم خلیل تا ئێستاش سەرقاڵی کۆکردنەوەی باج و پێشێلکاریی بڕیاری ژمارە (23527)ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانە. 🔹 جیاوازی (19,838) پلهی وهزیفی لە ژمارەی کارمەندان هەیە لە نێوان ئەو خشتەیەی کە لە یاسای بودجەی ژمارە 13ی ساڵی 2023 دا هاتووە و ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی هەرێمەوە پێمان دراوە. کاتێک پرسیارمان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد سەبارەت بە هۆکاری ئەو ناکۆکییانە، وەڵامێکی قبوڵکراوی پێنەداوین. 🔹 دوایین ئاماری بەردەست بەرێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە 30/6/2024 ژمارەی موچهخۆرانی وەزارەتی پێشمەرگە (162,460) كهسی لەخۆگرتبوو. هەروەها ژمارەی ئەندامانی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە هەرێم تا ڕۆژی 30/6/2024 دابینکراوە کە (184,729) كهس بووە واتە جیاوازی (22,269) كهس. بەشی دووم تیمی وردبینی هاوبەشی نێوان دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەت/ دەرئەنجامی کاری چاودێری و وردبینی لەسەر داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست لە ماوەی (1/4 - 30/6/2024) 2. ڕێڕەوی پارەی نەختینەیی و داهات و خەرجییە نانەوتییەکان أ. ڕێڕەوی پارەی نەختینەیی هاتووچۆی نەختینەی چارەکی دووەمی کۆی گشتی داهاتە نانەوتییەکان و تەمویلکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بە خستنەڕووی خەرجییەکانی چارەکی دووەم (خەرجیی و داهاتە شایستە وەرنەگیراوەکان هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ گەنجینەی گشتی فیدراڵی گواستراوەتەوە)، جیاوازیی نەختینەی بە بڕی (12,818,877) هەزار دینارە (دوانزە ملیار و هەشت سەد و هەژدە ملیۆن و هەشت) نیشانداوە سەد و حەفتا و حەوت هەزار دینار)، وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە. خشتەی ژمارە (1) لەم ڕووەوە ئەمانەی خوارەوەمان هەیە: یەکەم: بڕی جیاوازی لە چارەکی یەکەمدا(743,757,599) هەزار دینارە (حەوت سەد و چل و سێ ملیار و حەوت سەد و پەنجا و حەوت ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد و نۆ هەزار دینار). بۆیە جیاوازی تا 6/30/2024 دەبێتە کۆی گشتی بڕی (756,576,476) هەزار دینار (حەوت سەد و پەنجا و شەش ملیار و پێنج سەد و حەفتا و شەش ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و شەش هەزار دینار). پرسیارەکانمان بە ژمارە (ف2/ 13) لە 8/28/2022 سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەبارەت بەو جیاوازییەی سەرەوە وەڵام نەدراوەتەوە. دووەم: ئەو داهاتە شایستەی سەرەوە نوێنەرایەتی داهاتی ڕسوماتی کارەبای بەدەست هێنراو و وەرنەگیراو دەکات، کە لە حسابی داهاتی کۆتاییدا تۆمارکراوە بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن بەشی ژمێریاری لە هەرێمەوە پێشکەشی ئێمە کراوە، و مەحاڵە پشتڕاست بکرێنەوە بەهۆی مەحاڵبوونی سنووردارکردنی ئەو بڕە پارانە. ب. داهاتی نانەوتی یەکەم: داهاتی چارەکی دووەم بۆ مانگەکانی (نیسان، ئایار، حوزەیران) کۆی گشتی بڕی (1169405107) هەزار دینار (یەک ترلیۆن و سەد و شەست و نۆ ملیار و چوار سەد و پێنج ملیۆن و سەد و حەوت هەزار دینارە، دابەزینی بڕی (90904211) هەزار دینار، (نەوەد ملیار و نۆ سەد و چوار ملیۆن و دوو سەد و یازدە هەزار دینار، بەراورد بە کۆی داهاتی چارەکی یەکەم بۆ مانگەکانی (کانونی دووەم، شوبات، ئادار) بڕی (1260309319) هەزار دینار (یەک ترلیۆن و دوو سەد و شەست ملیار و سێ سەد و نۆ ملیۆن وسێ سەد و نۆزدە هەزار دینار)، دابەزینی (7%)، و لە خشتەی ژمارەت (2) دا وردەکاری ئەوە داهاتانە دەردەکەوێت. خشتەی ژمارە (2) ئێمە ئەمانەی خوارەوەمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە: 1) دابەزینی ئاستی داهاتی باجی سەر سامان بەڕێژەی (31%). بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە هەرێم پاساویان بۆ هێناوە، لە وڵامی پرسیارەکەمان ژمارە (ف2/14) لە 8/28/2024، هۆکاری گواستنەوەی دانراوی باج لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگەوە بۆ داهاتی کۆتایی لە ماوەی مانگی 1ی 2024، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023. 2) بەرێوەبەرایەتی لە یاداشتەکەی سەرەوە ئاماژەی بە کەمبوونەوەی 16%ی داهاتی ڕسومات کردووە، ئەمەش بەهۆی وەرگرتنی ڕسومات لە کۆمپانیاکان و نوێکردنەوەی گرێبەست و ڕەسمی ڕێگەپێدان لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024. 3) دابەزینی ئاستی داهاتی گواستنەوە (الايرادات التحويلية) بە ڕێژەی (66%). بەڕێوەبەرایەتییەکە لە یاداشتەکەی سەرەوەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەش بەهۆی پێچەوانەبوونەوەی تۆمارکردنێک بووە لە بەشی کارەبا، بەو پێیەی ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی گواستنەوەوە گواستراوەتەوە بۆ ڕسومات بۆ خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، ئەمە جگە لەوەی سنووردارنەکردنی بەخشینەکانی حکومەت لە چوارچێوەی داهاتی گواستنەوەدا. لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە لە بڕگەی یەکەم و سێیەمدا پێشنیار دەکەین کە داهاتەکان لە ماوەی ئەو ساڵەدا تۆمار بکرێن کە تێیدا بەدەست هاتووە و بەپێی سیستەمی ژمێریاری گونجاو بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو لیژنانەی کە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون پۆلێن بکرێن. دووەم: ئەو داهاتانەی لە هەرێمەوە گواستراونەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی فیدراڵی بۆ داهاتە نانەوتییەکان لە ماوەی چارەکی دووەمی ساڵی 2024دا بڕی (15,533,884) هەزار دینار (سەد و پەنجا و پێنج ملیار و سێ سەد و سی ملیۆن و هەشت سەد و هەشتا و چوار هەزار دینار) لە داهاتە بەدیهاتووەکان کە بڕی (1,169,405,107) هەزار دینار (یەک ترلیۆن و سەد و شەست و نۆ ملیار و چوار سەد و پێنج ملیۆن و سەد و حەوت هەزار دینار) بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە بڕگەی (2-ب - چوارەم)دا هاتووە و وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا خوارەوەدا هاتووە:- خشتەی ژمارە (3) پێشنیار دەکەین داهاتەکان بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٣ ڕادەست بکرێن. سێیەم: داهاتی خاڵە گومرگییەکان داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێم تا 30/6/2024 بڕی (1,015,795,151,393) دینار بووە (یەک ترلیۆن و پانزە ملیار و حەوت سەد و نەوەد و پێنج ملیۆن و سەد و پەنجا و یەک هەزار و سێ سەد و نەوەد و سێ دینار) بووە، وەک لە خشتەی ژمارە (4)دا دیارە: خشتەی ژمارە (4) لە ئەنجامی ئەو سەردانە مەیدانییەی کە لە بەرواری (22/8 بۆ 26/8/2024) بۆ بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و بەڕێوبەرایەتی مەرزی باشماخ ئەنجامدراوە، ئەم تێبینیانەی خوارەوە هەیە: 1) بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئیبراهیم خلیل تا ئێستاش سەرقاڵی کۆکردنەوەی باج و پێشێلکاریی بڕیاری ژمارە (23527)ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە لە نوسراوی سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران/ هۆبەی کاروباری ئەنجومەن و لیژنەکانی ژمارە (ش. ز. ل/ 10 / 1 / اعمام / 44651 لە 9/18/2023 و نوسراوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ژمارە (ع. م 48968) لە 12/10/2023 بڕی پارەی دانراو بە بڕی (117,214,524) هەزار دینار (سەد و حەڤدە ملیار و دوو سەد و چواردە ملیۆن و پێنج سەد و بیست و چوار هەزار دینار) بووە. تا 6/30/2024. پێشنیاری پێویستی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. 2) سەرنجمان دا بە دامەزراندنی گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕکردن لە دیوی ئێرانی لە دەروازەی سنووری باشماخ، کە بووە هۆی ئەوەی دەروازەکە بێبەش بکرێت لە داهاتی جۆراوجۆر (کرێی گۆڕەپان دامەزراندنی کرێکاران، باج و هتد)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگیش بە پشتبەستن بە یاداشتنامەی (بێ ژمارە) لە 9/19/2024 پاڵپشتی ئەمەی کرد. پێشنیار دەکەین کە پێویستە ناوچەی ئاڵوگۆڕکردن (ساحة للتبادل) لە لایەنی عێراقییەوە دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین داهات دەستەبەر بکرێت. چوارەم: داهاتەکانی وەزارەتی کارەبا داهاتی کۆکراوە (لە وەزارەتی کارەبا وەرنەگیراوە) بڕی (86,921,668) هەزار دینار (هەشتا و شەش ملیار و نۆ سەد و بیست و یەک ملیۆن و شەش سەد و شەست و هەشت هەزار دینارە) بەپێی وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری بۆ یاداشتی ژمارە (2)مان لە 19/8/2024. لەگەڵ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، دەرکەوت کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی دابەشکردن داهاتەکانیان بەکۆی گشتی تۆمارکردووە بەهۆی گواستنەوەی باڵانسی تاقیکردنەوە لە سیستمی یەکگرتووەوە بۆ سیستمی حکومی لەبری ئەوەی وردەکارییان بۆ بخەنەڕوو وەک وەرگیراو و داهاتە کەڵەکەبووەکان وەرنەگیراون. پێشنیار دەکەین کە مامەڵەی ژمێریاری گونجاو بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی تایبەت بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی ژمێریاری ژمارە (2337197/3026) لە بەرواری 17/12/2023 ئەنجام بدرێت، کە پەیوەندی بە یەکخستنی ڕێکارە داراییەکانەوە هەیە. ج. خەرجییەکان یەکەم: خەرجییەکانی چارەکی دووەمی مانگەکانی (نیسان و ئایار و حوزەیران) کۆی گشتی بڕی (3,389,638,526) هەزار دینار (سێ ترلیۆن و سێ سەد و هەشتا و نۆ ملیار و شەش سەد و سی و هەشت ملیۆن و پێنج سەد و بیست و شەش هەزار دینار) بووە، کە زیادبوونی (1,705,909,062) هەزار دینار بووە. هەزار دینار (یەک ترلیۆن، حەوت سەد و پێنج ملیار، نۆ سەد و نۆ ملیۆن، شەست و دوو هەزار دینار) بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی / 2024 کە بڕی (1,683,729,463) هەزار دینار، یەک ترلیۆن و شەش سەد و هەشتا و سێ ملیار و حەوت سەد و بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد و شەست و سێ هەزار دینار بووە، لە خشتەی ژمارە (5) خەرجییە یەکگرتووەکان (لامەرکەزی و ناوەند) بۆ چارەکی یەکەم و دووەم، ڕێژەی سەدی زیادبوون بۆ هەر حسابێک نیشان دەدات. خشتەی ژمارە (5) ئەمانەی خوارەوەمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە: 1) بهرزبوونهوهی موچهی فەرمانبەر و خەرجییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی (موچە و یارمەتی خانەنشینی)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەڵامی پرسیارەکەمان ژمارە (ف2 / 14) لە (28ی ئابی 2024) پاساوی بۆ ئەوە هێنایەوە و ڕایگەیاند، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنەدانی مووچە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و بەپێی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵیەوە دابین دەکرێت. 2) زیادبوونی خەرجییەکان بۆ پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، خەرجییەکانی پێداویستی خزمهتگوزاری (نفقات المستلزمات الخدمية)، خەرجییەکانی پێداویستی شمهك (المستلزمات السلعية)، و خەرجی سەرمایەگوزاری. بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەڵامەکەی سەرەوەدا پاساوی ئەوەی خستەڕوو کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەستانی خەرجییەکان لە مانگی یەکی سەرەتای ساڵدا، و پرۆسەی خەرجکردنەکە لە مانگی نیسانی 2024ەوە دەستیپێکرد. 3) زیادبوونی خەرجی بۆ بەخشین و پاڵپشتی و خزمەتگوزاری قەرز و خەرجییەکانی تر بە ڕێژەی (150%). بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە وەڵامی یاداشتەکەی سەرەوەماندا ئاماژەی بەوەکردووە (هۆکاری زیادبوونی خەرجییەکان لەم بابەتەدا بەخشینەکانی حکومەتە بیانییەکانە کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بەپێی بڕگەی بەخشین و یارمەتییەکان خەرجکراون بۆ کوژاندنەوەی قەرزەکان". پێشنیار دەکەین کە هەموو جۆرە خەرجییەکان کەم بکرێتەوە لە ژێر ڕۆشنایی بڕی تەرخانکراودا. دووەم: میلاكاتی وهزیفی: 1) جیاوازی (19,838) پلهی وهزیفی لە ژمارەی کارمەندان هەیە لە نێوان ئەو خشتەیەی کە لە یاسای بودجەی ژمارە 13ی ساڵی 2023 دا هاتووە و ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی هەرێمەوە پێمان دراوە. کاتێک پرسیارمان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد سەبارەت بە هۆکاری ئەو ناکۆکییانە، وەڵامێکی قبوڵکراوی پێنەداوین، بەو پێیەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە نوسراوەکەیدا بە (بێ ژماره) لە 19/9/2024 وەڵامی دایەوە کە جیاوازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی خانەنشینانی پێشمەرگە و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ ستافی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمە جگە لە خستنەڕووی خانەنشینان لە ستافی وەزارەتی پێشمەرگە ناوخۆ، و زیادکردنی دیکە لە شێوەی گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکانە لە نێوان وەزارەتەکاندا، بۆیە زیادبوون و کەمبوونەوەی ستافی هەندێک وەزارەت هەیە، و دامەزراندنیان بۆ دەکرێت. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە لە هەرێم ڕۆڵی خۆی نهبینی و ژمارەی ورد و ڕوونی بۆ تیمی وردبینی هاوبەش نەداوە، وەک زیاتر لە بەیاننامەیەکمان بۆ دابین کرابوو کە تیایدا ژمارەی کارمەندان جیاوازە لە ئامارێكهوه بۆ ئامارێكی تر، وەک ئەوەی ئێستا هەیە، جگە لەوەی ئەو دامەزراندنانهی دەکرێن بە بێ ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی. خشتەی ژماره (6) ئەم جیاوازیانە نیشان دەدات. خشتەی ژمارە (6) پێشنیار دەکەین هۆکارەکانی ئەم جیاوازییانە لە سەرەوە دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێن، و دامەزراندن ڕابگیرێف بە پشتبەستن بە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکانی تر. 2) دوایین ئاماری بەردەست بەرێوەبەرایەتی گشتی بودجە لە 30/6/2024 ژمارەی موچهخۆرانی وەزارەتی پێشمەرگە (162,460) كهسی لەخۆگرتبوو. هەروەها ژمارەی ئەندامانی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە هەرێم تا ڕۆژی 30/6/2024 دابینکراوە کە (184,729) كهس بووە واتە جیاوازی (22,269) كهس. وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی نوسراوی ژمارە (9424)ی لە 19/9/2024، کە جیاوازی لە ستافی وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خانەنشینان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، و پێشمەرگەی دێرین، بەپێی ماددەی 8 لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020، کە ئاماژەی بەوە کردووە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی. ئەم جیاوازییە لە پێناو دامەزراندندا نییە، بەڵکو واقیعی ستافەکەیە. لەمبارەیەوە ڕوونی دەکەینەوە کە هیچ ستافێک نییە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند نهكرابێت لە هەرێم. پێشنیار دەکەین ئەم جیاوازییە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دیراسە و چارەسەری بۆ بکرێت. سێیهم: موچهی خانهنشینان: مووچەی خانەنشینی خەرجکراو لە چارەکی دووەم لە ماوەی (1-4 تا 30/6/2024) بەپێی خشتەی خەرجییەکان بۆ ساڵی / 2024 بڕی (391,230,308) هەزار دینار (سێ سەد و نەوەد و یەک ملیار و دوو سەد و سی ملیۆن و سێ سەد و هەشت هەزار دینار) بووە، وەک له خشتهی ژماره (7)ی خوارەوەدا دەردەکەوێت: خشتەی ژمارە (7) ئەمانەی خوارەوەمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە: 1) جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو بڕە پارەیەی کە لە خشتەی خەرجییەکان و بەیاننامەی پوختەی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2024 نیشان دراوە، وەک له خشتهی ژماره (8)دا نیشان دراوە. خشتەی ژمارە (8) لەوبارەیەوە داوای ڕونكردنهوهیهك به ژماره (خانەنشینی/3) له 26/8/2024 ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی كرا، وەڵامی پرسیارەکەمانی دایەوە (ناچونیهكی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگەکان لە خشتەی خەرجییەکان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ ئەو کەسانەی ساڵانێکی زۆرە مووچەکانیان وەرنەگرتووە، و لەدوای ماوهیهكی زۆر مووچەی خانەنشینیان بۆ خەرج دەکرێت. 2) زیادبوونی مووچەی خانەنشینی لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئازار. دوای ڕونكردنهوهمان بە ژمارە (خانەنشینی/3) له (26/8/2024) ئاراستەی کردووه، بەرێوەبەرایەتی وەڵامی پرسیارەکەمانی داوەتەوە (جیاوازی مووچەی مانگی ئادار و نیسان ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی مووچەی مانگی 3ی ههژمار نهكردووه، بەڵکو لە مانگی نیساندا ههژمار كراوه) وەک له خشتهی ژماره (9)دا نیشان دراوە. خشتەی ژمارە (9) پێشنیار دەکەین کە خەرجییەکان لەسەر بنەمای مانگ بە مانگ تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی خەرجییەکان سەریەک نەخرێن. 3) جیاوازی هەیە بە بڕی (26,484,164) هەزار دینار (بیست و شەش ملیار و چوار سەد و هەشتا و چوار ملیۆن و سەد و شەست و چوار هەزار دینار) لەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێت لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیرانی ساڵ 2024، وەک لە خشتەی ژماره (10)دا دیارە. خشتەی ژمارە (10) پێشنیاری پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوو بەشەکەی سەرەوە دەکەین بۆ چارەسەرکردنی جیاوازی نێوان خشتهكانیان. 4) پاش ئهوهی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمدا چالاک دەکرێت لێبڕینی خانەنشینی کە لە فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێت لە هەژماری سندوقەکەدا دادهنرێت بۆ ئەوەی سوودمەند بن لێی لە دابینکردنی مووچەی خانەنشینی، هەرچەندە یاسای دامەزراندنی سندوقی سەرەوە ئاماژەی پێکراوە لە مادەی (18، دووەم)ی یاسای خانەنشینی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 (هەموارکراوی) کە لە هەرێمدا کاری پێدەکرێت، سندوقەکە لە حکومەتی فیدراڵیدا لە 1/1/2008ەوە چالاک کرا. بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە هەرێم لە نوسراوی ژمارە (12374) لە 20/8/2024 وەڵامی یاداشتمان ژمارە (خانەنشینی /1) لە 20/8/2024 دایەوە کە بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (918) لە 23/1/2023 سندوقی خانەنشینی کارا کراوە، بەڵام تا بەرواری ئامادەکردنی ئهم ڕاپۆرته هیچ بڕە پارەیەکی تێدا نیه. د. ئەمانەتەکان یەکەم – ڕهسیده ئهماناتی یەکگرتوو (لامەرکەزی و مهركهزی) تا 30/6/2024 بڕی ڕهسیدی قهرزدهرهكان (مهدین) پێچەوانەی سروشتی ژمێریاری بوو بە بڕی (69,535,675) هەزار دینار (شەست و نۆ ملیار و پێنج سەد و سی و پێنج ملیۆن و شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار) بەهۆی نەبوونی یەکگرتوو تۆماری یەکخستنەوە، ئەمەش وا دەکات هۆکارەکانی دیاریکردنی ئەوە قورس بێت. خشتەی ژماره (11) وردەکارییەکانی دانانی پارە بۆ چارەکی یەکەم و دووەم تا بەرواری 30/6/2024 نیشان دراوە. خشتەی ژمارە (11) پێشنیار دەکەین تۆمارێکی یەکگرتووی یەکخستنەوە و سوڕانەوەی ڕهسیدهكان هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە دەرکەوتنی ئهو ڕهسیدانهی کە لەگەڵ سروشتی ژمێریاریدا ناگونجێت. دووەم: ڕهسیدی پارەی دانراوی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت، وەک لە تهرازووی پێداچونهوهی یەکگرتوودا تا 30/6/2024 (لامەرکەزی و ناوەندی) دەردەکەوێت، باڵانسی قەرز بووە بە بڕی (65,367,785) هەزار دینار (شەست و پێنج ملیار و سێ سەد و شەست و حەوت ملیۆن و حەوت سەد و هەشتا و پێنج هەزار دینار). لە خوارەوە ڕهسیدی پارە دانراوەکانی سندوقی خانەنشینی کارمەندانی دەوڵەت دەخەینەڕوو، وەک لە تهرازووی پێداچونهوهی مانگانەدا تا 30/6/2024 نیشان دراوە: خشتەی ژمارە (12) پێشنیار دەکەین کە پێویستی هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری لە هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵی بكرێت له ڕێی ئەو لیژنەیەی کە بەپێی فەرمانی دیوانی (24660) پێکهێنراوە بەپێی نوسراوی فەرمانگەی سەرۆکی حکومەت ژمارە (3065/2420763) لە 23/6/2023. سێیەم - ئەنجامی سەردانی مەیدانی بۆ گەنجینەی هەرێم دەریخست تۆمارەکانیان ئهوهی دهرخستووه كه له خشتهی ژماره (13)دا هاتووه. خشتەی ژمارە (13) لەم خشتەیەی سەرەوە ئەم تێبینیانەمان هەیە: 1) ڕهسیدهكان بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو هەڵنەگیرابوون، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی هەندێک ڕهسید کە پێچەوانەی سروشتی ژمێریاری خۆیان بوون. 2) یەکلاکردنەوەی لێبڕینی خانەنشینی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری تەواو نەبووە. 3) ڕهسیدی ساڵانی پێشوو نەگوازرابویهوه بۆ تۆماری یەکگرتوو بۆ سەرجەم گەنجینەکان جگە لە گەنجینەی سلێمانی 1 و چەمچەمال، لەگەڵ پێشکەشکردنی ئەوەی کە تۆمارەکە لە ساڵی 2021ەوە هەڵگیراوە. پێشنیاری خولانەوەی ڕهسیدی ئەمانەتەکان دەکات بۆ هەر ساڵێک، جێبەجێکردنی تۆمارکردنی یەکلاکردنەوە بۆ ئەمانەتەکانی ڕاگرتنی خانەنشینی، و خولانەوەی باڵانسی تۆماری یەکگرتوو.
(درەو): "توشی سەرسوڕمان بووین بە زیادكردنی مەرجەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە" ئەمە دواین قسەی وەزیری نەوتی عێراقە لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل زیانی بەردەكەوێت بەهۆی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكرێتەوە، ئەمە بەگوێرەی پابەندییەكانی عێراق لە رێكخراوی (ئۆپێك)؛ چونكە سەرباری ئەوەی عێراق سودی لێ نابینێت، نەوتی كوردستان لەچوارچێوەی پشكی عێراقدا ئەژمار دەكرێت. وەزیری نەوتی عێراق ئەم قسانەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كرد لە پەراوێزی سەردانێكیدا بۆ پارێزگای بەسرە، تێیدا باسی لەوەكرد" حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر هەمواری یاسای بودجە رێككەوتنی كرد بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان و هەناردەكردنی بكرێت لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، لەكاتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا توشی سەرسوڕمان بووین بە زیادكردنی مەرجەكانی هەناردەكردن، كە خۆی دەبینێتەوە لە میكانیزمی پێدانی شایستە داراییەكان بەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن". وەزیری نەوت وتی:" هەموارێكمان لە یاسای بودجەدا كردووە كە دانانی كۆمپانیایەكی راوێژكاریی لەخۆدەگرێت بەمەبەستی دیاریكردنی میكانیزمی ئەژماركردنی تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت لە هەر كێڵگەیەك لە كێڵگەكانی هەرێم، بەڵام حكومەتی كوردستان رەزامەندی لەسەر ئەم هەموارەش نەداوە"