"پێده‌چێت یاسای نوێی نه‌وت كۆتایی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت"
2024-03-05 13:06:48
(دره‌و):
"پێده‌چێت یاسای نوێی نه‌وت كۆتایی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت" ئه‌مه ناونیشانی راپۆرتێكه كه نوسه‌ری ناودار (سیمۆن واتكینز) بۆ سایتی (ئۆیل پرایس)ی ئه‌مریكی نوسیوه له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، تێیدا باس له‌وه ده‌كات ئه‌و یاسا نوێیه‌ی نه‌وت و غاز كه حكومه‌تی عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كات، ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری وزه‌دا كه‌مبكاته‌وه، هه‌روه‌ها ره‌نگه لێكه‌وتی توندیشی له‌سه‌ر كۆمپانیا نه‌وتییه جیهانییه‌كانه هه‌بێت كه له هه‌رێم كارده‌كه‌ن.
ده‌قی وتاره‌كه به زمانی كوردی:
زنجیره‌یه‌ك بڕیاری یاسایی كه رۆژی 21ی شوبات له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقه‌وه ده‌رچوو، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاسای نوێی نه‌وت كه بڕیاره له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه كاری له‌سه‌ر بكرێت، ده‌بێت به دواین پاڵنه‌ر بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه كۆتایی به هه‌ر رواڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێراق ده‌هێنێت. بۆ كۆمپانیا خۆرئاواییه‌كانیش كه له‌و ناوچه‌یه كارده‌كه‌ن، وادیاره ئیتر ئاینده‌یان نه‌ماوه.
بۆ ده‌ستپێكردنیش، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا له‌سه‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رجه‌م داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كانی راده‌ستی به‌غداد بكات، ئه‌مه كۆتایی هه‌ر مشتومڕێكه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی فرۆشتنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سهربهخۆو دوور له كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ"، نه‌خێر ناتوانێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌ناڵه‌كانیش بۆ ئه‌و كاره ئاماده بكات، ده‌بێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بیت سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ی كه له فرۆشی نه‌وته‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، راده‌ستی به‌غدادی بكات، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی كۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی دارایی كوردستانی عێراقه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندیی له عێراق، دادگای فیدراڵیش حكومه‌تی فیدراڵی كردووه به به‌رپرس له پێدانی موچه‌ی موچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌ی كه له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه ده‌درێت به موچه، له پشكی هه‌رێم ببڕدرێت و له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیش پێویست كراوه حساباتی مانگانه پێشكه‌ش بكات.
ئه‌مه رێكخستنه‌وه‌یه‌كی زۆر توندتره له رێككه‌وتنه ئه‌سڵییه‌كه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ كه له تشرینی دووه‌می 2014دا كرا "پاره‌داركردنی بودجه به داهاته‌كانی نه‌وت"، رێككه‌وتنه‌كه بۆ ئه‌وه بوو حكومه‌تی هه‌رێم (550 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه له كێڵگه‌كانی خۆی و كێڵگه‌كانی كه‌ركوكه‌وه له‌رێگه‌ی سۆمۆ هه‌نارده بكات، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا به‌غداد مانگانه 17%ی بودجه‌ی فیدراڵی به كورد بدات دوای لێده‌ركردنی خه‌رجییه سیادییه‌كان (كه له‌وكاته‌دا نزیكه‌ی 500 ملیۆن دۆلار بوو).
هه‌رگیز به‌شێوه‌یه‌كی دروست كار به‌م رێككه‌وتنه نه‌كرا، حكومه‌تی هه‌رێم زۆرجار حكومه‌تی فیدراڵی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرد كه پاره‌یه‌كی كه‌متری له بودجه‌ی خۆی پێداوه، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی فیدراڵ به‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی تۆمه‌تبار ده‌كرد كه به‌ته‌واوه‌تی داهاتی نه‌وتی راده‌ست نه‌كردووه. دواتر ریككه‌وتنه‌كه گۆڕدرا بۆ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه نوێیه‌ی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و حكومه‌ته‌دا كرا كه له ئۆكتۆبه‌ری 2018دا له عێراق پێكهێنرا، لێكتێگه‌یشتنه‌كه پرۆژه یاسای بودجه‌ی بۆ ساڵی 2019 كردبوو به سه‌نته‌ر، ئه‌مه وایكرد حكومه‌تی فیدراڵ له بودجه‌دا پاره‌ی پێویست بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و قه‌ره‌بووه داراییه‌كانی تر دابین بكات، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه لانی كه‌م 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی "سۆمۆ" بكات، جارێكی تر ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش به باشی كاری نه‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له كۆتاییه‌كانی 2017دا له‌به‌ر دوو هۆكار بارودۆخه‌كه زۆر خراپتر بوو، هۆكاری یه‌كه‌م له 25ی ئه‌یلولی 2017دا ده‌نگدان كرا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێراق "ریفراندۆم"، ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی به‌بێده‌نگی به‌ڵینی سه‌ربه‌خۆییان به كوردستان دابوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه ببێت به شوێنگره‌وه‌ی خۆرئاوا له مه‌یدانی جه‌نگدا دژ به رێكخراوی داعش له‌وكاته‌دا. زیاتر له 92%ی ده‌نگده‌ران له ریفراندۆمه‌كه‌ی 2017دا له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگیان دا، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، هێزی عێراق و ئێران (به پاڵپشتی توركیا) به‌ره‌و ناوچه كوردییه‌كان جوڵه‌یان كرد‌و هه‌ر جموجوڵێكی تریان بۆ به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆییه‌كی راسته‌قینه، دامركانده‌وه.. عێراق و ئێران و توركیا (كه هه‌موویان ژماره‌یه‌كی زۆر كوردیان تێدایه) نه‌یانتوانی به‌رگه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی به‌رفراوانتری بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورد بگرن له‌سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه. هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه بوو روسیا دوای ماوه‌یه‌كی كورت له‌وه، توانی كۆنترۆڵی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان بكات له‌رێگای سێ میكانیزمی سه‌ره‌كییه‌وه، كه له كتێبه‌كه‌مدا له‌باره‌ی سیسته‌می نوێی بازاڕی نه‌وتی جیهانییه‌وه شكاریم بۆ كردووه.
ئامانجی مۆسكۆ ته‌نیا دابینكردنی یه‌ده‌گی گه‌وره‌ی نه‌وت و غازی كوردستانی عێراق نه‌بوو، به‌ڵكو له‌وه گرنگ تر‌و له‌سه‌ر ئاستی درێژخایه‌ن ئه‌وه بوو تۆوی له‌ناوبردنی سه‌ربه‌خۆیی كورد بچێنێت و بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو عێراق.
كه‌واته ئه‌وه روسیا بوو كه بێ متمانه‌یی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ‌دا چاند له‌باره‌ی رێككه‌وتنه ره‌سه‌نه‌كه‌ی "پاره‌داركردنی بودجه به داهاتی نه‌وت" له ساڵی 2014دا، تاڕاده‌یه‌كی زۆریش ئه‌وه هۆكاره‌كه بوو كه رێككه‌وتنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی باش كاری نه‌كرد.
ئه‌و درزه‌ی كه مۆسكۆ به‌كاریهێنا بۆ دروستكردنی پشێوی له‌نێوان هه‌ردوولادا، به‌هۆی ناڕوونی بوو سه‌باره‌ت به داهاته‌كانی نه‌وت له ده‌ستوری عێراقدا، به‌گوێره‌ی قسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌پێی مادده‌كانی 112و 115ی ده‌ستور، هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و غازی هه‌یه له‌و كێڵگانه‌ی كه له ساڵی 2015دا به‌رهه‌مهێنانیان تێدا نه‌كراوه (2005 ئه‌و ساڵه‌یه له راپرسیدا ده‌ستوری عێراق په‌سه‌ندكرا)، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا حكه‌مه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه مادده‌ی 115ی ده‌ستور ده‌ڵی:" هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی تاقانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند ناویان نه‌هێنراوه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌رێم و پارێزگا رێكنه‌خراوه‌كان له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا)، له‌م رووه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌وه‌ده‌كات ده‌سه‌ڵاته په‌یوه‌ندیداره‌كان له ده‌ستوری عێراقدا نه‌هاتوون، بۆیه هه‌رێم مافی فرۆشتن و وه‌رگرتنی داهاته‌كانی نه‌وت و غازی هه‌یه. حكومه‌تی هه‌رێم تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌ستوردا هاتووه له‌حاڵه‌تی دروستبوونی ناكۆكیدا، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ یاسای هه‌رێم و پارێزگاكانه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و كۆمپانیای "سۆمۆ" جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌گوێره‌ی مادده‌ی (111)ی ده‌ستور، نه‌وت و غاز موڵكی سه‌رجه‌م گه‌لی عێراقن له هه‌موو ناوچه‌و پارێزگاكان.
له كۆتایی 2021دا وه‌رچه‌رخانێكی خراپتر بۆ كوردستانی عێراق روویدا، ئه‌وه‌ش كاتێك كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆتایی به ئه‌ركی جه‌نگیی خۆی له عێراق هێنا، ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی ده‌رگای له‌به‌رده‌م هه‌ژموونی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی گه‌وره‌تری ئێران و روسیا‌و چین له عێراقدا كرده‌وه، له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ یه‌كێك له‌و سێ وڵاته‌دا نییه كوردستانی عێراق بوونی هه‌بێت كه هێشتا لایه‌نگری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه. مۆسكۆش به‌وه دڵخۆشه له‌ژێر چاودێری ئیداره‌یه‌كی ناوه‌ندی سه‌ربه روسیا له به‌غداد به‌رده‌وامی به كاركردنی خۆی بدات له كێڵگه‌كانی باكورو باشوری عێراق، هاوتا له‌گه‌ڵ ئه‌مه، چین كار بۆ به‌هێزكردنی هه‌ژموونی خۆی ده‌كات له باشوری عێراق، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی گرێبه‌ستی جۆراوجۆره‌وه كه له كه‌رتی نه‌وت و غازدا ئیمزا كراون و دواتر به‌كارهێنراون بۆ گرێبه‌ستی گه‌وره‌تر له بواری ژێرخاندا له‌سه‌رتاسه‌ری باشوری عێراق.
دواین دیدگای په‌كین "رێككه‌وتنی گشتگیری چوارچیوه‌ی نێوان عێراق و چین"ه له ساڵی 2021دا، كه درێژكراوه‌ی قه‌باره‌و بازنه‌ی رێككه‌وتنی "نه‌وت به‌رامبه‌ر به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و سه‌رمایه‌گوزاری"یه، كه به‌غدادو په‌كین له سێپتێمبه‌ری 2019دا ئیمزایان كرد‌و، رێگا به كۆمپانیا چینییه‌كان ده‌دات وه‌به‌رهێنان له پرۆژه‌كانی ژێرخانی عێراقدا بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر نه‌وتدا، وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له كتێبه‌كه‌مدا له‌باره‌ی سیسته‌می نوێی بازاڕی نه‌وتی جیهانییه‌وه شیكاریم بۆ كردووه.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌مانه، نابێ كه‌س توشی سه‌رسوڕمان ببێت به لێدوانه‌كه‌ی رۆژی 3ی ئابی ساڵی رابردووی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه به‌روونی وتی یاسای نوێی یه‌كگرتووی نه‌وت و غاز- كه له هه‌موو بوارێكدا له ده‌ره‌وه‌ی به‌غداد جێبه‌جێ ده‌كرێت- كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م بواره‌كان ده‌كات و، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز له سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه خاوه‌نی نیمچه خۆبهڕێوهبهرێتییهكه ده‌بێت به " پاڵنه‌رێكی به‌هێز بۆ یه‌كێتیی عێراق". هه‌روه‌ك نابێت كه‌س توشی سه‌رسامی ببێت كه به‌رپرسێكی باڵای كرملن به‌مدواییه له كۆبونهوهیهمدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی دیاری ئێران وتی:" هێشتنه‌وه‌ی خۆرئاوا له ده‌ره‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانی وزه له عێراق- هه‌روه‌ها نزیككردنه‌وه‌ی به‌غداد له میحوه‌ری نوێی ئێران و سعودیه، ده‌بێت به بابه‌تێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ كۆتایهێنان به هه‌ژمووی خۆرئاوا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
ئه‌مه‌ش ئه‌و شته بوو كه به‌رپرسێكی باڵا، به‌تایبه‌تی به سایتی (OilPrice.com) وت، كه له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاسایشی وزه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا كارده‌كات.