حوکمڕانیی باش
2023-06-11 12:05:50
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ئەگەر واز لەوە بهێنین هەموو کاپیتالیزم لە رەگوڕیشەوە دەربهێنین و سەرلەبەری بگۆڕین و لە شوێنەکەیدا جیهانێکی تەواو تازە دروستبکەین، یان ئەگەر واز لەوە بهێنین، وەک هەندێک لە فۆرمی ئینشایەکی سادەدا سەدبارە و هەزاربارەی دەکەنەوە، کە «سیستم» بگۆڕین و لە شوێنەکەیدا شتێکی تەواو تازە دروستبکەین، گەر واز لەو پرۆژانەش بهێنین کە دەیانەوێت خودا لەڕێگای ئەوانە حوکمڕانی بکات و «حاکمەیتی خودا» شوێنی حاکمیەتی کۆمەڵگا» بگرێتەوە. دەڵێم گەر واز لەم تێزە ئینشایی و نامێژوویی و فوتێکراوانە بهێنین و بەهێمنی لەخۆمان بپرسین داخۆ لەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستای کۆمەڵگای ئێمەو کۆمەڵگا دراوسێکانماندا، چیمان پێویستەو دەبێت چیبکرێت بۆ ئەوەی سیستمێکی سیاسیی دروستبکرێت توانای ژیانی هەبێت و نەبێت بە بارو هەڕەشە بەسەر خەڵک و کۆمەڵگاوە؟
لە وەڵامی پرسیارێکی لەو بابەتهدا دەکرێت پێ لەسەر دامەزاراندنی ئەو شێوازە لە حوکمڕانیی دابگرین کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا ناوی «حوکمڕانیکردنی باش»ی لێنراوەو لە هیچ شوێنێکی ئەو ناوچەیەدا بوونی نییە کە ناوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی، لێنراوە.«بونیادنان و دروستکردنی «حوکمڕانی باش» سەر بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیای دیاریکراو نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پرنسیپ ئاڕاستەی دەکات کە دەشێت هەندێکیان لەناو ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسیدا ئامادەبێت.». بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ دروستکردنی «حوکمڕانی باش» لەم ناوچەیەدا پێویستی بە ژێرەوژوورکردنەوەی کۆی ئەو سیستمە سیاسییانەیە کە لەئێساتادا لەناوچەکەدا هەن و کاردەکەن. بە کورتییەکەی، مەسەلەی دابینکردنی پێداویستییە مادیی و دەزگایی و ئەخلاقیی و سایکۆلۆژیی و فەرهنەگییەکەی ئەوەی پێی دەڵێن «حوکمڕانی باش» کارێکی سادە نییەو پێویستی بە کۆششی گەورەو بە هەوڵی بەردەوامیی زیاد لە هێزی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایانە هەیە. جۆرێک لە «بلۆکی مێژوویی» پێویستە کە توانای بەرزکردنەوەی ئەم تەحەدا سیاسییە گەورەیە هەبێت.
دەکرێت لێردا پێ لەسەر کۆمەڵێک لەو رەهەندو پرنسیپە گرنگانە داگرین کە دەچنە ژێر چەتری «حوکمڕانیی باش»ەوە.
یەکەم: بوونی روونیی و شەفافیەتێکی تەواو لەشێوازی بڕیاردان لەسەر مەسەلە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کاریگەریی لەسەر ژیانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە بەجێدەهێڵن. ئەو بڕیارانەی دەرەنجامەکانیان بەر ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ دەکەوێت و هەندیکجاریش کاریگەریی لەسەر ئەوانەش بەجێدەهێڵێت کە هێشتا لەدایکنەبوون. ئەم جۆرە بڕیارانە نابێت بەبێ بەشداریی کۆمەڵایەتیی و لێپرسینەوەی یاسایی و دەزگایی بدرێن و نابێت بخرێنە ژێردەستی کەمینەیەکی دەسەڵاتدارای بچوکەوە کە میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوەو بەرپرسیارکردنیان لە ئارادا نەبێت.
دووهەم: ئامادەگیی یاساو ئامادەگیی حوکمکردن بە یاسا لە پەیوەندیدا بە کۆی دانیشتوان و هەموو ئەوانەوە لە جوگرافیایەکی سیاسیی دیاریکراودا بەیەکەوە دەژین. یاسا لێرەدا حوکمڕانان دروستیناکەن بۆ ئەوەی بەسەر رەعیەتەکانیاندا پیادەی بکەن، بەڵکو بە پلەی یەکەم رووی لە خودی حوکمڕانەکان خۆیانە. پەیوەندیی یاسایی پەیوەندیی ئاغاو رەعیەت نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان کەسانی یەکسانن لەبەردەم ئەو یاسایانەدا. یاسا تەعبیر لە «ئیرادەیەکی گشتیی» دەکات کە رووی لە گشتێتی کۆمەڵگایە، نەک ئامرازێک بەدەست ئەم یان ئەو هێزو بەشی کۆمەڵگاوە، بەتەنها.
سێهەم: دەستەبەرکردنی مافەکانی تاکەکەس و پاراستنییان بە یاسا، هەم لە پەیوەندیی کەسەکاندا لەگەڵ یەکتریدا، هەم لە پەیوەندیداندا بە حوکمڕانان و دەزگاکانی دەوڵەتەوە. مامەڵەکردنی ئەم مافانە وەک بەشێک لەو موقەدەسە نوێیانەی کە کۆمەڵگایەکی تەندروست لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستی پێیەتی. ئەمەش مانای مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک هاوڵاتییەکی ئازادو بەرپرسیار، وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت، نەک وەک رەعیەتێکی کۆمەڵایەتیی و دینیی و سیاسیی.
چوارهەم: دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی داهاتی نەتەوەیی و مامەڵەکردنی ئەم دادپەروەرەکارییە وەک بەشێک لە مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤ. ئەمەش پێویستی بە ڕێگەگرتنی بەردەوام لە گەندەڵیکردن و جەردەیی ئابوریی و دزینی سیستماتیک و ریکخراو، هەیە. هەموو ئەمانەش وەک بەشێک لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو و لەبار بۆ دەستەبەرکردنی گەشەکردنی ئابوریی و بەگژاچوونەوەی بێکاریی و ریشەکێشکردنی هەژاریی. هاوکات رێگرتن لە کۆبوونەوەی ئەو داهاتە لە دەستی نوخبەیەکی بچوکداو بێەشکردنی زۆرینەی کۆمەڵایەتی لێی.
پێنجەم: گرنگیدانی سەرەکیی و هەمەلایەن بە ژینگەو پاراستن و زیندووڕاگرتنی ئەو ژینگە هاوبەشەی مرۆڤەکان و زیندەورەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ڕێگرتن لە هەر پلان و سیاسەت و ستراتیژێک بکرێت زیانی هەمیشەیی بێ چارەسەر، بە سروشت بگەیەنێت. بە مانایەکی دیکە بەخشینی ئەولەویەت بە ژینگە، نەک بە دەسکەوت و داهاتی ئابوریی و مادیی بەتەنها.
شەشەم: دروستکردن و پاڵپشتیکردنی بەردەوامی ئەو ئۆرگان و ڕێکخراوانەی ئاکارێکی دیموکراسیانەیان هەیەو دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی راستەقینە، ئامانجیانە. وێناکردنی ئەمەش وەک بەشێکی گرنگ و سەرەکیی دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگاداو رێگەگرتن لەوەی لە دەستی گروپێکی بچووکدا، یان لە دەستی دەوڵەتدا بەتەنها کۆببێتەوە. خۆڕزگارکردن لەوەی کە دەوڵەت و حوکمڕانان تاکە سەرچاوەی بڕیارو داڕشتنی پلانە سەرەکیی و گشتییەکانی کۆمەڵگا بن.
حەوتەم: تێگەیشتن لە دەسەڵات وەک ئەرک، ئەرکێکی پر لە بەرپرسیاریەت، گەمارۆدراو بە یاساو دەزگاو توانای لێپرسینەوەو بەرپرسیارکردن، وێناکردنی وەک دەربڕی خواست و ویستی گشتی کۆمەڵگا، نەک وەک موڵکی شەخسیی ئەم یان ئەو هێزو نوخبەو بنەماڵەی سیاسیی، یان وەک ئیمتیازێکی ئەبەدی بۆ گروپێکی دیاریکراو. ڕێگرتنیش لەوەی دەسەڵات ببێت بە ئامرازی سەپاندنی خواست و ویست و زەوق و حەزی ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیی، ئەم خێزان و بنەماڵە یان ئەویتریان، بەسەر هەموواندا. بە کورتییەکەی مارەکردنی دەسەڵات لە بەرپرسیارێتیی و گەمارۆدانی بەردەوامی بە چەندەها خانەو دەزگاو یاساو میکانیزمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە، ڕێگەگرتن لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی شەخسیی و نوخبەویی و خێزانیی دەرەوەی هەر ئەگەرو توانایەک بۆ لێپرسینەوە. واتە نەهێڵدرێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بتوانێت ئیهانەی کۆمەڵگا بکات و مرۆڤەکان زەلیل بکات.
هەشتەم: پاراستنی ئەو بڕە پێویستە لە «دەسەڵاتی ئەخلاقیی» کە ڕێگری لەوە دەکات شێوازی حوکمڕانیکردنەکان بگۆڕێن بۆ حوکمڕانی چەتەو شەقاوەو بەڵتەجییەکان، سوکایەتی بە مرۆڤ و بە کەرامەتی بکەن. واتە دانەبڕانی حوکمڕانیی لەو لانیکەمەی ئەخلاق کە جیایدەکاتەوە لە حوکمڕانییەکی مافیایی و جەردەیی نایاسایی، لە دەسەڵاتگەرییەکی نابەرپرسیارو توندوتیژ. گرنگی ئەم رەهەندە ئەخلاقییە لەوەشدایە دەتوانێت وابکات خەڵک پارێزگاریی لەو لانیکەمەی متمانەکردن بکەن کە هەموو حوکمڕانییەک پێویستی پێیەتی. لە دەستدانی ئەو لانی کەمە لە متمانە، هەمووو باوەڕپێکردن و ئینتیمایەک لای ئەندامانی کۆمەلگا دەسڕێتەوەو دیوارێکی ئەستور لەنێوان خەڵک و حوکمڕانیەکەدا دروستدەکات.
نۆهەم: بەگژاچونەوەی فۆرمە جیاوازییەکانی زوڵمی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و دینیی و جێندەریی، ڕێگرتن لە هەژاریی، بەگژاچوونەوەی توندوتیژیی و دوورکەوتنەوە لە جەنگ و پێکدادان و پەنابردن بۆ چەک. دروستکردنی چوارچێوەیەکی هێمن و یاسایی بۆ ململانێی کۆمەڵایەتیی.
دەهەم: پاراستنی ئەو بڕە پێویسته لە هیواو ئەو لانیکەمە لە ئومێد کە وادەکات خەڵک ئەو شوێنەی تیایدا دەژین، وەک نیشتیمانی خۆیان وێنابکەن و ئامادەنەبن بەهەر نرخێک بووە لێی هەڵبێن. بەخشینی متمانەو توانای خەونبینین بەهەر منداڵێک لەو کۆمەڵگایەدا لەدایکدەبێت، بەوەی ببێتە بەو کەسەی کە خەونی پێوەدەبینێت و لابردنی هەموو جۆرە قۆرخکردنێک لەسەر خەونبینین و ئومێدێک بکرێت لەو کۆمەڵگایەدا دروستببن.
کۆی ئەم خاڵانە دەتوانن رەوایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بەو سیستمە حوکمڕانییانە ببەخشن کە لە کۆمەڵگاکانی دونیای ئەمڕۆدا، دروستدەبن. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی حوکمڕانیی لە هەرێمەکەی ئێمەدا، دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەو ئەنجامگیرییە بکەین کە هیچ یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە بوونیان نییەو هیچ یەکێکیان بەشێک نین لە تەکنیکەکانی حوکمڕانیکردن لە هەرێمدا. بەڵکو پێچەوانەکانیان لەئارادابن و کاربکەن. ئەمەش وادەکات ئەوەی لەم هەرێمەدا سەروەرکراوە نەکرێت ریفۆرم بکرێت. ئەوەی پێویستە رووبدات هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە.