(درەو): مەكتەبی سیاسی پارتی لە دووەم كۆبونەوەیدا دوای كۆنگرەی 14 پۆستە حزبییەكانی بەمشێوەیە دابەشكرد: • ئاراس حەسۆ میرخان- بەرپرسی مەكتەبی وەبەرهێنانو پرۆژەكان • زاگرۆس فەتاح- بەرپرسی مەكتەبی داراییو كارگێڕیی • هێمن هەورامی- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن • هیوا ئەحمەد مستەفا- بەرپرسی مەكتەبی جەماوەریی • رێبوار یەڵدا- بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن • سالار عوسمان- بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن • چنار سەعد عەبدوڵا- بەرپرسی مەكتەبی دراساتو ئەكادیمیا • جەعفەر ئیمینیكی- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان • سەربەست لەزگین- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی هەولێر • پشتیوان سادق- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی دهۆك • كەمال كەركوكی- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك- گەرمیان • عەلی حوسێن- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی سلێمانی • فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی بەغداد • نەوزاد هادی- بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی موسڵو شەنگال
نەوزادی موهەندیس بەشی دووەم • ئاشكرایە كەرتی وزە كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و گازی سروشتیدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان،بۆتە سەرچاوەی یەكەمی داهات بۆ هەردوولا و كەرتەكەش كەرتێكی گەورە و گرنگ و كاریگەر و هەستیاریشە بۆسەر بڕیارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكان و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت لەسەرخان و ژێر خانی ئەو كەرتەدا بۆئەوەی بەبەردەوامی گەشە و پێشكەوتنی زیاتری تیادا ئەنجامبدرێت،بۆئەوەی بتوانێت توانا و وزەی بەرهەمهێنانیان زیاتر بكات،لەبەرئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەهەردووكیان بڕی 145 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تیادایە و چوارهەم وڵاتە لە جیهاندا لەدوای هەریەكە لە فەنزەوێلا و سعودیە و ئێرانەوە و گازی سروشتی یەدەگیشی بەبڕی 137تریلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە كە لە پلەی دەهەمدایە لەسەر ئاستی جیهان. كە ڕەنگە بەشی لانی كەم 50-100ساڵی ئایندەش بكات. • لێرەدا باس لە دینگە و پایە گرنگەكانی ژێر خانی كەرتی وزە دەكەین بەشێوەیەكی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە خۆیان دەبیننەوە لە هەریەكە لە: 1. كێڵگەكانی نەوت 2. تۆڕی بۆری نەوت و گاز گواستنەوە 3. كۆگاكانی هەڵگرتن 4. پاڵاوگەكانی نەوت 5. پیشەسازی پتڕۆ كیمیاویات • بەم شێوەیە هەریەكێك لەم كەرت و وێسگانە گرنگی خۆیان هەیە. لەبەشی دووەمدا باس لە گرنگی تۆڕەكانی بۆری نەوت و غازی سروشتی گوێزەرەوە دەكەین.كە بریتین لە هۆكاری پێكەوەبەستن و گرێدانی كێڵگە نەوتیەكان لەلایەك بە بەندەر و سەكۆكانی هەناردەكردنی نەوتەوە بۆ بازاڕەكانی نەوتی جیهانی دەرەكی و لەلایەكی تریشەوە كێڵگەنەوتیەكان و كۆگاكانی هەڵگرتن لەناوخۆی وڵاتدا پێكەوە گرێدەدات.بۆیە بەبێ بوونی ئەم تۆڕانەی بۆری گواستنەوە ناتوانرێت هیچ كارێك لەكەرتی وزەدا ئەنجامبدرێت،هەر بۆیە بۆریە گوێزەرەوەكان وەك وێسگەی دووەم دەژمێردرێن لە ژێرخانی كەرتی وزەدا و چەندە گرنگی پێبدرێت لەڕووی سازكاری بەردەوامی ساڵانە و پاراستنی،هێندە ژێرخانی كەرتی وزە پتەوتر و سەقامگیرتر دەبێت.بۆریەكانی گوێزەرەوەی نەوتی خاو و غازی سروشتی كاریگەری و گرنگی نێودەوڵەتیشیان هەیە چونكە زۆرجاران بە خاكی ژمارەیەك وڵاتدا تێپەڕدەبن كە ئەمەش پێویست بەڕێكەوتنی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەكنیكی هەیە و بەم هۆكارەشەوە تۆڕەكانی بۆری گوێزەرەوەی نەوت و غازی سروشتی كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر پەیوەندیەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش و زۆرجارانیش دەبنە كارتی فشار و دژ بەیەكتریش بەكاردەهێنرێن. 2- هێڵی بۆری گواستنەوە: كە ئەم بەشە زۆر گرنگە و پێویستە زۆر گرنگی پێبدرێت لەڕێگەی سازكاری بەردەوامی تیادا بكرێت و تۆڕی نوێش دابمەزرێنرێت،چونكە نەوتی خاو بەبێ بوونی ئەم تۆڕە لەبۆری هیچ گرنگیەكی نابێت و ناتوانرێت سوودی لێببینرێت. • ئەم بەشە گرنگی و هەستیارەكەی لەوەدایە كە دەبێتە هۆكارێك بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان وڵاتان و پێكەوە گرێدانی بەرژەوەندییەكانیان و ڕۆڵی دەبێت لە ئاشتی و جەنگەكاندا ،چونكە ئەم تۆڕی بۆریانە هەندێك جار سنووری نێودەوڵەتی چەندین وڵات دەبڕێت و كەئەم كارەش پێویستی بەڕێكەوتنی پێشوەختەی ئەو وڵاتانە هەیە و دەچێتە چوارچێوەی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانەوە. بەنموونەی بۆری گواستنەوەی ستریم یەك و دووی ڕوسیا بۆ ئەوروپا و هێڵی بۆری باشوور و باكور و دواتریش هێڵی نابۆكۆ و دەیانی تریش لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشدا. • هەربۆیە عێراقیش وەك وڵاتێكی بەرهەمهێنی نەوت هەر لەسەرتاوە و لەساڵی 1930وە دەستیكرد بە ڕاكێشان و دامەزراندنی تۆڕێكی بەرفراوان و جیاواز لە بۆری گواستنەوەی نەوتەكەی لەوانە: 1. هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی لە كێڵگەكانی باكورەوە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست لەڕێگەی حەیفای فەلەستینەوە.دواتر بەهۆی داگیركردنی خاكی فەلەستینەوە لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕاگیرا. 2. هێڵی بۆری گواستنەوی نەوت لە بانیاسی سوریا بۆ لوبنان و بۆ سەر دەریای سپی ناوڕاست و بۆ بەندەری تەڕابولس. 3. لەساڵی 1977دا هێڵی بۆری گەورە ڕاكێشرا بۆ كەناری دەریای سپی ناوەڕاست لەڕێگەی توركیاوە بۆ بەندەری جیهان.كاتێك ئەم بۆریە تەواو بوو عێراق هەناردەی نەوتی لەڕێگەی بۆری نەوتی سوریاوە ڕاگرت. 4. تا ساڵی 1979 عێراق سێ هێڵی بۆری نەوت گواستنەوەی هەبوو لەسەر كەنداوی عەرەبی كە بریتی بوون لە بەندەرەكانی بەكر و خۆر عەمیە و خۆر زوبێر. 5. لەساڵی 1985دا عێراق هێڵێكی بۆری نەوتی دامەزراند كە بەخاكی سعودیەدا تێپەڕ دەبوو تا دەگەیشتە سەر دەریای سوور لە بەندەری یەنبوع. 6. لەساڵی 1988دا،عێراق هێڵێكی بۆری نوێی تری دامەزراند لە جیاتی ئەو هێڵەی پێشتر بەڵام نەگەیشتە توانای تەواوی خۆی.دواتر و لە جەنگی كوێتدا هەموو دەروازە نەوتیەكانی عێراقی داخست. 7. لەساڵی 1996 و 1998 دا عێراق هەستا بە كردنەوە و چاكردنەوەی هەردوو هێڵی بۆری توركی و سوری و بەندەری بەكر كە پێشتر ڕاگیرابوون و لەكاركەوتبوون. بەم شێوەیە عێراق خاوەنی 10 هێڵی بۆری نەوت گوێزەرەوەیە كە بە وڵاتانی ناوچەكەدا تێپەڕ دەبن. • ئەو هێڵی بۆریانەی كە كۆمپانیای نەوتی عێراقی IPC دایمەزراندوون: 1. هێڵی بۆری كركوك-تەڕابولس 12 ئینج – بەندەری تەڕابولس كە لە مانگی ئەیلولی 1932 دەستبەكاركردن كرا و لە 14 تەموزی 1934دا تەواوكرا.و لە 3 /8 یەكەم وەجبەی نەوتی عێراقی گەیشتە بازاڕەكانی جیهان بەبڕی 14500تەن/ڕۆژ لەبەندەری لاهارف لە فەڕەنسا.بەمەش بۆ یەكەم جار نەوتی عێراقی گەیشتە بازاڕەكانی نەوتی جیهانی و تائێستاش بەردەوامە. 2. هێڵی بۆری كەركوك-حەیفا – بەندەری حەیفا كاركردن تیایدا لەمانگی ئەیلولی ساڵی 1932 دەستیپێكرد و لە 14/11/1934دا كۆتایهات، بۆیەكەمجار لە 24/1/1935 لەلایەن مەلیك غازی كرایەوە و یەكەم وەجبەی نەوتیش لە 7/2/1935دا گەیشتە بەندەری حەیفا و تاساڵی 1948 بەردەوام بوو .دواتر بەهۆی جەنگی ئیسڕائیل-فەلەستینەوە ڕاگیرا.دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەساڵی 2003دا هەندێك لێپرسراوی ئیسڕائیلی باسیان لە كردنەوەی ئەو هێڵە كردەوە دوای 55ساڵ لە ڕاوەستانی. ئەم هێڵە تیرەكەی 16 ((ئینجە)). 3. هێڵی كەركوك- تەڕابولس بە تیرەی 16 ئینج لە ساڵی 1949دا. 4. هێڵی كەركوك –بانیاس بەتیرەی 30-32 ئینج و بەدرێژی 888كیلۆمەتر لەساڵی 1952 و بەتوانای 400هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا. 5. هێڵی كەركوك- تەڕابولس بە تیرەی 30-32 ئینج لەساڵی 1965 بە توانای 400هەزار بەرمیل/ڕۆژ. 6. هێڵێكی بۆری هەیە كە بەسراوەتەوە بە تۆڕی ئارامكۆ لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە بە توانای 650 هەزار بەرمیل/ڕۆژ. 7. هێڵێكی تر كە لەعێراقەوە دەگاتە سەر دەریای سوور بە توانای 1650 ملیۆن بەرمیل/ڕۆژ لە بەندەری یەنبوع. 8. ژمارەیەك بۆری تریش هەن بە توانای جیاواز. 9. لە ئێستاشدا عێراق دەیەوێت هێڵێكی بۆری تر ڕابكێشێت لە بەسرەوە بۆ ئوردون لە بەندەری عەقەبە. • لەهەرێمی كوردستانیشدا لە ئێستادا چەند هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاو و غازی سروشتی هەن وەك: 1. هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت لە كێڵگەكانی نەوتی تەق تەق لە كۆیەوە بەدرێژی 81 كم بۆ كێڵگەی خۆرمەڵە لەهەولێر و لەوێشەوە بۆ فیشخابور بەدرێژی 869كم كە 221كم لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایە كە كۆمپانیای كاری كوردی و ڕۆزنەفتی ڕوسیی خاوەندارێتی دەكەن و 675كم دەكەوێتە ناو خاكی توركیاوە كە كۆمپانیای بۆتاشی توركی خاوەندارێتی دەكات و دواتر بەستنەوەی بەهێڵی بۆری نەوتی عێراق –توركیەوە بۆسەر بەندەری جیهان لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست. 2. بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی لە قادر كەرمەوەا/ كۆرمۆرەی ناوچەی سەنگاو -چەمچەماڵەوە بۆ وێسگەی غازی بەرهەمهێنانی كارەبای چەمچەماڵ و بازیان و هەولێر بە درێژایی 180كم كە لە ئێستادا بڕی 2000مێگاوات كارەبا بەرهەمدێنن. • بەم شێوەیە تۆڕی بۆریەكانی گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی ڕۆڵێكی گەورە و كاریگەر دەبینن لە بونیاتنانی ژێرخانی كەرتی وزەدا،و ئەركی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەكانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی كاری چاكسازی و نوژەنكردنەوە و پاراستنی ئەمنیەتیان بۆ دابینبكەن.چونكە بەبێ بوونی تۆڕێكی هاوچەرخی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو یان غازی سروشتی دەرهێنراو لە كێڵگە نەوتی و غازیەكان هیچ سوودێكیان نابێت.
شیكاری:درەو • ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (7) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار، لە هەردوو کابیەی هەشتەم و نۆیەمدا. • کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دیناری فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوتکردووە. • لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێم بڕی (8 ترلیۆن 190 ملیار) دیناری موچەخۆرانی بڕیوە. • کەواتە کۆی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم (23 ترلیۆن و 209 ملیار و 502 ملیۆن و 450 هەزار) دینارە. یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟ لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛ (مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سەرمووچەی ساڵانە لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ی ئەم یاسایە. هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛ یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی. دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب) پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛ یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی. سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە: ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو (چمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی. ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١). ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە. د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا. لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرز کردنەوە) لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛ یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە. دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەی. مادەی هەشتەم یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت. دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت. خشتەی ژمارە (١) موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی سیستمی موچە بە هەزار دینار دووەم؛ شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم فەرمانبەران و موچەخۆران دوو جۆر شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەوانیش بریتین لە شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمابەران و موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، لە خوارەوە ڕاڤەی هەردوو ئەو جۆرە شایستەیە دەکەین و قەبارەی ئەو شایستانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە. 1. ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (7) ساڵ نە لە یاسای چاکسازی باسی لێوە کراو نە لەسەردانەکەی تیمی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 28ی6ی2021 بووە جێی گفتووگۆی جدی، نە لە ئێستاشدا کە بەرەو ساڵی نوێ دەچین (بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە)ەوە دێتە بەر باس. تەنها ئەو نەبێت، بەپێی زانیارییەکان بەپێی (بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) كە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دەریكردووە، حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە سەبارەت بە بەرزە موچە (تەرفیع)ی فەرمانبەران. ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستابو، بەڵام بەپێی نووسراوی ژمارە 7797ی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە رۆژی 15-06-2021 دەرچووە و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە واژۆ کراوە، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی (5 هەزار و 995) پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکان. کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە پیێ داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە. جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پیش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن. بەپێی دواین زانیاری و ئامار کە لە 26ی حوزەیرانی 2021، حازم گۆران، بهڕێوەبهری گشتی خانهنشینی ههرێم كه سهر بهوهزارهتی داراییه ڕایگەندووە، (40 ههزار) كهس له نێوان 2014 بۆ 2021 لهههرێمی كوردستان خانەنشین بوون. سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛ 1. بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە، بەتایبەت ئەوانەی لەدوای 2012 ەوە دامەزراون، یان کاتی پلە بەرزکردنەوەیان کەوتووەتە کۆتاییەکانی ساڵی 2016ەوە کاتێک مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە سودمەند نەبوونە. پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)). 2. بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستیان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥)دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێوە بۆ خشتەی ژمارە (1)). 3. زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت. بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار. بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_ بۆ (7) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛ • 710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 83 مانگ = (2 ترلیۆن و 947 ملیار و 670 ملیۆن و 300 هەزار) دینار. ئەگەر نیوەی ئەو فەرمانبەرانە مافی دوو جار پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەتی هەرێم بێت، ئەوا بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت. • 355 هەزار و 141 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 83 مانگ = (1 ترلیۆن و 473 ملیار و 835 ملیۆن 150 هەزار) دینار. بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ • (2 ترلیۆن و 947 ملیار و 670 ملیۆن و 300 هەزار) دینار + (1 ترلیۆن و 473 ملیار و 835 ملیۆن 150 هەزار) دینار = (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار 2. پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر شانی حکومەت یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020) ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کەتووەتە لای حکومەتەوە، بە دوو جۆرە ئەوانیش بریتین لە؛ أ. پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی 28 ملیار دۆلار و نیو لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە . لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلارە، کە بەرامبەرە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم؛ ب. لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. بەڵگەش بۆ ئەوەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان ئەم لێبڕینانەی بە قەرز لەسەر حکومەتەکەی هەژمار نەکردبووە، ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلارە بووە، بەڵام لە مانگی 3ی 2021 گەیشتووەت بە: 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3) ملیار دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ • (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار • (10) مانگ بە لێبڕینی (21%) X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار • کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لە لایەک و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لەلایەکی دیکە، بریتی لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) + (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار ڕاگرتنی بەرزە موچە (لە کابینەی هەشتەم و نۆیەم) = (23 ترلیۆن و 209 ملیار و 502 ملیۆن و 450 هەزار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە(3)). خشتەی ژمارە (2) شێوازی خەرجکردنی موچە لە ماوەی (2015 - 2021) لە هەرێمی کوردستان خشتەی ژمارە (2) شایستە داراییەکانی فەرمانبەران لای حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕووناک شێخ جەناب ئەوانەی لە ساتی شەهیدبوون و رۆژگارە سەختەكاندا بەیاننامەیان لە دژی کاکە شەهاب و هاوڕێكانی دەردەكرد، دوێنی لە ساڵیادی شەهید بوونیاندا بۆ مەرام و مەبەستی تایبەت، بەبێ ئامادەبوونی كەسوكار و هاوڕێ و هاوسەنگەرە راستەقینەكانی یادی کاکە شەهاب و هاوڕێكانی دەكەنەوە. لە كۆڕێكدا چەند كەسێك باس لە مێژوویەک دەکەن کارکتەری ناو. ئەو شۆڕشەن ، شەنوكەوی مێژوویەك دەكەن كە خۆیان تێدایە کارەكتەری ناو ئەو شۆڕشەن، بە هەزارانی وەك کاکە شەهاب و هاوڕێكانی گیانی خۆیان بەختكرد و ئەمانیش لە سێبەری ئازایەتی ئەو شەهیدانەدا مێژوو ئاوەژۆ دەكەن و بێئەمەكی خۆیان بە ئازایەتی سەركردە شەهیدەكان رووپۆش دەكەن. ئەوان بوون لە ساتی شەهیدبوونی کاکە شەهاب و هاوڕێكانیدا بەیاننامەیان لەسەر کاکە شەهاب و هاوڕێکانی بڵاودەكردەوەو بە ترسنۆك و راكردوو وەسفیان دەكردن لە كاتێكدا شەهید شەهاب و هاوڕێکانی بۆ دیداری هەڤاڵ مام جەلال دەیویست لە ئێرانەوە خۆی بگەیەنێتە سوریا، بەڵام كە هاوسۆزی خەڵكی و ئازایەتی و مەردایەتی کاکە شەهاب و هاوڕێکانیان بینی ئینجا بەیاننامەكەیان كشاندووە. ئەوانەی ئەمڕۆ بەناوی كۆمەڵەوە پڕۆپاگەندە بۆ سەركردە دڵسۆز و شەهیدەكان دەكەن و لە بێكەسی كورددا ئێستا خۆیان وەك پاڵەوان نماییش دەكەن، ئەوان نە هاوڕێ و نە جێمتمانەی کاکە شەهاب و هاوڕێكانی بوون، ئەوان هەمان بێوەفاكانی جارانن كە چەندین ساڵ و دوای شەهیدبوونی كەڵەپیاوانی شۆڕش و كۆمەڵە و یەكێتی، بۆ خولەكێكیش بیری شەهید شەهاب و هاوڕێكانیان لە دڵی خۆیاندا بەرز رانەگرتووە، ئازایەتی و قوربانیدان و وەفایان لێوەفێرنەبوون، ئێستا خۆیان لێبووە بە پاڵەوانی رۆژگاری سەختی خەبات. ئەو ساتانەی کاکە شەهاب لە ژێر ئەشكەنجەی بەعسدا، خوێن لە جەستە و پەنجەكانی دەچۆڕا و ئامادەنەبوو وشەیەك لەسەر هاوڕێكانی بڵێت، ئەمان سەرقاڵی بەرژەوەندیە كەسیەكانی خۆیان و بوون. ئەوانەی دوێنێ لەبەردەم شاشەدا خۆیان بە هاوڕێ و نزیكەكانی شەهید کاکە شەهاب دەدایە قەڵەم، ئەوان هەمیشە و لە مێژووی خەبات و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە پێچەوانەی رێبازو بیروباوەڕەكانی کاکە شەهاب و هاوڕێكانی رۆیشتوون و هیچ وانەو رەوشتێكی لێوە فێرنەبوون. ئەوانە چۆن لەروویان دێت باسی خەباتی کاکە شەهاب و هاوڕێکانی بكەن و خۆیان بخەنە هاوشانی، لەكاتێكدا هەر ئەمانەبوون هیچ نەما بە خەبات و نەبەردیەكانی کاکە شەهاب و هاوڕێ کانیان نەكەن؟ ئێمەی هاوڕ و دۆست و كەسوكاری شەهید شەهاب، ئەوە دەزانین یادكردنەوەی شەهیدەكان پیشەو ئاكاری مرۆڤە جوامێر و بەوەفاكانە، بەڵام بەهەموو ئەوانە دەڵێن، لە 46 ساڵی رابردوودا جوامێریەكمان لە ئێوە نەبینی، یادێكی سەروەرانەمان لە ئێوە نەبینی وەفا و ئاكارێكی پڕ شكۆمان لە ئێوە نەبینی، خێرە ئەمڕۆ لە پێناو چی مەرامێكی شەخسی یادی شەهید شەهاب و هاوڕێکانی دەكەنەوە و خۆتان كردووەتە میراتگری؟ بەشێكی زۆر لە شاهیدی ئەو رۆژگارە سەختانە لەژیاندان، هەموو ئەوەیان بیرە كە ئێوە چۆن دەتانویست بۆ مەرامی شەخسی خۆتان مێژووی کاکە شەهاب و هاوڕێكانی بشوێنن و چەندین رێگەتان تاقیكردەوە، بەڵام گەلی خەباتگێڕی كورد زۆر لەوە وشیار بوو وە وشیار ترە كە ئێوەی بێوەفا و ناجوامێر، وەك چۆن لە رابردوودا نەتانوانی مێژوویان بشێوێنن، ئەمڕۆش ناتوانن بە مێژووی ناجوامێریتانەوە، مێژووی پڕ لە قوربانیدان و جوامێری کاکە شەهاب و هاوڕێكانی بشێوێنن. دروود بۆ گیانی پاكی کاکە شەهاب و سەرجەم شەهیدانی كۆمەڵە و یەكێتی و كوردستان. ڕووناک شێخ جەناب
درەو: لە ماوەی یەك هەفتەدا (42) هاوڵاتی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران شەهید بون و زیاتر لە ( هەزارو 500) كەسیش برینداربوون. لە بۆكان (12) شەهید، لە جوانڕۆ (7) شەهید، لە سنە (7) شەهید، لە مهاباد (4) شەهید. رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری شەهیدانی یەك هەفتەی بڵاوكردەوە. لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، لانی کەم ٤٢ هاووڵاتی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران و زیاتر لە ١٥٠٠ کەسیش بریندار بوون. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەرەوە هەتا ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، لە بەرخۆدانی شارەکانی کوردستان لانی کەم ٤٢ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژران. بەپێی بەڵگەکانی بەردەستی هەنگاو، ٤٠حاڵەت بەرامبەر بە ٩٥٪، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون، کە زۆربەیان سەر و سینگیان کراوەتە ئامانجی تەقەکان. هەروەها هاووڵاتییەک لەدوای ڕفاندنی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکە بەهۆی سەختی برینەکەی لە ئەنجامی لێدانی چەقۆ کوژرا. پۆلێنبەندی ٤٢ هاووڵاتی کوژراو لە ٩ شاری کوردستاندا بە شێوەی خوراوەیە: شاری بۆکان ١٢ حاڵەت شاری جوانڕۆ ٧ حاڵەت شاری سنە ٧ حاڵەت شاری مەهاباد ٤ حاڵەت شاری پیرانشار ٤ حاڵەت شاری کامیاران ٢ حاڵەت شاری سەقز ٢ حاڵەت شاری دیواندەرە ٢ حاڵەت شاری دێولان ١ حاڵەت شاری بانە ١ حاڵەت شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئاماری کوژراوەکان لەم ڕێژەیە زۆرترە، کە تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو دوای پشتڕاستکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕایاندەگەیێنێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای شەرمەزارکردنی توندوتیژی لەڕادەبەدەری هێزە حکومەتییەکان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد، پێی وایە ڕووداوەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت جوانڕۆ، "کۆمەڵکوژی" بووە. هێرشی نیزامی بۆ سەر شارەکانی کوردستان، بە شێوەیەکی سیستامتیک و بەرفراوان بەمەبەستی تایبەتی کوشتنی تاکی کورد ئەنجام دەدرێت. ناوی کەسانی کوژران بە وردەکارییەوە: شەوی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-فواد محەممەدی خەڵکی کامێران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری کامێران کوژرا. ٢-زانیار مورادی خەڵکی سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ٣-عیسا بیگلەری خەڵکی سەوڵاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ٤-سامان قادربەیگی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-دانیال پابەندی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سەقز کوژرا. ٢-بورهان کەرەمی خەڵکی کامێران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری کامێران کوژرا. ٣-سالار موجاور خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٤-ئەسعەد ڕەحیمی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٥-محەممەد حەسەن زادە خەڵکی بۆکان، بە لێدانی چەقۆ لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ٦-فەرهاد خوسرەوی خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-شاهۆ بەهمەنی خەڵکی سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ٢- ئارام حەبیبی خەڵکی سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ٣-عەبدوڕەحمان بەختیاری خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سەقز کوژرا. ٤-هەژار مام خوسروەی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٥- ئەمجەد عینایەتی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٦-هیوا جان جان خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٧- ئازاد حوسێن پوور خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری مەهاباد کوژرا. ٨- مستەفا شەعبانی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. ٩-ئومێد حەسەنی خەڵکی سنە، لەدوای دەستبەسەرکرانی لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە گیانی لەدەست دا. ١٠-ئاسۆ قادری خەڵکی ڕەبەت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بانە کوژرا. ١١-غەفور مەولودی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-محەممەد ئەحمەدی گاگاش خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری مەهاباد کوژرا. ٢-ئەمیر فەراستی شاد خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری پیرانشار کوژرا. ٣-میلاد مەعروفی خەڵکی بۆکان، کە پێشتر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندراکرابوو بەهۆی سەخی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ٤-سەید کەماڵ ئەحمەدپووری خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری مەهاباد کوژرا. ٥-مێهران ڕەحمانی خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری مەهاباد کوژرا. ٦-شەهریار محەممەدی خەڵکی بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری بۆکان کوژرا. شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-فواد سواری خەڵکی دیواندەرە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. ٢- حەبیبوڵڵا فەتحی خەڵکی دیواندەرە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری دیواندەرە کوژرا. ٣-حوسێن عەبدپەنا خەڵکی سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە کوژرا. یەکشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-عیرفان کاکایی خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٢-بەهالدین وەیسی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٣-سولێمان شوکری خەڵکی بۆکان، کە پێشتر بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ٤-موحسێن نیازی خەڵکی دێولان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری دێولان کوژرا. ٥-جەلال قوربانی خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری پیرانشار کوژرا. ٦-تاهێر عەزیزی خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری پیرانشار کوژرا. ٧-کاروان قادر شوکری تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری پیرانشار کوژرا. دووشەممە ٣٠ خەزەڵوەری ٢٧٢٢ ١-ئیسماعیل گوڵ عەنبەر خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٢-جەوهەر فەتاحی خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٣-تەحسین میری خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٤-جەماڵ ئەعزەمی خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا. ٥-مەسعوود تەیموری خەڵکی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژرا.
(درەو): شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی، سلێمانی بەجێهێشتو گەیشتە هەولێر، بڕیارە گەشتی دەرەوە بكات. لەدوای دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە رۆژی 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی بانگهێشت كردو ئاگاداری كردنەوە لەوەی نابێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئەمەی وەكو فەرمانی یەكێتی پێ راگەیاندن. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دوێنێوە شۆڕش ئیسماعیل گەڕاوەتەوە بۆ هەولێرو چەند بەرپرسێكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی بەنیازە لە هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات بكاتو نیگەرانە لەو فشارانەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە سەری. (درەو) زانیویەتی، شۆڕش ئیسماعیل نیگەرانە لە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانیو پێیوایە بیانوی پێدەگرن لەبارەی ئەو هەنگاوانەی كە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گرتویەتییە بەر. بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی شۆڕش ئیسماعیلو چەتۆ ساڵح لە هەولێر هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیو بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە كە تائێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیلو چەتۆ ساڵح لە پۆستەكانیان لابداتو كەسانی تر لە یەكێتی لە شوێنیان دابنێت، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئامادە نییە ئیمزا لەسەر ئەم گۆڕانكارییە بكات. (درەو) زانیویەتی، چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ چووەتە دەرەوەی وڵات و نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر، پێشتر سەركەوت حەسەن بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، لەلایەن یەكێتییەوە كاندید كراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەكەی چەتۆ ساڵح. ئەم پەرەسەندنە لەكاتێكدایە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی پارتی سەردانی یەكێتی بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە. (درەو) زانیویەتی، یەكێك لە كێشەكانی یەكێتی پەیوەندیدارە بە گۆڕانكاریی لە هەندێك پۆستی حكومیدا كە تیمی پارتی لە حكومەت ئامادە نین ئیمزای لەسەر بكەن، ئەمە لەپاڵ كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)و گەمارۆدانی ماڵەكەی قوباد تاڵەبانی لە هەولێرو دۆخی داراییو خزمەتگوزاریی لە سلێمانی. یەكێتی سەرباری ئەوەی لەسەر ئاستی جێگری سەرۆك وەزیران بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، بەڵام چەند وەزیرێكی ئەندامن لە وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدادو بڕیارە بەمزوانە وەفدەكە بچێتە بەغدادو ئەندامانی یەكێتیش بەشدار دەبن.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ڕووخانی سێ خانوی خێزانێک لە سلێمانی بەسەریەکدا و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو خێزانە، بە ھۆی لێچوونی گازی ئێڵ پی جی لە سیستمی شۆڤاژەوە، دەبێت بەرەو ئەو ڕاستییەمان ببات کە ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکی تەواو تازەداین و تێگەیشتن لەو دیاردەیەش پێویستی بە ڕوانین و شیکردنەوەی تازە ھەیە. ئەو خاڵەی پێویستە لێیەوە دەستپێبکەین پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییە سادەیە کە ئەم تەقینەوەیە و ئەم داڕمانەی باڵەخانەیەک و ئەم مردنە دەستەجەمعییە، ھەموویان دیاردەی شارین و لەناو شاردا ڕووئەدەن. خودی مردنەکەش خۆی، مردنێکی شارییە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو مۆدێلە لە ”بەشاربوون“ەوە ھەیە کە لە دوو دەیەی دواییدا لە کوردستاندا ھاتونەتەکایەوە. پرۆسەی بەشاربوون بەو مانایەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”ئوربانیزەیشن“. شار وەک شار تەنھا شوێنی پرۆسەی کۆمەڵایەتیی تازە نییە، تەنھا شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی جیاواز و شێوە ژیانی جیاوازی لەپاڵیەکدا نییە، بەڵکو شوێنی مردنی تازە و کارەساتی تازەشە. لە پەیوەندیدا بە ڕووداوەکەی گەڕەکی کازیوەوە، سلێمانی ڕووبەرێکی تازەیە بۆ شێوازێکی تازە لە مردن. مردنەکە خۆیشی پەیوەندیی بە جۆرێکی تایبەت لە ”پرۆسەی بەشاربوون“ی سلێمانییەوە ھەیە، نەک بە نەخۆشیی و پەتا و کارەساتی سروشتییەوە. ئەم جۆرە تازەیە لە مردن ڕووداوێکی مرۆڤکردە، بەرھەمی شێوازێکی تایبەتی کارکردنی مرۆڤە لەناو ژینگەکەی خۆیدا، پەیوەندیی بە شێوازێکی تازەی ھەندەسەی شارەوە ھەیە. ھەم نەخشەی خانوەکە و ھەم شوێنەکەی و ھەم ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنیدا بەکارھێنراون و ھەم ئەو ئامێرانەی لەناویدا دانراون، نەخشە و شوێن و کەرەستە و ئامێری تازەن و بەشێکن لەو پرۆسەی بەشاربوونەی دوو دەیەیە لە ھەرێمدا، بەڕێوەدەچێت. ئەم ھەندەسە تازەیەی شار، ھەندەسەی دابڕانی کەسەکان و بەشە جیاوازەکانی شارە لەیەکتری، ھەندەسەی دروستکردنی گیتۆ و ژیانی تەریب و بێپەیوەندییە لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، ھەندەسەی دروستکردنی خانوبەرەیە بەشێوەیەکی خێرا کە بە جۆرێکی تازە لە دەوڵەمەندبوونی خێراوە گرێدراوە، ھەندەسەی مامەڵەکردنی شارە بە لۆژیکی بازاڕ نەک بە لۆژیکی دابینکردنی ژیانێکی گشتیی باش بۆ دانیشتوانەکەی، ھەندەسەی مامەڵکردنی شوێنی ژیانە وەک پرۆژەیەکی ئابوریی قازانج فڕێدەری خێرا، ھەندەسەی بازرگانیکردن بە کەرەستە و ئامێری خراپ و نەشیاوەوە، ھەندەسەی نەبوونی شارەزا و لێزانی پیشەیی لە بوارەکانی دانان و بەگەڕخستن و سیانەی وەرزیانەی ئەو کەرەستانە. لە دوو دەیەی ڕابوردودا شار بووە بە یەکەی ھەرەسەرەکیی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سیاسیی و فەرھەنگیی و دینیی کۆمەڵگای ئێمە. زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم لەناو شارە گەورەکاندا دەژین، ڕووداوە گەورەکانی ناو ژیانی ڕۆژانە و ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و سیاسییش، ھەر لەناو شارەکاندا ڕووئەدەن. جۆرێک لە شڵەژانی گەورە لە شارەکاندا دروستبووە کە لە نووسینێکدا ناوی ”شڵەژانی پێوانەیی“م لێناوە، واتە شڵەژانی ئەو بەھایانەی کە باش لە خراپ ، دەشێت لە ناشێت، جوانیی لە ناشیرنیی. ھتد... لەیەکتری جیادەکەنەوە. بەڵام ئەوەی شوێنی سەرنج و لەسەروەستانە کورتکردنەوەی پرۆسەی بەشاربوونە لای ئەوانەی پرۆسەکانی بەشاربوون لە دونیای ئێمەدا بەڕێوەدەبەن،، لە دروستکردنی خانوبەرە و بازاڕ و مۆڵ و شوێنی گشتیی تازەدا، کەزۆرجار ئابورییەکی پڕ گەندەڵیی ژێرخانەکەیەتی و بەدەستھێنانی قازانجی خێرا و پاراستنی لۆژیکی قۆرخکردن، ئاراستەی دەکات. ئەوەی لەم مۆدێلە تایبەتەی بەشاربووندا غائیبە وێناکردنی شارە وەک ماف. شار وەک ڕووبەر و پانتاییەک بۆ ماف، لەوانەش، بۆ نموونە، مافی ھەبوونی کۆمەڵێک مافی سەرەکیی و بنەڕەتیی کە بریتین لە: مافی ھەبوونی ماڵ، ھەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، ھەبوونی کار، ھەبوونی ئاستێک لە ژیانی گونجاو، ھەبوونی شوێنی یاریی و پشوودان، ھەبوونی توانای دەستگەیشتن بە زانیاریی، ھەبوونی ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە، ھەبوونی ئاو و خۆراک، ھەبوونی توانای بەشداربوون و تەعبیرکردن لە خود، ھەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و پەروەردە و ڕۆشنبیریی، ھەبوونی ژیانی تایبەت و ئاسیش، ھەبوونی ژینگەیەکی پاکژ و تەندروست، ھتد... ئەمە جگە لە مەسەلەی پاراستنی پلورالیزم و فرەڕەنگیی کولتوریی و دینیی و سیاسیی و شێوەژیان لە شاردا، ئینجا پاراستنی مێژو و شوناسی فەرھەنگیی شار و پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی، لەناویدا. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا غائیبە بەشی ھەرەزۆری ئەم مافانە و وێنانەکردنی شارە وەک ماف، دابڕانی پرۆسەی بەشاربوونە لە دەستەبەرکردنی ئەم مافانە. لەباتی وێناکردنی شار وەک یەکەیەکی گشتیی و ھاوبەشی خاوەن ماف وێناکردنیەتی وەک کۆمەڵێک گیتۆی کۆمەڵایەتیی لەیەکتری دابڕاو و سەرزەمینێک بۆ کەڵەکەکردنێکی بێچاودێریی سەرمایە. گیتۆی تایبەتی فیرعەونەکان بە دابڕاوی لە ڕووبەرێکی گەورەی کەم تا زۆر فەرامۆشکراو، بۆ ئەوانیتر. کە باس لە مافی ئاسایش لە شاردا دەکرێت، تەنھا باس لە مافی پاراستنی ھاوڵاتیان لە دەستدرێژیی و توندوتیژیی و سوکایەتیپێکردن ناکرێت، بەڵکو مافی پاراستنیشیانە لە ئەگەری ڕوودانی ئەو جۆرە کارەساتەی لە گەڕەکی کازیوە، ڕوویدا. کارەساتێک کە پەیوەندیی بە جۆری غازی بەکارھێنراو و بە شێواز و کەرەستەکانی دروستکردنی خانوەکان و بەنەبوونی سیانە و پشکنینی ڕێکخراوەوە، ھەیە. بە کورتییەکەی، ئەم جۆرە کارەساتە پەیوەندییەکی پتەویان بە غیابی وێناکردنی شارەوە ھەیە وەک ماف، لەناویاندا مافی ھەبوونی ئاسیش. بۆیە ئەوەی پێویستە لە خوێندنەوەماندا بۆ ئەم کارەساتە ئینسانییە ئەنجامیبدەین بەستنەوەی شێوازی تۆقێنەرانەی مردنەکەیە بە دیاردەی بەشاربوونێکی تایبەتەوە، کە دەشێت ناوی ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە“ی لێبنێین. ئەم شێوازە تایبەتەی بەشاربوون لەھەناوی زۆرێک لە پرۆسەکانیدا بێنرخکردنێکی بەردەوام و سیستماتیکی ژیانی ئەو دانیشتوانەی ھەڵگرتوە کە لەناویدا دەژین. ژیان بۆ ئەوەی ببێت بە ژیان پێویستیی بەوەیە خەمی لێبخورێت و مشوری پێداویستییە سەرەکییەکانی بخورێت،.بەڵام ئەم شێوازە لە ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە“ باز بەسەر ئەو پرنسیپە سادە و سەرەکییانەدا ئەدات و لۆژیکی قازانجێکی خێرا و چاودێرینەکراو ئاراستەیدەکات. ئەم کارەساتە ئەمڕۆکە لە ماڵی ئەو ھاوڵاتیانەدا لە گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی ڕوویدا، بەڵام ئەگەری چەندبارەبوونەوەی لە فۆرم و شێوازی جیاوازدا، لە شارەکانی ترى ھەرێمدا، ئەگەرێکی گەورە و ئامادەیە. ھۆکاری سەرەکیی دووبارەبوونەوەکەش ئەو فۆرمی ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە“ یە کە باسمکرد، فۆرمێک لە ھەموو شارەکانی ھەرێمدا بەخەستیی ئامادەیە و کاریگەریی دوورخایەنی ھێجگار نێگەتیڤی لەسەر ژیانی ئەوانە دەبێت، کە لەو شارانەدا دەژین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو ماتەمینە گەورەیە کە بۆ ئەم ڕووداوی مردنە بەکۆمەڵە ھاتۆتەکایەوە دەتوانێت ببێت بە خاڵی وەرچەرخان لە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەییانەی ھەمەلایەنةدا بەکۆی ئەو ھەندەسە تایبەتەی ”بەشاربوونی نابەرپرسیارانە“ لە ھەرێمدا؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ ھێجگار زەحمەتە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. لە سەرێکەوە خەریکە خودی ماتەمینییەکە بە حیزبیی و بە سیاسیی دەکرێت، بەمەش ھەم نمایشی سیاسیی شوێنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەگرێتەوە ھەم ئەو ڕەھەندە گشتییە لە ماتەمینییەکە دەسێندرێتەوە کە بە پرۆسەی دروستکردنی شارەکانەوەی، دەبەستێتەوە. لەسەرێکی دیکەوە ژێرخانی پرۆسەی بەشاربوون لە ھەرێمدا ھێندە گەندەڵ و قۆرخکراوە، ھێندە بەشێکە لە گرێدانێکی گەورە و ھەمەلایەنی کایەی سیاسیی و کایەی ئابوریی بەیەکەوە، دەتوانێت کارەساتی لەم شێوەیەش بێ بەجێھێشتنی کاریگەرییەکی ئەوتۆ، تێپەڕێنێت.
وەرگێرانی . ئەنوەر کەریم ئایا سیستەمە کلاسیکیەی چین ئاوا بەهێز ئەبێت تا بتوانێت وەک سوپەر پاوەر پێش ئەمریکا بکەوێت؟ لە کاتێکدا کە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی ضين زۆربەیان هەڵبژێردرانەوە بۆ خولی سیَيەمی سەرکردایەتی کە کۆنگرەکە ی هەفتەیەکی خایەند. شی جین پینی تەمەن 69 ساڵ کە لە ساڵی 2012 دەسەڵاتەکەی درێژە پێئەدا. لە تەمەنی سەرکردایەتیەکەیدا دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر چیندا و توانی کاریگەریەکانی بگاتە زۆر شوێن لە جیهاندا ، وە دەسەڵاتی بەمەرکەزی کرد، بەشێوەیەکی توند نەیارەکانی سەرکوتکرد و بەملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیکرد لە ژیرخانی ئابوری چیندا، دوڕگەی گەورەی دروستکرد لە دەریای باشوری چیندا وە بە سەربازگەی کرد. چین و خاوبونەوەی ئابوریەکەی . لەسەرەتادا کە (شی جینپین) بوو بەسەرۆکی چین ئابوری چین زۆر بەباشی گەشەی کرد وە تێکڕای گەشەی ناوخۆ بەڕێژەی 7.9 % بووە بە پێێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی بەڵام ئیستا ئابوریەکەی خاوبۆتەوە کە تێکڕای گەشەی ناخۆ بۆ 2.2 % دابەزیوە . بەڵام لەسەروو ئەوەشەوە تێکڕای گەشەی ناوخۆی چین بووە بە دوو هیندە لە 8.5 تریلیۆن دۆلارەوە لە ساڵی 2012 وە، تێكڕای داهاتی ناوخۆ ی چین بۆ ساڵی 2021 گەیشتە 18 تریلیۆن دۆلار . ئەمریکا ئابوریەکەی گەورەترە لە چین بەڵام تاکو کەی ئابوریەکەی ئاوا دەمێنێتەوە. ئایا هێزی سەربازی چین زۆر بەهیزە . لەسەرەتادا کە (شی جینپین) بوو بەسەرۆکی چین ئابوری چین زۆر بەباشی گەشەی کرد وە تێکڕای گەشەی ناوخۆ بەڕێژەی 7.9 % بووە بە پێێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئیستا ئابوریەکەی خاوبۆتەوە کە تێکڕای گەشەی ناخۆ بۆ 2.2 % دابەزیوە . بەڵام لەسەروو ئەوەشەوە تێکڕای گەشەی ناوخۆی چین بووە بە دوو هیندە لە ساڵی 2012دا ( 8.5 ) تریلیۆن دۆلار بووە، تێكڕای داهاتی ناوخۆی چین بۆ ساڵی 2021 گەیشتە ( 18 )تریلیۆن دۆلار . ئەمریکا ئابوریەکەی گەورەترە لە چین بەڵام تاکوکەی ئابوریەکەی ئاوا دەمێنێتەوە. بۆچونی ئەمریکا گۆڕا بەرامبەر بە چین . کاتێک کە( شی جینپین) بوو بەسەرۆکی ووڵاتی چین لە ساڵی 2012 لە سەردەمی خولی دووهەمی ( باراک ئۆبامای) ئەمریکا دا . بۆ چونی نیگەتێڤ لە ئەمریکادا سەری هەڵدا و لە بەرزبەنەوەدا بوو، لەسەر بازرگانی و وە هەروەها داگیرکردنی خاک لە ناو دەریای باشوری چین، کە نەتەوەکانی تری ئەو ناوچەیە خۆیان بەخاوەنی دائەنێن وە هەروەها پێگەی سەربازی لە و دوورگانەدا دروستکرد ، پەیوەندیەکانی چین و دۆناڵد ترامپ لەسەرەتاوە بەرەو باش بون ڕۆیشت بەس دوای بوون بەنەیار، لە ئەنجامی شەڕی بازرگانیەوە ، وە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و وە بڵاوبونەوەی کۆڤید –19 بە جیهاندا کە لە چینەوە سەری هەڵدا . وە لەساڵی 2012 دا بەڕیژەی لە (40%) ئەمریکەیەکان ووڵاتی چینیان لا پەسەند نەبوو. بە پێێ ئاماری دەزگای (pew research.org) . وە ئەو ژمارەیە بەرزبوە بۆ لە 82%) بە پێێ ئاماری (Washington policy research ) لە ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتوانی چین بەرەو هێواشبونەوە ڕۆیشتوە بەڵام لە ئیستا دا وەک دڵۆپەکردن وایە. لەساڵی 2013 کە ( شی جینپین ) ڕایسپارد و یاساکانی گٶڕی بۆ ئەوەی ئیتر چین ئەبێت کۆتایی بە سیستەمی (1 منداڵ) بوون بهێنیت چونکە بوە هۆی ئەوەی گەشەکردنی دانیشتوان دیاریکراو بێت . وە بە یاسا تازەکە ئیستا هەموو خێزانە چینیەکان دەتوانن تا 3 منداڵیان هەبێت ، بەڵام دوای دەیەیەک لە ساڵی 2021 ڕێژەی لەدایکبوون بەتەواوی وەک هێڵكیک ئاسۆی ڕۆیشتوە (0.07% ) وە لە ئیستادا زۆر کەمترە . بەپێی( ئەکادیمایی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی شەنگەهای) وە پیشبینیەکانی ئەڵێت کە دانیشتوانی چین ساڵانە بەڕێژەی( 1.1%) کەمدەکات ئەمەش ژمارەی دانیشتوان لە (1.4ملیار) کەسەوە بۆ (587ملێۆن ) کەس دادەبەزێت بۆ ساڵی (2100) ئەمە ش مانای وایە کەمی ژمارەی دانیشتوان ئەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی هەقدەستی کرێکار بەرزبکاتەوە واش دەکات ببیتە دامرکانەوەی ئابوری چین . چین لە لاسایکردنەوە بۆ داهێنەر چین وا بیردەکاتەوە وەبەرهێنان بکات لە (STEM) واتە ( لەزانست و تەکنلۆژیاو ئەندازیاری و ماتماتیکدا) دەرچوەکانی ئەم کۆلیجانە ئەبن بە داهێنەری هەمییشەی، لەسەردەمی (شی جینپین) دا فەرمانی کرد کە هەنگاوی فراوان بەو ئاراستەیە بنرێت لە لاسیکردنەوە بۆ داهێنان لە ( بایۆ تکنلۆجی ، دارایی و چیپی پێشکەوتو و ڕۆبۆتەکان و زیرەکی دەستکردو وە سایبەر سیکیوریتی وە تەکنەلۆجیەیای نوێی پێشکەوتوو ) ، وەرگرتن لە خوێندنی باڵادا لە ساڵی 2012 بە رێژەی 30% بوو بەڵام لە ساڵی 2021 ئەو رێژەیە بەرزبوەوە بۆ لە 60% بە پێی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی چین . بەپێی ئامارێکی ( George town Universitys Center for Security and Emerging Technology ) بۆ ساڵی 2025 قوتابیانی (STEM) 3 بەرامبەر بە 1 ئەبێت لە ئەمریکا ئەگەر قوتبیانی بیانی لە ئەمریکا هەژمار نەکرێت. کێشەیەی کە بەهێواشی دەکوڵێت کێشەی تایوان و کرژیەکانی هۆنگ کۆنگ کە زیاتر ئەبێت . پەکین زۆر دەمێكە ئەڵێت تایوان ئەبێت لە گەڵ چیندا یەکبگرێتەوە . کە لە ساڵی 1949 خۆی وەک جزیرەیەکی سەربەخۆ حکومی خۆی ئەکات . لە کۆتایدا( شی جینپین ) ووتی چین ئامادەیە بە هۆی هێزە سەربازیە پێشکەوتویەکەیەوە کە پێویست بوو تایوان بخاتەوە سەر ووڵاتی دایک . بڕیاری ئیدارەی بایدن بەرامبەر بەچین ئەوە بوو کە دوای سیاسەتەکانی ترامپ بکەوێت کە کە ڕێگایان دا بەرپرسە ئەمریکیەکان بە ئازادانە هاتوچۆی تایوان بکەن ، کاتێک کە سەرۆکی پەڕلەمانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد کرژیەکانی نیوان ئەمریکاو چین گەیشتە نزیکی بەریەکەوتون ، هەر لە هێڕشی سایبەر و . تەقینی موشەکی بالستیە وە بوەهۆی دا خستنی چەند چەناڵێکی دیلۆماسی لە نێوان ئەمریکاو چیندا ، لە سەردەمی خاوەنداریتی ( شی جینپین ) . چین بە هێواشی کۆنتڕۆڵی هۆنگ کۆنگی کرد . دوای ئەوەی کە کۆتایی بەحوکمی بەریتانیا هات لەساڵی 1997. دوای ئەوەی کە کۆمەڵێک خۆپیشاندانی گەورە لەساڵی 2014 و 2019 دا ڕووویاندا ، سەرۆکی چین کۆمەڵی یاسای دەرکرد کە کە ڕێگایەوە لە ئازادی ڕادەربڕین کەمکردۆتەوە وە کەوتە سەرکوتکردنی نەیارەکانی . چین بەرامبەر بە ڕۆژئاوا بەنزیکەی هەموو ووڵاتا دەوڵەمەندەکان و دیموکراتیەکانی ڕۆژئاوا . لە ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا وبەریتانیاو یابان و کۆریای باشور، چین وە ک نەیار سەیر دەکەن نەک وەک (دژە ئابوریەک ).. ئەمەش وایکردوە کە ئەو پۆڵیسیە جێبەجێبکەن کە پشت نەبەستن بە چین . ئەمەش گۆڕانکاریەکی گەورەیە کە لە دەیەی رابردووە ڕوویداوە. کە ئەو کاتە واسەیر ئەکرا کە چین شەریکێکی سەرەکیە لە بڕیارە نیودەوڵەتیەکاندا . . https://www.google.com/search?q=XI+JINping+to+remain+,+chairman+of+every+things+.+in+china+after+he+being+presented+a+third+term&sp 0
درەو: سوپای پاسدارانی ئێران بەرەسمی هەرێمی كوردستانیان ئاگاداركردووەتەوە، ئەگەر حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات چەك نەكەن، ئەوا لە نزیكترین كاتدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی لەناوخاكی هەرێم لە دژیان دەستپێدەكەن. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند لە دوو رۆژی رابردوودا وەفدێكی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاگاداری حكومەتی عێراق هاتونەتە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە سەردانی هەولێر و سلێمانیانكردووە، بەرەسمی بە حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی پارتی و یەكێتیان راگەیاندووە: حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات هەڕەشەن لەسەر ئێران، بۆیە دەبێت چەك بكرێن و نابێت چەكیان پێبێت، خۆ ئەگەر چەكیان نەكەن، ئەوا لە زووترین كاتدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی لەناو خاكی هەرێم دەستپێدەكەن بۆسەر بنكەو بارەگای ئەو هێزانە جا لەهەر شوێنێك بن. ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسدارانی ئێران هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەرپازی توركیا بۆسەر باشور و رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەكان بە هەماهەنگی ئەنقەرەو تاران بێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، وەفدەكەی سوپای پاسداران ئاگاداری بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیان كردووە كە لە هەرێمی كوردستانەوە چەك و كەلوپەلی سەربازی دەچێتە ئێران و دەدرێتە گروپ و چالاكانی كورد لە ئێران، وەفدەكە بەروونی رایانگەیاندووە"لەماوەی رابردوودا دەستبەسەر ژمارەیەكی زۆری چەكدا گیراوە كە لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی ئێرانكراوە". دوێنێ حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: سەرلەبەری ئەو هەوڵە بێ بنەمایە ڕەتدەكەینەوە كە چەك لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاغ برابێت بۆ ئێران، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێك بدرێت
نەوزادی موهەندیس بەشی یەكەم • ئاشكرایە كەرتی وزە كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و گازی سروشتیدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان،بۆتە سەرچاوەی یەكەمی داهات بۆ هەردوولا و كەرتەكەش كەرتێكی گەورە و گرنگ و كاریگەر و هەستیاریشە بۆسەر بڕیارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكان و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت لەسەرخان و ژێر خانی ئەو كەرتەدا بۆئەوەی بەبەردەوامی گەشە و پێشكەوتنی زیاتری تیادا ئەنجامبدرێت،بۆئەوەی بتوانێت توانا و وزەی بەرهەمهێنانیان زیاتر بكات،لەبەرئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەهەردووكیان بڕی 145 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان تیادایە و چوارهەم وڵاتە لە جیهاندا لەدوای هەریەكە لە فەنزەوێلا و سعودیە و ئێرانەوە و گازی سروشتی یەدەگیشی بەبڕی 137تریلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە كە لە پلەی دەهەمدایە لەسەر ئاستی جیهان. كە ڕەنگە بەشی لانی كەم 50-100ساڵی ئایندەش بكات. • لێرەدا باس لە دینگە و پایە گرنگەكانی ژێر خانی كەرتی وزە دەكەین بەشێوەیەكی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە خۆیان دەبیننەوە لە هەریەكە لە: 1. كێڵگەكانی نەوت 2. تۆڕی بۆری نەوت و گاز گواستنەوە 3. كۆگاكانی هەڵگرتن 4. پاڵاوگەكانی نەوت 5. پیشەسازی پتڕۆ كیمیاویات • بەم شێوەیە هەریەكێك لەم كەرت و وێسگانە گرنگی خۆیان هەیە. لەبەشی یەكەمدا باس لە گرنگی كێڵگەكانی نەوت دەكەین.كە بریتین لەسەرچاوەی نەوت و غازی سروشتی و بەبێ بوونی ئەم كێڵگە نەوتیانە ناتوانرێت هیچ كارێك لەكەرتی وزەدا ئەنجامبدرێت،بۆیە كێڵگە نەوتیەكان وێسگەی یەكەم و چاوگی سەرەكین لە ژێرخانی كەرتی وزەدا و چەندە گرنگی بدرێت بەكێڵگە نەوتیەكان لەڕووی گەشەپێدانی و هەڵكەندنی بیری نوێ و سازكاری كردنی بەردەوام تیایاندا هێندەش بڕو وتوانای بەرهەمهێنانیان زیاد دەكات. 1- كێڵگەی نەوتی : كە لە دۆزینەوە و ڕووپێوی و هەڵكەندنی بیرە نەوتەكاندا خۆی دەبێنێتەوە تا دەرهێنانی نەوتە خاوەكە یان ڕاستەوخۆ بۆ بەندەرەكان و ناردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان ،یانیش بۆ كۆگاكان و پاڵاوگەكان بۆ پاڵاوتنیان و دەرهێنانی پێكهاتەكانی و بەكارهێنانی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش. • كێڵگە نەوتیەكانی عێراق كێڵگە نەوتیەكانی عێراق لەهەردوو پارێزگای بەسرە و كەركوك چڕدەبنەوە،دوائەوانیش كێڵگەكانی پارێزگای میسان و بەغداد و صلاح الدین و دیالی و نەینەوا دێن. • بەناوبانگترین كێڵگە نەوتیەكانی باشووری عێراق • كێڵگەی ڕومێلەی باكوور بریتیە لە كێڵگە نەوتە زەبەلاحەكەی عێراق.درێژدەبێتەوە لە ڕۆژئاوای شاری بەسرەوە بەرەو باشوور تا بەشی باشووری دەچێتە ناو خاكی وڵاتی كوێتەوە. بریتیە لە نۆهەم گەورەترین كێڵگەی نەوت لە جیهاندا.مێژووی بەكارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 11/1970،دەرهێنانی نەوت لەم كێڵگەیەدا لەژێر سەرپەرشتی كۆمپانیای نەوتی باشوور لەبەسرەدایە. • كێڵگەی مەجنون بریتیە لە كێڵگەیەكی زەبەلاح لە پارێزگای بەسرە،نزیكەی 100 هەزار بەرمیل/ڕۆژ بەرهەم دەهێنێت،سەرەڕای ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 600هەزار بەرمیل/ڕۆژ گەر بتوانرێت گەشەی پێبدرێت. • كێڵگەی ڕووباری عومەر بەهەمان شێوە دەكەوێتە پارێزگای بەسرەوە،زۆرێك لە پەناگەی نەوتی هەیە كە هێشتا پێشنەخراون،تائێستاش بەرهەمەكەی زۆر نیە،كە دەگاتە نزیكەی 1000بەرمیل/ڕۆژانە.ڕەنگە تواناكەی دوای پێشخستنی بگاتە 500 هەزار بەرمیل/ڕۆژ. • كێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە لەگەورەترین كێڵگە نەوتیەكانی عێراقە لە پارێزگای بەسرەدا،ئەم كێڵگەیە دادەنرێت بەدرێژكراوەی بەشی باكوری كێڵگەی ڕومێلەی باكور،بەرهەمهێنان تیایدا لەساڵی 1973دا دەستیپێكردوە،كە بڕی 300هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرهەمدێنێت،دەتوانرێت بگاتە نزیكەی 700 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەكاتی پێشخستنیدا. * بەناوبانگترین كێڵگە نەوتیەكانی ناوەڕاست و باكوری عێراق * كێڵگەی كەركوك كێڵگەی كەركوك دادەنرێت بە پێنجەم گەورەترین كێڵگەی نەوتی لە جیهاندا لە ڕووی تواناو گەورەییەوە،كە بریتیە لە گردۆڵكەیەك كە ڕووباری زێی بچووك دەیكاتە دوو بەشەوە.قوڵی بیرەكانی لەنێوان 450 مەتر بۆ 900 مەتردایە،تێكڕای بەرهەمی بیرێكی نزیكەی 35 هەزار بەرمیل/ڕۆژ.بڕی یەدەگی نەوتی هەبووش لە كەركوك بە نزیكەی 13 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت.بەشێوەیەك ڕێژی 12% هەموو یەدەگی نەوتی عێراق پێكدەهێنێت. • كێڵگەی بای حەسەن دەكەوێتە ڕۆژئاوای كێڵگەی كەركوكەوە و تەریبە لەگەڵیدا و بیرەكانی ئەم كێڵگەیە قوڵترن لە بیرە نەوتەكانی كێڵگەی كەركوك. پڕۆسەی بەرهەمهێنان تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی1959. • كێڵگەی جەمبور دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری كەركوك،كە تەریبە بە هەردوو كێڵگەی كەركوك و بای حەسەن. پڕۆسەی بەرهەمهێنان تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 8/1959. • كێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغداد لە باكورەوە درێژكراوەی هەیە لە پارێزگای صلاح الدین،و درێژكراوەی باشووریشی هەیە لە پارێزگای واست، بڕی بەرهەمەكەی دەگاتە 20هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا،لەكاتێكدا بڕی بەرهەمی گشتی دادەنرێت بە نزیكەی 120هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا گەر گەشەی پێبدرێت. • كێڵگەی نەوتی خەباز لە پارێزگای كەركوك • كێڵگەی عەین زالە چۆڕبڕ بوە لە پارێزگای نەینەوا. • كێڵگەی بەتمە لەناوچەی شاخاوی لە پارێزگای نەینەوا • كێڵگەی صەفیە لەسەر سنوری سوریا لە پارێزگای نەینەوا. • كێڵگەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. • كێڵگەی تكریت لە پارێزگای صلاح الدین • كێڵگەی عجێل لە پارێزگای صلاح الدین • كێڵگەی بەلەد لە پارێزگای صلاح الدین • كێڵگەی نەفتخانە لە پارێزگای دیالە لە ناوەڕاستی عێراق. • لەهەرێمی كوردستانیشدا چەندین بلۆك و كێڵگەی نەوتی هەن كە لەدوای ساڵی 2002وە دەستكراوە بە كرداری لێدان و هەڵكەندنی بیرە نەوتیەكان و كاری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنیان تیادا ئەنجامدراوە و هەریەك لەو بلۆك و كێڵگە نەوتیانەش لەلایەن كۆمپانیا بیانیەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێن بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. • لە كوردستاندا تا ئێستا لە 42 جێگە نەوت دۆزراوەتەوە و كۆمپانیا بیانیەكان كاریان تێدا دەكەن: 27 كێڵگەی نەوتی لە و ناوچانەدان كە پارتی دیموكراتی كوردستان تیایدا باڵادەستە 15 كێڵگەی نەوتی لەو ناوچانەدان كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تیایادا باڵادەستە. • ئەو جێگایانەی كە نەوتی لێدۆزراوەتەوە: • بەم شێوەیە دەبینین كە كێڵگە نەوتیەكان چەندە گرنگن ،هەربۆیە گرنگیدان بەم دینگە سەرەتا و دەستپێكەی ژێر خانی كەرتی وزە هۆكارە بۆ دامەزراندنی هەموو پایە و وێسگەگرنگەكانی دواتریش لە ژێرخانی كەرتی وزەدا.
شیكاری: درەو بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی بۆ چارەکی سێیەمی 2022؛ - لەو کێڵگە نەوتیانەی کە گرێبەستی هەیە لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (109 هەزار) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک لە کێڵگەی فیشخابور(62 هەزار) بەرمیل، لە تاوکێ (46 هەزارو 500) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (500) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە لە ڕۆژێکدا. - قازانجی گشتی کارکردنی کۆمپانیاکە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا (191 ملیۆن) دۆلار بووە، بەراورد بە چارەکەی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، بەراورد بە چارەکی سێیەمی ساڵی (2021) سێ هێندە زیادی کردووە. بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بهپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، کە کۆمپانیاکە لە هەرسێ کێڵگەکە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بە تێکڕا ڕۆژانە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بڕی (109 هەزار و 54) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە، بە جۆرێک لە کێڵگەی فیشخابور (62 هەزار) بەرمیل، لە تاوکێ زیاتر لە (46 هەزار و 500) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (500) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە لە ڕۆژێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە، لە چارەکی یەکەمی (2022)دا بڕەکە بریتی بووە لە (106 هەزار و 465) بەرمیلی ڕۆژانە. لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (107 هەزار و 178) بەرمیل. واتە لە نیوەی یەکەمی (2022)دا بڕی (106 هەزار و 948) بەرمیل نەوت دەرهێنراوە. بەم پێیەش تێکڕای بەرهەمی هەرسێ کێڵگەی (فیشخابوور، تاوکێ، بەعشیقە) لە نۆ مانگی ڕابردوودا، بە تێکڕای رۆژانە (107 هەزار و 575) بەرمیل نەوتیان لێدەرهێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی ئەو کێڵگانە لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2021) بە تێکڕای ڕۆژانە بریتی بووە لە (105 هەزار و 179) بەرمیل. بەڵام لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی (2021)، بەرهەمەکانیان بریتی بووە لە (109 هەزار و 131) بەرمیلی ڕۆژانەو تەواوەی ساڵی (2021) ڕۆژانە بڕی (108 هەزار و 713) بەرمیلیان لێ بەرهەمهێنراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) پرۆسه داراییەکانی کۆمپانیای (DNO) بە پێی ڕاپۆرتەکەی (DNO) کە داتاکانی خۆی بۆ هەردوو ناوچەی هەرێمی کوردستان و دەریای باکور بڵاو کردووەتەوە، چونکە لە هەردوو ناوچەکە گرێبەستی هەیەو کاردەکات. لە ماوەی چارەکی سێیەمی 2022، تێکڕای بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتییانەی وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە (109 هەزار و 54) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش داوە کە داهاتی گشتی بریتی بووە لە (339 ملیۆن) دۆلار، ئەمەش وای کردووە، لە چوار چارەکی لەسەریەک (300 ملیۆن) دۆلار تێپەڕێنێت. لەو بڕەش (151 ملیۆن) دۆلاری لە بواری خەرجی بەگەڕخستن بە خەرج دراوە. کۆی قازاجی کومپانیا بریتی بووە لە (191 ملیۆن) دۆلارو پوختەی قازانجی کۆتایش بریتی بووە لە (130 ملیۆن) دۆلار. بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر دەربارەی داهات و قازانجی گشتی و پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە، بڕوانە (چارتەکانی 2، 3 و 4) خشتەی داتاکان. چارتی (2) چارتی (3) چارتی (4) خشتەی داتاکان سەرچاوەکان - DNO ASA, Interim Results, Third Quarter 2022; https://www.dno.no/media/givbem2n/q3-2022-interim-results-report.pdf - DNO ASA, Q3 2022 Interim Results Presentation; https://www.dno.no/media/zpiakonn/q3-2022-interim-results-presentation.pdf
درەو: بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، تا دوو ئیدارەیی لەگەڵ پارتی دەڕۆین، ئەوانیش كێشەی ئامۆزاكانیان هەیەو كێشەیەكی قورسە "كارتی بەهێزی غازمان بەدەستەوەیە".. ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندەكانی (سلێمانی و گەرمیان) كۆبووەوە لە كۆبوونەوەكەدا كە (رەفعەت عەبدوڵا و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) ئەندامانی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامادەیبوون، بەشداربوویەكی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی راگەیاند لە كۆبونەوەكەدابافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رایگەیاندوە: • ململانێكانمان لەگەڵ پارتی بەردەوامەو ئەگەر پارتی مل نەدات بۆ داواكاری و خواستەكانی یەكێتی، تا دوو ئیدارەیی لەگەڵ پارتی دەڕۆین. • پارتیش كێشەی ناوخۆی هەیە، ئێستا پارتی كێشەی ئامۆزاكانی هەیەو خۆتان ئەزانن كێشەی ئامۆزاكان قورسن. • ئێمە ئەمانەوێت شەریكبین لە حكومەت، وەك چۆن حكومەت لەسەر بنەمای شەریكایەتی پێكهاتووە. • تەنیا پارتی كارتی نیە بەرامبەر ئێمە ئێمەش كارتی بەهێزمان هەیە بەرامبەر پارتی ئەویش كارتی غازەكەیە • گۆڕانكاری گەورە بووە لە بەغداد، بۆیە بە قورساییەوە دەچینە بەغداد و نوسینگەی مەكتەبی سیاسی دەبەینە بەغداد. • تەواوی بارەگاكانمان لە كەركوك وەردەگرینەوەو بە قورساییەوە دەچینەوە كەركوك، ماڵی مام جەلال لە كەركوك ئاوەدان دەكەینەوە. سەبارەت بە پرۆژەی رێكخستنەوەو هەڵبژاردن لە مەڵبەندەكان، كە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندەكانەوە رەخنەی زۆر ئاراستەی مەكتەبی رێكخستن كرا، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە" من هیچم لێنەزانیوە وتویانە ئەنجامەكەی باش دەبێت بەڵام دەركەوت ئەنجامەكەی خراپ بوو" ئاماژەی بەوەشكردووە "پرۆژەكە هەڵناوەشێنمەوە بەڵام لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەكەین، بەبێ تەكەتولات، چونكە هەمووتان تەكەتولی یەكێتین، یەكێتی ئێستا یەك بڕیارەو یەك دەستە".
درەو: بەهۆی ناڕەزایی و نیگەرانی (ئاسۆ مامامەند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) بافڵ تاڵەبانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی هەڵوەشاندەوە، ئەمڕۆش لە قەڵاچوالان لەگەڵ كادرە ناڕازییەكانی حزبەكەی كۆدەبێتەوە. بە بڕیارێكی بڕیاردەر (رەفعەت عەبدوڵا) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی 6/11/2022 سەرپەرشتیاری سنوری مەڵبەندەكانی یەكێتی هەڵوەشێندرایەوە، ئەم بڕیارە نیگەرانی و ناڕەزایی سەرپەرشتیارانی مەڵەبەندەكانی لێكەوتەوە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی دەڤەری سلێمانی، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی كەركوك، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی هەولێر) دوای ناڕەزاییان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانیان بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی بڕیارەكەی هەڵوەشاندووەتەوەو جارێكی تر ئەوان لە پۆستەكانیان بەردەوام دەبن. بڕیاری رێكخستنەوەو كەمكردنەوەی ژمارەی كادرانی مەڵەبەندەكان ناڕەزایی زۆری لەناو یەكێتی درووستكردووە، لە كۆی نزیكەی (4) هەزار كادری مەڵبەندەكان تەنیا (800) كادری مەڵبەندەكان لە جێگر و بەرپرسی بەشەكان جێگەیان كراوەتەوەو ماونەتەوە، نزیكەی (3 هەزارو 200) كادری یەكێتی دوورخراونەتەوەو ناڕازین لە بڕیارەكە. لە كۆبونەوەی رۆژی 8/11/2022ی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، رەفعەت عەبدوڵا لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە، پەلەكراوە لە گۆڕانكاری ناو مەڵبەندەكان و كێشەو گرفتی زۆری درووستكردووە. بڕیارە كاتژمێر (2:00)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كادری مەڵبەندەكانی (سلێمانی و گەرمیان) كۆببێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت، گۆڕانكارییەكانش هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم كێشەو ناڕەزاییە ناوخۆییانەی یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكی و ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی، كە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە.
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت "كە تەمەنم گەیشتە (13) ساڵ باوكم بەزۆر بەشویدام، هێندە منداڵ بووم نەم دەزانی شو چیەو بۆچی هاتوون بمبەن....ئەو كاتەی هاوسەرەكەم لەشەڕی براكوژیدا شەهید بوو، موئمین لە سكمدا بوو، دوای نزیكەی چل رۆژ موئمین لەدایك بوو، هەرچی دەردەسەری دنیایە بینیومە " ئەمە چیرۆكی (مرواری)یە، ئەو ژنەی كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی لەلایەن (موئمین)ی كوڕیەوە لە كاتی نوێژكردندا كوژرا. مروارییەك لەناو قوڕو لیتەی ژیاندا مرواری دووجار هاوسەرگیریی كردووە، هاوسەرگیری یەكەمی ساڵی 1978دا بووە كە ئەوكات تەمەنی تەنیا (13 ساڵ) بووە، خۆی دەگێڕێتەوە" باوكم بەزۆر بەشویدام، رۆژێكیان چووم گوڵەبەڕۆژە بكڕم، كە هاتمەوە سەیارەیەك لەبەر دەرگاكەمان بوو، خوشكە گەورەكەم وتی هاتوون بتبەن". مرواری كە رۆژی 11ی ئەم مانگە لەكاتی نوێژكردندا لەسەر بەرماڵەكەی لەلایەن (موئمین)ی كوڕە بچوكییەوە كوژرا، ناوی تەواوەتیی (مرواری حەمەفەرەج)ە، باسلەوە دەكات كاتێك پێیان وتووە "تۆ شو دەكەیت !" هێندە منداڵ بووە نەیزانیوە شوكردن چییەو لەماڵ چوەتە دەرەوە بۆ گوڵەبەرۆژە خواردن. مرواری ژنێكی گەنم رەنگ، بە ئیرادەو قسەزان بوو، وەكو زۆرینەی ژنانی كۆتاییەكانی سەدەی رابردوو لە روخساریدا نەهامەتیو دەردەسەییەكانی ژیان دەبینرا، ئەو لەناو دۆزەخی (هاوسەرگیری زۆرەملێ)و (بەشودانی پێشوەختە) ژیانی دەستپێكردووە، لێدانو راكردنو چەرمەسەری ناو دێهاتو باوەژنو دەركردنی بینیوە. "ساڵی 1965 لە گوندی (ژاڵەی سەرو) لە سلێمانی لە دایكبووم، ئێمە (6) خوشك بووین، ژیانمان زۆر ناخۆش بوو، منداڵ بووم كە باوكم لە دایكم جیابووەوە، باوكم ژنی تری هێنایەوە، باوەژنەكەم زۆر خراپ بوو لەگەڵمان، كە ئیوارە نانی ئەداینێ ئەیوت بچن لە ماڵان بخەون، ئێمەش دەچوونە ماڵی دراوسێكان ئەخەوتین". لەبارەی هاوسەرگیریی یەكەمییەوە، مرواری دەڵێ" من نە كچێتیو نە گەنجێتیم نەدیوە، هەر نەمزانی شوو چیە كە بەشوویان دام، منیان گواستەوەو بردمیان بۆ گوند، من هیچ كارێكی گوندم نەدەزانی، لە گوند هەموو ئیشێكیان پێدەكردم، بەردەوامیش لێیان دەدام، خەسومو مێردەكەم زۆر خراپ بوون بەرامبەرم، رۆژێكیان بەشیش هێندەیان لێدام ئیتر نەم ئەتوانی بجوڵێم، سێ رۆژ لە جێگەدا بووم، دواتر رامكردو ئەوێم بەجێهێشت". دوای شەش ساڵو بەدیاریكراوی لە 1984دا مرواری هاوسەرگیری دووەمی كردووە لەگەڵ باوكی (موئمین)دا، وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە" شووی بە پێشمەرگەیەك كردووە، ئیتر لەوكاتەوە هەوڵیداوە جارێكی تر خۆی دروست بكاتەوە، بەڵام پیاوەكەی بەردەوام لە شاخ بووە". "ساڵی 1989 پیاوەكەم هاتەوە ناو شارو دەستگیركرا، بردیان بۆ (عەمارە)، ئەو ساڵانە زۆرترین نەهامەتیم بینی، بەردەوام بەڕێگەی زیندانەوە بووم، هەرچۆنێك بێت ساڵی 1990 ئازادكرا، كەمێك ئیستقرارمان كرد، ساڵی 1995 لە شەڕی براكوژیدا پیاوەكەم شەهید بوو، بە برینداری دەستی پارتی كەوت دواتر شەهیدیان كرد، دوای دوو ساڵا ئیسكو پروسكیمان دەستكەوتەوە". لە چاوەڕوانی (ژینۆ)دا ! "كە پیاوەكەم شەهید بوو من سكم هەبوو، پێش چلەی پیاوەكەم (موئمین) لە دایكبوو، من سێ كوڕو كچێكم هەیە، ئەوكات گرانی بوو، زۆر بەزەحمەتو نەهامەتی منداڵەكانم بەخێوكرد، دەردەسەری زۆرم دی، منداڵەكانم زۆر بەڕەزالەت بەخێوكرد، ئێستا منداڵەكانم لێشیان بدەم ئاوڕ نادەنەوە چونكە ئەزانن چۆنم بەخێوكردوون" مرواری ئاوا باسی چیرۆكی لەدایكبوونی موئمینی كوڕی دەكات. ئەو تاقانە كچێكی هەیە كە ماوەی چەند ساڵێكە چووەتە ریزی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانو بووە بە "گەریلا"، مرواری بەر لەوەی بە یەكجاریی ژیان بەجێبهێڵێ تاكە یەك ئاواتی هەبوو، بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەیوت:" تەنیا چاوەڕێی ئەوەم (ژینۆ) سوپرایزێكم بۆ بكاتو خۆی بكات بە ماڵدا". مرواری ژنێكی خاوەن ئیرادەو بەهێز و خاوەن خەبات بوو كەم خۆپیشاندان و چالاكی سیاسی هەبووە لەشاری سلێمانی و دەوروبەری بەشداری نەكردبێت. منداڵی سەردەمی جەنگ موئمین لە دایكبووی ساڵی 1995 بوو، واتە منداڵی سەردەمی شەڕی ناوخۆیی كوردستانە لەنێوان پارتیو یەكێتی، شەڕێك كە ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە (2 هەزار) كەس لە هەردوولا كوژران. ئەو ساڵە كە موئمین لە دایكبوو، باوكی كە ناوی (كەریم حسێن) بوو، ماوەی نزیكەی (40) رۆژ بوو لە شەڕی براكوژی نێوان پارتیو یەكێتیدا كوژرا بوو، واتە موئمین بەبێ باوكیی هاتە دنیاوە، ئەمە وایكرد هەر لە منداڵییەوە زیاتر لە هەر كەسێك هۆگری (مرواری) دایكی ببێت. نامەیەك لە گۆڕستانەوە ئێوارەی رۆژی 12ی ئەم مانگە هەواڵی خۆكوشتنی گەنجێك لە گۆڕستانی (عەواڵ) شاری سلێمانی بڵاوبووە، دواتر دەركەوت ئەو گەنجە رۆژێك پێشتر لە ماڵەوە دایكی خۆی كوشتووە. (موحسین كەریم) برای موئمین لەبارەی رووداوەكە قسەی بۆ (درەو) كرد، وتی:" رۆژی پێنج شەممە ماڵێكی خزممان بۆ نانی ئێوارە دەعوەتیان كردبووین، سەعات دووی پاشنیوەڕۆ تەلەفۆنم بۆ دایكم كرد، لە ماڵی خوشكێكی بوو (پورم)، وتم بە موئمینی براشم بڵێ ئێوارە بێن بۆ ئەو ماڵە، دایكم وتی زۆر باشە من ئێستا خۆم لێرەوە تەكسیەك دەگرمو دەچم، دایكم سەرەتا چووەتەوە بۆ ماڵ بۆ ئەوەی لەوێ نوێژەكەی بكاتو دواتر لەگەڵ موئمین پێكەوە بێن". "كاتێك من چوومە ماڵەكە بۆ نانخواردنی ئێوارە، وتم دایكم بۆ نەهاتووە، تەلەفۆنم بۆ دایكم كرد، براكەم (موئمین) هەڵیگرت: وتی دایكم نوێژ ئەكات ئینشەڵا كاتێكی تر، چونكە ئێستا ماڵەكە كۆدەكەینەوە (چونكە بەتەمابوون جارێكی تر ماڵەكەیان بگوازنەوە بۆ شوێنێكی تر). دواتر موئمین تەلەفۆنی كرد وتم: بۆ نەهاتن ئێمە چاوەڕێین، وتی: ناتوانین بەیانی دێین چونكە سەرقاڵی كۆكردنەوەی ماڵەكەین، ئەو كاتەی من قسەم لەگەڵ كرد سەعات (7:30) بوو، موئمین زۆر ئاسایی بوو، هیچ شڵەژانو جیاوازییەكم لە تۆنی دەنگو قسەكردنیدا نەبینی" موحسینی برای ئاوا چیرۆكەكەی گێڕایەوە. رۆژێك دوای ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنیانەی نێوان موحسینو موئمینی برای، لە كاتژمێر (4:30) خولەكی ئێوارەی هەینیدا موئمین تەلەفۆن بۆ یەكێك لە پورزاكانی دەكات كە ئەفسەری ئاسایشە، بەڵام پورزاكەی لەوكاتەدا سەرقاڵ دەبێتو وەڵامی ناداتەوە، پاش چەند خولەكێك موئمین نامەیەكی بۆ ناردووە، لەنامەكەدا نوسیویەتی" من دوێنێ دایكی خۆم كوشتووە لە ماڵەوەیە، ئێستاش لە قەبرستانی عەواڵم خۆم دەكوژم". دوای بینینی ئەم نامەیە، پورزاكەی راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ بنكەكانی پۆلیسو ئاسایش دەكات لەو سنورە، بۆ ئەوەی بگەنە گۆڕستانەكە، ئەو پیاوە وەكو ئەوەی بۆ براكانی موئمینی گێڕاوەتەوە، هەر لەوكاتەدا تەلەفۆنی بۆ موئمین كردوەتەوە، پێی وتووە" بە قوربانت بم نەكەیت، كێشە نیە تازە دایكت تیا چووە، بەڵام خۆت مەكوژە"، بەڵام قسەكانی بێسود بووە، لەوكاتەدا گوێی لە دەنگی تەقە بووە. ئەوكاتەی موئمین خۆی كوشتووە، پۆلیس لە نزیك سیاجی گۆڕستانەكە بوون، گوێیان لە تەقەكە بووە، كە چونەتە سەر تەرمەكەی موئمین، هێشتا موبایلەكەی بە دەستەوە بووە. "فەیسبوكەكەی داخستو بێدەنگ بوو" موئمین پێشتر لە سەر شەقامی راپەڕین- تاسڵوجە لەفەی دەفرۆشت، مانگێك بەر لەوەی خۆیو دایكی بكوژێت، لەگەڵ چەند كەسێكدا كە لەسەر ئەو شەقامەدا كاریانكردووە، توشی شەڕو دەمەقاڵێ بووە، بەپێی قسەی موحسینی برای، ئەو كەسانە لە موئمینیان داوەو دەمانچەیان لێ راكێشاوە، موئمین چوەتە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام ئەو كەسانە بەر لە موئمین چونەتە بنكەی پۆلیسو ئەوانیش سكاڵایان تۆماركردووە. "پۆلیس براكەمیان بردبوو بۆ نەخۆشخانەو دواتر بردیان بۆ زیندان، سەری تەقەڵ بوو، لوتیان شكاندبوو، تۆمەتبارەكان دەسوڕانەوەو هیچیان بەرامبەریان نەدەكرا، بۆیە زۆر بێتاقەت بوو، هەر بەهۆی ئەوەوە وازی لەكارەكەی هێنا" موحسین ئاوا باسی ژیانی براكەی كرد بەر لە رووداوی كوشتنەكە. دوای ئەو شەڕە، موئمینو دایكی ماڵەكەیان لە گەڕەكی راپەڕینەوە گواستوەتەوە بۆ خانویەكی كرێ لە بەكرەجۆ. "دایكمو موئمین زۆر هۆگری یەك بوون، بەردەوام بێ یەك نەیاندەتوانی بژین، من پێموایە یان بێتاقەت بووە یان فیشەكی لەدەست دەرچووە، فیشەكێك بەلای سەری دایكمدا تیخی كردووە، لەژوورێك فیشەكەكەی بەركەوتووە گواستویەتیەوە بۆ ژوورێكی تر، دوو گومانم هەیە یان ئەوەتا بەهۆی خەفەت لەو كێشەیە كۆتایی بە ژیانی خۆیو دایكشم هێنا، یان ئەوەتا زۆرجار لەگەڵ دایكم سوعبەتیان دەكرد رەنگە لە دەستی دەرچوبێت، هەرچەندە براكەم هەرگیز دەمانچەی هەڵنەگرتووە". هێشتا پۆلیس بەتەواوەتی هۆكاری پشت رووداوەكەی بەكرەجۆ نازانێت، سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن موئمین ئەو دەمانچەی لە كوێ دەستكەوتووە، هەر زانیارییەكی نوێمان دەستكەوێت بۆ میدیاكانی رادەگەیەنین". بەگوێرەی قسەی موحسینی برای، لەدوای ئەو شەڕەی كە لەگەڵ هاوڕێكانیدا كردویەتی، موئمین فەیسبوكەكەی داخستووەو بێدەنگ بووە. لەناو بێدەنگیدا " مرواری و موئمین دوو كەسی هۆگر پێكەوە، بەحۆرێك موئمین وتویەتی هەرگیز جێت ناهێڵم، ئەگەر وڵات جێبهێڵم بەبێ تۆ ناڕۆم" ئەمە قسەی "بێریڤان" پورزای موئمین و خوشكەزای مروارییە ئەو لەبەر ئەوەی دایكی خوشكی مرواریەو زوو كۆچی دواییكردووە هەمیشە وەك دایكی سەیری مرواری كردووە. (بێریڤان) قسەی بۆ (درەو) كرد " موئمین بەردەوام لەناو بێدەنگیدا لەناو تەنیاییدا بوو، بەردەوام جلی رەش، بێتاقەت خەمناك، بەڵام زۆر مرۆڤێكی نەرمو نیانو لەسەرخۆ بوو، تا شەشی ئامادەیی خوێندبوو، زۆریش زیرەك بوو، لەبەر هەژاریی وازی هێناو دەستی بەكاركردن كرد". "من شۆك بووم، چونكە موئمین زۆر پورمی خۆشدەویست، هەمیشە دەیوت ئەگەر زەواجیش بكەم تۆ جێناهێڵم". سەبارەت بە هۆكاری ئەو جۆرە كوشتنانە بەرهەم عومەر توێژەری كۆمەڵایەتی بە (درەو)ی راگەیاند: ژینگەی كۆمەڵایەتی زۆر كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی تۆ ئەم بڕیارە هەڵەیە بدەیت، یان ئەوەتا خوێندنەوەیەكی كورتبینانەت هەیە، یان ئەوەتا خێرابووە لە بڕیارەكەدا، یان ئەوەتا خەڵكانی تر هەبوون، لە پشتەوە خوێندبێتیان بە گوێیا، بڕیاری هەڵە وەقفی كۆمەڵایەتی هەیە، كۆمەڵگە كەمتر ئەو كەسانە وەردەگرن كە دایكی خۆیان دەكوژن، بۆیە پەنای بۆ خۆكوشتنی خۆشی بردووە، دوای 24 سەعات، چونكە ترسی لەوە بووە كۆمەڵگە بە ئاسانی وەریبگرێتەوە، رەنگە لەدەستی دەرچوبێت، بەڵام بەرگەی ئەو رەفتارەی خۆی نەگرتووە، بینیویەتی چی قوڵاییەك لە ژیانیدا درووست دەكات بۆیە بڕیاری خۆكوشتنی داوە، ئامادە نەبووە هیچ كەسێكی تر بۆی چارەسەر بكات و هاوكاری بێت، ئامادەنەبووە ئەو قورساییەی بەسەر شانیەوە بووە تەسلیمی هیچ كەسێكی تری بكات. دواین نامەكانی موئمین ! ئەوەی تائێستا زانراوە، موئمین لەدوای خۆی دوو نامەی بەجێهێشتووە، نامەی یەكەم ئەو نامەیە كە لەرێگەی موبایلەوە لە سەروەختی خۆكوشتنیدا بۆ پورزاكەی ناردووە، نامەی دووەمیشی چوار نوسراوە كە لەسەر كاغەزی نۆت نوسیویەتی، ئەم نامانە هێشتا پشتڕاست نەكراونەتەوەو براكانی گومانیان لە راستو دروستی هەیە. موحسینی برای دەڵێ" هەموو شوێنێك گەڕاین، شوێنی خۆكوشتنەكەی، ماڵەوەو جلەكانیشی ئەو نامانەمان نەبینیوە، نازانم، هەندێك وشەی تیایە، مەسەلەی بنكەی ئەزمەڕو كوشتنی دایكم كە لەكاتی نوێژدا كوشتویەتی پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە كە ئەو نامانە هی خۆیەتی، بەڵام دەستوخەتەكە بەهی ئەو ناچێتو گومانی ئەوە دەكەین بەناوی ئەوەوە نوسیبێتیان، بەجۆرێك ناوی هاوڕێكانی تێدایە كە لێیان خۆش دەبێت". نمونەی یەكێك لە نامەكان: ئەوان درۆیان بەناوی منەوە هەڵبەستبوو، ویستم ئەو كێشەیە چارەسەر بكەمو بڕۆم بۆ مەركەزی ئەزمەڕو راپەڕین خۆم تەنازول بكەم، بەس تازە كار لەكار ترازا، تازە دەوام نیەو ناشتوانم تا یەكشەمە بوەستم، ببورە دایە گیان لەسەر بەرماڵەكەو لەكاتی نوێژدا تۆم كوشت، توخوا گەردنم ئازاد بكەن. موئمین كەریم حسێن (رەشید) خواتان لەگەڵ • مرواری ئەو چاوپێكەوتنەی لە (19/12/2020) دا كردووە لەگەڵ كەناڵی (ستێرك) https://sterktv1.net/1000-rabori-19-12-2020/
درەو: بڕیارە دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان بخرێتە دەنگدانەوەو پەسەند بكرێت. سەرچاوەیەك لە پەرلەمان بە (درەو)ی راگەیاند: بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان لە دانیشتنەكانی هەفتەی داهاتوودا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی (5) ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو، لەگەڵ (شایان عەسكەری) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان بخاتە دەنگدانەوەو دەستلەكاركێشانەوەكەیان پەسەندبكرێت. بە پێی بڕگەی دووەم لە مادەی (25)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیەیە: • ئەندام دەتوانێت بەبێ مەرج، بەدواوایەكی نوسراو دەستلەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان پێشكەشی سەرۆك بكات. • دەبێت سەرۆكی پەرلەمان لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا، داواكاریەكە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو بارێكدا لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی پێشكەشكردنی، دەستلەركاكێشانەوەكە بەدەنگی زۆرینەی ئامادەبوان یەكلابكرێتەوە. • ئەندامی داواكار دەتوانێت لە داواكەی پاشگەز بێتەوە لە رێگەی پێشكەشكردنی داوایەكی نوسراو بۆ سەرۆكی پەرلەمان پێش دەنگدان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) دوای دەستلەكاركێشانەوە (شایان عەسكەری) لە لیستی گۆڕان (سۆز عەبدولقادر) دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان. سەبارەت بە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو، لەبەر ئەوەی یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی بەیەك لیست بەشداربوون لە هەڵبژاردنی 2018ی خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆیە ئەگەر هیچ كاندیدێكی یەكگرتوو نەچنە پەرلەمان ئەوكات تەنیا كاندیدەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی شوێنگرەوەیان دەبن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی یەكگرتوو، پەرلەمان داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكات، پێنج ناوی شوێنگەرەوە بنێرن، زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن كە لە پێنج ناوی لیستی بەرەو ئیسڵاح سێ كاندیدی یەكگرتوو زۆرینەی دەنگیان هێناوە لەگەڵ (2) كاندیدی بزوتنەوە كە ئەوانیش: 🔹 عەبدوڵا وەرتی 🔹 لەیلا عەلی عەبدولعەزیز ئەگەر ئەو سێ ناوەی یەكگرتوو رازی نەبوون بچنە پەرلەمان ئەوا پەرلەمانی كوردستان داوای پێنج ناوی تر دەكات، بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو پێنج ناوەی دووەمیش چەند كاندیدێكیان كە دەنگی زۆرینەن كاندیدی یەكگرتوون و ئەوانی تر كاندیدی بزوتنەوەن: 🔹 كامیل مەحمود 🔹 نەسرین تۆفیق 🔹 محەمەد بازیانی ................. ناوی كاندیدەكانی لیستی (بەرەو ئیسڵاح) 1- د. شێركۆ جهودهت 2- د. عبدالله وەرتێ 3- د. ئیسماعیل سگیری 4- هیوا حامد 5- ئهبوبهكر هەڵەدنی 6- جەلال تاهیر 7- محەممەد نووری بازیانی 8- كامل مەحموود 9- سەرچنار ئەحمەد 10- عوسمان كاروانی 11- كاوە مەمەند فەرەج 12- تارق رەمەزان 13- لەیلی عەلی عەبدولعەزیز 14- هلز ئەحمەد 15- عەزیز مەحموود 16- بەهزاد دەرویش زێباری 17- نەعیمە خالد 18- عومەر یوسفی 19- غازی عەلی عەلی 20- سەباح باپیری 21- خاستی مەلا شەفیق 22- محەممەد دارەتوویی 23- عەلی عومەر عەلی 24- بێستون محەممەد ئەحمەد 25- شەمسە ئەحمەد شێروانی 26- عەبدولڕەحمان محەممەد دۆلبالیس 27- لەتیف رەئووف حامد 28- دڵشاد عەلی عەبدوڵڵا 29- ساكینە سەلیم شێخانی 30- یاسین رەسول 31- د.پەخشان رەحیم 32- محەممەد یوسف 33- مەلا حسین گردەچاڵی 34- بورهان ئەحمەد 35- عەدنان سەعید 36- پەروین مەجید تەها 37- د. دێوالی حاجی 38- سالم حەمەخان 39- ئەبوبەكر حوسێن گەڵاڵی 40- نەسرین تۆفیق 41- ئیسلام كەشانی 42- یوسف ئەحمەد 43- والی محەممەد 44- ئوسامە خورشید بارانی 45- عەباس حەسن 46- نووری ئەحمەد 47- سەباح فەتحوڵڵا 48- دولبەر عەلی 49- ئەمین ئەحمەد عەبدوڵڵا 50- كەژاڵ محەممەد ئمین 51- شەوكەت شەرەفانی 52- هۆشیار عابد 53- وحیدە ئیبراهیم 54- عەبدولوەهاب محەممەد 55- موجاهید عەبدولكەریم 56- ئیمان محەممەد 57- شیرین محەممەد 58- بەیان عەبدوڵڵا 59- بێریوان فەقێ ئیسماعیل 60- نیگار نووری 61- عەزیمە حەمەد