Draw Media

چارەنووسی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان ؟

چارەنووسی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان ؟

2023-06-12 14:44:34


شیكاری: درەو

فراكسیۆنە كوردستانیەكان سەركەوتوو نەبوون لە جێگیركردنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (18) ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانە، تا (2026)چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە نادیاری دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێم بە بڕیار وەكو قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژماریكردووەو پابەندیەكەشی خستووەتە ئەستۆی بەغداد.


دیزە بە دەرخۆنەکردنی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم

ئەگەر وەزیری دارایی لە حوزەیرانی 2022 وەزیری دارایی رایگەیاند  بە بڕیار پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خراوەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام چەند جارێک مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بۆنەو کارتی جیاوازدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە " پاشەكەوتی موچە، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق"، دواین جارێش مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی وتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر رۆژی (30/5/2023) ڕایەگەیاند؛ "بابەتی پاشەكەوتی موچە زۆر جار من دیتم ڕۆژانە دێتە باسكردن، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی موچە بەغدا بووە، حكومەتی هەرێم نەبووە، بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیوە، ناچار بوون هەندێك پارەیان قەرز كردووە، یان چەندین جاریش نەیانتوانیوە موچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە هەموو موچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە ڕەنگە مانگێك دوا كەوتبین، بەڵام هەموو موچەی خۆمان داوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو پاشەكەوتی موچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی موچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، ڕاستە هەموو خەڵك و ئێمە هەموو وا دەڵێین و حكومەتیش وا دەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لە حكومەتی عێراق بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكو ئەو پاشەكەوتی موچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر ئەو پارەیە لە هەرێمی كوردستانیش بێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن ئێمە حەز ناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاوڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هەر شتێكمان كردبێت كە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی دەستەبەر بكەین. بەڵام لێرەش دیسان جارێكی دیكە دەڵێمەوە كە دروستكردنی كارگە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە خەڵكی دیكە نەبێت."
ماوەیەکی زۆریشە لایەنە سیاسییە کوردییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەوە بە گوێی موچەخۆرانی هەرێمدا دەدەن کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جێگیرکردنی دەقێک لە چوارچێوەی یاسای بودجە.
ئەگەرچی کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە بۆ جێگێرکردنی دەقێکی یاسایی لە لیژنەی دارایی عێراق بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تەرخان نەکردنی بوجەی پێویست بۆ گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، وایکرد هەر زوو بەشێکی زۆر لە شارەزایان و چاودێران ڕەشبین بن بەرامبەر بەو دەقەی کە لە پرۆژە یاساکەدا ئاماژەی پێدرابوو لە ماددەی (14) بڕگەی (دوانزەیەم)دا هاتبوو؛ "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە".
بەڵام لە (9/6/2023) لە گەرمەی دانیشتنەکاندا، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ "لەکۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و کوتلە سیاسییەکان بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت لە پرۆژە یاسای بوجەی 2023 و 2024 و 2025 لابرا". دواتریش هەر وابوو، داوای دەنگدان لە سەر ماددەکە دەرکەوت کە ئەو بڕگەیە لادراوە. وەک نوسراوەکەدا دیارە.

 

دەقی بڕگە لادراوەکە لە پرۆژە یاساکەدا

بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان وایان دەرخست کە ئەو پرسە لە بڕگەیەکی نوێدا جێگا دەکەنەوە، هەر واشیان کرد، بڕگەکەش بەم شێوەیە بووە؛
* بڕگەیەكی نوێ: (ماددە 2/ یەکەم/5/ د)
د. "زیادكردن بۆ ئەوەی لە بڕگەی (ب)لەسەرەوە هاتووە، لەوەی پەیوەستە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، تەواوی یاخود بەشێك لەرێژەی (30%) بەدەستهاتوو لە جیاوازی زیادەی نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی پشكی هەرێم كە هەناردە دەكرێت یاخود دەنێرێت بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ، بدرێت بە شایستەی فەرمانبەران كە لەئەنجامی (پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە) لێیان بڕدراوە، بگێڕێتەوە بۆ مووچەكانیان بە رێژەی (12%) تا كاتی گێڕانەوەی تەواوەتی هەموو پارەكانیان، لە ساڵی (2015)بەدواوە". بەڵام هەمان ئەم بڕگەیەش دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناو رەتکرایەوە.

 

ئێستا ئەو ڕاستییەش بەدیارکەوت حکومەتی عێراق بە پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) هیچ بەرپرسیارێتییەکی گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی موچە خۆرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت و حکومەتی هەرێمیش هیچ ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ ئەوە مەبەستە، بۆیە چارەنوسی زیاتر (18 ترلیۆن) دیناری موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە

قەبارەی پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم
یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت.
ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە.
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).

خشتەی ژمارە (1)

سەبارەت بە قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەکی حکومەتی هەرێم بریتین لە؛
1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە.
لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم.
2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا.
هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار
•    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛
(10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).


خشتەی ژمارە (2)


بە بەسەندكردنی پرۆژە یسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی (2023،2024،2025) واتا بۆ سێ ساڵی دیكەی داهاتوو چارەنووسی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بە پێی ئەو شایستە داراییانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیركراوە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ پاشەكەوتی موچە دیاری نەكراوەو حكومەتی هرەێمیش نەك نیەتی دانەوەی پاشەكەوتی نیە، بەڵكو پاشەكەوتەكەی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، واتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت چاوەڕێ بكەن ئایا پەرلەمانتارانی كورد دەتوانن لە پرۆژە یاسای 2026دا بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆران جێگیر بكەن، یاخود وەك ئێستا رەتدەكرێتەوە.

 

 

سەرچاوە: بڵاوكراوەی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ) یەكێك لە كتێبە چاپكراوەكانی دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023، لاپەڕە (49-57)

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand