مبكانیزمەكانی دانانەوەی بڕگەی پاشەكەوتی موچە
2023-06-11 13:44:25
درەو:
بڕیارە بڕگەی پاشەكەوتی موچە بگەڕێندرێتەوە بۆناو پرۆژە یاسای بودجە و لە مادەی (13) تەمویلەكەی بۆ تەرخان بكرێت، فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) لەگەڵ ئەوەن (12%) دابنرێت و حكومەتی هەرێم و بەغداد بە هاوبەشی بیدەنەوەو فراكسیۆنی نەوەی نوێش بەجیا داوا دەكات بڕگەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو پرۆژە یاساكە.
د. بڕیار رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: لە هەوڵی جدیداین و بەڵێنیشمان وەرگرتووە بۆ گەڕانەوەی بڕگەی پاشەكەوتی موچە بۆ ناو پرۆژە یاسای بودجە، وەك و مادەیەكی سەربەخۆ جێگای دەكەینەوە لە یاسای بودجە، بۆ تەرخانكردنی پارەكەشی پشت بە بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (13) دەبەستین كە پەسەندكراوەو باس لەوە دەكات : "شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت"، لەوێدا دەبێت حكومەتی عێراق پارە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، ئێمە دەمانەوێت لەو پارەیە بەشێك لە تەمویلی پاشەكەوت جێگیر بكەین. بۆیە دەمانەوێت بە مادەیەكی ئیزافی لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگری بكەین و هەوڵی زۆرمان داوەو دۆستەكانیشمان لە فراكسیۆنەكانی دیكە بەڵێنیان پێداوین پشتیوانمان دەبن لە جێگیركردنی ئەو مادەیە.
پێشتر لە بڕگەی (12)ی مادەی (14) دانەوەی پاشەكەوتی موچە بەرێژەی (10%) دیاریكرابوو، بەڵام لەكاتی پەسەندكردنی مادەی (14) ئەو بڕگەیە لابرا، لە ئێستادا فراكسیۆنە كوردستانیەكان دەیانەوێت بیگەڕێننەوە.
دوێنی بە واژۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) داوای گەڕاندنەوەی ئەو بڕگەیە كرابوو بە جۆرێك رێژەكەی بەرزكردابووەوە بۆ (12%) بەڵام حكومەتی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی بیدەنەوە، فراكسیۆنی نەوەی نوێش دوێنێ رایان گەیاند لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.