نەوزادی موهەندیس بەشی یەكەم • ئاشكرایە چ نەوتی خاو یان غازی سروشتی چەند جۆرێكی جیاوازیان هەیە،ئەم جیازیانەشیان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پێكهاتەی نا نەوتی وەكو(( كازاكان و خوێكان و ئاو و خڵتە و خەوشی تر)) و ئەمانەش كاریگەریان دەبێت لەسەر جۆر و سیفاتەكان و كوالێتی نەوتی خاو وغازە سروشتیەكە.لەسەر ئەم بنەمایەش نەوتی خاو و غازی سروشتی پۆلێن دەكرێن بە چەند جۆرێكەوە،كە لەخوارەوە بەكورتی باس لەهەر جۆررێكیان دەكەین و ئەو مواصفات و پێوەرانەش باس دەكەین كە لەسەر بنەمایان جۆر‌و و كوالێتی نەوتی خاو یان غازی سروشتیەكە دیاریدەكرێن: • جۆرەكانی نەوت چین؟ نەوتی خاو توخمێكی وەكیەك نیە و سروشتەكەی لە جێگەیەك بۆ جێگەیەكی تر دەگۆڕێت،نەوتی خاوی پێوانەیی بەكاردەهێنرێت،وەك ((نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس )) و ((برنت)) بۆ ئەوەی بتوانرێت نرخی 160 جۆر لەنەوت دابنرێت. پڕۆسەی نرخ دانانی ئەو نەوتە خاوانە دەوەستێتە سەر ئاستی جیاوازیان لە نەوتی خاوی پێوانەیی.هەروەها پشتدەبەستێتە سەر دووری ئەو نەوتە خاوانە لە بازاڕەكانەوە.جا ئەو خاڵانەی كە جیاوازی نێوان جۆرەكانی نەوتی خاویان پێدیاریدەكرێت بریتین لە: 1. چڕیەكەی(( كێشەكەی بەراوورد بە قەوارەكەی)) 2. پلەی ترشێتی((ڕێژەی كبریت تیایدا)) 3. هۆكاری تریش. • نەوتی سووك بەرامبەر نەوتی قورس • نەوتی خاوی سووك: بریتیە لەو جۆرەی نەوت كە چڕیەكی كەمی هەیە بەبەراورد بە چڕی ئاو.لەبەر ئەوە سەر ئاو دەكەوێت.بەوپێیە نەوتی سوك پۆلێندەكرێت بەپێی پێوەری (چڕی جۆری) بەپێی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی (API gravity) ئەگەر نرخی چڕیەكەی گەورەتر بوو لە 31.10 دادەنرێت بە نەوتی خاوی سوك. ئەم جۆرە نەوتە داواكراوە و خواستی لەسەرە بەهۆی ئەوەی كە ڕێژەیەكی گەورەی لە پێكهاتە بچوكە سوكەكانی تیادایە. • پێوەری ((چڕی جۆری)) بەپێی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی یەكێك لەو داهێنان و بەشداریانەی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی بریتی بوو لە دانانی پێوانە بۆ چڕی كە بە پلە دەپێورێت،كە لە سفرەوە دەستپێدەكات.جا ئەو نەوتەی كە چڕیەكەی لە(( 22.30)) پلە كەمتر بێت بە نەوتی خاوی ((قورس )) دادەنرێت.ئەو نەوتەشی كە چڕیەكەی لەنێوان(( 22.30 - 31.10 )) پلەدایە دادەنرێت بە نەوتێكی ((مامناوەنجی))،و هەر نەوتێكیش پلەی چڕیەكەی لەسەروو(( 31.10)) پلەوە بوو دادەنرێت بە نەوتێكی(( سووك))،و هەر نەوتێكیش پلەی چڕیەكەی لە سەروو(( 42 ))پلەوە بێت دادەنرێت بە نەوتێكی((زۆر سووك)). هەركاتێك نەوتێكی خاو چڕیەكەی بەرزتر بوو لە(( 10)) پلە ئەوا سەر ئاو دەكەوێت و كاتێكیش كەمتر بوو لە(( 10 ))پلە ئەوا سەر ئاو ناكەوێت. • شێوازی حسابكردنی بیركاریانە: شێوازێكی بیركاریانەیە بۆ ئەژماركردنی چڕی جۆری بەپێی API بەم شێوەیەی لای خوارەوە: APIgravity=141.5/SG SG:چڕی جۆری چڕی جۆری نەوتی قورس=1 بۆ ئەژماركردنی چڕی جۆری ((نەوتی قورس)) بەپێی پێوەری API بەم شێوەیە ئەژمار دەكرێت: 141.5/1-131.5=10 API APL = 141.5 - 131.5 / SP.gr * لە گرنگترین سیفاتەكانی نەوتی سووك بریتیە لە: 1.بەئاسانی دەڕوات. 2. توخمی مێوی تیادا نیە. * نەوتی خاوی قورس بریتیە لەو جۆرە نەوتە كە تاڕادەیەك چڕیەكەی بەرزە ،بەشێوەیەك نزیكدەبێتەوە لە چڕی ئاو كە دەبێتە هۆی قورس دەرهێنانی لە بیرە نەوتەكاندا.بە پێوەری پەیمانگای نەوتی ئەمریكی چڕی نەوتی قورس نرخەكەی كەمترە لە(( 22.33)) پلە. و لینجێتی بەرزە،و ڕێژەیەكی بەرزی كبریتیشی تیادایە.كە ئەمەش جارێكی تر دەبێتە هۆی ئەوەی كە كرداری دەرهێنانی سەخت بكات كە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی ئابوری.لەبەر ئەوە زۆر خواستی لەسەر نیە بەبەراوورد بە نەوتی سوك.بەڵام بەهۆی نزیكبونەوەی چۆڕبڕبوونی نەوتی سوك لە جیهاندا بۆتە هۆی ئەوەی كە گرنگی زیاتر بدرێت بەنەوتی قورس.كۆی یەدەگی نەوتی خاوی قورسی دڵنیا كە دەتوانرێت دەربهێنێرت لە جیهاندا یەكسانە بە 434 بلیۆن بەرمیل. • پڕۆسەی دەرهێنانی نەوتی خاوی قورس دەرهێنانی نەوتی خاوی قورس زۆر بڵاوبۆتەوە لە زۆرێك لە وڵاتاندا و لە پێشەنگیشیاندا وڵاتانی كەنەدا و فەنزەوێلا یە لەساڵی 2008وە. لەو ڕێگایانەی كە ئەم جۆرە نەوتەی پێدەردەهێنرێت بریتین لە: ڕێگای دەرهێنانی نەوتی قورسی سارد لەگەڵ لمدا،ڕۆكردنی بەهۆی هێزی ڕاكێشان بەیارمەتی هەڵم.و تێكردنی هەڵم و دەرهێنانی هەڵم و بەهەڵكەندن بە شێوەی چاڵی ئاشكرا بۆ نیشتوە لمیەكان كە دەوڵەمەندن بەنەوت. • كاریگەریەكانی نەوتی خاوی قورس لەسەر ژینگە: نەوتی خاو لە جۆری قورس كاریگەریەكانی زۆر توندترە لەسەر ژینگە بە بەراوورد بە جۆرەكانی تری نەوتی خاوی سوك بە ڕەچاوكردنی ڕێگا بەكارهێنراوەكانی ئێستا لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەیدا.جا لەبەر سەختی پڕۆسەی دەرهێنانی پێویستدەكات كە تەكنەلۆژیا بەكاربهێنرێت بۆ دەرهێنانی باشی نەوت لەوانەش تێكردنی هەڵمە بۆ ناو بیرەكان بۆ دروستكردنی فشار . هەروەها جۆری نەوتە قورسەكان هەندێك لە پیسكەرەكانی تیادایە بۆ نمونە نەوتی پشتێنەی ئۆرینكۆ كە چڕییەكی بەرزی هەیە ڕێژەی 4.5% كبریتی تیادایە،لەگەڵ فەنادیۆم و نیكڵ.هەروەك چۆن دەرهێنان و پاڵاوتنی جۆرە قورسەكانی نەوتی خاو و لمە نەوتیەكان بەم تەكنەلۆژیایەی ئێستا بەكاردێت دەبێتە هۆی دەرچوونی سێ هێندە زیاتر لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بە بەراوورد بەنەوتی كلاسیكی. • سیفاتەكانی نەوتی قورس: 1. لینجی بەرزە. 2. بە ئاسانی ناڕوات. 3. توخمی مێوی تیادایە. • سیفاتەكانی نەوتی زۆر قورسیش بریتیە لە: 1. لە پلەی گەرمی ئاسایی‌دا ناڕوات. 2. زۆر لینجە. • نەوتی خاوی شیرین بەرامبەر نەوتی خاوی ترش نەوتی خاوی شیرین بریتیە لەو نەوتەی كە ڕێژەی كبریت تیایدا كەمترە لە 0.5%، و نەوتی خاوی ترشیش ڕێژەی كبریت تیایدا بەرزترە لە 0.5% و زۆرترین نەوتی ناوچەی كەنداوی عەرەبی لە جۆری ترشە واتە ڕێژەی كبریت تیایدا لەسەروو0.5%وەیە. نرخی نەوتی خاو دادەبەزێت بەبەراوورد بە نەوتی خاوی پێوانەیی ، بەشێوەیەك هەركات چڕیەكەی و ترشێتیەكەی بەرزبوو،بە پێچەوانەشەوە نرخەكەی بەرزدەبێتەوە لەگەڵ دابەزینی چڕی و ترشێتیەكەی.بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی بازاڕی نەوت ئەو بنەمایەیان گۆڕیوە و تەنها حساب لەسەر بڕی بوونی نەوت دەكەن لە بازاڕاەكاندا ،بەشێوەیەك هەركاتێك بڕی نەوت لە بازاڕاكاندا زۆر بوو ئەوا نرخەكان دابەزێت و بە پێچەوانەشەوە هەر كات بڕی نەوت كەمبوو لە بازاڕەكاندا ئەوا نرخەكان بەرزدەبێتەوە،بەبێ گوێدانە جۆر‌و مواصفاتی نەوتە خاوەكە. جا نەوتی خاوی سوكی شیرین بەڕێژەی 40% ی بەرهەمی جیهانی پێكدێنێت.كە بەزۆریش لە وڵاتانی لیبیا و جەزائیر و نەیجیریا و دەریای باكور و ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادایە.لەكاتێكدا نەوتی قورس و مامناوەنجی بەڕێژەی 60% بوونی هەیە لە جیهاندا.وە زۆربەشی دەكەوێتە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكای لاتینی و كەنەداوە. • یەكەی گەرمی بەریتانی چیە BTU؟ گرنگی ئەم یەكەی پێوانەیە لەوەدایە كە بەراوورد دەكات لە نێوان بوونی وزە لە سەرچاوەكانی وزەی جیاوازدا. ئەم یەكەی پێوانەی هەبووی گەرمیە : بریتیە لە یەكێك لە پێوەرەكانی پێوانەی بڕی وزە.كە بەكاردێت بۆ زانینی بڕی وزە لە بەرهەمە نەوتیەكان و ئەوانی تریشدا وەك خەڵووز. بەشێوەیەك 1 بەرمیل نەوت بەنزیكەیی بڕی 5,8 ملیۆن یەكەی گەرمی تیادایە،لەكاتێكدا 1 مەتر سێجا غازی سروشتی بە نزیكەیی 1000 یەكەی گەرمی تیادایە.بەهەمان شێوە 1 كگم لە بەنزین بە نزیكەیی 40هەزار یەكەی گەرمی تیادایە. بەشێوەیەكی گشتی ئەم یەكەی پێوانەی گەرمیە بەریتانیە BTU بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی بڕی گەرمی لە بیناكاندا. جا ئەم یەكەی پێوانە گەرمیە گرنگیەكی تایبەتی هەیە:لەبەرئەوەی هاوبەشە لەنێوان هەموو سەرچاوەكانی وزەدا،بەبێ گوێدانە ئەوەی كە شلە یان گازیە یان ڕەقە.ئەمەش وایكردوە كە بەراوردكاری بكرێت لەنێوانیاندا لەسەر بنەمای یەكەكانی گەرمی كە تیایدایە.بەشێوەك ناتوانرێت بەراووردی سەرچاوەكانی وزە بكرێت لەسەر بنەمای پێوەرەكانی تر وەك بەرمیل یان تەن. بەڕەچاوكردنی بچووكی یەكەی گەرمی،بەشێوەیەكی گشتی بڕی بەرهەمی وزە لەهەر وڵاتێكدا بە ((كوادرلیۆن)) كە بریتیە لە یەكەی گەرمی دەپێورێت.كوادرلیۆن یەكسانە بە 1000 تریلیۆن،یان ژمارە 1 و لە پێشیدا 15 سفر هەیە. یەكەی گەرمی یەكسانە بەبڕی ئەو گەرمیەی كە پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی ((پاوەند))ێك لە ئاو 1 پلە لەژێر هەلومەرجی دیاریكراودا.(( 1 پاوەند كەمێك كەمترە لە نیوكیلۆگرام)). جا لەبەر كێشەی ئەو پێناسەیەی سەرەوە،ئەوا هەندێك كەس ئەو یەكەیە بەوە پێناسە دەكات كە بریتیە لە بڕی گەرمی پێویست بۆ بەرزكردنەوەی گەرمی((پاوەنێك)) لە ئاو 1پلە لە 59 پلەوە بۆ 60 پلە بە پێوەری فەهرنهایت. یەكەم كەس كە هەستا بە پێوان و نوسینی ئەم پێناسەیە،ئەندازیاری بەریتانی كە ناوی تۆماس نردگۆڵد بوو لە كۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا.سەرەڕای بڵاوبونەوەی ئەم چەمكە لە سەرەتادا بەڵام لە ئێستادا تەنها لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بەكاردێت و بەتایبەتیش لە بازاڕەكانی غازی سروشتی‌دا.
درەو: راپۆرتی یەكەی چاودێری حكومەتی خۆجێیی گەرمیان بە پاڵپشتی (NED) یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، سی و یه‌كه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "كێشه‌ى نه‌مانى ده‌رمان له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كانى گه‌رمیان". كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە. فایلی پیدی ئێف یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، هه‌مو مانگێك راپۆرتێكى وردی به‌دواداچون و بنكۆڵكاریی، له‌باره‌ى كێشه و پرسێكى په‌یوه‌ست به حكومه‌ته‌وه ئاماده ده‌كات. له مانگى رابردودا به‌دواداچونه‌كانى ته‌رخانكرد به پرسی نه‌مانى ده‌رمان له‌ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان، كه بوه به كێشه‌یه‌كى گه‌وره و كاریگه‌رییه‌كى زۆری له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروستكردوه. له راپۆرته‌كه‌دا به وردی له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه و هۆكاره‌كه‌ى و هه‌روه‌ها دۆخی ده‌رمان به گشتى له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان قسه كراوه، له‌و روه‌شه‌وه داتا و زانیاری گرنگ خراونه‌ته‌ڕو، ئه‌مه سه‌رباری باسكردنى لێكه‌وته‌كانى ئه‌و حاڵه‌ته. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی. ده‌قی راپۆرته‌كه به تێكست له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت پێشه‌كى ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كانى گه‌رمیان، روبه‌ڕوى گرفتێكى سه‌ختى نه‌بونى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پزیشكی بونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌ریبه به‌وه‌ى ماوه‌ى نزیكه‌ى 7 مانگه هیچ ده‌رمانێك بۆ ئه‌و ناوه‌ندانه دابین نه‌كراوه. نه‌بونى ده‌رمان له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان، راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیانى سنوره‌كه داناوه، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى دۆخی ته‌ندروستیان جێگیر نیه و به‌كاریگه‌ری ره‌وشى داراییانه‌وه پێویستیان به ده‌رمان و چاره‌سه‌رى ده‌زگا ته‌ندروستیه حكومیه‌كان هه‌یه. له‌م راپۆرته‌دا به وردی له‌سه‌ر قه‌باره‌ى كێشه‌كه، هه‌روه‌ها هۆكار و لێكه‌وته‌كانى ده‌وه‌ستین. 1. سه‌رچاوه‌كانى دابینكردنى ده‌رمان بۆ ته‌ندروستى گەرمیان ئەو بڕە دەرمانەی بۆ سنوری گەرمیان دابین دەکرێت، دابەشدەکرێت بەسەر 52 بنکەی تەندروستی و 13 مەڵبەندى ته‌ندروستى و 4 سه‌نته‌رى ته‌ندروستى و 4 نەخۆشخانەی حکومی‌دا کە لە سێ مانگی ئەمساڵ (43 هه‌زار) چارەخواز سەردانی تەنها ئەو 4 نەخۆشخانە حکومیانەیان کردوە. دابینکردنی دەرمانیش بەچەند رێگایەکە کە بەشێکی لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم دابین دەکرێت کە بڕى (205) ملیۆن دینار دەکات له مانگێك دا. رێگایەکی دیکە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق بە بڕێکی کەم لە پشکی پارێزگای سلێمانی بۆ ناوچەکە دابین دەکرێت كه رێژەکەی 13%ـى پارێزگاى سلێمانیه. بەوتەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، د. سیروان محه‌مه‌د، هیچ کام لەو دو رێگایە ناتوانن بڕی پێداویستی دەرمانی ناوچەکە پڕ بکەنەوە. لەبارەی ئەوەی ئەو رێژەیە كه بۆ گەرمیان دیاریکراوە بەچ پێوەرێک بوە، دەڵێت: دەبێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خودی وەزارەتی پلاندانان بکرێتەوە. بەرپرسی بەشی کۆگای دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە ته‌ندروستى گەرمیان، د. محه‌مەد ئازاد، لەو بارەیەوە دەڵێت: سنورەکە نەخۆشێکی زۆری هەیه، بەڕاستی ئەو بڕەی دابین کراوە کەمە، تەنانەت بەجۆرێکە کە ئەو 205 ملیۆن دینارە ئەگەر 12 هێندە ببێتەوە تەنها بەشی دەرمانی درێژ خایەن دەکات، کەچی ئەو بڕە لای ئێمە بۆ سەرجەم پێداویستیە پزیشکیەکانە كه بەمجۆرە دابەشکاری بۆ کراوە: 129 ملیۆن بۆ دەرمان، 33 ملیۆن بۆ پێداویستی تاقیگەیی، 33 ملیۆن بۆ پێداویستی پزیشکی، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیانە کە بۆ ئامێر یان بابەتی پێویست دابین دەکرێت. بریكارى وه‌زیری ته‌ندروستى هه‌رێم، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات لەپاش ساڵی 2014ـه‌وه سەقفێک بۆ پاره‌ى دابینکراوى ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی ته‌رخانكراوه كه بڕه‌كه‌ى 6 ملیاره و به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت. د. ره‌هێڵ فه‌ریدون، وتى: له‌و 6 ملیاره، پارێزگاى سلێمانى 43%ـى به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه وه‌كوخۆی نادرێت و ناعه‌داله‌تى هه‌یه. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێشنیارمان کردوە ئەو رێژەیە 2 ملیاری دیكه‌ى بۆ زیاد بکرێت، بێگومان دەبێت ئه‌وكات بۆ گەرمیان رێژەکە زیاد بکرێت، چونكه هەندێك ناوچە غەدری لێکراوە، بەڵام هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتوە بۆ ئه‌و داواكاریه‌مان. 2. شێوازی دابینکردنی دەرمان بۆ ناوه‌نده تەندروستیەکان كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌پێی خشته‌یه‌ك ده‌رمان به‌سه‌ر ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان دابه‌ش ده‌كات. د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وتى: بۆ بنکەکان دو مانگ جارێك بەپێی لیستێک کە پێشکەشمان دەکرێت و پێویستیان بە چیە، کۆگا دەرمانیان بۆ دابین دەکات، بەڵام بۆنەخۆشخانەکان کە بەشەکانی فریاکەوتن لەپێشترن، هەفتانە داواکاری دەکرێت کە پێویستیان به چیە بە رەچاوکردنی رێژەی سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانەکان دیاریکراوە و بەو لیستەی داواکاریان کردوە بۆیان دابین دەکرێت. له‌شێوازی دابەشکردنی دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان دا، هەندێک شوێن پێشخراوە، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دەڵێت: سەرەتا دەبێت بۆ بەشەکانی فریاکەوتن بێت، بەرپرسی کۆگای دەرمانیش باس لە رێنماییەکانی وەرگرتنی دەرمان دەکات. سەبارەت بەوەی بە چ پێوەرێک دەرمان دابەشدەکرێت بەسەر نەخۆشخانەکاندا؟ بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، دەڵێت: بەشەکانی فریاکەوتنمان پێش شوێنەکانی دیکە خستوە کە حاڵەتەکانی ئەوان زیاتر پێویستن، پاشان نەخۆشخانەکان و دواتریش مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکان بەپێی خواستی ئەو رێژەیەی دانیشتوانەی کە هەیەتی. کاتی وەرگرتنی دەرمان دیاری نەکراوە، بەوپێیەی بابەتەکە رێژەییە، بنکە هەیە 4 مانگە دەرمانی وەرنەگرتوە، بۆ شوێنی دیکەش ماوەکە کەمترە بەپێی داواکاری. لەگەڵ ئەمەشدا مەرجەکانی وەرگرتنی دەرمان بەوتەی بەرپرسی کۆگای ده‌رمان، لە چەند هەنگاوێکدا کورت بونەتەوە لەکاتی تەندەرین بۆ کۆمپانیاکان، لەوانە: 1. دەبێت ده‌رمانه‌كه رەزامەندی کوالێتی کۆنتڕۆڵی هەبێت. 2. ده‌رمانه‌كه ماوەی بەسەرچونی به‌لای كه‌مه‌وه 2 ساڵی مابێت. رونیشیكرده‌وه: هەندێکجار بەهۆی رێکارەکانەوە تا دەرمانمان بەدەست دەگات، ده‌چێته ساڵ و نیوێک، ئەو دەرمانانه‌شى لە عێراقەوە بۆمان دێت کێشەی کاتی بەسه‌رچونی هەیە کە هه‌بوه مانگی 4 بەدەستمان گەشتوە و واده‌ى به‌سه‌رچونى «ئیکسپایەره‌كه‌ى» مانگی 6 بوە و تادەگاتە دەستی نەخۆش کاتەکەی تەواو دەبێت. باسی لەوەشکرد: تاوەکو ئێستا هەمو تەندروستی گەرمیان بەڕادێکی گەورەی تێدا نیە پێى بڕۆینە سلێمانی تاوەکو خۆمان بەشی خۆمان له ده‌رمان بە بێ جیاکاری وەرگرین، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كۆمپانیای ئه‌هلی ئه‌وتۆ هه‌یه 10 به‌ڕادی هه‌یه كه‌چى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى حكومى ناتوانێت هەیبێت. وتیشی: بۆ جۆرەکانی دیکەش ئەوە بەغداد بۆمان دەنێرێت ئەوەنیە کە خواستی ئێمە بێت، به‌شێوه‌یه‌ك 3 ئۆتۆمبیل دەرمانمان پێدەگات دوانیان تەنها «موغەزیە». «ئەمە خراپترین بەشە دەرمانە کە ئێمە وەریدەگرین، سه‌ره‌تا دەنێردرێتە پارێزگای سلێمانی و پاشان بۆ گەرمیان دێت، واتا چی باش بێت سلێمانی خۆی ئەیبات و کەمتر بۆ ئێمە دەنێردرێت». د. چیا محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى پێشوى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وای وت. له‌به‌رامبه‌ردا بریکاری وەزیری تەندروستی هه‌رێم، بەتوندی ئەو وتەیە رەتدەکاتەوە کە لە پارێزگای سلێمانیەوە ئەو بەشەی بۆ گەرمیان دێت دەستکاری کرابێت. د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، وتى: شتی لەو جۆرە نیە و ئەگەرهەبێت ده‌بێت بەدواداچون بکرێت، بەڵام دەتوانین بڵێین ناردنی جۆری دەرمانەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. 3. دروستبونی قەیرانی کەمی دەرمان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە مانگی (11) تشرینی دوه‌مى 2021 کەمی دەرمان روی لە ناوەندە تەندروستیەکان کردوە، بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان هۆکارەکەی دەخاتە ئه‌ستۆی خودی ئەنجومەنی وەزیران. بەرپرسی کۆگای ده‌رمانیش دەڵێت: ئەمە کارەساتە وەزارەت بۆ ئێمەی دروست کردوە. د. سیروان محه‌مه‌د، لەبارەی دروستبونی قەیرانی دەرمانه‌وه دەڵێت: لە مانگی 11ـى 2021ـه‌وه ئەم گرفتە سەریهەڵداوە، دەستبەجێ مانگی 12ـى 2021 نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کرد کە لە مانگی 1ـى 2022 دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە بگەرێنێتەوە بۆ خۆمان، ئێستا کە لەمانگی 5 نزیک دەبینەوە، هێشتا هیچمان بۆ نەگەڕاوەتەوە. ئه‌مه‌ش دۆخێكى خوڵقاندوه كه وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى دا جه‌ختى لێكردوه‌ته‌وه: هه‌رگیز دۆخی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له گەرمیان وه‌ها خراپ نه‌بوه وه‌كو ئێستا، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مى شه‌ڕى داعش و سه‌ره‌تاكانى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی‌ش. لایخۆشیه‌وه، بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستى هه‌رێم، باس له‌وه‌ده‌كات رێکارەکان گرفتن، بەجۆرێک رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارە لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیسانى 2022 گەڕاوەتەوە، بەڵام هه‌ر به بڕیارێكى تری وه‌زاره‌تى دارایی، ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ ده‌رمان دانراوه ناتوانرێت خه‌رج بكرێت. د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، رونیكرده‌وه: به بڕیاری وەزارەتی دارایی خەرجکردنی پارە سەرەتا بۆ موچەیە و کۆتا شت بۆ خەرجیەکانی دیکەیە کە دەرمانیش دەگرێتەوە، ئه‌وكاتیش پارەی نەختینە لەبانک نامێنێت و کۆمپانیاکانیش ناتوانن بەوجۆرە دەرمان دابین بکەن، بۆیە داوامانکردوە خەرجکردنی پاره‌ى ده‌رمان بکەوێتە پێش دابه‌شكردنى موچە. بەشێکی دیکەی گرفتەکە ئەوەیە کە حکومەت هێشتا پارەی ساڵانی پێشوی کۆمپانیاکانی دەرمانیشی خەرجنەکردوە، ئه‌مه‌ش بێ متمانەیی دروست کردوە. د. چیا محەمەد، بەرپرسی پێشوی کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکانی ته‌ندروستى گه‌رمیان وتی: هێشتاکە پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ ساڵانی (مانگى 11ـى 2014 و مانگى 3ـى 2015) خەرج نەکراوە کە بۆ کۆی پێداویستیە پزیشکیەکانە. به‌ڕێوبه‌رى ئێستاى كۆگاى ده‌رمانیش حكومه‌ت به به‌رپرس ده‌زانێت له‌م حاڵه‌ته «حکومەت خۆی وادەکات کە کۆمپانیاکان نەیەنە پێشەوە و خەڵک زەرەرمەند بێت، ئەو کۆمپانیایەی پارساڵ تەندەرینی کردوە هێشتا 2 سولفەی وەرنەگرتوە». د. محه‌مه‌د ئازاد، وتیشی: ئێستاش کە نزیکین له مانگى ئایاره‌وه، بەڵام تەندەرین ته‌واو نه‌بوه بۆ كڕینی ده‌رمان، ئەگەرچی رێکارەکان تاوەکو توانیومانە تەواومان کردوە و چاوەڕێن کۆمپانیا بێتەوە پێشەوە. 4. قه‌باره‌ى كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كان ا. نەخۆشخانەی گشتی کەلار لە نێو خودی نەخۆشخانەی گشتی کەلار دا سێ دەرمانخانە هەن کە بەم جۆرەن: یه‌كه‌م: دەرمانخانەی ناوخۆیی: ئه‌م ده‌رمانخانه‌یه تایبەتە بە حاڵەتەکانی نەشتەرگەری، قاوشی مناڵان و هەناوی. بەرپرسی دەرمانخانەکە، ئەحمەد عاسی، دەڵێت: لەمانگی یەکى 2022ـه‌وه توشی گرفتی کەمی دەرمان بوین، ماوەی 4 مانگە گرفتمان هەیە، بەرێژەی زیاتر له 60% دەرمانەکانمان نەماون، هەمو لایەکیش ئاگاداری ئەو بابەتەن. وتیشی: ئەو کەسانەی نەشتەرگەری ده‌كه‌ن، دەبێت راستەوخۆ دەرمان وەرگرن، بەڵام شتێکی وامان لادەست ناکەوێت، حاڵەت هەبوە ناچار دواى نەشتەرگەری خۆیان رۆشتون دەرمانیان کڕیوە، ئەمە بۆ بەشەکانی دیکەش هه‌ر راسته. وتیشی: تێكڕا لە کۆی 5 دەرمان، دوانیان بەردەستە. دوه‌م: دەرمانخانەی بەشی راوێژکاریی بەیانیان بەرپرسی ئەم بەشە دەڵێت: کێشەیەکی ئه‌وتۆمان نیە و دەتوانین زۆرترین رێژە دابین بکەین و ئەوانەی کە نەخۆش پێویستیەتی دەتوانین لێرە پێیان بدرێت. بەڵام له‌به‌رامبه‌ردا بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە باس له بونى كێشه ده‌كات و ده‌ڵێت: ده‌رمانخانه‌كانمان تەنها بۆ ماوەی مانگێکی دیکە دەتوانن دەرمان بدەنە نەخۆش و رەنگە هیچ دەرمانێکمان بەردەست نەبێت. بەوتەی پزیشکێک، ده‌رمانه ئاساییه‌كانیش به‌رده‌ست نین، ده‌شڵێت: به‌زه‌ییمان به‌خۆمان و نه‌خۆشه‌كان دا دێته‌وه. د. ئاسۆ ئه‌حمه‌د، پزیشكی پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ، وتی: ساده‌ترین دەرمان وه‌كو پاراسیتۆڵ یان قەترەیەکی ئاسایی، نامێنێت و ناتوانین بۆ نەخۆشی بنوسین، ناچارین کەمترین دەرمان بنوسین تا وەریبگرن، دۆخێکە تیایدا بەزه‌یمان بە خۆمان و نەخۆشەکانیش دا دێتەوە. وتیشی: هۆکاری دیکەشمان هەیە، کە هه‌ندێكجار خودی نەخۆشەکەیە كه دەرمان بەهەدەر دەده‌ن و پێویستیان بەدەرمان نیە و دێن وەریدەگرن. سێیه‌م: دەرمانخانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکان بەرێوبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: له‌و ده‌رمانخانه‌یه‌دا ته‌نها 5% ده‌رمانمان ماوه. د. حارس محه‌مه‌د، وتیشی: ته‌نها له‌م ده‌رمانخانه‌یه، به شێوه‌یه‌كى خولی «دوری» زیاتر له 7 هه‌زار نه‌خۆش كه ده‌فته‌ریان بۆ كراوه ده‌رمان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ده‌رمان به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌میكردوه كه لە کۆی 6 جۆری دەرمان رۆژانە ته‌نها 1 جۆریان بەردەستە. ئه‌م دۆخه كاریكردوه‌ته سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه. جەلال عەزیز، بەهۆی کەمدەرامەتییەوە تەنها نەخۆشخانەی گشتی کەلار هه‌بوە کە بتوانێت ده‌رمانى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نیه‌كه‌ى كه فشاری خوێنه، به‌ده‌ستبێنێت، بەڵام بەوتەی خۆی چیتر ئەو دەرمانەی كه دەبێت هەمو رۆژێک بیخوات، لە نەخۆشخانە دەستی ناکەوێت. ئەمە هەمان حاڵەتی نەخۆشێکی شەکرەیە، کەئێستا دەرمانەکانی لە دەرمانخانە ئه‌هلییه‌كان دەکڕێت. عه‌دنان ئەسەد، زیاتر لە 15 ساڵە توشی شەکرە بوە، دەڵێت: به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌مه‌وه ناتوانم دەرمان وه‌رنه‌گرم، بۆیە ئێستا كه له نه‌خۆشخانه نیه به‌ناچارى له ده‌ره‌وه به نزیکه‌ى 20 هه‌زار دینار دەیکڕم، بۆ ئێمە لەنەخۆشخانە زۆر باشبو، بەڵام نەماوە. ئامانج خەلیل، بەرپرسی دەرمانخانەی راوێژکاری و درێژخایەن لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، وتى: كێشه‌كه له دەرمانخانەی داوێژکاری کەمترە و تائێستاش دەتوانین دەرمان دابین بکەین، بەڵام دەرمانخانەی درێژخایەن بەڕاستی توشی گرفت بوینەتەوە و ناتوانین هەمو جۆرێک دابین بکەین و چارەخواز ناچارە خۆی بیکڕێت. ب. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە که‌لار بەرێوبەری نەخۆشخانەکە لە بارەی کەمی دەرمان دەڵێت: ئه‌گەر بە وریاییەوە مامەڵەمان نەکردایە، چەندین نەخۆش گیانی سپاردبو، بەرپرسی دەرمانخانەى نه‌خۆشخانه‌كه‌ش دەڵێت: نه‌خۆشه‌كانى ئێمه هی روداوى كتوپڕن و پێویستمان به ده‌رمانه. یوسف محەمەد، 35 ساڵ، باس لەوەدەکات سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شه‌هید هەژارى کردوه، لە کۆی چەندین دەرمان کە دەبو وەریبگرێت تەنها 1 جۆری وه‌رگرتوه و ئه‌وانى دیكه‌ى له ده‌ره‌وه كڕیوه. هێمن کەریم، بەرپرسی بەشی دەرمانخانه‌ى نەخۆشخانەی فریاكه‌وتنى شەهید هەژار لەکەلار، دەڵێت: بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی سەردانمان دەکات کە بەپێی ئامارەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیكه‌ى 12 هه‌زار كه‌س بوه، فشارێكى زۆرمان له‌سه‌ره، جاری وا هه‌یە لەکۆی هەمو دەرمانەکان کە بەردەستن، 5 جۆرمان بەتەواوی لەدەرمانخانە دا نیە. وتیشی: حاڵەتەکانی ئێمە کتوپڕن و زۆربه‌یان روداون به‌تایبه‌ت روداوی هاتوچۆ، ده‌بێت دەرمانمان هەبێت، به‌ڵام نیمانه. بەوتەی خۆی تەنها بۆ ئەو دەرمانخانەیە مانگانە پێویستیان به 20 ملیۆن دینار هەیە. لە روی دەرمانەکانی دیکەوە بەتایبەت نەخۆشانی دڵ و جەڵتە، دەڵێت: باشترین، بەڵام بە جۆرێک کەدەرمان بە دانە دانە دەدرێتە نەخۆش. «حاڵەتەکان بەجۆرێکە ئەگەر بەوریایەوە مامەڵەمان نەکردایە بەڕاستی چەندین نەخۆشمان ئێستا گیانی لەدەست دەدا، تەنها مانگێکی دیکە دەتوانین بەم شێوە بەردەوام بین». د. کاوە محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌كه، به‌مشێوه‌یه دۆخی خۆیان ده‌گێڕێته‌وه. نه‌بونى ته‌نها له بوارى ده‌رمان دا نیه، به‌ڵكو له به‌شه‌كانى تریشدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه، له نمونه‌ى تاقیگه. نەخۆشێک دەڵێت من حاڵەتەکەم فریاکەوتنە، کەچی خۆم رۆشتم کەرەستەم بۆ خۆم هێناوه، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: چەندین جۆری پشکنینمان نەماوە. جوان مەولود، یەکێکە لەو نەخۆشانەی پشکنینی بۆ نوسراوە، بەڵام هیچ تیبوبێک نەبوە کە پشکنینەکەی بۆ ئەنجامبدرێت، دەڵێت: خۆم رۆشتم لەیەکێک لەبەشەکانی دیکە چەند تیوبێکم هێنا. به‌رپرسی به‌شى تاقیگه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه، لێزان محه‌مەد، باس له‌وه‌ده‌كات کاریگەری قەیرانی دارایی رەنگی داوەتەوە له‌سه‌ریان و بوەتە هۆی کەمی کەرەستەکانیان . دەڵێت: گرفتێکی دیکەمان ئەنجامدانی پشکنینە بۆ ئەو نەخۆشانەی حاڵەتەکانیان گەرم نین، بەڵام دێنە لای ئێمە، ئەمەش هۆکارە بۆ کەمبونەوەی کەرەستەکان. هاوکات بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە نایشارێتەوە چەندین جۆری پشکنین ناتوانرێت لە ئێستادا له نه‌خۆشخانه‌كه‌یان بكرێت، لەوانە: پشکنینی ڤایرۆسی، پشکنینی کالسیۆم و پۆتاسیۆم و هه‌ندێك پشكنینی گورچیلە، نه‌خۆش ده‌بێت به ناچارى له ده‌ره‌وه ئه‌نجامى بدات. ئه‌م كێشه‌یه له به‌شى دیكه‌شدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆنمونه: تیشك. د. كاوه محه‌مه‌د، وتى: سێ مانگە کەرەستمان نەماوە بۆ ئەنجامدانی ئەشیعە، ئەوەشی بەردەست دەکرێت بەشی ماوەیەکی کاتی دەکات. وتیشی: بەگشتی کاریگەری نەبونی کەرەستە و دەرمان خەریکە دەردەکەوێت، ئەوەشی بەردەستە بۆ ماوەیەکی کاتیە و تەواو دەبێت. ت. نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون به‌ڕێوبه‌رى کۆگای دەرمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان دەڵێت: تائاستێک ئەم نەخۆشخانەیە لە وانی دیکە باشترە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: دۆخه‌كه هه‌تا ماوه‌یه‌كى كه‌م وا به‌رده‌وام ده‌بێت. د. محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکان لە تەندروستی گەرمیان وتى: نەخۆشخانەی شه‌هید شێره‌ی نەقیب بە بەراورد به نەخۆشخانەکانی دیکەی سنورەکە، دۆخی باشترە. د. بەناز جەلیل، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب، باسی لەوە کرد هەوڵی پێویست دراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی گەرمیان و دەرمان لە هەردو دەرمانخانەی راوێژکاری و ناوخۆى نه‌خۆشخانه‌كه‌یان دا باشن، تا مانگێکی دیکەیش دەتوانن دەرمان دابین بکەن. به‌ڵام هه‌ندێك جۆری ده‌رمانى تایبه‌ت هه‌ن، له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌ماون. سەعید بورهان، بەرپرسی کۆگای دەرمانى نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب، دەڵێت: کێشەکە لەدەرمانخانەی راوێژکارییە کەبه‌شێکی دەرمانەکان کەم بونه‌تەوە یان نەماون، لەوانە: دەرمانی هۆرمۆنات. به‌هۆی نه‌بونى ده‌رمانی پێویسته‌وه، نه‌خۆشه‌كان ناچار ده‌بن بچنه ده‌رمانخانه ئه‌هلیه‌كان. زەهرا محه‌مه‌د، 18 ساڵ، باسی له‌وه‌كرد دواى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كه، به‌شێك له‌و ده‌رمانانه‌ى كه بۆی نوسراوه له ده‌رمانخانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌بوه و له ده‌ره‌وه كڕیویه‌تى. له‌وباره‌یه‌وه، د. شلێر مەجید، پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبون له نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب، وتى: ئەو دەرمانانەی لێره هه‌بێت بۆیان ده‌نوسین و پێیان ده‌درێت، ئه‌گەر جۆرە ئەسڵەکە نەبێت جێگرەوەیان هەیە و دەتوانین دابینی بکەین، بەڵام هەندێک جۆری دەرمان جێگرەوەی نیە، لەوانە: خەستی خوێن، دەرمانی چالاککردنی هێلکەدان و هیتر، ناچاردەبین بۆیان بنوسین و لەدەرەوە وەریبگرن. لەبارەی ئەوەی پزیشک چۆن ئاگادارن لەو دەرمانانەی رۆژانە بەردەستن یان نامێنن، د. شلێر باسی لەوە کردوە: رۆژانە بە لیستێک کە لەدەرمانخانەى نه‌خۆشخانه‌كه‌مانه‌وه بۆمان دەینێرن، ئاگاداردەکرێینەوە. ئه‌گه‌رچی دۆخی ده‌رمانخانه‌ى ناوخۆیی نه‌خۆشخانه‌كه باشتره، به‌ڵام به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى: وابڕوات توشی گرفت دەبنەوە. عه‌لی قادر، وتى: رۆژانە 2 -7 کەیسی نەشتەر گەریمان هەیە، لەگەڵ 10 -12 کەیسی مناڵبون و ئه‌مانه‌ش چاره‌سه‌ر و ده‌رمانیان پێویسته. وتیشی: دەرمانی خوێنبه‌ربون کە زۆر پێویستە بەتەواوی کەمبوه‌تەوە و بەشی چه‌ند رۆژێكمان ده‌كات، وه‌زعه‌كه‌ش بەم جۆرە بەردەوام بێت توشی کێشە دەبین. د. بەناز جەلیل، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە، دەڵێت: ئەم دەرمانخانەیە گرنگترە کە دەرمانی پێویستی تێدا بێت، چونکە بۆ حاڵەتە لەناکاوەکانە لەگەڵ حاڵەتەکانی نەشتەرگەری. پ. نەخۆشخانەی گشتى شەهید خالد گەرمیانی لەکفری به‌وته‌ى به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه‌كه، له ده‌رمانخانه‌ى راوێژكارى دا كێشه‌یان كه‌متره و زیاتر له ده‌رمانخانه‌ى درێژخایه‌ن دا كێشه‌كه زه‌قه. سامی رەزا، بەرپرسی دەرمانخانەی راوێژکاری لە نەخۆشخانەى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى، باس لەوەدەکات گرفتێکی ئەوتۆیان نیە و بەشێکی زۆری دەرمانیان لادەست دەکەوێت بە نەخۆشی بدەن. هاوکات بەرێوبەری نەخۆشخانەکە، سامان سەرتیپ، باسی لەوە کرد: دەرمانخانەی راوێژکاریان باشترە، بەڵام ده‌رمانخانه‌ى نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە ماوەیەکی زۆر نیە کراوەتەوە، گرفتی هەیە، بەجۆرێک له 10 جۆری دەرمان تەنها 5 جۆر ماون و بۆ نەخۆشیەکی وەک شەکرە، لە کۆی 4 دەرمان تەنها 2 جۆریان به‌رده‌ست هه‌ن. ئه‌گه‌ر له روى ده‌رمانه‌وه نه‌خۆشخانه‌كه دۆخی له نه‌خۆشخانه‌كانى دیكه‌ى سنوره‌كه باشتر بێت، به‌ڵام له بواری دیكه‌دا خراپه. موەفەق فەریق، بەرپرسی بەشی تیشک لە نەخۆشخانەكه وتى: هیچ فیلمێکمان نەماوە و لە پێش سەری ساڵه‌وه داوا دەکەین بۆمان بنێردرێت، بەڵام نەهاتوە، پێشتر هەرجارێکیش و بۆکسێک دابین کراوە کە 150 -200 فیلمى له‌خۆگرتوه و به‌شى دو مانگی كردوین و پاشان تەواو بوه. ئه‌م دۆخه‌ش به‌شێك له هاوڵاتیانى ناچار كردوه كه به مۆبایله‌كانیان وێنه‌ى تیشكه‌كانیان بگرن و پیشانى پزیشكی بده‌ن. 5. لێکەوتەکانی گرفتی دەرمان لە مەڵبەندە تەندروستیەکان دا بەرپرسی مەڵبەندە تەندروستیەکانی کێشەی دەرمان بە گرفتێکی نوێ نازانن، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن: دۆخەکە خراپتر بوە. عه‌دنان ئەحمەد، بەڕێوبەری مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وتى: لانیکەم رۆژانە 150 نەخۆش سەردانی مەڵبەندەکەمان دەکەن، بەهیچ شێوەیەک دەرمانی پێویستمان لەبەردەست نیە، هەروەک چەندین دەرمانی دیکەمان نەماون و گرفتەکەش زیاتر لە دەرمانی درێژخایەن دایه. بەرپرسی هۆبەی دەرمان لە مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان لە رزگاری، دەڵێت: دەرمانمان به نیوه كه‌میكردوه، ساڵانی رابردو باشتر بو، ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی کە 3 جار دەرمانمان وەرگرتوە، بەڵام ئەوەمان وەرگرتوە کە هەبوە لە کۆگا نەک بەپێی پێویستی خۆمان، بۆنمونە شروبێک کە پێویستە 600 دانه وەربگرین، كه‌چى 200 دانه‌مان پێدراوه. له‌هه‌ندێك له مه‌ڵبه‌نده‌كان، به ده‌رمانى جێگره‌وه نه‌بونى جۆره‌كانى ده‌رمان پڕ ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ڵگورد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شێروانه، وتى: بۆگرفتی دەرمان کێشەمان کەمترە له چاو مه‌ڵبه‌نده‌كانى تر، به‌ڵام هه‌وڵمانداوه جۆرێک بەجۆرێکی دیکە پڕبکەینەوە. ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك مه‌ڵبه‌ند به‌هۆی نه‌بونى ده‌رمانه‌وه جێگره‌وه‌كانیان دابه‌ش بكرێت، ئه‌وا له هه‌ندێك له مه‌ڵبه‌نده‌كان دا جێگره‌وه‌كانیش نه‌ماون. دلۆڤان رەزاق، پزیشکی گشتی لە مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان، وتى: هەندێك دەرمان بەوە کەڤەر دەکەین کە جێگرەوەی دەنوسین، بەڵام ده‌رمانى وا هه‌یه جێگره‌وه‌ى سێیه‌میشی نیه. له‌م حاڵه‌ته‌شدا به وته‌ى ئه‌و پزیشكه، ده‌بێت نه‌خۆشه‌كه له ده‌ره‌وه و به ناچارى ده‌رمانه‌كه بكڕێت. هاوشێوە ئەم گرفتە لە مەڵبەندەکانی دیکەی تەندروستیشدا بونی هەیە، یەکێکی دیکە لە کێشەکان نەبونی کوتانی دژە ئەنفلۆنزایە کە بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی شێروانە، هەڵگورد حەمید، لەو بارەیەوە دەڵێت: پێشوتر لە مانگەکانی ئاب و ئه‌یلول و تشرینی یه‌كه‌م دا رێژەیەک پێكوته‌ى «ڤاكسین» کوتانی ئەنفلۆنزامان پێدەگەشت، بەڵام ماوەی 2 ساڵە هیچ بڕێکمان پێنەگه‌یشتوە کە ساڵانە 300 -400 كه‌س بۆ وەرگرتنی ئەو پێكوته‌یه سەردانمان دەکەن. سەباح مه‌جید، بەرپرسی ده‌رمانخانه‌ى راوێژکاری مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شه‌هید د. قاسم، وتى: تاوەکو خۆمان دەسەڵاتی کڕینمان هەبو باشتر بوین، ئێستا لە گرفتداین، بەدیلەکانیش بەرەو کەمی دەچن، ته‌نانه‌ت ده‌رمانى ساده‌ى له نمونه‌ى پاراسیتۆڵ کە رۆژانە پێویستن، ئەوانیش نەماون. ئەحمەد غەفار، بەرپرسی بەشی دەرمانخانەی نەخۆشیه درێژخایەنەکان لە مەڵبەندی تەندروستی شەهید د. قاسم له رزگارى، دەڵێت: وەجبەی دەرمانمان هەر نەماوە، بەجۆرێک تەنها 10% دەرمان ماون لامان، ئەویش ئەو دەرمانانەی کە سەرەتایی و شتی ئاسایین. 6. كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له بنکە تەندروستیه‌كان دا بەرێوبەری یەکێک لە بنکە تەندروستیەکانی گەرمیان دەڵێت: ئەوە دەرمانەی هەیە بەپێی توانای کۆگا بۆمان دابینکراوە، بەڵام ئێستا شروبی کۆکەشمان نەماوە. عوسمان ئەحمەد، بەرێوبەری بنکەی تەندروستی گوندى حاجی لەر، باسی لەوەکرد: سێ مانگ پێش ئێستا دەرمانمان وەرگرتوە، خۆشمان هەرکات پێویست بێت سەردان ئەکەین و بەپێی توانا دەرمانمان بۆدابین دەکرێت، بە نمونە ئێستا دەرمانی «ئەمۆکسیلی شروبی مناڵ» نەماوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی دەرمانەکان نەماون، ناشتوانین ده‌رمانێکی زۆر بهێنین، چونکە توانای هەڵگرتنیمان نیە. باسی لەوەشکرد: بۆ گوندەکان هەبونی دەرمانی مار و دوپشک گرنگە کە بەردەست بێت به‌و پێیه‌ى لەنەخۆشخانەکانی ناو شارەوە دورن، بەڵام ئەو دەرمانانەمان نیە، ناچار ده‌رمانى دیكه‌ى دژه هه‌ستیاری به‌كاردێنین كه ئه‌مه‌ش گونجاو نیه. نه‌مانى ده‌رمان له بنكه‌كان به راده‌یه‌كه، كه ده‌رمانه سه‌ره‌تاییه‌كانیش بونیان نه‌ماوه. شێرکۆ ئەحمەد، بەڕێوبەری بنکەی تەندروستی ناحیه‌ى قۆرەتو، دەڵێت: تاکە بنکەین لە ناحیەکەدا و رۆژانە 20 نەخۆش سەردانمان دەکات، لەگەڵیشیدا 4 مانگ جارێک دەرمان وەردەگرین، ئێستا پێویستمان بە نزیکەی 20 بۆ 30 جۆری دەرمان هەیە و نیمانه، بۆیە ئیستا ئەو چارەخوازانەی دێنە لامان دەرمانەکە بەردەست نەبێت ناچار جێگرەوه‌یان بۆ دەنوسین. به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێك له بنكه ته‌ندروستیه‌كان، كێشه‌ى كه‌می ده‌رمانیان نیه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می سه‌ردانكه‌ره‌وه. هۆشیار محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى بنكه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمك، وتى: بەهۆی کەمی سەردانكه‌رانه‌وه، توشی گرفتی کەمی دەرمان نەبوینەتەوە و دەرمانە سەرەتاییەکانمان لابەردەستە. به‌ڵام هه‌ندێك له بنكه‌كانى دیكه نیگه‌رانن له‌وه‌ى جیاكاری له‌نێوان ئه‌وان و ئه‌و بنكانه‌دا ناكرێت كه سه‌ردانیكه‌ریان كه‌مه. هادی حسێن، لێپرسراوى بنكه‌ى ته‌ندروستى گوندی ساڵح ئاغا، وتى: نه‌خۆش و سه‌ردانكه‌رمان زۆره و كارمه‌ند و ده‌رمانمان كه‌مه، وایكردوه فریایان نه‌كه‌وین، چونكه مانگى له‌نێوان 600 -700 نه‌خۆش سه‌ردانمان ده‌كات، كه‌چى وه‌ك هه‌ر بنكه‌یه‌كى تر حسابى ده‌رمانمان بۆ كراوه. وتیشی: ده‌بو مانگى نیسان ده‌رمان وه‌رگرین، به‌ڵام بۆمان نه‌هات، ئێستاش هه‌ر به‌شى هه‌فته‌یه‌ك ده‌رمانمان هه‌یه. ئێستا كه ده‌چینه نێو وه‌رزی هاوینه‌وه، هه‌ندێك جۆری په‌تا و نه‌خۆشی زیاد ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تى له‌نێو مناڵان دا، ئه‌مه‌ش واپێویست دەکات ده‌رمانى تایبه‌ت ئاماده بكرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌وه‌ش نه‌كراوه. هادی حسێن، وتى: دەرمانی وەرزیمان نیە بەتایبەت سکچون و رشانەوەی مناڵ، ناشزانین کەی دێت. 7. كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان له سه‌نته‌ره ته‌ندروستیه‌كان دا سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكرد، یه‌كێكه له‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه پێویستی به‌ده‌رمانه و ده‌رمانه‌كانیشی پاره‌ی زۆریان ده‌وێت، به‌ڵام به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى، كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمانیان نیه هه‌تا مانگى ئه‌یلول. كاروان محه‌مه‌د مه‌ولود، بەڕێوبەری سەنتەرەکە، وتى: گرفتێکی ئەوتۆمان نیە و تاوەکو مانگی 9ـى ئه‌مساڵ دەرمانمان لەبەردەستە. بەهەمانشێوە بەڕێوبەری کۆگای ده‌رمان و پێداویستیە پزیشکیەکانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد سه‌نته‌ره‌كه له‌سه‌ر بودجه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌رمانى پێویستی كڕیوه. به‌ڵام كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمان یان پێداویستی پزیشكی، له سه‌نته‌ره‌كانى دیكه‌دا به خه‌ستى ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به راده‌یه‌ك سه‌نته‌رى تیشك به‌هۆی نه‌بونى فیلمه‌وه، هاوڵاتى به مۆبایل وێنه‌ى تیشكه‌كانیان ده‌گرن و پیشانى پزیشكی ده‌ده‌ن. کاروان محه‌مه‌د ره‌شید، لێپرسراوى كارگێڕی سه‌نته‌رى تیشك له كه‌لار، جه‌ختى له بونى ئه‌و كێشه‌یه كرده‌وه و وتى: ماوەی هەفتەیەکە بۆ هۆبەی سیتی سکان نە عەلاگە هەیە بۆ ئەشیعە و نە دەرمان و فیلم، ئه‌مه‌ش گەورەترین کێشەیە روبەڕومان بوه‌ته‌وه. وتیشی: داواکاریمان کردوە بۆ دابینکردنی کەرەستەکان، بەڵام بە بیانوی قەیرانی نه‌بونى پاره‌وه دابین نەکراوە. سه‌نته‌رى راهێنان و چاره‌سه‌رى ده‌رونى كه‌لار، یه‌كێكه له‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه زیاتر له‌وانى تر پێویستی به ده‌رمانه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌شی پێویست ده‌رمانى بۆ دابین ناكرێت. فه‌ره‌یدون ئیسماعیل، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌ره‌كه، وتى: ئەو نەخۆشانەی سەردانی سەنتەره‌كه‌مان دەکەن دو جۆرن (نیرۆسس و سایکۆسس)، هەردو جۆریش بەجیاوازیەوە پێویستیان بە دەرمانە. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بە زۆری توشی گرفتی دەرمان بون، کە بۆ نەخۆشەکانی ئەمان چەندینجار کێشەكە گه‌وره‌تره، بەهۆی تایبتمه‌ندیی حاڵه‌ته‌كانیان. وتیشی: بە زۆری یەک جۆر دەرمان بەردەستە لەکۆی سێ جۆر کە پێویستە نەخۆش وەریبگرێت، بۆیه هەندێكجار جێگرەوەکەی دەنوسین، هه‌ندێكجاریش جێگره‌وه‌ی بۆ نابێت، بۆیە نه‌خۆش یەک رێگای هەیە ئه‌ویش ئه‌وه‌یه لە دەرەوە دەرمان بکڕێت، كه ئه‌مه‌ش بارگرانیەكى زۆره، چونكه به گشتى نرخی دەرمانی نه‌خۆشیه دەرونیه‌كان گرانە. كێشه‌ى ده‌رمان له سه‌نته‌رى ددانیش دا هه‌یه. د. ئه‌ركان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌ره‌كه، وتى: به‌گشتى قەیرانی دەرمان هەیە، کاتێک وەک پزیشکێک نەخۆش دەبینم زیاتر دەرەکەوێت کە نەخۆشەکە دێتەوە و پێمان ئەڵێت ئەو دەرمانە نیە، بەهۆی ئەوەی ئەزانم دۆخیان خراپە ناچار دەرمانی جێگرەوەیان بۆ دەنوسین. وتیشی: جۆری دەرمانی بەکارهێنراو بۆ نەخۆشەکانمان زیاتر دژه هه‌وكردن و ئازارشکێنەکانن کە کەمبونەتەوە یان هەندێك جۆریان هه‌ر نەماون. 8. كێشه‌كه له‌دابینكردنى ده‌رمانى نه‌خۆشانى درێژخایه‌ن زه‌ق تره زیاتر له‌هه‌ر به‌شێك، ده‌رمانخانه‌ى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه‌كان كاریگه‌ر بون به‌م كێشه‌ى نه‌بونى ده‌رمانه‌وه. بەوتەی بەرپرسی به‌شى دەرمانە درێژخایەنەکان لە کۆگای ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئێستا 160 جۆری دەرمانی درێژخایەن بەگشتی نەماون. ئەحمەد عەبدوڵڵا، باسی له كه‌می ئه‌و پاره‌یه كرد كه بۆ ئه‌م به‌شه دانراوه و وتى: «ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەرمیان دابین کراوە کە 205 ملیۆن دینارە، 12 هێندەی ئەو بودجه‌یه بەتەنها بەشی دەرمانی درێژخایەن ناکات». لێپرسراوى ده‌رمانخانه‌ى راوێژكارى و درێژخایه‌ن له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، پێشبینی خراپتربونى دۆخه‌كه ده‌كات و دەڵێت: ئه‌گەر کێشەکە بەمجۆرە بێت و هیچمان بۆ دابین نەکرێت، توشی کێشەی زیاتر دەبینەوە و دەسەڵاتیشمان نیە. 9. كێشه‌ى كوالێتى ده‌رمانه‌كان یه‌كێكى دیكه له‌و تێبینیانه‌ى كه هاوڵاتیان هه‌یانه له‌باره‌ى ده‌رمانى ناو نه‌خۆشخانه‌كان و واده‌كات دڵ‌سارد بن له وه‌رگرتنى، وه‌كخۆیان ده‌یڵێن: خراپی كوالێتیانه. ئەحمەد ئیبراهیم، 20 ساڵ، وتى: خراپی کوالێتی دەرمان وایلێکردم سەردانی نەخۆشخانە نەکەمەوە، چونكه ده‌رمانێكیان پێدام، بەڵام سودی نەبو. پزیشکی پسپۆڕی گورچیله و میزه‌ڕۆ له بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، د. فەرهاد حه‌سه‌ن، جه‌خت ده‌كاته‌وه: پێویستە ئەو دەرمانانەی دەدرێتە نەخۆش کوالێتی باش بن. وتیشی: بەشێکی زۆری دەرمانەکان سەرەتایین، ناچارین بۆ زیاتر لە 10 نەخۆش یەک جۆر دەرمان بنوسین، ته‌نانه‌ت زۆر توشی سەرسوڕمان بوم کەجارێک جۆرە دەرمانێکم بینی کوالێتی باش بو و درابو به نەخۆش، بەڵام دواتر بینینم کە تەنها نزیكه‌ى مانگ و نیوێكى ماوه بۆ بەسەرچونی. له‌به‌رامبه‌ردا بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان، باس له‌وه‌ده‌كات له روى كوالێتیه‌وه ده‌رمانه‌كانیان بێگرفتن. د. سیروان محه‌مه‌د، وتى: کوالێتی ده‌رمانەکانمان بێ گرفتن، ئەوەی وتراوە ریکلامی ئەو پزیشکانەیە کە عەقدی نایاساییان له‌گەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان دا هەیە بۆ ساغبونەوەی دەرمانی خۆیان. ئیبراهیم بەرزنجی، نوێنه‌رى نه‌خۆشانى گورچیله له گه‌رمیان، كه ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌كه‌یان پێده‌درێت، باسی لەوە کرد: ئەو دەرمانەی وەک نەخۆشانی چاندنی گورچیلە پێیان دەدرێت کوالێتی باش نیە. وتى: کاتێک ئەوەمان بۆدەرکەوت کە سەردانی پزیشکمان کرد لە سلێمانی و بەنەخۆشەکانی دیکەش هەمان شت وتراوە و ئاگادار کراونەتەوە لە كوالێتى ئه‌و دەرمانەى پێمان دراوه. د.محه‌مه‌د ئازاد، به‌ڕێوبه‌رى كۆگاى ده‌رمانى ته‌ندروستى گه‌رمیان، دانى به‌وه‌دا نا ئه‌و جۆره ده‌رمانه‌ى بۆ نه‌خۆشانى چاندنى گورچیله دراوه، كوالێتیه‌كه‌ى زۆر باش نه‌بوه. وتى: بەهەمانشێوە ئێمەش لەلایەن پزیشکەوە ئاگادار کراوینەتەوە لەو بابەتە، چونكه هەمان کاریگەری جۆرە بڕاندەکەی نیە کە سویسریە، به‌ڵام ئەو دەرمانە خودی سەنتەرەکە لەسەر بودجەی تەندروستی گەرمیان کڕیویانە و کوالێتیەکەشی جۆرە هیندیەکەیە. به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكرد له گه‌رمیان، كاروان محه‌مه‌د مه‌ولود، لەگەڵ ئەوەدا ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارە پزیشکیەکانی ده‌رمانه‌كه بێکێشەیە و رێگەپێدانی کوالێتی کۆنترۆڵی هەیە، ماوەی بەسەرچونیشی 2 ساڵه. دەشڵێت: هیچ کات نوسراوێک یان ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كمان لەسەر ئەو بابەتە پێنەگەشتوە. 10. چالاكوانێك: كه‌رتى ته‌ندروستى به‌ر هێرش كه‌وتوه چالاكوانێكى قه‌زاى كفری باس له‌وه‌ده‌كات كه‌رتى ته‌ندروستى حكومى به‌ر هێرش كه‌وتوه و له‌به‌رامبه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت دا پاشه‌كشه‌ى پێكراوه. محه‌مه‌د شەریف، باس لەوەدەکات: کەرتی تەندروستی بەر هێرش کەوتوە، ئەم کەرتە بۆ خزمەتگوزاریە، ئەگەر توانای ئەو خزمەتەی نەمێنێت کەواتە چی پێشکەش بەهاوڵاتی ده‌کرێت؟ وتیشی: دەبینین نەخۆشخانە ناحکومیەکان پەرەیان پێدەدرێت له‌سه‌ر حسابی نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، ده‌شزانین کە ئه‌م نه‌خۆشخانانه هی كێن؟! هی ئەو کەسانەن پێیەکیان لە حزبە و لە حکومەتیشدان. چالاكوانێكى دیكه باس له‌وه‌ده‌كات هاوڵاتى باجی ئه‌م دۆخه ده‌دات. کامەران هەمەوەندی، نمونه‌ى حاڵه‌تى نه‌خۆشی باوكی هێنایه‌وه و وتى: باوکم توشی نەخۆشی چاو بوە، جۆرە دەرمانێکی بۆ دەنوسرێت هەرگیز نەمتوانیوە لە نەخۆشخانەکان وەریبگرم، ناچارم 700 دۆلار بدەم لە شوێنێکی دیکەوە بۆم دابین بکرێت. وتیشی: بەڕاستی هاوڵاتی باجی بێ متمانەیی حکومەت دەدات. به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام 1. حكومه‌تى هه‌رێم 6 ملیار دینارى ته‌رخانكردوه بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی، له‌و رێژه‌یه مانگانه 205 ملیۆن دینارى بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگه‌یی له سنورى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ته‌رخانكردوه، ئه‌م 205 ملیۆنه به‌شى زۆری بۆ كڕینی ده‌رمان ته‌رخانكراوه. به‌ڵام به‌وته‌ى خودی بریكاری وه‌زیری ته‌ندروستى و به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ئه‌م بڕه پاره‌یه كه‌مه و بگره ناعه‌داله‌تیشی تێدا كراوه و ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ شوێنانى دیكه ته‌رخان ده‌كرێت، زیاتره وه‌ك له گه‌رمیان. 2. له پاڵ ئه‌و پاره‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، گوژمه‌یه‌ك ده‌رمان له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراقه‌وه بۆ پارێزگاى سلێمانى ده‌نێردرێت كه له‌و بڕه 13%ـى بۆ ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌نێردرێت، ئه‌مه‌ش چی بڕه‌كه‌ى و چی جۆری ده‌رمانه‌كانیش، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه تێبینی زۆری له‌سه‌ره، به‌شێوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه نه‌گونجاوه و زۆربه‌یشی موغه‌زیه و ده‌رمانى كاریگه‌ر نین. 3. ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كانى سنورى گه‌رمیان روبه‌ڕوى كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى نه‌بونى ده‌رمان بونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ئاماژه‌ى پێده‌كات، له گه‌رمه‌ى شه‌ڕى داعش و سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی‌ش، دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه نه‌بوه. هۆكارى ئه‌مه‌ش نه‌كڕینی هیچ بڕێكى ده‌رمانه له‌لایه‌ن ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه، به‌كاریگه‌ری خه‌رجنه‌كردنى هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بۆ ئه‌م بواره كه له مانگى تشرینی دوه‌مى ساڵی پاره‌وه تا سه‌ره‌تاى مانگى ئایاری 2022 به‌هۆی نه‌بونى فه‌رمانى خه‌رج كردن و هه‌روه‌ها نه‌بونى پاره‌ى نه‌ختینه و جێبەجێ نەبونی ته‌ندره‌ى كڕینی ده‌رمانه‌وه بەو هۆکارانە. 4. ئه‌م دۆخه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی كردوه‌ته سه‌ر هاوڵاتیان، به‌شێوه‌یه‌ك كه زۆرینه‌ى ده‌رمانه پزیشكیه‌كان كه له ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان بۆیان ده‌نوسرێت، ناتوانن وه‌ریبگرن و به‌ناچارى له ده‌ره‌وه و له ده‌رمانخانه ئه‌هلییه‌كان ده‌یكڕن. ئه‌م ره‌وشه به‌تایبه‌تى كاریگه‌ریی زۆر زیاترى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه دروستكردوه كه به‌ده‌ست نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه ده‌ناڵێنن و زۆرینه‌شیان كه‌سانى به‌ته‌مه‌نن و بۆ به‌رده‌وامیدان به ژیان پێویستیان به‌و ده‌رمانانه هه‌یه و له‌به‌رامبه‌ریشدا داهاتیان سنورداره بۆ ئه‌وه‌ى له بازاڕ دا بیكڕن. 5. كه‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان له ناوه‌نده پزیشكیه‌كان، به‌تایبه‌تى له نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستیه‌كان ئه‌وانه‌ى سه‌ردانیكه‌ریان زۆره، زیاتر ره‌نگى داوه‌ته‌وه، له‌نێویشی دا نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار به‌هۆی ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین ناوه‌ندى ته‌ندروستى سنوره‌كه‌یه، زیاتر له هه‌ر كام له نه‌خۆشخانه‌كان روبه‌ڕوى كێشه بوه‌ته‌وه، به‌دواى ئه‌ودا نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار و دواتر نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبون و پاشان نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له كفری. کێشەکە لە مەڵبەندەکانیش دا زۆر زەقە بەتایبەت ئەوانەی سەردانیکەرانیان زۆرەم لە سەنتەرەکانیش دا بەهەمان شێوە. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له بنكه ته‌ندروستیه‌كان كه سه‌ردانیكه‌ریان كه‌مه، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه. 6. ئه‌م دۆخه وایكردوه جۆری ده‌رمانه به‌رده‌سته‌كان زۆر سنوردار بن و ته‌نها ئه‌و ده‌رمانانه هه‌بن كه به‌ربڵاون، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێك ده‌رمانى نه‌وعی هه‌ن بونیان نه‌مێنێت. هه‌روه‌ك كوالێتى و جۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌یشی ده‌كڕدرێن، تێبیینیان له‌سه‌ره، چ له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و ته‌نانه‌ت پزیشكانیشه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك وایكردوه متمانه‌یان به‌و چاره‌سه‌ر و ده‌رمانانه لاواز بێت و وه‌رینه‌گرن. 7. جگه له ده‌رمان، دۆخی پێداویستییه پزیشكی و تاقیگه‌ییه‌كانیش خراپن، به راده‌یه‌ك له هه‌ندێك له‌ناوه‌نده پزیشكیه‌كان ته‌نانه‌ت فلیم به‌رده‌ست نیه بۆ چاپكردنى تیشك، یان تیوب و پێداویستی پشكنینی تاقیگه‌یی بونى نیه. دوەم: راسپاردەکان 1. به گوێره‌ى به‌دواداچونه‌كانمان، ئه‌م كێشه‌یه هه‌مو ساڵێك دوباره ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ى چه‌ند مانگێك له ساڵی نوێ تێده‌په‌ڕێت و ئینجا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى و ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى پاره‌ى كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی ده‌دات به وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و له‌وێشه‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه گشتیه‌كان، به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاواز له ساڵانى تر دواكه‌وتوه. ئه‌مه‌ش رۆتینێكه كه ده‌گاته ئاستى شه‌رمه‌زاریی، چونكه ناكرێت سێكته‌رێكى وه‌كو ته‌ندروستى كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ژیانى خه‌ڵكیه‌وه هه‌یه، به‌مشێوه خه‌مساردانه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت، به‌ڵكو پێویسته خه‌می بخورێت و ته‌نانه‌ت پێش كۆتایی هاتنى ساڵ یان به ماوه‌یه‌كى كه‌م له پاش هاتنى ساڵی نوێ، ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بکرێتەوه. 2. ئه‌م كێشه‌یه یه‌كێكى تره له ده‌رهاویشته‌كانى بونى ئه‌و سیسته‌مه مه‌ركه‌زییه توند و بێگیانه‌ی كه له هه‌رێمى كوردستان دا بونى هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كۆی كایه‌كان له بچوكترین ناوچه‌وه بۆ گه‌وره‌ترین ناوچه، گرێدراوه به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كان ته‌نها له‌ده‌ستى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا كۆكراوه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه بتوانێت وه‌ڵامى خێرای داوخواستى هاوڵاتیان بداته‌وه و رۆتین و به‌هه‌ده‌ردان و ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵیش كه‌م بكاته‌وه. بۆیه پێویسته كار بكرێت بۆ كۆتاییهێنان به‌م سیسته‌مه و به‌رقه‌راركردنى سیسته‌مێكى لامه‌ركه‌زیی، به‌شێوه‌یه‌ك كه مافی هه‌مو ناوچه‌كان وه‌كو یه‌كتر بدات و ده‌سه‌ڵاتیش له هه‌مو ئاسته‌كاندا بۆ ناوچه‌كان و هاوڵاتیه‌كانى شۆڕ بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئامار و روپێوی ورد و دروست، ده‌سه‌ڵاتى دارایی بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بدرێت به خودی ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان. 3. ئه‌و گوژمه پاره‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ته‌رخانى كردوه بۆ ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌وته‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى گه‌رمیان كه‌مه و ناعه‌داله‌تیه‌كى به‌رچاوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به باشی دابه‌ش بكرێت، به‌ته‌نها به‌شى ده‌رمانى نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه‌كان ناكات. بۆیه پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم پێداچونه‌وه به‌م دابه‌شكردنه‌ى گوژمه و پاره‌كان دا بكات، هه‌روه‌ك رونیشی بكاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف كه ئه‌م گوژمانه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك و چۆن دابه‌ش كراون، ئه‌مه‌ش له‌پێناو چه‌سپاندنى پرنسیپی عه‌داله‌ت دا. 4. ده‌بێت وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق و فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى سلێمانى، ئه‌و تێبینی و ره‌خنانه به‌هه‌ند وه‌ربگرن كه روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه له به‌ركه‌وته‌ى گه‌رمیان له‌و ده‌رمان و پێداویستیه پزیشكیانه‌ى كه له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌تى فیدراڵ ده‌نێردرێت، ئه‌مه‌ش چ له روى بڕی گوژمه‌كه و چ له روى چۆنیه‌تى و جۆر و كوالێتی ئه‌و ده‌رمان و پێداویستیانه‌ى كه ده‌نێردرێن، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌چاوى عه‌داله‌تى تێدا بكرێت. 5. له‌نێو ته‌ندروستى گه‌رمیاندا بنه‌ماكانى دابه‌شكردنى ده‌رمان و پێداویستیه‌كان رون و ورد و دیراسه‌كراو نین، هه‌ستمان به‌وه‌نه‌كرد ته‌ندروستى گه‌رمیان هیچ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێوانه‌یه‌كى ناوخۆیی وردی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماده كردبێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌رمان دابه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆرجار ده‌رمانه‌كان روبه‌ڕوى خراپبون یان دابه‌شنه‌كردنى به‌شێوه‌ى دروست و نه‌گه‌یشتنى به‌ده‌ستى كه‌سانى شایسته ببێته‌وه. بۆیه هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین، كه سه‌ره‌تا روپێوییه‌كى ورد بكات و دواتر پێوانه‌یه‌كى رون ده‌ستنیان بكات و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و پێوانه‌یه ده‌رمان و پێداویستیه‌كان دابه‌ش بكات، به‌مه‌ش خۆی دورده‌گرێت له خراپ ئیداره‌دان و به‌هه‌ده‌ردان. 6. به‌وپێیه‌ى ئه‌م كێشانه قابیلی دوباره‌بونه‌وه‌ن، بۆیه هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه پێشتر ئاماده‌كاری پێویست بكه‌ن، چ له خه‌زنكردنى ده‌رمانى پێویست، چ له دابه‌شكردنى كورتهێنانى ده‌رمانه‌كان به‌سه‌ر مانگه‌كان، نه‌ك ئه‌وه‌ى كورتهێنانه‌كان هه‌مویان له یه‌ك یان دو مانگدا كورت ببنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش زۆر به ناوه‌نده ته‌ندروستیه‌كان و هاوڵاتیانیشه‌وه دیار ده‌بێت. 7. پێشنیاز ده‌كه‌ین ته‌ندروستى گه‌رمیان بایه‌خى زیاتر به‌و توێژانه بدات كه زیاتر له هه‌ر توێژێكى تر پێویستیان به ده‌رمانه، به‌تایبه‌تیش له‌مه‌یاندا مه‌به‌ستمان لەوە کەسانەیە کە نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هەیە، كه‌به‌شى زۆری ئه‌مانه به‌ساڵاچون و ره‌نگه داهاتى ئه‌وتۆیان نه‌بێت بۆ كڕینى ده‌رمان له بازاڕ و بێبه‌شكردنیشیان له وه‌رگرتنى ده‌رمان، زیاتر له هه‌ر توێژێكی تر، به‌مانه‌وه دیار بێت. 8. هانى ته‌ندروستى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه به‌دواداچون بۆ ئه‌و تێبینی و ده‌نگۆیانه بكات كه په‌یوه‌ندیان به كوالێتی ده‌رمانه‌وه هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ و به‌بێ به‌دواداچون ره‌دیان بكاته‌وه. چونكه چه‌ندێك گه‌یاندنى ده‌رمان به ده‌ستى نه‌خۆش گرنگه، له‌وه‌ش زیاتر بونى ئه‌و ده‌رمانانه به كوالێتى باش، پێویست و گرنگه.
راپۆرت: درەو پارتی پەیامێكی زارەكی بۆ یەكێتی نارد، بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن زۆرینەی پەرلەمانیی بەكارناهێنێت، رەنگە ئەم پەیامە كۆتایی بە سوڕی متبوونی پەرلەمانی كوردستان بهێنێت، بەڵام دواكەوتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەرفەت دەكاتەوە لەبەردەم ئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە وەرزی بەهارەدا پەكی كەوتووە نزیكەی (70) رۆژە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی نەكردووە، پەرلەمانی كوردستان ئێستا لە وەرزی یاسادانانی (بەهارە)ی خۆیدایە، ئەم وەرزە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەسەرەتای مانگی ئازارەوە دەستپێدەكات‌و لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا تەواو دەبێت. بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی، بەتایبەتیش ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی، دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكیكەوتووە. ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەوە دوو ناكۆكی سەرەكیی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە: ناكۆكی یەكەم: كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە شێوازی هەڵبژاردنەوە هەیە، (یەكێتی، كۆمەڵی دادگەریی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری گۆڕان‌و چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ) مانگی ئازاری ئەمساڵ پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە‌و داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت‌و هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، ئەم بەرەیە پێیوایە پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكات‌و لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمانن، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیار‌و یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نییە بە زۆرینەی بیرۆكەكەی خۆیان بۆ شێوازی "فرە بازنەیی" هەڵبژاردن تێپەڕێنن. لەبەرامبەر ئەمانەدا بەرەیەكی تر هەیە كە داوا دەكات هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "یەك بازنەیی" بەڕێوەبچێت، واتە هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، پارتی سەرۆكایەتی ئەم بەرەیە دەكات‌و (11 كورسی كۆتاكان، حزبی سۆسیال دیموكرات، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان) پشتیوانی لێ دەكەن، پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تریش كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێت‌و نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن. ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن دەبێت بەر لە شەش مانگ لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو ببێت، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان كەمتر لە پێنج مانگ دەرفەت لەبەردەم كۆمسیۆندایە بۆ سازدانی هەڵبژاردن‌و هێشتا لایەنەكانی لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنەوە ناكۆكن، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا كە بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە بەڕێوەچووە، سەرلەنوێ جەخت لەسەر شێوازی (یەك بازنەیی) كراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی هێشتا سورە لەسەر شێوازی فرەبازنەیی. ناكۆكی دووەم: خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە پەیوەندی بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە هەیە. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014وە دروستكراوە، تەمەنی یاسایی هەر خولێكی ئەم كۆمسیۆنە (5) ساڵە، لە 23ی كانونی یەكەمی 2019وە تەمەنی یاسایی كۆمسیۆن كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵ‌و نیوێكە لە بۆشایی یاسایدایە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان چارەسەری بۆ ئەم كێشە بنەڕەتییە نەدۆزیوەتەوە‌و ئێستا ئەم كێشەیە وەكو بۆمبێك تەقیوەتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا. ژمارەی ئەندامانی ئەم كۆمسیۆنە لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی لایەنەكان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، ئەو لایەنانەی كە ژمارەی كورسییەكانیان لە خولی چوارەمدا زۆر بووە‌و پشكی زیاتریان بەركەوتووە، ئێستا ناخوازن دەستكاری كۆمسیۆن بكرێت‌و تەنیا داوا دەكەن پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی كۆمسیۆنەكە درێژ بكاتەوە‌و كورسییە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەسەر هەمان هاوكێشە كۆنەكە پڕبكرێتەوە، ئەو لایەنانەشی كە لە خولی پێنجەمدا ژمارەی كورسییەكانیان زیادی كردووە داوا دەكەن دابەشكارییەكە نوێ بكرێتەوە، بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دوو بیرۆكە لەئارادان، هەندێك داوا دەكەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، هەندێكی تر دەڵێن كارەكە رادەستی دادوەران بكرێت. لەپاڵ ئەم دوو ناكۆكییە سەرەكییەدا، هەندێك ناكۆكی تر لەنێوان لایەنەكاندا هەن، بەتایبەت (11) كورسی كۆتاكان، كە بەرەی یەكێتی‌و لایەنە هاوپەیمانەكانی لە یاسای هەڵبژاردن داوای هەمواركردنی دەكەن‌و پێیانوایە كورسی كۆتاكان لەلایەن پارتییەوە كەڵكی لێوەرگیراوە. كێ بەرپرسە لە پەككەوتنی پەرلەمان ؟ پارتی بەرپرسیارێتی پەككەوتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی (رێواز فایەق)ی سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا ئەو مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانی هەیە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان، یەكێتی ترسی لە زۆرینەی پارتی لەناو پەرلەمان هەیە، گومانی هەیە لەحاڵی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەماندا، پارتی پاڵپشت بە زۆرینەی (50+1)ی خۆی‌و كۆتاكان‌و لایەنە هاوپەیمانەكانی، هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بۆیە یەكێتی لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرگای لەسەر ئەم ئەگەرە داخستووە. پارتی كە پاڵپشت بە (11) كورسی پێكهاتەكان، خاوەنی زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمانە، لەڕووی یاساییەوە لەتوانایدایە یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەی خۆی دەیەوێت تێپەڕێنێت‌و پەرلەمانی كوردستتان هەڵوەشێنێتەوە‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تر ناچار بكات مل بدەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، بەڵام واقعی دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدارێتی (پارتی‌و یەكێتی)دا، رێگرە لەوەی پارتی هەنگاوی لەم جۆرە هەڵگرێت، چونكە یەكێتی بە رێگریكردن لە بەڕێوەچووی هەڵبژاردن لەناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا دەتوانێت پرۆسەكە لەڕووی واقعییەوە پەكبخات. سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردن، پارتی ئاماژەی بەوەدا پەنا بۆ بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەبات، بەڵام هەرزوو لەم هەڕەشەیە پاشگەزبووەوە، وادەردەكەوێت پارتیش هاوشێوەی یەكێتی زۆر سور نەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەیەوێت لەبەردەم رایگشتی ناوخۆ‌و دەرەوەدا ئەوە نیشان بدات كە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر رێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە كردووە. ئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی وتی: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دواین هەنگاوە كە پارتی پەنای بۆ ببات. ئێستا یەكێتی كە هەندێك دڵنیایی وەرگرتووە لەوەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن بەكارناهێنێت، رەنگە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە، بەڵام چارەنوسی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بە نادیاری دەمێنێتەوە. پەرلەمان درێژی دەكاتەوە ؟ تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كۆتایی دێت، واتە خولی ئێستا تەنیا (5) مانگ تەمەنی ماوە، لەدوای ئەم وادەیەوە ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەڕێوەنەچێت، دەبێت پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاسایی خۆی درێژبكاتەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن. پەرلەمانی كوردستان ساڵی 1992 دامەزراوە، ئەمەش دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە ناوچە كوردییەكان، خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان ماوەی 13 ساڵی خایاند، ئەمە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە، لە كۆتایی ساڵی 1995دا بەهۆی ئەم شەڕەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوت‌و داخرا، ساڵی 2015 بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخست‌و پەرلەمان تاوەكو 2017 پەكی كەوت‌و لەو ساڵەدا بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەرلەمان كارا كرایەوە. ئیمتیازی پەرلەمانتاران پەرلەمانی كوردستان كە بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە نزیكەی (70) رۆژە پەكی كەوتووە، بەپێی یاسا ئیمتیازە داراییەكەی بەمشێوەیە: • پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان تێكڕای موچەكەی بە موچەی بنەڕەتی‌و دەرماڵەوە (8 ملیۆن‌و 84 هەزار) دینارە، واتە هاوتاو تاڕادەیەكیش زیاترە لە موچەی وەزیر. • بەپێی یاسا، پەرلەمانتاری كوردستان سێ كەسی وەكو هاوەڵ لەگەڵدایە، ئەمانە یەكێكیان شۆفێر‌و دوانەكەی تر پاسەوانی تایبەتن، موچەی شۆفێر‌و پاسەوانان ناكەوێتەسەر موچەی پەرلەمانتار، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین دەكرێت. • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان موچەكەی لەچوارچێوەی موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەدایە، مانگانە بڕی موچەكەی (12 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، ئەمە سەرباری ئەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە.
درەو: ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەجەدید"ی عەرەبی سێیەمین "ڕاپۆرتی ئاماری" خۆی سەبارەت بە بەڵێنەکانی "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران عێراق" کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتووە بڵاو دەکاتەوە. دوو ڕاپۆرتی پێشووی ماڵپەڕەکە کە لە لایەن بەشی "میتەر" ەوە ئامادەکراوە، یەکێکیان لە سالی 2020 و بە بۆنەی (100) هەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی کازمی لەلایەن ڕۆژنامەکەوە بڵاوکراوەتەوە و دواتر ڕاپۆرتێکی تری بە بۆنەی یەک ساڵەی دەستبەکاربوونی کابینەکە بڵاوکردەوەو تێیدا ئامارێکی تەواوی دەربارەی ئەو بەڵێنانە خستە ڕوو کە مستەفا کازمی بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو. ئێستاش ڕۆژنامەکە سێیەمین ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لە بارەی بەڵێنەکانی دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کابینەکەی کازمیدا بڵاوکردووەوەتەوە. بەپێی ئاماری ڕۆژنامەکە کە (44) بەڵێنی کازمی تۆمارکردووە کە پەیوەستن بە (سیاسەت و ئاسایش و ئابووری و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر)، لە دەرەنجامی ڕاپسییەکەیاندا کابینەکەی کازمی تاڕادەیەکی زۆر سەرکەتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، وردەکارییەکەی لەم گرافیکانەی خوارەوەدا ڕوون دەبێتەوە؛ مستەفا كازمی لەماوەی دوو ساڵی كابینەكەیدا چەندێك لە بەڵێنەكانی جێبەجێكردووە؟ 🔹دۆسیەی ئاساییش: 25%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی ئابوری: 7%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی تەندروستی: 25% جێبەجێكردووە 🔹بەڵێنەكانی گشتیەكان: 0%ی جێبەجێبكردووە 🔹دۆسیەی سیاسی: 22%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی خزمەتگوزاری: 25%ی جێبەجێكردووە
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ناوەندی سیاسیی لە ھەرێمدا ھەم خۆی ناوەندێکی داوەشاو و دابەشە بەسەر چەندان خێزان و بنەماڵەی سیاسیی ناکۆک و جیاوازدا، لەناو یەک بنەماڵەشدا دابەشە بەسەر چەندان کەسایەتی و بەرەی ناتەبا و ناجۆردا. ھەم وزەیەکی گەورەی بەشبەشکردن و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵاگەشە. ئەم کایە سیاسیە ڕێی لە دروستبوونی ھەر ھاوبەشێک گرتوە کە بکرێت ئیجماعێک لە ئیجماعەکانی لەسەر دروستببێت. ئەوەشی ھێزێکی گەورەی بەم ناوەندە سیاسییە بەخشیوە و کردویەتی بە کابوسێکی زەبەلاح، قۆرخکردنی ئابوریی و قۆرخکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و قۆرخکردنی حوکمڕانیکردنە، لە ھەرێمدا. ئەم ناوەندە سیاسییە چەندان نوخبەی جیاوازی داوەشاوی بە دەوری خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکاندا دروستکردوە. ماشێنێکی بیرۆکراسیی بەشبەش و مۆنۆپۆڵکراویشی بونیادناوە کە دابەشبوونەکان لە ئاستی دەزگایدا گەشەپێئەدات و ڕۆژانە لەڕێگای کارکردن و بڕیارەکانیەوە قووڵتر و گەورەتریان، دەکاتەوە. مارەکردنی ئەم جەستە شێواو و ھەڵوەشاوەش لە چەندان ھێزی سەربازیی و ئەمنیی گرێ‌دراو بەخێزانە سیاسیی و بە کەسە سەرەکییەکانی ناو ئەو خێزانانەوە، دۆخەکە پڕدەکات لە توندوتیژیی و ئەگەری پەنابردن بۆ توندوتیژیی. ئەوەی دیمەنەکەش تەواو دەکات ئامادەگیی کۆمەڵێک پارتی سیاسیی چەکدارە، کە مێژوویەکی پڕ ڕق و جەنگ و جنێو و ڕاوانان و ئیھانە و درۆکردن بەیەکیانەوە، گرێئەدات. ئەم ناوەندە گەورە دابەش و ناتەبا و ناحەزە بەیەکتر، ڕۆژانە خەریکی دابەزاندن و بڵاوکردنەوەی کۆی دابەشبوونەکانی ناوخۆیەتی بەناو کۆمەڵگاکەدا و سەرقاڵی چاندنیانە لەناو خانە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایەیە کە دەڵێم، کایەی سیاسیی لە ھەرێمدا وەک وزەیەکی تێکدەر و پارچارچەکەر، وەک توانایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەر ئیجماعێک، ئامادەیە و کاردەکات. ئەوەی ئەم کایە سیاسییە وەک ھێزێکی تێکدەر و بکەرەکانیشی وەک کەسایەتی سیاسیی، لەناویاندەبات، زۆرشتە، بەڵام لە ھەموویان گرنگتر و بنەڕەتیتر خودی بیرۆکەی نەتەوە خۆیەتی، نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی گشتیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بەیەکەوە، وەک شوناسێکی کۆگیر کە بتوانێت ببێت بە بەشێک لە شوناسی تاکەکەس و گروپەکان. لە ڕووی تیورییەوە نەتەوە دروستکراوێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگایەکی خەیاڵکردە، یەکەیەکی سروشتیی نییە خودا یان سروشت دروستیکردبێت. لەڕووی مێژووییەوە ئەوەی نەتەوە دروستدەکات سێ دەزگای سەرەکییە. یەکەمیان چاپخانەیە. دووھەمیان قوتابخانەیە. سێھەمیان سوپایە. مرۆڤ لەناو دەزگایانەدا دەکرێت بە ھاوڵاتی وڵاتێک، شوناسێکی ھاوبەش و گشتیی پێدەبەخشرێت و جۆرێک لە ئینتیمای تایبەتیشی بۆ دروستدەکرێت. لە چاپخانەدا، کە لە ئێستادا کۆی شێوازە جیاوازەکانی میدیاش دەگرێتەخۆی، بە میدیای دیگیتاڵییەوە، ھەم ئەدەبیاتی ھاوبەشی میلەتێک، ھەم زمانێکی ھاوبەش، ھەم ھەواڵ و دەنگوباسی ئەو نەتەوەیە، ھەم خەون و خەم و تەحەداکانی، بەرھەمدەھێنرێت و بڵاودەکرێتەوە. میدیا یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی دروستکردنی نەتەوە. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا، لە ھەمووشتێک وێرانتر و بەشبەشتر و پارچەپارچەکراوترە، ئەم ماشێنە گەورەیەی دروستکردنی نەتەوەیە. چاپخانە و میدیا لە ھەرێمدا سەرزەمینی ناشتنی نەتەوەیە نەک دروستکردن و پاراستنی. قوتابخانە، دەزگای دووھەمی دروستکردنی نەتەوەیە. ئەم دەزگایە جگە لەوەی کە خوێندێکی ھاوبەش بە کۆمەڵگا دەبەخشێت و ھاوڵاتییەکی خوێندەوار و ھۆشیار دروستدەکات، ھاوکات یەک ”سەرەتای یەکسان“یش بە سەرجەمی ئەو منداڵانە دەبەخشێت کە دەبن بە ئەندامی ئەو نەتەوەیە. لە قوتابخانەدا کەسانێک پەروەردەدەکرێن کە ھەستدەکەن سەر بە یەک کۆمەڵگا و یەک مێژوون و یەک چارەنووس چاوەڕوانی ھەمووانە. ھەمووان ھاوڵاتی یەکسانی ئەو سەرزەمینەن کە ھاوبەشانە تیایدا دەژین و گەورەدەبن. ئەوەی لە ھەرێمدا بەتەواوی وێرانکراوە قوتابخانەیە ھەم وەک دەزگای بەرھەمھێنانی ھابەشی مێژوویی و پەروەردەیی و عەقڵیی، ھەم وەک شوێنی بەخشینی ”سەرەتای یەکسان“ بە ھەموو منداڵانی وڵاتەکە. سیستمی پەروەردە لە ھەرێمدا سیستمی گواستنەوەی سەرجەمی دابەشبوون و ناکۆکییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ناوچەییەکانە بۆناو دونیای ئەو منداڵانەی ڕێیان دەکەوێتە ناو سیستمی خوێندنی ھەرێمەوە. دەزگای سێھەمی دروستکردنی نەتەوە، سوپایە. سوپا ئەو بەشە چەکدارەی نەتەوەیە کە ئەرکی ژمارە یەکی پاراستنی نەتەوە و نیشتیمان و کۆمەڵگایە لە ھەڕەشەی دەرەکیی، ئەوانەی لە سوپادا کاردەکەن ئەو ھاوڵاتییانانە کە ئامادەن، گەر پێویستی کرد، بە گیانی خۆیان بەرگریی لەو نیشتیمانەبکەن کە ئەوان سەربازیی ئەون. سوپا یان نیشتیمانییە یان دەزگایەکی ترسناکە و نابێت ھەبێت. ئەوەی لە بوون و خەیاڵ و عەقڵیەتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمدا غائیبە، وێناکردنی سوپایە وەک ھاوبەشێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. وەک دەزگای پاراستنی کۆمەڵگا. وەک ھێزێک کۆمەڵگا خاوەنی بێت. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، سوپای شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییە، سوپایە وەک موچەخۆری خێزانە حوکمڕانەکان، نەک وەک ھێزی پاراستنی شتێک بەناوی نەتەوە و نیشتیمانەوە. ئەم ھێزانە ھەم دەکرێن بەگژ سوپای خێزان و پارتە سیاسییەکانی تردا، ھەم بەگژ کۆمەڵگاکە خۆیشیدا. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا کاردەکات لۆژیکێکی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبیی و شەخسیی دابەشکەرە، کە ئیش‌کردنی ڕۆژانەی ئەم لۆژیکە ھەم پەرە بە دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە سونەتیی و تەقلیدییەکان ئەدات، ھەم دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی نوێش دروستدەکات. ئەم دۆخە وایکردوە ھاوبەشێک بوونی نەمێنێت کۆمەڵگا بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە، نە شاری ھاوبەش ھەیە، نە ناوچەی ھاوبەش، نە زمان و مێژوی ھاوبە، نە دەزگا و چاوەڕوانیی ھاوبەش. شتێکیش بەناوی بوونی کۆمەڵێک ئایدیال و خەونی ئایندەیی ھاوبەشەوە بوونی نییە. نەتەوە کۆمەڵەیەکی خەیاڵکردە و ھەمیشە لەناوەوەی کۆمەڵگادا دروستدەکرێت. کەسان و ھێزگەلێک دروستیدەکەن توانای تێپەڕاندنی قازانج و مەسڵەحەتە شەخسییەکانی خۆیانیان ھەبێت،. بتوانن بچنە دەرەوەی گرێ دەرونییە شەخسییەکانیانەوە. نەتەوە لە دەرەوەڕا دروستناکرێت، ھیچ کەسێک نەتەوە و نیشتیمان بۆ ھیچ کەسێکی تر دروستناکات. ھەر میلەت و نەتەوەیەک دەبێت خۆیان میلەت و نەتەوە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئەوەی لە ھەرێمدا سڕاوەتەوە ئەو ئیرادە سیاسییەیە کە بتوانێت لەودیوی دەسکەوت و قازانجە خێزانیی و شەخسییەکانەوە بیربکاتەوە و کاربکات.
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی نیسان = (164 ملیار) دینارە (کە بۆ موچە خەرج دەکرێت ئەگەر نا بەپێی زانیارییەکان بڕەکەی نزیکەی دوو هێندەیە) • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به بۆری) • هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی (2022)دا بڕی (13 ملیۆن و 616 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی نیسان (104.58) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (92.58) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (13 ملیۆن و 616 هەزار) بەرمیل X (92.58) دۆلار = (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 827 ملیار و 825 ملیۆن و 456 هەزار) دینار. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار X (56%) = (705 ملیۆن و 918 هەزارو 797) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (705 ملیۆن و 918 هەزارو 797) دۆلار X ((1450 دینار = (1 ترلیۆن و 23 ملیار و 582 ملیۆن و 255 هەزار و 360) دینار خەرجی نەوتە. - (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار X (44%) = (554 ملیۆن و 650 هەزارو 483) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (554 ملیۆن و 650 هەزارو 483) دۆلار X (1450) دینار= (804 ملیار و 243 ملیۆن و 200 هەزار و 640) دینار. کۆی داهات لە مانگی نیسان 2022 (دینار) • (804 ملیار و 243 ملیۆن و 200 هەزار و 640) داهاتی نەوت + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (999 ملیار و 743 ملیۆن و 200 هەزار و 640) دینار
شیكاری: درەو هەرێمی کوردستان خاوەن یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتییە، بەشی زۆری یەدەگەکەشی دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە، هەربۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم گازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات ئەوا (80%) گازی ئەم ناوچەیە پێکیدەهێنێت. گازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئایندەی نزیکدا (%16) پێداویستی تورکیا پڕبکاتەوە، جێگا بە گازی ئێرانی لە تورکیا لێژ بکات. وەک چۆن دەتوانێت بە ڕێژەی (23%) بەشداری لە پێداویستی ڕۆژانەی هێڵی بۆری نابۆکۆ بکات و ڕکابەری غازی ڕوسی بکات بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی پێداویستی یەکێتی ئەوروپا. یەکەم: یەدەگی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی کوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەکەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی (2.8-5.7) ترلیۆن مەتر سێجا، کە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان کێڵگەکانی غازی (بنەباوێ، کۆرمۆر، خورمەڵە، میران، چەمچەماڵ، کوردەمیر...)ە. ئاماری جیاواز بەردەستن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو غازە زۆرەیە، بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە، بەشی هەرە زۆری ئەو یەدەگەش دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەو و بەشێکیشی دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) هاوکات بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی (United States Geological Survey) هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە (60) ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە. هەروەها (تۆنی هیوارد) سەرۆکی کۆمپانیای (Genel energy) تورکی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی (5) ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بێت کە نزیکەی (١٧٧) ترلیۆن پێ سێجایە. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە ساڵی ٢٠١٥، یەدەگی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بە (٧٥) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق (۲٥) تریلیۆن پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە (۲۰۰) تریلیۆن پێ سێجا. هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی وزەی جیهانی (IEA)، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە تا ساڵی ٢٠٣٥ بە قەبارەی (٢٩)ملیار مەتر سێجا ساڵانە وەبەرهێنانی خۆی لە کەرتی غاز پەرە پێبدات، توانای خۆی ١٤% بەرزبکاتەوە لە دەکاتە (٤)ملیار مەتر سێجای ساڵانە. هەموو ئەم ئامارانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەهەرێمی کوردستان قەبارەیەکی گەورەی غازی سروشتی هەیە‌و شایەنی ئەوەیە پشتی پێ ببەسترێت. دووەم بەرهەم هێنان لە گازی سروشتی هەرێمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4) کێلگەی گازی دەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان کردووە، ئەوانیش (کۆرمۆر – چەمچەماڵ) لە ساڵی (2009) وە لە بەرهەم هێندانایە، ئەم کێڵگەیە کە لەلایەن کۆمپانیای (دانا گاز)ی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، لە مانگی کانونی دووەمی 2022 لە ڕایگەیاندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، لە كێڵگەی (كۆرمۆری چەمچەماڵ) ئاستی بەرهەمهێنانی گازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ سێجای ڕۆژانە. وەك ئەوەی کۆمپانیاکە دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700 ملیۆن) پێ سێجای ڕۆژانە. له ئێستادا كێڵگه‌كه سێ جۆر به‌رهه‌می هه‌یه 1. ڕۆژانه (452) ملیۆن پێ سێجا (13ملیۆن مه‌تر سێجا) گازی سروشتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له ڕێگه‌ی بۆڕیه‌وه ده‌نێردرێت بۆ هه‌ردوو وێستگه‌ی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌وڵێر. 2. ڕۆژانه بڕی (22) هه‌زار به‌رمیل كۆندێنسه‌یت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌تانكه‌ر ده‌گوازرێته‌وه بۆ وێستگه‌ی په‌مپی خورمه‌ڵه‌و تێكه‌ڵ به نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی نه‌وتی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم به‌نرخی ڕۆژ له كۆمپانیاكه‌ی ده‌كڕێته‌وه 3. بڕی (1050) تۆن گازی شل LPJ به‌رهه‌م دێت و داناگاز خۆی ده‌یفرۆشێته‌وه كۆمپانیا ناوخۆیه‌كان و له ئێستادا كۆمپانیای ساوس كوردستان ده‌یكڕێت و ده‌یگوازێته‌وه. هەروەها (خورمەڵە) کە کێڵگەی نەوت و گازە و سوتەمەنی بۆ ویستگەی کارەبا دابین دەکات و لەلایەن کۆمپانیای (کار)ەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە بارەی بڕ و قەبارەی بەرهەمەکەیەوە بەردەست نییە. کێڵگەکانی دیکەش کە بریتین لە (بنەباوێ) لە پارێزگای هەولێر و (میران) لە پارێزگای سلێمانی کۆپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی کاریان تێدا دەکات و لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و پەرەپێداندان. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) کۆمپانیاو کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان تێبینی: بەرهەمی غازی کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردێت، بەڵام بەرهەمی غازی ماڵان LPG کۆندێنسێت کۆمپانیا بۆخۆی دەیفرۆشێت سێیەم: بایەخی گازی سروشتی هەرێم بۆ تورکیا و یەکێتی ئەوروپا وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لە دەستپێکی ساڵی 2022 كۆمپانیای "دانە گاز" بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452) ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە. بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە 50% زیادیكردووە، وەك ئەوەی دانە گاز دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە (700) ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە. بەم پێیەش بێت و کێڵگە گازییەکانی دیکەی هەرێمیش نەگەنە بەرهەمهێنان ئەوا هەرێم کوردستان ئەو بەرهەمە گازەی دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت لە توانایدا دەبێت هەناردەی گازی سروشتی بکات بۆ دەرەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر کە لە ساڵی (2015) بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی (سلێمانی: شانشینی نەوت گازی کوردستان)، ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ 1. تورکیا بەهۆی ئەوەی دوو لە کێڵگە گەورەکانی گازی سروشتی هەرێمی لە پارێزگای سلێمانی کێڵگەی (میران) و لە سنوری پارێزگای هەولێر کێڵگەی (بنەباوێ)ی بەدەستەوەیە دەتوانێت هەیمەنەی تەواو بکات بەسەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستان کە تورکیا و ئەوروپا چاویان لەسەرییەتی و ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە. 2. هەرێمی کوردستان ئەو گازەی دەتوانرێت لە داهاتوودا بەرهەمی بهێنێت (80%)ی لە پارێزگای سلێمانی دەبێت، ئەگەر بیەوێت هەمان ئەو بڕەشی وەک کۆمپانیای "دانا گاز" ڕایگەیاندووە لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر) هەناردە بکات دەتوانێت نزیکەی (16%)ی پێداویستی گازی تورکیا دابین بکات، بە مانایەکی دیکەش دەشتوانێت بەشداری لە هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا بکات لە ڕێگەی هێڵی بۆری (نابۆکۆ)وە بە ڕێژەی بەشداری (23%) و هەیمەنەی روسیا کەمدەکاتەوە لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا. 3. هاوکات دەتوانێت بە ڕێژەی نزیکەی (20%) بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی هەیمەنەی ئێران بەسەر تورکیادا کە ساڵانە زیاتر لە (10 ملیار) مەتر سێجا گاز لە وڵاتەوە هاوردە دەکات. لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) توانای گازی هەرێم و پێداویستی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دۆر، سلێمانی: شانشینی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان، ساڵی بڵاوکردنەوە 2015. - ڕاپۆرتی درەو، غازی هەرێم لە كێشمەكێشمی ئێران و توركیادا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9956 - یادگار سدیق گەڵاڵی، سەربەخۆیی دارایی و دابەشبوونی جوگرافی کێڵگەکانی نەوت وگازی هەرێم؛ https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=3464 - وریا عەبدولخالق، بلۆکی کۆرمۆر؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9701 - داستان سدیق، كارەبا و غازی ماڵان بۆ كەمە؟ دانەغاز بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی گەیاندووەتە ئاستێكی پێوانەیی؛ https://esta.krd/124272/
(درەو): سەربەخۆكان كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەوە، سەدر‌و چوارچێوەی هەماهەنگی هەردوولایان جڵەوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق داوەتە دەست سەربەخۆكان، سەربەخۆكانیش هێشتا بێدەنگن‌و باوەڕ بە دۆخە سیاسییە نوێیەكە ناكەن، سەربەخۆكان كێن ؟ سەربەخۆكان لەنێوان سەدر‌و چوارچێوەدا مۆڵەتە یەك مانگییەكەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، عەبادی، حەكیم) كۆتایی هات، چوارچێوە لە كۆتایی مۆڵەتەكەدا دەستپێشخەریی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رایگەیاند. سەدر كە مانگی رەمەزان لە خەڵوەتدا بوو، هەر دوای رەمەزان خەڵوەتەكەی شكاند‌و بە تویتێكدا دەرفەتەكەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی وەرگرتەوە‌و بانگەوازی پێكهێنانی حكومەتی راگەیاند. هەردوولا (سەدر‌و چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا، دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ. ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق نادیارە، هەندێك بە (45) پەرلەمانتارو هەندێكی تر بە (40) پەرلەمانتار ئەژماریان دەكەن، لەپاڵ ئەمەشدا قسەوباسی جیاواز هەیە لەبارەی دەستەواژەی "پەرلەمانتاری سەربەخۆ"وە. بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە دیاریكردنی (دوو لەسەر سێ) وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی گەیاندە بنبەستی سیاسی، هیچ یەكێك لەو دوو بەرە سیاسییەی كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراقەوە دروستبوون، بەبێ ئەوی تر ناتوانن نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەگوێرەی دەستوریش بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێناكات. یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رویدا، سەركەوتنی هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بوو بۆ پەرلەمان، ئەمە بەرەنجامی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بوو، هەموارێك كە خواستنی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تیشرینی 2019ی عێراق بوو، بەهۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە بۆ یەكەمجار لە عێراقی دوای سەددامدا سەرۆك وەزیرانێك (عادل عەبدولمەهدی) ناچار كرا لەژێر فشاری شەقامدا دەستلەكاربكێشێتەوە. هەمواری یاسای هەڵبژاردن وەكو ئەوەی پیشبینی لێ دەكرا نەیتوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان، بەجۆرێك ئەم توێژە سیاسییە نوێیە كۆتایی بە سەردەمی حوكمڕانی هێزە نەریتییەكانی بهێنن، بەڵام دابەشبوونی سیاسی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتیش ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەو دەرفەتەی بە سەربەخۆكان بەخشی، بەبەهێزی لەناو گۆڕەپانە سیاسییەكەدا دەركەون. پەنابردنی هەردوو بەرە سیاسییەكەی عێراق بۆ سەربەخۆكان، ئەگەر بەدیوێكدا بێئاكامبوونی هەوڵی هەڵواشینی بنبەستی سیاسی عێراق بێت بەم توێژە سیاسییە نوێیەدا، بەدیوەكەی تردا نیشاندەری ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش شیعەكان لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019وە لەبەردەم شەقامی ناڕازیدا چیتر توانای سەرچڵیی سیاسی‌یان نییە. ئێستا كە هەردوو بەرە ناكۆكەكە داوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە كەمینەیەكی سەربەخۆ دەكەن، ئایا سەربەخۆكان خۆیان كێن‌و ژمارەیان چەندە ؟ ئایا توانای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان هەیە ؟ ئایا ئەگەر كاندید دیاری بكەن هەردوو بەرە ناكۆكە سیاسییەكان متمانە بە كاندیدەكە دەبەخشن ؟ ئەگەر كاندیدی سەربەخۆكان حكومەت دروست بكات توانای تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسییەكانی دەبێت یاخود روبەڕووی هەمان چارەنوسی عادل عەبدولمەهدی‌و مستەفا كازمی دەبێتەوە كە هەردووكیان كاندیدی تەوافوقی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بوون ؟ سەربەخۆكان كێن ؟ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق هێشتا وەڵامێكی ئەوتۆیان بۆ بانگەوازی هەردوو بەرەكە نییە كە داوای دیاریكردن‌و پێكهێنانی حكومەتیان لێكردوون. (حسێن عەربەب) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقی سەربەخۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێ" لەماوەی دوو رۆژدا پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دیدی خۆیان لەبارەی پرسی بنەستی سیاسی‌و ئەو دەستپێشخەرییانە رادەگەیەنن كە خراونەتەڕوو". ئەم پەرلەمانتارە باس لەوە دەكەن، تێڕوانینی جیاواز لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەیە لەبارەی ئەگەری بەشداریكردن لە حكومەت‌و وەرگرتنی پۆست یاخود نا. دەستپێشخەریی سەدر‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرچەندە لەوەدا چونیەكن كە پرسی پێكهێنانی حكومەت دەدەنە دەست پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، بەڵام لە وردەكاریدا هەندێك جیاوازییان هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكات‌و كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكات، واتە چوارچێوە‌و سەدر پێكەوە گفتوگۆ بكەن‌و كاندیدەكە پەسەند بكەن، بەڵام سەدر لەمە زیاتر رۆیشتووە، دەڵێ با سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن‌و سەدر پشتیوانیان دەكات، بەڵام سەدرییەكان بەشداری لە حكومەتەكەدا ناكەن، بەمەش دەرگای دانیشتن‌و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە داخستووە. چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرباری ئەوەی مافی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دەداتە دەست سەربەخۆكان، بەڵام هاوكات مەرجی ئەوەی داناوە ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكومەت دەكەن دەبێت پێكەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، یاسایەك كە دەرگای كردوەتەوە لەسەر سەركەوتنی خەڵكانی سەربەخۆ بۆ پەرلەمان، واتە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەن سەربەخۆكان خەڵات دەكات‌و لەلایەكی ترەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنێت. جیاوازییەكی تری دەستپێشخەریی هەردوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی كاتی بۆ سەربەخۆكان دیاری نەكردووە، بەڵام سەدر ماوەی (15) رۆژ مۆڵەتی پێداون حكومەت دروست بكەن، سەرباری ئەمە سەدر مەرجی هەیە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئەوانەی كە مافی پێكهێنانی حكومەتیان پێدەدرێت بچنەپاڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، ئەمە بۆ ئەوەیە لە قۆناغی یەكەمدا پێكەوە بتوانن كاندیدی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، لەم حاڵەتەشدا لە ئەگەری سەركەوتنی سیناریۆكەدا كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت. فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراق لە تویتێكدا بەمشێوەیە پێناسەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەكات: سەربەخۆكان چەند جۆرێكن: • سەربەخۆی راستەقینە: ئەمانە ژمارەیان كەمتر لە 7 پەرلەمانتارە • سەربەخۆی سەربە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە: ئەمانە ژمارەیان (10) پەرلەمانتارە • سەربەخۆكانی سەربە هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر: ئەمانە ژمارەیان لەنێوان (7 بۆ 10) پەرلەمانتاردایە • سەربەخۆی حزبیش هەیە كە مەیل‌و پارەیان لەلایەن حزب یاخود كەسێكەوە بۆ دابین دەكرێت: ئەمانەش ژمارەیان لەنێوان 24 بۆ 30 پەرلەمانتارە بەهۆی ئەم دابەشبونەی كە لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆدا هەیە، فەرهاد عەلادین پێشبینی دەكات سەربەخۆكان نەتوانن حكومەت دروست بكەن‌و بنبەستی سیاسی لە عێراق هەر بەردەوام بێت. زۆرینەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەربە پێكهاتەی شیعەن، دیارترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵك"ە كە خاوەنی (18) كورسی پەرلەمانە‌و هاوپەیمانێتی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ (9 كورسی)و بزوتنەوەی (ئیمتیداد)ە كە ئەویش بەهەمان شێوە (9) كورسی هەیە، ئەم هاوپەیمانێتییە تائێستا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی بەشداری پێكهێنانی حكومەت دەكات یاخود نا؟ لەپاڵ سەدر رادەوەسێتێ یاخود چوارچێوەی هەماهەنگیی ؟ دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار دەدات یاخود كاندیدی یەكێتیی ؟ چارەنوسی حكومەتی سەربەخۆكان سەرباری ئەوەی پێدانی مافی پێكهێنانی حكومەت بە سەربەخۆكان لەلایەن هەردوو بەرە ناكۆكەكەوە تەنیا وەكو تاكتیكێكی سیاسی تەماشا دەكرێت، بەڵام ئەگەر گریمانە بكرێت دواجار هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێكبكەون سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن، حكومەتی سەربەخۆكان حكومەتێك دەبێت هاوشێوە لاخود لاوازتر لەو حكومەتەی كە ئێستا هەیە‌و مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات. كازمی كاندیدی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەكان بوو لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی)، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا روبەڕووی چەندین هێرشی گروپە چەكدارە شیعەكان بووەوە، نەیتوانی بەڵێنەكانی بۆ دەستگیركردنی بكوژی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، حكومەتی سەربەخۆكان كە حكومەتی بەلاداخستنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بێت، روبەڕووی هەمان چارەنوس دەبێتەوە.
درەو: راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی - رانانی ئاییندەیی ژمارە (10) هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریی سه‌ددام، له لایه‌ن هێزه هاوپه‌یمانه‌كانەوە و پاشان دانانی حاكمی مه‌ده‌نی (پۆل برێمه‌ر) و حوكمكردنی عێراق به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ ماوه‌ی یه‌كساڵ، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، ده‌وڵه‌تی عێراق له دامه‌زراندن و بنه‌ما دامه‌زراوه‌یی و حوكمڕانییه‌كانیدا، كه‌وته ژێر كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییەوە، به‌ڵام له‌وكاته‌وە تا ئه‌مڕۆ ئێران و ئه‌مریكا دوو یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق بوون، بۆ ئێستاش، سه‌رباری گۆڕانكاری له ڕۆڵی هه‌ردووكیان و ده‌ركه‌وتنی یاریكه‌ری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی دیکە، هێشتا هاوكێشه‌ی هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تی ( ئه‌مریكا وئێران) له پێكهێنانی حكومه‌تی به‌غداددا گرنگی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه. یه‌كه‌م:ئه‌مریكا هه‌رچه‌نده پاش كشانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا (ساڵی ٢٠٠٩)، ئه‌م وڵاته ڕۆڵی سیاسی له عێراقدا پاشه‌كشه‌ی كردووە، به‌ڵام شه‌ڕی داعش له سوریا و عێراق جارێكی تر ئه‌مریكای هێنایه‌وه نێوچه‌كه. له سه‌رده‌می سه‌رۆكایەتیی ترامپدا(٢٠١٧-٢٠٢١) ئه‌مریكییه‌كان پاڵپشتی حكومه‌ته‌كانی عادل عه‌بدو‌لمه‌هدی و كازمییان كرد و به ئاشكرا گوشاری توندیان خسته سه‌ر ئێران. پاش كوشتنی قاسمی سلێمانی، ئاراسته‌یه‌كی به‌هێز لای ئه‌مریكیه‌كان له عێراقدا په‌یدا بوو كه هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه‌كانی نزیك ئێران له ده‌سه‌ڵاتی عێراق بدرێت. به‌م شێوه‌یه پاڵپشتی خۆی بۆ داواكاری تشرینیه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌ربڕی كه تیایدا حكومه‌تێكی(دور له تاران) هه‌ڵبژێردرێت. پێده‌چێت له‌سه‌ره‌تادا گه‌شبینیه‌كی ئه‌مریكی بۆ په‌لەكردن له پەكهێنانی حكومه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ له ئارادا بووبێت، به‌م شێوه‌یه هه‌ر زوو پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كرد و پشتگیری ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌یه‌كی "شیعی- سوننی- كورد"یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دەربڕی، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردستانی(یه‌كێتی و پارتی) كه‌وتنه نێو ململانێی توندەوە، به‌هۆی داواكاریی چاوه‌ڕێنه‌كراوی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها به‌هۆی سه‌نگه‌رگرتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه شیعییه‌كانی تر دژ به سه‌در و سه‌ركه‌وتنیان له په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران، له ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان و رۆژئاوا به گشتی لە هه‌مان هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایان خاوبوونەتەوە. له‌لایه‌كی دیکە‌وه گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كانی ڤییه‌نای نێوان ئه‌مریكا و ئێران و شه‌ڕی ئۆكرانیا-روسیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا له عێراق جێهێشتوه. هەنووکە به‌هۆی سه‌ر‌قاڵییان به شه‌ڕی ئۆكرانیا وسه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منی له ئه‌وروپا، واشنتۆن و برۆكسل كه‌متر له‌جاران ئاماده‌ییان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وەی ڕاستەوخۆی دژ به ئێران له نێوچه‌كه و عێراقدا هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ببێته هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق دور له كاریگه‌ری ئێران و لایەنگرەکانی له عێراقدا. دووه‌م: ئێران هه‌رچه‌نده هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ی عێراق، له‌سه‌ره‌تادا وا لێكده‌درایەو كه شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌ی دۆسته‌كانی ئێرانه، به‌ڵام دوای زیاتر له شه‌ش مانگ له هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هێشتا به‌ره‌ی(دژ به ئێران) دورن له به‌ده‌سهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن. ئێرانییه‌كان به‌هۆی هاوكارییكردنی عێراق دژ به شه‌ڕی داعش و دامه‌زراندنی میلیشیاكانی (حه‌شدی شه‌عبی) توانیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به شێوه‌یه‌كی فراوان له عێراق په‌ره‌پێبده‌ن، هه‌رچه‌نده له‌دوای ٢٠٠٣وه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئه‌وسای شیعه، په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بووه، به‌ڵام جیاوازیی نێوان مەرجەعەکان و ململانێی سیاسی نێوان ماڵی شیعه به‌شێك له سه‌ركرده شیعه‌كانی عێراقیان هاندا بۆ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیقلیمی تر. له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٢١ یش ئه‌م ڕه‌وته به ڕونی ده‌ركه‌وت. پێده‌چێ سه‌رباری گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له عێراق به تایبه‌ت باش كوشتنی قاسم سلێمانی، به‌ڵام هێشتا ئه‌سته‌مه هیچ حكومه‌تێك بێ ره‌زامه‌ندی ئێران و دۆسته‌كانی له عێراق پێكبهێنرێت، هێشتا به‌شێكی به‌رچاوی شیعه‌ی عێراق ئه‌و وڵاته به نزیك و ته‌نانه‌ت به مه‌رجه‌عی ئایینی و سیاسی ده‌بینن، بۆیه به پاڵپشتی تاران به‌ره‌یه‌كی چالاكی سیاسی‌یان (چوارچێوه‌ی هه‌مانگی) دروستكردوه، له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا كاریگه‌ریی هه‌بووه له به‌هێزكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران له سوریا و عێراق، به‌تایبه‌ت پێویستیی بازاڕی نه‌وت و گازی جیهانی به تواناكانی ئێران پاش ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو دژی داواكاری ئه‌مریكا بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌وی كه‌می نه‌وت و گازی روسیا وه‌ستان. به‌م شێوه‌یه، هه‌وڵی ڕۆژئاوا بۆ دورخستنه‌وه‌ی ڕوسیا له بازاڕه‌كانی وزه، پێگه‌ی ئێرانی له نه‌خشه‌ی سیاسی و وزه‌ی هه‌رێمی و جیهانی به‌هێزكرده‌وه. به‌كورتی دور نیه پێكهێنانی حكومه‌ت له به‌غدا بۆ كاتێك دوا بكه‌وێت كه هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی(ئێران و ئه‌مریكا) له گۆشه‌نیگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پاش جه‌نگی ئۆكرانیا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نوێیان له عێراق و ناوچه‌كه بۆ دروست بێت، یاخود لانیکەم یەکلاببنەوە لە ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن. سێییه‌م: توركیا هه‌رچه‌نده توركیا پێشتر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا نه‌بوه و ته‌نها له‌رێی قه‌ته‌ر و به‌شێك له سوننه‌كان و كورده‌كان كاریگه‌ریی سنورداری هه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان توركیا و ئیمارات و زۆر له وڵاتانی كه‌نداو كاریگه‌ریی توركیا له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی جیاوازی شیعی- سونی- كورد په‌ره‌ی سه‌ندوه. ڕاستی كاریگه‌ری توركیا له هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق له دوو وێستگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وت: یه‌كه‌میان كاتێك توانی له ئه‌نقه‌ره دوو سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه (حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر) كۆبكاته‌وه و رێكیان بخات به وه‌رگرتنی سه‌رۆك په‌رله‌مان بۆ حه‌لبوسی و به‌رامبه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆمار یان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خه‌نجه‌ر. وێستگه‌ی دووه‌میش نزیككردنه‌وه‌ی سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی(سه‌در، سوننه، پارتی) به هاوكاری ئیمارات له چوارچێوه‌ی یه‌ك هاوپەیمانێتی و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و دورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر. هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی كه توركیا به هاوكاری ئیمارات پشتگیری كرد وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئێستا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هاوپه‌یمانێتییه‌كه نەیتووانیووە هەنگاوی ڕیشەیی بۆ ئامانجەکەی بەرێتە پێشەوە. به‌شێكی زۆری شیعه‌كان، به‌وانه‌ی كه نزیكی توركیاشن، نیگه‌رانن له ڕۆڵی توركیا له فایلی نه‌وت و گازی كوردستاندا، سه‌باره‌ت به سوننه‌كانیش دۆستی هه‌ره نزیكی توركیا كه ئوسامه نوجێفی بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه شكستی هێنا و خه‌میس خه‌نجه‌ریش ته‌نها خاوه‌نی ١٣ كورسی په‌رله‌مانییه، به پێچه‌وانه‌وه قورسایی سه‌ره‌كی سوننه‌كان لای حه‌لبوسی(٣٤ كورسییە) كۆبۆته‌وه كه دۆستی نزیكی ئیماراته، به‌مه قورسایی توركیا له‌نێو سوننه‌كاندا به‌نده به په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیماراتدا. چواره‌م:ئیمارات ئه‌م میرنشینه به‌هۆی پشتگیری له سوننه‌كانی عێراق، به تایبه‌ت حه‌لبوسی، له‌لایه‌ك و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و هه‌ندێ لایه‌نی شیعی و كورد له‌لایه‌كی ترەوە، ئێستا ڕۆڵێكی زیاتری له نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق ده‌گێڕێت. ئیمارات دوای كرانه‌وەی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و توركیادا، سیاسه‌تێكی جیاواز له نێوچه‌كه په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌م سیاسه‌ته ته‌نانه‌ت له هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاشدا ده‌ركه‌وت، کاتێک نه‌چووه پاڵ ئه‌مریكا و بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاند. پێده‌چێت له دروستكردنی به‌ره‌ی(سه‌در، حه‌لبوسی، پارتی)دا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوبێت، ئه‌ویش به بانگێهشتكردنی سه‌ر‌جه‌میان بۆ ئیمارات، ئێستا به وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لەلایەن حه‌لبوسییەوە كه دۆستێكی نزیكی ئیماراته، سه‌ركه‌وتنی دیاری له‌عێراقدا تۆماركردوه. به‌ڵام به‌مانه‌وه‌ی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان ئێران و ئیمارات و نزیككه‌وتنه‌وی ئه‌مریكا - ئێران له‌سه‌ر فایلی ئه‌تۆمی و هی تر، ره‌نگه رۆڵی ئیمارات له دیاریكردنی چاره‌نوسی حكومڕانی له عێراق روو له پاشه‌كشه بكات. ده‌ره‌نجامەكان ١- ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٢، وا ده‌ركه‌وت كه به‌ره‌یه‌كی نوێ به سه‌ركردایه‌تی سه‌در-حه‌لبوسی- پارتی زۆرینه‌یه‌ك پێك دێنێت كه له‌توانایدا بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراق به هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌وه بگرنه‌ده‌ست، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له شه‌ش مانگی هه‌ڵبژاردن، هێشتا جگه له دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، شكستیان هێناوە له ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و پێکهێنانی حکومەتدا. ٢- له‌دوای ٢٠٠٤ وه، هه‌مو حكومه‌تێك له عێراق به سازانی نێوخۆیی كورد-شیعه-سوننه پێكهاتووه، به‌رده‌وامیش كورد و شیعه له نێوخۆیاندا یه‌ك ده‌نگ بوون، به‌ڵام له ئێستادا ڕە‌وتی سه‌در بانگه‌شە بۆ حكومه‌تی زۆرینه نه‌ك سازان دەکات، ئه‌م بانگه‌شه‌یه هه‌رچه‌نده توانی حه‌لبوسی و پارتی بهێنێته به‌ره‌ی خۆیه‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له په‌راوێزخستی هێزه كوردستانی و شیعی و سوننیه‌كانی دی. ٣- سه‌باری ئه‌وه‌ی شه‌قامی سیاسی شیعه دیارده‌ی نوێی وه‌ك تشرینییه‌كانی به‌خۆوه بینی و هاتنه نێو په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام نه‌تواندرا پارسه‌نگی هێزه كلاسیكییه ئاینیه‌كان لاسه‌نگ بكه‌ن، ئێستا داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ره‌كان كه هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بوو، له ئه‌جێندای سیاسی پێكهێنانی حكومه‌تدا نین. ٤- به‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی "حكومه‌تی زۆرینه" له‌لایه‌ن به‌ره‌ی سه‌در و حه‌لبوسی و پارتی-یەوە، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی ململانێی ئاشكرای نێوان دوو هێزی سه‌ره‌كی كورد(یه‌كێتی و پارتی) له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه پێشتر لای یه‌كێتی بوه، نێوماڵی كورد، وه‌ك هی سوننه‌و شیعه، دووبه‌ره‌كی توندی تێكه‌وتووه، به‌شێوه‌ك كه كاریگه‌ری نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر پێگه و ده‌سه‌ڵاتی كورد له به‌غداد هه‌یه، به‌ڵكو بۆ هه‌رێمی كوردستانیش تەشەنەی کردووە. ٥- له سه‌ره‌تادا به‌هۆكاری هەرێمی و نێوخۆیی سوننه‌كان به یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌ركه‌وتن و تووانییان پشكی خۆیان(سه‌رۆك په‌رله‌مان) له‌دوای هه‌ڵبژاردن مسۆگه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام له ئێستادا به‌ره‌ی سوننه‌ش درزی تێكه‌وت و بەشێکی ڕە‌وتی (عه‌زم)ی سوننی جیابوونه‌وه و چوونه پاڵ به‌ره‌ی دژەوە. به‌م شێوه‌یه ڕوون نیه له ئاینده‌دا له شێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پۆسته باڵاكانی تری سوننه‌كان به چ شێوه‌یه‌ك دابه‌شده‌كرێت. ٦-ململانێی شیعه- شیعه له ئێستادا ناونیشانی سه‌ره‌كیی كێشه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقه، هه‌وڵی سه‌دڕ بۆ دورخستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی وه‌ك مالكی له پرۆسه‌ی سیاسی كه دووه‌مین هێزی شیعه‌ی پاش سه‌درە، پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی په‌كخستووه و ته‌وقیتاته ده‌ستورییه‌كانی تێپه‌ڕاندوه. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه نه‌توانن له‌سه‌ر خاڵه سه‌ره‌كییه‌كان پێك بێن، ڕە‌نگه په‌كخستن و پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت له عێراقدا درێژە بكێشێت ودواجار بیر له بژارده‌ی تر وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان یان گوشارخستنه سه‌ر دادگای فیدڕاڵی بۆ ده‌ستێوه‌ردان یان ده‌سپێكردنی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی بكرێته‌وه، كه بێگومان ئه‌مه عێراق ده‌باته نێو تونێلێك له نائارامی مه‌ترسیدار. چونكه تائێستا كلتوری ئوپۆزسیۆن بوون له عێراقدا زۆر لاوازه‌و زۆربه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان شێوازی سفری(هەموو شت یان هیچ)یان هه‌یه. بەڵام دیوێکی دیکەی ململانێى پێکهاتەى شیعە، ئەوەیە ڕەنگە بە هۆکارى دەرەکى بوبێت یان رێکەوتنى نێوخۆیى هەرچەندە کێشەکانیش گەورە بن، وەک لە ئەزموونەکانی رابردوودا بینراوە، لە دواجاردا بەرژەوەندى گشتى پێکهاتەکە زاڵبووە و گرێکوێرەى سیاسىیان کراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نەبوونى ئەم فاکتەرانە قورسە لە ئایندەى نزیکدا باس لە ڕێکەوتن بکرێت، چونکە: (لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراق، مەرجەعى باڵا لەسەر ڕوداوەکان بەردەوام هەڵوێستى هەبووە، ئێستا نەبوونى قسەى فەرمى مەرجەعى باڵا واى کردووە بۆشایى گەورە دروست بێت. فاکتەرى وادە دەستورییەکان(التوقیتات الدستوریە) پاڵنەرى سەرەکى بووە لەوەى هێزەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانى حکومەت و بەردەوامى بدەن بە پرۆسەى سیاسى. شەقامى سیاسى زۆر کاریگەر تر بوو لە ئێستا، خۆپیشاندانى تشرینی و دەرئەنجامەکانى، تا ڕادەیەکى زۆر بێمتمانەیى و بێهیوایى دروستکردوە، بە تایبەت كە دەرئەنجامەکانى لە ئاست چاوەڕوانى خۆپیشاندەراندا نەبوو. چەک قسەى یەکلاکەرەوە دەکات، بۆیە هیچ هێزێک لەو هێزانە ناتوانن دەستبەردارى دەسەڵات بن). ٧- دور نیه ئێرانییه‌كان (وه‌ك پێشتر) بتوانن رۆڵێك له نزیككردنه‌وه و یه‌كخستنی ماڵی شیعه بگێڕن كه ده‌بێته هۆی زووتر پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌نده به چه‌ندین هۆكاری تری وه‌ك كه‌متربوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن و هه‌وڵدانی هه‌ردولا بۆ قایلكردنی دۆسته‌كانیان و نزیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی نه‌یاری شیعه (سه‌در و مالكی)، به پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافوقی كه سه‌رجه‌م لایه‌نه كاریگه‌ره‌كان نوێنه‌رایه‌تیان تێیدا هه‌بێت. ڕانانى ئایندەیى ژمارە (١٠) ى ساڵى٢٠٢٢
نەوزادی موهەندیس • هەرێمی كوردستان تائێستا بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ‌دا.هەربۆیە لەلایەك ئەرك و دەسەڵاتی دیاریكراوی لە ئەستۆدایە و لەلایەكی تریشەوە مافی دەستوری تایبەت بەخۆی هەیە.هەربۆیە هەرێمی كوردستان لەلایەك ناتوانێت وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكات لەڕووی سیاسیەوە بێت یان بارزگانی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە بێت لەدەرەوەی سنورە نێودەوڵەتیەكانی دەوڵەتی عێراقیدا بەبێ ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەند. لەلایەكی تریشەوە ئەم هەرێمە لەكاتی هەڕەشە و مەترسیە دەرەكیەكاندا بۆی هەیە داوا لەدەوڵەتی ناوەندی و سوپای وڵات بكات كە بیپارێزن لەهەر هەڕەشە و فشار و مەترسیەكی دەرەكی.بۆیە تا ئەو سات و كاتەی كە پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتی ناوەندیەوە لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بێت،پێویستە بەم سیسمە كاربكرێت كە لە زۆر ڕوەوە قازانج و سوودی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان تیادایە، تائەوكاتەی زەمین و زەمانی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ جیابونەوە و سەربەخۆبوون. • ئاشكرایە هەرێمی كوردستان خۆشبەختانە دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو ((45-60 ملیار بەرمیلی یەدەگی )) و غازی سروشتی((5,2 تریلیۆن مەترسێجا)) و هەمەجۆر كانزای سروشتی تر.كە هەموانیان گەر بە پلان و عەقڵ و ئیدارەیەكی ژیر و حەكیم و زانستی و لێزانانەوە ببرێن بەڕێوە ئەوا دەبنە سەرچاوەی داهاتی زۆر و زەوەند و مایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانبونەوەی زیاتری وڵات و گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردەواریش لەهەموو ڕوەكانەوە .بەڵام گەر بە پێچەوانەشەوە ئەم سەروەت و سامانە سروشتیانە بە بیری تەسكی كەسی یان حیزبی یان لەبەرژەوەندی گروپێك یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو مامەڵەی پێوەبكرێت بەشێوەی تاریكاوی و ناشەفاف ئەوا نەك هەر نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی تاك و خێزان و كۆمەڵگا بەڵكو دەبێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئێستا و ئایندەی هەرێمەكەشمان و دەبێتە هۆی قەرزار باری و كەڵەكەبونی قەرزی زۆر‌و زەوەندی وڵاتان و كۆمپانیاكانیش و بۆ دەیان ساڵی ئایندەش هەروا دەمێنێتەوە. • بۆیە نەوت و غازی سروشتی لەهەموو جیهاندا و بەتایبەتیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەوڵەمەندە بەهەردوو سەرچاوەی وزەكەوە لە ((نەوت و غازی سروشتی)) بەتایبەتیش وڵاتە عەرەبیەكان، بەشێوەیەك بەپێی ئاماری ساڵی 2020 وڵاتانی عەرەبی بەڕێژەی 55.7% یەدەگی نەوتی جیهانیان تیادایە كە یەكسانە بە 715.8 ملیار بەرمیل نەوتی خاو كە لە 5 وڵاتی عەرەبیدا هەیە بەڕێژەی 92.7% كە بریتین لەهەریەكە لە ((سعودیە و عێراق و كوێت و ئیمارات و لیبیا))و بەڕێژەی 26.5% یەدەگی غازی سروشتی جیهانیان تیادایە كە بەم ڕێژانە لەهەر سێ وڵاتانی ((قەتەر 43.8% و سعودیە 16.9% و ئیمارات 11.2%)). • بۆیە نەوت و غازی سروشتی هەمیشە وەكو چەكێكی یان شمشێرێكی دوو دەم وایە گەر بەڕاست ودروستی و لە چوارچێوەی مامەڵە و یاسا و ڕێسا كاریپێكراوە جیهانیەكان و هاوجووت لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەكان و كۆمپانیا زەبەلاحە نەوتیەكاندا هەڵوسكەوتی لەگەڵدا كرا ئەوا سەرەڕای ئەوەی كە كۆمپانیاكان قازانی زۆر دەكەن بەڵام لێشدەگەڕێن كە خاوەنی سەرچاوەكانیش قازانج بكەن، بەڵام ئەویش لەسنورێكی دیاریكراودا. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەوانەوە جوڵایتەوە ئەوا دەبێتە مایەی سەرخواردن و مایەپووچبوون ولەناوچوون و ڕووخاندنی دەسەڵات و وڵاتەكەشت .هەروەكو چۆن ڕوویدا لەگەڵ حەمەڕەزا شای ئێران و صدام حسێنی عێراق و موعەمەی قەزافی لیبیا و هۆگۆ شافێزی فەنزەوێلا و گەلێكی تریش. • لە ئێستادا هەرێمی كوردستان كە لەساڵی 2002وە بیرە نەوتەكانی تەقتەقی هەڵدایەوە و دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەدەوە و دواتریش واژۆكردنی 42 گرێبەستی جیاوازی نەوتی(( 5-50 ساڵی)) لەگەڵ 26 كۆمپانیای جیاواز و لە 50 بلۆكی نەوتیدا،و دواتریش بەناوی پیادەكردنی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوریەوە،كەوتە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-جیهان توركیەوە بە ئاشكرا و بێ مۆڵەت وەرگرتن لەبەغداد و بێ هاوكاری و هەئاهەنگی لەگەڵیدا.ئەوەی كە لەسەر زەمینەی واقع دەیبینین بریتیە لەوەی كە حكومەتی هەرێم خۆی پابەندكردوە بەو گرێبەستە نەوتیانەوە لەگەڵ كۆمپانیكاندا و مانگانە زیاد لە نیوەی داهاتەكەی دەداتەوە بە (( خەرجی كۆمپانیان و كرێی بۆری گواستنەوەی نەوت وپاراستن و صیانەكردنی بۆریەكان و قەرزی كەڵەكەبووی چەند ساڵە و ...هتد.))كە بونەتە مایەی ئەوەی حكومەتی هەرێم نەتوانێت تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی خۆشی لەكاتی خۆیدا دابینبكات و پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانیەكانیش جێبەجێبكات.بەرئەنجام هەرێمی كوردستان زیانی بەركەوتوە نەك قازانج. • مەترسیەكانی سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان تایبەت بە فرۆشتنی غازی سروشتیشەوە ،بەڕای بەندە گەر بەم عەقڵ و پلان و بیركردنەوەیەی نەوتی خاوەكە بێت ئەوا لە غازی سروشتیەكەشدا نەك هەر زیانی گەورەمان بەردەكەوێت لەڕووی ئابوریەوە ،بەڵكو مەترسی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمەكەشمان دێتە ئاراوە ئەوە واز لە قازانجكردن هەربێنە!!. چونكە غازی سروشتی لە ئێستادا و بۆ ئایندەش لە جیهاندا دەبێتە جێگرەوەی سەرەكی نەوتی خاو لە پیشەسازیە هەمەجۆرەكاندا و بۆ گەرمكردنەوە و بەگەڕخستنی كارگە پیشەسازیەكان و وێسگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباو ..هتد.چونكە لەلایەك نرخی هەرزانترە لەنەوتی خاو و لەلایەكی تریشەوە هاوڕێی ژینگەیە و پاك و خاوێنە و پاشەڕۆی پیسكەریشی نیە.هەرێمی كوردستان بەو بڕە یەدەگەی كە هەیەتی((5,2 تریلیۆن سێجا))، ناتوانێت ببێتە بەدیل و جێگرەوەی وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنی غازی سروشتی لەناوچەكەدا وەكو ئێران و ڕوسیا و قەتەر و ئیسڕائیل و ..هتد.لەبەرئەوەی بڕەكەی هێندە زۆر نیە كە هەرێمی كوردستان قەوارەكەی و دەسەڵاتەكەی و مانەوەی بخاتە بەر مەترسی هەڕەشەی دەوروجیران و زلهێزەكانیشەوە.لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵیە و خاوەن سیادەو سەروەری خۆی نیە و هەڵكەوتە جوگرافیاكەشی لە قازانجیدا نیە و كەوتۆتە نێوان بەرداشی لەلایەك ئێران و ڕوسیا و لەلایەكی تریشەوە توركیا و ئەوروپاوە. كە لە ئێستادا بەهۆی هەڵایسانی شەڕی ڕوسیا-ئۆكرایناوە بونەتە دوو جەمسەر و بلۆكی ناتەبا و دژ بەیەكتری و لەململانێیەكی توندان لەسەر دەسكەوتن و دابینكردنی غازی سروشتی بۆ توركیا و ئەوروپا چونكە هەردولایان سەرچاوەی غازی سروشتیان بریتیە لە وڵاتی ئێران و ڕوسیا و ...هتد.بۆیە گەر هەرێمی كوردستان بێگوێدان و بێ ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتنی پێشوەختە لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا بۆ فرۆشتنی غازی سروشتیەكەی ئەوا دەكەوێتە بەر هەڕەشە و لێدان و فشاری ئەو دوو وڵاتەوە كە هەردوكیشیان زلهێزی ناوچەیی و دونیایین و گاڵتە بەهێز و نفوزیان ناكرێت و بینیشمان كە لەیەكەم پەرچەكرداریاندا بە ڕۆكێت و موشەك پایتەختی هەرێمەكەمانیان بۆردومان كرد.لەولاشەوە توركیا و ئەوروپا فشارێكی زۆر دەكەن بۆ كڕینی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان چونكە پێویستی زۆریان پێیەتی بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان. • هەنگاوە خۆپارێزیەكانی هەرێم جا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەهەموو ئەم هەڕەشە و فشارانە دووربكەوێتەوە و غازەكەشی بفرۆشێت بە نرخێكی بەرزتر و لەدوایشدا پشكی خۆی لەداهاتەكەی وەربگرێت و قەوارەی هەرێمیش بە ساغ و سەلامەتی و پارێزراوی بمێنێتەوە بەڕای بەندە پێویستە هەستێت بە: 1.ڕیكەوتن وهەمئاهەنگی كردن لەگەڵ بەغدادو وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی كوردستان. 2. دووربكەوێتەوە لەوەی كە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو هیچ ڕێكەوتنێكی نێودەوڵەتیەوە لەگەڵ وڵاتان یان كۆمپانیاكاندا.چونكە لەڕووی یاساییەوە هەرێم ئەو دەسەڵاتەی نیە و دواتریش بەدەردی گرێبەستە نەوتیەكان دەچێت. ئەم دوو هەنگاوەش بە قازانجی هەرێم دەشكێتەوە،چونكە عێراق گەر خۆی بكاتە خاوەنی غازی سروشتیەكە و گرێبەست بكات و بیفرۆشێت بەنرخێكی بەرزتر،ئەوا هیچ وڵاتێكی ناوچەكە و زلهێزەكانیش بەو ئاستەی هەرێم ناتوانن فشاری بخەنە سەر و هەڕەشەی سەربازی لێبكەن و وڵاتەكەش موشەكباران بكەن وەك ئەوەی لەگەڵ هەرێمدا كردیان. • دەسكەوت و قازانجەكانی هەرێم كەواتە هەرێم لەهەموو ڕوەكانەوە قازانج دەكات لەوەی كەبەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ غازی سروشتیەكەیدا بكات ،و لەڕٍووی سیاسیەوە قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتەكەی پارێزراو دەبێت لەهەڕەشە و فشاری وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و لەڕووی ئابوری و داهاتیشەوە قازانی زیاتر دەكات و پشكەكانی هەرێم زیاد دەكات ولە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە ئەوا دەوڵەتی عێراق ئەركێتی كە بیپارێزێت و لە ڕووی یاسایشەوە گرێبەست و مامەڵەكانی یاسایی و دەستوری دەبن.جا بەم شێوەیە هەم قەوارەی هەرێم و هەم خەباتی سەدان ساڵەی میلەتەكەمان و هەمیش ماڵی خۆمان دەپارێزین و ئاگری شەڕێكی حەتمی كە بەردەمی ماڵەكەمانی گرتوە لە خۆمانی دووردەخەینەوە. • بەو هیوای ئەمجارە دەسەڵاتی كوردی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لەسەرخۆیی و حەكیمی و دووربینی مامەڵە لەگەڵ غازی سروشتیەكەیدا بكات و بەدەردی نەوتەكەی نەبات كە تائێستا نەبۆتە نیعمەت و هێشتا بە نیقمەت و زیانی گەورە شكاوەتەوە بەسەر هەرێمەكەماندا.
درەو: هەریەک لە رێکخراوەکانی ئازادی رۆژنامەوانی بێ‌سنوور (FPU)، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) و پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF) لە راپۆرتێکی 43 لاپەرەییدا چەندین دۆکیومێنت و زانیاری ورد لەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان ئاشکرا دەکەن. لەیادی 12 ساڵەی کۆچی دوایی ڕۆژنامەنوسی کورد سەردەشت عوسماندا، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن سێ گروپی داکۆکیکاری ڕۆژنامەوانییەوە بڵاو دەکرێتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق "ئەگەری ئەوە هەیە ڕاستەوخۆ تێوەگلابن" لە کوشتنی سەردەشت عوسماندا بە هۆی بڵاوکردنەوەی نوسینێکەوە. ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکی 43 لاپەڕەییدا بە دروشمی جیهانێکی سەلامەتتر بۆ وتنی راستییەکان بڵاوکرایەوە، تێیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان شایەتحاڵ و شیکردنەوە بۆ فایلەکانی کەیسەکە کراوەو بە دواداچوون بۆ وێنەی مانگە دەستکردەکانی شوێنی رفاندنەکەو کوشتنەکەی کراوە. راپۆرتەکە گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە سەردەشت عوسمان کراوەتە ئامانج تەنها بەهۆی وتارێکەوە کە ساڵێک بەر لە کوژرانی نوسیبوی و تێیدا ڕەخنەی لە بنەماڵەی مەسعود بارزانی گرتبوو. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە بونی هەڵەی گەورە کردوە لە راپۆرتی لیژنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمدا سەبارەت بە شێوازی ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و هەروەها بەڵگەی متمانە پێکراوی دەست کەوتووە کە دەسەڵاتدارانی کورد ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە کوشتنەکەدا.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێکی یادەوردارین. یادەوریی واتە سەرمایەی رەمزیی و حەقیقیی میللەتێک، شارێک، چینێکی کۆمەڵایەتیی، یان گروپێکی جێندەرییی. شوناسی هەموو گروپێک بەو ئەزموونانەوە بەندە، کە لە یادەوەریی دەستەجەمعییاندا خەزنکراوە. گرنگترین کۆگا کە یادەوەریی دەستەجەمعیی گەلێکی تێدا دەپارێزرێت، بریتییە لە کتێبخانە یان مۆزەخانە. بۆئەوەی کتێبخانە و مۆزەخانەش مانایەکی ڕاستەقینەیان هەبێت و کۆی مێژوو، کو‌لتوور و یادەوەریی گەلێک یان مرۆڤایەتیی، یان زانست و سروشتی تێدا ئارشیفبکرێت و بپارێزرێت، پێویستی بە دەزگا و بینەر و خوێندکار و لێکۆڵەوەرە. لێکۆڵەوەر و خوێندکاری ئەم دوو شوێنەش بەپلەی یەکەم بریتیین لەو گروپانەی کە لە بواری پەروەردە و زانست‌دا کاردەکەن یان دەخوێنن. کوشتنی یادەوەریی مانای تەواوکردنی پرۆسەی کوشتنە لە کوشتنی حەقیقییەوە بۆ کوشتنی ڕەمزیی. لەخۆڕا نییە کە دوژمنی ئایدیۆلۆژیی، دینیی بێت یان عەلمانیی، لەکاتی جەنگدا سێ شت بە ئامانجدەگرێت، یەکەمیان کوشتنی خەڵکی مەدەنییە، دووەمیان و وێرانکردنی شار و گوند و ژێرخانی ئابووریی و ژینگەی ئەو شوێنەیە کە داگیریدەکات، سێیەمیش خاپوورکردن و سوتاندنی مۆزەخانەکانە و کتێبخانەکانە. لەمێژوودا نموونەی سوتاندنی کتێب و وێرانکردنی مۆزەخانە و کتێبخانەکان زۆرن، دێرینترینیان برتیین لە سوتاندنی کتێبخانەی ئەلکسەندریا و ئاشورپانیپالە، پاشان سوتاندنی ژمارەیەکی زۆری کتێبخانە و مۆزەخانەکانی ئەوروپا و جیهانی ئیسلامە بەهۆکاری جەنگی ئایینیی و تۆتالیتاریزمی دینیی، وەک لە جەنگی سی ساڵەی نێوان پرۆتستانت و کاتۆلیکەکانی ناو ئاینیی مەسیحییەت، یان جەنگی دەسەڵاتی نێوان سوننە و شیعە و تەریقەتە ئایینییەکانی تری ناو خودی ئیسلام و پاشان جەنگی نێوان ئیسلام و مەسیحییەتدا، دەیبینین. سوتاندنی دار الحکمە لە بەغداش لەلایەن مەغۆلەکانەوە سامناتکترین تاوان بوو بەرامبەر بە مێژووی کو‌لتووریی بەشەرییەت. هەر هەموو ئەو جەنگە ئاینییانە بوون بە هۆکاری سوتاندن و فەوتاندنی ملیۆنەها کتێب و ئارشیفی دانسقەی مێژوویی و لەناوچوونیان بۆ هەمیشە. لەپاڵ جەنگی دینیی، جەنگی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکان و ئایدیۆلۆژیا ناسیۆنالیستییەکان هەمان رۆڵیان لە وێرانکردنی مۆزەخانە و کتێبخانەکاندا گێڕا کە ئامانج تیایاندا سڕینەوەی یادەوەریی میللەتان بوو. یەکەم کار نازییەکان پێیهەڵسان سوتاندنی بیست هەزار کتێب بوو لە مەیدانی ئۆپێرا لەبەرلین و پاشان سوتاندنی ملیۆنەها جوو لەئەڵمانیا و ئەوروپا. لەشکری نازییەکان کتێبخانەی سێربیایان لە ساڵی 1941دا سوتاند و لەشکری سێربییەکانیش لە ساڵی 1992دا کتێبخانەی ساراییڤۆیان سوتاند، کە تیایاندا هەزاران کتێب و دۆکیومێنتی مێژوویی فەوتان. ئەم وەحشەتگەرییە بەرامبەر بە کتێب و مێژووی یادەوریی مرۆڤایەتیی لەم سەدەیەی ئێستاماندا بەردەوامیی هەیە، وەک تاڵیبان بەرامبەر بە کتێبخانەی کابول و مەزارە ئایینییەکانی بودا کردیان، یان داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەکان و مەزارگەکانیان و مۆزەخانە و کتێبخانەی گشتیی موسڵ و کتێبخانەی زانکۆی موسڵ و هەندێ کتێبخانەی تری شارەکانی عێراق و شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەکانی تر ئەنجامیدا و هەر هەموویان خاپۆرکرد و سوتاندنیان. ئەزموونی کورد لەگەڵ دوژمنەکانیدا بریتییە لە ئەزموونکردنی هەڕەشە سەربازیی و کو‌لتووریی و سیاسییەکان بۆ سڕینەوەی کورد و یادەوەریی دەستەجەمعیی. بۆیەکەمیان جار لە مێژووی نوێی ئێمە شانسێکی راستەقینە دروستبوو بۆئەوەی شتێک بەناوی پیشەسازیی یادەوەریی نیشتیمانیی بەرهەمبهێنرێت کە تیایدا نەک هەر ئەزموونی پڕ لە هەڕەشەی ئینسان و وڵاتی ئێمەی تێدا ئارشیفکراو و پارێزراوبێت، بەڵکو ببێت بە شوێنێک بۆ گەشەدان بە کولتووری فرەیی و لێبوردەیی و هەمەڕەنگیی. پاش سی ساڵ تەمەنی سیاسیی دەەسەڵاتدارێتیی کوردیی، هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک دەزگای ئارشیڤی نەتەوەیی نییە کە ئەزموونی کوشتن و سوتان و خاپوورکردنی گەل وڵاتی ئێمەی تێدا پارێزراوبێت. هەموو وڵاتە زیندووەکانی دونیا خاوەنی کتێبخانە و مۆزەخانەی نیشتیمانیی خۆیانن و هەموو زانکۆ و هەموو شارێکیش خاوەنی مۆزەخانە و کتێبخانەی تایبەت بە خۆیەتی کە مێژوو و کولتووری شارەکەی تێدا نماییشدەکرێت. لەهەرێمی کوردستاندا نەک هەر خاوەنی هیچ یەکێک لەم کۆڵەکە گەورانەی کو‌لتوور و پیشەسازیی شوناس نین کە کتێبخانەی نیشتیمانیی و مۆزەخانەی نەتەوەییەیە، بەڵکو ئەو شوێنەوار و کەلەپوورەی کە بەعس و داعش وێرانیان نەکرد و دەستیان پێنەگەیشت، دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزبەکە بە بەرنامە خەریکی وێرانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی ناو شارەکان و دروستکردنی باڵەخانە و ریستۆرانت و گەراجن لەجێگایاندا. کێشەی وێرانکردنی یادەوریی کو‌لتووریی تەنها خراپیی هەڵسوکەوتکردن نییە لەگەڵ شوێنەوار و کولتووری بیناسازیی دێرینی شارەکانمان، بەڵکو بەدیی مامەڵەکردنیشە لەگەڵ کو‌لتوور و رۆشنبیریی ئێستاماندا. سیاسەتی کو‌لتووریی حکومەتی کوردیی تاوەکو ئەم چرکەساتە، سیاسەتی بەبیابانکردنی رۆشنبیریی کوردییە بە وەڕگێڕانی خراپی کتێب و سازدانی فیستیڤاڵی ئەدەبیی و هونەریی و سینەمایی فاشیل و وێرانکردنی شوێنەوار و خانووە دێرینەکانی سلێمانیی و هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان. بۆئەوەی کتێخانەی گشتیی سلێمانی کتێبەکانی زیاتربن، دەبێت چاوەڕێی مردنی نوسەرێک، شاعیرێک یان رۆشنبیرێک بکەین، تاوەکو ماڵباتەکەی کتێبخانە شەخسییەکەی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتیی شارەکە بکات. یادەوەریی ئینسانی کورد لەماوەی ئەزموونی سێ دەیەی دەسەڵاتی کوردییدا بریتیی نییە لە زنجیرەیەکی مێژوویی نەپچڕاو و بەردەوامی نیشتیمانیی کە بۆ دروستبوونی هەموو نەتەوەیەکی سیاسیی پێویستە، بەڵکو ئەزموونی ئینسانی ئێمە گەیشتۆتە قۆناغی پچڕان و دابڕان لەو مێژووەی کە خۆی بۆ خۆی دروستکردووە. پشت‌کردن، شەرمکردن و نەفرەتکردن لە مێژووی کۆن و نوێی نیشتیمانیی، ئامادەنەبوون بۆیادکردنەوەی برینە نیشتیمانییەکان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە، تەنها کارەساتێکی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو کارەساتێکی ئەنترۆپۆلۆجیی سیاسییە کە بوونی گەلەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەو تەحەدای مەترسییداری جیاوازەوە. ئەم دەسەڵاتە جگە لە هێزی پێشمەرگە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە بە فەرمانی خێزانە سیاسییەکان ئاراستەدەکرێت و وەک چەکداری حیزب و خێزانە سوڵتانییەکان بەخێودەکرێت، چەندین هێزی جیاوازی پێشمەرگەی دیجیتاڵیی دروستکردووە کە وەزیفەی سەرەکییان پاراستنی ئاساییشی خاک و نەتەوە نییە، بەڵکو وێرانکردنی کولتووری پێکەوەژیان و نووسین و گفتوگۆیە. لەپاڵ هێزی پێشمەرگەی ڕەق، پارتی و یەکێتی پێشمەرگەی نەرم و سۆفتی ناو دونیای دیجیتاڵیی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە. ئەم پێشمەرگە دیجیتاڵییانەی حیزب کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرەکانی فەیسبووک و تویتەر و سایتە مورتەزەقەکاندا جێگیرکراون، کاریان موشەکباران و تۆپهاویشتن و گوللەتەقاندن نییە، بەڵکو کوشتن و ئیعدامکردنی کۆمەڵایەتییی و سایکۆلۆژیی دوژمنەکانی حیزبە بە دەستڕیژی جنێو و ڤایرۆسی بوختان و شکاندنی کەسایەتییان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەری گشتیی‌دا. نە پارتی لە خەمی هەولێردایە و نە یەکێتیش لەخەمی سلێمانیی، هەردووکیشیان لە خەمی کوردستاندا نین. ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، ئەزموونێکی نوێی کوشتن و وێرانکردنی یادەوەریی ئینسانی کوردە بە کەرەسەو میتۆدی خۆماڵیی. دوا وێرانکاریی یادەوەریی ئینسانی کورد لەشکرکێشیی تورکیایە کە حکومەتی کوردیی وەک شوێنپێهەڵگرێک ڕۆڵدەگێڕێت، پاشان شاگەشکەبوون وپشتیوانیی توندی هوشیار زێباریی و پارتییەکانە سەبارەت بە لەشکرکێشیی عێراق بۆ سەر شەنگال. وێرانکردنی وڵات و سوتاندنی یادەوریی ئینسانی ئێمە بە هەماهەنگیی نێوان دوژمن و دەسەڵاتی کوردیی بەردەوامە.
درەو: نوسینی: سلێمانی مستەفا پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (11)ی ڕۆژی 10/10/1993 دا ، بڕیاری دەركردنی یاسایی ژمارە (17)ساڵی 1993(یاسایی حزبەكانی هەرێمی كوردستانی - عێراق) دا ، واتە دوای یەكەم هەڵبژاردن یاساكە دەركراوە و حزبەكانیشی پابەند كردوە خۆیان لەگەڵا حوكمەكانی یاساكە بگونجێنن ، یاسای حزبەكان لە هەرێمی كوردستان دوو جار هەموار كراوەتەوە ، هەمواری یەكەمی بە یاسای ژمارە ( 2) ی ساڵی 1997 ،كراوە ، هەمواری دووەمیشیان بە یاسای ژمارە ( 7 ) ی ساڵی 2002 كراوە . گرنگی یاسای حزبەكان لەوە سەرچاوە دەگرێت تا چەندە كاری حزبایەتی و رێكخراوەی خراوەتە چوارچێوەی یاسایی ، بۆ ئەوەی ئەرك و مافی هاوڵاتیان دیار‌و پارێزراو بێت لە پیادەكردنی مافە دەستووری و سیساسیەكانیان لە بەشداری كردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی ووڵاتدا ، هەروەك ئەم پرسە لەماددەی 39 دەستوری ئیتتحادیدا هاتوە ،رێكخستنی كاری پێكهێنانی حزبەكانی داوەتە دەست ئەنجومەنی یاسادانان ،كە بەیاسا ئەم پرسە رێكبخات . یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستاندا پێناسەی حزب بەم شێوە دەكات، حزب رێكخراوێكی سیاسی خاوەن كەسایەتیەكی مەعنەویەو لەیەكگرتنێكی ئیختیاری پێك دێت لەنێوان كۆمەڵە كەسانێكی سروشتی‌دا كەچەند بیر‌و باوەڕو ئامانجێكی هاوبەشی راگیەنراولەپرۆگرامی حزبدا كۆیان دەكاتەوەو هەوڵدەدەن بەڕێوشوێنی دیموكراتیانە بەدییان بهێنن ، هەرهاووڵاتیەك لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عێراق و دانیشتوانی هەمیشەیی ئەم هەرێمە، ئەوانەی كەمەرجەكانیان تێدا فەراهەمە مافی بەشداربوونی دامەزراندنی حزب گەلیان هەیە ، هەر هاووڵاتیەك لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عیراق یا هەر كەسێك نیشتە وڵاتی (اقامە) یا هەمیشەیی تیدا هەبـێ‌و 18 ساڵی تەمەنی تەواو كردبـێ‌و لێهاتیی یاسای هەبێت (الاهلیە القانونیە) مافی چونەناو هەر حزبێك‌و لێكشانەوەی بەپێی پەیڕەوە ناوخۆكەی هەیە ، سەربەستی دامەزراندی حزبەكان مسۆگەرە‌و هەر حزبێك بۆی هەیە بەتەواوی بەسەربەستیەوە چالاكی خۆی بنوێنـێ‌و ئەم یاسایە پارێزگاری لەوە دەكات. (1) یاسای حزبەكان ، حزبەكانی پابەند كردوە بیر‌وباوەڕ‌و ئامانجەكانیان ئەمانەی تێدابـێ: 1ـ چەسپاندن‌و پەرپێدانی ئەو ماف‌و دەستكەوتانەی گەلی كوردستانی عیراق بەدی هێناون. 2ـ چەسپاندنی بیر‌و باوەڕی دیموكراتی‌و رێز لێگرتنی ئەو مافانەی مرۆڤ كە لەراگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ‌و پەیمان‌و باوەڕنامە‌و بەیاننامە نێو دەوڵەتیەكاندا دیاری كراون، لەو ماوە دیاری كراوەی بڕگەیەكی سەرۆەوەدا بگەڕێتەوە بۆ دامەزرێنەران بۆ تەواوكردنی كەم‌و كوڕیەكانی‌و لەگەشت حاڵێكدا نابێ داخوازیەكە لەیەك جار زیاتر بگەڕێنرێتەوە. 3ـ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەڕێوشوێنی ئاشتیانە‌و دیموكراتیانە‌و باوەر هێنانن بەدەست باو دەستكردنی دەسەڵات (تداول السلگە)بە پێی پەنابردن توند‌و تیژی‌و ئیرهاب‌و لەخشتەبردن. 4ـ بەكارهێنانی شێوازی دیموكراتیانە لەژیانی حزبایەتیدا. 5ـ بڵاو كردنەوەی دوبەرەكی‌و جیاوازی لەرەگەز‌و ئاین‌و مەزەبدا. 6.بە مەرجێ بەرنامەو پێرۆ ناوخۆییەكەی پێچەوانەی پێروی گشتی نەبێت (2) یاسای حزبەكان ، بۆ دامەزراندنی حزب وچالاكی نواندن ئەم مەرجانەی كردونەتە پێوەر . 1.داواكارییەكی نووسراو دەدرێت بەوەزیری ناوخۆ كەئەندامانی دامەزرێنەر واژۆیان كردبێ و لە (50) ئەندام كەمتر نەبن و خوێندنەوەو نووسین بەتەواوی و بەباشی بزانن و تەمەنیان لە(25) ساڵ كەمترنەبێ و، هاوڵاتیانی دۆستیش كەژمارەیان لە (500)هاوڵاتی كەمترنەبێت زۆرینەیان خوێندنەوە و نووسین بەباشی بزانن و تەمەنیان لە (18)كەمتر نەبێت و، ئەندام و دۆستیش نابێ بەتاوانێكی یان كەتنێكی ئابڕوبەر حوكم درابن و، ناشبێ لە تاوانگەلێكدا بەشدار بووبن كەدەسەڵاتی سەركوتكار پیلانی لەكوردستاندا بۆ دانابێ. یان ئەنجامی دابێ، پێویستیشە ئەهلییەتی یاساییشی هەبێ و لەگەڵ داواكردنی دامەزراندنەكەدا بەرنامەی حزبەكەو پێڕۆی ناوخۆشی پێوەبێ 2.داخوازیەكەی برگە(1)ی برگەی سەرەوە ناو‌و لەقەب تەمەن پیشەو شوێنی نیشتە جێی هەر ئەندامێكی دامەزرێنەری وهەردۆستَكیشی تێدابێ لەگەڵ ناوی حزبەكە كە نابێ‌وەك ناوی هیچ حزبێكی تر بێ 3 .دەستەی دامەزرێنەر پێویستە هاوڵاتی گەلێكی تێدابێ بە نیشتیمان پەروەر ناسراو بن، و لەكوردستاندا بەشدارییەكی ئاشكرایان لەژیانی سیاسی و كۆمەلایەتی و ڕۆشنبیریدا هەبووبێت، قەناعەتێكی وەهای لێ بەدی بێ كە ئەوانەی دەیانەوێت بەدڵ هاوبەشی لەفەرمانی نیشتمانیدا بكەن و هاوبەش بوونی هاوڵاتیانیش لەژیانی سیاسی هەرێمدا لەچوارێوەی بەرنامەیەكی سیاسیی تایبەتیدا ڕێك بخەن، تێبینی جۆراو جۆری جوغرافی نیشتەجێ بوون و كاری دامەزرێنەران و دۆستەكانیش دەكری (3) ئەم مەرجانەش كراونەتە پێوەر كە بیر‌وباوەڕ‌و ئامانجەكانی حزب ئەمانەی تێدابـێ: 1ـ چەسپاندن‌و پەرپێدانی ئەو ماف‌و دەستكەوتانەی گەلی كوردستانی عیراق بەدی هێناون. 2ـ چەسپاندنی بیر‌و باوەڕی دیموكراتی‌و رێز لێگرتنی ئەو مافانەی مرۆڤ كە لەراگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ‌و پەیمان‌و باوەڕنامە‌و بەیاننامە نێو دەوڵەتیەكاندا دیاری كراون، لەو ماوە دیاری كراوەی بڕگەیەكی سەرۆەوەدا بگەڕێتەوە بۆ دامەزرێنەران بۆ تەواوكردنی كەم‌و كوڕیەكانی‌و لەگەشت حاڵێكدا نابێ داخوازیەكە لەیەك جار زیاتر بگەڕێنرێتەوە. 3ـ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەڕێوشوێنی ئاشتیانە‌و دیموكراتیانە‌و باوەر هێنانن بەدەست باو دەستكردنی دەسەڵات (تداول السلگە)بە پێی پەنابردن توند‌و تیژی‌و ئیرهاب‌و لەخشتەبردن. 4ـ بەكارهێنانی شێوازی دیموكراتیانە لەژیانی حزبایەتیدا. 5ـ بڵاو كردنەوەی دوبەرەكی‌و جیاوازی لەرەگەز‌و ئاین‌و مەزەبدا. 6.بە مەرجێ بەرنامەو پێرۆ ناوخۆییەكەی پێچەوانەی پێروی گشتی نەبێت . (4) لە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان -عێراق دا ، كۆمەڵێ بنەماو پرانسیپ جێگەیان كراوەتەوە ، هاو تەریبن لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیدا ،دوای ئەزموونی سی ساڵەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بپرسین ئایە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوەی سێیەمە ، یان دارشتنەوە و دەركردنەوەی یاسایەكی نوێ ، یان كار كردن بە یاسای حزبەكانی ئتتحادی ژمارە (26 )ی ساڵی 2015، هەموو ئەوە پرسیارانە دێنە پێش لەبەر ڕۆشنایی كۆمەڵێ دەر ئەنجام . یەكەم :یاسای حزبەكان لە هەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی یەكەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992دەر كراوە . دووەم : لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2005 ، و خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 و خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2013 كار بە بڕیاری ژمارە (97) دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان كراوە ، بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018 كار بە یاسای حزبەكان كراوە ، بەڵام تارمایی بڕیاری ژمارە (97) دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانا بەسەر بڕیارەكانی كۆمسیۆنەوە ماوە . بۆ پێویستە یاسای حزبەكان هەموار بكرێتەوە ، بەپێی بنەمای یاسایی( للچرورە احكام ) كەواتە پرۆسەی سیاسی و چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنەكان خۆی لە چەند یاسایەكی گرتگدا دەبینێتەوە ، یەكێ لەوانە یاسای حزبەكانە ، لەیاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان چۆنیەتی یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی ناو حزبە سیاسیەكانی فەرامۆش كردوە ، كە ئەمە پرسێكی گرنگە وە چەندین نمونەی زیندوو بونیان هەیە ، پرسی پابەند نەبونی حزبەكان بەپێرەوەكانیان وكات و ساتەكانی بەستنی كونگرەكانیان ، پرسی چاودێریكردن بەسەر حزبەكاندا وونە لە یاساكەدا ، پرسی نەبوونی سزاكان لە ئەگەری پابەند نەبوون بە پێرەوەكان وونە لە یاساكەدا ، پرسی مۆڵەت دان بە حزبەكان بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان كێشەیەكی ترە ، لێكترازان و بەشداری كادرانی حزبەكان لە هەڵبژاردنەكان گرفتێكی ترە لە یاساكەدا هەستی پێدەكرێت ، ئەگەر دیقەتبدینە ماددەی بیست و دووەم لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ساڵی 1992 ی هەمواركراودا هاتوە : 1. هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عیراق دا بۆی هەیە، لیستێكی تایبەت بە ناوی پاڵێوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستان عیراق پێشكەشبكات كەرێژەیەك ئافرەتی تێدابێت لە ( 30% )كەمتر نەبێت و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ڕیز بەند كرابن كە نواندنی ڕێژەی ناوی براوی ئافرەتان لەپەرلەماندا دەستەبەربكات، بە مەرجێ ژمارەی پاڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمترنەبن. 2. لیستی پاڵێوراوەكان لە ماوەی (15) ڕۆژ لە بەرواری ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بەسەرۆكایەتی دەستەی باڵا دەكرێت و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی بیست و یەكەمدا داواكراون. سەرنج بدەن لە ماددەی سەرەوەدا ئاماژە بە قەوارەی سیاسی دەدات ، بەڵام لە قانونی حزبەكان شتێ بونی نییە بەناوی قەوارە ی سیاسی ، بەپێی قانوونی حزبەكان وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لە پێدانی مۆڵەت بە حزبە سیاسیەكان ، ئەگەر لە خولی هەڵبژاردنی ( دووەم و سێەم و چوارەمی )پەرلەمانی كوردستان كار بە بڕیاری ژمارە (97) دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان كرابێت ، خۆی جێگای پرسیارە ، بەڵام لە خولی پێنجەمیش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی مۆڵتی دەدا بە لیستەكان ، لێرەدا من نامەوێت بەربەست بۆ بەشداری لیست و حزبەكان دروست بكەم ، بەڵا ناكرێت پرسەكان هەروا بە نا ڕوونی و پێچ و پەنایی بڕۆن ، ناكرێت زاراوەكان لە ناو یاساكاندا پێناسە نەكرێن و یەك نەخرێن، بۆیە هەمواركردنەوەی یاسای حزبەكانیش پێویستە بخرێتە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستان ، ئەو ناكۆكی و ناڕونیەیی لە نێوان حوكمەكانی یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و یاسای حزبەكان دا هەیە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە ، ماددەی (39)دەستوری عێراق پرسی پێكهێنانی حزب و كۆمەڵەكانی داوەتە دەست ماڵی یاسادانان ، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ژمارە (36)یاسای حزبەكانی لە ساڵی 2015 دەركرد و كۆتایی هێنا بە كاركردن بە بڕیاری ژمارە (97) هاوپەیمانان ، شاراوە نییە یاسای حزبەكان ناكەوێتە چوارچێوەی ماددەی ( 109 - 110 ) دەستوور كە دەسەڵاتی تایبەتمەندی فیدراڵین ، كەواتە ئەو حزبانەی لە كۆمسیۆنی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتوە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكەن ، تەنها وەك كاندیدی سەربەخۆ نەبێت ، وە پێویستە پەرلەمانی كوردستان پرسی (لیست و حزب ) یەكلابكاتەوە ، یان دەكرێت پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك (ئینفازی ) جێبەجێكردنی یاسای حزبەكانی عێراق بكات ، بە یاسایەك كاركردن بە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان بەوەستێنێت . (5) یاسای حزبەكانیش هاوشانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەموار بكرێتەوە وچارەسەر بۆ ئەم پرسانە بدۆزێتەوە یەكەم : لەبەر ڕۆشنایی ئەم ناكۆكی و دژ یەكییەی لەناو یاسا پەیوەندارەكانی دەربەست بە هەڵبژاردنەوە هەیە هەمواری سێیەم بۆ یاساكە بكرێت ، یا یاسایەكی نوێ دەربكرێت . دووەم : پرسی مۆڵەتدان بە حزبەكان بدرێتەوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە بڕی وەزارەتی ناوخۆ . سێیەم :زاراوەكانی ناو یاساكان پێناسە بكرێن بە پێی مەبەست و ئامانجی داواكراو . چوارەم : پرسی حزب و لیست بە ڕوون راشكاوی لەناو یاساكە جێگای بكرێتەوە ، پرسی مافدان بە كاندیدانی سەربەخۆ و لیست و حزب پێداچونەوەی بۆ بكرێت . پێنجەم :چونیەتی چاودێركردن و جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان بەسەر حزبەكاندا شوێنی بكرێتەوە ، ئەمەش پێویستی بە دەق و ماددەی روون و راشكاوە . شەشەم :چۆنیەتی چاودێركردن و پابەند كردنی حزبەكان بە پیرەوەكانیان لە ناو یاساكەدا شوێنی بكرێتەوە . حەوتەم :پرسی چارەكردنی كێشەكانی ناو حزبەكان لەناو یاسای حزبەكاندا شوێنی بكرێتەوە . هەشتەم : دەستەبەری ئەرك ومافی حزبەكان لە لایەك و ئەرك مافی ئەندام و كادرانیان ، لە ناو یاساكەدا شوێنی بكرێتەوە . نۆیەم : دەستە بەركردنی مافی حزبەكان لە پابەند كردنی كادرانیان بە دەقە یاساییەكان ، گونجاو لەگەڵ یاسا بەركارەكان و پەیرەوی پەسەندكراوی حزبەكان . دەیەم : رێكخستنەوە حوكمی یاسای حزبەكان لەگەڵ حوكمەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی و و یاسای ژمارە (5) ی ساڵی (2014) ی یاسای پێدانی بودجە بە حزبەكان لە هەرێمی كوردستان -عێراق ، بێ گومان ئەمەش جێبەجێكردنی بنەمای یاسایی ( للچرورە احكام) كە بۆتە پێداویستی ، ئەم پرسە گرنگەش پێویستە بە یاسا چارە بكرێن ، كە هاوتەریبە لەگەڵ بنەمای ماددەی (19) دەستوری عێراق (مبدأ لا جریمە ولا عقوبە إلا بنصّ )
(درەو): پشووی رەمەزان كۆتایی هات، جموجوڵی سیاسی لە عێراق دەستیپێكردەوە، بنبەستی سیاسی عێراق كە ماوەی نزیكەی شەش مانگە بەردەوامە لەبەردەم شەپۆلێك دەستپێشخەریی نوێدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاند، سەدر‌و بارزانیش بەنیازی دەستپێشخەرین. سەدر قسەی دەبێت سوهەیلە عەجرەش ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی سەدری رایگەیاند، كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەگەڵ رێبەری رەوتەكەیان بابەتی چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆگرتبوو. بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، قۆناغی داهاتوو دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆدەگرێت‌و دەستپێشخەرییە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە رادەگەیەندرێت كە سەدر بە كوتلە سیاسییەكانی تری داوە بۆ پێكهێنانی حكومەت. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا موقتەدا سەدر بەیاننامەیەك لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە بڵاوبكاتەوە. رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەو مۆڵەتە كۆتایی دێت كە سەدر بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوە، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوە دەستپێشخەری خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاند. جموجوڵی سیاسی دەستپێدەكاتەوە دوای مانگێك بێدەنگی بەهۆی رەمەزانەوە، سەرلەنوێ جموجوڵی سیاسی لە عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیپێكردەوە، حكومەتێك كە نزیكەی شەش مانگە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، نەتوانراوە دروست بكرێت. هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد) دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر‌و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (حەلبوسی‌و بارزانی)دا كردووە‌و ئەم بەرەیە ناوی لێنراوە "هاوپەیمانی سێقۆڵی"، بەرەكەی تر كە لە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی‌و حەكیم پێكدێت‌و ناوی لەخۆی ناوە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" نزیكایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكاندا هەیە، ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت. ئەم دابەشبوونە رێگری كرد لەوەی لەوادەی دەستوریدا‌و دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار‌و دواجاریش سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەڵبژێردرێت‌و نیسابی دانیشتی پەرلەمان پەكی كەوت. سەدر وەكو سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بەر لە مانگی رەمەزاندا كشانەوەی خۆی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، حكومەتێك كە سەدر خۆی بەشداری تێدا ناكات. هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەوابونی وادەی مۆڵەتەكەی سەدر، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی راگەیاند. دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی پێكهاتەی شیعە، شیعەش گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگای عێراقە، بەڵام داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن‌و كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێبوونی ئەم دەستپێشخەرییە مەرجی ئەوەی داناوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێن: • یاسای هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بەستووە كە داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات. • كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بكرێت. • گرێبەست‌و قەرز‌و دامەزراندنەكان لەسەردەمی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیدا هەڵبوەشێندرێنەوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەدات، بەتایبەتیش كە لەماوەی رابردوودا رۆڵی ئەم پەرلەمانتارانە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (45) پەرلەمانتار، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە بوو. چوارچێوەی هەماهەنگی بەم دەستپێشخەرییە جارێكی تر جەختی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی" كردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی". بارزانیش ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌بێت دەنگۆ هەبوو سەدر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەمانگی رەمەزاندا لەسەر چارەسەر بنبەستی سیاسی لە عێراق چوبێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام سەدرییەكان هەرزوو رەتیانكردەوە هیچ گفتوگۆیەكیان كردبێت. ئێستا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاندووە، بڕیارە سەدریش لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێشخەرییەك رابگەیەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەریی هەیە بۆ لێكنزیككردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و رەوتی سەدر. له‌م نێوه‌نده‌دا هێشتا هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ پیكهێنانی حكومه‌ت و كۆتایهێنان به بنبه‌ستی سیاسی له عێراق به‌دی ناكرێت، به‌مدواییه نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند"مانگی حوزه‌یران مانگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق"، ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پیكهێنانی حكومه‌ت نه‌گه‌نه رێككه‌وتن بژارده‌ی به‌هێز ئه‌وه‌یه سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش عێراق ده‌خاته ناو كێشمه‌كێشێكی گه‌وره‌تره‌وه به‌تایبه‌تی كه له‌لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه ناكۆكن و شه‌قامی ناڕازیش پێشوازی له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی تر ناكات. بارزانی له‌كاتێكدا ده‌یه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ ده‌ربازكردنی عێراق له بنبه‌ستی سیاسی رابگه‌یه‌نیت، پارتی‌و یەكێتی هێشتا لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ناكۆكن‌و هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەریی ئەم ناكۆكییە لەئارادا نییە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا داوا دەكەن پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون.
درەو: بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم، داهاتی سێ مانگی رابردووی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (400) ملیار دینارە. داهاتی گومرگی مانگی یەك: ئیبراهیم خەلیل: 65 ملیار‌و 392 ملیۆن دینار حاجی ئۆمەران:14 ملیار‌و 102 ملیۆن دینار باشماخ: 10 ملیار‌و 538 ملیۆن دینار پەروێزخان: 18 ملیار‌و 231 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی شوباتی 2022: ئیبراهیم خەلیل: 77 ملیار و 172 ملیۆن دینار حاجی ئۆمەران:17 ملیار‌و 831 ملیۆن دینار باشماخ: 15 ملیار و 140 ملیۆن دینار پەروێزخان: 21 ملیار و 642 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی ئازاری 2022: ئیبراهیم خەلیل:73 ملیار‌و 320 ملیۆن دینار حاجی ئۆمەران: 22 ملیار‌و 488 ملیۆن دینار باشماخ: 17 ملیار و 238 ملیۆن دینار پەروێزخان: 23 ملیار و 338 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی یەكی فرۆِكەخانەكان: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر: ملیارێك و 853 ملیۆن دینار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی:ملیارێك و 27 ملیۆن دینار كۆی گشتی: 2 ملیار و 880 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی شوباتی فرۆِكەخانەكان: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر: ملیارێك و 461 ملیۆن دینار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی:ملیارێك و 225 ملیۆن دینار كۆی گشتی: 2 ملیار و 686 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی ئازاری فرۆِكەخانەكان: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر: ملیارێك و 780 ملیۆن دینار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی: 784 ملیۆن دینار كۆی گشتی: 2 ملیار و 564 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی یەكی 2022: 116 ملیار و 842 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی شوباتی 2022: 142 ملیار‌و 56 ملیۆن دینار داهاتی گومرگی مانگی ئازاری 2022: 147 ملیار‌و 67 ملیۆن دینار