درەو: مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان (38%)ی نەوتەكەی بە ئیسرائیل فرۆشتووەو (10%)ی بە وڵاتی چین. حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی رابردوو (12/2022) بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو لەو ژمارەیە (4 ملیۆن و 650 هەزار) بەرمیل نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە بەرێژەی (38%)ی نەوتەكەی. لە دوای ئیسرائیل كرواتیا دێت كە مانگی رابردوو ( 2 ملیۆن و 230 هەزار) بەرمیل نەوتی لە نەوتی هەرێمی كوردستان كڕیوە بەرێژەی (18%) ئیتالیا بەپلەی سێیەم دێت لە كڕینی نەوتی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 700) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (14%) مانگی رابردوو تایوان (2) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (16%) چین لە مانگی رابردوو (ملیۆنێك و 250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (10%) رۆمانیا بڕی (650) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (4%) ئەم خشتەیە وردەكاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی كانونی یەكەمی 2022 ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم
درەو: ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوەو دواتریش پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان كۆببێتەوە. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم وەزیرانەی پەسەندكردووە (شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد) و نوسراوی شوێنگرەوەكانیشیانی ناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ متمانەدان پێیان ئەوانیش: • رێباز بێركۆتی بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی نوسیوە). • ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە) • ئەحمەد عەسكەری بۆ شوێنی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد (خالید شوانی بووە وەزیری دادی عێراق) . هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی شوێنگرەوەی وەزیرەكان، لە پارلەمانی كوردستانیش پارتی چەند ئاڵوگۆڕێك دەكات لەوانە: • هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە، دەبێت لەپەرلەمان پەسەند بكرێت. • زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، دەبێت لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت. • لیزا كاكەیی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشتەوە، پێویستە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت • جوان رۆژبەیانی بووەتە ئەندامی ئەحتیاتی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە پشووی پایزەیدایە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەدوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی (ئەگەر بكرێت)، پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە كۆببێتەوە، هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەدەرەوەی وڵاتن و چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، كە كۆمەڵێك فایلی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بیانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتگیر هەیە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كە لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیەوە واژۆی لەسەركرا. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت ئەگەری كۆبوونەوە هەیە بەڵام ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی بەدوور دەزانم، چونكە تا ئێستا نیەتێكی جدی نابینرێت بۆ رێككەوتن تەنیا هەڵمەتی راگەیاندنی نێوانیان راگیراوەو بڕیاری گۆڕانكاری پۆستەكان دراوە، بەڵام لەسەر فایلی دارایی و ئەمنی و پرسی هاوكارجاف و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو دەسەڵاتەكان و دوو ئیدارەیی و دەیان فایلی تر هەر باسی نەكراوەو قوباد تاڵەبانیش نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە كە راگەیاندبوو "قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران" رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەو لێدوانە ئاماژەیەكی روونە كە ئاماژەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر فایلەكان لاوازن، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد ئەوان نەیان شاردەوە كە قوباد تاڵەبانی نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەتا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، چونكە ئەو هیچ هەنگاوێكی جدی نابینێت لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و رێخۆشكردن بۆ كاركردنی هاوبەش بەیەكەوە، مەسرور بارزانی خۆی بڕیار دەدات و بەشی هاوبەشەكانی نەهێشتووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەسرور بارزانی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا مەسرور بارزانی بەرەسمی هیچ نیگەرانی و داواكارییەكی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی قسەو گلەیی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیخاتە روو یاخود پێكەوە تابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین. سەرەرای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بڕیارە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت پرسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەو كشاوەكانیش كەیسێكەو لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندایە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت كە لەكۆبوونەوەی تایبەت بە گۆڕانگاریە وزارییەكان بخرێتە دەنگادنەوە، یاخود دوابخرێت بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمان كە لە 1/3/2023 دەستپێدەكات، هاوكات دۆسیەی پەرلەمانتارە كشاوەكانی (كۆمەڵ و نەوەی نوێ و سەربەخۆ و سی پەرلەمانتاری گۆڕان) بۆ دوابخرێت بۆ كۆتایی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەزری یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لە شایان عەسكەری كە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا، ئەوانەی دیكە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن.
درەو: سبەینێ لە یادی سێیەمین ساڵەی كوژرانی قاسم سلێمانیدا مەراسیمی تایبەت لە سلێمانی و هەولێر رێكدەخرێت. سبەینێ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی و لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر مەراسیمی تایبەت بە سێیەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی رێك دەكخرێت، بە پێی زانیارییەكان مەراسیمەكان رێكخراون و ئێرانیەكان میوانن تیایداو بانگهێشتنامە بۆ زۆربەی سەركردەو بەرپرسە حزبی و حكومیەكان نێردراوە. ئەمڕۆش لە شاری تاران ئەدهەم بارزانی وەك تاكە سەركردە لە هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی كرد . قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە رۆژی 3/1/2020 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا. یادكردنەوەی ئەمساڵی كوژرانی قاسم سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تا ئێستا (128) هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە (3) هەزار هاوڵاتی برینداربوون و (2 هەزارو 212) هاوڵاتی كوردیش دەستگیركراون.
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (857) ملیار دینا بووە، هەرێم بە بەهای (ترلیۆنێك و 224 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە،بەڵام (538) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە. پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی یەکەم = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (ههناردهی دهرهکی به بۆری) • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی یەکەم (80.91) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (68.91) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل X (68.91) دۆلار = (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 224 ملیار و 513 ملیۆن و 472 هەزار) دینار. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (56%) = (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار X ((1450 دینار = (685 ملیار و 727 ملیۆن و 544 هەزار و 600) دینار خەرجی نەوتە. - (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50) دۆلار X (44%) = (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی یەکەم 2022 (دینار) (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (857 ملیار و 285 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2022
شیكاری: درەو داهات و خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022؛ 🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بریتیی بووە لە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیەوە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) حکومەتی هەرێم (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار داهاتی هەبووە. 🔹 کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 🔹 حکومەتی هەرێم بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی). یەکەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وربینی نەوتی هەرێم هەردوو چارەکی یەکەم و دووەم (نیوەی یەکەم)ی 2022، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم، دوای لێدەکردنی خەرجی نەوت و دانەوەی بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بڕی؛ (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 227 ملیار و 948 ملیۆن و 435 هەزار و 150) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا، بریتی بووە لە (106.92) دۆلار ، حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (93.56) دۆلار فرۆشتووە، واتە بە زیاتر لە (13) دۆلار کەمتر نەوتی هەرێم فرۆشراوە. بۆ نیوەی دووەمی ساڵی (2022) تا ئێستا حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان ئاستی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نەوتی فرۆشتبێت و بەهەمان بڕی نیوەی یەکەم خەرجی پرۆسەی نەوت بووبێت کە (56%)ە، ئەوا داهاتی نیوەی دووەم کەمتر دەبێت لە نیوەی یەکەم چونکە تێکڕای نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەم هەر بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (13.18%) بەهاکەی لەدەستداوەو تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (94.59) دۆلار بووە، بۆیە حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (13.36) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. بەم پێیەش پوختەی داهاتی نەوتی هەرێ لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەڕێژەی (13.18%) کەم دەکات و دەگاتە (2 ملیار و 531 ملیۆن و 606 هەزار و 57) دۆلاری داهاتی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (3 ترلیۆن و 670 ملیار و 828 ملیۆن و 782 هەزار و 47) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. کەواتە کۆی پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 1/1/2022 – 31/12/2022 بریتییە لە (5 ملیار و 447 ملیۆن و 432 هەزار و 564) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لە تەواوی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1. داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار. 2. داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (720 ملیار) دینار. 3. داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (2 ترلیۆن 400 ملیار) دینار. 4. هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31.5 ملیار) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (378 ملیار) دینار. 5. پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ لە ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڕە بودجە و پشک و سلفەیەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە. کەواتە کۆی داهاتی نانەوتی لە تەواوی (2022)دا بەسەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتییەوە بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛ 1. خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (910 ملیار) دینارە، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022) تەنها (11) موچەی خەرجکردووە ، بەم پێیەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی دابینکردنی موچە ڕۆشتووە بریتیە لە (10 ترلیۆن و 10 ملیار) دینار. 2. خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات و لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ ئەم مەبەستە بە خەرج دراوە. کەواتە کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کۆی گشتی؛ داهات، خەرجی و بڕی سەرڕێژی داهاتی هەرێم 1/1/2022 – 31/12/2022 وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا داهات و خەرجی و سەرڕێژی دهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی ساڵی (2022) دا بەم شێوەیەیە؛ 1. کۆی گشتی داهات (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 2. کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆرانی هەرێم و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان لە تەواوی ساڵدا بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 3. کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی) بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf - ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/FINAL%20Q2%202022%20Public%20Report.pdf - عومەر گوڵپی، خستنەڕووی داهات و خەرجی حکومەت و چارەنووسی مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٢)، (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی) 25/12/2022؛ https://www.youtube.com/watch?time_continue=527&v=UfB0-wMrfGg&feature=emb_logo - Country Economy, Europe Brent Spot Price FOB 2022; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent
(درەو)- AFP علیا عەبدولڕەزاق كە موسڵ دەژیو ماوەی 10 ساڵە هاوسەرگیری كردووە، ژیانی بووە بە دۆزەخ، ئەم ژنە نە خۆی گرێبەستی هاوسەرگیری هەیەو نە چوار منداڵەكەشی بڕوانامەی لەدایكبوون، هاوشێوەی نزیكەی (ملیۆنێك) هاوڵاتی تری عێراقی بەدەست نەبوونی ناسنامەو بەڵگەنامە فەرمییەكانەوە دەناڵێنێ. بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، نەبوونی ئەم بەڵگەنامە فەرمییانە رێگری دەكات لە "دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك پەروەردە، تەندروستیو یارمەتییەكانی بیمەی كۆمەڵایەتی"، هەروەها دەتوانێت رێگری بكات لە "ئازادی جوڵەو مەترسی راگرتنو دەستگیركردنیش زیاد دەكات". ئەوانەی ئەم كاغەزانەیان نییە، خۆیان بە گیرخواردووی دەبیننەوە لەناو شەڕە دادوەرییە بێكۆتاكاندا، ئەمەش بەهۆی بیرۆكراسی ئاڵۆزو كەمی داراییو هاوكات بەهۆی شۆكی جەنگو ئاڵنگاری چاكبوونەوەی دوای ئازارچەشتن لەگەڵ پێشێلكارییەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا. علیا عەبدولڕەزاق بۆ رێكخستنی بارودۆخی خۆی یارمەتی بێبەرامبەر لە پارێزەرێك وەردەگرێت لە رێكخراوی "لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی". علیا كە تەمەنی 30 ساڵە دەڵێ" چی بكەم؟ پارێزەری تایبەت داوای 700 بۆ 800 هەزار دینار دەكات، من بەشی خواردنو خواردنەوەم نییە، لە كوێ بیدەم ؟". شوقەكەی لە موسڵ بەڵگەی خراپی بارودۆخەكەیەتی: زەوییەكەی چیمەنتۆیەو بە هیچ دانەپۆشراوە، دۆشەكو فەرشەكانی تەنكن، پەنجەرەكانی شكاونو بە كارتۆن داپۆشراون. علیا ساڵی 2012 لە شارۆچكەیەكی نزیكی موسڵی باكوری عێراق هاوسەرگیری كردووە. لە ساڵی 2013 كچی یەكەمی لەدایكبوو، ساڵێك دوای ئەمە، جیهادییەكان ناوچەكەیان داگیركردو موسڵیان كرد بە "پایتەخت"ی خۆیان، لەوێ ئیدارەی تایبەت بە خۆیان داناو دامەزراوە حكومییەكانیان دەرپەڕاند. ناردنی منداڵەكان بۆ خوێندنگە ئەمڕۆ ئاڵنگارییەكی راستەقینەیە بۆ علیا، هەروەها ناتوانێت لەڕێگەی (كۆبۆن)ەوە بەشەخۆراك وەربگرێت كە خۆیو هاوسەرە دارتاشەكەی زۆر پێویستیان پێیەتی. "گۆڕانكاری لە سیاسەتدا" پارێزەرەكەی دەستی بە رێوشوێنە یاساییەكان كردووە بۆ ئەوەی هاوسەرگیریو منداڵەكانی بەفەرمی بناسرێن، بڕیارە لەم مانگەدا دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەكەوە بدات، لەكاتێكدا ئەم ژنە سەركەوتنێكی بچوكی بەدەستهێناوە، كە كچە گەورەكەی (نازك) بەمزوانە تەمەنی دەبێت بە 10 ساڵ، چوەتە قوتابخانەوە. بۆ ئەوەی مۆری دەزگای هەواڵگری بدرێت لە دۆسیەی خۆیو خێزانەكەی، علیا سێجار هەوڵیداوە، لەسەر دۆسیەكەی علیا عەبدولڕەزاق نوسراوە براكەی لە زینداندایەو تۆمەتبارە بەوەی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییە. لە وڵاتێكدا كە دوای پێنج ساڵ هێشتا برینەكانی جەنگ ساڕێژ دەكات، نزیكەی (یەك ملیۆن) كەس لانی كەم تەنیا یەك بەڵگەنامەی فەرمیشیان نییە، ئەمە بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردوەتەوە. چەندین گرێبەستی هاوسەرگیری هەن كە لەژێر كۆنترۆڵی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا كراونو دەبێت یەكلایی بكرێنەوە، عەلی عەباس جهانگیر وتەبێژی وەزارەتی كۆچو كۆچبەران باسلەوە دەكات ئەو منداڵانەی كە لەو هاوسەرگیرییانەوە لەدایكبوون، هێشتا بەشێوەی فەرمی دانیان پێدا نەنراوە، هەروەك ئۆفێسی دامودەزگا فەرمییەكان بەهۆی كردەوە سەربازییەكانو كۆنترۆڵكردنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە وێرانبوون. جهانگیر ئاماژە بەوە دەكات، تیمە گەڕۆكەكانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكەیان بەناو كەمپەكاندا دەگەڕێن بەمەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەكانو دەستپێكردنی رێوشوێنەكانی دەركردنی ناسنامە بۆیان. خاتوو جوردان لیسیر- روی وتەبێژی "لیژنەی رزگارگردنی نێودەوڵەتی" لە عێراق جەخت لەسەر بایەخی كاری رێكخراوە ناحكومییەكان دەكات لەگەڵ سەرجەم ئاستە حكومییەكاندا لەپێناو ئاسانكاریو خێراكردنی رەوتی ئەو رێوشوێنانە. دەڵێ" دەبێت رەزامەندی موختار وەربگرین، بەڵام هاوكات دەبێت گۆڕانكاری لە سیاسەتی گشتیدا بكرێت"، داوای زیادكردنی بودجەی بەڕێوەبردنی گشتی كاروباری مەدەنیو چڕكردنەوەی ئەركی تیمە گەڕۆكەكان دەكات. لە نێوان ساڵی 2019 بۆ ناوەڕاستی 2022 بەهۆی پشتیوانی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانو هاوبەشەكانییەوە، (150 هەزار) دۆسیەی فەرمی یەكلاكراونەتەوە. "ناچمە دەرەوە" راپۆرتی چەند رێكخراوێكی ناحكومی كە مانگی ئۆكتۆبەر دەرچوو، ئاماژە بەو بەربەستانە دەكات كە روبەڕووی خێزانی ئەو كەسانە دەبێتەوە "گومان دەكرێت سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی" بن. لەپێناو بەدەستهێنانی بڕوانامەی لەدایكبووندا هەندێكجار دەبێت دایك پشكنینی DNA ژمارەیەك خەڵك لە كەسە نزیكەكانی باوكە بێسەروشوێن یان مردووەكە پێشكەش بكات، ئەم شیكارییانەش بە تەنیا لە بەغداد دەكرێن. ساڵی 2017 كاتێك لە شەڕەكان لەگەڵ رێكخراوی داعشدا لە موسڵ هەڵاتووە، حسێن عەدنان ناسنامەكەی ونكردووە، دوای ئەوە هێزە ئەمنییەكان رایانگرتووەو ماوەی پێنج مانگی لە زیندان بەسەر بردووە، ئەمە بەر لەوەی ئەستۆپاكی بۆ دەربچێتو ئازاد بكرێت. حسێن لەو ماوەی كە داعش لە موسڵ بووە هاوسەرگیری كردووەو كوڕێكی بووە، بە یارمەتی پارێزەرێكی "لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی" دوای تۆماركردنی هاوسەرگیرییەكەیو كوڕە شەش ساڵانەكەی كە هێشتا بڕوانامەی لەدایكبوونی نییە، توانی جیابونەوەكەی لە هاوسەرەكەی بكات بە یاسایی، بەهۆی شوكردنەوەی هاوسەری پێشوویو دووگیانبوونی، رێكارەكان زیاتر ئاڵۆزبوون. هەروەها دەستیكردووە بە رێوشوێنەكانی دەرهێنانی ناسنامەی نوێو دەڵێ" تاوەكو ناسنامەكەم بەدەستدەهێنم لە ماڵەوە دەمێنمەوە". سەرباری فشارە خێزانیو داراییەكان، حسێن بێكار دانیشتووە. ئەم گەنجە كە تەمەنی 23 ساڵەو پێشتر وەكو گارسۆن كاریكردووە باسلەوە دەكات، لە زینداندا روبەڕووی "لێدانو ئەشكەنجە"و هێشتا دەترسێت لەوەی جارێكی تر دەستگیربكرێتەوە. دەڵێ" ناتوانم لەماڵ بچمە دەرەوە، دەترسم لە خاڵێكی پشكنیندا رامبگرنو داوای ناسنامەم لێ بكەن.. ئەوەی بەسەرمدا هات دووبارە دەبێتەوە".
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی كانونی دووەمی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7ملیارو 606ملیۆن) دۆلار، واتا ( 11 ترلیۆن و 400ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتوەتە (103ملیۆنو 281ملیۆن و 459هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 331هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی كانونی دووەم گەیشتوەتە (73.644) دۆلار. داهاتی مانگی (11)ی نەوتی عێراق زیاتر لە ( 8ملیار )دۆلاربووە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تشرینی دووەمی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی تشرین دووەمی رابردوودا گەیشتوەتە (8ملیارو 231ملیۆن) دۆلار، واتا ( 11 ترلیۆن و 934 ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتوەتە (99ملیۆنو 867 ملیۆن و 946 هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 329 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تشرینی دووەم گەیشتوەتە (82.4) دۆلار.
درەو: عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتی شكاندووەو چووەوە پەرلەمانی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیكرد. فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە رۆژی2022/11/6 لە پەرلەمانی كوردستان كشایەوەو بایكۆتی پەرلەمانی كرد و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ پێش پشووەكانی ساڵی نوێ چووەتەوە پەرلەمان و بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەكانی كردووە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) عوسمان كانی كوردەیی لە رۆژی 2022/12/19 بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كردووە كە لە گەڵ رزگاربوانی ئەنفالكراواندا كۆبوونەوەتەوە. دوای ئەوەی بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) تەمەنی پەرلەمان تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 درێژكرایەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران كشانەوەو بەشێكیشیان بایكۆتیانكرد: (5) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد. - سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بایكۆتیانكردو كشانەوە. - حەوت پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتیانكرد و كشانەوە - چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتیانكرد و كشانەوە (دواتر عەلی حەمە ساڵح دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد) - شایان عەسكەری پەرلەمانتاری گۆڕان دەستیلەكاركێشایەوەو پەرلەمان پەسەندیكرد. - پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بایكۆتیكرد و كشایەوە. پەرلەمانتارانی یەكگرتوو: - شێركۆ جەودەت - ئەبوبەكر هەڵەدنی - هلز ئەحمەد - سەرچنار ئەحمەد - ئیسماعیل سگێری پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ: - كاوە عەبدولقادر - سیپان ئامێدی -مژدە مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆن كۆمەڵ: - عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن - هەورامان گەچێنەیی - عومەر گوڵپی - روپاك ئەحمەد - عوسمان عەلی - بەدریە ئیسماعیل - موسلیم عەبدوڵا چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان - عەلی حەمەساڵح - ئاشنا عەبدوڵا - دابان محەمەد - شیرین ئەمین پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ - دیاری ئەنوەر
راپۆرت: درەو ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئەردۆغان بەڵێنیداوە لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەناوخۆی وڵات بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزبكاتەوە، ئەم نەوتە كە لە باكوری كوردستان دەردەهێنرێت لەتوانایدایە رێژەی زیاتر لە 10%ی پێداویستی ناوخۆی توركیا پڕبكاتەوە، هەر لەم ساڵدا توركیا دەیەوێت دەست بكات بە بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای رەشو بەمەش رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی نەوت لە باكوری كوردستانو دۆخی وزە لە توركیا لەم راپۆرتەدا. 100 هەزار بەرمیل.. روانگەی سەدەیەك ! فاتح دۆنماز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، توركیا لە ئامانجەكەی نزیكبوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەردوو كەرتی گشتیو تایبەتدا. وەزیری وزەی توركیا دەڵێ" ئەم بڕەی وەبەرهێنانی نەوت ئەو قەبارەیە كە لەچوارچێوەی روانگەی سەدەی توركیادا دیاریكراوە". "سەدەی توركیا" مەبەست لەو روانگەیە كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاندو تێیدا بەرنامەو ئامانجەكانی توركیای بۆ ئەم سەدە خراوەتەڕوو. نەوتی كوردستان.. چەكی دەستی ئەردۆغان ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەردۆغان دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لە چیای (گابار) لە ناوچەی (شرناخ)ی باكوری كوردستان راگەیاند، ئەم كێڵگەیە لە (4) بیرە نەوت پێكدێتو بەرهەمی رۆژانەی ئەم بیرانە لەئێستادا (5 هەزار) بەرمیلە. بەپێی خەمڵاندنەكانی ئەردۆغان، یەدەگی نەوتی بیرەكانی شرناخ قەبارەكەی (150 ملیۆن) بەرمیلەو كوالیتییەكەی زۆر بەرزە، بەهای نەوت لەم كێڵگەی باكوری كوردستاندا بە نزیكەی (12 ملیار) دۆلار ئەژمار دەكرێت. هەر لە ساڵی 2022دا توركیا دۆزینەوەیەكی تری یەدەگی نەوتی لە ناوچەی (چوكورۆڤا) راگەیاند كە مەزەندە دەكرێت ئاستی یەدەگی نەوت تێیدا بگاتە (8 ملیۆن) بەرمیل. پێنج ساڵ لەمەوبەر بەر كە هێشتا ئەنكەرە پلانی گەڕانی بەدوای نەوتدا نەخستبووەگەڕ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە توركیا رۆژانە تەنیا (40 هەزار) بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا بەگشتی توركیا رۆژانە نزیكەی (65 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێتو بەپێی قسەی هەندێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە، حكومەتو كەرتی تایبەت ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە رۆژێكدا بۆ (80 هەزار) بەرمیل بەرزكردوەتەوە. بەمدواییە ئەردۆغان وتی" ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023دا كە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبكەینەوە". بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە هاوردەكردنی وزە لە دەرەوە باری سەرشانی بودجەكەی قورسكردووەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان، دۆزینەوەی نەوتو غاز چەكێكی ستراتیژییە بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوری نیشتمانیی، بەتایبەتیش بۆ ئەردۆغان كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە. لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا كە بەر لە پێنج ساڵ دەستیپێكردووە، توركیا هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی نەوتو غاز چڕكردوەتەوە، لەوكاتەوە ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە توركیا هەندێك لە قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی زیادكردووە، بەڵام هێشتا لەچاو پێداویستی ناوخۆیی بۆ وزە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، هەوڵەكان لەئاستی چاوەڕوانیدا نین. ئەڵتوغ كاراتاش سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كەرتی وزەو ژینگە لە گروپی (مۆسیاد) دەڵێ" خاڵی وەرچەرخانی مێژووی دەبێت ئەگەر وەبەرهێنانمان رێژەی 10% بەكاربردنی ناوخۆیمان پربكاتەوە". بەگوێرەی قسەی كاراتاش، ئێستا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە توركیا 65 هەزار بەرمیلی رۆژانەیەو ئەم بڕە رێژەی نزیكەی 5% بۆ 7%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكرێتەوە توركیا دەتوانێت رێژەی 10% بۆ 14%ی پێداویستی ناوخۆی وزە دابین بكات. دوای ئاشكراكردنی دۆزینەوە نوێیەكانی چیای (گابار) ئێستا بەگشتی تێكڕای یەدەگی نەوت لە توركیا بە نزیكەی (180 ملیۆن) بەرمیل دەخەمڵێندرێت، لەم بڕە تەنیا نزیكەی (65 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەردەهێنرێت، ئەمەش بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە رۆژانە زیاتر لە (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات بڕێكی زۆر كەمە، بەگشتی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت لە توركیا (780 هەزار) بەرمیلە، ئەمە لەكاتێدایە ئەو وڵاتە ساڵانە زیاتر لە (360 ملیۆن) بەرمیل نەوت هاوردە دەكات. تاوەكو ساڵی 2021 جوگرافیای كێڵگە نەوتییەكانی توركیا لە هەردوو ناوچەی شرناخو باتمانی باكوری كوردستان چڕبووەوە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا دەسەڵاتدارانی توركیا دۆزینەوەی نەوتیان لە هەردوو ناوچەی (سێرت)و (وان) لەباكوری كوردستان راگەیاند لەگەڵ ناوچەی (ئەدەنە) لە نزیك دەریای سپی ناوەڕاست. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بە رەزامەندی وەزارەتی وزەی توركیا، لەسەرەتای 2022دا پلانێك بۆ هەڵكەندنی (150) بیر دیاریكراوە. یەكەم بیرە نەوت كە لە توركیا نەوتی تێدا بەرهەمهێنرابێت دەكەوێتە باكوری كوردستانەوە كە بیری (رامان-8) لە ویلایەتی باتمان، مێژووی هەڵمەندنی ئەم بیرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945و لە ساڵی 1948 بەشێوەیەكی كردەیی نەوتی لێ بەرهەمهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەم هەنگاوی توركیا لە گەڕان بەدوای غازی سروشتی مێژووەكەی بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە. ئەوەی ئێستا ناوچەكانی باكوری كوردستان بووەتە چەقی ستراتیژی ئابوری نوێی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕووی سیاسییەوە بۆچونی جیاوازی دروستكردووە، هەندێك پێیانوایە توركیا ئەگەر دەستی بە سامانێكی گەورەی نەوتو غاز بگات لە ناوچە كوردییەكان، رەنگە ئەمە وابكات بۆ داهاتوو لەپێناو زامنكردنی وزەدا دەسەڵاتدارانی توركیا هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی كورد بدەن، هەندێكی تر بۆچونێكی جیاوازیان هەیەو پێیانوایە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان قۆناغێكی نوێی توندوتیژی دەوڵەتی توركیا دژی كورد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتیش گۆڕینی دیمۆگرافیاو پرۆسەی بە تورككردنی ئەو ناوچانەی كە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە دۆخی (كەركوك) بە نمونە دەهێننەوە. دەسەڵاتدارانی توركیا كێڵگە نەوتەكەی چیای (گابار)یان بەناوی ئەفسەرێكەوە ناوناوە (ئەسما چەڤیگ)، میدیاكانی توركیا دەڵێن ئەم ئەفسەرە بەهۆی تەقینەوەیەكی پەكەكەوە لە پارێزگای شرناخ كوژراوە، ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێناچێت تەنانەت دوای دۆزینەوەی نەوتیش دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە هێشتا بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بكەنەوە. توركیا پێویستی بە غازی كوردستان دەبێت ؟ رۆژی دوو شەممەی هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، تێكڕای قەبارەی ئەو غازە سروشتییەی توركیا لە دەریای رەشدا دۆزیوەتەوە بڕی (710) مەتر سێجا-یە، ئەمە دوای دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێو بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو كێڵگانەی كە پێشتر دۆزراونەتەوە. توركیا كە لە سامانی نەوتو غازدا هەژارە، بەشێوەیەكی گەورە بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی پشت بە هاوردەكردنی غاز دەبەستێت لە (روسیاو ئازەربایجانو ئێران)ەوە، ئەمە لەپاڵ هاوردەكردنی غازی شل لە (قەتەرو ئەمریكاو نەیجیریاو جەزائیرو نەرویژ)ەوە. سەرەتای ساڵی رابردوو ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی ئەنكەرە كرد، داوای لێكرد غازی سروشتی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا بۆ ئەو مەبەستە پرس بە حكومەتی ناوەندی عێراق بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی روسیاو ئۆكرایناوە نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە. توركیا ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لە دەریای ناوەڕاست دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە ناوچەیەكی كێشە لەسەرەو توركیای لەگەڵ یۆنانو قوبرس روبەڕووی ئاڵۆزی كردوەتەوە. بەمدواییە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا بیرۆكەی دامەزراندنی "سەنتەرێكی غاز"ی لە توركیا خستەڕوو، ئەمەش دوای ئەو تەقینەوانە هات كە زیانیان بە هێڵی بۆری غازی (نۆرد ستریم) گەیاند لەژێر دەریای بەلتیك-دا، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بووە هۆی راگرتنی هەناردەی غازی روسیا بۆ ئەڵمانیا. توركیا لەڕێگەی هێڵەكەی خۆیەوە لە ئازەربایجانەوە بە بۆری (تاناپ)دا غازی سروشتی روسیا هاوردە دەكات. قەبارەی پێداویستی ساڵانەی توركیا بۆ غازی سروشتی لە 2020دا گەیشتوەتە (45 ملیار) مەتر سێجا، ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە ناوخۆدا تەنیا رێژەی 1%ی ئەم پێداویستییەی لەناوخۆدا بەرهەمهێناوە. بۆیە ئەو دۆزینەوە نوێیانەی كە دەسەڵاتدارانی توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەناوچەكانی (تراكیا)و (دەریای رەش) رایانگەیاندووە، وای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە پێشبینی ئەوە بكەن تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی توركیا بتوانێت رێژەی نزیكەی 30%ی پێداویستی ناوخۆی غاز پڕبكاتەوە. حكومەتی توركیا لە 2020دا دۆزینەوەی بڕی (540 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە ئاوە ئابورییەكانی سەربە توركیا لەناو دەریای رەشدا راگەیاند، بەگوێرەی قسەی ئەردۆغانو وەزیری وزەی توركیاش، ئەو غازەی لە كێڵگەی (سەقاریا) دۆزراوەتەوە، لە چارەكی یەكەمی مساڵدا (2023) دەچێتە قۆناغی دەرهێنانەوە. ئەمە ئەو غازەیە كە هەندێك لە شارەزایانی ئابوری توركیا دەڵێن بە بەرهەمهێنانی دەتوانرێت رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێتەوەو بڕی نزیكەی (4 ملیار) دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی وڵات بگەڕێندرێتەوە.
درەو: بەپێی ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رووداوەكانی 2022ی رۆژهەڵاتی كوردستاندا: (52) هاوڵاتی كورد لە سێدارە دراون (128) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدكراون (3000) هاوڵاتی برینداربوون (155) هاوڵاتی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە (2212) هاوڵاتی دەستگیركراون دەقی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٢٢١٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٥٥ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها ١٢٨ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتی بریندار بوون. ٣٧ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٩ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٥٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون. ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە. سێدارە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ زایینی، لانی کەم سزای سێدارەی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٣٤ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٥ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو. لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێکراوە. کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٦ کەسیان کوژراون و ٢٤٤ کەسیان بریندار بوون. زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٦٣ حاڵەت بووە. هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، ٢٠٦ کۆڵبەر و کاسبکار کە دەکاتە. ٧١. ٣ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٧ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون. کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لانی کەم ١٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ و هەروەها لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی ئەو ١٢٨ کەسە کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون ١١٦ کەسیان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا گیانیان بەخت کردووە و هەروەها ١٩ کەسیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان منداڵ بە هەژمار دێن. لە شۆڕشی ژینادا ١٠ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کردووە کەو ١٠ کەسە لە بەشی دۆخی بەندکراوان هەژمار کراوە. تەقینەوەی مین لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٣٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی. لەو ڕێژەیە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون. دۆخی بەندیخانەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ١٠ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون. هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە. دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەتا ئێستا ناسنامەی ٢٢١٢ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەشداری لە شۆڕشی ژینا، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٣٧ کەسیان ژن و ١٨٠ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ٨٦٥ حاڵەت بووە. سەپاندنی سزا لە ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ١٥٥ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە. بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٣٣ ساڵ و ١ مانگ بەندکران، ٦٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٢٢٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ سیاسی و هەروەها ٢ چالاکی بواری مافەکانی پەلکەزێڕینەکان سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە. مافی کرێکاران بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانی کەم ٥٥ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.
(درەو): پەلاماردانی کچێکی گەنج بەشێوەیەكی دڕندانەو قێزەون لەلایەن دەیان کوڕو مێردمنداڵەوە لەناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رایگشتی جوڵاندووە، ئەمە جارێکی تر کۆمەڵگای دابەشکردووەتەوە بەسەر دوو بۆچونی دژ بەیەکدا، بۆچونێک کە پشتیوانی ئازادی و کرانەوە دەکات و بۆچونێکی تر دژە بەو ئاراستەیە ، رووداوەکە بەپێی ئەو زانیارییە بەراییانەی دەست (درەو) کەوتوون، بەمشێوەیە: ئێوارانی ھەینی ھوانە ! جارێکی تر رووداوی پەلاماردانی کچێک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر گەنجەوە بە شێوەیەكی قێزەون رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وروژاند. رووداوەکەی ئەمجارە لە ناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رویدا. بەپێی ئەوە بەدواداچونەی بەراییانەی (درەو) کردویەتی، ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا رویداوە ناو بازاڕی دروستکردنی تانکییەو پێی دەوترێت دوو سایدەکوی ھوانە. چەند ساڵێکە ئەم شوێنە بووە بە گۆڕەپانی نمایشی ماتۆڕسوارو ئۆتۆمبیلەکان، گەنجەکان ئێوارانی رۆژانی ھەینی لەم شوێنە کۆدەبنەوەو نمایش دەکەن، ژمارەیەک خەڵکیش دەچن بۆ تەماشای نمایشەکان. بۆچی ئەم ئێوارەیە تەقییەوە ؟ بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی ئەم نمایشانە بەناوی (ع- خانەقا) ماوەیەکە لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەک کچی گەنج دەھێنێت بۆ نمایشەکان، کچەکان تەماشاکەر نین بەڵکو بەشدارن لە نمایشەکان، لە پشتی ماتۆڕسوارە کوڕەکانەوە سەردەکەون، ھەندێکیشیان رادەوەستن و ئۆتۆمبیلەکان لەکاتی نمایشدا بە دەوری ئەواندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لەوانەی کە ئاگاداری نمایشەکانی ئێوارانی ھەینی ناوچەی ھوانەیە بە (درەو) وت" ئەو کچەی ئێوارەی ئەمڕۆ ھێرشی کرایەسەر ناوی (ل- تارانی)یە، ئەمڕۆ بڕیار نەبوو کچەکان بەشداربن، بەڵام ل- تارانی ھات،دواتر لەلایەن بەشێك لە گەنجانەوە پەلاماردرا". بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ماوەیەک بووە لەناو گەنجە ماتۆڕ سوارەکاندا سەبارەت بە ھێنانی کچان بۆ ناو نمایشەکان ناڕەزایەتی دژی (ع- خانەقا) دروستبووە، داوایان لێکردووە چیتر کچەکان نەھێنێت، چونکە پێیانوابووە کچەکان وایانکردووە خەڵک سەرەنجیان لەسەر نمایشی ماتۆڕەکان نەمێنێت، (ع- خانەقا) دوای ناڕەزایەتییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ کچەکانی لەگەڵ خۆیدا نەھێناوە بۆ ھوانە، بەڵام (ل- تاران) ئەم جارەیان بەتەنیا چوەتە ناو نمایشەکەەوەو ھێرشی کراوەتەسەر. ھێشتا نەزانراوە ئایا (ل- تارانی) بە ئاگایی و بەمەبەستەوە ئەمڕۆ چوەتە ناو نمایشکارانی ھوانە یاخود ئاگاداری وردەکاری ناکۆکی ناو ماتۆڕسوارەکان نەبووەو بووە بە قوربانی بێئاگایی خۆی. پۆلیس چاوەڕێی سکاڵایە ! سەرباری ئەوەی دیمەنی پەلاماردانی ئەو کچە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کوڕەوە کاردانەوەو جۆرێک لە رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵاییەکان دروستکردووە، بەڵام تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە پۆلیس ھیچ بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردوەتەوە. سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ" تائێستا کەس سکاڵای یاسایی لەسەر رووداوەکە تۆمار نەکردووە". گرتە ڤیدیۆییەكان كۆن و نوێ
درەو: لەماوەی (100) رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئێراندا تا ئێستا (500) ژن دەستگیركراون، لەو ژمارەیە تەنیا ناسنامەی (202) ژنیان دیارە. راپۆرتێكی (رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ) ئاماژە بە دەستگیركردنی ژنان دەكات لە خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بەشێكیان لە خوار تەمەنی (18) ساڵیەوەن. دەقی راپۆرتەكەی رێكخراوی هەنگاو: لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لانی کەم ٢٠٢ ژن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕفێندراون، کە ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون و بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی مافی منداڵان، وەک منداڵ هەژمار دەکرێن. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی بەرخۆدانی جەماوەریی زیاتر لە ٥٠٠ ژن لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەرکراون، کە هەنگاو هەتا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٠٢ کەس لەو ژمارەیە ئاشکرا بکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو لە نێو ئەو ٢٠٢ ژنە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە: ٢٧ کەسیان خوێندکار، ٦ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و کەسێکیان پارێزەری پلە یەکی دادگا بووە و ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە شێوەیەکی زۆرینە قوتابی بوون. پۆلێنبەندی ژنانی دەستبەسەرکراو بە بەپێی پارێزگا پارێزگای سنە؛ ١١٠ حاڵەت پارێزگای ئورمیە؛ ٢٨ حاڵەت پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت پارێزگای ئیلام؛ ٢١ حاڵەت شارەکانی دیکەی ئێران؛ ١٨ حاڵەت شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئاماری زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکرانی ژنان لە شاری سنە و تۆمار کراوە کە ٧٢ حاڵەت بووە. دواتر شارەکانی تاران بە هەبوونی ١٦ حاڵەت، ئیلام بە هەبوونی ١٣ حاڵەت، کرماشان، قوروە و دێولان هەر کام بە هەبوونی ١٠ حاڵەت. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە هەتا ئێستا ٧ کەس لەم ژنە دەستبەسەرکراوانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی لانی کەمی مەرجەکانی دادگاییەکی دادپەرەوەرانە سزایان بەسەردا سەپێندراوە. لەم ڕاستایەدا، لە دادگای سەرەتاییدا، ڕۆژین یوسف زادە، سزای ١٥ ساڵ بەندکران، سوهەیلا مەتاعی سزای ٥ ساڵ بەندکران، فاتمە بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، گوڵناز بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، زەینەب باوەیر سزای ٢ ساڵ بەندکران، سەکینە عەلیڕەزایی سزای ٢ ساڵ بەندکران و نیگار داوودی سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. لێکۆڵینەوە تایبەتی هەنگاو سەبارەت بە بارودۆخی تایبەتی ژنانی دەستبەسەرکراو هێشتا بەردەوامەو لە کاتی پشتڕاستکردنەوەی زانیاریی و لێکۆڵینەوەکان، نوێترین هەواڵی بارودۆخی ژنانی دەستبەسەرکراو ڕادەگەیێنرێت. پۆلێنبەندی ژنانی دەستەسەرکراو بەپێی پارێزگا پارێزگای سنە: ١١٠ حاڵەت سنە؛ ١-ژینا مودەڕس گورجی ٢-ڕێزان ئەحمەدی (خەڵکی دێولان) ٣- حەیات ئەڵماسی ٤- فەرانەک ڕەفیعی ٥- گەشین محەممەدیان ٦- ساریا شەریفی ٧- بەهارە زەنگی بەند ٨- باران ساعێدی ٩- ڕۆژان قادری ١٠- مونیرە محەممەدی ١١- ماهڕوو هیدایەتی ١٢- ئازادە هەجامەتی ١٣- سورەیا خدری ١٤- لەیلا پاشایی (خەڵکی سەقز) ١٥- سروە شەهابی ١٦- شادی ئەسڵانی ١٧- مەهسا ئەفزەڵی ١٨- سەنا غەفوری ١٩- پەریا مورتەزایی ٢٠- نگین مورادی ٢١-ئاتوسا حوسێنی ٢٢- هەدیە مەیهەمی ٢٣- ڕاحلە جەعفەری ٢٤- بەیان عەزیزی (خەڵکی بانە) ٢٥- گەلاوێژ تەهماسبی ٢٦- سومەیە ئیبراهیمی ٢٧- فەریدە نیعمەتی ٢٨- گوڵاڵە وەتەن دوست ٢٩- سارا سەماواتی ٣٠- پەریا عەبادی ٣١- مەعسوومە ڕەشیدی ٣٢- واران محەممەد نژاد ٣٣- پەردیس جاوید ٣٤- ڕادا فاتیحی ٣٥- سوهەیلا محەممەدی ٣٦- ویدا محەممەد نەژاد ٣٧- سەحەر وەهابی ٣٨- ئاترینا ئازەرفەر ٣٩- سەروەر مەلایی ٤٠- ئیلهام قادری ٤١- سوسەن ڕازانی ٤٢- هانا وەکیل ٤٣- بیتا قاسمی ٤٤- قەشەنگ ئەحمەدی ٤٥- سەیران مێنبەری ٤٦- سوهەیلا خالدی ٤٧-مریەم محەممەدی ٤٨- نەسرین محەممەدی (خەڵکی مەریوان) ٤٩- بەیان ساڵحی ٥٠- موبینا بۆکایی ٥١- ئازادە پورسەمەد ٥٢- ئارەزوو پورسەمەد ٥٣- شیوا مەفاخری ٥٤- ئافاق ساعێد موچشی ٥٥- شەمسی ساعێد موچشی ٥٦- ئاڵا دەستی ٥٧- نیلوفەر نەجەف پوور ٥٨- بیتا وەیستی (خەڵکی پاوە) ٥٩- شلێر زەمانی ٦٠- سەنا خدری (خەڵکی جوانڕۆ) ٦١- ڕەزوان بازانی قەلعە (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٢- هانیە چەهار دۆڵی (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٣- تینا خدری (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٤- ڕۆزا گویلیان ٦٥- هەدیە سوبحانی ٦٦- فەریدە ساعێد پەنا (خەڵکی کامێران ٦٧- پەریسا حەبیب پوور (خەڵکی ئورمیە) ٦٨ نازەنین زارا سروی ٦٩- لەیلا گوڵبەندی ٧٠- کیمیا وەهابی فەر ٧١- شەکیلا شەریفی ٧٢_ شیلان کوردستانی دێولان؛ ١-سروە ڕەحمانی ٢- سوهەیلا مەتاعی ٣- دڵنیا خانی ٤- سارینا حوسێنی ٥- شەرارە وەیسی ٦- سروە سەلیمی ٧- بیتا ئەسەدی ٨- کیژان کەریمی ٩- ئایدا لوتفی ١٠- شەکیلا شەریفی قوروە؛ ١-سەهویلا بابایی ٢- سەیران عیلامی ٣- زارا بابامحەممەدی ٤- ماریا فەلاحی ٥- شیوا عەبدولمەلەکەی ٦- هیوا عەبدولمەلەکی ٧- زەینەب جاجیان ٨- فاتمە خادمی ٩- زیبا ئومێدی فەر ١٠- فاتمە ڕۆستەمی بانە؛ ١-گەلاوێژ خاکپوور ٢- سومەیە کەتابی ٣- ڕۆیا دەوڵەتی ٤- ڕۆژین دەوڵەتی ٥- شەرمین عەبوڵڵاپەنا ٦- ستارە عەزیزی ٧- ناهید محەممەدی مەریوان؛ ١-ئەوین ڕاسی ٢- ژیلا هەژبری ٣- مەرزیە حوسێنی بیجاڕ؛ لەیلا عەباسی ٢- ملیکا کاوەندی ٣- زیبا قەلیج خانی کامێران؛ ١- لەیلا قڵوزی ٢- توران ڕەحمانی سەوڵاوا؛ ١- پەروا حوسێنی ٢- شنیا حوسێنی دیواندەرە؛ ١- ئەسرا بەیگ محەممەدی پارێزگای ئورمیە؛ ٢٨ حاڵەت تیکاب؛ ١-لەیلا حەمامی ٢- زارا عەزیمی - ڕۆیا شەهبازی ٤- ئیلهام شوعاعی ٥- ئایدا موختاری ٦- نگین تەهماسبی پیرانشار؛ ١- شیرین موستەفا نەژاد ٢- سنوور قادری ٣- مەعسوومە هوژەبری ٤- مەهوەش تەوسلی ٥- زەینەب باتوتە ٦- ئامنە دەرویژە مەهاباد؛ ١- شیلان پوور ئەمینی ٢- نیگار عەبوڵڵازادە ٣- شیما سەیدە ٤- زارا نەبی زادە بۆکان؛ ١- سەروین حەیدەری ٢- هانیە عەزیزی ٣- سەیران هۆرمزی شنۆ؛ ١- ژاڵە ئیبن عەباسی ٣- شیما ئیبن عەباسی ٣- مەهناز ڕەزایی ئورمیە؛ ١-کەوسەر کەوسەر نیا (خەڵکی مەهاباد) ٢- باوان لوتفی (خەڵکی مەهاباد) ٣- سەمانە فەتحی ساین قەڵا؛ لەیلا مەحموودی کۆتۆل؛ ١-نیگار هادی زادە نەغەدە؛ ١- سەروەر ڕەفیعی پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت کرماشان؛ ١-شەکیبا هۆشیار ٢- ئەندێشە جەلالی ٣- مەهشید موشەعشەعی ٤- ئایدا موراد بەیگی ٥- کیمیا جەمشیدی ٦- سومەیە عەبدولتاجدینی ٧- سارا ڕەشیدی ٨- ڕۆژین کەریمی ٩- فاتمە حەیدەریان ١٠- حوسنا حەیدەری پاوە؛ ١-گلارە مورادی ٢- سۆما نەقشبەندی ٣- ئەنیسا مەقسوودی ٤- ئایدا دەرویشی ٥-نگین ڕۆستەم ڕاد ٦- نگین مەحموودی جوانڕۆ؛ ١-کیمیا عەلیمورادی ٢- سندوس یەعقوبی ٢- هێرۆ نووری ٤- ئێلینا ڕەنجبەر ٥- ڕەها سەبووری ٦- سارا کەرەمی ڕەوانسەر؛ ١- نەرگس محەممەدی ٢- ماریا موزەفەری سەحنە: ١- فائزە ڕەعنایی پارێزگای ئیلام؛ ٢١ حاڵەت ئیلام؛ -ئیلاهە موئمنی ٢- نیلوفەر قازی ٣- سارا شێردڵ ٤- مۆنا مەروەتی ٥- کەژاڵ وەتەنپور (خەڵکی گیڵان) ٦- نەرگس میرزا ئەمیرجانی ٧- پەریسا فەریادیان ٨- سوهەیلا زیبایی ٩- مەهشید خانی ١٠- تەیبە مورشەدی ١١- نیگار داوودی ١٢- نازەنین جەماڵوەندی ١٣- فاتمە بەرزەردی دێهلۆڕان؛ ١- مریەم چامە ٢- فاتمە بەیگپوور ٣- گوڵناز بەیگپوور ٤- زەینەباوەیر ٦- سەکینە عەلیڕەزایی ئابدانان؛ ١- شەیما بەیرانوند ٢- سۆنیا شەریفی مەلەکشایی؛ ١- فەریبا باقری شارەکانی دیکەی ئێران؛ ١٨ حاڵەت ١-موژگان کاووسی (لە نۆشهر) ٢- بەهار ئەسڵانی (لە تاران) ٣- ڕۆژان محەممەدی (لە تاران) ٤- زارا عەلەمداری (لە تاران) ٥- هێلیا بەرخی (لە تاران) ٦- نازیلا مەعروفیان (لە تاران) ٧- غەزەڵ مەعسوم شاهی (لە تاران) ٨- گەشین سەعیدی (لە تاران) ٩- ئازادە کەرەمی (لە تاران) ١- موحەدیسە مەردانی (لە شیروان) ١١- ڕۆژین یوسف زادە (لە تاران) ١٢- نەسیم مەردۆخی (لە تاران) ١٣- مەنیژە عەزیزی (لە تاران) ١٤- هێرۆ شێخولسەلامی (لە تاران) ١٥- مەرجان داوودی (لە تاران) ١٦- ئیلهام مودەڕەسی (لە کەرەج) ١٧- مەهسا قوربانی (لە تاران) ١٨- مەریەم موئمنی (لە کەرەج)
درەو: هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا ساڵانە (156) هێلكە دەخوات، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 520 هەزار) هێلكە دەخورێت، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی (ملیارێك) هێلكەیە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان رۆژانە (14) هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دێنێت، (7) هەزار كارتۆنی هەناردە دەكات و (7) هەزار كارتۆنی بۆ پێداویستی ناوخۆیی. پێویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژانە (7) هەزار كارتۆن هێلكەیە، هەركارتۆنێك (12) تەبەقەو هەر تەبەقێك (30) هێكەیە واتا رۆژانە بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ( 5 ملیۆن و 884 هەزارو 23) كەسە، واتا هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە (2 ملیۆن و 520 هەزار) هێلكە، مانگانە ( 75 ملیۆن و 600 هەزار) هێلكە، ساڵانە دەكاتە (919 ملیۆن و 800 هەزار) هێلكە، واتا هەرتاكێكی هەرێم ساڵانە ( 156) هێڵكە دەخوات.
ئارام جەمال/پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن له نوێترین ئەو راپرسییانەی کۆمپانیاکانی تورکیا ئەنجامیدەدەن ئەوە دەردەخەن کە رێژەی دەنگەکانی هەردوو حزبەکەی ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی (هاوپەیمانی کۆماری فەرمانڕەوا) رووە و دابەزینە و لە بەرامبەریشدا رێژەی دەنگەکانی حزبەکەی مەراڵ ئاکشنەر (پارتی باش -IYI P) بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هەتا هەڵبژاردنی (مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣)ی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا نزیکتر بێتەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی باش لەسەر حسابی هەردوو حزبە راستڕەوە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکەی فەرمانڕەوا بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچێت. پارتی باش حزبێکی تازەیە و لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2017)دا لە منداڵدانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپەوە هاتۆتەدەرو ئەم دۆخی گەورەبوونە بەردەوامەی پارتی پێگەکەی لە ناو حزبەکانی مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆندا بەهێز کردووە و قسەی ئەوی زاڵکردووە بەوەی کە رێگربێت لە چوونی (پارتی هەدەپە-(HADAP بۆ نێو هاوپەیمانێتییە تازەکەی مێزی شەشینە، کە ئەمەش بە سەرچاوەی خاڵی لاوازی بەرەی شەشینە دادەنرێت، چونکە هەدەپە رێژەی (10%)ی دەنگدەرانی تورکیا و باکوری کوردستانی لەگەڵدایە و هێزی یەکلاکەرەوەیە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا. کەواتە ئەگەر ئەردۆگان نەتوانێت لە ژێر عەباکەی باخچەلی نەتەوەپەرستدا دەربچێت بۆ ئەوەی هەدەپە لە خۆی نزیکبکاتەوە ئەوا کەمال کلیچدار ئۆغلۆی سەرۆکی جەهەپەش ناتوانێت لە قسەی مەرال ئاکشنەری راستڕەوی نەتەوەپەرست دەربچێت بۆ ئەوەی هەدەپە بچێتە نێو مێزی شەشینەوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت دواجار کورد ناچار دەبێت و مافی خۆشیەتی کاندیدی تایبەت بە خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەبێت و ئەمەش وادەکات لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هیچکام لە دوو بەرەکە نەتوانن زۆرینەی رەها ببەنەوە و کار دەوەستێتە سەر ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە تەرازووی دوو هاوپەیمانێتییەکەدا روودەدەن!. راپرسییەکان چی دەڵێن؟! بە پێی نوێترین راپرسی، کە کۆمپانیای (Area) لە نێوان رۆژانی (20-25ی كانونی یەکەمی 2022)دا لە (12) شاری تورکیا و باکوری کوردستاندا ئەنجامیداوە، ئەنجامی رێژەی دەنگەکان بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان : 32.7% پارتی گەلی کۆماری (CHP) بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدار ئۆغلو: 26.4% پارتی باش (IYI P) بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشنەر: 14.4% پارتی دیموکراسی گەلان (HDP) بە سەرۆکایەتی سەلاحەددین دەمیرتاش: 9.8% پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی: 7.2% پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (DEVA) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان: 2.4% پارتی ئایندە (GP) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو: 2% پارتی سەرکەوتن (ZP) بە سەرۆکایەتی ئۆمیت ئۆزداغ: 1.8% پارتی رەفاهی نوێ (YRP) بە سەرۆکایەتی فاتیح ئەربەکان: 1.3% پارتەکانی تر: 2.8% لەبەر رۆشنایی ئەو دەنگانەی سەرەوە، ئەنجامی رێژەی دەنگەکانی دوو هاوپەیمانێتییەکە (هاوپەیمانێتی کۆماریی ئەکەپە و مەهەپە) و (هاوپەیمانێتی میللەتی جەهەپ و پارتی باش) بەم شێوەیە دەبێت: هاوپەیمانێتی کۆماریی: (39.5%) هاوپەیمانێتی گەل: (40.4%) راپرسی سەرۆککۆمار دیارە ئەگەر راپرسییەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری داهاتووی تورکیا بێت، ئەوا چەند گۆڕاوێکی دیکە دێنە پێشەوە، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی ئەنجامی دەنگەکان دەبێت، لەوانەش وەک: - کاندیدی مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆن کێیە لە بەرامبەر ئەردۆغاندا، کە تا ئێستا کاندیدەکەیان دیار نییە. - مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆن پێکهاتوون لە شەش حزبی (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، ئایندە، سەعادەت و دیموکرات)، بەمەش دەنگەکانیان بە رێژەیەک زیاد دەکات ئەگەر هەموویان لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش رێکبکەون. دەرەنجام: یەکەم: رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانێتی کۆماریی رووی لە دابەزینە و دۆخی ئابووری و بەهای لیرەی تورکی زۆر خراپە و ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە لەو پەڕی حاڵەتدا بتوانن رێژەی دەنگەکانیان لە نزمی ئێستادا رابگرن. ئەگەر ریژەی ئەو دەنگانەی سەرەوە بەراورد بکەین بەو دەنگانەی دوو حزبەکەی هاوپەیمانی کۆماری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رابوردودا (24-06-2018) بەدەستیانهێناوە، دەبینین بە دەنگەکانی هەردووکیان بە رێژەی (14.2%) دابەزیوە : - دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە رێژەی (10.3) کەمیکردووە. - دەنگەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) بە رێژەی (3.9%) کەمیکردووە. دووەم: رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانێتی میللەت رووی لە بەرزبوونەوەیە و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابوردوی پەرلەمانی ساڵی (2018) بە هەردووکیان دەنگەکانیان بەڕێژەی (7.7%) بەرزبۆتەوە: - دەنگەکانی پارتی باش (IYI P) بە رێژەی (4.4٪) بەرزبۆتەوە. - دەنگەکانی پارتی گەلی کۆماری (CHP) بە رێژەی (3.3٪) بەرزبۆتەوە. سێهەم: رێژەی دەنگەکانی هەدەپە جۆرێک لە جێگیری تێدایە و هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بارگاوین بە هێڵێکی راستڕەوی نەتەوەپەرست کە دان بە مافی کورددا نانێن و ئەردۆغان دڵنیایە لەوەی کە هەدەپە و هاوپەیمانێتی میللەت لە یەکترەوە دوورن و ئەمەش ئەردۆعان ناچاردەکات نەچێتە ژێر فشاری باغچەلی بۆ داخستنی پارتی هەدەپە و هێرشکردنی زەمینی بۆ سەر رۆژاوای کوردستان لە سوریا.
راپۆرت: درەو تەمەنی دوو مانگە، لەم ماوەیەدا حكومەتی سودانی دوو قەیرانی دارایی بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان دزینی زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری پارەی باج، ئەوەی ئێستاش بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، بەم دۆخەوە حكومەتی سودانی لەناو ململانێی ئەمریكاو ئێراندا چۆن خۆی رادەگرێت ؟ ئایا بەهای دۆلار بەئاسانی دەگەڕێتەوە شوێنەكەی خۆی ؟ 43 ساڵ لەمەوبەر بەهای هەر دینارێكی (سەددام) بەرامبەر (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، ئێستا بەهای هەر دۆلارێك لەبەرامبەر (1550) دیناری (بریمەر)ە، چیرۆكی ململانێی دینارو دۆلار لە عێراقی پێشوو و عێراقی ئێستا لەم راپۆرتەدا. سودانی لەبەردەم دووەم بومەلەرزەدا بازاڕ بەتەواوەتی شێواوە، ئەمڕۆ دۆلار بەرزبونەوەیەكی نوێی تۆماركرد، بەهای (100 دۆلار) گەیشتە (160 هەزار) دیناری عێراقیو پێشبینی دەكرێت بۆ (200 هەزار) دینار بەرزببێتەوە. دۆلار لە بازاڕدا نرخەكەی لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، بەڵام لە بانكی ناوەندی عێراق نرخەكەی جێگیرەو لەدواین بەیاننامەدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، بانكی ناوەندی دەڵێ نرخی هەر دۆلارێك بۆ قەواڵەی پەسەندكراو بڕی (1465) دینارەو بەهای هەر دۆلارێكیش بۆ مەبەستی حەواڵە بڕی (1470) دینارە. بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدا رویدا، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق، پێشبینی ئەوە دەكرا بەهای دۆلار كەمبكرێتەوەو بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 هەزار) دیناری عێراقی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق قۆناغی مەترسیداری داتەپینی داهاتەكانی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت تێپەڕاندو ئێستا سەرڕێژی داهاتی هەیە. لە دوای "دزی سەدە"، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار گەورەترین ئاڵنگارییە كە لەماوەی دوو مانگی دەستبەكاربوونیدا روبەڕووی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی دەبێتەوە، حكومەتێك كە دوای نزیكەی ساڵێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێكهێنراو تێدا لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) پشتگوێ خرا. شێواوی بازاڕ سیاسییە یان ئابوری ؟ بازاڕی دراو لە عێراق یەكێكە لەو بوارە ئابورییانەی كە زۆرترین لێڵی تێدایە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانو سیاسەتمەدارانی عێراقیش لەسەر ئەوە هاوڕان ئەم بازاڕە بووەتە هۆی بەهەدەردانی دراوی قورسی عێراقو یەكێك لە دەرگاكانی ئاودیوكردنی پارە دزراوەكانو ئەو پارانەی كە بە گەندەڵی كۆدەكرێنەوە. چەند هەفتەی رابردوو كە سەرەتای گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەركەوت، شیكارییە سەرەتاییەكان بەوشێوەیە بوون هۆكاری ناوخۆیی لەپشت دابەزینی نرخی دینارەوە بێت، بەدیاریكراویش بابەتی دورخستنەوەی چەند بانكێكی ئەهلی لە مەزادی دراوی بانكی ناوەندی، بەڵام كاتێك قەیرانەكە بەردەوام بوو، بانكی ناوەندی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ئەو بەرزبونەوەی لە نرخی دۆلاردا رویداوە بەهۆی ئەوەیە پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی دروستكراوەو بانكەكان دەبێت لەڕێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە داواكاری كڕیارەكانیان بەرزبكەنەوە. لەدواین راگەیەندراودا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، بانكی ناوەندی عێراق دەڵێ" نرخی دراوی بیانی چەند رۆژێكە لەژێر پەستانێكی كاتیدایەو ئەم پەستانە بەهۆی پاڵنەری ناوخۆیو دەرەكییەوە دروستبووە". ئەوەی تائێستا لەبارەی هۆكاری (دەرەكی) سەبارەت بە شێواوی دۆخی بازاڕەكانی عێراق باسی لێوە دەكرێت، چەند رێوشوێنێكی بانكی فیدراڵی ئەمریكایە بۆ رێگەگرتن لە رۆشتنی دۆلار بۆ ئێران لەرێگەی عێراقەوە. پێشبینی دەكرێت واشنتۆن لیستێكی نوێی سزادان دەربكاتو ئەمجارە نەك تەنیا بانكەكان، بلۆككردنی پارەی ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی لە ئەوروپاو وڵاتانی ناوچەكە لەخۆبگرێت، ئەمەش بەهۆی رۆشتنی بڕێكی زۆری دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران. رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە ژمارەی ئەمڕۆدا لەزاری چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی عێراقییەوە ئاماژەی بەوەكردووە، چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كردووە دەست بە دانوستان بكات لەگەڵ ئەمریكا بەمەبەستی هەمواركردنی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێك فڕینی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئەمریكا لە عێراق قەدەغە بكرێتو هێزەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی لە عێراق بكرێنە دەرەوە، تەنانەت بەو بنكانەشەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەیانە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەنو ئەوان كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان داناوە، پێیان دەوترێت بەرە ئێرانییەكەو پێكدێن لە (هادی عامری+ نوری مالیكی+ فالح فەیاز+ خەزعەلی+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی)، ئەم لایەنانە كە لەدوای دورخستنەوەی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی هەڕەشەكانیان بۆسەر ئەمریكا راگرت، چەند رۆژێكەو هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی، هەڕەشەو لێدوانە توندەكانیان دژی ئەمریكا دەستپێكردوەتەوەو بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا دەخەنە ئەستۆی ئەمریكاوە. سەرچاوەكان دەڵێن، محەمەد شیاع سودانی بەمدواییە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە ئاماژەی بەوەی پێگەیشتتووە كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق بەهێزتر بكەن، بەڵام هەر هەنگاوێك بەم ئاڕاستەیە سودانی توشی روبەڕووبونەوەی سەخت دەكات لەگەڵ ئەو هێزە شیعانەی كە دژایەتی بوونی سەربازی ئەمریكا دەكەن لەناو عێراقدا، هاوكات ئەو بیرۆكانەی كە لایەنە شیعەكان پێشنیازی دەكەن لەگەڵ پلانی سودانی ناگونجێت سەبارەت بە راگرتنی باڵانسی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكاو ئێراندا. هەندێك سەرچاوەی تر لەناو شیعەكانەوە باسلەوە دەكەن، خاتوو ئیلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد لەماوەی دوو مانگدا (7) جار سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كردووەو لەو ماوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران (9) كۆبونەوەی كردووە، هەندێك لایەنی نزیك لە ئێران نیگەرانن لەم نزیكبونەوەی ئەمریكا لە سودانیو پێیانوایە ئەمە هەژموونی ئێران لاواز دەكات. دەوترێت لەو سەردانانەدا بۆلای سودانی، خاتوونی باڵیۆزی جەختی لەسەر ئەوە كردووە رێگری بكرێت لەوەی گروپە چەكدارەكان دەست بەسەر دامەزراوە داراییو نەوتییو ئەمنییەكانی عێراقدا بگرن. مستەفا سەنەد كە پەرلەمانتارێكی نزیكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەڵێ" ساڵی 2021 حكومەتێكی دۆستی ئەمریكا (مەبەستی حكومەتی مستەفا كازمییە) بەهای دۆلاری بەرزكردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە رۆشتنی دۆلار بكات بۆ توركیاو ئێرانو لوبنانو سوریا بەمەبەستی سزادانیان، بەڵام ئەوەی ئەمجارە بەتەواوەتی جیاوازە، چونكە راستەوخۆ بەبێ نێوەندگیر بەهۆی ئەمریكاوەیەو ئامانج لێی رێگریكردنە لە هاتنی دۆلار بۆ عێراق، بۆ ئەوەی سزایەكی سوكی بداتو سەرەتای ساڵی 2023 لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەمریكا چاوەڕێی عێراق دەكات بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەك لەوانە دۆسیەی ئێرانو ئایندەی هێزەكانی ئەمریكاو رێككەوتنە ئەمنییەكان". چارەسەر دەبێت ؟ رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، بانكی ناوەندی عێراق لە یەكەم هەنگاودا بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دراو لە بازاڕدا، سێ بانكی حكومی راسپارد بۆ ئەوەی دۆلار بۆ هاوڵاتیان دابین بكەنو بڕی خستنەڕووی دراوی بیانی لە بازاڕدا زیاتر بكەن. ئەو سێ بانكەی كە راسپێردران بەوەی دراوی بیانی بۆ خەڵك فەراهەم بكەن بریتی بوون لە هەریەكە لە بانكەكانی (رەشید- رافیدەین- پیشەسازیی)، دابینكردنی دراوی بیانی لەم بانكانە بۆ مەبەستی گەشتیاریو خوێندنو دەرمانو بوارەكانی تری پێویستی رۆژانەی خەڵكە بە هەمان نرخی فەرمی، نەك بە نرخی فڕیوی دۆلار لە بازاڕدا. بەپێی ئەوەی بڕیاری لێدراوە، هەڵگرانی (ماستەر كارت)و (ڤیزا كارت) ئەوانەی كە حسابیان لەو سێ بانكە هەیە دەتوانن تاوەكو بڕی (10 هەزار) دۆلار بە نرخی (1470) دینار وەربگرن ئەمە تەنیا بۆ خەڵكە، بۆ ئەوانەشی دەیانەوێت گەشت بكەن، ئەو سێ بانكە بڕی هەر دۆلارێكیان بە (1465) دینار پێدەفرۆشن. رێوشوێنەكەی بانكی ناوەندی عێراق بۆ كەمكردنەوەی فشاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەجۆرێكە ئەوانەشی كە حسابی بانكییان نییە یاخود كارتی هیچ بانكێكیان نییە لەو سێ بانكەی دیاریكراوە، دەتوانن حسابێك بكەنەوەو كارت دەربكەنو دواتر تاوەكو بڕی (10 هەزار) دۆلار بەنرخی فەرمی وەربگرن. سەرباری ئەم رێوشوێنانەی بانكی ناوەندی، هێشتا هەندێك لە چاودێرانی دۆخی ئابوریو بازاڕ پێیانوایە ناسەقامگیری نرخی دراو تاوەكو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت، چونكە بەبۆچونی ئەمانە دروستبوونەوەی باڵانس لەنێوان خواستو خستنەڕووی دراو لە بازاڕەكانی ناوخۆ ماوەی چەند هەفتەیەكی پێویستە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێستا وڵات لە پشووی سەری ساڵی نوێدایەو حساباتی ساڵی 2022 داخراوە، ئەمە وادەكات بانكی ناوەندی نەتوانێت لەم رۆژانەدا بڕێكی زیاتری دۆلار بخاتە بازاڕەكانەوەو قەیرانەكە تا ساڵی نوێ بەردەوام بێت. هەندێك لەمە زیاتر دەڕۆنو پێیانوایە قەیرانەكە لەوەی كە هەیە گەورەترەو رەهەندێكی جیهانی هەیەو بە دیاریكراوی پەیوەندی بە سیاسەتی نوێی ئەمریكاوە هەیە بەرامبەر بە ئێران، ئەوانەی باوەڕیان بەم بۆچونە هەیە، پێیانوایە لە كۆتایدا داڕمانی بەهای دینار كۆتایی بە حكومەتی سودانی دەهێنێت كە حكومەتێكی ئێرانییەو دۆستەكانی ئەمریكاش تێدا بەشدارن. بژاردەی تر لەبەردەم حكومەتی عێراقدا هەیە بۆ گەڕاندنەوەی باڵانس بۆ ئاستی خستنەڕوو و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا، ئەویش ئەوەیە حكومەت بەو یەدەگەی دراوی بیانی كە هەیەتی، پاڵپشتی لە بەهای دینار بكاتو نەهێڵێت بەتەواوەتی لەبەردەم دۆلاردا توشی داڕمان ببێت. مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ" یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عێراق كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا دانراوە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، عێراق ناتوانێت مامەڵە بەم ژمارە زۆرەوە بكاتو ئەمریكا مانگانە تەنیا رێگە بە هاتنی پێنج بار پارە دەدات بۆ ناو عێراقەوە". نەبیل مەرسومی كە مامۆستای ئابورییە لە زانكۆی بەسرە دەڵێ" ئەوەی نرخی دۆلار گەیشتوەتە بەرزترین ئاست، بەواتای ئەوە دێت بانكی ناوەندی عێراق ناتوانێت یەدەگی نەختینەی خۆی بەكاربهێنێت بۆ بەرگریكردن لە بەهای دینارو كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان نرخی فەرمیو ئەو نرخەی لە بازاڕدا هەیە كە ئێستا جیاوازی نێوان هەردوو نرخەكە زیاتر لە 6%ە". لەم نێوەندەدا ئەوەی لەناوەندی سیاسی عێراق ئێستا قسەو باسی لەسەر دەكرێت ئەوەیە، حكومەتی محەمەد سودانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستای نرخی دۆلار قوربانی بە (مستەفا غالب) پارێزگاری بانكی ناوەندی بداتو لە پۆستەكەی دوریبخاتەوە. دۆلاری ئەمریكاو دیناری بریمەر ! لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو. ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتە دەست بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو. سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیتو كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەنو دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشتو لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو. لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرتو دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا. دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامی لە عێراقو دیناری سویسری لە كوردستان هێناو دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێتو پێی دەڵێن "دیناری بریمەر". ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (1146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (1166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (1820) دینار. دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوتو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد. حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (1460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران. عێراق وڵاتێكی رەیعیە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارەو ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوەو زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت. چارەسەركردنی پرسی كورتهێنانی داهاتی نەوت بە دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا هەر لەسەرەتاوە وەكو بۆمبێك تەماشا دەكرا كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بتەقێتەوە، كابینەیەك كە سەرباری ئەوەی هێشتا رەزامەندی تەواوەتی ئەمریكای وەكو دەسەڵاتی باڵای ئابوری جیهانی وەرنەگرتووە، لەناوخۆشدا بۆمبێكی تەوقیتكراو (سەدرییەكان) لەژێری پێیدا دانراوەو دەكرێت لە هەر ساتێكدا پێیدا بتەقێتەوە.