Draw Media

گەنمی جوتیارانی هەرێم بە قاچاغ دەبرێتە باشورو ناوەڕاستی عێراق

گەنمی جوتیارانی هەرێم بە قاچاغ دەبرێتە باشورو ناوەڕاستی عێراق

2023-06-13 14:48:05



درەو:
ئێستا جوتیارانی هەرێم تەنیا رێژەی (30%)ی بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت، بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەرتۆنێك و دەبێت لە بازاڕی رەشدا (56%)ی بەرهەمەكانیان بە نرخی (350) هەزار دینار كەمتر بۆ هەر تۆنێك ساغ بكەنەوە، حكومەتی عێراق تەنیا(500) هەزار تۆن لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت لەكاتێكدا بەرهەمی جوتیارانی هەرێم  (ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆنە، بۆیە جوتیاران پەنا دەبەنە بەر كڕینی كارتی (رەسید)ی جوتیارانی تر بۆ ئەوەی  گەنمەكەیان بەنرخی حكومی لێوەربگیرێت، یاخود بەنرخی كەمتر بیفرۆشن و بە قاچاغ بینێرن بۆ سایلۆكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، لەسەردانی بۆلای جوتیارانی دەشتی زرارەتی هەولێر مەسرور بارزانی بە جوتیارانی وت" نابێت جوتیاران خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"
 
جوتیاران نیگەرانن
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئایاری ئەمساڵدا سایلۆكانی هەرێمی بەرووی جوتیاراندا كردەوە تا بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان رادەست بكەن، پاش وەرگرتنی نمونە لە گەنمەكە و دەرچوونی لە پشكنین بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم بە جوتیاران دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (40) ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارەكانی بانكی وەزارەتی بازرگانی تا دوای رادەستكردنی گەنم چەكی پارەكەیان پێبدرێت.
 لەسەرەتادا بڕیاردرا بۆ هەرێمی كوردستان بڕی (375) هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم وەربگیرن، واتە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (150) كیلۆ بۆ (200) كیلۆ گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت بەم شێوەیە:
•    لە پارێزگای هەولێر (120) هەزار تۆن
•    لە پارێزگای دهۆك (113) هەزار تۆن.
•    لە پارێزگای سلێمانی (142) هەزار تۆن.
دیاریكردنی ئەو بڕە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن جوتیارانەوە ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو ئەو بڕە گەنمەیان بە كەمدەزانی و نیگەرانبوون، نوێنەرایەتی جوتیارانی سنوری راپەرین و گەرمیان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدادیان كردو دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە نوێنەرانی كورد.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە 30 ئایاردا رایگەیاند، "پێشتر ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریكرابو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران (375) هەزار تۆن گەنم بووە، دوای ئەوە بەدواداچونمان كرد و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد پێداچونەوە بەو بابەتەدا بكەن".
د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی رایگەیاند"دوای هەوڵێكی زۆر حكومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی لە (375) هەزار تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن زیاد كرد، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو رێژەیە لابەرین و تەواوی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت".
زیادبوونی وەرگرتنی بڕی گەنم لە (375) هەزر تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن كێشەی جوتیارانی چارەسەر نەكردووە و جوتیاران گەنمێكی زۆرتریان بەرهەمهێناوە كە بە (ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن) مەزەندە دەكرێت و ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخێكی هەرزان بیفرۆشنەوە.

 

رەنجی بە باچوو؟
لەكاتی وەرزی چاندنی گەنمدا بۆ هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (40 بۆ 50) كیلۆ گەنم دەچێندرێت، ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەرهەمی گەنم باشبووەو هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (600) كیلۆ بۆ (800) كیلۆ بەرهەمی هەبووە، واتە (40) كیلۆ گەنم لە دۆنمێكدا نزیكەی (600 - 800 ) كیلۆ گەنمی لێبەرهەم هاتووە واتا (یەكو بیستی بڕیوە).
 جوتیارێكی ناوچەی بەرزنجە كە دەشتێكی بەپیتیان هەیە بۆ چاندنی گەنم بە (درەو)ی راگەیاند" بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هەموو ئەو گەنمەی بەرهەمی دەهێنین لێمان وەردەگیرێت، بۆیە زۆرینەی زەوییەكانمان كردووە بە گەنم، بۆ هەر دۆنمێك كە (40) كیلۆ گەنممان چاندبێت (40) كیلۆ كوتی سپی و (40) كیلۆ كوتی بۆرمان پێوەكردووە، ئێستا بڕیارە بۆ هەر دۆنمێك (178) كیلۆ گەنممان لێوەربگیرێت لەكاتێكدا دۆنمێك زیاتر لە (600) كیلۆ گەنمی لێبەرهەمهاتووە، بۆیە ئەو بەشەی تری دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاڕی رەش ساغی بكەینەوەو زیانێكی زۆر دەكەین، چونكە لە سایلۆكان تەنی بە (850) هەزار دینار لێمان وەردەگرن و لە بازاڕی رەشدا بە (500) هەزار دینار، واتا (350) هەزار دیناری فەرقە.


جوتیاران "رەسید" دەكڕنەوە
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) جوتیارێك تەنها بڕی (178) كیلۆ گەنمی لە دۆنمێكدا لێوەردەگیرێت لە كۆی (600) كیلۆ،  واتە زیاتر لە (422) كیلۆ گەنم لە هەر دۆنمێكدا بۆ جوتیارەكە دەمێنێتەوە و دەبێت خۆی ساغی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگا هەیە كە جوتیاران پەنای بۆ دەبەن و گەنمەكەیان ساغ دەكەنەوە:
رێگەی یەكەم:
ئێستا نرخی ئەو گەنمەی كە لە یاسلۆكان حكومەت تۆنی بە (850) هەزار دینار وەری دەگیرێت، لە بازاڕی رەشدا نرخی ئەو تۆنە تەنیا بە (500) هەزار دینارە واتا بە (350) هەزار دینار كەمتر لە نرخی فەرمی دەفرۆشرێتەوە واتا تۆنی (56%)ی  بەهای گەنمی سایلۆكە دەكات و (44%)ی بەهاكەی كەمترەو زیان دەكات.
ئەمەش بە پێی ئەو بەدواداچونانەی (درەو) كە لەگەڵ چەند جوتیارێك كردوویەتی،  لە بری قازانج جوتیاران زیان دەكەن، بەو پێیەی بۆ هەر تۆنێك گەنم دەبێت دوو جۆر (كوت) بۆ بەرهەمەكانیان بەكاربهێنن، كە لەناو جوتیاراندا بە كوتی (سپی) و كوتی (بۆر) ناسراوە:
•     كوتە (سپی) یەكە تۆنی بە (ملیۆنێك) دینارەو ئەمەیان یارمەتی باڵای قەدی گەنمەكە دەدات بۆ ئەوەی بەرزتر بێتەوە.
•     كوتی (بۆر) هەر تۆنێكی بە (ملیۆنێك و 400 هەزار) دینارە و هاوكاری دانی گەنمەكە دەدات تا باشتر بێت.

بۆیە جوتیاران ئەگەر گەنمەكانیان لە سایلۆكان و بە نرخی حكومەت لێیان وەرنەگیرێت و ئەو كێشەیە چارەسەر نەبێت ناچارن، بە (44%)ی كەمتری بەهاكەی لە بازاڕی رەشدا ساغی بكەنەوە، یان دەبێت پەنا بۆ رێگەیەكی دیكە ببەن.

رێگەی دووەم:
هەموو جوتیارێك كارتێكی بۆ كراوە تا گەنمەكەیان رادەستی سایلۆكان بكەن، لەم كارتەدا كە لەناو جوتیاراندا بە كارتی (رەسید) ناسراوە رووبەری زەوییەكەیان بۆ دیاری كراوە، بە پێی ئەو رووبەرە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (178) كیلۆ لە جوتیاران بە نرخی (850) هەزار دینار وەردەگیرێت، هەندێك جوتیار هەیە لە ئەمساڵدا زەوییەكەی نەكردووە بە گەنم، ئەوان كارتەكانیان (رەسید) بەو جوتیارانە دەفرۆشنەوە كە گەنمییان چاندووە زیاتر و نرخی هەر كارتێكی (رەسید) بە بڕی (100) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دەكڕنەوە، ئەمە سەرەڕای كرێی گواستنەوە و جیاوازی نرخ لە سایلۆكاندا بە پێی پشكنینی گەنم و جۆری نمرەی گەنمەكە.
واتا جوتیارێك لە بری ئەوەی گەنمە زیادەكەی لە بازاڕی رەشدا بفرۆشێت تەنی بە (500) هەزار دینار، ئەوكات (رەسید)ێك بە (100) هەزار دینار دەكڕێت و تەنی بە (850) هەزار دینار بە سایلۆكان دەفرۆشێت، لەو حاڵەتەدا لە هەر تەنێك (100) هەزار دینار زیان دەكات.

سەبارەت بە كێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران، مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باشە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم بگاتە (  ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆن گەنم، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنها بڕی (500) هەزار تۆن وەربگرێت،  واتە بڕی (700) هەزار تۆن گەنم دەمێنێتەوە واتا (لە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتووی جوتیارانی هەرێم، حكومەتی عێراق تەنیا 42%ی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت و 58%ی بەرهەمەكەیان وەرناگرێت) و جوتیاران نازانن چۆن گەنمەكەیان ساغبكەنەوە، ناچار دەبن لە بازاڕی رەشدا بیدەنە بازرگانە عەرەبەكان و بە قاچاخ دەنێردرێت بۆ سایلۆكانی ناوەڕاست و باشوور.
مام فارس ئەوەش ئاشكرا دەكات: بڕیار بوو دوو كۆمپانیا یەكیان لە سلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر گەنمی زیادەی جوتیاران بە نرخێكی گونجاو بكڕنەوە لە بەرامبەردا لە باج و رسوماتی گومرگی ببەخشرێن بەڵام تا ئێستا ئەو دوو كۆمپانیایە هەنگاویان بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران نەناوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 27ی ئایاری ئەمساڵدا سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارانی دەڤەرەكە كۆبووەوە و پێی راگەیاندن "هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بە شێوەیەك كە نابێت خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"، سەرڕای ئەو بەڵێنەی سەرۆكی حكومەت ئێستا جوتیاران گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان هەیەو لە بری قازانج توشی زەرەر دەبن.

بەرهەمی جوتیاران لە ساڵانی رابردوودا
جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020) بە تێكڕا، بڕی (3 ملیۆن و 12 هەزار و 76) دۆنم زەویان ساڵانە بە گەنم چاندووەو هەر لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێكڕای جوتیارانی كوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم.
بەم پێیەش بڕشتی هەر دۆنمێكی بەگەنم چێندراوە بەرهەمەكەی بریتی بووە لە (415) كیلۆ گرام، بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە هەر دۆنمێكی بە گەنم چێندراودا نزیكەی (600) كیلۆ گەنم دەبێت.

راپۆرتی پەیوەندیدار لەسەر گەنمی جوتیاران

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand