Draw Media

زیانەكانی عێراق و هەرێم لەراگرتنی نەوت تاكۆتایی ساڵ دەگاتە (8)ملیار دۆلار

زیانەكانی عێراق و هەرێم لەراگرتنی نەوت تاكۆتایی ساڵ دەگاتە (8)ملیار دۆلار

2023-06-10 22:28:43


 درەو:

عێراق و توركیا لەسەر نەوتی كوردستان شەڕێكی نهێنی توند لەپشتی پەردەوە لەنێوانیاندا بەڕێوەدەچێت, هەرلایەكیان هەوڵدەدات زۆرترین دەستكەوت بۆخۆی مسۆگەر بكات, ئەنقەرە خوازیارە درێژە بەو رێككەوتنە بدات كە پێشتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژوی كردووە, بەرمیلێك نەوتی بە (19)دۆلاری دەستبكەوێت, لەگەڵ كۆمەڵێك داواكاری نایاسایی بۆ كۆمپانیاكانی, كە لە بواری نەوتی هەرێم كاردەكەن, وێڕای پرسی قەرەبووەكە, بەغداد ئەم داوایانە رەتدەكاتەوە, پێناچێت فشارەكانی ئەنقەرە كاریگەری گەورە لەسەر عێراق دروست بكات, سەرەڕای ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی راگرتنی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانی توركیەوە, لێیدەكەوێت.  

 
كۆمەڵێك شارەزاو پسپۆڕی بواری وزە پێشبینی دەكەن, بەردەوامیی راگرتنی نەوتی كوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی توركیەوە تا كۆتایی ئەمساڵ (2023), زیانی قورس بە گەنجینەی دارایی دەوڵەتی عێراق بگەیەنێت, كە رەنگە بڕەكەی (8) ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
سەرەڕای لێدوانەكانی مانگی پێشوی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە نزیكی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, هێشتا كێشەكە بەردەوامە بەهۆی پێداگری توركیا لەسەر هەڵوێستی خۆی.
ئەنقەرە هەوڵدەدات هەندێك سازش لەلایەنی عێراقی بەدەستبهێنێت, بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی زیانەكانی, دوای ئەو سزایەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس سەپاندنی بەسەریدا, كە بڕەكەی (1)ملیارو(471) ملیۆن دۆلارە, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی واژوكراوی نێوان توركیاو عێراق لە ساڵی (1973)دا.
توركیا لەساڵی (2014)وە, پێشێلی ئەو رێككەوتنەی كردووە, دوای رێگەدانی بە رۆیشتنی نەوتی هەرێم, سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیای نەوتی عێراق "سۆمۆ" رێككەوتنی هەیە بەوەی خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە بۆ هەناردەكردنی نەوت لەرێی هێڵی عێراقی توركی.

فشارەكان لەسەر بەغداد

حەمزە جەواهیری, پسپۆڕی كاروباری نەوت رونیكردووەتەوە, دەستی دەستیكردنی توركیا لە دواخستنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەرێی بەندەری جەیهانەوە, هەوڵێكە بۆ فشاركردن لەسەر عێراق بۆ بەردەوامیدان بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ كوردستان واژوی كردووە.
ئاماژە بەوەشدەكات: ئەنقەرە هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێك دەستكەوت دەدات لەنمونەی, پێدانی مافی ناشەرعی بە كۆمپانیا توركیەكان كە كاریان لەبواری دەرهێنانی نەوت كردووە لە هەرێمی كوردستان, بە دوریشی زانی لایەنی عێراقی ملكەچی ئەو فشارانە بێت.
حكومەتی ئەنقەرە هەوڵدەدات خۆی لە ئەو سزایە بدزێتەوە كە دادگای پاریس سەپاندویەتی بەسەریدا, لەرێی ناچاركردنی بەغداد بە سازشكردن لەو بڕە پارەیە.

بڕیاڕەكانی ئۆپێك +

ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت ئاشكرایدەكات, شەڕێكی نهێنی لەنێوان توركیاو عێراق لەسەر نەوتی كوردستان بەڕێوەدەچێت, وەك هەوڵی هەر لایەكیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوت.  
دەشڵێت: عێراق زیادەیەكی زۆری نەوتی هەیەو ناتوانێت هەناردەی بكات, بەهۆی بڕیارەكانی ئۆپێك+ و ئەو بڕەی لەرێی هەرێمی كوردستانەوە بەهێڵی توركیادا رەوانە دەكرێت دەگاتە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە, عێراق لەئێستادا پلان دادەنێت بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو بڕە لەباشورەوە.
جەختدەكات لەوەی, توركیا حسابی بۆ ئەم سیناریۆیە نەكردووە, بەهۆی ئەوەی زانیاری وردی نییە لەبارەی دۆخی بەرهەمی نەوتی عێراق, پێشبینیش دەكات بڕیارەكانی توركیا كاریگەری لەسەر عێراق دروست نەكات و بەغداد قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بكاتەوە كە پێشتر لەرێی هێڵی توركیاوە هەناردەی دەكرد, لەرێی هەناردەكردنی لە باشورەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاندووە: بەرهەمی نەوتی عێراق گەیشتووەتە (3)ملیۆن و (850)ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە, پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا بگاتە (4)ملیۆن و (100)هەزار بەرمیلی رۆژانە.

زیانە چاوەڕوانكراوەكان

دكتۆر ئەمجەد سەباح, مامۆستای ئابوری نەوت لە زانكۆی بەسرە دەڵێت: بەندەری جەیهانی توركی بە تاكە دەروازەی عێراق دادەنرێت لە باكورەوە, ئاماژە بەوەشدەكات, راگرتنی  هەناردەی نەوتی كوردستان زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت.
ئەو بڕە نەوتەی كە لەكێڵگەكانی هەرێمەوە رەوانە دەكرێت بە نزیكەی (400)هەزار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت, لەگەڵ (80) هەزار بەرمیل لەكێڵگەكانی كەركوكەوە, ئەوەش بەمانای ئەو نەوتەی راگیراوە, بڕەكەی دەگاتە نزیكەی (480) هەزار بەرمیلی رۆژانە.
هاوكات قەبارەی زیانەكان لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەكانیش راوەستاوە, پێشبینیش دەكات, قەبارەی زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێم, تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە نزیكەی (8) ملیار دۆلار.   

قەیرانی دارایی

ئەو زیانە گەورە پێشبینی كراوە, بارگرانیەكی گەورە بۆ بودجەی گشتی عێراق دروستدەكات, كە لەبنەمادا بەدەست كورتهێنانەوە دەناڵێنێت.
وێڕای ئەو زیانانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت, كە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت, وێڕای پابەندیەكانی بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی خەرجیەكانی بەكاربردندا.
بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان, ئاستەنگێكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد, حكومەتی عێراق بەردەوامە لە دانوستەكانی لەگەڵ توركیا, بەڵام ئەنقەرە دوو مەرجی سەرەكی داناوە بۆ دەستپێكردنەوەی نەوت.
_ مەرجی یەكەم: سازشكردنی  حكومەتی عێراقە لەو بڕە پارە قەرەبووەی كە بە (1)ملیارو (471)ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
_مەرجی دووەم: فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بەتوركیا بە (19) دۆلار.
بەڵام كۆمپانیای سۆمۆ رازینەبووە بەو نرخە, لەبەر ئەوەی پێیوایە, ئەو نرخە لەگەڵ نرخی ئێستای نەوت لەبازاڕی نێودەوڵەتی جیاوازی زۆرە.
پێشتر دكتۆر نەبیل مەرسومی پسپۆڕی بواری نەوت, رایگەیاند: عێراق هەوڵدەدات قەیرانی راگرتنی نەوتی كوردستان لە رێی زیندوكردنەوەی (3) هێڵی نوێوە چارەسەر بكات, لەوانە: _هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا.
_ هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە.
خستنەگەڕی هێڵی بۆری نەوتی بەسرەعەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیا نەوت.
هەروەك باسیشی لە ئەگەری پێشخستنی توانای عێراق كردووە بۆ زیادكردنی بڕی هەناردەكردن لەرێی دەریاوە, بۆ لەخۆگرتنی بڕی زیاتری نەوتی عێراق و قەرەبوكردنەوەی بەردەوامی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەرێی بەندەری جەیهانەوە.

سەرچاوە: پێگەی الطاقة

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand