"ئەگەری بڕینی دەرماڵەی (150) هەزاری مامۆستایان هەیە"
2024-03-03 07:44:12
درەو:
لەو خشتەیەی كە ئێستا ئامادەدەكرێت بۆ لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغداد،دەرماڵە (150) هەزار دینارییەكەی مامۆستایان جێگەی نیە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (درەو)ی راگەیاند: خشتەكە بەسەرپەرشتی چاودێری دارایی عێراق، ئامادەكراوەو شوێنێك بۆ ئەو دەرماڵە (150) هەزاریەی مامۆستایان نیە بۆیە بە دەرماڵەی تایبەت نوسراوەو لە بەغداد ئەو دەرماڵەیە نیە، لە داهاتوودا ئەگەری بڕینی هەیە.
لە ئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەو بڕیارە رەوانەی بەغدادی بكات، وەزارەتی دارایی خشتەیەكی ئامادەكردووەو ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كردووە بۆ ئەوەی بەپێی ئەو خشتەیە لیستی موچەخۆران ئامادەبكەن و رەوانەی بەغدادی بكەن.
(درەو) بەدواداچونی بۆ ئەو خشتەیەكرد كە ئایا هیچ گۆڕانكارییەك روو دەدات، لە خشتەكەدا لە كاتێكدا خشتەكە بۆ بەغدادەو هەندێك پلەو دەرماڵە لە هەرێم جیاوازە وەك لە بەغداد؟
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئامادەكردنی ئەو خشتەیە لە وەزارەتی دارایی بە (درەو)ی راگەیاند: خشتەكە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی چاودێری دارایی عێراقدا ئامادەكراوە بۆ ئەوەی هاوتای خشتەی موچەی بەغداد بێت بەم شێوەیە:
• حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (32) وەزارەت و دەستە پێكهاتووەو بۆیە (32) لیست ئامادەكراوەو دواتر یەكدەخرێت و دەبێتە یەك لیست و دەنێردرێت بۆ بەغداد.
• ئەو خشتەیەی درووستكراوە و ئامادەكراوە بە چاودێری چاودێری دارایی عێراقەو دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ ئەوان، لەو خشتەیەی ئەوان شوێنێكی تیا نیە بەناوی دەرماڵەی (150) هەزار دیناری مامۆستایان، لەبەر ئەوەی ئەو دەرماڵەیە لە عێراقدا نیە لە خشتەی ئامادەكراودا وەك (دەرماڵەی تایبەت) نوسیومانەو جێگەمان كردووەتەوە، بۆیە زەمانەتی نیە ئەو دەرماڵەیە بمێنێت ئەگەر لیستەكە بچێتە سەر بەغداد، ئەو (150) هەزارەی مامۆستایان بۆ نزیكەی (160) هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیەو نزیكەی (24) ملیار دینارە، ئەو دەرماڵەیە لە هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك كراوە.
• مەرتەبەی فەرمانبەران لە عێراق (11) مەرتەبەیە، لە هەرێمی كوردستان تا (18) رۆیشتووە، بۆیە نزیكەی (7) مەرتەبە وەردەگیرێتەوە لەو فەرمانبەرانەی هەرێم كە لە (11) مەرتەبەیە تێپەڕێون .
لە هەرێمی كوردستان بە یاسای ژمارە (5) پلەبەندی موچە رێكخراوە، بەڵام لە عێراق بە یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2008 رێكخراوە.