Draw Media

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێم دەكەن

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێم دەكەن

2023-06-15 10:15:37


درەو:
وەفدێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن "پێشنیازی ئەوە دەكرێت سێ لقەكەی كۆمسیۆنی عێراق لە هەرێم، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرن"
رۆژی 30ی ئایاری رابردوو دادگای فیدراڵی یاسای درێژكردینەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەوەش بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش هەڵوەشایەوە كە لە دانیشتنی رۆژی 22ی ئایاری رابردوو پشێوی لەناو پەرلەمان درووست بوو، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی راگرت و جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش وتی دانیشتنەكە بەردەوامەو كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە.
هەفتەی رابردوو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردن، وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە
وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم پێكهاتبوو لە:
-    فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (سەرۆكایەتی وەفدەكەی كردووە).
-     دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێم‌و وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم
-     دكتۆر غازی سابر بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم
-     زمناكۆ جەلال راوێژكاری هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی هەرێم
  دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لەبارەی سەردانەكە رایگەیاند" بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە ئەوەمان دووپاتكردەوە ئامادەی هەموو هەماهەنگییەكین لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و لەناویشیاندا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، سەرۆكایەتی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، داوای كردووە، ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە هەرێم كاری خۆیان بكەن‌و ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)  وەفدێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم بكات سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چەند جارێك ئەوەیان راگەیاندوەو بە وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێمیشیان وتووە "ئەولەویەتی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە".
لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەناچێت بەرپرسانی هەرێم چاویان لەوەیە ئەو سێ لقەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە هەرێمی كوردستانن لقەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرن.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13062

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand