په‌ڕه‌كانی فیدراڵی وتهخوینكردنی هاوخوێن
2023-06-14 18:39:14
نوسینی: فه‌رزه‌ند شێركۆ
ده‌روازه:
جه‌میس مادیسن وئهلكیساندهر هامڵتن، دووان له به‌هێزترین باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له ساڵی ١٧٧٨ و بۆ به‌رگری كردن له ده‌ستووری پێشنیاركراوی (كۆنفرانسی فیدراڵی)، له‌گه‌ڵ جۆن جه‌ی، ٨٥ وتاریان له رۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكادا بڵاو كرده‌وه. ئه‌م دوو بیرمه‌نده ده‌یانویست به وتاره‌كانیان، سیستمێكی سیاسی ئه‌وتۆ دابڕێژن كه بتوانێت له یه‌ك كاتدا زاڵ بێت به‌سه‌ر: مه‌ترسی دروست بوونی رژێمێكی دیكتاتۆری له هه‌ناوی فیدراڵییه‌وه و، هه‌ڕه‌شه‌ی یاخیبوونی ویلایه‌ته‌كانیش له ده‌وڵه‌ته فیدراڵییهكهدا. لێره‌وه (په‌ڕه‌كانی فیدراڵی)، به وردی چه‌مكه‌كانی: هه‌ڕه‌شه‌ی نفوزی بێگانه، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و یاخیبوون، به‌رگریی هاوبه‌ش، كێشه‌ی نێوان ویلایه‌ته‌كان، دۆسێی میلیشیا، یه‌كخستنی باج و خه‌راج و ئابوریی حكومه‌ت و، پێكهاته‌ی سیستمی سیاسی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی دا شیكردۆته‌وه.
هامڵتن له وتارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی دیاریكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، له ٢٨ی دیسه‌مبه‌ری ١٧٧٨ روونیكردۆته‌وه: "پاره، بنه‌مای په‌یكه‌ری سیاسییه، بنه‌مایه‌ك كه سه‌رچاوه‌یه بۆ ژیان و جووڵه‌ی ئه‌م په‌یكه‌ره و، توانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشێت كه سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات. بۆیه پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی پێویست بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئه‌ركانه به هاوسه‌نگی و دروستی، تا ئه‌و جێیه‌ی كه سه‌رچاوه‌كانی كۆده‌نگیی لۆكاڵی رێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن، پێویسته ببێته به‌شێكی گرنگ له هه‌ر ده‌ستوورێك. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه گرنگه - واته پاره‌داركردن - له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته پڕ زیانه رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه؛ یا خه‌ڵك ناچار ده‌بن ده‌ست بده‌نه تاڵانی و راووڕووت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شێوه‌ی گونجاوی دابین كردنی تێچووه گشتییه‌كان دابین بكه‌ن، یان حكومه‌ت ده‌بێت له گێژاوێك له نه‌بوونی و ده‌ستكورتی دا نوقم ببێت كه زۆر ناخایه‌نێت ئه‌م دهستكورتییه، ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی."
له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، هامڵتن نووسیویه‌تی: "له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دا، سوڵتان، گه‌رچی له هه‌ندێك رووه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌بوو به‌سه‌ر ژیان و دارایی دانشتیوانی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیدا، به‌ڵام راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ده‌كرد له كۆكردنه‌وه‌ی باج و داهاتدا. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، والییه‌كانی عوسمانی، ده‌ستیان ده‌دایه تاڵانییه‌كی بێ به‌زه‌ییانه‌ی دانیشتوان و، به‌شێك له‌و داهاتی تاڵانییهیشیان ده‌نارد بۆ سوڵتان. له ئه‌مه‌ریكاش، به هۆكارێكی هاوشێوه، حكومه‌تی ئیتحادی، به شێنه‌یی، كه‌وتۆته دۆخێك له خراپی و لێكترازان كه وا نزیك ده‌بێته‌وه له له‌ناوچوون. كێ ده‌توانێت گومان له‌وه بكات، كه له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، له پێناو خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك، پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بدرێته ده‌سته متمانه‌پێكراوه دڵنیاكان تا بتوانن ئه‌و داهاته‌ی كه داواكارییه گشتییه‌كان پێویستییانه، بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه كۆبكه‌نه‌وه؟ ره‌نگه كه‌سانی ته‌ڵه‌كه‌باز، به روخسارێكی روكه‌شی خۆبهحهقزانهوه، بیانه‌وێت پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵه و چهوتییهكانیان بكه‌ن، به‌ڵام هیچ ئامرازێكی تر نییه كه بتوانێت ئێمه له‌و ناڕه‌حه‌تی و سه‌رئێشانه رزگار بكا كه به‌هۆی كه‌می بودجه‌وه له‌ناو خه‌زێنه‌ی گشتی دا، دێتهرێمان، جگه له پابه‌ندبوون به یاسا و ده‌ستوور."
به كورتی، له وتاره‌كانی فیدراڵی دا، ئارگیومێنتی هامڵتن ئه‌وه‌یه كه داهات، به‌رگری، و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، پێویسته له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیتحادی بن. ئه‌گه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی داهات، ناوه‌ندی نه‌بێت، حكومه‌تی ناوه‌ند ناتوانێت ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی، كه دابین كردنی ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانییه، جێبه‌جێ بكات؛ ویلایه‌ته‌كان، به‌تایبه‌ت هه‌رێمه ههژارترهكان، ئه‌وانه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی داهاتی ناوخۆییان كه‌مه، یان سه‌ره‌ڕێی كاروانی بازرگانی نین، له هه‌ژاری دا، په‌كیان ده‌كه‌وێت. به‌مه‌ش له نێوان هه‌رێمه‌كاندا ناهاوسه‌نگی دروست ده‌بێ و یه‌كپارچه‌یی كیانه‌كه ده‌كه‌وێته به‌رمه‌ترسی، و كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، جێی سه‌قامگیری و ئاشتی و گه‌شه‌كردن، ده‌گرێته‌وه.
خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌یه‌ك:
ئه‌گه‌رچی وه‌كو كیانێكی سیاسی، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، (بنه‌مای بوون)ی خۆی له ده‌ستووری عێراقی نوێ وه‌رگرتوه، به‌ڵام وا بیست ساڵ دوای ئه‌م له‌دایكبوونه، هێشتا هه‌رێمه‌كه كارینهكردوه تا ئۆرگانه‌كانی خۆی بكات به دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، به گوتار، بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كردن له مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك "مه‌سه‌له‌ی كورد" ده‌كا له عێراقدا، به‌ڵام له‌م سی ساڵه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" دا، به كرده‌وه كاری نه‌كردوه بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ندی ئه‌وتۆ، كه بتوانێت سنوری جوگرافی، ستره‌كچه‌ری سیاسی، و بوژانه‌وه‌ی نیشتمانی له كوردستانی عێراقدا به‌رهه‌م بهێنێت.
به پێچه‌وانه‌وه، ساڵ دوای ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كوردستانی عێراق، له‌سه‌ر ئاستی فیكر و ستراتیژ و چالاكیی، پاشه‌كشێی كردوه. هه‌رێمێكی به‌هێز، كه ده‌توانێت خاوه‌نی گوتار و كرداری ده‌وڵه‌تسازی بێت؛ مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی پڕ له ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ بیناكردنی كه‌سێتی تاك به‌كاربهێنێت، به شه‌هید و تێكۆشانی هه‌زاران رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌ی، زمان و كو‌لتور و خاك و سه‌روه‌ریی بپارێزێت، ژینگه‌ی له‌بار، زه‌وی به پیت، ئاو و ژێرخانی ستراتیژیی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌هێزی به‌رده‌ستی، بۆ سه‌رپێكه‌وتن به‌گه‌ڕ بخا و، له پێگه‌ی مه‌زڵومییه‌تی مرۆیی و قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆره‌وه، دژی تاكڕه‌وی و سته‌مكاری بێت و، له بری خاڵیكردنه‌وه‌ی "مه‌سه‌له‌ی كورد" له مانا و به‌هاكانی، بنه‌ماكانی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دابڕێژێت، رێگه‌ی تری هه‌ڵبژاردوه. ئه‌م ده ساڵه‌ی رابردوو، ئاراسته‌ی باڵاده‌ستی ناو نوێنه‌رایه‌تییه سیاسییه‌كه‌ی كوردستانی عێراق، به تاكڕه‌وی، رۆچۆته ناو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی و، ئه‌گه‌ر هۆشیار نه‌كرێته‌وه، به پێداگریی له‌سه‌ر هه‌ڵه، ته‌ڕ و وشكی ئه‌زموونه‌كه، پێكه‌وه ده‌سووتێنێت.
هه‌ڵدێرانی ئه‌زموونه سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ ده‌ستی پێ كرد. دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م زاته له كایه‌ی سیاسی، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت كه به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به ستایڵی خۆی، هه‌وڵی پڕكردنهوهیدا. له‌م قۆناغه‌دا و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی نێوان دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٢ تا مارسی ٢٠١٣، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون. له په‌یامی نه‌ورۆزی ٢٠١٣، سه‌رۆكی هه‌رێم باسی له نه‌مانی متمانه كرد له نێوان هه‌ردوولا و پاڵپشت به "زانیاریی هه‌واڵگری"، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه حكومه‌تی عێراق فرۆكه‌ی (F16) ده‌كرێت بۆ بۆمبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی دروستیی ئه‌م بانگه‌شه‌یه بۆ رای گشتی، بسه‌لمێنێت. ئه‌م تۆمه‌ته بۆ حكومه‌تی نوری مالیكی، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ فروانبوونی په‌لاماره‌كانی (ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی) بۆ سه‌ر عێراق و سوریا، و به‌مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌سه‌ت، تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چووه خزمه‌ت پرۆژه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی" و، زۆری نه‌برد كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی پشتیوانیی له شاڵاوه‌كانی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام) - داعش ده‌كا بۆ سه‌ر عێراق. به‌تایبه‌ت كه له‌گه‌ڵ داگیركردنی موصڵ له‌لایه‌ن داعش و راگه‌یاندنی خیلافه‌ی ئیسلامی، له مانگی ٦ی ٢٠١٤، میدیایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ وته‌بێژێكی گروپه تیرۆریستییه‌كه ئه‌نجامدا و، چه‌ند رۆژ دواتریش، سه‌رۆكی هه‌رێم چووه په‌رله‌مانی كوردستان و راگه‌یاند كه "داعش دراوسێیه‌كی نوێی هه‌رێمه" و داوای كرد "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌نها له حاڵه‌تی به‌رگری دابن" و هێرشیان نهكهنهسهر.
له‌م قۆناغه‌دا، پێده‌چوو نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر له به‌ره‌ی هێزه سوننه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ رووخاندنی به‌غدا و دیمه‌شق، (كه سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی قه‌ته‌ر ده‌ڵێت دوو هه‌زار ملیار دۆلارمان بۆ ته‌رخان كرد)، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ترساندبێت. ئه‌م ترسه‌ی ئێران وای كرد، به‌شێك له‌و داعشه‌ی پێشبینی ده‌كرا له ماوه‌ی ٧٢ سه‌عاتدا، (به وته‌ی برێت مه‌كگۆرك)، به‌ناوی "هێزی مقاوه‌مه"وه به‌غدا بگرن، رووی شاڵاوهكهیان به‌ره‌و داگیركردنی كوردستانی عێراق وه‌ربگێڕن. هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی به‌عس له هه‌ولێره‌وه، عێزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدووری، و ته‌ها ئه‌لدلێمی، له‌م هه‌ڵوێسته‌ی داعش نیگه‌ران بوون و سه‌ركۆنه‌یان كرد. ئه‌گه‌رچی دلێمی به نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له عه‌شایه‌ره سوننه‌كان و عێزه‌ت دووری به نوێنه‌رایه‌تی حزبی به‌عس به‌شێك بوون له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی بۆ رووخاندنی رژێمی عێراق بنیادنرابوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌بو عومه‌ر ئهلچیچانی، جێگری خه‌لیفه‌ی داعش و كورده‌كانی كه‌تیبه‌كه‌ی صه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیی، له ده‌رفه‌ت و بیرۆكه‌ی داگیركردنی شنگال، په‌شیمان بكه‌نه‌وه. له سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستی ٢٠١٤ و له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی كوردستان بۆ رووداوه‌كان، شنگال داگیر و ٢٠٠ هه‌زار كوردی ئێزدی ماڵ‌وێران كران.
هه‌ڵه‌ی دواتری ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه، بریتی بوو له دابڕینی په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، و له ژێر رێنمایی وه‌زیری ئه‌وكاتی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، پرۆژه‌ی "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" راگه‌یه‌ندرا. له‌م پرۆژه‌یه‌دا، كه تۆڕێك له ده‌ڵاڵی نێوده‌وڵه‌تی تێوه‌ی گلان و، خهتوخاڵهكهی له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ه‌وه ده‌ركه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌رزانتر له نرخی بازاڕ، و له‌كاتێكدا ته‌نها (٪٤٠)ی كۆی داهاتی نه‌وته‌كه ده‌گه‌یشته‌وه ناو خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، نه‌وته‌كه‌ی گه‌یانده به‌نده‌ری جه‌یهان له توركیا. سودمه‌ندانی سه‌ره‌كیی ئه‌م پرۆژه‌یه، بریتی بوون له كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی، و كۆمپانیای پاشكۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش كه جگه له هه‌رزانفرۆشكردنی سامانی ژێرزه‌ویی كوردستان، له بواره‌كانی پاسه‌وانی و گواستنه‌وه، به بازاڕگهیاندن، و گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به دینار، قازانجی گه‌وره‌ی تاكه‌كه‌سییان له "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" كرد، و خه‌ڵكیش: پێشمه‌رگه و موچه‌خۆر و كاسبكار، زیانباری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه بوون. ره‌نگه ئارگیومێنتی ئه‌وه هه‌بێت كه ئه‌گه‌ر گوشاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا و شه‌ڕی داعش نه‌بوایه، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" نه‌ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه كۆنتره و "دیواره‌كه له بناغه‌وه خواره"؛ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌و هێزه سوننانه‌ی كه پرۆژه‌ی رووخاندنی شیعه‌یان هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵه ستراتیژییه بوو، كه گه‌لی كوردستان تێكڕا باجه‌كه‌ی دا.
هه‌ڵه‌ی دواتر، به كۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستی پێكرد. له ١٩ی ٥ی ٢٠١٧ كه رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دوا ئه‌ندامی نه‌وه‌ی كۆنی "مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی" كۆچی دوایی كرد، تا رۆژی ٧ی ٦ی ٢٠١٧، كه لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م پێكهات و راگه‌یه‌ندرا، ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بوو. پێده‌چوو به‌ڕێز به‌رزانی بیه‌وێت به جووڵه‌یه‌كی سێمبولیك، بۆشایی سه‌رۆك مام جه‌لال (كه نه‌خۆش بوو) و نه‌وشیروان مسته‌فا (كه كۆچی دوایی كردبوو) پڕ بكاته‌وه. ئه‌و جووڵه سێمبولیكه، بریتی بوو له ئه‌نجامدانی ریفراندهمێك ته‌نها له‌ناو سنوری هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ش نه‌ك بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو به وته‌ی خۆی : "بۆ زانینی رای خه‌ڵكی كوردستان". ریفراندهمێكی له‌مجۆره، نه‌ك ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی دیفاكتۆی كوردستانی ده‌خسته به‌ر مه‌ترسی، به‌ڵكو كه‌ركوك و نیوه‌ی خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه ده‌كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردیی - كه گومان وابوو له ئاینده دروست ببێت. له‌م دۆخه‌دا، یه‌كێتیی نیشتمانیی داوای كرد كه‌ركوك بخرێته ناو جوگرافیای ریفرانده‌م و، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئاینده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ كوردستان، ئه‌و ئاینده‌یه كه‌ركوك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش له‌خۆ بگرێت. ئه‌گه‌رچی رینمایی و گوشارێكی زۆری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو كه ریفرانده‌م له‌م كاته‌دا نه‌كرێت و دوابخرێت، به‌ڵام به پێداگریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و به پشتیوانیی نوێنه‌رانی یه‌كێتی له لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، و هێزه سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان ریفرانده‌م به‌ڕێوه چوو. زۆر به‌خێرایی، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی - كه ئه‌گه‌ر له كاتی دروستی خۆیدا بكرایه ده‌توانرا ببێت به خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ پێشخستنی "مه‌سه‌له‌ی كورد"، بوو به له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كوردستانی عێراقدا. به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه به هه‌ڵه‌كه‌یان زانی، له كاتێكدا خه‌ڵك پۆل پۆل ده‌چوون بۆ ده‌نگدان به سه‌ربه‌خۆیی، یه‌ك له‌دوای یه‌ك له رۆژی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ رایانگه‌یاند كه "ریفرانده‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه." به‌مجۆره، گه‌لی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌یه‌كیان كرد، كه له‌رووی كرده‌ییه‌وه، به زیان بۆ ئه‌زموون و قه‌واره‌كه شكایه‌وه و، پاش لهرزهكانی ئه‌و پرۆسه‌یه، له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، و داگیركارییه ئیقلیمییه‌كانی دواتردا، قووڵتر ده‌ركه‌وتن.
"١٦ی ئۆكتۆبه‌ر"، وه‌كو چه‌مك، وشه‌یه‌كی داتاشراو و به‌رهه‌می ململانێی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانی بوو كه له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی دێرین و نیگه‌رانی حزبه‌كه‌وه، بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز له‌ناو یه‌كێتی دا، دژ به نه‌وه‌ی گه‌نجتری حزبه‌كه به‌كارهات، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م خه‌نجه‌ر له خۆدانه، نه‌ك وا نه‌شكایه‌وه كه ببێته هۆی باڵاده‌ستبوونه‌وه‌ی "حه‌ره‌سی قه‌دیم"، به‌ڵكو بوو به كارتێك به‌ده‌ست پارتییه‌وه، كه هه‌ر كات ویستی رووداوێكی پێ داپۆشێت، دژ به یه‌كێتی به‌كاری بهێنێت.
له‌و روه‌وه‌ی كه ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، رووداوێكی سیاسی و سه‌ربازی بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌ن بۆی، ده‌ریده‌خات كه ئۆباڵی راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌ساته، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌م. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، و دووه‌م. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی (یاسای ژماره ٤ ساڵی ٢٠١١ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌ركی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه ده‌رباره‌ی بابه‌ته نیشتمانییه‌كان، به‌رچاوڕوونی بدات به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داینه‌مۆی ئه‌نجامدانی ریفرانده‌م بوو، (له هه‌رێمی كوردستان و بێ كه‌ركوك)، به‌ڵام به درێژایی ماوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق، سوریا، توركیا، ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، هیچ به‌رچاوڕونییه‌كی دروستی ئه‌منی/ سه‌ربازی/ سیاسی نه‌دا به سه‌رۆكی هه‌رێم و لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م؛ ئه‌نجومه‌نه‌كه نه‌یتوانی كاریگه‌رییه‌كانی بڕیارێكی له‌وجۆره له‌سه‌ر ئایندهی كوردستانی عێراق شیبكاته‌وه و، هیچ بژاردهیهكیشی بۆ مامه‌ڵه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی ئاینده - كه پێشبینی ده‌كرا رووبده‌ن، نه‌خسته‌ڕوو.
هه‌ره‌سی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر) كه به‌یه‌ك پاكێج به‌سه‌ر كیانی كوردستاندا هات، ئه‌م هه‌ره‌سه ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار و خاوه‌ن "دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش"دا بهاتبایه، ئه‌وا پێویست بوو راوێژكاری ئه‌نجومه‌ن، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كیی ئه‌و كاره‌ساته‌ی هه‌ڵبگرێت. له كه‌یسی شكسته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رو خۆی، له لێپرسینه‌وه پارێزرا، و شكسته‌كه، خرایه ئه‌ستۆی كه‌س و لایه‌نی تر. ره‌نگه تائێستا، به حوكمی ده‌سه‌ڵات و هۆكاری تر ، (كه‌یسی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)، بێ ده‌نگیی لێ كرابێت، به‌ڵام له درێژخایه‌ندا، په‌نجه‌ی ئاماژه بۆ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی كه‌یسه‌كه درێژ ده‌كرێت. ده‌رئه‌نجامی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، شكستێكی هه‌واڵگرییه به ئیمتیاز. ئه‌گه‌ر شكستی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا، بریتی بێت له (١١ی سێپته‌مبه‌ر) و، ئه‌گه‌ر (جه‌نگی یه‌ومی كیپبور)ی ١٩٧٣ی ئیسرائیل به شكستی هه‌واڵگری بناسرێت، ئه‌وا كورد، كه‌یسی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)ی هه‌یه.
له‌لایه‌كی تر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م بوو، به كرده‌وه، جگه له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رخستنی ریفراندهمی ده‌كه‌وته ئه‌ستۆ، به‌رپرسی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، شه‌وی ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی ١٠ی ٢٠١٧، كه دوا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م به‌ڕێوه چوو، به مه‌به‌ستی گه‌لاڵه كردنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شی هێزه كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق كه ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركوك و ناوچه ئازادكراوه‌كانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، په‌یامی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، جگه له "سڵاوكردن له هێزی پێشمه‌رگه"، هیچ رێنماییه‌كی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێدا نه‌بوو. ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، وه‌كو سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كان و وه‌كو سێمبولی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كه پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، بۆ "به‌رگری" یان "رێككه‌وتن" و یاخود "پاشه‌كشێ" به‌رامبه‌ر سوپای عێراق و میلیشیاكان راسپێرێت؛ كه راینهسپارد.
گوزه‌رێكی خێراش به روداوه‌كانی ساڵی ٢٠١٨، كاندیدكردنی سه‌رۆكێكی پارتی بۆ كۆماری عێراق و شكستهێنانی و، دواتر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی كورد له ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگیی كوردستانیی؛ ساڵی ٢٠١٩، پشتكردنه رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی تایبه‌ت به: پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك؛ ساڵی ٢٠٢٠، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و داننه‌نانی پارتی به لێكه‌وته‌كانی و، پاشان جیاڕایی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی "زینی وه‌رتێ"، "به‌شداری هێزه‌كانی زێره‌ڤانی له شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و لیبیا"، "ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی یه‌كتری"، "تاكڕه‌وی كردن له حوكمڕانی"، "هه‌وڵدان بۆ به‌حزبی كردنی دامه‌زراوه باڵاكان له‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و په‌رله‌مانی كوردستان"؛ ساڵی ٢٠٢١، زیادكردنی گوشاری هه‌واڵگری و سیاسی و ئابوری - به پشتیوانیی ئیقلیمی له‌سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی و؛ ساڵی ٢٠٢٢، هه‌وڵدان بۆ بردنی پشكی یه‌كێتی له سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراق، و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، و له‌به‌رامبه‌ردا ملنه‌دانی یه‌كێتی به باڵاده‌ستیی پارتی، كۆمه‌ڵێك رووداوی خێرا و كاریگه‌رن كه سه‌رجه‌می ئه‌نجامه‌كانیان یه‌كسانه به "كاره‌سات" بۆ ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان. یه‌كێك له باڵاترین نمونه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته، بریتییه له سه‌رئه‌نجامی په‌رله‌مانی كوردستان: دوای سی ساڵ له دامه‌زراندنی هه‌رێمی دیفاكتۆی كوردستان و دروستبوونی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێم، له ساڵی ٢٠٢٣ دۆخێك خوڵقا، كه په‌رله‌مانه‌كه، یان "تاكڕهویكردنی زۆرینه" ده‌یكوشت یاخود به حوكمی "تاڵی" دادگای ئیتحادی ده‌كوژرا.
له جیاتی ئه‌نجام:
ته‌خوین كردنی هاوخوێن، یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه. گه‌لی كوردستان و ده‌سته‌بژێره سیاسییه‌كه‌ی، هه‌تا بازنه‌ی ته‌خوین نه‌شكێنن، سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان نادۆزنه‌وه، دان به هه‌ڵه‌كاندا نانێن، و ئاماده‌ییشیان نابێت بۆ چاره‌سه‌ركردن. ئه‌زموونی ده ساڵی رابردووی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خات كه مۆدێلی حوكمڕانییه‌كه، ستره‌كچه‌ر، كاره‌كته‌ر و، ئامانجه‌كان، پێویستیان به پیاچوونه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك نه‌بێت بۆ یه‌كخستنی ئامانجه‌كانی ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وا هه‌ماهه‌نگی و پێشكه‌وتن له "مه‌سه‌له‌ی كورد" دا روونادات. به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك ئه‌زموونی ده ساڵی رابردوو، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ كردنی ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته گشتییه‌كان زیاترن.
له سیستمی فیدراڵی دا، به ده‌ستوور، حكومه‌تی ئیتحادی مافی به‌ڕێوه‌بردنی ره‌های فایلی داهات و به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و هه‌موو ئه‌و ورده-بوارانه‌ی هه‌یه كه په‌یوه‌ندارن به چه‌مكی "سه‌روه‌ری"یه‌وه. ئه‌گه‌ر عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه، و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمه له‌ناو سیستمێكی فیدراڵی دا، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێی نه‌وت له هه‌رێم، ده‌توانێت ده‌ستووری بێت، به‌ڵكو دروستتره كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم چاوه‌ڕوان بێت كه به‌غدا رۆژ له دوای رۆژ و یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌موو ئه‌و فایلانه له هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه كه په‌یوه‌ندارن به "سه‌روه‌ری"یه‌وه: له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی سیستمی هه‌واڵگری و به‌رگری، په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، و گوتاری ستراتیژی هه‌رێمه‌كه. رێگه‌ی نادروستیش ئه‌وه‌یه كه گروپی باڵاده‌ست، له جیاتی پرسیار له خۆكردن ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پرسی ته‌خوین كردن له‌ناو رای گشتی دا، به‌رامبه‌ر یه‌كێتی و هه‌ر كه‌س و هێز و لایه‌نێك بجووڵێنن كه ئاماده نه‌بن پشتیوانی له مۆدێلی حوكمڕانیی ئه‌مڕۆژانه‌ی هه‌ولێر بكه‌ن. یه‌كێك له ته‌كتیكه‌كانی "شه‌ڕی مه‌علومات"، بریتییه له "به‌لاڕێدا بردن"ی رای گشتی، و "چه‌واشه‌كردنی"، به‌و جۆره‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه ده‌یخوازێت. به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م ته‌كتیكه ئه‌وه‌یه، كه زۆر به‌كارهێنانی، ده‌بێته هۆی چه‌واشه‌كردنی خاوه‌ن تهكتیكهكهش! به جۆرێك كه پیاده‌كاری گوتاری "به‌لاڕێدا بردن" تووشی وههم ده‌بێت و راست و ناڕاستی بۆ له‌یه‌كتری جیاناكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌یه، كه هه‌ندێ بڕیار به‌ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێكه‌وتوون.
شه‌وی ١٠ له‌سه‌ر ١١ی ٦ی ٢٠٢٣، كاتێك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (بڕگه‌یه‌ك له) ماده‌ی ١٤ی یاسای بودجه‌ی عێراقی په‌سه‌ند كرد، سۆشیاڵمیدیای گروپی باڵاده‌ستی پارتی، به شێوه‌یه‌كی رێكخراو دۆخێكیان له "به‌لاڕێدا بردن" له‌ناو رای گشتی دروست كرد، كه واده‌كات وه‌رگر چه‌واشه ببێت ونه‌زانێت كه سیستمه سیاسییه‌كه‌ی عێراق، هێشتا فیدراڵییه. له‌م دۆخه‌دا، رای خه‌ڵك هه‌رچییه‌ك بێت سه‌باره‌ت به فیدراڵی، گرنگتر رای پارتییه كه هێشتا هۆشیاریی ئه‌وه‌ی مابێت كه سیستمه سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی عێراق، فیدراڵییه نه‌ك به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می صه‌دام حسێن.
به وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابوری ویاسای ده‌ستووری، خوێندنه‌وه‌ی خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی ١٤ی یاسای په‌سه‌ندكراوی بودجه‌ی عێراق ده‌ریده‌خات كه نه‌ك كێشه‌ی تیا نییه، به‌ڵكو لهمپهرێكیشه له‌به‌رده‌م نادادی، وهیوایهكه بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كایه‌ی حوكمڕانی وپرۆژهكان له ئیداره‌ی سلێمانی وسه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق. بۆیه ئه‌گه‌ر لۆجێك حوكم بكا، كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی یاساكه نییه، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی تری ماده‌ی ١٣ و ١٤یه ، كه باسیان ناكات. ئه‌وه بڕگه‌كانی ترن، كه هه‌رێمی كوردستانیان له ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دیفاكتۆوه، كردۆته هه‌رێمێكی فیدراڵیی كۆنترۆڵكراو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه حزبی باڵاده‌ست ده‌زانێت سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م پهڕوباڵكردنهی هه‌رێم، خۆیه‌تی، ولهبهرئهوهش كه نایه‌وێت دان به هه‌ڵه‌كانی ده‌هه‌ی رابردوویدا بنێت، ناچاره په‌نا بۆ ته‌كتیكی ته‌خوین ببات. هه‌ر كه‌س ئازاده له‌وه‌ی ده‌یكات، گرنگ ئه‌وه‌یه سلێمانی وخه‌ڵكه‌كه‌ی، نه‌كه‌ونه داوی شه‌ڕی ده‌رونییه‌وه، كه به ئامانجی لادانی ته‌ركیز له‌سه‌ر راستییه‌كان و هه‌میشه‌ش به زیانی خه‌ڵك وئامانجه باڵا نیشتمانییه‌كان، ته‌واو ده‌بێت.