Draw Media

کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠: ئەزمونێک بۆ یەکێتیی کوردان و دەنگی نەتەوەیەک

کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠: ئەزمونێک بۆ یەکێتیی  کوردان و دەنگی نەتەوەیەک

2025-10-17 12:18:28


 

سلێمان مستەفا شارەزای هەڵبژاردن 


بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023 ماددەی (7) یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێك دا ، بۆ دابەشکردنی کورسیەکان كار بە شێوازی  سانتلیگۆ هەمواركراو دەكرێت بە وەرگرتنی (  1,7).

(1)    شێوازی سانتلیگۆی هەموار کراو
شێوازی سانتلیگۆ هەمواركراوە شێوازێکی دابەشکردنی کورسیە بە گرتنەبەری یەک قۆناغ لەدابەشکردنی کورسیەکان و لە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی پەیڕەو دەکرێت لەگەڵ پەیڕەوکردنی شێوازی لیستی نیمچەکراوە ، كە دەنگە دروستەکانی حزبەكانی پێ‌ دەكرێتە كورسی ، لە هەنگاوی یەكەمدا دەنگە دروستەكانی حزبەكان لە بازنەی هەڵبژاردندا دابەشی(1,7)دەكرێت ، ئەم كارە بەردەوام دەبێـت دەنگی دروستی حزبەكانی دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرێت(1,7 (،11,9,7,5,3 )....تا دەرهێنانی تەواوی کورسیەکان .
(2) کەرکوک و دابەشبوونی نەتەوەیی
سەرەڕای دابەشبوونی نەتەوەیی لەم شارەدا ، دوای ڕیفراندۆم و(16)ئۆكتۆبەر كەركوك بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەری  ، بۆیە کەرکوک باندۆری خۆی بەسەر تەواوی عێراق و كوردستان و ناوچەكە جێ‌ هێشتوە.
دوای ڕیفراندۆم و(16)ئۆكتۆبەر، بارودۆخێكی نوێ‌ هاتۆتە ئارا ،كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەلا نراو و خرایە پەراوێز بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023 جارێکی تر دەرفەت دروست بوو کە دەنگدەرانی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و کۆتایی بە حوکمی داسەپاوی بە وەکالەت بێنن، بەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەی بیر هێناینەوە کە حیزبە کوردیەکان خوێندنەوەیان بۆ شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراوی (1,7) نەبوو، با سەرنجی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدەینەوە:

 ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەین ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە دەنگدەری کورد بە هەدەر دراوە، بۆ نمونە نەوەی نوێ بە( 25910 )دەنگ تەنها یەک کورسی بەدەست نەهێنا، لیستی هاوپەیمانی مەشخەڵ و سۆسیالست) 7276 (دەنگیان بەدەست هێنا، بەپێی ئەو ژمارانە لانی کەمی دەنگی کورسیەک بەهەدەر درا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ ئەوەی کورد توانی کۆتایی بە نادادی و حوکمڕانی داسەپا و بکات و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێ، بەڵام ناکۆکی و ناتەبایی بەردەوامە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین لەم بابەتە خوێندنەوەو دەرەنجامە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای کەرکوک، بە سود وەرگرتن لە (هەڵەو داتا و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی2023.
بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر ئەگەر وەک گریمانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2023 ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەک نمونە وەربگرین و بۆ دەرهێنانی ئەنجامی گریمانەیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامەکان بەم شێوەی خوارەوە دەبن؛ 
 

پارێزگای کەرکوک: 12کورسی، لەگەڵ(١) کورسی کۆتایی مەسیحی (13 )هەیە

لە پارێزگای کەرکوک ئەگەر سەرنجی دەنگی حیزبەکان بدەین و بە پێی دابەشکاری سیستەمی سانتلیگۆی هەموار کراوی ( 1,7) بەرکەوتەی حزبەکان لە ژمارەی کورسی بەم شێوەی خوارەوە دەبێت ، یەکێتیی (4) کورسی، پارتی (1) کورسی، پێکهاتەی عەرەب (5) کورسی، و تورکمان(2) کورسی. 
بە ورد بوونە لە ئەنجامەکان دووبارە هەڵەی حیزبەکانمان بۆ روون دەبێتەوە، لەم هەڵبژاردنەش کورد نەیتوانی خوێندنەوەی وورد بۆ سیستەمەکە بکات، باشترین بژاردە بۆ کورد ئەوەبوو بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات بەمەش لانی کەمی (6 ) کورسی مسۆگەر دەکرد.
چی بکرێت لە ئێستادا:-
لێرەدا ئەوەی گرینگە شرۆڤەی بکەین و بڕیاری لەبارەیەوە گەڵاڵە بکەین ڕاو بۆچونی کەسی نییە، لایەنگیری و هەواداری حیزبی نییە، میزاج و بەرژەوەندی کەسی نییە، بەڵکو بڕیارو دەرنجامی داتاکان و سیستەمەکەیە ، ئەو سیستەمە پێمان دەڵێت ئەو حیزبانەی پێگەی جەماوەریان گەورە نییە دەنگی کورد دەسوتێنن، بۆیە وەک چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگی نەوەی نوێ و لیستی مەشخەڵان و سوسیالست سوتا، چاوەرێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەش بەهەمان شێوە دەنگی بەشی زۆری لیستە کوردیەکان بسوتێن. 
ئەی چارە؟ دڵنیام هەموومان هاوڕاین حیزبە کوردستانیەکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان خەتابارو کەم تەرخەمن، بەلام ناکرێت ئێمەی کورد و شارازایانی بواری داتا و هەڵبژاردن بەرچاو ڕوونی نەدەینە دەنگدەرانی کورد لە ناوچە دابرێنراوەکان و پێیان نەڵێن تکایە وریابن و هۆشیاربن، با دەنگتان نەسوتێ، تکایە تکایە بادەنگت نرخی هەبێت، لەم هەڵبژاردنە سیستەمەکە زۆر غەددارە لیستە بچوک و مام ناوەندەکان دەنگەکانیان بەهەدەر دەروات، من لێرەدا قەوانی کوردایەتی و دڵسۆزی بە ئێوە نافرۆشمەوە، بەڵام بە ماف و ئەرکی نیشتمانی خۆمی دەزانم بڵێم دەنگدەری ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم تکایە دەرفەتێکی  تر بدە بە ئایندەی ناچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە ئەرکی هەموو دڵسۆزانە بە هەموو چین و توێژەکانەوە لەهەر پلە و پۆستێک بن و سەر بەهەر حیزب رێکخراوێک بن، دڵسۆزانە بۆ پرسی کەرکوک و ناوچەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ کۆک و یەک دەنگ بین، با هەموومان بەیەکەوە هەوڵ بدین لەم قۆناغەش پێگەی کورد بەهێز بکەین لە کەرکوک و دیالە و حەمرین و نەینەواو و واست و کۆتای کوردی فەیلی لە بەغداد و کۆتای کوردی شەبەک وءیزدی لە نەینەوا بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری لە حوکمڕانی عێراقی فیدراڵ. 
(٤)پوختەی كەلام :
بە بڕوای ئێمە، تا جێبەجێکردنی ماددەی ( 140) دەستوور,هەڵبژاردن لەناوچەکەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرینگ وچارەنووسازە ،  هەم هەڵبژاردنێکی ستراتیجیە، چونكە تەنها ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەتوانن پێگەی کورد بگەرێنێتەوە ،دەنگ و پێگەش بە كورسی دەپێورێت واتە گەر كورد 50% دەنگ بێنێت بەڵام ژمارەی كورسیەكانی (1+50) یان نیوەی کورسیەکانی نەبێت ، ئەم ئەنجام دڵخۆشكەر نابێت بۆیە جێگای خۆیەتی داوا لەو حزبە کوردیانە بكەین كە دەبنە هۆكاری سوتاندنی دەنگی كوردان ، دان بە خۆیانا بنێن  خۆ نەویستانە داوا لە دەنگدەرانیان بكەن بەرژەوەندی نەتەوەی پێش بەرژەوەندی حزبی بخەن ، کاتیش ماوە بۆ ئەو دەست پێشخەریە ، هەروەها جێگای خۆیەتی داوا بکەین ئەم پرسە بکرێتە پرسێکی نیشتیمانی و پرسی هەموومان، داوا لەدەنگدەرانی سنوری ناوچەکێشەلەسەرەکان بکەین بەشداری دنگدان بکەن ، جێگای خۆیەتی داوا لە تەوای چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بکەین دەست بکەن بە هەڵمەتی ‌هەڵبژاردن بۆ هاندانی خوشک برایانمان لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەمەبستی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنە ، ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە هەرتاکێکی کوردەوە هەیە ، ئەم هەڵبژاردنە پرسێکی نیشتیمانیە و پرسی هەمووانە ، با ئەم جارەش دەنگدەران گەورەیی خۆیان بنوێن و پرسی نیشتمان بخەنە سەروی پرسەکانی تر.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand