ناكۆكی لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دروستبووە
2023-06-15 14:46:38
(درەو):
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە كوردستان، كۆمسیۆنەكەی كوردستانیش سەرقاڵی مشتومڕی زیادكردنی دەرماڵەیەكی (یەك ملیۆن) دینارییە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان خۆی دۆخی باش نییە، لێكۆڵینەوەشی هاتوەتەسەر.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم دەستكاری موچەی كۆمسیارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی خۆی كردووەو وەكو دەرماڵە بڕی (یەك ملیۆن) دینار بۆ موچەكانیان زیادكراوە.
(درەو) زانیویەتی، بۆ مانگەكانی (شوباتو ئازارو نیسان)، بڕی ئەو (یەك ملیۆن) دینارە خراوەتە سەر ژمارە حسابی كۆمسیارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمسیۆن.
14 رۆژ بەر لەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حوكمی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، واتا بە دیاریكراوی لە رۆژی 16ی ئایاری رابردوودا، بەڵێن ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، تێیدا داوا دەكات، نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بكرێتو تێیدا داوایان لێبكرێت لیستی موچەی مانگەكانی (10، 11)ی ساڵی 2022 لەگەڵ لیستی موچەی مانگی (2،3)ی ساڵی 2023ی كۆمسیارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەمەبەستی "بەدواداچوون".
وەكو یەكێك لە كۆمسیارەكان دەڵێ: بەستنی ئەم دەرماڵەیە بەگوێرەی دەرماڵەی پلە تایبەتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەستراوە.
پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانیش مافی ئەوەی نەماوە بەدواداچوونەكەی بۆ زیادكردنی موچەی كۆمسیارو بەڕێوبەرە گشتییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تەواو بكات.
بەڵام سەرباری ئەمەش، هەر لەناو ئەنجومەنی كۆمسیاراندا، لەنێوان كۆمسیارەكاندا مشتومڕ دروستبووە، (سەمەد بێتواتەیی) كە یەكێكە لە كۆمسیارەكانی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی توڕە بووە، نوسراوێكی كردووەو تێیدا باس لەوە دەكات، بڕی (3 ملیۆن) دیناری بۆ فەرمانگەی دارایی كۆمسیۆن گەڕاندوەتەوە، ئەم بڕە پارەیە بریتییە لە موچەی زیادكراوی كۆمسیارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە ماوەی سێ مانگدا، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (یەك ملیۆن) دینار.
لە نوسراوەكەدا كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، كۆمسیارەكەی گۆڕان دەڵێ:" هەر كەسێك ئامادە نییە ئەو پارە زیادەیە وەربگرێت، با موزایەدە نەكاتو وەكو من پارەكە بگەڕێنێتەوە".
رۆژی 22ی ئایاری ئەمساڵ، كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان گرژی تێكەوت، پارتی بەبێ یەكێتیو بە پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی لە پرۆسەیەكی ناڕووندا، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كاراكردەوە كە ماوەی 4 ساڵ بوو تەمەنی یاسایی بەسەرچوو بوو، سەرباری ناڕەزایەتی یەكێتییو گومانەكان لەبارەی دروستی دانیشتنەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاڕاستەی وەزارەتی داد كرد، وەزارەتی داد نوسراوەكەی لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكردەوەو بەمەش بڕیارەكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی رێكخست بەمەبەستی متمانەدان بە دەستبەكاربوونی دوو كۆمسیاری نوێی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ ئەمەش تەنانەت ئەنجومەنی دادوەریی نیسابی یاسایی خۆی شكاند.
سەرباری ئەم هەوڵانە، رۆژی 30ی ئایار، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە سەبارەت بە درێژكردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بەپێی بڕیارەكە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەو رۆژەی كە درێژكراوەتەوە هەڵوەشایەوە، ئەمەش بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (10) بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم.
ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەفدێكی كۆمسیۆنلای هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەم هەنگاوەش سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوەتی پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو كارا نەبوونەوەی كۆمسیۆنی كوردستان راگەیاندووە، ئەمەش هێندەی تر چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دەخاتە ناو تونێلێكی تاریكەوە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان تایبەت بە سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە ساڵی 2017دا دروستكرا، جگە لە ریفراندۆمەكە، ئەم كۆمسیۆنە تەنیا یەك پرۆسەی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەڕێوەبردووە كە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كورستان بوو لە 2018دا.